پڕۆفیسۆر ئەلیزابێس فیریلە ئامۆژگای برۆكینگز بۆ گوڵان:ئەو زانیارییەی سەبارەت بەكارەساتی ئێزدییەكان لەبەردەستە زۆر زیاترە لە ژینۆسایدی ئەرمەنییەكان
September 18, 2014
دیمانەی تایبەت
پڕۆفیسۆر ئەلیزابێس فیری بەڕێوەبەری پڕۆژەی ئامۆژگای بۆكینگزـە بۆ ئاوارە ناوخۆییەكان و هەروەها تۆێژەری باڵاشە لە ئامۆژگای ناوبراو كە ماوەی زیاتر لە دەساڵە كار لەسەر ئەو ئاوارە ناوخۆییانە دەكات كە لە عێراقدا ئاوارە بوون، هەروەها ئاگاداری ئەو هەموو ئاوارانەیە كە روویان كردۆتە هەرێمی كوردستان، لە ئێستاشدا و دوای هێرشە تیرۆریستییەكانی داعش بەردەوامە لەسەر لێكۆڵینەوە دەربارەی ئاوارەكان بەگشتی و كەیسی ئێزدییەكان بەتایبەتی، هەر سەبارەت بەو دۆخە ئەم وتوێژەمان لەگەڵ ئەنجامداو بەمجۆرە رای خۆی بۆ گوڵان دەربڕی.* لە ئێستادا لە هەرێمی كوردستانی عێراقدا پتر لە ملیۆنێك ئاوارەی ناوخۆیی هەن كە پێكهاتوون لە مەسیحی و ئێزدییەكان و بە سەدانیشیان لێ كۆمەڵكوژ كراون، لەبەر ئەوەی ئامادە نەبوون ببنە ئیسلام، ئایا چۆن جیهان لە سەدەی بیست و یەكدا رووبەڕووی ئەم دیاردەیە دەبێتەوە؟
- چەند مەسەلەیەك هەیە لێرەدا، ئەوەی پەیوەندی بە داعشەوە هەبێت، ئەوا سەرۆك ئۆباما لە بارەی كاردانەوەی ئەمریكا رایگەیاندووە، یاخود كاردانەوەی بەرفراوان بۆ راگرتنی ئەو توندوتیژییە نەگریسەی دژی خەڵكی مەدەنی روودەدات، هەروەها هاوكاری ئەوانە بكرێت كە بێ ماڵ و حاڵ بوون، وەك ئاوارە ناوخۆییەكان و دۆزینەوەی چارەسەری خێرا بۆیان.
* بەڵام وەك ئێوەش ئاگادارن تیرۆریستانی داعش هێزێكی دڕندەن و هەموو كارێكی نامرۆڤایەتی ئەنجامدەدەن، ئایا چۆن جیهان لەبەر ئەم هێزە نامرۆڤایەتییە دەبێت هەڵوێست وەربگرێت؟
- ئەوەندەی من بزانم، ئەوا زۆر زەحمەتە داعش رێز لە مافە بنەڕەتییەكانی مرۆڤ بگرێت لەو ناوچانەدا كە كۆنتڕۆڵی كردوون. من زۆر گەشبین نیم كە حكومەتی سووریا و عێراق بە تەنها بتوانن ئەو هێزانە بوەستێنن. بە ملیۆنها كەس دوو وڵاتی سووریا و عێراق ئاوارە بوون و ئەوەش بەرپرسیارێتی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە بۆ وەستاندنی ئەو توندوتیژییە كار بە پەلە بكات بۆ ئەوەی خەڵك نەكوژرێن و ئاوارە نەبن و تاوانیان دەرهەق نەكرێت.
* ئێوە چاودێری ئەو كارەساتە دەكەن كە رووبەڕووی كوردانی ئێزدی و كریستیانەكان بوونەوە لەسەر دەستی تیرۆریستانی داعش، ئایا پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چ هەڵوێستێكی هەبێت لە ئاست ئەم كارەساتە مرۆییەدا؟
- پێموایە پێویستە كۆمەڵگەی نێودەڵەتی هەرچییەكی لەدەست بێت، بیكات بۆ وەستاندنی ئەو توندوتیژییە و هاریكاریی ئاوارەكان، هەروەها دەبێت كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كاری زیاتر بكات بۆ پشتیوانیكردنی كوردستان بۆ پاراستن و هاوكاریكردنی ئەو كەسانەی بێ ماڵ و حاڵ بوون. جێی سەرسامییە كە كوردستان بەو شێوەیە پێشوازی لەو هەموو خەڵكە ئاوارەیە دەكات و هەرچییەكی لەدەست بێت، بۆیان دەكات، بۆیە پێویستی بە پشتیوانی زیاتر هەیە.
* پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە چ شێوەیەك هاوكار بێت؟
- باوەڕم وایە ئێمە زیاترمان گوێ لە سەرۆك ئۆباما دەبێت دەربارەی كردەوەی سەربازی دژی داعش، كە پێویستە كردەوەی زیاتر ئەنجام بدرێت بۆ راگرتنی ئەو نەهامەتییانەی بەسەر خەڵكدا دێن. لە رووی پشتیوانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بۆ ئاوارەكان، ئەوا چەندەها رێكخراوی نێودەوڵەتی هەن كە هەوڵی كۆكردنەوەی پارە دەدەن و دەبێت كار لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان بكرێت بۆ ئەوەی رێز لە مافی ئەو خەڵكانە بگیرێت و لە رەوشێكی ژیانی باشدا بن. كەواتە مەسەلەكە دوو لایەنی هەیە، هەم كار بكرێت بۆ راگرتنی ئەو تاوانانەی دژی ئەو خەڵكە ئەنجام دەدرێن، هەم هاوكاریكردنی ئەو كەسانەی بەو دۆخە ئاوارە و زیانمەند بوون.
* بەڵام لە ئێستادا لە هەرێمی كوردستانی عێراقدا پتر لە ملیۆنێك ئاوارەی ناوخۆیی هەن كە پێكهاتوون لە مەسیحی و ئێزدییەكان، ئایا كوردستان چۆن دەتوانێت ئیدارەی ئەم ژمارە زۆرەی ئاوارەكان بكات، كە نزیكەی نیوەی دانیشتووانی كوردستان پێكدەهێنن؟
- من دەزانم ژمارەكە جێی سەرسوڕمانە و هەندێ لەو ئاوارەبوونانە زۆر خێرا روویان دا، بۆ چەندین ساڵیش خەڵك بەرەو كوردستان دەچوون، وەك بەشە سەلامەتەكەی عێراق، بۆ نموونە ئەوانەی لە موسڵەوە كۆچیان كرد. بەڵام ئەگەر سەیری ژمارەی ئاوارەكان بكەیت و لەوە بڕوانیت لە كوێدا نیشتەجێن، وەك قوتابخانە و كامپەكان، ئەوا ئەمە هەوڵ و كۆششێكی زۆر گەورەی دەوێت، كە دەبێت كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كاری زیاتر بكات بۆ پشتیوانیكردن و هاوكاریكردنیان بۆ دروستكردنی هەل و مەرجێك بۆ گەڕاندنەوەیان. هەروەها چەندین قوتابخانە لەلایەن ئاوارە ناوخۆییەكانەوە داگیر كراون، ئەمەش پرسێكی بە پەلەیە و پێویستە كاری زۆر زیاتر بكرێت بۆ چارەسەركردنیان.
* بەهۆی بڵابوونەوەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە سەدەی بیست و یەكدا، ئەوا هەڵاتنی ئێزدییەكان بۆ چیای شنگال بە زووترین كات تەواوی جیهانی نیگەران كرد و تا ئێستاش چاودێری دۆخەكە دەكەن، ئایا تا چەند پێویستە جیهان دان بەو كارەساتەدا بنێت و بە جینۆسایدی بناسێت، وەك ئەوەی نەتەوە یەكگرتووەگان پێناسەی دەكات؟
- بە گوێرەی رێككەوتنی تایبەت بە جینۆساید كاتێك روودانی جینۆساید دەچەسپێندرێت، ئەوا بەرپرسیارێتی گرتنەبەری كردارێك دێتەئاراوە بۆ راوەستاندنی، كەواتە هۆكاری ئەوەی حكومەتەكان دەستەواژەی جینۆساید بەكار ناهێنن، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەگەر بەكاری بهێنن، ئەوا بەرپرسیارێتی یاساییان دەكەوێتەئەستۆ، ئەگەر لە پێناسەی جینۆساید بڕوانن، ئەوا تاوانی بەربڵاو لە خۆدەگرێت، هەروەها نیازی سڕینەوە، یان لە ناوبردنی گرووپێكی ئیتنی، یان ئایینی دیاریكراو لە خۆدەگرێت.
* ئایا لێچونێك بەدی دەكەیت لە نێوان ئێزدییەكان و ئەرمەنییەكاندا كە هەردووكیان لەسەر بنەمای ئایینی رووبەڕووی ئەو دۆخە كارەساتبارە بوونەوە؟
- لە ئێستادا ئێمە زیاتر دەزانین لەبارەی ئەوەی دەرهەق بە ئێزدییەكان روویدا، وەك لەوەی خەڵكی زانیارییان هەبوو لەبارەی ئەوەی لە كاتی خۆیدا بەسەر ئەرمەنەكان هات. ئێستا زانیاری زیاتر و وێنە و هەواڵی زیاتر و یوتیوب و تویتەر و سۆشیال میدیا هەن، ئیتر ئێستا ئێمە بیانووی ئەوەمان نییە كە بڵێین نازانین چی روودەدات، وەك ئەو بیانوویەی بەكار هێنرا لە بارەی روودانی جینۆسایدی ئەرمەنییەكانەوە.
* چ ئاسۆیەك بۆ سەربەخۆبوونی كوردستان دەبینی؟
- پێموایە بزووتنەوەی سەربەخۆخوازی كوردی بۆ ماوەیەكی دوورودرێژە لە ئارادایە، و ئەم بارودۆخە ئەوەی پیشاندا كە كوردستان چەند جیاوازە لە بەشەكانی دیكەی عێراق و بەدەستهێنانی ئۆتۆنۆمی زیاتر و ئەگەری هەنگاو هەڵگرتن بەرەو سەربەخۆیی بەهێزترە بە بەراورد بە دوو ساڵ پێش ئێستا.
* دوا وتەت چییە؟
من تەنها دەمەوێت خوێنەرانتان لەوە دڵنیا بكەمەوە كە ئێمە زۆر نیگەرانین لە ئاست ئەوەی لە عێراق و لە كوردستان روو دەدات و ژمارەی ئاوارەكان زۆر زۆرە و لەبەرچاوگرتنی ئەوەی لە وڵاتەكەدا روودەدات رەنگە ژمارەكە زیاتر بێت، دەمانەوێت خەڵكی كوردستان بەردەوام بن لەسەر نەریتی خانەدانی خۆیان و كار بۆ ئەوە بكەن كە ئاوارە و پەنابەران مامەڵەیەكی باشیان لەگەڵدا بكرێت.