حازم تەحسین بەگ وەكیلی میری ئێزيدییان بۆ گوڵان:سەرۆك بارزانی پێی گوتین 1000 پێشمەرگەش شەهید بێت دەستبەرداری شنگال نابین
August 28, 2014
دیمانەی تایبەت
ئەو كارەساتەی ئەمجارە بەسەر كوردی ئێزیدی لە چیای شنگال هات، نەك هەر تەنها دووبارە زامی ئەنفال و كیمابارانی هەڵەبجەی نوێكردەوە، بەڵكو زەنگێكی ئاگاداركەرەوەی بەهێز بوو، بۆ گەلی كوردستان بەتایبەتی و جیهان بەگشتی، بەوەی هەتا كوردستان نەبێتە دەوڵەت و خاوەنی سەروەریی خۆی، ئەوا مەترسی كۆمەڵكوژی و ژینۆساید لەسەر گەلی كوردستان هەر بەردەوام دەبێت. بۆ قسەكردن لەسەر كارەساتی ئێزدییەكان و هەوڵەكان بۆ بە ژینۆسایدناساندنی ئەم كارەساتە، ئەم وتوێژەمان لەگەڵ حازم تەحسین بەگ كوڕی میری ئێزیديیان و وەكیلی میری ئێزیديیان سازكردو بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.* بە درێژایی میژوو ئێزیدییەكان وەك بەشێك لە نەتەوەی كورد لەلایەن داگیركەرانی كوردستانەوە هەڕەشەی ژینۆسایدیان لەسەر بووەو بەردەوام هەوڵ هەبووە بۆ ئەوەی ئەم بەشە رەسەنەی كورد لە نەتەوەی كورد داببڕن و بیانتوێننەوە، بەڵام لای جەنابی بارزانیی نەمر هەموو كات ئێزیدی بە كوردی رەسەن ناوبراوەو داكۆكیيان لێكراوە، پرسیاری ئێمە ئەوەیە ئایا تاچەند گرنگە ئێزیدی جەخت لەسەر كوردبوونی خۆی بكاتەوە؟
- سەبارەت بە پرسی نەتەوەیی و كوردبوون لای ئێزیدی ئەوە مەسەلەیەكە قسەی لەسەر ناكرێت، لەبەر ئەوەی وەك جەنابی بارزانیی نەمریش ئاماژەی پێكردووە، ئێزدی كوردی رەسەنن، بەڵام ئێمە شوێنكەوتووی ئایينێكين و داب و نەریتی ئایینی ئێمە جیاوازە لە ئایينەكانی دیكە، لەمەش زیاتر هەموو دەقەكانی ئایینی ئێزیدی كوردییە و لە هەر چوارپارچەی كوردستانیش ئێزیدی بوونی هەیە، بۆیە ئێمە هەرگیز سازش لەسەر ناسنامەی نەتەوەیی كوردبوونی خۆمان ناكەین.
* بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، دوای داگیركردنی شنگال و ئاوارەبوونی ئێزیدییەكان لە چیای شنگال، بڕیاری دا هێرشی سەرتاسەری بكرێتە سەر تیرۆریستان، لە پێناوی پاراستنی ئێزیدییەكان شەڕێكی چارەنووسسازی راگەیاند، ئایا تاچەند ئەم بڕیارەی سەرۆك بارزانی كاریگەری لەسەر ئێزیدییەكان وەك بەشێكی رەسەنی نەتەوەی كورد هەبووە؟
- بەڕاستی هەڵوێستی جەنابی سەرۆك بارزانی جێگەی شانازییە، رۆژێك دوای ئەوەی شنگال وای بەسەر هات، ئێمە لەگەڵ سەرۆك بارزانی كۆبوونەوەمان كرد، جەنابی سەرۆك لەو كۆبوونەوەیە راشكاوانە هەڵوێستی خۆی راگەیاند و پێی گوتین ئێمە تەنازول لە شنگال ناكەین و ئەگەر زیاتر لە 1000 پێشمەرگە شەهیدیش بدەین، ئەوا دەست لە شنگال هەڵناگرین، ئەوەی لێرەدا دەمەوێت ئاماژەی پێبكەم، ئەوەیە ئەو كارەساتەی هاتەپێشەوە لەتوانای هەرێمی كوردستان گەورەتر بوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا و وێرای ئەو بارە قورسە هەڵوێستی جەنابی سەرۆك بارزانی زۆر راشكاوانە بوو، هەر بۆیە هەڵوێستی سەرۆك بارزانی كاریگەری گەورەی لەسەر ورەی ئێزیدییەكان هەبووە، ئێمەش وەك ئێزیدی دەستبەرداری نیشتمانی خۆمان و شنگال نابین، لەبەر ئەوەی شنگال بەشێكە لە كوردستان و لە كوردستان جیانابێتەوە، شنگال كەرامەت و نامووسی ئێمەیە و هەموومان ئامادەین لە پیناوی ئازادكردنی شنگال قوربانی بە هەموو شتێك بدەین.
* دوای ئەو بڕیارەی سەرۆك بارزانی، جیهان هاتەدەنگ و ئێستا وەك دەبینین كێشەی ئێزیدییەكان بۆتە كەيسێكی جیهانی، ئایا تاچەند گرنگە كێشەی ئێزیدییەكان زیاتر بە جیهانی بكرێت, ئەو تاوانانەی دەرهەق بەكچانی ئێزیدی دەكرێت و ئەوانی دیكەش كە بەزۆر ناچاریان دەكەن واز لە ئایینی ئێزیدی بێنن، جیهانی لێ ئاگادار بكرێتەوە؟
- دەتوانم راشكاوانە بڵێم جەنابی سەرۆك بارزانی، تەنها سەرۆكێكی ئاسایی نیيە، واتە بەس لەسەر ئاستی ناوخۆ كاریگەری هەبێت، بەڵكو ئەم رووداوانە دەریانخست كە هەموو جیهان رێز لە سیاسەتی سەرۆك بارزانی دەگرێت، ئەمەش بەرەنجامی ئەو پەیوەندییە فراوانەی بەڕێزیانە لە گەڵ ئەوروپا و ئەمریكا و هەموو جیهان، هەروەها هەڵوێستەكانی سەرۆك بارزانی لای یەكێتیی ئەوروپا و ئەمریكا سەنگی خۆی هەیە، بۆیە ئەو وەڵامدانەوە جیهانیيە بۆ هەڵوێستەكانی سەرۆك بارزانی جێگەی شانازییە بۆ نەتەوەی كورد، بە راستیش ئەگەر سەرۆك بارزانی بەرگری لە ئێزیدی نەكردایە و بەرگری لە كورد نەكردایە، ديار نەبوو زۆر لەوانە خراپتریشمان نەبینین. بۆیە سەرۆك بارزانی بە لۆژیك و فیكری خۆی هەنگاوی زۆر گەورە و خێرای هەڵگرت و ئێستاش وەك دەبینین رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر هەنگاوەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكە بە تەواوەتی بەرەو پێشەوە دەچێت، لەمەش زیاتر زۆر گرنگە جیهان بە تەواوەتی لەو كارەساتە ئاگادار بكرێتەوە كە بەسەر كوردانی ئێزیدی هاتووە، دوای 10 ساڵ بەسەر رووخانی رژێمی سەدام حوسێن و رزگاركردنی عێراق لە دیكتاتۆریەت، دەوڵەتێكی تیرۆریستی بووە دراوسێی كوردستان، كە ئەویش دەوڵەتی داعشە، ئەوەی تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی بەرامبەر ئێزیدییەكان دەیكەن، دوورە لە هەموو داب و نەریتێكی مرۆڤایەتی و مافەكانی مرۆڤە و دوورە لە رەفتاری موسڵمانان و ئیسلام و دوورە لە هەموو ئایینەكان.
* ئێوە وەك بەشێك لە نەتەوەی كورد جگە لەوەی زمانتان كوردییە، لە هەمانكاتدا ئایینەكەشتان بە زمانی كوردییە، ئایا داگیركارانی كوردستان بۆ هەوڵدەدەن پێكەوە زمان و ئایینەكەتان بگۆڕن؟
- ، پێڕەوانی ئایینی ئێزیدی یەك ملیۆن كەسن، نزیكەی 300 هەزار كەسیان لە عێراقدا دەژین و زیاتر لە 300 هەزاریشيان لەدەرەوە دەژین، دوژمنانی میللەتی كورديش زۆرن و نایانەوێت يەك ملیۆن مرۆڤی ئێزیدی ببێتە بەشێك لە دانیشتووانی كورد لە كوردستان، بۆیە دەیانەوێت بە بیانووی جۆراوجۆر تەعریب بكرێن و بە عەرەب ناونووس بكرێن.
* لە رووداوەكانی ئەم دواییە شنگال بە سەدان هەزار كوردی ئێزیدی ئاوارەبوون، بە سەدان كوژران و بە هەزارانیش كەوتنە دەستی تیرۆریستانی داعش ، ئایا تاچەند ئەم رووداوانەی ئەم دواییە هەڕەشەی راستەقینەی لەسەر بوونی ئێزیدی وەك نەتەوەی كورد و ئایینێكی جیاواز دروستكردووە؟
- من پێموایە ئەم رووداوانە هەڕەشە لەسەر بوونی ئێزیدی و ئایینی ئێزیدی دروست ناكات، بەڵكو زیاتر هانمان دەدات سوور بین لەسەر كوردبوون و ئایینی ئێزیدی، سەبارەت بە مەسەلەی شنگال، دیارە مەسەلەی شنگال جیاوازە، هەڵكەوتەی جوگرافی شنگال بەو جۆرەیە كە هەر چواردەوری گوندی عەرەبن، هەروەها ناوچەیەكی دوورە، بۆیە لەو پێگە جوگرافيیەدا كە هەر چواردەوری عەرەبە ئەوان پێیان ناخۆشە ئێمە بڵێين كوردین.
* ئەوەی بە سەر ئێزیدییەكان هات، پێشتر بەسەر هەموو كوردی باشووری كوردستان هاتووە، هەر لە پرۆسەكانی ئەنفال و كیمیابارانی هەڵەبجە و ئەنفالی بارزانیيەكان، ئایا تا چەند گرنگە ئەم كارەساتەی بەسەر ئێزیدییەكان هات ، لەگەڵ كارەساتی هەڵەبجەو ئەنفال بكرێتە یەك كێس و بە ژینۆساید بناسرێت؟
- بەڕاستی ئەوە زۆر گرنگە، ئێمە داوا لە رۆشنبیران و ئەكادیمستە كوردەكان دەكەین لەناوەوەو دەرەوە، بۆ ئەوەی هەموو جیهان بزانێت ئەوەی لە شنگال روویدا، ژینۆسایدیكی دیكە بوو، دژی بەشێكی دیكەی نەتەوەی كورد كە ئەوانیش كوردانی ئێزیدین، هەروەها ئەم پرسەی كوردانی ئێزیدی لەگەڵ كیمیابارانی هەڵەبجەو پرۆسەكانی ئەنفال گرێبدرێتەوە.
* دەركەوت هەتا كورد خاوەنی وڵاتی سەربەخۆیی خۆی نەبێت، هەموو كات هەڕەشەی ژینۆساید و توانەوەی لەسەرە، ئایا لە ئێستا چەند گرنگە كورد دەوڵەتی سەربەخۆیی هەبێت، بۆ ئەوەی جارێكی دیكە رووبەڕووی ژینۆساید نەبینەوە؟
- بەڕاستی گرنگە كوردستان خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆیی خۆی بێت و دامەزراوە دەوڵەتيیەكانی كوردستان كاروباری كوردستان رێكبخات، بۆ ئەوەی دووربین لە دوژمنانی كوردستان و جارێكی دیكە رووبەڕووی ژینۆساید و كۆمەڵكوژی نەبینەوە.
* ئێستا بارودۆخی ئێزیدییەكان چۆنە و چۆن باسی دەكەیت؟
- پێش هەموو شت ژمارەی كوردانی ئێزیدی لە شنگال نزیكەی 380 هەزار كەس بوون، هەندێك لە چیا ماون، كە چەند فەرماندەیەكن، هەر یەكەیان چەند سەد پێشمەرگەیەكی لەگەڵە و لەوێ ماونەتەوەو چاوەڕێی دەكەن، هێزی پێشمەرگە هێرشی خۆی دەست پێبكات و لەوێ یەكبگرنەوە بۆ رزگاركردنی شنگال، هەروەها 300هەزار كەسی خەڵكی ئێمەش لە ناوچەكانی دیكەی كوردستانن و پێویستیان بە یارمەتی بەپەلەی هەموو لایەك و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە. هەروەها ئێمە ئومێدخوازین پێشمەرگە لەسەر هەموو سنوورەكانی كوردستان بەرگری بكات و هەموو خاكی كوردستان پێكەوە بپارێزیت، پێشتر پێشمەرگەی كوردستان هەندێك كێشەی هەبوو، چەكی پێویستی لەبەر دەست نەبوو، بەڵام ئێستا دوای هاتنی هاوكارییەكان و چەك بۆ هێزی پێشمەرگە، ئەو كەموكورتيیانە چارەسەربوون، بەڕاستی بۆ رزگاركردنی شنگال پێشمەرگە پێویستی بە چەكی باش هەبوو بۆ ئەوەی بتوانێت سەركەوتوو بێت، لەبەر ئەوەی دەبێت هەموو ئەوە بزانین رزگاركردنی شنگال لەرووی جوگرافيیەوە تا رادەیەك ئاسان نيیە و دەوری شنگال هەمووی هۆزی عەرەبە، بەڵام دڵنیاین دوای رزگاركردنەوەی شنگال ئێزیدییەكان دەگەڕێنەوە شنگال و خۆشیان دەبنە پێشمەرگە و بەرگری لە شنگال و كوردستان دەكەن. هەروەها دوای كۆبوونەوەمان لەگەڵ جەنابی سەرۆك بارزانی و جەنابی كاك نێچیرڤان بارزانی، ئەوەمان راگەیاند كە ئێستا 6400 ئێزیدیمان هەیە كە پێشمەرگەن، بۆ ئەوەی هاوشانی پێشمەرگە بەرگری لە خاكی كوردستان بكەن.
* دوای كارەساتی ئێزیدییەكان، هەموو كورد بە یەك دەنگ و یەكڕیز كەوتە هاوكاری برا ئێزیدییەكانیان، ئایا ئێوە چۆن سەیری ئەم یەكهەڵوێستیيەی كورد دەكەن؟
- ئێمە زۆر سوپاسی هەڵوێستی برا كوردە موسڵمانەكانمان دەكەین، لەبەر ئەوەی جیاوازی ئایینی رەنگدانەوەی لەسەر هەستی نەتەوەیی نەبوو، بۆیە سوپاسی هەموو لایەكیان دەكەین لە زاخۆ تا سلێمانی، ئەمە دەریخست مەسەلەی شنگال مەسەلەیەكە تایبەتە بە هەموو كوردستان نەك تەنها بە كوردانی ئێزیدی. من خۆم زۆر برادەرم هەبووە لە هەولێر و سلێمانی كە تەلەفۆنیان دەكرد، دەگریان، ئەمەش رەنگدانەوەی ئەخلاق و هەستی نەتەوەیی هەر تاكێكی كوردستانە.
* هەر لەچوارچێوەی هەوڵە نێودەوڵەتیيەكان بۆ بە فریاكەوتنی ئێزیدییەكان، هەندێك وڵات ئامادەباشیان پیشانداوە، كە ژمارەیەك ئێزیدی وەك پەنابەر وەربگرن، بەڵام كەسایەتیيە ئایینەكانی ئێزیدی جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە پێویستە ئێزیدییەكان بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و ئاوارە نەبن، تا چەند ئێوە پشتگیری لەوە دەكەن كوردانی ئێزیدی لە زێدی خۆیان بمێننەوە؟
- ئێمە بە هەموو شێوەیەك پشتیوانيیان دەكەین و هانیان دەدەین كە خەڵكی ئێمە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان لە شێخان و لە شنگالیش، بەڵام دەبێت ئەو راستيیەش بڵێين، ئەم تیرۆریستانە وایانكرد متمانە نەمێنێت، بۆیە ئێمە دەخوازین بۆ ئێمە پارێزگارییەكی ئایینی هەبێت، ئەمەش بە بوونی هێزێكی پێشمەرگەی بەهێز و پشتگیری نێودەوڵەتی دروست دەبێت، دەبێت ئەو راستیيەش بڵێم ئەگەر كێشەی خەڵكی كوردستان یەك كێشە بێت، هی ئێمە دوو كێشەیە، لەلایەك ئێمە كوردین و ناوچەكەشمان هەر چواردەوری عەرەبە، لەلایەكی دیكە ئایینەكەشمان جیاوازە، بە ئێمە دەڵێن ئێوە كافرن، باشە چۆن ئێمە كافرین؟ تیرۆریستانی داعش تەنها بە ئێزديیان وت دەبێت واز لە ئایينی خۆتان بهێنن و بیگۆڕن، لەمەش زیاتر كچ و ژنانی ئێزیدي بە ئاشكرا لە تەلەعفەر فرۆشران بە 200-300 دۆلار، ئەم رەفتارانەی داعش دوورن لەهەموو بەهاو ئەخلاقێكی مرۆڤایەتی. ئێمە ئێستا لەسەدەی بیست و یەكەم و لە ساڵی 2014 دەژین، شەڕ مەسەلەیەكە و ئەوەش مەسەلەیەكی دیكەیە، كوردستان بە هەزاران هەزار شەهیدی داوە بۆ پاراستنی ئەم خاكە و هەزاران ئێزیديیش بۆ پاراستنی كوردستان شەهید بوون، هەر بۆ نموونە شەهید مەحموود ئێزیدی یەكێكە لەو شەهیدانەی شانازی پێوە دەكەین، بەڵام مەسەلەی بردنی كچ و ژن ئەوە مەسەلەی شەرەفە و هەر دەمێنیت.
* بەشێوەیەكی گشتی دوای كارەساتی شنگال، ئەگەر ئێوە زانیاریتان هەبێت، چەند كەس ئاوارە بوون و چەندیش بوونە قوربانی؟
لەم بارودۆخە ئاماری دروست لای كەس نیيە، بەڵام دوای ئەوەی پێشمەرگە شنگال رزگار دەكات و لیژنە دەچێت و پرسیار لە خەڵكەكە دەكرێت، ئامارێك دەردەكەوێت، بەڵام وەك ئەوەی ئێستا دەبینین، كارەساتێكی زۆر گەورە و نامرۆڤانەیە، بۆیە هەر ئاوارەیەكی ئێزیدی چیرۆكێكی تایبەت بەخۆی هەیە.