مەتران بەشار مەتی وەردا سەرۆكی ئەساقفەی ئەربیلی كلدانی بۆ گوڵان:زیاتر لە 100 هەزار كریستیان لەسەر دەستی داعش ئاوارەبوون و زیاتر لە35 هەزاریان روویان لە عەنكاوە كردووە
August 28, 2014
دیمانەی تایبەت
«بەهۆی ئەو زوڵم و كوشتارەی كریستیانەكان لە پارێزگای نەینەوا لەسەر دەستی تیرۆریستانی داعش رووبەڕووی بوونەوە، ژمارەیەكی هێجگار زۆریان ناچار بوون ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن و رووبكەنە هەرێمی كوردستان، كە تا ئێستا ئەوانەی هاتوونەتە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆك ژمارەیان بە زیاتر لە 100 هەزار كریستیان مەزندە دەكرێت و زیاتر لە 35 هەزاریان روویانكردۆتە عەنكاوە، ئەمەش وەك ئاشكرایە هێندەی ژمارەی دانیشتووانی عەنكاوەیە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە كریستیانەكان لەسەر دەستی گرووپە توندڕەوەكانی داعش رووبەڕووی گەورەترین كارەساتی دەركردن و كۆمەڵكوژی بوونەوە و لەدۆخێكی زۆر ناخۆش و ناهەمواردا ژیان بەسەر دەبەن، لە نێو ئەو گەشە گەرمەی ئێستاشدا كە هاوینە مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و مردنیشی لێدەكرێت. لەبەرامبەر ئەم حاڵەتە كتوپڕە ئێمە ناچار بووین وەك هەنگاوێكی سەرەتایی و فریاگوزاری بە پەلە ئەو ئاوارانە بەسەر 25 ناوەندو دەیان باخچە گشتیەكان و هۆڵ و بینایەو خانووەكان دابەش بكەین. هەتا بتوانین كەمپیان بۆ دروست بكەین، بۆ ئەم مەبەستە هەموو لایەك هاوكاری ئاوارەكانی كردووە، حكومەتی هەرێمی كوردستانیش پارێزگارەكانیان سەرپشك كردووە بۆ یارمەتیدان و پێشكەشكردنی هەموو پێداویستیەك كە لەم قۆناغەدا ئاوارەكان پێویستیانە تاوەكو باری سەرشانی خێزانە ئاوارەكان كەم بكرێتەوە . بەهەموو پێوانەكان قەیرانی ئاوارەكان زۆر گەورەیە لەكاتێكدا حكومەت و گەلی كوردستان زیاد لە 8 مانگە گەمارۆی بەغدایان لەسەرە. بۆیە لەم بارودۆخە هەستیارەی هەرێمی كوردستاندا دابینكردنی پێداویستی خۆراك و نیشتەجێبوون بۆ 100 هەزار ئاوارەی كریستیان و سەدان هەزاری دیكەی ئێزیدی، كارێكی ئاسان نییە و پێویستی بە كۆمەك و هاوكاری نێودەوڵەتی هەیە، بۆ ئەمە ئێمە چاومان بە بەڕێزان سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزیری ناوخۆ و شارەوانی و پارێزگاری هەولێر كەتووە و هەموویان ئامادەباشیان پیشانداوە كە هەموو پاڵپشتی و كارئاسانییەكان پێشكەشی ئەو ئاوارانە بكەن. هەر بۆیە ئێمە زۆر سوپاسی هەڵوێستی بەرپرسانی هەرێمی كوردستان دەكەین، هەروەها سوپاسی برا كوردەكانمان دەكەین كە بەهەموو شێوەیەك هاوكاری و پشتگیرییان پێشكەشی برا كریستانەكانیان كردووە، بەتایبەتی كە پیاوانی ئایینی ئیسلامی لە كوردستان لە وتاری هەینیدا لە ئاستێكی زۆر بەرزدا هاوخەمی خۆیان بۆ كارەساتی ئاوارەبوونی كریسیتیانەكان دەربڕیوە و ئاماژەیان بەوە كردووە كە رەفتارەكانی تیرۆریستانی داعش بەرامبەر كریستیانەكان نەك تەنها زیانی بۆ كولتووری پێكەوەژیان و لێبوردەیی هەیە، بەڵكو رەفتاری ئەو تیرۆریستانە هەوڵێكە بۆ شێواندنی ئایینی ئیسلام، ئەمەش وایكردووە كە برا موسڵمانە كوردەكان زۆر بە پەرۆشەوە هاوكاری كریستیانەكان بكەن.
دیارە هەرێمی كوردستان بە پێكەوەژیان و لێبووردەیی و ئەو ئازادییەوە جوان و رەنگا و رەنگە كە لە قۆناغە مێژووییەكانی و تاكو ئێستا پارێزگاری لێكردووەو رێگەی نەداوە بیروباوەڕی توندڕەو و نامۆ بە موسڵمان و كریستیان و ئێزیدی و كاكەیی بیشێوێنن. قەداسەتی پاپای فاتیكانیش باسی لەوە كردووە كە ئامادەیە سەردانی عێراق بكات بۆ پاڵپشتی مەسیحیەكان، بەڵام پێموایە لەم دۆخەدا ئەو سەردانە خۆئامادەكرنی زۆری دەوێت، ئەوەندە بەسە بۆ ئێمە كە داوای لە وڵاتانی جیهان و ئاژانس و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان كردووە بە هانای مەسیحییەكانی عێراقەوە بێن. ئێستا هەوڵ و مەرامی شاراوە هەیە بۆ كۆچپێكردنی هەموو مەسیحییەكان لەعێراق، ئەمەش زیانێكی گەورە بە عێراقی نوێ دەگەیەنێت، عێراقێك كە هەموومان دەمانەوێت رێز لە هاوبەشیكردنی نەتەوەكان و ئایین و ئایینزاكان بگیرێت و بنەماكانی دیموكراتییەت و ئازادی لەناو كۆمەڵگەكەدا رەنگ بداتەوە، لەو قەیران و مەرگەساتە گەورەیەی مەسیحییەكاندا زۆر زەحمەتە بتوانرێت رێگە لەكۆچپێكردنی مەسیحییەكان بگیرێت، چونكە قەبارەی قەیرانەكەو هەڕەشەكانی كۆمەڵكوژی ئەوەندە گەورەیە، زۆر زەحمەتە رێگە بگیرێت لەكۆچكردنیان بۆ دەرەوەی وڵات، لەكاتێكدا خێزانی مەسیحی هەیە زیاد لە 15 رۆژە لە باخچە گشتییەكاندا ژیان بەسەر دەبات و دابینكردنی كەمپ و شوێنی نیشتەجێبوون بۆ 100هەزار مەسیحی كە لە پارێزگای نەینەوا دەركراون و لەدۆخێكی دژواردا ژیان بەسەر دەبەن، كارێكی ئاسان نییە و بەم تواناو هەوڵانە پێویستیمان بە چەندین مانگ هەیە تاوەكو خێزانەكان لەو دۆخە دژوارە رزگار بكەین.
ئێستا داوامان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە كۆمەڵگەیەكی نیشتەجێبوون دابین بكات، بۆ ئەم مەبەستەش لێژنەیەكی تایبەت دیراسەی داواكارییەكەو جێبەجێكردنی دەكات، بەوەی كۆمەڵگەیەكی نیشتەجێبوونی تەواو نەكراو بۆ ئاوارەو پەناهەندەكان تەرخان بكات، چونكە بوونی ئەو هەموو خێزانە لە باخچەو شوێنە گشتییەكان لە دۆخێكی ناهەمواردا قورسە بۆ ژیان و مەترسی كەوتنەوەی پەتا و نەخۆشی لێدەكرێت . هەروەها كریستیانەكان بۆ ناوچەكانی دەشتی نەینەوا داوای پاراستنی نێودەوڵەتی دەكەن، بەبێ ئەم پاراستنە زەحمەتە بتوانرێت لەكاتی ئازادكردنی ناوچەكانی كریستیانەكان داوا لەخەڵكی بكرێت بگەڕێنەوە سەر ماڵی خۆیان. هەرچۆنێك بێت پێویستە هەنگاوەكانی بەهاناوەچوونی 35 هەزار مەسیحی عەنكاوەو 100 هەزار مەسیحی تری دەشتی نەینەوا كە ئێستا لەهەردوو پارێزگای هەولێرو دهۆك نیشتەجێن، خێراترو فراوانتر بكرێن، لەخودا دەپاڕێینەوە پارێزگاری لەهاووڵاتیان بكات و مرۆڤەكان لە شەڕ و ماڵوێرانی دووربخاتەوە.