جۆشوا لاندیزتایبەتمەند لەسەر بارودۆخی سوریا و عیراق بۆ گوڵان:بەشی زۆری بەرپرسە سەربازییە ئەمریكییەكان بە كاركردن لەگەڵ پێشمەرگە ئاسوودەن نەك سوپای عیراق
August 28, 2014
دیمانەی تایبەت
پڕۆفیسۆر جۆشوا لاندیز ئوستادی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانە لە زانكۆی ئۆكلاهۆما و پسپۆڕ و تایبەتمەندە لەسەر سوریا و كورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و لە نزیكەوە چاودێری گۆڕانكارییەكانی سوریا و عیراق و كوردستان دەكات، بۆ قسەكردن لەسەر رەوشی ئێستای هەرێمی كوردستان و هەڵكشانی تیرۆریستانی داعش و راگەیاندنی دەوڵەتی ئیسلامی، ئەم وتوێژەمان لەگەڵ پڕۆفیسۆر جۆشوا لاندیز ئەنجامدا و بەمجۆرە سەرنجەكانی خۆی بۆ گوڵان خستەڕوو.* بارودۆخی ئێستای عیراق چۆن هەڵدەسەنگێنیت لە كاتێكدا چەند ڕووداوی سەیر و چاوەڕواننەكراو ڕوویان داوە، لەو كاتەوە بۆ دواجار پەیوەندیمان پێوەكردن؟
- روونە كە هەڵكشانی تیرۆریستانی داعش و دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامی مایەی تاسان بوو بۆ هەموو لایەك، هیچ لایەنێك نە هەرێمی كوردستان و بەغداش خۆیان بۆ ئەو رووداوە چاوەڕواننەكراوە ئامادە نەكردبوو، دیارە ئەم باردۆخە بەشێكی سەرەكی پەیوەندی بە داگیركاری ئەمریكاوە هەیە، چونكە دوای ئەوەی عیراقی داگیركرد، نەیتوانی لەسەر بنەمایەكی راست عیراق بونیاد بنێتەوە، ئەمریكا سوپای عیراقی لەسەر بنەمای تائیفی پڕ چەك كرد، بۆیە كاتێك داعش هات و شارە سوننەنشینەكانی داگیركرد، سوپای عیراق نەیتوانی شەڕ بكات، بۆیە رێكخستنەوەی عیراق بە هاوكاری ئەمریكا كاتی دەوێت، ئێستا چاوەڕێی ئەوە دەكرێت حكومەتی داهاتووی عیراق چۆن هەنگاو هەڵدەگرێت.
* ئێستا داعش كە دەوڵەتێكی تیرۆریستییە خاوەنی چەكێكی زۆر و پێشكەوتووە كە لەلایەن سوپای عیراقەوە جێهێڵرا، ئایا بۆ گۆڕینی هاوسەنگیی هێز لەسەر ئەرزی واقیع بۆ سنورداركردنی هەڕەشەی تیرۆریستی داعش، چۆن دەبێت هاوكاری و پشتیوانی پێشمەرگە بكرێت؟
-ئاشكرایە هەڵكشانی هێرشەكانی داعش داواكارییەكانی كورد بۆ هەبوونی سوپایەكی سەربەخۆ زیاتر دەكات، ئەوەش بە مانای زەمینەی سەربەخۆیی و سەربەخۆیی زیاتر دێت، ئەگەرچی ئەمریكا و هێزە ئەورووپییەكان دەڵێن نایانەوێت كوردستان سەربەخۆ بێت، بەڵام ئەوان لە بنەڕەتدا لە رووی سەربازی و دامەزراوەییەوە بنیاتی دەنێن و ئەوەش ئامادەیان دەكات بۆ سەربەخۆیی، ئەمە گفتوگۆیەكی گەورەیە كە لە زۆربەی پایتەختە رۆژئاواییەكاندا دەكرێت، كە ئایا ئێمە پێویستە شەراكەت لەگەڵ كورددا بكەین بۆ تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش؟ چونكە تاوەكو مالیكی لە دەسەڵاتدا بوو، زۆربەی حكومەتە رۆژئاواییەكان زۆر بە حەزەر بوون لە شەراكەتكردن لەگەڵ حكومەتی بەغدا. ئێستاش كە عەبادی هاتۆتەپێشەوە، ئەوا ئاشكرایە ئەمریكا نەیوت نا، ئێستاش زۆربەی عیراقییەكان لە ئەمریكا دەڕوانن و دەڵێن ئێمە خۆمان لە مالیكی رزگار كرد و كاتی ئەوە هاتووە تۆش چەكمان پێ بدەیت، بەڵام روونە كە زۆربەی كەسایەتییە سەربازییەكانی ئەمریكا زیاتر هەست بە ئاسوودەیی دەكەن بە كاركردن لەگەڵ پێشمەرگە و كورددا، ئەگەرچی لە رووی سیاسییەوە مەسەلەیەكی ئاڵۆزە بۆ ئەوەی ئەمریكا ئەم كارە بكات.
* ئایا تا چەند گرنگە هەرێمی كوردستان لە هاوپەیمانێتی دژ بە تیرۆردا ببێتە دەوڵەتێكی سەربەخۆ بۆ ئەوەی سەركەوتوو بێت لە هاوپەیمانێتی دژ بە تیرۆردا؟
-ئەمە لۆجیكێكە كە سەركەوتن بەدەست دەهێنێت لە راڕەوەكانی واشنتۆندا. هەر لەبەر ئەمەش كە ئەمریكا كاری لەگەڵ پێشمەرگەدا كردووە و هێزی ئاسمانی بەكارهێناوە، بەدڵنیاییەوە پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئەمریكا هاوكاری كورد دەكات لە دەستەبەركردنی هێزی ئاسمانی، چونكە پشتیوانیكردنی پێشمەرگە بە تۆپ و چەكی قورستر مەسەلەیەكە، بەڵام ئەوەی بەڕاستی جیاوازی دروست دەكات، بریتيیە لە هێزی ئاسمانی.
* ئایا پێشبینی ئەوە دەكەن ئەمریكا هێزی ئاسمانی بە پێشمەرگە بدات؟
- نەخێر، پێموا نییە ئەمە بە شێوەیەكی گەورە ڕووبدات، ڕەنگە هەندێ هێلیكۆپتەریان پێبدات بۆ گواستنەوەی سەرباز، من مەزەندەی ئەوە دەكەم تاوەكو عەبادی متمانەی ئەمریكای هەبێت، ئەوا ئێمە هەوڵەكانمان بۆ دابەشكردنی دەسەڵات لە بەغدا لاواز دەكەین، ئەگەر هاوكار بین لە بنیاتنانی هێزی ئاسمانی بۆ كوردەكان. ئەمە كێشەیەكە و من پێشبینی دەكەم، بەڵام دەبێت دەرفەتێك بە عەبادی بدرێت بۆ ئەوەی چاكسازی بكات و نەتەوەی عیراق دروست بكات، بەدڵنیاییەوە زۆر كەس لە واشنتۆن پێیانوایە نەتەوەی عیراق لە ناوچووە و كۆتایی هاتووە و هەڵكشانی داعش بۆ دەسەڵات و تایەفەگەری سەركەوتوو بووەو عیراقیش كۆتایی هاتووە. بەڵام سیاسەتی فەرمیی ئەمریكا ئەوەیە عیراق هەر عیراقە و دان بە سەربەخۆیی كورددا نانێت. هەوڵ دەدەن دابەشەكردنی دەسەڵات لە نێوان شیعە و سوننەدا دروست ببێت و دەسەڵاتی سەربەخۆیی سوننە لە ناو ببەن، هەموو ئەمانەش بە ناوی ناسیۆنالیزمی عیراقییەوە دەكرێت. بۆ گرتنەبەری ئەم سیاسەتە ئەمریكا هێزی ئاسمانی و چەكێكی زۆر بە كورد نەدا، ئەگەرنا ئەمە دەبێتە هۆی لەناوبردنی ئەو سیاسەتەی دەیەوێت لە بەغدا بیگرێتەبەر. ئەمەش ئاڵۆزییەكەی بەردەم ئەمریكایە، چونكە ئێمە پێویستمان بە كوردە و هەموو كەس دەزانێت كوردەكان باشترین هاوپەیمانی ئەمریكان، هەروەك ئەوەی باشترین هاوپەیمانن بۆ توركیا، ئەوان وڵاتەكە بنیات دەنێنەوە و كوردەكانیش گەورەترین سوودمەندن لە داگیركاری ئەمریكا بۆ عیراق.
* ئایا پێشبینی دەكەن ئەمریكا بنكەیەكی هێزی ئاسمانی لە هەولێر بكاتەوە؟
- ئەمەش پرسیارێكی باشە و ئاشكرایە كە لۆجیكێكی زۆری تێدایە، بەتایبەتی كە پەیوەندییەكانی ئێمە لەگەڵ توركیا و ئەردۆغان بارگرژی تێدەكەوێت، لەبەر سوریا و عیراق و ئێران، بۆیە ئەمەش لۆجیكێكی زۆری تێدایە كە بنكەیەكی ئاسمانیمان لە هەرێمی كوردستاندا هەبێت. بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەمە كارێكی زۆر باش دەبێت، چونكە كوردستان دەخاتە سەر نەخشە و بە مانای ئەوە دێت كوردستان هاوپەیمانی ئەمریكایە، با سەرنج بدەین لە دوای 11ی ئەیلوول لەبەر ئەوەی زۆربەی تیرۆریستەكان سعودی بوون، زۆربەی ئەمریكیەكان ترسمان هەبوو لەوەی لە سعودیە دوور بخرێینەوە و جووڵە بەو هێزانەمان بكەین لە دوای جەنگی كەنداوەوە كە لە سعودیە جێگیر كرابوون، ئێمەش شوێنی دیكەمان نەبوو لە كەنداو، ئەگەر لە سعودیە بڕۆین ئەوا كۆتاییمان هاتووە، لەبەر ئەوە بە داگیركردنی عیراق و رزگاربوون لە سەددام حوسێن ئەمریكا ئومێدی ئەوەی هەبوو بنكەی ئاسمانی هەبێت لە عیراقدا، بەڵام دەركەوت عیراق ئەوەندە دۆست نییە لەگەڵ ئەمریكا و ئێمەش بنكەی ئاسمانیمان نییە لە عیراقدا و ڕێككەوتنی سەربازیمان لەگەڵ حكومەتی عیراقی ئیمزا كرد، عیراقیش مەیلی بەلای ئێراندا شكایەوە و هەموو كەس لە ئەمریكا رەخنە لە سەرۆك بۆش دەگرێت لەبەر ئەوەی دەركەوت سیاسەتەكەی لە عیراقدا شكستی هێنا. كەواتە ئەگەر ئەمریكا كار لەسەر ئەمە بكات لە كوردستاندا بنكەیەكی هێزی ئاسمانی دابمەزرێنێت، ئەوا دەبێتە هۆی باشتركردنی ئەو شكستەی لە داگیركاری عیراقەوە دروست بوو. چونكە ئەمە بەلای كەمەوە بە مانای ئەوە دێت هاوپەیمانێكمان هەیە لە ناوچەكەدا. ئەمەش رێگەمان دەدات دەسەڵاتی خۆمان پەرە پێبدەین لە سوریا و عیراق و ئێراندا و سەربەخۆش دەبێت لە توركیا، چونكە كاتێك ئێمە لە 2003 ویستمان بنكەی ئاسمان لە ئەنجەرلیك بەكار بهێنین، توركیا رەتیكردەوە و ئەمریكاش هەموو شتێكی لە سعودیە و كوەیت و لە ئۆقیانووسەوە برد و ئەمەش بە راددەیەكی زۆر مەسەلەكانی ئاڵۆز كرد. لەو رووەوە پێموایە ئەوانەی لە واشنتۆن باس لەوە دەكەن پێویستیان بە بنكەیەكە لە كوردستان و رێگەیەكیان نییە لەم دوورەوە و لە كەنداوی فارسەوە پەرە بە دەسەڵاتی خۆیان بدەن، توركیاش جێی متمانە نییە و رۆژێك دێت سعودیەش گۆڕانكاری تێدا روودەدات و ئەگەر گۆڕانكاری لە سعودیەش روو بدات، ئەوا هیچ بەدەست ناهێنین،، ئێمە لە بەحرەین كەشتیگەلمان هەیە، بەڵام بەحرەین ناسەقامگیرە و كێشەی سوننە و شیعەی تێدایە، لە بەرامبەردا كوردستان وڵاتێكی سەقامگیرە و كورد خۆشحاڵن و زانكۆ دروست دەكەن و خۆیان پەروەردە دەكەن، ئەوان مەیلیان بۆ ئەمریكا هەیە كە خەڵكێكی زۆر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەدی ناكەین كە مەیلیان بۆ ئەمریكا هەبێت.
* بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە تا چەند پێویستە لە رووی مرۆییەوە هاوكاری كوردستان بكەن، بەتایبەتی كە مالیكی ئابڵوقەی ئابووری خستۆتە سەر هەرێمی كوردستان؟
- لەگەڵ بوونی بارودۆخێكی زۆر خراپ بۆ ئێزیدییەكان و هەڵكشانی داعش، ئەمە دەبێتە دەرفەتێك بۆ كوردستان بۆ بەدەستهێنانی هاوكاری نێودەوڵەتی، بەدڵنیاییەوە ئەمەش زەحمەتە لە ئێستادا، لەبەر ئەوەی تەواوی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی شەكەت بووە بەدەست كێشەكانی كۆماری كۆنگۆ و سوریا و لوبنان و ئاوارەكان لە توركیا و ئەردەن، كەواتە ململانێیەكی زۆر هەیە بۆ بەدەستهێنانی هاوسۆزی نێودەوڵەتی، بەڵام ئێستا ئەمریكا بەڵێنی داوە بۆ رێگرتن لە پێشڕەوی داعش هاوكاری كوردستان بكات، بۆیە گرنگە كوردستان وێنەكان بگوازێتەوەو رۆژنامەنووسانی جیهان بێنێتە كوردستان، ئەمەش گرنگترین كارە كە پێویستە حكومەت بیكات و كارئاسانییەكی زۆر بۆ رۆژنامەنووسە نێودەوڵەتییەكان بكات، بۆ ئەوەی بێنە سەرجەم شارە گەورەكان و بیانگەڕێنن و پاسیان بۆ دابین بكەن و كارئاسانییان بۆ بكەن، بەتایبەتی رۆژنامەنووسانی تەلەفزیۆنەكان، چونكە ئەمریكا پێویستی بە بینینی وێنەی نەهامەتییەكانە، ئاشكرایە خوێندنەوە لە بارەیانەوە شتێكە و بینینی وێنەكان شتێكی دیكەیە، بۆیە خەڵكی رۆژئاوا و ئەمریكا پێویستیان بەوەیە وێنەكان ببینن لەبارەی ئەوە روودەدات لە شنگال و ئاوارەكانی دهۆك و شوێنەكانی دیكە، پێویستیان بەوە هەیە گوێیان لە چیرۆكەكانیان بێت و وەرگێڕ بۆ كەناڵەكانی تەلەفزیۆنی هەبێت.
* تاچەند وەڵامدانەوەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەگشتی و ئەمریكا بەتایبەتی بۆ پشتیوانی هەرێمی كوردستان لای ئێوە جێگەی سەرنج بوو؟
- ئاشكرایە ئەمریكا لایەنی كوردی گرت و كوردەكانی وەك شەریك هەڵبژارد، ئەمەش ساتەوەختێكە بۆ پێشمەرگە بۆ ئەوەی پیشانی بدەن بەتوانان و ئەگەر پیشانی بدەن كە توانای ئەوەیان هەیە شنگال بگرنەوە و بیپارێزن و مامەڵە لەگەڵ ئاوارەكاندا بكەن بەشێوەیەكی دادپەروەرانە و تۆڵە لە شەڕكەرە عەرەبەكان نەكەنەوە كە دەستگیریان دەكەن و بەخشندە بن لەگەڵ ركابەرە عەرەبەكانیاندا، ئەمە وا دەكات ئەمریكا بە شێوەیەك بیر بكاتەوە كە پێیوابێت ئەمانە ئەو كەسانەن كە دەمانەوێت كاریان لەگەڵدا بكەین.