ماكس ئەبراهام تایبەتمەند لە شەڕی دژەتیرۆر و ناوخۆ بۆ گوڵان:هێزی پێشمەرگە پشتیوانی هێرشە ئاسمانیەكانی هەبێت تیرۆریستانی داعش بەتەواوەتی تێكدەشكێنێت

ماكس ئەبراهام تایبەتمەند لە شەڕی دژەتیرۆر و ناوخۆ بۆ گوڵان:هێزی پێشمەرگە پشتیوانی هێرشە ئاسمانیەكانی هەبێت تیرۆریستانی داعش بەتەواوەتی تێكدەشكێنێت
پڕۆفیسۆر ماكس ئەبراهام ئوستادی زانستی سیاسەتە لە زانكۆی بۆستن و پسپۆڕ و تایبەتمەندە لەسەر شەڕی ناوخۆ، یاخیبوون، و شەڕی دژەتیرۆر. بۆ قسەكردن سەبارەت بە مەترسییەكانی تیرۆریستانی داعش وەك دەوڵەتێكی تیرۆریستی كە بڕوای بە سنوور و نەتەوە و فرەئایینی نییە، گوڵان چەند پرسیارێكی ئاڕاستەی كرد و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.
* حاڵی حازر گەورەترین مەترسی لەسەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی بریتیە لە سەرهەڵدانی دەوڵەتی ئیسلامی كە لەلایەن داعشەوە راگەیەنراوە، ئەم رێكخراوە تیرۆریستیە دژی هەموو نەتەوە و ئایینێكن، دەیان هەزار كریستانیان ئاوارە كردووە و بە هەزاران كەسیان لە ئێزیدییەكان كوشتوون، تەنها لەبەر ئەوەی ئامادە نەبوون واز لە ئایینی خۆیان بهێنن، پرسیارەكە ئەوەیە چۆن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رووبەڕووی ئەم كارەسات و رووداوانە دەبێتەوە؟
- خاڵی گرنگ لەم مەسەلەیەدا بریتییە لەوەی چۆن رووبەڕووی ئەم مەترسییە گەورەیە ببینەوە. ئەوەی ئێستا دەبینرێت ئەوەیە، لەسەر ئاستی جیهان و لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بەو شێوەیە لە داعش دەڕوانرێت كە هەڕەشەیەكی زۆر جددییە و گرووپێكی تیرۆریستی بەتوانای سەربازی زۆر مەترسیدارە، بەڵام تیڕوانینی جیاواز هەیە سەبارەت بەوەی ئەم رێكخراوە تیرۆریستییە تەچەند راستەوخۆ دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ئەو وڵاتانە، ئێستا ئەم رێكخراوە بۆتە هەڕەشە بۆ سەر كوردەكان و عێراق و هەروەها بەشێك لەسوریا، هەروەها خەڵكیش لە ئەردەن و لوبنانیش هەست بە نائارامی دەكەن، لەبەر ئەوەی پێدەچێت داعش كە لە عێراق و سوریا بەهێز بوو، بەرەو ئەردەن و لوبنان تەنانەت بەرەو خاكەكانی فەلەستینیش بڕوات، كەواتە هەموو ئەم وڵاتانە نیگەرانن، بەڵام هێندەی خەڵكی عێراق و سوریا نا، دەكرێت داعشیش وەك ئەلقاعیدە و ئەوەی لە 11ی ئەیلوولدا كردی، گورز لە ئەمریكادا بوەشێنێت، بەڵام مشتومڕێكی جددی هەیە لە نێو بەرپرسانی ئەمریكادا كە ئایا لە بنەڕەتدا داعش هەڕەشەیەكی ناوچەییە، یاخود هەڕەشەیەكی نێودەوڵەتییە، لە ئەوروپادا هەستێكی بەهێزتر هەیە لە چاو ئەمریكادا كە داعش هەڕەشەیەكە بۆ سەر ئەوان، لەبەر ئەوەی ژمارەیەكی زۆری جیهادی دەرەكی لە ئەوروپاوە گەشتیان كردووە بۆ ئەوەی بچنە پاڵ داعش، كە ژمارەیان زیاترە لەو ئەمریكییانەی كە بۆ ئەم مەبەستە گەشتیان كردووە، هەر لەبەر ئەمەشە كە ئەوروپیەكان زیاتر لە ئەمریكییەكان نیگەرانن، بەڵام وێرای بوونی ئەم تێڕوانینە جیاوازانەش كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەوە تێدەگات كە ئەمە رێكخراوێكی تیرۆریستییە و رەنگە مەترسیدارترین گروپی سەربازی تیرۆریستی بێت لە جیهاندا، زۆر بە راشكاوی دەڵێم ئەمریكا خۆشحاڵە كە لە رێی هێرشی ئاسمانی سنووردارەوە هاوكاری بكات بۆ پشتیوانیكردنی كورد و بۆ دابینكردنی كۆمەكی مرۆیی بۆ ئەو كەمینانەی لەلایەن داعشەوە هێرشیان كراوەتەسەر.
* بە هەزاران خەڵكی ئەوروپی و ئەمریكی هەن كە لە ناو رێكخراوی تیرۆریستی داعش كار دەكەن، واتە ئەم كەسە مەترسیدارانە هەڵگری پاسپۆرتی ئەمریكی و ئەوروپین و بوونەتە هەڕەشەیەكی نێودەوڵەتی و ئەمەش دەبێتە مەترسی لەسەر ئاسایشی ئەوروپا و ئەمریكا و هەر كاتێك ئەو كەسانە گەڕانەوە بۆ وڵاتەكانی خۆیان، تا چەند دەبنە مایەی مەترسی و ئەوە تا چ راددەیەك نیگەرانی كردوون؟
- ئەوە ئەگەرێكە و من زۆر نیگەرانم لەو بارەیەوە، لەبەر ئەوەی ئێوە تەواو راستن، ژمارەیەكی بەرچاوی تیرۆریستانی داعش سەر بە وڵاتانی رۆژئاوان، بۆیە پێموایە ئەوە مایەی نیگەرانییەكی راستەقینەیە، لە ئەمریكا دوایین هێرشی گەورەی تیرۆریستی بریتی بوو لە 11ی ئەیلوول، كەواتە بۆ ماوەیەكی زۆرە هێرشێكی تیرۆریستی گەورە رووی نەداوە لە ئەمریكا، لەوەش زیاتر هەندێ هێرشی زۆر بچووك روویان داوە، وەك تەقینەوەی ئۆتۆمبیلێك لە تایم سكوێر لەلایەن تیرۆریستێكەوە كە لە دەرەوە مەشقی پێنەكرابوو، لەبەر ئەوە بۆی هەیە ئەمریكا لە شوێنی هەڵە بە دوای تیرۆریستدا بگەڕێت و دەكرێت شانەی تیرۆریستی هەبێت لە ئەمریكا كە هەرگیز گەشتیان نەكردبێت، بۆ سوریا یان عێراق، ئێستا تەنها یەك كەیس بوونی هەیە، كە پەیوەندی بە داعشەوە كرد و شان بە شانی داعش شەڕی كردووە، یاخود رێكخراوی سەر بە ئەلقاعیدە كە هەمان ئەو كەسانە لە خۆبگرێت كە دواتر گەڕایەوە بۆ وڵاتێكی رۆژئاوایی و هێرشێكی تیرۆریستی ئەنجام بدا، كە ئەویش دژە سامیەك بوو، كە ئەو هێرشەی لە بەلجیكا ئەنجام دا، كە هەندێ مەشقی كردبوو لەگەڵ جیهادییەكاندا. من لەگەڵ زۆرێك لە پرسیارەكەتاندا هاوڕام كە ئەوە زۆر مەترسیدارە، لەبەر ئەوەی لەگەڵ بوونی پاسپۆرتی ئەوروپیدا ئەوا ئاسانترە بۆیان بچنە ئەوروپا، یان ئەمریكا كە ئەگەری زۆرە لە ماوەی گەشتەكەیاندا بووبێتنە كەسانی رادیكاڵ و ئەگەری زیاتر هەیە كە شارەزایی سەربازییان بەدەست هێنابێت، كە دەبێتە هۆی ئەوەی بتوانن هێرشی گەورەی تیرۆریستی ئەنجام بدەن.
* بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، رایگەیاندووە كە ئێمە سەربازی وڵاتانمان ناوێت، چونكە هێزی پێشمەرگە دەتوانێت رووبەڕووی داعش ببێتەوە، بەڵكو تەنها پێویستمان بە چەك و هاوكاری لۆجیستی هەیە لەلایەن ئەوروپا و ئەمریكاوە، ئایا تا چەند ئەم پەیامەی سەرۆك بارزانی ئەركی سەرشانی ئەمریكا و ئەوروپای سووك كردووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریزمی داعش و تا چەند جیهان خۆشحاڵە كە پێشمەرگە لە بری ئەوانیش شەڕی تیرۆر دەكات؟
- من پێموایە زیاتر و زیاتر ئەمریكییەكان هاوسۆزن و پاڵپشت دەبن بۆ كوردەكان، ئێوە تەواو ڕاستن كە بۆی هەیە پەیوەندی زیاتر هەبێت بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەكان لە نێوان پێشمەرگە و واشنتۆندا، لەبەر ئەوەی نیگەرانی گەورە لە شەڕكردن لە دژی یاخیبووانی ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە تێڕوانینی ئەمریكاوە ئەوەیە كە كەسانی ئەمریكا لەم شەڕەدا دژی ئەو تیرۆریستانە دەكوژرێن، یان لە ناوچەیەكدا دەژین كە زۆر دوورە لە ئەمریكاوە، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەمریكا چەكی زۆر باشی هەیە و پێشمەرگەش بەوە ناسراون كە زۆر ئازان و فیداكارن لە شەڕدا و ئێستا پەیوەندیەكی باش هەیە و ئەمریكا چەك بۆ كورد دابین دەكات، هەروەك دەزانن كوردەكان سەركەوتوبوون لە كاتی شەڕكردن لە دژی داعش لە دەوروبەری بەنداوەكەی موسڵ و پێموایە ئەمریكاش زۆر پشتیوانی ئەم هێزە دەكات.
* حاڵی حازر داعش هێرش دەكەنەسەر هەرێمی كوردستان و هەندێ لە دەوڵەتە ئەندامەكانی یەكێتی ئەوروپا ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ هاوكاریكردنی هەرێم، بەڵام كێشەكە ئەوەیە ئێستا زیاتر لە ملیۆنێك و 500 هەزار ئاوارە هەن، كە ئاوارەی سوریا و مەسیحییەكانی موسڵ و ئێزیدییەكانی شنگالیان تێدایە، كەواتە چۆن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەتوانێت هاوكاری هەرێمی كوردستان بكات و ئایا تا چەند پێویستە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە لە رووی مرۆییەوە هاوكاری هەرێمی كوردستان بكەن؟
- من دڵنیا نیم تا چەند رۆژئاوا دەستێوەردان دەكات بۆ باشتركردنی بارودۆخەكە، چونكە هەندێ جار رۆژئاوا دەستێوەردانێكی زۆر دەكات و هەندێ جاریش هیچ دەستێوەردان ناكات و پێناچێت هەر بەلایەوە گرنگ بێت، نمونەیەكی باش لەم رووەوە بریتیە لە گروپی بوكۆحەرام كە لە مانگی نیسان 300 كچی قوتابی رفاند، لەسەرەتا وادیار بوو كە ئەمریكا زۆر بایەخ بەم كچانە دەدات، بەڵام دوای نیسان و دوای ئایار ئەمریكا ئەو بایەخپێدانەی نەما و بۆكو حەرام سەدان و سەدان كەسی رفاند و پێدەچوو ئەمریكا گرنگ نەبێت بەلایەوە، لەبەر ئەوە نازانین كەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەستێوەردان دەكات لە كارەساتێكی مرۆییدا، بۆیە زۆر زەحمەتە پێشبینی ئەوە بكەین، ئەمە تا راددەیەك دەوەستێتەسەر سۆشیال میدیا، چەند خەڵك تویت دەكات لەبارەی قەیرانەكەوە و وێنەكان چەند هەژێنەرن، یاخود ئایا ئەم قەیرانە مرۆییە دەبێتە هەواڵی سەرەكی لە كەناڵە تەلەفزیۆنییەكانەوە كاتێك ئەمریكییەكان لە شەواندا سەیری دەكەن، زەحمەتە ئەمە بزانین، بەڵام پێموایە پێدەچێت ئێستا ئەمریكا بایەخ بەوە بدات كە داعش دەیكات، كە كوردەكان و گرووپەكانی دیكە لە ناوچەكەدا پێویستییان بە هاوكاری ئەمریكا و پشتیوانییەكی بەرفراوان هەیە، لە نێویان دیموكرات و كۆمارییەكان بۆ هێرشە ئاسمانییەكان دژی داعش و كۆمەكە داراییەكان و هەوڵەكان بۆ كردنەوەی راڕەوەی مرۆیی بۆ ئاوارەكان بۆ ئەوەی بە سەلامەتی هەڵبێن، هەواڵە خۆشەكە بۆ كورد ئەوەیە دەستێوەردانی ئەمریكا لەو ناوچەیەدا زیاتر دەبێت، ئەگەر زۆر بە وریاییەوە لەو قسانە ورد بینەوە كە ئۆباما باسیكرد، دەزانین ئەو ئامادەیە وەبەرهێنانی زیاتر بكات، ئەویش لەبەر هۆكاری ستراتیژی و لەبەر هۆكاری ئەخلاقی و لە ئێستاشدا پشتیوانی رای گشتی ئەمریكای لەگەڵدایە و ئومێدەكە ئەوەیە كاری زیاتری لەو شێوەیە ببینین.
* داعش كە دەوڵەتێكی تیرۆریستییە ئێستا خاوەنی چەكێكی زۆر و پێشكەوتووە كە لەلایەن سوپای عێراقەوە جێهێڵرا، هەروەها لەو چەكانەی لە سوپای سوریاوە دەستیان بەسەردا گرتووە، تاكە هێزێكیش بتوانێت لەسەر زەوی بەرەنگاریان ببێتەوە، هێزی هەرێمی كوردستانە كە بە پێشمەرگە ناسراوە، ئایا بۆ سنورداركردنی هەڕەشەی تیرۆریستی داعش و بۆ گۆڕینی هاوسەنگی هێز لەسەر ئەرزی واقیع چۆن دەبێت هاوكاری و پشتیوانی پێشمەرگە بكرێت؟
پێموایە داعش چەكی باشتری پێیە بە بەراورد لەگەڵ پێشمەرگە جەنگاوەرەكان، لەبەر ئەوە پێشمەرگە جەنگاوەرەكان پێویستیان بە هەموو جۆرە چەكێك هەیە لە نێویاندا ئەو چەكانەی دوورتر دەڕۆن، بەڕاستی پێویستییان بە هەموو جۆرە چەكێك هەیە، وەك تانك و جیب و پشتیوانی ئاسمانی ئەمریكا، هەواڵێكی خۆشی دیكە بریتیە لەوەی داعش ئەوەندە بەهێز نییە وەك ئەوەی زۆر كەس باوەڕی وایە، چونكە رەنگە داعش لە سوپای عێراق بەهێزتر بێت و رەنگە هەندێ گرفت بۆ سوپاكەی ئەسەد دروست بكات، بەڵام سوپای ئەمریكا ئاستێكی تەواو جیاوازی هەیە و بە بوونی چەكی پێویست لە لایەن ئەمریكا و پشتیوانی ئاسمانی، ئەوا گومانم نییە كە پێشمەرگە و ئەمریكا دەتوانن داعش تێكبشكێنن، ئەو سەركەوتنەش دەبینرێت.
Top