لیوا شەهاب ئەحمەد دهۆكیڕاگری ئەكادیمیای سەربازیی زاخۆ بۆ گوڵان:تیرۆریستانی داعش تەنیا لە مووسڵ بایی 8 ملیار دۆلار چەكیان دەستكەوتووە

لیوا شەهاب ئەحمەد دهۆكیڕاگری ئەكادیمیای سەربازیی زاخۆ بۆ گوڵان:تیرۆریستانی داعش تەنیا لە مووسڵ بایی 8 ملیار دۆلار چەكیان دەستكەوتووە
ماوەی زیاتر لە دوو مانگە هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەگەڵ تیرۆریستانی داعش كەوتۆتە شەڕێكی تازە و چاوەڕوان كراوەوە، كە ئێستا دەوڵەتێكی تیرۆریستی بە ناوی دەوڵەتی ئیسلامی دامەزراندووە. ئەم دەوڵەتە بە ناو ئیسلامییە كە بڕوای بە هیچ سنوورێك نییە و داوای دامەزراندنی خەلافەتی ئیسلامی دەكات لە سەرتاسەری ناوچەكەدا، هەڕەشەیەكە رووبەڕووی هەموو جیهان بۆتەوە. ئێستا هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە بری هەموو جیهان شەڕی ئەم دەوڵەتە تیرۆریستە دەكات. بۆ قسە كردن لەبارەی شێوازی ئەم شەڕە تازەیە، سەبارەت بە هێزی پێشمەرگەی كوردستان و قەبارەی ئەو چەكەی تیرۆریستانی داعش لە یەكە سەربازییەكانی عێراق دەستیان كەتووە، هەروەها چۆنیەتی رووبەڕوو بوونەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەگەڵ تیرۆریستانی داعش، سەردانی ئەكادیمیای سەربازیی زاخۆمان كرد، ئەم وتوێژەشمان لەگەڵ لیوا شەهاب راگری ئەكادیمیای سەربازیدا كرد.
*ئەو شەڕەی ئێستا هێزی پێشمەرگەی كوردستان رووبەڕووی بۆتەوە، شەڕی تیرۆریستانە، دیارە سروشتی شەڕی تیرۆریستان جیاوازە لەگەڵ شەڕی نیزامی، ئایا ئێوە وەك ئەكادیمیای سەربازی لە رووی زانستی سەربازییەوە چۆن ئەم شەڕە تازەیە پێناسە دەكەن؟
-ئەم شەڕەی ئێستای هێزی پێشمەرگە لەگەڵ تیرۆریستانی داعش رووبەڕووی بۆتەوە شەڕێكی تازەیە، تیرۆریستان شەڕی بەرەیی بە پێی سیستەمی سەربازی ناكەن، بەڵكوو ئەوان شەڕێكی پارتیزانیی خۆكوژانە دەكەن، بۆیە كاتێك وەك فەرماندەیەكی سەربازی پلان بۆ شەڕێك دەدانێین،پێویستەپێش هەموو شت ئەو فەرماندە سەربازییە ئەوە لەبەر چاوی خۆی دابنێت، كە هەیكەلی سەربازیی دوژمنەكەی و تاكتیك و شێوازی شەڕ كردن و ئەو چەكەی لەبەر دەستی دوژمنەكەیەتی چۆنە، بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای تاكتیك و هەیكەل و جۆری چەكەكەی، پلانی بۆ دابنێت و رووبەڕووی ببێتەوە، بۆیە ئەو تیرۆریستانەی داعش كە ئێستا شەڕی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەكەن، ئەو تیرۆریستانەی پێش رۆژی 10ی حوزەیرانی رابردوو نین، لەبەر ئەوەی دوای ئەوەی لە 10ی حوزەیراندا مووسڵیان داگیر كرد، تەواوی چەك و تەقەمەنی و ئامێری سەربازیی یەكەكانی دوو و سێ فیرقەی فیدرالی سوپای عێراقیان كەوتە بەر دەست. ئەو چەكانەی كەوتوونەتە بەر دەستی ئەو تیرۆریستانە هەموویان چەكی مۆدێرنی ئەمریكین، لەبەر ئەوەی لە دوای ساڵی 2003ـەوە كە سوپای عێراق بونیات نرایەوە، هەموو چەكەكانی بوونە چەكی ئەمریكی. ئەم چەكانەش ئێستا هەموو دژی پێشمەرگەی كوردستان بەكار دەهێندرێت، لە بەرامبەردا چەكی دەستی پێشمەرگە چەكێكی ئەوتۆ نییە، ئەگەر لەگەڵ چەكی دەستی تیرۆریستانی داعش بەراوردی بكەین چەكێكی سادەیە، هۆكاری ئەوەی چەكی دەستی پێشمەرگە سادەیە ئاشكرایە. لەبەر ئەوەی لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا هێزی پێشمەرگەی كوردستان هاوشانی سوپای عێراق و وەك بەشێك لە سیستەمی بەرگریی عێراق پەرەی پێ نەدراوە و چەكی بۆ دابین نەكراوە، بۆیە لەم حاڵەتەدا ئەركی هەرە پێشینەی هەرێمی كوردستان ئەوەیە، هەوڵ بدەین سوپایەكی نیزامی لە پێشمەرگە پێك بهێنن، هەروەها دەبێت هەوڵ بدەین چەكی دەستی پێشمەرگە لە چەكی تیرۆریستانی داعش كاریگەرتر و باشتر بێت، بۆ ئەوەی بتوانین ئەو تیرۆریستانە یان هەر دوژمنێكی دیكە كە بیەوێت هێرش بكاتە سەر كوردستان تێك بشكێنین.
*ئایا ئەو بنەمایانە هەن كە بتوانین لەم كاتەدا هەنگاو بۆ سوپایەكی نیزامی هەڵبنێین؟
-بەڵێ تا ڕادەیەكی باش ئەو ژێرخانەمان هەیە، لەبەر ئەوەی ئێمە كۆلێژی سەربازیمان هەیە، تەنها ئەكادیمیای سەربازیی زاخۆ تا ئێستا نزیكەی 2700 ئەفسەری پێگەیاندووە و دەرچووی ئەم كۆلێژە سەربازییەن. لە عێراقدا چوار كۆلیژی سەربازی هەن كە ئەكادیمیای زاخۆ یەكێكیانە، گەلێك جار كە بۆ هەڵسەنگاندن لیژنەی سەربازی هاتوون، ئەكادیمیای زاخۆ لە سەرووی هەموو كۆلێژە سەربازییەكانی عێراق دەرچووە، هەروەها ئەو ئەفسەرانەی لای ئێمە دەرچوون ئێستا بەشێكیان گەیشتوونەتە پلەی باڵای سەربازی وەك عەمید و عەمید روكن، موقەدەم و رائید، بۆیە ئێمە دەتوانین ئێستا فیرقەیەكی سەربازیی تەواو دابمەزرێنین كە لە پلەكانی فەرماندەی سریە و فەسیڵ و فەوجەوە دەرچووی ئەكادیمیای سەربازی بن.
*پێشتر تیرۆریستان گرووپی بچووك بچووك بوون، راستە كاری خۆكوژییان دەكرد، بەڵام خاكیان لەبەر دەست نەبوو، بەڵام ئێستا داعش خاكێكی زۆری لە ناوچەكانی سوننەی عێراق هەروەها لە سووریاشی لەبەر دەستە، ئەمەش مانای ئەوەیە تیرۆریستان بوونە خاوەنی دەوڵەتێكی گەورە كە بەس تەنها لەگەڵ پێشمەرگە 1000 كیلۆمەتر سنووریان هەیە، ئایا لە رووی زانستی سەربازییەوە پێویستە چۆن شەڕی دەوڵەتێكی تیرۆریست بكرێت؟
-پێش هەموو شت دەبێت راشكاوانە لەسەر ئەم پرسە هەڵوەستە بكەین، بەوەی ئێستا تیرۆریستانی داعش رێكخراوێكی تیرۆریستی نین و بەس، بەڵكوو دەوڵەتێكی تیرۆریستین، بەپێی زانستی سەربازیش ناكرێت هەرگیز دوژمنی خۆت بە كەم سەیر بكەیت، ئەم دەوڵەتە تیرۆریستەی لەگەڵ ئەوەی ئەو هەموو چەك و تەقەمەنییە تازەیەی كەوتۆتە بەر دەست، لە هەمان كاتدا ژمارەیەكی هێجگار زۆری ئەفسەرانی پێشووی عێراق، ئەو ئەفسەرانەی لە سەردەمی سەدام ماوەی 8 ساڵ شەڕی عێراق و ئێرانیان كردووە، ئێستا هاوكاریی داعش دەكەن، بەپێی ئەو زانیاریانەی ئێمە لامانە، لە دوای داگیر كردنی مووسڵەوە تیرۆریستانی داعش 12 فەرماندەی فیرقەی سەردەمی سەدامیان بردووە بۆ لای ئەبووبەكری بەغدادی و كۆبوونەوەی لەگەڵ كردوون چۆن پلانی سەربازی دابڕێژێت بۆ هێرش كردنە سەر كوردستان. بۆیە تیرۆریستانی داعش ئەو ئەزموونەیان نییە چۆن نەخشەی سەربازی بخوێنەوە یان چۆن لەسەر نەخشەی سەربازی ئامانجەكان لە سەر زەوی دیاری بكەین، بۆیە ئەو تۆپ و هاوەن و هەمەر و هەموو جۆرەكانی دیكەی چەك، كە دەست تیرۆریستانی داعش كەوتوون، ئەو ئەفسەرانە بەكاری دەهێنن كە پێشتر ئەفسەری سوپای عێراق بوون لە سەردەمی سەدام. لەبەر ئەوەی ئەو ئەفسەرانە لە بەركار هێنانی چەكدا زۆر شارەزان، ئەو چەكانەش هەموو چەكی تازەن، بەپێی ئەو زانیاریانەی لای ئێمەن تەنها لە ماوەی 3 ساڵی رابردوودا حكومەتی عێراق 43 ملیار دۆلاری بۆ پڕچەك كردنی 17 فیرقەی سەربازی خەرج كردووە، ئەوجا ئەگەر تەنها حیسابی ئەو 3 فیرقەیە بكەین كە لە مووسڵ چەكەكانی كەوتۆتە دەست تیرۆریستانەوە، مانای ئەوەی بەهای نزیكەی 8 ملیار دۆلار چەكی تازە لەو 3 فیرقەیەدا كەوتۆتە دەستی تیرۆریستانی داعشەوە، ئەو چەكانەش بریتین لە تۆپی دوورهاوێژ و تانكی پێشكەوتوو، قەبارەیەكی یەكجار گەورەی چەكی دۆشكە لە یەك لوولەوە تا چوار لوولە، بۆیە دەبێت لە بەرامبەر ئەم دەوڵەتە تیرۆریستە هەڵسەنگاندێكی زۆر ورد بكرێت.
*ئێوە دەزانن تیرۆریستانی داعش تەواوی چەك و تەقەمەنی و ئامێری سەربازیی 6 فیرقەی سەربازیی عێراقی كەوتۆتە دەست، دیارە ئێوە دەزانن چەك و تەقەمەنیی 6 فیرقەی سەربازیی عێراق كە بە چەكی مۆدێرنی ئەمریكی پڕچەك كراون مانای چییە، لەمەش زیاتر دەزانن هەر تیرۆریستێكی داعش خۆی بۆمبێكی بەشەرییە، ئایا وەك پسپۆرێكی سەربازی لە رووی زانستی سەربازییەوە رووبەڕوو بوونەی ئەم هێزە تیرۆریستە پێویستی بە چییە؟
-پێش هەموو شت هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەرگری لە خاكی كوردستان دەكات، كەواتە ستراتیژیەتی سەربازیی پێشمەرگە بەرگری كردنە، تەنها لەو كاتەدا هێرش كردنە كە ئەو ناوچانەی داگیریان كردووە دووبارە رزگاریان بكەینەوە، بۆیە ئێمە دەبێت ستراتیژیەتی بەرگریمان ستراتیژیەتێكی بەهێز بێت و لەسەر بنەمای زانستی سەربازی داڕێژرا بێت، هەر بۆ نموونە ئەگەر من فەرماندەی لیوایەكی سەربازی بم، دیارە هەر لیوایەك سێ فەوجی هەیە، ئەوا دەبێت من وەك فەرماندەیەكی سەربازی هەمیشە دوو فەوج لە سەنگەرەكانی پێشەوە دابنێم و فەوجێك لە بەرەی دواوە بێت، ئەمەش لەبەر ئەوەی كاتێك دوژمن هێرش دەكات، هێزی هەر چەند بێت هەر دەتوانێت بە قەبارەی فەوجێك لە سەنگەرەكان بێتە پێشەوە، بۆیە لەم كاتە من فەرمان دەكەم، فەوجی دواوە جێگەی فەوجەكەی پێشەوە بگرێتەوە، بەمەش دەتواندرێت هێرشەكەی دوژمن رابگیرێت، بۆ ئەمەش پێویستە پێشتر مەشق و راهێنانی تەواو كرابێت بەوەی چۆن ئەو فەوجەی دواوە جێگەی فەوجەكەی پێشەوە دەگرێتەوە، بۆیە پێویستە لە سەر هەر فەرماندەیەكی لیوا تەنانەت فەرماندەی فەوجەكانیش،پێش هەموو شت بەشێك لە هێزەكانی بكاتە یەدەگ بۆ ئەوەی بتوانێت لە كاتی خۆیدا ئەو هێزە یەدەگە جێگەی هێزەكەی پێشەوە بگرێتەوە، هەر بۆ نموونە فەوجێك چوار سریەیە، سریەیەكی پێی دەگوترێت سریەی پشتیوانی واتە پاڵپشت، ئەم سریەیە فەسیڵێكی هەیە تەنها بۆ هاوەن، فەسیڵێكی هەیە پێی دەڵێن فەسیڵی مقاوەمەی دەبابە، فەسیڵێكی هەیە بۆ بەرگریی ئاسمانی كە پێویستە دۆشەكەی 14.5 ملمی یەك لوولە و دوو لوولە و چوار لوولەی هەبێت، ئەمە بەس تەنها لە یەك فەوجی سوپای نیزامیدا، ئەمە بێجگە لەوەی بەتەریەكی تۆپخانەش پاڵپشتی هەموو فەوجەكە دەكات، من لێرەدا باسی لیوایەكی سەربازیی پیادە دەكەم، ئەم لیوایە كە سێ فەوج یان چوار فەوجە، پێویستە بەردەوام كەتیبەیەكی تۆپخانە كە 18 تۆپە پشتیوانی ئەو لیوایە بێت، ئەم كەتیبەیە دەبێتە 3 بەتاریە، هەر بەتاریەیەك بۆ فەوجێكە، ئەوجا ئەگەر بووە هێرش، ئەوا تەواوی كەتیبەكە كە 18 تۆپە دەبێتە پشتگیری بۆ ئەو فەوجەی هێرشەكەی لە سەرە، لەلایەنێكی دیكە مەسەلەی كارگێڕیی لیوایە لە كاتی شەڕدا، لەم حاڵەتەدا ئەم لایەنە كارگێڕییە دەبێت راستەوخۆ چەك و تەقەمەنیی پێویست بگەیەنێتە ئەو هێزەی كە چەك و تەقەمەنییەكەی بەكارهێناوە، هەروەها دەبێت یەكەیەكی پزیشكی هەبێت بە دووریی 3 كیلۆمەتر لە بەرەكانی شەڕ بۆ ئەوەی بە فریای ئەو سەرباز و پێشمەرگانەوە بچێت كە بریندار دەبن، ئەمەش مانای ئەوەیە بە پێی سیستەمی سەربازی كاتێك سەربازێك لە بەرەی پێشەوەی شەڕ دەبێت، 13 سەربازی دیكە لە خزمەتی ئەو سەربازە دەبێت.
*ئەوەی ئێستا باس دەكرێت و جەختی لەسەر دەكرێتەوە، ئەوەیە كە دەڵێن پێشمەرگە پێویستی بە چەكی مۆدێرن هەیە، ئێوە دەزانن چەكی تازە پێویستی بە راهێنان هەیە، هەروەها پێویستی بە هاتنی پسپۆر و راوێژكاری بیانی هەیە، ئایا ئێوە وەك ئەكادیمیای سەربازی خۆتان مامۆستای سەربازیتان هەیە كە مەشق و راهێنان لەسەر ئەو چەكە تازانە بە پێشمەرگە بدات؟ ئەگەر وەك پێویست مامۆستای سەربازیتان بۆ ئەو چەكانە نییە چۆن هەماهەنگی لەگەڵ پسپۆر و راوێژكارانی ئەمریكی دەكەن بۆ ئەوەی بە خێرایی پێشمەرگە لەسەر ئەو چەكانە رابهێندرێن؟
-ئێمە پێشتریش راوێژكارانی ئەمریكا سەردانیان كردووین، بۆیە بۆ بەكارهێنانی چەكی تازە پێویستە خولی راهێنان بكرێتەوە، بەڵام خولی راهێنان بۆ بەكارهێنانی چەكی تازە زۆر نییە لەوانەیە دوو رۆژ تا سێ رۆژی بوێت، بۆیە ئەگەر ئەو راوێژكارانە بێنە لای ئێمە، ئێمە ئەفسەری خۆمانیان دەدەینێ بۆ ئەوەی مەشق و راهێنان بە ئەفسەرەكانی ئێمە بكەن، پاشان ئەفسەرەكانی ئێمە خۆیان ئەو چەكانە بەكار دەهێنن و دەشتوانن پێشمەرگەشی لە سەر رابهێنن، هەروەها زۆر گرنگە بۆ هەموو ئەفسەرانی ئێمە بەوەی هەر چەكێكی نوێ بێت پێویستە خولیان بۆ بكەینەوە و فێری بەكار هێنانی ئەو چەكەیان بكەین. بۆ ئەوەی كاتێك ئەو ئەفسەرە دەگەڕێتەوە فەوجەكەی خۆی یان سریەكەی خۆی، ئەویش خولێك بۆ هەڤاڵانی خۆی بكاتەوە و فێریان بكات. لەمەش زیاتر هەموو ئەفسەرانی ئێمە كە لەم ئەكادیمیایە دەرچوون، هەموویان دەرچووی ئامادەیی زانستی و وێژەیین، هەمووشیان بنەمایەكی زانستیی باشیان هەیە بۆ ئەوەی بە ئاسانی فێری بەكار هێنانی ئەو چەكانە بن.
*بۆ ئەم شەڕە پێشمەرگە پێویستی بە چ جۆرە چەكێكە بۆ ئەوەی باڵانسی هێزی سەربازی بۆ بەرژەوەندیی پێشمەرگە بگۆڕێت، بە تایبەتی ئەو چەكانەی كە پێشمەرگە بە ئاسانی فێریان دەبێت و كاریگەریشن؟
-پێش هەموو شت ئەو دوژمنەی ئێستا هێرش دەكاتە سەر پێشمەرگە، تیرۆریستانی داعشن، ئەو ئامێرانەی هێرشی پێ دەكەن بریتین لە پیكاب و هەمەر، بۆیە پێویستە ئێمە هەم سەنگەری باش لە سەر بنەمای زانستی بۆ هێڵی بەرگری دروست بكەین، هەمیش بە دووریی 400 تا 500 مەتر لەو دیوی هێڵی بەرگرییەوە بە شۆفەڵ خەندەقێك دروست بكەین بە پانایی مەترێك بۆ ئەوەی ئەو ئۆتۆمبیلانە نەتوانن بێنە پێشەوە و بكەونە ناو خەندەقەكە، هەروەها دەبێت دەوروبەری سەنگەرەكانی پێشەوە مینڕێژ بكەین و سیمی تەلەزی دابنێین، دەبێت ئەم سیمە تەلەزی و مینڕێژ كردنە لە سنووری ئاگری كڵاشینكۆفی پێشمەرگە بێت، چونكە ئەگەر كەوتە دەرەوەی سنووری لوولەی گوللەی كڵاشینكۆفەوە، ئەوا دوژمن دەتوانێت مینەكان هەڵبگرێتەوە و سوودیان نامێنێت، ئەوجا لەم سەنگەری بەرگرییەوە زۆر گرنگە پێشمەرگە چەكی دژە تانك و زرێپۆشی هەبێت، ئەمە زۆر زۆر پێویستە، پێویستمان بەو چەكە كاریگەرانەیە كە بەكار هێنانەكەیان سادە بێت بۆ ئەوەی پێشمەرگە بە زوویی بتوانێت فێریان بێت و بە باشی بەكاریان بهێنێت. پێویستە بایەخێكی زۆر بە تۆپ و تۆپخانە بدەین، ئێستا ئێمە تۆپ چەند گەورە بێت زیاتر بایەخی پێ دەدەین و بە كاریگەرتری دەزانین، بەڵام بە پێچەوانەوە، ئەگەر هاوەنی 60ملم و 80ملم لە پێشەوە بێت، كاتێك دوژمن هێرش دەهێنێت زۆر كاریگەریی زیاتری لە تۆپی گەورەی دوورهاوێژ زیاترە، لەبەر ئەوەی هاوەنی 60ملم و 80ملم راستەوخۆ بەكار دەهێندرێت و سەر لە دوژمن دەشێوێنێت، بەڵام تۆپی گەورە پێویستی بە دۆزینەوەی ئامانج دەبێت، بۆیە لەوانەیە دوا بكەوێت، بۆیە زۆر گرنگە بایەخ بە هاوەنی 60ملم و 80ملم بدەین، بۆ سەنگەرەكانی پێشەوە زۆر گرنگن، ئەم چەكانەش زۆر سادەن و بەكار هێنانیشیان زۆر ئاسانە، بۆیە هێزی پێشمەرگە پێویستی بە كۆمەڵێك جۆرە چەكی كاریگەر هەیە، بەڵام من پێم باشە چەكەكان كاریگەر بن و بەكار هێنانیان ئاسان بێت.
*ئێستا، دوای بانگێشتی سەرۆك بارزانی بۆ پشتگیری كردنی هێزی پێشمەرگە، خەڵكێكی زۆر خۆبەخشانە روو دەكەنە بەرەكانی شەڕ و هەمووشیان بەس كڵاشینكۆف خۆیان پێیە، ئاشكراشە لەوانەیە ئەم شەڕە درێژخایەن بێت، چونكە شەڕی تیرۆر تەواو نابێت بە ئاسانی، ئایا ئێوە وەك ئەكادیمیای سەربازی چ پلانێكتان ئامادە كردووە، بۆ ئەوەی ئەو خۆبەخشانە رێك بخەن و وەك هێزی یەدەگ لە كاتی پێویستدا و بە ڕێكوپێكی بەكار بهێندرێن؟
-ئێمە وەك ئەكادیمیای سەربازی ئامادەین بۆ هەر ئەركێك كە فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە ئێمەی بسپێرێت، ئەوجا ئەو ئەركە هەر چییەك بێت و چەند قورسیش بێت، بۆیە زۆر گرنگە لەسەر بنەمای سەربازی هەموو كات تۆ دوژمنی خۆت بە بەهێز حیساب بكەیت، پەندێكی كوردی هەیە دەڵێت تۆ هەموو كات دوژمنی خۆت وەك شێر حیساب بكە، ئەوجا ئەگەر شێر هات ئەوا تۆ خۆت بۆ ئامادە كردووە، ئەگەر رێویش بوو ئەوا تۆ دەیگریت و هیچت زەرەر نەكردووە، بۆیە لەم روانگە سەربازییەوە زۆر گرنگە ئێمە تەواو تەواو هەموو ئیمكانیەتی خۆمان رێك بخەین و بە باشترین شێوە ئامادەیان بكەین، هەروەها لە بواری سەربازیدا شكست و سەركەوتن شتێكی ئاساییە، بەس ئەوەی گرنگە ئەوەیە ئێمە لە شكستدا نائومێد نەبین و لە سەركەوتندا مەغروور نەبین، لەم بوارەشدا گرنگە ئەو خۆبەخشانە وەك هێزی پشتگیری مەشق و راهێنانیان پێ بكرێت و ئامادە بكرێن بۆ ئەوكاتەی پێویست بن، بەڵام لە هەمووی گرنگتر، گرنگە بۆ ئێستا فیرقەیەك دوو فیرقەی سەربازیی مەشق پێ كراوی پڕچەك لە كوردستان هەبێت، بۆ ئەوەی ئەم دوو فیرقەیە هەموو كات ئامادە بن و پشتگیریی پێشمەرگە و خەڵكی كوردستانیش هەموو كات لە پشتی ئەم دوو فیرقە سەربازییە دەبێت، هۆكاری جەخت كردنەوەشم لە سەر ئەم دوو فیرقە نیزامیە ئەوەیە، كاتێك لە فەرماندەی فەسیلەوە تا فەرماندەی لیوا دەرچووی ئەكادیمی بێت، ئەو زانستی سەربازیی خوێندووە و دەزانێت چۆن بەرپرسیاریەتیی سەربازی بگرێتە ئەستۆ و تەحەمولی بكات. لەمەش زیاتر لەو دوو فیرقەیەدا پێویستە دانانی هەر فەرماندەی فەوجێك بۆ ماوەی 6 مانگ بە وەكالەت بێت، پاش ئەوەی لە لێهاتوویی ئەو دڵنیا دەبین ئەوا دەبێتە فەرماندەی فەوج، دڵنیا نەبووین دەیگۆڕین و كەسێكی دیكە دادەنێین، لەبەر ئەوەی گرنگترین شت بۆ ئەفسەر لێهاتوویی جەستەیی و دڵسۆزیەتی بۆ جێبەجێ كردنی ئەركەكەی، كە ئەم فاكتەرە لە هەر ئەفسەرێك هەبێت، هەر جۆرە چەكێك بێنن لە ماوەیەكی زۆر كورتدا، هەفتەیەك بە باشی فێری دەبێت بەكاری بهێنێت.
*ئێوە وەك ئەكادیمیای سەربازی تا چەند تەجنید كردنی موالید بە پێویست دەزانن، بۆ ئەوەی لاوەكانی كوردستان هەموویان مەشقی سەربازییان پێ بكرێت و سوود لە تواناكانیان وەربگرن، وەك دەزانن ئەوەی لە 1991 تەمەنی 18 ساڵ بووە، ئێستا سەرووی چل ساڵە ئەمەش مانای ئەوەیە بەشی هەرە زۆر خەڵكی كوردستان لە تەمەنی 18 سەرووی چل ساڵی مەشقی سەربازیی نەكردووە، ئایا تا چەند گرنگە تەجنیدی موالید دەست پێ بكاتەوە؟
-پێش هەموو شت لە دوای ئەوەی دەرگای خۆبەخشین كراوەتەوە، خەڵكێكی هێندە زۆر ئامادەی خۆبەخشین بووە، من پێم وایە پێویستمان بە تەجنیدی موالید نییە، بۆیە من پێم باشە دەرگای خۆبەخشین بەردەوام بێت و بۆ ئەوەی خەڵك خۆبەخشانە بێتە ریزی سوپای كوردستانەوە، بۆ ئەم خۆبەخشینەش پێویستە گرێبەستێك ئامادە بكەین، پێویستە ئەم گرێبەستە بۆ ماوەی 10 ساڵ كەمتر نەبێت، لەبەر ئەوەی كاتێك ئەو خۆبەخشە دەبێتە سەرباز ئێمە ئامادەی دەكەین و مەشق و راهێنانی بۆ دەكەین، ناكرێت دوای ساڵێك بڵێت من واز دەهێنم، بۆیە من پێم باشە لەو خۆبەخشانە و لەگەڵ ئەو ئەفسەر و پلەدارانەی لە فیرقەكانی سوپای عێراق هەمان بوون، هەموویان كۆ بكەینەوە، ئێمە بە ئاسانی دەتوانین فیرقەیەك دروست بكەین.
*ئێوە وەك ئەكادیمیای سەربازی دیارە ئەفسەر بۆ كوردستان پێ دەگەیەنن، بۆ لەمەو دوا پێویستە ئەفسەرانی كوردستان ئامادە بكرێن بۆ شەڕی دژە تیرۆر، ئایا شەڕی تیرۆریستانی داعش تا چەند گۆڕانكاری بە سەر پرۆگرامی خوێندنی سەربازی لە كوردستاندا دەهێنێت؟
-ئێستاش لە پرۆگرامی ئەكادیمیای سەربازی ئەو وانانەمان هەیە وەك شەڕی پارتیزانی، پاك كردنەوەی دارستان، شەڕی ناو شاران، بۆیە قوتابیانی ئەكادیمیای سەربازی ئەو وانانەیان هەموو خوێندووە، لە ئێستا بە دواوە زیاتریش جەختی لەسەر دەكەینەوە.
*ئامادە كردنی ئەفسەران بۆ شەڕی دژە تیرۆر پێویستی بە زانستی تازەی سەربازی و دروست كردنی پەیوەندیی ئەكادیمیای سەربازی كوردستان هەیە لەگەڵ ئەكادیمیاكانی سەربازیی رۆژئاوا هەیە، ئایا تا چەند پێویستتان بە پسپۆری بیانی و دروست كردنی پێوەندی لەگەڵ ئەكادیمیاكانی سەربازیی رۆژئاوا هەیە؟
-ئێمە وەك كۆلێژی سەربازی سەر بە دەسەڵاتی فیدرالی بەغدا بووین، دەسەڵاتی بەغداش هەتا ئێستا بۆ سوپا وەك رژێمەكانی پێشوو سەیری سوپا دەكەن، پێیان وایە لایەنی سەربازی نابێت پێوەندی لەگەڵ هیچ لایەنێك دروست بكات، تەنها دەبێت لەگەڵ بەغدا پێوەندیمان هەبێت.
*خوێندنی باڵا لە بواری زانستی زۆر گرنگە، ئایا تا چەند زەمینەتان دەستەبەر كردووە بۆ ئەوەی ئەفسەرانی كوردستان بچنە دەرەوە خوێندنی باڵای سەربازی تەواو بكەن، ئایا هەتا ئێستا ژمارەی ئەو ئەفسەرانەی لە زانستی سەربازیدا خوێندیان تەواو كردووە ژمارەیان چەندە؟
-بەڵی ئێمە ئەفەسەرمان هەیە كۆلێژی ئەركانی لە ئیتالیا تەواو كردووە، هەروەها چوار ئەفسەرمان ناردۆتە بەغدا بۆ خولی فەرماندەیی لە بەغدا، لە یەكەم تا چوارەم لە كۆی زیاتر لە 100 ئەفسەر لە كۆلێژی ئێمە بوون، بەشێكی ترمان ناردۆتە ئەردەن لەوانەش رائید روكن محەمەد كە ئێستا لە ئەكادیمیای سەربازیی ئێمەیە، لە سەر هەموو كۆلیژی ئەركانی ئوردن پلەی یەكەمی بەدەست هێنا.
*ئەم ئەكادیمیایە تا ئێستا چەند ئەفسەری دەرچوواندووە؟
-دیارە لە ئەكادیمیای ئێرە قوتابیانی هەموو عێراق وەردەگرین، تاكوو ئێستا 5742 ئەفسەر لێرە دەرچوون بە كورد و عەرەب و نەتەوەكانی دیكەوە. هەروەها چەندین قوتابیشمان هەیە ئێستا لە كۆلیژی ئەركان دەخوێنن. بۆیە دووبارەی دەكەمەوە، تەنها بەو ئەفسەرە كوردانەی لەم ئەكادیمیە دەرچوون، دەتوانین فیرقەیەكی نیزامی بۆ كوردستان دروست بكەین.


لیوا شەهاب ئەحمەد دهۆكی لە ساڵی 1951 لە دهۆك لە دایك بووە.
لە ساڵی 1972 چۆتە كۆلیژی سەربازیی بەغدا و لە 1974 تەواوی كردووە.
لە 1974- 1991 هەموو پلەكانی سەربازیی بڕیوە تا گەیشتۆتە پلەی عەمید.
لە دوای راپەڕینەكەی ئاداری 1991 هاتۆتە ناو لەشكری پێشمەرگەی كوردستانەوە.
دواتر بۆتە فەرماندەی مەوقیعی دهۆك كە سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان بووە.
لە ساڵی 1997 یەكێك بووە لە دامەزرێنەرانی ئەكادیمیای سەربازیی زاخۆ .
هەمان ساڵ بە فەرمانی سەرۆك بارزانی كرا بە لیوا، هەروەها كراوە بە راگری ئەكادیمیای سەربازیی زاخۆ.
لە چەندین خولی سەربازیی ناوخۆ و دەرەوە بەشدار بووە، لە ساڵی 2004 و 2001 بەشداریی كردووە لە خولی سەربازی لە بەریتانیا، لە ساڵی 2006 بەشداریی كردووە لە خولی بەهێز كردن و پێگەیاندنی ئەفسەراندا كردووە.
Top