نزار جەنابی پسپۆڕ لە بواری ئاسایشی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گوڵان:پێویستە فڕۆكەخانەیەكی سەربازی لە هەولێر بكرێتەوە و لەوێوە هێرش بكرێتە سەر تیرۆریستان
August 21, 2014
دیمانەی تایبەت
نزار جەنابی یەكێكە لە ئەفسەرانی پێشووی سوپای عێراق، هەروەها توێژەرە لە بواری ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق لە ئامۆژگای واشنتن بۆ دیراساتی رۆژهەڵاتی نزیك. جەنابی لە ساڵانی 2004- 2006 بەڕێوەبەری گشتی بووە لە وەزارەتی بەرگریی عێراق، پسپۆری سیاسەتی بەرگری و دابین كردنی پێداویستی سەربازی بووە لەو وەزارەتەدا. بۆ قسە كردن لەسەر مەترسیی ئەو چەكانەی كەوتوونەتە دەستی تیرۆریستانی داعش و هاوكاری كردنی هێزی پێشمەرگە بە چەك لە لایەن ئەمریكا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە، ئەم وتوێژەمان لەگەڵدا كرد، كە بەم جۆرە رای خۆی بۆ (گوڵان) دەربڕی.*ئێستا داعش چەكێكی لە ژمارە نەهاتووی لەبەر دەستە، كە لە سوپای عێراقەوە بۆی ماوەتەوە، ئێستا ئەو چەكە زۆرە لە لای ئەو گرووپە تیرۆریستەیە، ئایا مەزەندەی ئێوە بۆ ئەو چەكانە چین و تا چ ڕادەیەك هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایش و ئاشتیی نێودەوڵەتی؟
- ئەو چەكانە مایەی هەڕەشەن، ئەگەرچی من بە حەزەرم لەوەی زیاد لە پێویست بەهای ئەو چەكانە گەورە بكەین، هەر سیستەمێكی چەك، هەرچییەك بێت، پێویستی بە پشتیوانی و چاك كردنەوە هەیە، پێویستی بە سووتەمەنی تێ كردنەوە و زەخیرەی خۆی هەیە. ئەوان ئەو چەكانەیان هەیە و بەكاری دەهێنن، بەڵام ناتوانن بۆ ماوەیەكی دوور و درێژ بەكاری بهێنن، خۆ ئەگەر بەكاریشی بهێنن، ئەوا بە چەشنی یەكەیەكی سەربازیی مەشق پێ كراو لە بەكار هێنانیدا كارا نابن، ئەگەر دووچاری شەڕ بن، ئەوان دەتوانن بۆ ماوەیەك بەردەوام بن، بەڵام نەك بۆ ماوەیەكی دوور و درێژ، چونكە پشتیوانیی لۆژیستییان نابێت بۆ درێژەدان بەو چەكانە لە شەڕدا. ئەوان لە ژێر گوشاردان و ناچارن هەر جبەخانە و تەقەمەنییەكی هەبێت بەكاری بهێنن، ئەوەی لەبەر دەستیاندایە بەكاری دەهێنن، بەڵام لە قۆناغێكی دیاری كراودا ناچار دەبن چاكیان بكەنەوە، هەڵبەت ئێستا ئەوان ئەو پشتیوانییە لۆژیستیانەیان نییە.
*بە هۆی ئەم چەكانەی داعشەوە ڕەهەندی شەڕی تیرۆریزم گۆڕاوە لە جیهاندا، لەبەر ئەوەی پێكهاتەی ئەو چەكانە بریتین لە ڕۆكێت و تۆپی گەورە و هەمەر و تانك، واتە دەبێت پێكەوە كار كردن و هاوكاری هەبێت بۆ شەڕ كردن لە دژی مەترسیدارترین دەوڵەتی تیرۆریست و كەس ناتوانێت بە تەنیا ڕووبەڕوویان ببێتەوە، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ستراتیژی ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەم مەترسییە چیە؟
- داعش ستراتیژیەتی دەوڵەتی بەكاری دەهێنا، سوپایەكی ڕێكخراو و بە گرووپ جووڵە دەكەن و هێرش دەكەن، بەڵام لە دوای ئەوەی ئەمریكا بڕیاری دا بۆردوومانی چەند ئامانجێك بكات، ئەوا داعش ئەم ستراتیژیەتەی گۆڕی. ئێستا ناچارن بگەڕێنەوە بۆ تاكتیكە بنەڕەتییەكەیان، تاكتیكە كۆنەكەیان كە ئەلقاعیدە بەكاری دەهێنێت، ئەویش بریتییە لە خۆ حەشاردان و هێرشی بچووك، ناتوانن پەلاماری گەورە بدەن، وەك گرتنی شارێكی گەورەی وەك مووسڵ، یاخود بە ژمارەیەكی گەورە هێرش بكەن، چونكە دەزانن ئەگەر ئەم كارە بكەن، ئەوان لە ئاسمانەوە دەكرێنە ئامانج، كەواتە دەبێت بگەڕێنەوە بۆ شارەكە و خۆیان لە شارەكەدا بشارنەوە و هێرشی بچووك بكەن، كە جووڵەی گەورە لە خۆ ناگرێت.
*لەناو بردنی داعش پێویستی بە هاوپەیمانێتییەكی دژ بە تیرۆر دەبێت، واتە وڵاتان بەشداری بكەن لەبەر ئەوەی ئەمە شەڕێكی جیهانییە و تاكە هێزێكیش بتوانێت بەرەنگاریان ببێتەوە بریتییە لە پێشمەرگە، سەرۆك بارزانیش ڕایگەیاند ئێمە پێویستمان بە سەرباز نییە، بەڵكوو تەنها پێویستمان بە هاوكاری و یارمەتیی سەربازی هەیە، وەك چەك و كەل و پەلی سەربازی، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا تا چەند هاوپەیمانیی دژ بە تیرۆر، ئایا تا چ ڕادەیەك جیهان و ئەمریكا بە تایبەتی، بەدەم ئەم داواكارییەی كوردەوە دێن؟
- باس لەوە كرا كە هێزە كوردییەكان لە لایەن داعشەوە هێرشیان كراوەتە سەر و داعش توانیویەتی پێشرشەوی بكات، بەڵام ئەوە لە كاتێكدا ڕووی دا كە هێزی پێشمەرگە چەكی باشیان لەبەر دەست نەبووە، هەروەها كەل و پەلی خراپیان پێ بوو، هێزی چەكەكانی داعش لە هی ئەوان زیاتر بوو، بەڵام لەگەڵ دەست پێ كردنی هێرشی ئاسمانیی ئەمریكا بۆ پشتیوانی كردنی پێشمەرگە، پێشمەرگە توانیی هێرش دەست پێ بكاتەوە و توانییان بگەڕێنەوە پێگەی خۆیان. پێم وایە گرنگە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەوە تێبگات، بۆ ئەوەی بتوانێت لەو شەڕەدا سەركەوتوو بێت لەو ناوچەیەی جیهاندا، كە لە هەرێمی كوردستان و مووسڵ و شنگال ڕوو دەدات، ئەوا پێویستە پشتیوانیی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان بكەن، بە پێدانی تەقەمەنی و چەك و ئەو پشتیوانییەی پێویستیانە بۆ بردنەوەی ئەم شەڕە. پاڵپشتی كردنی ئاسمانی گرنگ بوو، بەڵام ئێستا هەرێمی كوردستان پێویستی بە تەقەمەنی و گوللە و فیشەك و سیستەمی چەك هەیە، ئەوە باشە لەم كاتەدا سەنتەرێكی هاوبەش هەیە، ئەوەندەی من بزانم جەنەراڵ بابەكر زێباری گەڕاوەتەوە هەولێر، هێزی كورد (پێشمەرگە) لەگەڵ سوپاسالارەكەیاندا كار دەكەن، مەبەستی من ئەوەیە بەڵێ، بە دڵنیاییەوە هاوڕام لە سەر ئەوەی پێویستیان بە پشتیوانیی زیاتر هەیە لە لایەن ئەمریكا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بۆ ئەوەی درێژە بەو گووڕ و تینە بدەن كە ئێستا هەیانە.
*ئەمە پێویستی بە هاوسەنگیی هێز هەیە لە سەر ئەرزی واقیع، ئێمە دەبینین كە داعش چەكی پێشكەوتووی ئەمریكیی دەست كەوتووە كە لە سوپای عێراق جێما بوون، ئایا ئێستا پێویستە ئەمریكا و هاوپەیمانانی دژ بە تیرۆر چ جۆرە چەكێك بدەنە دەست پێشمەرگە بۆ ئەوەی شەڕی داعش بكات و هاوسەنگیی هێز بگۆڕێت؟
- زەحمەتە بۆ من هەڵسەنگاندن بۆ ئەمە بكەم، لەبەر ئەوەی من لە واقیعەكەدا نیم، لەگەڵ ئەوەشدا من مەزەندەی ئەوە دەكەم هێزی پێشمەرگە چەكی دژ بە زرێپۆشیان پێویست بێت و پێویستیان بە ڕەشاشی مامناوەند و فیشەك و تەقەمەنی هەیە، هەروەها ئێستا كاتی ئەوە هاتووە بیر لەوە بكرێتەوە پێشمەرگە هێزی ئاسمانیشی هەبێت.
*تا ئێستا ئەمریكا و ئەندامانی ناتۆ نەیانتوانیوە دەست تێوەردانی سەربازی بكەن لە رێی زەمینییەوە، ئەمەش لە ترسی ئەوەی بەشێك لە سەربازانیان لەو شەڕەدا بكوژرێن و كاردانەوەی رای گشتیی وڵاتەكانیانی لێ بكەوێتەوە، ئایا تا چەند گرنگە ئەمریكا و ئەوروپا بە چەك پشتیوانیی پێشمەرگە بكەن بۆ ئەوەی لەم شەڕە سەركەوتن بە سەر تیرۆریستاندا بەدەست بهێنن؟
- پێم وایە باشترین چارەسەر بۆ ئەمریكا ئەوەیە پشتیوانی لە پێشمەرگە بكات بۆ سەركەوتن لەم شەڕەدا، لەسەر ئەرزی واقیع بە پێدانی چەك و پشتیوانیی لۆژیستی و كەل و پەل پشتیوانییان بكات، هەروەها لە نزیكەوە پشتیوانیی ئاسمانیشیان لێ بكات، ئیتر ئێف 18 بێت یان ئێف 16 یان ئەپاتچی، كە دەكرێت ئەمانە بجووڵێندرێن بۆ هەرێمی كوردستان و لە شەڕەكەدا بەكار بهێندرێن. تا ئێستا هێرشی ئاسمانی لە كەنداو و كەشتیی فڕۆكەهەڵگرەوە كراوە، پێم وایە پێویستە بنكەیەكی سەربازی لە هەولێردا بكەنەوە و فڕۆكەخانەیەك لەوێ دروست بكەن، لە هەولێرەوە هێرشیان بكەنە سەر. هەر چۆنێك بێت ئەمە بڕیارێكی سیاسیی دەوێت كە هێز ڕەوانە بكەن. ئیدارەی ئێستای ئەمریكا دوودڵە لە بەجێ گەیاندنی ئەم هەنگاوە.
*ئێوە دەزانن ئەم شەڕە پێویستی بە پشتیوانیی ئابووری هەیە، هەتا ئێستاش بەغدا مووچەی خەڵكی كوردستانی بڕیوە و پێشمەرگەش بە بێ مووچە شەڕ دەكات، ئایا ئەم بارودۆخە تاكەی بەردەوام دەبێت؟
- من دەزانم هەرێمی كوردستان بە لای كەمەوە بۆ مانگێكی دیكەش ئیدارەی خۆی دەكات، كە ئێستا سەرۆك كۆمار داوای لە حەیدەر عبادی كردووە بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆك وەزیران و ئومێدەكە ئەوەیە، كە ئێمە لە سی ڕۆژدا كە هەمانە بتوانین حكوومەتێكی نوێمان هەبێت. پێم وایە كێشەكان چارەسەر دەبن، چونكە حەیدەر عبادی كەسێكی زۆر تێگەیشتووە، ئەوەی من تێگەیشتبم دۆستی هەرێمی كوردستانە.
*ئایا تا چەند نووری مالیكی لە پەیامی راسپاردنی عبادی تێگەیشتووە؟
- من هیوادارم عاقڵانە بیر بكاتەوە و پێ دەچێت دوای ئەو هەموو لایەنانی سیاسیی عێراق هاوڕا بوون لە سەر ئەوەی پێویستە ئەو بڕوات، ئەگەرچی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پیرۆزباییان لە سەرۆك و سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو كردووە، خۆ لە بنەڕەتدا ئەمە بە مانای ئەوە دێت كاتی ئەو كۆتایی هاتووە. هیوادارم لە پەیامەكە تێگەیشت بێت و بە ڕێزەوە دەسەڵات جێ بیەڵێت.