دیڤید ئیگناشیۆس ستووننووسی بەناوبانگی واشنتۆن پۆست بۆ گوڵان:هەڵوێستی بارزانی سەبارەت بە مالیكی ئاماژەیەكە بۆ ئەمریكا و جیهان بەوەی كاتی گۆڕینی هاتووە

دیڤید ئیگناشیۆس ستووننووسی بەناوبانگی واشنتۆن پۆست بۆ گوڵان:هەڵوێستی بارزانی سەبارەت بە مالیكی ئاماژەیەكە بۆ ئەمریكا و جیهان بەوەی كاتی گۆڕینی هاتووە
دیڤید ئیگناشیۆس یەكێكە لەستووننووسە بەناوبانگەكانی واشنتۆن پۆست لەسەر ئاستی جیهان و ماوەی 25 ساڵە لەو ڕۆژنامەیە كاردەكات و ڕووماڵی پرسەكانی تایبەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمریكا دەكات، هەروەها ئیگناشیۆس تایبەتمەندە لەسەر پرسی عێراق و دوایین ستوونی لە واشنتۆن پۆست ڕۆژی 31ی تەمموز لە واشنتۆن پۆست بە ناونیشانی(دەوڵەتی ئیسلامی تەحدییە بۆ ئەمریكا) بڵاوكردۆتەوە، بۆ قسەكردن لەسە ڕەوشی ئێستای عێراق و كوردستان، ئەم وتووێژەمان لەگەڵ بەڕێز ئیگناشیۆس ئەنجامداو بەمجۆرە ڕای خۆی بۆ گوڵان دەربڕی.
* چۆن لە بارودۆخی ئێستای عێراق دەڕوانیت و ئایا چ لێكدانەوەیەكت هەیە بۆی؟
- لە ئێستادا بارودۆخی عێراق خراپ و ئاڵۆزە و تاڕادەیەكی زۆر لە مەترسیدایە، بۆیە من هیوادارم عێراق وەك یەك وڵات بمێنێتەوە، ئەم مانەوەیەش بەوە دەبێت حكومەتێكی تازە لە بەغدا پێكبهێنرێت كە سەرۆك وەزیرانێكی تازەی هەبێت و لەلایەن هەموو پێكهاتەكانی عێراقەوە جێگەی ڕەزامەندی و پەسەندكردن بێت، بۆ ئەوەی لە سایەی ئەو حكومەتە نوێیەدا، بتوانرێت باشتر وڵاتەكە بەڕێوەببرێت و سەرجەم بەشە جیاوازەكانی عێراق لە خۆبگرێت، وەك سوننە و كورد و شیعە. ئومێدەوارم بەم زووانە ئەوە ڕووبدات.
* بەڵام لە ئێستا سێ دەوڵەتی ئەمری واقیع لە عێراقدا دروست بووە، ئەویش دوای تێپەڕبوونی دوو مانگ بەسەر دەست بەسەرداگرتنی دووەم گەورەترین شاری عێراق، موسڵ، لەلایەن داعشەوە، هەروەها تكریت و پێشتریش بەشێكی گەورەی ئەنبار، كە هەموو ئەمانەش ئەنجامی شكستی سیاسەتەكانی مالیكی بوون، بەڵام سەیر ئەوەیە هێشتا ئەمریكا پشتیوانی مالیكی دەكات، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا پێشبینی دەكەن ئەمریكا سیاسەتێكی نوێ لە ئاست عێراقدا بگرێتەبەر؟
- وەڵامی من ئەوەیە هەڵەیە بڵێین سەرۆك ئۆباما هەوڵی هێشتنەوەی مالیكی دەدات. لە ڕاستیدا ئەمریكا دەیەوێت مسعود بارزانی لەگەڵ سەركردەكانی دیكەی عێراقدا هەوڵ بدەن تیمێك دروست بكەن كە بتوانێت حكومەتێك پێكبهێنێت لە دوای مالیكییەوە، ئەم هەوڵەش ئێستا بەردەوامە و نزیكە سەركەتوو بێت، ئامانج لە دروستكردنی ئەم حكومەتەش كە پێویستە كۆدەنگی عێراقیەكانی لەسەر بێت بۆ ئەوەیە ئەو حكومەتە كار لەگەڵ هەموو ئەو عێراقیانەدا بكات كە دەیانەوێت شەڕ لە دژی چەكدارانی داعش بكەن كە دەستیان بەسەر بەشێكی عێراقدا گرتووە و خەلافەتی خۆیان تێیدا ڕاگەیاندووە. پێموایە ئەمە زۆر گرنگە. لەبەر ئەوە من پێموایە هەڵەیە بڵێین سەرۆك ئۆباما پشتیوانی مالیكی دەكات و دەیەوێت لەپۆستەكەی بمێنێتەوە، من وای دەبینم دەبێت عێراقی نوێ پتر بەلای كۆنفیدراڵیەتدا بێت و ڕێز لە مافە ئابووریەكانی كورد و مافەكانی دیكەی كورد بگرێت.
* سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی كۆمار هەڵبژێردران و تەنها پۆستی سەرۆك وەزیران ماوە، پرسیارەكە ئەوەیە ئەگەر شیعەكان نەتوانن مالیكی بگۆڕن، ئایا چ ئاییندەیەك چاوەڕوانی كورد دەكات؟
- من پێموانییە بواری ئەوە مابێت مالیكی ببێتەوە بە سەرۆك وەزیران، بەڵام ئەگەر شیعەكان نەیانتوانی مالیكی بگۆڕن، ئەوا ئەگەری ئەوە هەیە ئەمریكا ڕووبكاتە دۆستەكانی دیكەی لە عێراقدا، بە تایبەتی هەرێمی كوردستان، لەبەر ئەوەی كورد لە عێراقدا گرنگترین هاوپەیمانی ئەمریكان، هەربۆیە پێشبینی ئەوە دەكەم لە ئاییندەدا كوردستان گرنگی زیاتری دەبێت بۆ ئەمریكا بە بەراورد بە ئێستا.
* چۆن لە هەنگاوەكانی ئێستای سەرۆك مسعود بارزانی دەڕوانیت كە لەم ساتەوەختە دژوارەدا دەیگرێتەبەر؟
- سەرۆك بارزانی نەك هەر لەكاتی ئەم ڕووداوانەی دوایی، بەڵكو ئەوە چەندین ساڵە وەك سەركردەیەكی لێهاتوو و ژیرانە ڕەفتاری كردووە، سەرۆك بارزانی توانیوویەتی یەكڕیزی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بپارێزێت و هێزی پێشمەرگە بۆ بەرژەوەندییە باڵاكانی كوردستانی عێراق بەكاربهێنێت، هەروەها بڕیارەكەی بارزانیش سەبارەت بە مالیكی بەوەی بواری ئەوە نەماوە چیتر سەرۆك وەزیران بێت ئاماژەیەكی یەكلاكەرەوەیە بۆ ئەمریكا و جیهان بەوەی كە كاتی گۆڕانكارییە. لە ئێستادا سەرۆك مسعود بارزانی دەبێت ڕێگایەكی زۆر هەستیار بگرێتەبەر، دەبێت هەوڵبدا هاوسەنگی لەنێوان بەرژەوەندییەكانی گەلی كورد و عێراقدا ڕابگرێت، من ئومێد دەخوازم بارزانی لەم ئەركە سەختە سەركەتوو بێت، هەست دەكەم بارزانی لەم كارەی سەركەتوو دەبێت، چونكە خاوەنی ئەزموونە و پێشتریش لە ئەركە سەختەكاندا سەركەتوو بووە.
* ئێوەش ئاگادارن هەشت مانگە مالیكی بودجەی كوردستانی بڕیوە و هەرێمی كوردستانیش هەوڵ دەدات بە ڕێگەیەكی یاسایی نەوتی خۆی بفرۆشێت، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا هیچ گۆڕانكاریەك بەسەر هەڵوێستی ئەمریكادا هاتووە لەم بارەیەوە، چونكە پێشتر ئەمریكا هەڵوێستی باش نەبوو؟
- من پێم وایە هەڵوێستی ئەمریكا بەرامبەر هەموو لایەنەكانی هەرێمی كوردستان گۆڕانكاری بەسەردا دێت، لە ئێستادا كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبێل كە یەكێكە لە گەورەترین كۆمپانیا نەوتیەكان لە كوردستاندا كار دەكات ئەمەش كاریگەری گەورەی دەبێت، بەڵام لەبەر ئەوەی هەتا ئێستا سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر بە عێراق بەو جۆرەیە پارێزگاری لەیەكپارچەیی عێراق بكات، ئەوا لەم ڕوانگەیەوە ئەمریكا نایەوێت لە ئێستادا كوردستان لەرووی ئابوورییەوە لە عێراق سەربەخۆبێت و جیابێتەوە، بەڵام ئەمەش پەیوەستە بەو بارودۆخەی ئێستا عێراق پێیدا تێدەپەڕێت، سەبارەت بە پرسی كەشتیە نەوتیەكەی كوردستانیش، ئەوا پرسێكی یاساییە و دادگاكانی ئێمە لەروانگەی یاساییەوە بڕیاری لێدەدەن و یەكلایی دەكەنەوە، بەڵام دووبارەی دەكەمەوە ئەم مەسەلەیە دیوێكی سیاسیشی هەیە، پرسەكە پەیوەستە بەمانەوە و ڕۆشتنی مالیكی لە پۆستی سەرۆك وەزیراندا، ئەگەر مالیكی مایەوە پێوەندی نێوان هەولێر و واشنتۆن تا دوا ڕادە بەهێز دەبێت، ئەگەر مالیكیش نەما، ئەوا سەركردایەتی بارزانی ئاییندەیەكی باش بۆ عێراق دیاری دەكات.
* كوردستان بەشە ئارام و سەقامگیرەكەی عێراقە، ئێستاش بۆتە پەناگەی ئاوارە و پەنابەران، ئێستاش سنورێكی دوورودرێژی لەگەڵ دەوڵەتی ئیسلامیدا هەیە، بەڵام سەرەڕای ئەوەی مالیكی سزای ئەم هەرێمە دەدات و بودجەكەی دەبڕێت، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا تا چ ڕاددەیەك بوونی دەوڵەتی ئەمری واقیع لە كوردستاندا جێی پێشوازی لێكردنە لەلایەن جیهانەوە لەم ساتەوەختەدا؟
- ئەوە ڕاستە كە ئەگەر پانتاییەكی پرشنگدار هەبێت لە عێراقدا ئەوا كوردستانە، تاقە شوێنێكە ئارامە و بەرەوپێش دەچێت. لەبەر ئەوەی كوردستان خاوەنی پێشمەرگەیەكی بەهێزە كە توانای ئەوەی هەیە ڕووبەڕووی هەڕەشەی دەوڵەتی ئیسلامی تیرۆریستانی داعش ببێتەوە، لە ئێستادا سەركردە كوردەكان و سەركردە عێراقیەكانی دیكە هاوكارن لەگەڵ ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكە بۆ ئەوەی ستراتیژیەتێكی درێژخایەن دابڕێژن و هەوڵبدەن دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی داعش كۆتایی پێبهێنن، ئەمەش كارێكی ئاسان نییە و پێدەچێت لەچەند مانگێكەوە تاچەند ساڵێك بخایەنێت، بۆیە ئەو ئەمری واقیعەی ئێستا هەیە دەبێت مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت و قبوڵبكرێت.
* ئایا تا چ ڕاددەیەك پێویستە ئەمریكا و جیهان چەكی قورس بدەنە پێشمەرگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان؟
- من شەخسی خۆم پێموایە پێویستە پێشمەرگە ئەوەندە بەهێز بێت كە بتوانێت بەرگری لە گەلی كورد بكات لە دژی دەوڵەتی ئیسلامی و هەروەها بتوانێت هەڕەشەی تیرۆریستان دووربخاتەوە، بۆیە لەم چوارچێوەیەدا هێزی پێشمەرگە پێویستی بەچەكی سەردەم دەبێت و دەبێت ئەمەش لەبەر چاوبگیرێت لەلایەن هەموو لایەكەوە، بەلای منەوە پرسی سەرەكی ئەوەیە كوردستان بەهێز و سەربەخۆ بێت، بەڵام بێ ئەوەی بە یەكجاری لە عێراق جیا ببێتەوە.
* كەواتە تا چ ڕاددەیەك پێویستە ئەمریكا و ئەوروپا هاوكاری پێشمەرگە بكەن لە ڕووی پێدانی چەكەوە، چونكە بە سەدان ئەوروپی و نزیكەی پەنجا ئەمریكی لە نێو داعشدا شەڕ دەكەن، كە بۆی هەیە ئەوانە بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەكانیان و كاری تیرۆریستی ئەنجام بدەن؟
- پێموایە پێویستە ئەمریكا كار لەگەڵ پێشمەرگە و هەروەها پێویستە ئەمریكا كار لەگەڵ سەركردەی خێڵە سوننیەكان و ئەوانی دیكەدا بكات بۆ شەڕكردن لە دژی دەوڵەتی ئیسلامی، پێموایە هەر كەسێك بیەوێت شەڕ لە دژی ئەم مەترسیە بكات، ئەوا پێویستە وەك هاوپەیمانی ئەمریكا سەیر بكرێت، من لە ستوونەكەی خۆم لە واشنتۆن پۆست لەمڕۆدا، كوردستانم بە یەكێك لەو شوێنانە داناوە كە پێویستە ئەمریكا پشتیوانی لێ بكات.
* ئایا پێویستە نەخشە ڕێگای كوردستان چی بێت و ئایا پەیامی ئێوە بۆ خەڵكی كوردستان چییە؟
- من هیوادارم دۆستەكانمان لە كوردستان سوپایەكی بەهێز و حكومەتێكی باش و ئابووریەكی سەركەوتوویان هەبێت، ئێستا لە عێراقدا دۆخێكی سەخت و دژوار هەیە، ئومێدی من ئەوەیە پێشمەرگە بتوانێت كوردستان بپارێزێت، هەروەها دیسان ئومێدم ئەوەیە سەربەخۆ و بەهێز بن، بەڵام لە عێراقیش جیامەبنەوە، ئەمەش دەكرێت، بۆیە دەڵێم بەهێز بن، بەڵام وڵاتەكەتان دابەش مەكەن.


دیڤید ئیگناشیۆس لە دایكبووی ساڵی 1950یە.
ڕۆژنامەنووس و ڕۆماننووسێكی ئەمریكییە.
ستوونووسی واشنتۆن پۆستە.
لەگەڵ فەرید زەكەریا پۆست گلۆباڵ لە واشنتۆن پۆست بەڕێوەدەبەن لەسەر پرسە نێودەوڵەتیەكان بە رێگەی هێڵی ئینتەرنێت.
هەتا ئێستا 9 ڕۆمانی نووسیووە.
ماوەی 25 ساڵە لە واشنتۆن پۆست كاردەكات و ڕووماڵی سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەزگای هەواڵگری ناوەندی دەكات.
پێشتر یاریدەدەری پرۆفیسۆر بووە لە زانكۆی هارڤارد.
مەدالیای شەرەفی لە كۆماری فەرەنسا پێبەخشراوە.
مەدالیای ڕۆژنامەگەری جیهانی لە ئیتاڵیا پێبەخشراوە.
مەدالیای دەسكەوت بە درێژایی تەمەنی لەلایەن لیژنەی ڕۆژنامەگەری ڕووماڵی سیاسەتی دەرەوەی پێبەخشراوە.
Top