پرۆفیسۆر مایكل درێسین لە زانكۆی جۆن كابۆتی ئیتالیا بۆ گوڵان: لەسەر ئاستی جیهان هەست بە هاوسۆزییەكی گەورە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان دەكرێت

پرۆفیسۆر مایكل درێسین لە زانكۆی جۆن كابۆتی ئیتالیا بۆ گوڵان: لەسەر ئاستی جیهان هەست بە هاوسۆزییەكی گەورە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان دەكرێت
پرۆفیسۆر مایكل درێسین ئوستادی زانستی سیاسەت و پێوەندییە نێودەوڵەتییەكانە لەزانكۆی جۆن كابۆت لە رۆمای پایتەختی ئیتالیا و پسپۆر و تایبەتمەندە لەسەر ئایین و دیموكراتیزەكردن، كۆمەڵگەی موسڵمان و كریستانی كاسۆلیكی، بۆ قسەكردن لەسەر ئەو تەوژمەی بەناوی تیرۆریستانی داعش لەناوچەكە دەستی پێكردووە و ئێستا لە گرووپی تیرۆریستی گەڕۆكەوە وەرچەرخاون بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی، ئەم وتووێژەمان لەگەڵ پرۆفیسۆر مایكل درێسین ئەنجامداو بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
* تا چ ڕاددەیەك گواستنەوە لە ئەنجامدانی توندوتیژی و خۆتەقاندنەوە لەلایەن ئەل قاعیدەوە بەرەو دامەزراندنی وڵاتێكی تیرۆریستی ڕووداوێكی مەترسیدارە؟ ئایا ئەمە شكستی حكومەتەكە نییە كە خاوەنی بودجەیەكی زەبەلاح و خاوەن سوپایەكی گەورە و چەكی پێشكەوتووە؟
- ئەمە ئیختراقێكی گەورەیە كە گرووپە ئیسلامیە ڕادیكاڵە توندوتیژەكان كار لەسەر ئەرزی واقیع دەكەن و خاك داگیر دەكەن و ئێستا دەیانەوێت ڕژێمەكان بڕووخێنن، ئەمە گۆڕانێكی ڕاستەقینەیە لە كاری ئەو ڕێكخراوانەی سەر بە ئەل قاعیدەن، كەواتە بەڵێ ئەمە شتێكی مێژووییە لە بازنەی ژیانی بیست ساڵی توندوتیژی ئیسلامیدا لەبەر ئەوەی ئەوانە هەمیشە خواستی خۆیان بۆ دووبارە دامەزراندنەوەی خەلیفەت ڕاگەیاندنەوە و هەرگیز نكۆڵیان لەمە نەكردووە، بەڵام بە شێوەیەكی ڕێكوپێك كاریان لەسەر داگیركردنی خاك نەكردووە، بەڵام ئەو ڕاستیەی كە داعش بە خێرایی توانیان خاك داگیر بكەن و ئیمبراتۆریەتێكی ئایینیان دروست كرد، ئەمە شتێكی نوێ بوو.
* دوای ڕاپەڕینەكانی وڵاتانی عەرەبی و ڕووخانی ڕژێمە دیكتاتۆریەكان چاوەڕوان دەكرا هەنگاو بەرەو دیموكراسی و حكومڕانی گەل هەڵبگیرێت، بەڵام لەبری ئەوە شەڕ و تیرۆر و توندوتیژی و ئیسلامی سیاسیمان بینی و ئێستاش دەوڵەتی ئیسلامی دەبینین، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئەم دۆخە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو كوێ دەبات؟
- ئەمە پرسیارێكی باشە، من لەماوەی ڕابردوو لە عەممان بووم و ئەو هەستەم هەبوو- دڵنیام ئەم هەستە لای ئێوە بەهێزتریشە- كە ئەم دۆخە چەند خراپە بۆ ناوچەكە، واتە دەست بەسەرداگرتنی موسڵ و باكووری عێراق و گرێدانەوەی لەگەڵ سوریادا. ئەمە مایەی تراژیدیا بوو و –پەرەسەندنێكی- دراماتیكی بوو و زۆر خراپە بۆ ناوچەكە. ئایا ئەمە چی دەگەیەنێت بۆ ئاییندە؟ و چی دەگەیەنێت بۆ بەهاری عەرەبی؟ پێموایە ئەمانە دوو پرسیاری جیاوازن. با لە بەهاری عەرەبیەوە دەست پێبكەین، زۆر كەس خێرا بوون لەوەی بڵێن ئەمە ئەوەی پیشان دا و ئەوەی سەلماند كە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئامادە نییە بۆ دیموكراسی و بەهاری عەرەبی دەرفەتێكی ڕاستەقینە بوو بۆ گرووپە ئیسلامیەكان بۆ پیشاندانی ڕووی ڕاستەقینەی خۆیان، پێموایە ئێستا خراپترین توندوتیژی لە سوریا و عێراقدا هەیە و تا ڕاددەیەك لە میسر، بەڵام زۆربەی توندوتیژیەكەی سوریا و زۆربەی توندوتیژیەكەی عێراق لە شەڕەوە سەرچاوە دەگرن، لەو شەڕە ناوخۆییەوە كە لەگەڵ ڕژێمەكەی ئەسەد لە سوریا هەیە و شەڕی ئەمریكا لە عێراق، پێموایە ئەم توندوتیژیە زیاتر گرێدراوی ئەوەیە.
لە ڕاستیدا قۆناغێكی ئینتیقالی نەبوو بەرەو دیموكراتی لەو وڵاتانەدا، ئەوە دەربارەی بەهاری عەرەبی. لەبارەی ئاییندەوە، ئەوا بە داخەوە ئاییندە باش دەرناكەوێت، بەڵام كێشەی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) هەر ئەوە نییە كە دەیانەوێت توندوتیژی ئەنجام بدەن، بەڵكو دەیانەوێت خاكی ژێر دەستی خۆیان فراوانتر بكەن و بیرۆكەی خەلافەت و ئیمبراتۆریەتی ئیسلامیان هەیە، زیاتر لەوەی ئێستا هەیە، لەبەر ئەوە ترسی من ئەوەیە ئەوەی لەڕێیە خراپترە، نەك باشتر.
* ئەو پشێویەی لە ناوچەكە هەیە تەنها بۆ ناكۆكی نێوان ڕژێمی دیكتاتۆری و و لایەنە دیموكراتیەكان ناگەڕێتەوە، بەڵكو بۆ ناكۆكی نێوان دو مەزهەبەكە دەگەڕێتەوە، شیعە و سوننە، لە ئێستادا دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام(داعش) لەلایەن سوننەكانەوە پشتیوانی دەكرێت و حزبوڵڵا لەلایەن شیعەكانەوە پاڵپشتی دەكرێت، شارەزایان ڕێگاچارەیەك بۆ ئەمە شك نابەن، پرسیارەكە ئەوەیە چۆن دەكرێت چارەسەری شەڕی تایەفەگەری و تیرۆر و توندوتیژی بكرێت؟
- كێشەی تایەفەگەری ئەوەیە تاوەكو توندوتیژی زیاتر بێت، ئەوا تایەفەگەری خراپتر دەبێت، كەواتە تاوەكو ئەم توندوتیژیە درێژە بكێشێت، ئەوا زیاتر زەحمەت دەبێت كە كۆمەڵگەیەكی تەبا لە عێراقدا دروست بكرێت، و زیاتر زەحمەت دەبێت بۆ ئەوانەی پشتیوانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام(داعش) و ئەوانەی پاڵپشتی حكومەتی شیعە دەكەن لە بەغدا، زەحمەت دەبێت بۆیان كە جیاوازیەكانیان بخەنەلاوە بۆ خاتری ئاییندە... لە ئێستادا دەنگێكی سوننەی گەورە لە ئارادا نییە كە پشتیوانی حكومەتێكی فرەمەزهەبی بكات.... كەواتە دەبێت چی بكرێت، بە داخەوە وەڵامەكە زۆر جێی سەرنج نییە، و وەڵامەكە ئەوەیە باشترین كارێك لەدەستمان بێت بریتییە لەوەی هانی ڕێگاچارەیەك بدەین كە فرەمەزهەبی لە خۆبگرێت.... و كارێك بكەین كە سەركردە سوننەكان بە تایبەتی خۆیان بە دوور بگرن لە دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش). بەڵام ئێستا دۆخەكە باش دیار نییە.
* دەوڵەتانی ناوچەكە تەنها دەوڵەتی شكستخواردوو نین، بەڵكو بریتین لە دەوڵەتی هەرەسهاتوو و لێكترازاو، ئەمەش بە مانای نەبوونی دەوڵەت و حكومەت دێت، هەروەها بە مانای بوونی میلیشای چەكداری دێت كە لە ڕێی توندوتیژییەوە حكومڕانی دەكەن و شەڕی ناوخۆ و پشێوی دروست دەكەن، ئەگەر دەوڵەتی شكستخواردوو مەترسی بێت بۆ سەر ئاسایش و ئاشتی جیهان، ئەوا ئایا دەوڵەتی لەبەریەكهەڵوەشاو چ كاریگەریەكی دەبێت و چ ئاكامێكی لێدەكەوێتەوە؟
- ئەوەی ئێمە لە شەڕ و ناكۆكیەوە فێری بووین ئەوەیە دەوڵەتی شكستخواردو لەو وڵاتانەدا كە خودان سەرچاوەی سروشتین وەك پەترۆڵ، ئەوەش دەبێتە مایەی شەڕ و توندوتیژی، ئەمەش دەقا و دەق لە عێراقدا ڕوودەدات، دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) سوودیان لە بوونی دەوڵەتی شكستخواردو و لە سوودی سەرچاوە زۆرەكان وەرگرت، وەك داهاتی نەوت، و ئەمەش مایەی ناسەقامگیریە، دەربارەی كاریگەریان لەسەر ئاستی جیهانی، ئەوا دەبێت چاوەڕێ بكەین و ببینین، بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە كاریگەریەكی گەورەی لەسەر سیستمی جیهانی هەبێت.
* ئایا ڕووخانی سوریا و عێراق تا چ ڕاددەیەك نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت؟ ئەمە لە ساڵی ڕابردودا پێشینی نەدەكرا، بەڵام دوای ئەوەی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام( داعش) سەركەوتوو بوون لە داگیركردنی بەشێكی عێراق و سوریا، ئەوا دەوڵەتی ئیسلامی دادەمەزرێنن و ئەوكاتە سوریا و عێراق وەك دوو وڵات نامێنن، ئایا چیتر گۆڕانی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مایەی سەرسوڕمان نابێت؟
- هەروەك ئێوە لە من باشتر دەزانن بۆی هەیە كوردستانێكی سەربەخۆی لێبكەوێتەوە، ئەمەش دەبێتە گۆڕانێكی گەورە، ئەگەری ئەوە هەیە بەشە شیعەكەی عێراق جیا ببنەوە، بەڵام ئەوەی لە ناوچەی سوننەدا ڕوودەدات ڕوون نابێت، هەم لە عێراق و هەم لە سوریا. دەكرێت بەخێرایی لەوە تێبگەیت كە سوننەكان لە دژی مالیكی چاوپۆشیان لە دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام(داعش) كرد، هەرچۆنێك بێت زۆر زەحمەتە وێنای ئەوە بكەین كە سوننەكانی عێراق ڕازی بن لە خەلافەتێكی ئیسلامیدابن، ئەوە واقیعی بارودۆخەكە نییە. ئەمە بە مانای ئەوە دێت ئەگەر دووبارە سنورەكان بكێشرێنەوە بە جۆرێك لە ناوەندا پەناگەیەك بۆ دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) دروست ببێت، ئەوا ئەمە بە مانای ناسەقامگیریەكی دووردرێژ دێت و بە مانای ئەوە نییە دووبارە داڕشتنەوەیەك بێت كە سەقامگیری لێبكەوێتەوە. لەبەر ئەوەی لە ناوەندا ئێمە دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش)مان هەیە. ئەمەش سەرچاوەی ناسەقامگیری دەبێت، مەرج نییە زۆرینەی سوننەكان پشتیوانی خەلافەتی ئیسلامی بكەن، بەڵام لە هەمان كاتدا نایانەوێت شیعەكان باڵادەست بن بەسەریاندا.
* لە بارودۆخی خوێناوی و ئاڵۆزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەرێمی كوردستان كە هێشتا بەشێكە لە عێراق هەرێمێكی دیموكراتی و ئارامە و لە سەروبەندی جاڕدانی سەربەخۆییدایە، پرسیارەكە ئەوەیە تا چ ڕاددەیەك جیهان ڕێز لەم بڕیارەی كوردستان دەگرێت كە ناچار كراوە جاڕی سەربەخۆیی بدات؟
- ئەمە پرسیارێكی گەورە و پرسیارێكی نادیارە، بەڵام من دەمەوێت حوكمێكی دادپەروەرانەی لەسەر بدەم، پێدەچێت لە ئێستادا بۆچوونەكان لە بەرژەوەندی ئەوە بن كوردستانی عێراق سەربەخۆیی ڕابگەیەنێت و هاوسۆزیەكی زۆر هەیە بۆ ئەمە بە رەچاوكردنی ئەو بارودۆخەی لە ئێستادا هەیە. ئەگەر لەو تەغتیە ڕۆژنامەوانیە بڕوانیت كە لە ماوەی مانگی ڕابردودا لە ڕۆژئاوادا كراوە، ئەوا زۆر هاوسۆزبوونە لە ئاست كێشەی كوردا، پێموایە ئەوە باشترین كارتی كوردە كە بەكاری بهێنێت ئەوەیە هەر جۆرێك لە سەربەخۆیی یان ئۆتۆنۆمیان هەبێت، ئەوا ڕێزێكی زۆر لە مافەكانی مرۆڤ بگرن و پەنابەران لە خۆبگرن، ئەمە دەبێتەهۆی ئەوەی میسداقیەتیان زیاتر بێت و هاوسۆزی زیاتریان هەبێت بۆ سەربەخۆیی. بە ڕەوچاكردنی ئەوەی وترا ئەوا واشنتۆن و ئەمریكا دەزانن ....ئەگەر بیانەوێت یەكێتی دەوڵەتی عێراق بپارێزن، ئەوا پێویستیان بە كوردە و پێویستیان بەوەیە كورد شەڕی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) بكات، كەواتە لە ناوەندە سیاسییەكانی ڕۆژئاوادا بەرهەڵستی بۆ سەربەخۆیی كوردستان لە ئارادا دەبێت....چونكە پاراستنی یەكێتی عێراق بەوە دەبێت كورد بمێنێتەوە و شەڕی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) بكات. ئەمە جۆرێكە لە تەنگژە بۆ كورد لە عێراقدا، چونكە ئەگەر سەربەخۆییان دەوێت، ئەوا مەرج نییە شەڕی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) بكەن، بەڵكو سنوری خۆیان دەپارێزن، بەڵام ئەگەر بیانەوێت پشتیوانی ئەمریكا بەدەست بهێنن، ئەوا دەبێت پیشانی بدەن كە جددین لە شەڕی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش)دا.
Top