عەلی سام ئاغا سیاسەتمەدار بۆ گوڵان:كورد كاتێك خاوەنی دەوڵەت بووە گەلانی دیكە لە جنۆكەی دەریا دەترسان

عەلی سام ئاغا سیاسەتمەدار بۆ گوڵان:كورد كاتێك خاوەنی دەوڵەت بووە گەلانی دیكە لە جنۆكەی دەریا دەترسان
پرسی دەوڵەتی كوردستان ئامانجی هەموو تاكێكی ئەم وڵاتەیە و هەموویان بە هیواوە لەو هەوڵانە دەڕوانن كە بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەم قۆناخە هەستیار و مێژووییەدا خەباتی بۆ دەكات، هاوبیرانی نەتەوەیی بەوجۆرە لەسەر ئەم پرسە هەڵوەستە دەكەن كە نابێت بە هیچ جۆرێك و لەژێر هەر بارودۆخێكدا ئەم پرسە پاشكەشەی لێبكرێت و دەبێت دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان دابمەزرێت، بەتایبەتی لە ئێستادا كە هەلومەرجێكی مێژوویی هاتۆتە پێشەوە، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە گرنگە و زەڕورەتی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان، سەردانی بەڕێز عەلی سام ئاغامان لە شاری سلێمانی كرد. بەڕێز سام ئاغا وەك لەم دیمانەیە بۆی باسكردین، ئەو پێش حەوت ساڵ لە دامەزراندنی كاژیك هەڵگری بیری نەتەوەیی بووە و ئامانجی دامەزراندنی سەربەخۆیی كوردستان بووە. بۆ قسەكردن لەسەر دەوڵەتی كوردستان و ڕەهەندەكانی بیری نەتەوەیی، عەلی سام ئاغا بەمجۆرە بۆچوونەكانی بۆ گوڵان خستەڕوو.
* لە ئێستادا بارودۆخی كوردستان بۆ زەمینەسازی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان چۆن دەبینن؟
- ئێستا دەرفەتێكی گەورەی مێژوویی بۆ گەلی كوردستان هاتۆتە ئاراوە و پێویستمان بەوەیە هەموو یەك دەنگ و یەكڕیز بین، هەروەها هەموومان یەك ئایدیۆلۆژیەت و یەك بیروبۆچوونمان هەبێت، دەبێت ئەم ئایدیۆلۆژیەت و بیروبۆچوونەش بۆ ئەوە بێت ئێمەش وەك هەموو گەلانی سەر ئەم زەمینە كە زیاترلە 40-45 ملیۆن كەسین مافی خۆمانە دەوڵەتی سەربەخۆی خۆمان هەبێت، یەكێكین لە نەتەوە هەرە دێرینەكانی ئەم جیهانە كە لە ساڵی 700ی پێش زاین وەك میدیاكان خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆمان بووین و توانیوومانە ئازادی بۆ خۆمان و ئەو نەتەوانەی لەگەڵیشمان ژیاوە و لە ساڵی 1600 پێش زاین دەوڵەتی (میاتانی)مان هەبووە، ئەمەش واتە ئەو كاتەی كورد خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی بووە، ئەوروپاییەكان لە دەریاكان دەترسان و دەیانگووت جنۆكەی هەیە، كەچی ئێستا ئەوانە هەموویان خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیانن و دەچنە سەر ئەستێرەكانی مەریخ و موشتەری و ئێمەش هەر ژێردەستەین.
* هەر سەبارەت بە بایەخی یەكڕیزی نێو ماڵی كورد، بێگومان كورد لەسەردەمی جەنابی مەلا مستەفا بارزانی یەكڕیز و یەكگرتوو بوو، پرسیار ئەوەیە تاچەند ئەو یەكڕیزی و یەكگرتووییەی سەردەمی جەنابی مەلا مستەفا بارزانی بۆ ئێستا گرنگە؟
- تۆ باسی جەنابی مەلا مستەفا بارزانیت كرد، من دەمەوێت لەم دیدارەدا بەسەرهاتێكی خۆمتان بۆ بگێڕمەوە كە بۆ یەكەم جار مەلا مستەفام بینیووە، دیارە لە ساڵی 1964 جەنابی مەلا مستەفا بارزانی هاتە گوندی ئاوكورتێ كە گوندێكە له پشتی ماوەت لە پارێزگای سلێمانی و ئەم گوندە تەنیا ئاوێك لە كوردستانی ڕۆژهەڵاتی جیادەكاتەوە، كە بارزانی هاتە ئاوكورتێ، من و ئەحمەدی حەسەن بەگی بابان (مامۆستا ئەحمەد هەردی) هەردووكمان كاژیك بووین، لەو ڕۆژەدا داوای سەربەخۆیی كوردستانی گەورەمان دەكرد. لەسەربانی ماڵەكان پیاسەمان دەكرد، خەڵكێكی زۆر زۆر چووبووە پێشوازی جەنابی بارزانی. بۆیە من و ئەحمەد هەردی لەبەرئەو قەرەباڵغیە له دوورەوە سەیرمان دەكرد، ئاغاكانی میراودەلی زۆر بە بەخشندەیی پێشوازی بارزانییان كرد و ئەو لەسەر ئەسپێك بوو، دیارە كە لە ئەسپەكەی دابەزیبوو، ئەو ئێمەی لەدوورەوە بینیبوو. بۆیە بە حەسەن ئاغای ئامۆزامی وتبوو ئەوانە كێن، بەڵام ئێمە ئاگاداری ئەمە نەبووین، كە حەسەن ئاغا ناردی بەشوێنماندا ئەمەی بۆ گێڕاینەوە، پێی گوتین جەنابی بارزانی داوای كردووە بمانبینێت، كه چووینە خزمەتی دیوەخان جمەی دەهات، لەو كاتە باڵی مەكتەبی سیاسیی لە ئاوكورتێ نەمابوون و پەڕیبوونەوە دیوی ئێران، كە چووینە دیوەخانەكە بینیمان عەلی شەنگالی یاوەری بارزانی بوو، ئەو هاتە لامان و پێی گوتین، ئێستا خەڵكێكی زۆر لای جەنابی بارزانییە، ئێوە شەو وەرنە لای چۆڵ دەبێت و دەتوانن بچنە لای و قسەتان لەگەڵ دەكات، ئێمە گەڕاینەوە، شەو كە دیسان لەگەڵ ئەحمەد هەردی چووینەوە خزمەتی، ئەم جارە بینیمان چەند ئەفسەرێكی عەرەب لای بارزانین، ئەو ئەفسەرانە شیوعی بوون كە پێشتر لایەنگیری حكومەتی عەبدولكەریم قاسمیان دەكرد، دوای ئەوەی بەعس كودەتای كردبوو و كەوتە لێدانی شیوعیەكان، هاتبوون پەنایان بۆ شۆڕشی كوردستان هێنابوو و پەنایان بۆ مەكتەبی سیاسیی هێنابوو، بەڵام مەكتەبی سیاسی داڵدەی نەدابوون، ئەوانیش چووبوونە لای بارزانی، بۆیە كە چووینە لای بارزانی ئەو ئەفسەرانەشی لابوو، ئەحمەد هەردی بە منی گوت تۆ قسەبكە، پاش ئەوەی جەنابی بارزانی زۆر بە گەرمی بەخێرهاتنی كردین و سەروو جگەرەی سیغاری پێشكەش كردین، ئەوجا ڕووی تێكردین و پێی گوتین: ئێوە پارتین؟ منیش وەڵامم دایەوە و گوتم: نەخێر قوربان ئێمە پارتی نین و كاژیكین؟ ئەوجا پرسیاری لێكردین ئەی ئێوە ئەفەندین چی دەكەن لێرە؟ وتم قوربان من سەرۆكی وردبینەرانم لە فەرمانگەی خەزێنەی سلێمانی، كاك ئەحمەد هەردیش مامۆستایە لە سلێمانی، بەڵام ئێستا پشووی هاوینەیە لە ترسی حكومەت هاتووین بۆ ئێرە نەوەك بمانگرن، دوای ئەمە جەنابی بارزانی لێی پرسین، ئێوە لە كاژیك ئامانجتان چییە و بۆچی تێدەكۆشن؟ ئێمەش پێمانگوت، قوربان بەڕاستی ئێمە دەمانەوێت كوردستانێكی سەربەخۆ و دیموكراتی دابمەزرێت. لە وەڵامی ئەمەدا پێی گوتین ئەمە ئامانج و هیوای هەموومانە، بەڵام ئایا لەم كاتە ئەمەمان بۆ دەكرێت؟ ئێمەش لە وەڵامدا پێمان گوت، قوربان ئەگەر سەیری مێژوو بكەیت، هیچ شۆڕش و بزووتنەوەیەك داگیركەران نەیانتوانیوە دایبمركێننەوە، ئەوەی دایمركاندۆتەوە نۆكەر و خۆفرۆشانی ناوخۆبوون كە هەمیشە بوونە پواز و دارەكەیان شەقكردووە، بۆیە ئەگەر هەموو یەكگرتووبین ئەو ئامانجەشمان بۆ دێتەدی، لە وەڵامی ئەمەشدا جەنابی بارزانی پێیی گوتین، ئێوە هەرچی دەكەن بڕۆن بیكەن من پشتگیرتان دەكەم، ئەوە ئامانجی هەموو كوردێك و كوردستانییەكە. بۆیە جیاوازی نێوان جەنابی بارزانی نەمر و هەر سەركردەیەكی دیكە ئەوەبوو بارزانی تەنیا كوردایەتی دەكرد، ئەو ماوەی پەنجا ساڵ لەو چیایانەی كوردستان و لە ئەشكەوتەكان دەژیا بۆ ئەوەی كورد ببێتە خاوەنی قەوارەیەك و ناسنامەی خۆی، لە ئێستادا هەموو ئومێدمان جەنابی سەرۆك مسعود بارزانییە كە پشتیوان بەخوا لەسەر هەمان ڕێباز و ڕێگای بارزانی هەنگاو هەڵدەگرێت.
* لە ئێستادا ئەركە گەورەكەی جەنابی بارزانی نەمر كەوتۆتە سەر شانی سەرۆك مسعود بارزانی، لەم ئەركە گرنگ و قورسەی ئێستا لەسەر شانی سەرۆك مسعود بارزانییە، پێویستی بە هاوكاری و پشتگیری هەموو تاكێكی كوردستان هەیە بۆ ئەوەی بگەینە دوا هیوامان كە دەوڵەتی كوردستانە، ئایا چۆن پشتیوانی سەرۆك مسعود بارزانی بكەین؟
- من وەك كەسێك كە تەمەنم 80 ساڵی تێپەڕاندووە و خەڵكی شاری سلێمانیم، بە دڵنیایەوە دەڵێم هەموو خەڵكی سلێمانی پشتگیری له سەربەخۆیی كوردستان دەكات، لەگەڵ بیروباوەڕی نەتەوەیی و سەربەستی دایە. بۆیە لەم هەنگاوەدا پشتیوانی لە سەرۆك مسعود بارزانی دەكەن، هەموو كورد و كوردستانییەك پشتیوانی له سەرۆك مسعود بارزانی دەكەن و هانیدەدەین پەشیمان نەبێتەوە لە هاتنەپێشی هەر بارودۆخێك، لەبەرئەوەی ئەم هەلە زێڕینەی ئێستا بۆمان هاتۆتە پێشەوە، بە گفتوگۆ و دانوستاندن دروست نەبووە، دووسەد ساڵی دیكەش چاوەڕێ بكەین بە گفتوگۆ و دانوستاندن هەلێكی دیكەی ئەوا لەبارمان بۆ دروست نابێتەوە، بۆیە ئەگەر ئەمجارەش ئەم هەلە بخەینەوە سەر مێزی گفتوگۆ، ئەوا ئەمەشمان لە دەست دەچێت، لەبەر ئەوەی ئەم بارودۆخە دەریخست كێشەی ئێمە لەگەڵ دەموچاوی كەسەكان نین، با سەیری ئەو 10 ساڵەی ڕابردوو بكەینەوە، بزانین چەند سەرۆك وەزیران هاتن و هەموویمان تاقیكردەوە، بۆیە هەر كەسێكیان بوو بە خاوەنی هێزی خۆی لە نوری مالیكی باشتر نییە، بۆیە دەبێت ئەم هەلە سوودی لێ وەربگرین و نەیخەینەوە سەر مێزی وتووێژ و دانوستاندن. لەبەرئەوەی داگیركار ڕەحم بە نەتەوەی ژێر دەستی خۆی ناكات. بۆیە ئەوەی بۆتە جێگەی ئومێد بۆ هەر كەسێك هەڵگری بیری نەتەوەیی بێت و ئامانجی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان بێت، سەرۆك مسعود بارزانییە. هەموومان به دڵ و بە گیان و به خوێن لەگەڵ سەرۆك مسعود بارزانین.
* لەم هەلومەرجە مێژووییەی كە بۆ كوردستان هاتۆتە پێشەوە، به داخەوە كاتی خۆی بۆ جەنابی مەلا مستەفا بارزانی دروست نەبوو هەتا دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان ڕابگەیەنێت، بەڵام ئەوەی بۆ ئێستا جێگەی دڵخۆشییە ئەوەیە جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی زۆر بە لۆژیكانە مامەڵە لەگەڵ ئەم هەلومەرجە مێژووییە دەكات و توانیوویەتی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پشتگیریەكی زۆر باش كۆبكاتەوە، هەروەها لەسەر ئاستی ناوخۆش توانیوویەتی یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی لەناو هێزە كوردستانیەكان دروست بكات، لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا بنەمایەكی پتەوی بۆ سەربەخۆیی ئابووری كوردستان دروستكردووە، ئایا بەڕێزت وەك كەسێكی نەتەوەیی چۆن سەیری ئەم هەنگاوانەی سەرۆك بارزانی دەكەیت بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان؟
- پێش هەمووشت دروستكردنی بنەمایەكی ڕاست و دروست بۆ هاتنەكایەی ئابوورییەكی سەربەخۆ بۆ كوردستان، ئەوە ئەو بنەما ئابوورییە دەبێتە كۆڵەگەی سەرەكی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان، با سەرنج بدەین ئێستا توركیا خۆی نەوتی كوردستان دەگوازێتەوە، ئەمە لە بنەڕەتدا بۆتە بنەمایەك بۆ بەرژەوەندی هاوبەش لە نێوان كوردستان و توركیا، لەبەر ئەوەی ئێمە بووینە توخمێك لە ناو هاوكێشەی وزەی جیهان، ئەم بنەمایە وا دەكات هەموو دەوڵەتێك لە دونیادا دان بە سەربەخۆیی كوردستاندا بنێت، لەبەرئەوەی پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان بەرژەوەندی هاوبەشیان لەگەڵ كوردستان بۆ دروست بوو، ئەوا ئەو بەرژەوەندیە وا دەكات دان بە دەوڵەتی كوردستاندا بنێن، مەترسی گەورە لەسەر دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان ئەو دەوڵەتانەن كە بەشێكی كوردستانیان بەسەردا دابەشكراوە، ئێستاش بارودۆخەكە گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، گرنگترین گۆڕانكاری هەڵوێستی توركیایە تەنانەت ئەگەر پارتە ڕەگەزپەرستەكانیش بێنەوە دەسەڵات كە پێناچێت جارێكی دیكە دەسەڵات وەربگرنەوە، لەبەرئەوەی كوردستان بۆتە خاوەنی سەرچاوەی وزە ئەوانیش هەڵوێستیان دەگۆڕێت، بەڵام هەموو ئەو گۆڕانكاریانە پەیوەستن بە یەكڕیزی نێو ماڵی كورد و گرنگ ئەوەیە دووبەرەكیمان تێدا دروست نەبێت، بۆیە ئەگەر خۆمان یەكڕیز و یەكگرتوو بین، ئەوا لەسەدا سەد جیهان پشتگیری لە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان دەكات، بۆیە من پێموایە جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی لە ئێستادا دەبێت زۆر لۆژیكانە یەكڕیزی نێو ماڵی كورد بپارێزێت، ئەو هەموو قۆناخەكانی تەواوكردووە، تەنیا ئەركی قورس لەسەرشانی سەرۆك بارزانی، ئەوەیە بە لۆژیكانە یەكڕیزی ماڵی كورد بپارێزێت و ڕێگە نەدات دووبەرەكی دروست بێت، بۆیە ئێستا كاتی ئەوەیە پشت بەخوا هەنگاو بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان هەڵبگرێت و سەریش دەكەوین.
* بەڵام هەتا ئێستاش هەندێك دەڵێن كاتی ڕاگەیاندنی دەوڵەی سەربەخۆی كوردستان نییە، ئەی بەرامبەر ئەوانە چی دەڵێیت؟
- من وەك كەسێكی نەتەوەیی ئەوانە بە ڕێگر لەبەردەمی ئاواتەكانی كورد و بە بەشێك لە داگیركەرانی كوردستانیان دەزانم، بۆیە گرنگە ئێمە سەیری ڕای گشتی بكەین، من دڵنیام ئێستا ڕاپرسی بكرێت، خەڵكی كوردستان بە ڕێژەی 99.9% لەگەڵ سەربەخۆیی و لەگەڵ هەنگاوەكانی بارزانین بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان. هۆكاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە مادام جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی ئەم ڕێگەی گرتووە بۆ ئەوەی كار بۆ دەوڵەتی كوردستان بكات، ئەوا ئێستا وەك پاڵەوانێكی نەتەوەیی سەیردەكرێت، ئینجا هەندێك هەن نایەنەوێت ئەم ڕۆڵەی بارزانی بسەلمێنن یان چاویان بەرایی نایەت ئەوەیان مەسەلەیەكی ترە، بۆیە جەنابی سەرۆك بارزانی پێش ئەم هەنگاوەی چەند بەڕێز و شكۆداربووە لەناو خەڵكی كوردستان، ئێستا سەد ئەوەندەی دیكە لای خەڵكی كوردستان خۆشەویست بووە و بۆتە جێگەی ئومێد بۆ هەمووان، ئەمەش لەبەرئەوەیە هەنگاوەكانی بارزانی هیوا و خواستی هەر تاكێكی كوردستانە، هەموو خەڵكی كوردستان ئەنفال و ژینۆسایدی داگیركەرانی كوردستانی لەبەر چاوە، هەر لەم ماڵەی خۆمان كە ئێستا لێی دانیشتووین لە ساڵی 1991 كاتێك لە كۆڕەوەكە ڕۆیشتین هەموو ماڵەكەیان تاڵان كردین و 12 كتێبی دەستنووسم هەبوو ئەوانەشیان تاڵانكردبوو. بۆیە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان پێوەندی بەكەسەوە نییە و تەنیا پێویستی بە ئیرادەی كوردە، ئەوروپا ڕای گۆڕاوە، ئەمریكاش تەنیا بەسەر زارەكی ئەڵێ لەگەڵی نیم، كه بووە ئەمری واقیع ئەمریكا ڕای دەگۆڕێت، بۆیە ئێستا كاتی ئەوەیە هەموومان ببین بە پشتوپەنا بۆ سەرۆك مسعود بارزانی بۆ ئەوەی ڕۆژێك زووتر ئەم دەوڵەتە ڕابگەیەنێت.
* ئێوە خەڵكانێكن خۆتان بە هەڵگری بیری نەتەوەیی دەزانن، ئێوە ئاگادارن كە بیری ناسیۆنالیستی زۆر پەسەند نییە، پرسیاری ئێمە ئەوەیە جیاوازی نێوان بیری نەتەوەیی كوردی لەگەڵ ناسیۆنالیزمی ڕۆژئاوا و قەومیەی عەرەبی چییە؟
- بیری نەتەوەیی كورد نە قەومیەتی تورك و فارس و عەرەبە، نە ناسیۆنالیستی ڕۆژئاواشە. ئەمەش لەبەرئەوەیە ناسیۆنالیستی توركی و عەرەبی و فارسی، ناسیۆنالیستێكی داگیركارییە، بەڵام بیری نەتەوەیی كوردی ڕزگاریخوازییە، ئەوان دەیانەوێت نەتەوەیەكی دیكە بتووێننەوە، بیری نەتەوەیی كورد دەیەوێت نەتەوەیەك ڕزگاربكات، ئەوان دەیانەوێت خاكی نەتەوەیەكی دیكە داگیربكەن، ئێمە دەمانەوێت خاكی خۆمان ڕزگاربكەین، ئەوان تەماعیان لە خاكی نەتەوەیەكی دیكەیە، ئێمە تەنیا چاومان لە خاكی خۆمانە و ڕێز لە خاكی ئەوان دەگرین، لەبەرئەوە بیروباوەڕی نەتەوەیی كورد نە بیروباوەڕێكی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستییە، نە بیروباوەڕێكی ناسیۆنالیستی ڕۆژئاواشە، ئێمە دەمانەوێت وڵاتە دابەشكراوەكەمان یەكبخەین و ڕزگاری بكەین، چاومان لە بستێك خاكی هیچ نەتەوەیەك نییە، ئینجا ڕەسەنایەتی بیروباوەڕی نەتەوەیی كوردی ئەوەیە، نە خاكی نەتەوەیەكی دیكە داگیردەكا نە نەتەوەیەكی دیكە دەچەوسێنێتەوە، بە پێچەوانەوە هەوڵدەدا برایەتی و هاوكاری دروست بكات، بۆیە هەتا خاكمان داگیركراوبێ، هیچ كام لە داگیركاران برامان نین و ئامادەش نابین برایەتیان لەگەڵ دروست بكەین، بەڵام هەر كاتێ لە خاكی ئێمە نەمان و چوونە دەرەوە، بەڵی برامان دەبن و ڕێزیشیان دەگرین. هەر بۆیە ئەوانەی بیروباوەڕی نەتەوەییان هەبوو جەنابی بارزانی ڕێزی لێ دەگرتن، هەروەها جەنابی كاك ئیدریس بارزانیش هەڵوێستی بەرامبەر كاژیك باش بوو ڕێزی لێ دەگرتن. ئێستاش دەمەوێت ئەوەتان پێ بڵێم، ئێمە هەموو ئەوانەی كە خۆمان بە هەڵگری بیروباوەڕی نەتەوەیی دەزانین سەرۆك مسعود بارزانی وەك پاڵەوانی نەتەوە سەیردەكەین، ئەگەر لەسەر ئەم ڕێگەی گرتوویەتی بەردەوام بێت و هەنگاو بۆ سەربەخۆیی كوردستان هەڵبگرێت.
حەزدەكەم لێرەدا باسی یەكێك لە كارە پاڵەوانییەكانی جەنابی بارزانی بكەم، من بۆ مێژوو دەڵێم كاروانی ئاراسی بارزانی كە توانی سنوری سێ دەوڵەتی داگیركار ببڕێت و بگاته سۆڤیەت، ئەگەر زۆر لە ڕێ ڕۆشتنە گەورەكەی ماو تسیتۆنگ گەورەتر نەبێت، لەو كەمتر نییە. بەڵام سەیربكەن لەبەرئەوەی چین دەوڵەتە بۆتە سەر وێردی زاری هەموو كەسێك، بەڵام لەبەرئەوەی كورد دەوڵەتی نییە، كاروانی ئاراسەكەی بارزانی وەك ئەو نەبۆتە ڕووداوێكی جیهانیی، بۆیە ڕوودەكەمە جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی و پێی دەڵێم: تو خوا ڕێبازەكەی بارزانی تەواو بكە و دەوڵەتی كوردستان ڕابگەیەنە.
Top