جەنگیز چاندار ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگی توركیا بۆ گوڵان:عێراق نەبێتە كۆنفیدراڵی كوردستان سەربەخۆیی رادەگەیەنێت

جەنگیز چاندار ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگی توركیا بۆ گوڵان:عێراق نەبێتە كۆنفیدراڵی كوردستان سەربەخۆیی رادەگەیەنێت
چەنگیز چاندار یەكێكە لە ڕۆژنامەنووسە گەورە و ناودارەكانی توركیا لەسەر ئاستی ناوچەكە و جیهان و یەكێكە لەو كەسانەی كە زیاتر لە سێ دەیەیە كار بۆ برایەتیی كورد و تورك دەكات و هەوڵی خۆی خستۆتەگەڕ بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی ئاشتیانە كێشەی كورد چارەسەر بكرێت، هەروەها یەكێكە لەو چاودێرە سیاسییانەش كە لەنزیكەوە چاودێریی سیاسەتی ئەمریكا و ڕووداوەكانی عێراق و بارودۆخی هەرێمی كوردستان دەكات، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم ڕەوشە ئاڵۆزەی عێراق ئەم وتووێژەمان لەگەڵ جەنگیز چاندار ئەنجامداو بەمجۆرە ڕای خۆی بۆ گوڵان خستەڕوو.
* وا نزیكەی دوومانگ بەسەر هێرشەكەی داعش بۆ كۆنترۆڵكردنی موسڵ و نەینەواو تكریت و بەشێكی فراوانی پارێزگای ئەنبار تێدەپەڕێت و خەریكە دەوڵەتە ئیسلامیەكەی داعش دەبێتە دەوڵەتی ئەمری واقیع، لەبەرانبەردا هەست دەكەین هەتا ئێسا ئیدارەی سەرۆك ئۆباما هەر پابەندە بە حكومەتەكەی نوری مالیكی كە هۆكاری ئەم هەموو كاولكاریەیە لە عێراقدا، ئایا مەزندە دەكرێت ئەمریكا سیاسەتێكی تازە بەرامبەر بە عێراق پەیڕەو بكات؟
- هەرچەند سەرنج لە سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر عێراق دەدەم، هەست ناكەم هیچ شتێك لە سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر بە عێراق گۆڕانكاری بەسەردا هاتبێت، لەوانەیە هەندێك گۆڕانكاری لە سیاسەتە كۆنەكەی بكات، بەڵام هەر هەمان سیاسەت پێڕەو دەكات و هێشتا بەدوای ئەوەدا وێڵە كە عێراق هەمان ئەو عێراقە بێت كە ناوەندەكەی بەغدا بێت.
* لە ئێستادا حكومەتی ناوەندی عێراق كە هەموو داهاتی عێراقی لەبەر دەستە، مووچە و بودجەی هەموو عەرەبی سوننەی بڕیوە بە بیانووی ئەوەی شارەكانیان لەلایەن داعش كۆنترۆڵ كراون، ماوەی هەشت مانگیشە مووچە و بودجەی كوردستانی بڕیوە، ئەمەش مانای ئەوەیە هەموو داهاتی عێراق تەنها بۆ یەك پێكهاتەیە كە ئەویش پێكهاتەی شیعەیە، ئایا تاچەند ئەم سیاسەتە هەڵەیە زەمینە بۆ شەڕێكی خوێناوی مەزهەبی نێوان شیعەو سوننە و شەڕێكی خوێناوی نێوان كورد و شیعە خۆش دەكات؟
- ئەوەی ئێستا بە كردەیی لە عێراق ڕوودەدات شەڕێكی مەزهەبی خوێناوی نێوان عەرەبی سوننە و شیعەیە، لە ئێستا تیرۆریستانی داعش بە كەیفی خۆیان دێن و دەچن، بەڵام هێشتا ئەمریكا پێیوایە ئەم مەسەلەیە بە گۆڕینی نوری مالیكی و دانانی سەرۆك وەزیرانێكی دیكەی شیعە چارەسەر دەبێت، یان بەمانەوەی مالیكی و پێدانی هەندێك بە دەسەڵات بە سوننەكان و گۆڕینی سیاسەتی خۆی لەهەمبەر كورد پرسەكە چارەسەر دەبێت، بەڵام ئەم كێشەیە لەوە ئاڵۆزترە بەو شێوەیە چارەسەر بێت، ئەمریكاش هەتا ئێستا لەو دوو بژاردەیە زیاتری لەبەردەست نییە.
* ئێستا لە عێراقدا تەنها ناوچەیەك ئارام و سەقامگیر بێت و هەنگاو بەرەو دیموكراتی هەڵبگرێت، هەرێمی كوردستانە. ئەم هەرێمە لەلایەك بۆتە دراوسێی دەوڵەتێكی تیرۆریستی، لەلایەكی دیكە زیاتر لە یەك ملیۆن پەنابەری لەخۆی گرتووە، ئایا كاتێك حكومەتی عێراق گەمارۆی ئابووریشی دەخاتە سەر، ئەمە مانای ئەوە نییە هێزێكی دیموكراتی لەبەرامبەر تیرۆریستان لاواز دەكرێت؟
- بێگومان سەپاندنی گەمارۆی ئابووری لەم بارودۆخە كە لایەك هەرێمی كوردستان شەڕی تیرۆر بكات و لەلایەكی دیكە ئەو هەموو ئاوارەیە پێشوازی بكات، ئەمە هەوڵێكە لەلایەن مالیكەوە بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان لاواز بكات و ملكەچی گوشارەكانی بێت، ئەمەش وەنەبێت شاراوە بێت لای هەموو جیهان ئاشكرایە، بەڵام دەوڵەتە گەورەكان سەیری بەرژەوەندی خۆیان دەكەن، هەروەها ئەم سیاسەتەی مالیكی لەگەڵ سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر عێراق یەكناگرێتەوە.
* بەپێی هەموو بنەما سەربازییەكان، ئێستا سوپای عێراق شەڕی داعشی پێناكرێت و تەنانەت زۆر بە زەحمەتیش دەتوانێت بەرگری لە بەغدا بكات، تەنها بەرەیەك كە بتوانرێت تیرۆریستانی تێدا بشكێنرێت، بەرەی كوردستان كە خاوەنی هێزی پێشمەرگەیە، ئایا تاچەند گرنگە هاوكاری كوردستان بكرێت بۆ ئەوەی هەموو لایەك لە شەڕی تیرۆریستان سەركەوتووبن؟
- بێگومان ئەم پرسە زۆر زۆر گرنگە، لەبەر ئەوەی ئەگەر پێشمەرگە نەبووایە هیچ هێزێك نەیدەتوانی پارێزگاری لە عێراق بكات، وەك ئێوەش ئاماژەتان پێكرد سوپای عێراق خۆی نەگرت و تێكشكا، بۆیە بە بۆچوونی من ئیدی عێراقێكی یەكپارچە وەك پێشان بوونی نەما، یان ئەوەتا كوردستان سەربەخۆ دەبێت و سەربەخۆیی خۆی ڕادەگەیەنێت، یان ئەوەیە دەبێت كۆنفیدرالیەتێكی زۆر فراوان پیادەبكرێت بۆ ئەوەی یەكپارچەیی عێراق بپارێزرێت، بۆیە من لەگەڵ ئەو سیاسەتەی ئەمریكا نیم كە هەوڵ بۆ سەنترالیزەكردنی بەغدا دەدات، ئەمەش سەركەوتوو نابێت.
* ئەوەی بووە هۆكاری ئەوەی عێراق دابەش بیێت بۆ سێ دەوڵەت، سیاسەتی هەڵەی نوری مالیكی سەرۆك وەزیران و كەمتەرخەمی ئەمریكا بوو بە چاوپۆشین لە سیاسەتە هەڵەكانی مالیكی، بۆیە ئێستا 3 دەوڵەت بە 3 سیستمی جیاواز لە عێراقدا لەسەر ئەرزی واقیع بوونی هەیە، ئایا كە نەتوانرێت عێراق جارێكی دیكە بگەڕێتەوە بۆ عێراقێكی یەكپارچە و یەكگرتوو، بۆچی ئەمریكا و جیهان پشتگیری لە دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان ناكات لە عێراقدا؟
- ئەوە ڕاستە بۆ ئێوە وەك كورد زۆر ڕوونە كە ئیدی عێراق یەكپارچە نییە، بەڵام هەتا ئێستا لە ڕوانگەی سیاسەت و بەرژەوەندی ئەمریكاوە ئەم پرسە ڕوون نییە و نایەنەوێت ئەمە بسەلمێنن، لەبەر ئەوەی ئەمریكا بە پێوەری بەرژەوەندییەكانی خۆی سەیری مەسەلەكان دەكات و بڕیاری لەسەر دەدات، بۆیە زۆر پرس هەیە واقیعیە و زۆر ڕوون و ئاشكرایە، بەڵام ئەگەر لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا یەك نەگرێتەوە، ئەوا بەچاوی واقیع سەیری ئەو پرسە ناكات، بارودۆخی ئێستای عێراقیش ئەو واقیعەیە كە ئەمریكایە نایەوێت وەك خۆی بیبینێت.
* ئەمریكا شەڕی سوریای دۆڕاند، ئاشكرایە ڕوسیا و ئێران و ئەسەد و حزبوڵلا براوە بوون، ئێستا لە عێراقیش دووبارە مالیكی و ئێران و ڕوسیاو حزبوڵڵا بە ئاشكرا هاوپەیمانن، ئایا ئەگەر عێراقیش بدۆڕێنێت، ئەمریكا تاچەند لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیانمەند دەبێت؟
- كێ براوە دەبێت؟ یان چی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوودەدات؟ یان ئەو زیان و قازانجەی ئێوە باسی دەكەن، لەوانەیە لەگەڵ تێڕوانینی ئەمریكا جیاواز بێت، پرسیاری من ئەوەیە ئەگەر ئەمریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵەی كردو، سیاسەتەكانی لەو ناوچەیە كاریگەری نەبێت، كێ زەرەر دەكات؟ یان ئەمریكا چ زیانێكی پێدەگات؟ ئایا هیچ شتێك لەبوونی بەهێزترین دەوڵەت لەم جیهانە كەمدەبێتەوە؟ بێگومان نەخێر، گرنگترین پێوەر بۆ زیان و قازانجی ئەمریكا نەوتە، ئەمە لەكاتێكدا ئەمریكا خۆی بۆ پێویستی خۆی هیچ پێویستی بە نەوت و گازی دەرەوە نییە، بەڵام كاتێك هەڵە دەكات، خەڵكی ناوچەكە باجەكەی دەدەن.
Top