سوعات كینگلی ئۆغلۆ سیاسەتمەداری تورك بۆ گوڵان: سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ توركیا بێ ئەندازە گرنگ بوو پیشانیداپێوەندیەكانی هەردوولا گشتگیر و ستراتیژین
July 24, 2014
دیمانەی تایبەت
هەفتەی ڕابردوو بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی كوردستان بە یاوەری شاندێكی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی توركیای كرد و لەگەڵ سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوەی توركیا كۆبۆوە، ئەم سەردانەی سەرۆكی كوردستان لەم كاتەدا بۆ توركیا ئاماژە و ڕەهەندی جۆراوجۆری لێدەخوێنرێتەوە و ئەوە پیشاندەدات كە پێوەندییەكانی نێوان كوردستان و توركیا، دەبێت لە دیدێكی ستراتیژییەوە سەیر بكریت، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم سەردانە گرنگە، ئەم وتووێژەمان لەگەڵ بەڕێز سوعات كینگلی ئۆغلۆ سیاسەتمەدار و ئەندامی سەركردایەتی پارتی داد و گەشەپێدان ئەنجامداو بەمجۆرە سەبارەت بەسەردانی سەرۆكی كوردستان بۆ گوڵان هاتە ئاخاوتن.* سەرۆك بارزانی سەردانی توركیای كرد و چاوی بە سەرۆكی توركیا، عەبدوڵا گویل و سەرۆك وەزیران ڕەجەب تەیب ئەردۆغان كەوت، ئەم سەردانەش لایەن و دەرئەنجامی گرنگی هەبوو، ئایا خوێندنەوە و لێكدانەوەی ئێوە بۆ ئەم سەردانە چییە؟
- سەرەتا پێموایە ئەم سەردانەی سەرۆك بارزانی بۆ توركيا سەردانێكی بێئەندازە گرنگە، ئەویش بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی لەرزۆكی و ناسەقامگیرییەكی لە ڕاددەبەدەر هەیە لە ناوچەكەدا، بە تایبەتی دوای دەست بەسەرداگرتنی موسڵ لەلایەن داعشەوە بارودۆخەكە ئەوەندەی دیكە ناسەقامگیر بوو و ئەوەندەی دیكەی پێشبینی نەكراو بوو بۆ هەموو لایەنە پێوەندیدارەكان، كەواتە شتێكی تەواو سروشتیە كە دەسەڵاتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە نزیكەوە بەردەوامی بدەن بە گفتوگۆكانیان. هەروەك ئێوە دەزانن پێوەندیەكان بێئەندازە باشن، هەم لە ڕووی ئابووریەوە و هەم لە ڕووی وزەوە. پێم وایە گفتوگۆ لەسەر چەندین مەسەلە دەكرێت لە نێویاندا پرۆسەی نەوت لە هەرێمی كوردستان.
* حاڵی حازر هەرێمی كوردستان سنووری نەماوە لەگەڵ عێراقدا، بەڵكو نزیكەی 1050 كیلۆمەتر سنوری لەگەڵ داعشدا هەیە، ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی كوردستان، دەوڵەتی توركیا لە دەوڵەتەكەی داعش جیابكاتەوە، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا تا چ ڕاددەیەك توركیا ئامادەیە هاوكاری كوردستان بكات بۆ ئەوەی تیرۆر نەگاتە سنوورەكانی؟
- ئاشكرایە توركیا بەرژەوەندیەكی گەورەی هەیە لە دوورخستنەوەی هەڕەشەی داعش لە خاكی توركیا، چونكە ئەو كێشانەی لە سنووری سوریاوە بۆمان دروست دەبێت بەسە و دوایین شتێك كە پێویستمان پێی بێت پەڕینەوەی كێشەیە لە سنووری عێراقەوە بۆ خاكی ئێمە. بەڵام دەبێت ئێمە لە گۆشەنیگایەكی گشتگیر و ستراتیژیەوە لە پێوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا بڕوانین، نەك تەنها لەم لایەنەوە. ئێمە نامانەوێت چالاكی تیرۆریست و بەربەری لەسەر سنوورەكانمان بێت، بە چاوپۆشین لەوەی سنوورمان هەبێت لەگەڵ كوردستاندا، چونكە ئەمە بە هەمان ئەندازە برا كوردەكانمان نیگەران دەكات، ئەمە هەڕەشەیەكی هاوبەشە و پێویستی بە چارەسەرێكی هاوبەش دەبێت.
* هەرێمی كوردستان نەوت لە ڕێی توركیاوە هەناردە دەكات و ئێستاش بە نیازە بۆریەكانی نەوتی كەركوكیش بخاتە سەر ئەو بۆریەی نەوتی كە بۆ توركیا دەینێرێت و پلانی ئەوەشی هەیە ڕێژەی هەناردەی نەوت بگەیەنێتە 1 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێكدا، ئایا گرنگی توركیا چی دەبێت لەم ڕووەوە؟
- ئەمە زۆر گرنگە، چونكە ئێستا بارودۆخی باشووری عێراق پێشبینی نەكراوە و مایەی پشت پێ بەستن نییە، بۆ ئەوەی وزە لە ڕێی باشووری عێراقەوە هەناردە بكرێت، كەواتە تاكە بژاردە بریتییە لە توركیا، بەڵام من دەمەوێت جەخت لەسەر ئەوە بكەمەوە كە بە هەمان شێوە ئەوەی زۆر گرنگە بۆ بەرژەوەندی توركیا ئەوەیە كە ماف و بەرژەوەندیەكانی توركمانەكان لەم ڕووەوە بپارێزرێن. چونكە دەزانن كە هەستیاریەكی تەواو هەیە لە توركیا لە ئاست پرسی توركمانەكان. پێموایە دەكرێت توركیا و هەرێمی كوردستان پێكەوە كاربكەن و ئەمە مەسەلەیەك نییە نەتوانن هاوكاری بكەن، بەڵام گرنگە مافە كەلتوریەكانی برا توركمانەكانیشمان پارێزراو بن. یەكەم كاروانی نەوتی كوردستان لە ڕێی توركیاوە دەستی پێكرد، بە دڵنیاییەوە هەندێ كێشەی یاسایی و هەندێ گرژی هەن لە نێوان بەغدا و ئەنقەرە. بەڵام ئەنقەرە و هەولێر و بەغدا لە نزیكەوە چاودێری بارودۆخەكە دەكەن، كە دەبێت چاوەڕێ بكەین و بزانین چۆن داعش كاریگەری دەبێت لەسەر یەكپارچەیی خاكی وڵاتەكە و یەكڕیزی سیاسی لە وڵاتەكەدا. من پێموایە ئێمە لە ساتەوەختێكداین كە پێویستە ڕۆژانە چاودێری پەرەسەندنەكان بكەین و بە گوێرەی ئەو پەرەسەندنانەش تێڕوانین و ستراتیژی خۆمان دابڕێژین.
* وەزیری دەرەوەی توركیا داوود ئۆغڵۆ ڕایگەیاند كە ئێمە ویستمان هاوكاری مالیكی بكەین، بەڵام ئەو پێیوابوو ئەمە دەستێوەردانە لە كاروباری ناوخۆیی عێراق، كەواتە ئەم بارودۆخە و ئەم قەیرانەی ئێستا بۆ سیاسەتی شكستخواردووی مالیكی دەگەڕێتەوە، و هەر ئەمەش وایكردووە عێراق بوونی نەمێنێت، و دەوڵەتی ئیسلامی دروست ببێت. ئایا تا چ ڕاددەیەك توركیا پشتیوانی دەوڵەتی سەربەخۆی ئەمری واقیع دەكات لە كوردستاندا؟
- ئەوە بۆ چەند ساڵێك دەبێت توركیا پشتیوانی هەرێمی كوردستانی كردووە. بەڵام هەروەك ئاماژەم پێكرد توركیا لە نزیكەوە چاودێری بارودۆخەكە دەكات، ئاشكرایە كە زەحمەتە لەگەڵ حكومەتەكەی مالیكی و خودی مالیكی خۆیدا كار بكەیت، بەڵام پێموانییە ئەوانەی لە ئەنقەرەن بیانەوێت عێراق لەبەریەك هەڵبوەشێت. ئەوەی زۆر گرنگە ئەوەیە بەڕێز مالیكی دەست لە كار بكێشێتەوە و حكومەتێكی پتر هەمەلایەنە پێكبێت. بەڵام ئەگەر ئەمە مومكین نەبوو، ئەوا توركیا سەیری ئەوە دەكات پەرەسەندنەكانی سەر ئەرزی واقیع چۆن شێوە دەگرن و دواتر بڕیاری ئەوە دەدات چ هەڵوێستێكی ڕەسمی بگرێتەبەر. بە چاوپۆشین لەوەی عێراق چی بەسەر دێت وەك قەوارەیەكی سیاسی، ئەوا پێوەندی توركیا بە هەرێمی كوردستانەوە بەردەوام لە گەشەكردندا دەبێت.
* ئایا عێراق توانای ئەوەی هەیە بگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێش ڕووداوەكانی موسڵ؟
- ئەمە زەحمەتە، بەڵام لە دیپلۆماسیەتدا دەبێت زۆر لە نزیكەوە چاودێری بارودۆخەكە بكەیت پێش ئەوەی لێدوانێكی دیاریكراو بدەیت، كەواتە دەبێت لە نزیكەوە چاودێری بارودۆخەكە بكەین، بە دڵنیاییەوە دەستێوەردانی ئەمریكا و ئێرانیش لەم بارودۆخەدا بۆی هەیە ئەوەندەی دیكە ئاڵۆزتر بێت، كەواتە ئەمە بارودۆخێكی هەستیارە و ئێمە نازانین بە چ لایەكدا دەكەوێت.
* ڕوونە كە هیچ دەوڵەتێك، لە نێویاندا ئەمریكا، ئامادە نییە هێز بنێرێت بۆ تێكشكاندنی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) لە عێراق و كۆتایی هێنان بە دەوڵەتە ئیسلامیەكە. سوپای عێراق هەڵوەشاوەتەوە و میلیشیاكان دەسەڵاتیان لە بەغداشدا هەیە، بەڵام تەنیا هێزێكی سەربازی كە هەبێت و بتوانێت شەڕی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) بكات بریتییە لە هێزەكانی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان. تا چ ڕاددەیەك ئەمریكا و ئەندامانی دیكەی ناتۆ ئامادەن هاوكاری پێشمەرگە بكەن بۆ پاراستنی هەرێمی كوردستان لە هەڕەشەكانی داعش؟
- تێڕوانینێكی هاوبەش لە نێو ناتۆدا لەم ڕووەوە نایەتەدی. ئەمریكا لە ڕوانگەی بوونی عێراقێكی یەكگرتووەوە پشتیوانی خۆی پیشكەش دەكات، بەڵام ئاشكرایە كە پەرەسەندنەكانی سەر ئەرزی واقیع جیاوازن. پێموایە ئەوەی لە هەفتە و مانگەكانی داهاتوودا دەیبنین بریتی دەبێت لە هێرشی پێچەوانە بۆ سەر داعش، كە ڕەنگە پێكبێت لە هێزە عێراقیەكان و هێزە ئێرانیەكان و بۆی هەیە هێزە ئەمریكیەكانیش. بەڵام زەحمەتە بتوانین حوكم بدەین پێش ئەوەی ببینین ئایا كاریگەری ئەم هێرشە پێچەوانەوەیە لەسەر داعش چی دەبێت. بەڵام ئەگەر بارودۆخەكە لە كۆنترۆڵ دەرچوو، ئەوا پشێویەكی تەواو دروست دەبێت كە بەغدا نەتوانێت بەرگری لە خۆی بكات، ئەوكاتە ئەمریكا و ڕەنگە وڵاتانی دیكەی ناتۆ ئامادەبن پشتیوانی لە كوردستان بكەن، بەڵام ئەوان نایانەوێت وا دەربكەون كە بەشدار دەبن لە هەڵوەشاندنەوەی عێراق. ئەمریكا پێی باشترە سیاسەتێك درێژە پێبدات كە عێراق وەك یەك قەوارەی سیاسی بمێنێتەوە. بەڵام هەروەك ئێوە ئاماژەتان پێكرد واقیعێكی نوێ لە ئارادایە و دەبێت ببینین كە ئەم هێرشی پێچەوانەیە و ئەم هێرشە سەربازیە دژی داعش چ كاریگەریەكی دەبێت لەسەر بارودۆخەكە.
* واتە ئێستا توركیا نایەوێت وا دەربكەوێت بەشدار دەبێت لە دابەشكردنی عێراق، بەڵام ئەگەر كوردستان سەربەخۆیی ڕابگەیەنێت، ئەوا سیاسەتێكی ڕوونتر و پشتیوانی زیاتری دەكات؟
- ئەگەر هەرێمی كوردستان سەربەخۆیی ڕابگەیەنێت، ئەوا نازانم هەڵوێستی ڕەسمی توركیا چی دەبێت، بەڵام پێموایە كەسانێكی زۆر دوودڵن لەوەی وا دەربكەون كە بەشدارن لە لێكترازاندنی دەوڵەتێكی دراوسێ. ئەگەری زۆرە توركیاش هەمان هەنگاوی وڵاتانی دیكە بنێت.
* ئایا باشتر نییە كوردستان دراوسێی توركیا بێت كە پێوەندی باشی هەیە لەگەڵیدا لەڕووی ئابووری و وزەوە؟
- گومان لەوەدانییە، بە شێوەیەكی ڕەسمی من ئەوەندە نزیك نیم لە حكومەتەوە، لەبەر ئەوە نازانم چۆن بیر دەكەنەوە، ڕەنگە بیركردنەوەیەكی جیاوازیان هەبێت، مەزەندەی من ئەوەیە هەڵوێستی پتر بە حەزەر دەگرنەبەر، بەڵام ئەمە بە ڕاددەیەكی زۆر دەوەستێتەسەر پەرەسەندنەكانی سەر ئەرزی واقیع و دەوەستێتەسەر ئەوەی ئەمریكا و بەغدا و داعش چی دەكەن لە هەفتە و مانگەكانی داهاتوودا.
سوعات كینگلی ئۆغلۆ
یەكێكە لە سیاسەتمەدارە دیارەكانی توركیا.
لەساڵی 2007 بۆتە ئەندامی پەرلەمانی توركیا لەسەر لیستی پارتی داد و گەشەپێدان.
لە ساڵی 2009-2012 ئەندامی سەركردایەتی پارتی داد و گەشەپێدان بووە.
لە 2007-2011 جێگری سەرۆكی لیژنەی كاروباری دەرەوە بووە لە پەرلەمانی توركیا و وتەبێژی هەمان لیژنە بووە.
سەرۆكی گرووپی پەرلەمانی دۆستایەتی نێوان توركیا و ئەمریكایە.
لە دوای ساڵی 2011شەوە تا ئێستا بەڕێوەبەری جێبەجێكاری سەنتەری ستراتیژییە لە ئەنكەرە.