د.رۆژ نوری شاوەیس بۆ گوڵان:نوری مالیكی لەبری ئەوەی ئیعتراف بە فەشەلی خۆی بكات بوختان بۆ كوردستان دروست دەكات

د.رۆژ نوری شاوەیس بۆ گوڵان:نوری مالیكی لەبری ئەوەی ئیعتراف بە فەشەلی خۆی بكات بوختان بۆ كوردستان دروست دەكات
دوای ئەوەی نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە وتاری هەفتانەی خۆیدا كۆمەڵێك بوختانی بۆ هەولێری پایتەختی كوردستان كرد و كۆمەڵێك قسەی نابەجێی كرد، بەڕێز د.رۆژ نوری شاوەیش جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا كە هەموو وەزیرە كوردەكان لە بەغدا ئامادەبوون، رایگەیاند، ئەوان وەك وەزیرە كوردەكان بایكۆتی دانیشتنەكانی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەكەن و گەڕانەوە بۆ كوردستان، سەبارەت بەم هەڵوێستە د.رۆژ لەم دیمانەیە بە گوڵانی راگەیاند سەرۆك وەزیران بەو شێوەیە بوختان بۆ كوردستان و گەلەكەم دروست بكات، من پێم عەیبە لەناو ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵی دابنیشم، بۆیە هەتا داوای لێبوردن لەگەلی كوردستان نەكات و سەركردایەتی كورد بڕیار نەدات، من وەك خۆم ناگەڕێمەوە كوردستان. بۆ قسەكردن لەسەر رەوشی ئێستای عێراق و هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی حكومەت، ئەم دیمانەیەمان لەگەڵ بەڕێز د.رۆژ نوری شاوەیس جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆكی شاندی كوردستان بۆ وتووێژ لەگەڵ لایەنە سیاسییە عێراقیەكان ئەنجامدا، ئەمەش دەقەكەیەتی.
* كاتێك باسی رەوشی ئێستای عێراق دەكەین، چاودێرانی سیاسی نازانن لە كوێوە سەیری عێراق بكەن، بۆیە ئێمەش لە بەڕێزت دەپرسین وەك جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆكی شاندی دانوستاندنی كوردستان بۆ وتووێژ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان، لەمەش گرنگتر ماوەی چوار ساڵ نوێنەری سەرۆكی كوردستان بوویت بۆ جێبەجێكردنی رێكەوتنی هەولێر، ئایا بۆچی عێراق لەماوەی ئەو چوار ساڵە گەیشتە ئەم رۆژەی كە ئێستا نازانین چۆن پێناسەی بكەین؟
- لە ئێستادا عێراق دوچاری بارودۆخێكی زۆر نالەبار و دژوار هاتووەتەوە، بەپلەی یەكەم كەوتۆتە بەر هەڕەشەی تیرۆریستان كە گەیشتۆتە ئەو ئاستەی لە دەرگای بەغدا بدەن، هۆكاری سەرەكیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، حكومەتی عێراق لەسەر ئەو خەتە نەڕۆشیت كە ئێمەی كوردو لایەنەكانی دیكە لەچوارچێوەی رێكەوتنی هەولێر و لە چوارچێوەی دەستوور لەسەری رێكەوتبووین، ئاماژە دیارەكانی چوار ساڵی رابردوو ئەوەمان پێدەڵێت زۆربەی كارەكانی حكومڕانی بە تاكڕەوی و یەكلایەنی كراوە، ئەو رێكەوتنامەیە پشتگوێ خراوە، هەوڵنەدراوە ئاشتیەكی ناوخۆیی لەنێوان پێكهاتەكانی عێراقدا دروست بكرێت، لە هەمان كاتتدا هەوڵنەدراوە لەسەر بەرنامەیەكی سیاسیی هاوبەش كاربكرێت، بە پێچەوانەوە هەوڵەكان بەو ئاڕاستەیە بوون تەنیا دەسەڵاتی یەك لایەن بەهێز بكرێت، من ناڵێم دەسەڵاتی پێكهاتەیەك، هەرچەندە بۆنی ئەوەشی لێدێت، بەڵام لەناو ئەو پێكهاتەیە تەنیا كوتلەیەك كە نوری مالیكی سەرۆك وەزیران سەرۆكایەتی دەكات، هەوڵدراوە دەسەڵاتی ئەو كوتلەیە بەهێز بێت، ئەمەش بۆتە هۆكاری ئەوەی بارودۆخێكی مەترسیدار دروست بێت و ئێستا عێراقی خستۆتە دووڕیانێكەوە، دووڕیانەكەش ئەوەیە یان ئەوەتا كێشەكانی عێراق بەوجۆرە چارەسەر بكرێت كە سەرلەبەری لەیەكتری دوور كەوتوونەوە، یاخود دەستپێكردنەوەی پرۆسەی سیاسیی لەسەر بنەمایەكی تەندروست و ورد، هەڵگرتنی هەنگاوی خێرا بۆ چارەسەكردنی كێشەكان، بۆ ئەوەی سەقامگیرییەكی سیاسیی بێتە ئاراوە، بۆ ئەوەی تێگەیشنێكی قووڵ لە نێوان هێزە سیاسییە عێراقییەكان بۆ پابەندبوون بە دەستوور دروست بێت، بۆ ئەوەی عێراق بەرەو ئاییندەیەكی دیموكراتی و فیدراڵی ببات، یان ئەوەتا عێراق رێگەی دووەم دەگرێتەبەر، ئەویش ئەوەیە عێراق بەو شێوە نامێنێت كە ئێستا هەیە. بۆیە لەم واقیعەدا كورد دەبێت حساب بۆ هەردوو رێگەكە بكات و بەپێی ئەو واقیعە بڕیار لە ئاییندەی خۆی بدات.
* بەڕێزتان دەزانن نوری مالیكی بە ئاشكرا كوردستانی بە پەناگەی تیرۆریستان و بە ژووری عەمەلیاتی تیرۆریستان وەسفكرد، پرسیاری ئێمە ئەوەیە ئایا لەبری ئەوەی مالیكی سوپاسی هەڵوێستی كوردستان بكات، دەبێت بەو جۆرە پاداشتی كوردستان بكات؟ بەڕێزتان نزیكەی نیو سەدەیە كاری سیاسی دەكەن، ئایا ئەم هەڵوێستەی مالیكی ناو دەنێیت چی؟
- پێش هەمووشت ئەو بارودۆخەی لەموسڵەوە دەستی پێكرد، سوپای عێراق تووشی كارەسات و شكستیەكی گەورە بوو، ئەم شكستە ئەوەی دەرخست كە هەوڵی فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراق كە خودی سەرۆك وەزیرانی عێراقە بۆ بونیادی سوپایەك كە بتوانێت رووبەڕووی تیرۆریستان بێتەوە فەشەلی هێنا، ئەم شكستەكەش تەنیا شكستی فەرماندە سەربازییەكان و راهێنەرانی ئەو سوپایە نەبوون، بەڵكو فەشەل بوو لەسەری هەڕەمەكەوە، بۆیە دەبوو سەری هەڕەمەكە پێش هەمووشت ئیعترافی بە غەڵەت و فەشەلی خۆی بكردایە و بەرپرسیاریەتیەكەی هەڵبگرتایە، بەڵام بە پێچەوانەی ئەوەو بۆ ئەوەی ئەو فەشەلە بشارێتەوە، بەدوای ئەم و ئەو دەگەڕان بۆ ئەوەی بەرپرسیاریەتی ئەم فەشەلە بخەنە ئەستۆی ئەوان، بۆ ئەوەی خۆیان لەو گوناهەو لەو فەشەلە گەورەیە بێبەری بكەن، ئێمە لە بەغدا بەراشكاوی ئەو قسەیەمان پێوتن و پێمانوتن ئەوە هەوڵێكی بێهودەیە و بۆ شاردنەوەی فەشەلە گەورەكەی خۆیانە و دەیانەوێت خەڵك و لایەنی دیكە تاوانبار بكەن، ئەمە لە كاتێكدا ئەوەی فەشەلی هێناوە بە ئاشكرا دیارە، لەلایەكی دیكەوە كە ئەم بارودۆخە دروست بوو فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق راستیەكانیان لە خەڵك دەشاردەوە، تیرۆریستان لە دەرگای بەغدایان دەدا، داوای دەكرد با پێشمەرگە لە كوردستانەوە بێت و ئێمەش لای خۆمانەوە دێین موسڵ دەگرینەوە، لە كاتێكدا سوپای عێراق نە لە موسڵ نە لە تكریت دیار بوون و خەریك بوو سامەراشیان لێ بگرن، ئەمەش هەمووی بۆ ئەوەبوو راستیەكان لەخەڵك بشارێتەوە، ئەمەش هەمووی بۆ ئەوەبوو لەلایەك فەشەلی خۆی بشارێتەوە، لەلایەكی دیكە لە پەلەقاژێدا بوو ئایا دەبێتەوە بە سەرۆك وەزیران یان نە. ئەم حاڵەتە شڵەژانێكی گەورەی لەنێو هێزە سیاسییەكانی عێراق دروست كرد و هەروەها لەسەر ئاستی دەرەوەش دۆستانی عێراقی نیگەران كرد، بۆیە ئێمە لەگەڵ برا وەزیرە كوردەكان بە راشكاوی وتمان لەبری ئەوەی سەرۆك وەزیران رێز لە خوێنی شەهیدەكانمان و خەبات و جوامێری پێشمەرگە بگرێت كە بەدرێژایی 1050 كم لەبەرامبەر تیرۆریستان لە سەنگەری مقاوەمەتدان، كەچی دێت پێشمەرگە تاوانبار دەكات، لە كاتێكدا ئەفسەركانی سوپای عێراق بەرگی سەربازییان داكەندووە و دشداشەیان لەبەركردووە بۆ ئەوەی خۆیان لە داعش بشارنەوە، ئەم رووداوانە ئەوەمان پێدەڵێن، شێوازی ئەو كەسەی ئێستا حكومڕانی عێراق دەكات هیچ جیاوازییەكی نییە لەوانەی پێشتر حوكمڕانی عێراقیان كردووە، ئەمەش بەو مانایەی هەر خۆیان بەراست دەزانن، بیانوو بۆ هەموو شكستێكی خۆیان دەبیننەوە و حساباتی خۆیان لەسەر بنەمایەكی واقیعی و راستی ناكەن، لەمەش زیاتر ئەگەر سەیری لێدوانەكانی بكەین هەست دەكەین هەڵوێستی بەرامبەر كورد چۆنە، دوژمنایەتیشی بەرامبەر كورد چەندە. بۆیە دەبێت ئەمە وامان لێبكات كە زۆر بەقووڵی بە خۆماندا بچینەوە بەوەی ئەم سەرۆك وەزیرانە كەڵكی ئەوەی پێوە نییە لە عێراقێكی دیموكراتی و فیدرالیدا بەردەوامی هەبێت.
* بەڕێزت دوای ئەم لێدوانەی نوری مالیكی، وەك جێگری سەرۆك وەزیران لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا راتانگەیاند ئێوە وەك وەزیرە كوردەكان بایكۆتی كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران دەكەن و هاتنەوە بۆ كوردستان، پرسیار ئەوەیە ئایا ئەم بایكۆتكردنەی ئێوە تاچەند درێژەی دەبێت و مەرجی گەڕانەوەتان بۆ كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران چییە؟
- ئێمە جاری دیكەش لەسەر كۆمەڵێك پرس لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق نیگەران بووین، بەڵام هیچ جارێك وەك ئەمجارە نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی بایكۆتی كۆبوونەوەكان بكەین و بەغدا بەجێبهێڵین، هۆكاری ئەوەی ئەمجارە بایكۆتمان هەڵبژارد لەبەرئەوه بوو لێدوانەكانی نوری مالیكی هێندە نالۆژیكانە و دوژمنانە بوو كە هیچ بوارێكی بۆ ئێمە نەهێشتەوە، جارێ پێش هەمووشت بۆ هەریەك لە ئێمە شەرمە لەكۆبوونەوەیەك دابنیشین ئەو سەرۆكایەتی بكات، بەش بە حاڵی خۆم پێم عەیبە لەتەنیشتی دابنیشم وەك جێگری سەرۆك وەزیران لە ناو ئەنجومەنی وەزیران، بەڵام لەوانەیە لە شوێنێكی دیكە بیبینم وتووێژی لەگەڵ بكەم و باری سەرنجی خۆمی پێ بڵێم، بۆیە بەش بەحاڵی خۆم دوای ئەوەی ئەو هەموو بوختانەی بۆ گەلی كوردستان كرد، پێموانییە لەم ئەنجومەنی وەزیرانەی ئێستادا بچمەوە و كۆبوونەوەی لەگەڵدا بكەم، وەك ئەوەی هیچ رووینەداوە. بەڵام تەنیا لەیەك حاڵەتدا ئەگەر لە قسەكانی پاشەگەز بێتەوە و داوای لێبوردن لەگەلی كوردستان بكات، ئەو وەزیرانەی لە جیاتی وەزیرە كوردەكان دایناون ئەوانە هەڵوەشێنێتەوە، سەركردایەتی كوردیش بڕیار بدات، ئەو كاتە بڕیاردەدەم دەچمەوە یان ناچمەوە، بەڵام ئێستا خۆشبەختانە سەرۆكی پەرلەمان هەڵبژێردراوە و چەند رۆژێكی دیكە سەرۆك كۆمار هەڵدەبژێردرێت، دوای ئەوەش ئەوەندەی پێناچێت سەرۆك وەزیرانێكی تازە دەست نیشان دەكرێت، دڵنیاشم سەرۆك وەزیرانێكی تازە دەبێت، لەبەر ئەوەی نوری مالیكی ئەو توانایەی نییە هەموو هێزە سیاسییەكانی عێراق كۆبكاتەوە. یان نموونەیەكی باشتر پێشكەش بكات لەوەی هەتا ئێستا پێشكەشی كردووە.
* لە وتاری هەفتانەی مالیكی گوێبیستی ئەوە بووین و مەرجی بۆ سەرۆك كۆمار دادەنا كە بەشی كوردە، هەست دەكەین مالیكی سوورە لەسەر ئەوەی لە پۆستەكەی بمێنێتەوە، پرسیار ئەوەیە ئایا مانەوەی مالیكی لە پۆستەكەی عێراق بەرەو كوێ دەبات؟
- مالیكی ئێستا عێراقی بەرەو هەڵدێر بردووە، ئەگەر دووبارە ببێتەوە بە سەرۆك وەزیران بێگومان عێراق بەرەو هەڵدێرێكی قووڵتر دەبات، هەر بۆنموونە ئەوەی لەماوەی 8 ساڵی رابردوو مالیكی كردوویەتی و بەشێوەیەكی بابەتیانە هەڵیبسەنگێنین، ئەوا لایەنە خراپەكەی لە چاكەكەی زۆر زۆر زیاترە، بۆیە من لەو قەناعەتەدا نیم كەسێك لایەنی خراپەی زۆر زۆر زیاتر بێت لەلایەنە باشەكەی بتوانێت بیروبۆچوونی خۆی بگۆڕێت، بەتایبەتی كە ئێستا زۆر لایەنی سروشت و كەسێتی ئاشكرا بووە، هەموو ئەمانە بگۆڕێت و بتوانێت كارێكی باش بكات.
* سەرۆك بارزانی دوو نامەی بۆ هەریەك لە سەماحەتی ئایەتوڵڵا سیستانی و ئیبراهیم جەعفەری ناردووە، هەتا ئێستا ناوەڕۆكی ئەم دوو نامەیە ئاشكرا نییە، ئایا جەنابت دەكرێت ناوەڕۆكی ئەم دوو نامەیە بۆ خوێنەرانی گوڵان ئاشكرا بكەیت؟
- هەرچەندە من هەردوو نامەكەم نەدیوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە ناوەڕۆكی ئەو دوونامەیە راو بۆچوونی گەلی كوردستان پیشاندەدات، ئەو بوختانانە رەتدەكاتەوە كە نوری مالیكی بۆ گەلی كوردستانی هەڵبەستووە، داوا دەكات ئەو بەڕێزانەش ئەو راستیانە دەربخەن، پێوەندییەكانی نێوان پێكهاتەكانی عێراق چاكبكەنەوە و بەرەو پێشەوەی بەرن، بە دڵنیایەوە جەنابی سەرۆك ئامادەباشی خۆشی بۆ هەموو هاوكاریەك پیشانداوە، بۆ ئەوەی بارودۆخی عێراق لەم شكستیەو لەم بارودۆخە نالەبارە رزگار بكات، هاوبەش بێت بۆ عێراقێكی فیدرالی و ئارەزوومەندانە، كە هەموو عێراقیەكان هاوبەشی راستەقینە بن لە حوكمڕانیدا.
* لەم بارودۆخە ئەمریكا هاتۆتە سەرخەت و گوشار لە لایەنەكان دەكات كە بەزوویی حكومەت پێكبهێنن، ئایا تاچەند گوشاری خستۆتە سەر كورد؟
- ئەوەندەی من ئاگادارم، ئەمریكا تیرۆر و تیرۆریستان بە مەترسی گەورە دەزانێت لەسەر بەرژەوەندییەكانی خۆی و بەرژەوەندی ناوچەكە، ئەمە بێجگە لەوەی تیرۆریستان هەڕەشەیەكن دژ بە مرۆڤایەتی بەگشتی، بۆیە هەموو هەوڵ و كۆششی ئەمریكا لە پێناوی ئەوەیە بەرەنگاری تیرۆریستان ببنەوە، ئەوجا بۆ ئەوەی لە عێراقیشدا بتوانن رووبەڕووی تیرۆریستان ببنەوە، پێویستە خۆشیان بەشێوەیەكی كاریگەر بەشدار بن، بەڵام ناتوانن بەشێوەیەكی كاریگەر بەشدار بن هەتا حكومەتی عێراق بەم شێوەیە بێت، واتە تا حكومەتی عێراق هەموو پێكهاتەكان لێی رازی نەبن و خۆیان بەشەریكی راستەقینە نەزانن لەناو ئەو حكومەتەدا، هەربۆیە هەوڵەكانی چڕكردۆتەوە بۆ ئەوەی حكومەتێكی دیكە لە عێراقدا پێكبهێنرێت و هەموو پێكهاتەكان كۆبكاتەوە، بۆ ئەمەش پەلە دەكەن هەرچۆنێك بێت ئەو حكومەتە پێكبهێنرێت، كە هەموو لایەنەكان كۆك بن لەسەری و پێی رازی بن، ئەمە بە ئاشكرا دەڵێن، بەڵام بە مەزندەی خۆم ئەمریكا باش دەزانێت ئەوەی لە عێراقدا كاریگەری هەبێت و تارادەیەك دۆستی بێت و خوازیاری دیموكراتی بێت و هەنگاو بۆ دیموكراتی هەڵبگرێت، ئەویش گەلی كوردستانە، بۆیە ئەمریكا و وڵاتانی دیكەش بە شێوەیەكی تایبەتی سەیری كوردستان و بارودۆخی كوردستان دەكەن، نایانەوێت ئەو دۆستە باشەیان لەدەست بچێت.
* ئێوە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵوێستان بەرامبەر بە كاندیدی یەكێتی نیشتمانی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار چییە؟
- من ئێستا وەك پارتیەك قسە ئەكەم، ئێمەو یەكێتی پێكەوە ئەم ئەزموونەمان بە تاڵی و شیرینی تا ئێرە هێناوە، بۆیە ئێمە پێمان خۆش نییە یەكێتی دووچاری كێشەی ناوخۆیی بێت، بۆیە حەزدەكەین نێوماڵی یەكێتی یەكگرتوو بێت بۆ ئەوەی بتوانێت هێمنانە رۆڵێكی ئیجابی لەپرۆسەی سیاسیی عێراق و كوردستان بگێڕێت، لەبەر ئەوە باشترە هەركەسێك خۆی كاندید دەكات، كاندیدی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی بێت و ئەوان بڕیاری لێبدەن، كەسێك نەبێتە هۆكاری دروستكردنی كێشە، بۆیە ئەمە سیاسەتی پارتی دیموكراتی كوردستانە بەرامبەر بە یەكێتی و بە كاندیدەكەشی بۆ سەرۆك كۆمار.
* ئاشكرایە مالیكی دەیەوێت ئۆباڵی دابەشكردنی عێراق بخاتە ئەستۆی كورد، بۆیە دەیەوێت پاكانە بە كاندیدی سەرۆك كۆمار بكات بەوەی دەبێت دژی ئەو لایەنانە بێت داوای سەربەخۆیی كوردستان دەكەن، ئەمە لە كاتێكدا ئەوەی عێراقی دابەشكرد خودی مالیكی بوو، پرسیاری ئێمە ئەوەیە كاتێك عەقڵ قبوڵ نەكات جارێكی دیكە عێراق بگەڕێتەوە بۆ پێش 10ی حوزەیران، پڕكردنەوەی پاكانە بە كاندیدی سەرۆك كۆمار وەك پشكی كورد چی دەگەیەنێت؟
- پەندێكی عەرەبی هەیە دەڵێت ئەوەی خەریكە دەخنكێت خۆی بە پوشێكیشدا هەڵدەواسێت، ئەم قسانەی مالیكیش لەو جۆرە هەوڵانەن بۆ ئەوەی دەست بەكورسیەكەیەوە بگرێت و لەدەستی نەچێت، هەوڵدانێكی لاوازە بۆ ئەوەی لە ناو كورددا لایەنێك بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی واز لە كۆدەنگی كوردی بهێنێت و بچێت بە تەماعی سەرۆك كۆماری دوای ئەو بكەوێت، ئەم جووڵەیە لە بناخەوە فاشیلە، لەبەرئەوەی خۆشبەختانە كورد لە سەر مەسەلەی عێراق هەموو یەكدەنگ و یەكڕیزین، ئەمەش بە قووڵی لە كۆبوونەوە پێنج قۆڵیەكەدا و لە كۆبوونەوە فراوانەكاندا باسكراوە، بۆتە سیاسەتێكی چەسپاو لەلایەن هەموو هێزە كوردستانییەكان، هەربۆیە هەوڵەكانی نوری مالیكی سەركەوتوو نابێت، هەروەها پۆستی سەرۆك كۆمار نوێنەرایەتی هەموو گەلی كورستان دەكات، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەو كەسەی دەبێتە سەرۆك كۆمار لەبەر ئەوەی كوردە، نەك لەبەر ئەوەی پارتیە یان یەكێتی، لەناو كوردیشدا بەپێی دانوستاندنەكان و بەرژەوەندی ئەو پۆستە به یەكێتی سپێردراوە بەوەی ئەوان كاندیدێكی گونجاو پێشنیار بكەن، بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆك كۆماری عێراق، بەڵام كە دەبێتە سەرۆك كۆمار پێش هەمووشت نوێنەری كوردە نەك لایەنێكی سیاسی دیاریكراو. ئەمەش دوو مانای هەیە، یەكەمیان پیشانی دەدات عێراق لەدوو نەتەوەی سەرەكی پێكهاتووە كە كورد و عەرەبە، دووەم وەك نوێنەری كورد دەبێت بەرگری لە مافەكانی گەلی كوردستان بكات.
* لە ئێستادا یەكڕیزی و یەك گوتاری لە بەغدا تەنیا رێگەیە بۆ ئەوەی كورد سەركەوتوو بێت، ئایا بەڕێز د.رۆژ نوری شاوەیس، تاچەند لەم یەكڕیزییە رازییە، دیارە ناشاردرێتەوە، جۆرێك لە دوو گوتاری هەیە، ئایا چۆن ئەم دوو گوتارییە دەكرێتەوە بە یەك گوتار؟ هۆكاری ئەم دوو گوتارییە لەنێو لایەنە كوردستانییەكان چییە؟
- دیارە ئەوە ناشاردرێتەوە جار بەجارێ دوو گوتاری هەیە، من هیوادارم ئەو دوو گوتارییە، دووگوتاری لایەنەكان نەبێت، واتە بە بڕیاری حزبێك یان لایەنێك نەبێت، من ئومێدەوارم ئەو دوو گوتارییە رەنگدانەوەی چەند كەسانێك بێت، لەراستیشدا بە بۆچوونی من زیاتر ئەم دوو گوتارییە بۆچوونی كەسییە نەك بڕیاری حزب یان لایەنێكی سیاسیی، بەس كە گەیشتە بڕیاردان لە چارەنووسی كوردستان، ئەوا هەموو حزبەكان كۆدەبنەوەو یەك گوتار دەبن، ئەمەش بڕیاری هەموو حزبەكانە، من دڵم بەوە خۆشە هەموو حزبەكانی كوردستان هەست بە بەرپرسیاریەتی دەكەن و لەم پرۆسەیەشدا هەر بەیەكڕیزی سەركەوتوو دەبین.
Top