مەلا عەبدولقادر ئەمین پێش نوێژی مزگەوتی 121ی گوڵان لە هەولێر:له بەرامبەر دەرگای كەعبە دوعام بۆ مسعود بارزانی كردووە بۆ ئەوەی خوا هیدایەتی بدات و لە خزمەتی كوردستان و ئایینی ئیسلامدا سەركەوتوو

مەلا عەبدولقادر ئەمین پێش نوێژی مزگەوتی 121ی گوڵان لە هەولێر:له بەرامبەر دەرگای كەعبە دوعام بۆ مسعود بارزانی كردووە بۆ ئەوەی خوا هیدایەتی بدات و لە خزمەتی كوردستان و ئایینی ئیسلامدا سەركەوتوو
هەوڵدان بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان، كارێكی ئاسان نییە، بۆیە كاتێك بەڕێز مسعود بارزانی وەك سەرۆكی هەڵبژێردراوی كوردستان شانی داوەتە بەر ئەم ئەركە قورسە، ئەركی سەرشانی هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگەی كوردستانە كە پشتگیری بكەن بۆ ئەوەی خوا هیدایەتی بدات و لەم ئەركە قورس و مێژووییە سەركەوتوو بێت، پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا خەڵكی كوردستان چۆن سەیری ئەم ئەركە قورسەی سەرشانی بارزانی دەكەن؟ بێگومان ئەو ئەركە قورسەی سەر شانی بارزانی خواست و ویستی هەموو گەلی كوردستانە و بارزانی بە نوێنەرایەتی هەمووان ئەم ئەركەی خستۆتە سەر شانی، لەلایەكی دیكە تاچەند ئەم ئەركەی سەر شانی بارزانی ئەركێكی نیشتمانی و ئایینی و ئەخلاقیە؟ دیارە زانایانی ئایینی ئیسلام و مەلا بەڕێزەكانی كوردستان ئەركی سەر شانیانە ئەم لایەنانە بۆ موسڵمانان ڕوون بكەنەوە، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم لایەنە سەردانی مامۆستا مەلا عەبدولڕەحمان ئەمین پێش نوێژی مزگەوتی 121ی گوڵانمان لە هەولێر كرد و بەڕێزی بەمجۆرە ڕای خۆی بۆ گوڵان خستەڕوو.
* میللەتی كوردستان هەتا ئەمڕۆ و بۆ گەیشتن بە سەرفرازیی دەریایەك خوێنی بەخشیووە، ئێستا خەریكە ئومێدی سەرفرازی و گەیشتن بە سەربەخۆیی كوردستان لەسەر دەستی بەڕێز مسعود بارزانی دێتە دی، پرسیاری ئێمە ئەوەیە ئایا ئەركی ئایینی و ئەخلاقی بۆ هەر تاكێكی كوردستان چییە بۆ ئەوەی پشتگیری لە سەرۆكی خۆی بكات؟
- بە ناوی خوای بەخشندە و میهرەبان، ئێمە وەكو موسڵمان سوپاسی خوا دەكەین كە لە دێر زەمانەوە پارێزگاریمان لەم ئایینە پیرۆزە كردووە، ئەوجا پێش ئەوەی بێمە سەر ئەو ئەركەی ئێستا لەسەر شانی بەڕێز مسعود بارزانی-یە، دەمەوێت جەخت لەسەر ئەوە بكەمەوە كە ئیسلام ڕێسا و یاسای خۆی هەیە و بۆ هەر سەردەمێك ئەو یاسا و ڕێسایە پیادە دەكرێت، بۆیە بەدرێژایی مێژووی ئیسلام هەر كاتێك ئەو یاسا و ڕێسایەی ئیسلام بە باشی جێبەجێ كرابێت، ئەو سەردەمە بەسەردەمی زێڕین وەسفكراوە، بۆیە ئەگەر لەم پرسەشدا و لە ڕوانگەی یاسا و ڕێساكانی ئیسلامەوە سەیری ئەم قۆناخە بكەین، كە پشتیوان بەخوا بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو هەڵدەگرین، ئەوا هەنگاوی یەكەم كە ئایینی ئیسلام پێش هەمووشت داوامان لێدەكات دەبێت یەكگرتوو بین، بۆیە لەم قۆناخەدا پێویستە ئێمە یەكگرتوو و یەكڕیز بین و لە تەفرەقە و لێكترازان دووربكەوینەوە، بەڵام ئەم یەكڕیزی و یەكگرتووییەش بێگومان دەبێت لەسەر ئەو بنەمایە بێت كە ئیسلام فەرمانی پێكردوین، ئەم بنەمایەش ماف و ئەرك بۆ هەموو لایەك دیاری دەكات، بۆیە ئەگەر هەموو لایەك ماف و ئەركی خۆیان زانی ئەوا كێشە لە نێوانیاندا نابێت و یەكڕیزی و یەكگرتوویی دروست دەبێت، لێرەوە ئەگەر سەیری چۆنیەتی دابەشكردنی ئەرك و ماف بكەین، لەنێوان دوو گوند، دووشار، دوو نەتەوە، دوو گەل، ئەوا ئیسلام دیاری كردووە، كە پێویستە هەر لایەك سنوری خۆی بزانێت و ڕێز لەو سنورە بگرێت بۆ ئەوەی كێشەو ئاسەتەنگ لە نێوانیان دروست نەبێت، بۆ نەتەوە و گەلانیش بێگومان دەبێت هەر نەتەوە و گەلێك سنوری خۆی بزانێت و لەناو ئەو سنورەی كە خوا پێیبەخشیووە ئازاد و سەربەخۆ بێت. ئەوجا دیاریكردنی ئەم سنورانە بۆ تەفرەقە نییە، بەڵكو بۆ ئاشتی و ڕێكخستنی ژیانە لەنێو موسڵماناندا.
ئەوجا سەبارەت نەتەوەی كورد یان گەلی كوردستان با وای دابنێین ئێمە لەنێو دەوڵەتێكی ئیسلامیداین و ئەو یاسا و ڕێسایانەی ئیسلام بە ڕێكوپێكی جێبەجێ دەكات، لەم حاڵەتە ڕاستە ئێمە بەشێك دەبین لەو دەوڵەتە ئیسلامیە، بەڵام ئەگەر ئەم دەوڵەتە ئیسلامیە ڕێگەی دا، تورك و فارس و عەرەب و پاكستانی، لەناو ئەو دەوڵەتە حكومەت و دەوڵەتی خۆی هەبێت، ئەوا دەبێت كوردیش حكومەت و دەوڵەتی خۆی هەبێت، لەبەر ئەوەی خوا چۆن ئەو مافەی بە نەتەوەكانی دیكە بەخشیوە، ئاوا بەنەتەوەی كوردیش ئەو مافەی بەخشیووە، لەم حاڵەتە ئەگەر دەوڵەتە ئیسلامیەكە ئەم مافەی بەكورد ڕەوا نەبینی، ئەمە دەبێتە لادان لەشەرعی خوا و دەبێتە بانێك و دوو هەوا، ناكرێت پێی بڵێن دەوڵەتێكی دادپەروەری ئیسلامیە.
بۆیە لە روانگەی شەرع و ڕێساو یاساكانی ئیسلامەوە، نەتەوەی كورد مافی خۆیەتی دەوڵەتێكی جیاوازی لە نەتەوەكانی دیكە هەبێت، ئەم جیاوازییە بە مانای دروستكردنی تەفرەقە نییە، بەڵكو جێبەجێكردنی دادپەروەری و شەرعی خوایە، بۆیە ئەگەر هەموو موسڵمانانیش لەناو دەوڵەتێكی وەك ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كۆبكرێنەوە، ئەوا دەبێت لەناو ئەو دەوڵەتە كوردیش لە ویلایەتەكەی خۆیدا دەسەڵاتی دەوڵەتی سەربەخۆی هاوشانی نەتەوەی تورك و فارس و عەرەب و نەتەوە موسڵمانەكانی دیكەی هەبێت، بۆیە لەم ڕوانگەیەوە ئەركێكی ئەخلاقی و ئایینی هەر تاك و لایەنێكە كە پشتگیری لە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان بكات. لەبەر ئەوەی گەلی كوردستان تەنیا داوای ئەوە دەكات سنوری خۆی دیاری بكات و تەماعی لەخاكی هیچ كەسێك نییە.
بۆیە لەم چوارچێوەیەدا كە برای بەڕێزمان جەنابی كاك مسعود بارزانی وەك سەرۆكی كوردستان ئەم ئەركەی خستۆتە سەر شانی خۆی، ئەمە هیوا و ئاواتی هەموو كوردێك و كوردستانییەكە، بەڕێز بارزانی كە ئەم مەسەلەی وروژاندووە، لەوانەیە كارێكی زۆری بۆ كردبێت و پشتگیری بۆ پەیدا كردبێت، بۆیە ئێمە هەموومان پشتگیری بۆ دەكەین و دوعای بەخێری بۆ دەكەین و لە پەروەردگار دەپاڕێینەوە خوا پاداشتی خێری بداتەوە. بۆیە هەر كەسێك ئەم كارە بكات ئێمە وەك موسڵمان پشتگیری دەكەین، بەڵام باشترە ئێستا كە دەبینین كەسێكی وەك بارزانی ئەم ئەركەی خستۆتە سەر شانی كە خۆی پێشمەرگە بووە و خۆی هەموو ئەو نەهامەتی و كارەساتانەی بینیوە كە بەسەر میللەتەكەماندا هاتووە، لەمەش زیاتر بنەماڵەكەی خۆی ئەنفالكراون و دەربەدەر كراون، بۆیە دڵنیاین مسعود بارزانی لە هەموو كەس زیاتر بە ئەمینی ئەم كارە دەكات و بەرپرسیاریەتی سەر شانی خۆی جێبەجێ دەكات، بۆیە بەڕاستی پشتگیری دەكەین و دوعای بۆ دەكەین خوا هیدایەتی بدات و سەركەوتوو بێت.
* بەڕێزت لەدواین قسەت ئاماژە بەوە كرد دوعا دەكەین خوا هیدایەتی مسعود بارزانی بدات بۆ ئەوەی لەم كاره قورسەی سەركەوتوو بێت، لێرەدا دەمەوێت ئەوەت لێ بپرسم بەڕێزت وەك مامۆستایەكی ئایینی پیرۆزی ئیسلام چۆن سەیری بەڕێز مسعود بارزانی دەكەیت؟
- لەگەڵ ئەوەی ئەم قسەیەم بۆ ڕاگەیاندنە و بڵاو دەبێتەوە، بەڕاستی پێم خۆش نەبوو ئەم پرسیارەم لێ بكرێت، چونكە مەراییم لێ حەرامە و درۆیشم بەلاوە هەر حەرامە دەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم كە من ڕووبەڕووی دەرگای كەعبە دوعام بۆ مسعود بارزانی كردووە بۆ ئەوەی خوا هیدایەتی بدات چۆن خزمەتی ئەو میللەتە بكات و چۆن خزمەتی ئایینی پیرۆزی ئیسلام بكات، ئومێدیشم وایە دوعاكانم پەروەردگار قبوڵی بكات، لەبەر ئەوەی لەو شوێنە دوعام بۆ كردووە كە حەزرەتی پێغەمبەر(د.خ) دوعای بۆ عومەر (خ.ل) كرد بۆ ئەوەی خوا هیدایەتی بدات و ببێتە كۆڵەگەیەك بۆ ئیسلام، ئەوەبوو خوا دوعاكەی پێغەمبەری (د.خ) قبوڵ كرد و عومەر (خ.ل) بووە سەنگەرێكی گەورە بۆ ئیسلام و توانی ئایینەكە ئاشكرا بكات و پاشانیش دووەمین خەلیفەی موسڵمانان و ئەمیری باوەڕداران، بەخوا منیش لەو شوێنە دوعام بۆ مسعود بارزانی كردووە، بێگومان پەروەردگار زۆر بە ڕەحمە، دوعای پاش ملەش قبوڵە، ئەوجا نەك كەسێكی وەك مسعود بارزانی كە ئێستا سەرۆكی كوردستانە و جێگەی ئیفتیخار و شانازییە بۆ هەموو كورد و كوردستانییەك و بەڕێزی لە بنەماڵەیەكی ناسراوی كوردستانە و كوڕی مەلا مستەفا بارزانی-یە و لە دەرەوەی وڵات كەسێكی متمانە پێكراو و ناسراوە، بەڵكو هەر كوردێك ئەم ئەركە بگرێتە ئەستۆی خۆی دەبێت دوعای بەخێری بۆ بكەین بۆ ئەوەی خوا هیدایەتی بدات، بۆ ڕێگەی ڕاست و بۆ ئەنجامدانی ئیشی ڕاست و دروست، لەمەش زیاتر ئەگەر خوانەخواستە كەسێك یان لایەنێكیش لەم خەتە لای دابێت، ئەوا هەر دەبێت دوعای بەخێری بۆ بكەین بۆ ئەوەی خوا هیدایەتی بدات و بێتەوە سەر ڕێگای ڕاست. بۆیە لەم مانگی ڕەمەزانەدا كە مانگی خێر و بەرەكەتە، دوعا دەكەین كە خوا هیدایەتی هەموومان بدات، بە تایبەتی ئەو برا بەڕێزەمان جەنابی مسعود بارزانی دەپاڕێینەوە خوا هیدایەتی بدات، خوا پشتیوانی بكات بە هاوشێوەی مەلا مستەفا بارزانی میللەت هەمووی یەكبخات و ڕێز لە ئایینی پیرۆزی ئیسلام بگرێت و خزمەتی ئەو ئایینەی لەبیر نەچێتەوە، كە ئایین و بیروباوەڕی لە سەدا نەوەدو هەشت ئەم گەلە قارەمانەیە، كە دەشڵێم وەك مەلا مستەفا بارزانی مەبەستم ئەوەیە من خۆم یەكێك بووم لە پێشمەرگەكانی شۆڕشی ئەیلوول، كاتێك یەكێتی زانایانی ئیسلامی دامەزرا، جەنابی مەلا مستەفا خوا لێیخۆش بێت لە یەكێك لە قسەكانیدا كە جەنابی مامۆستا مەلا عوسمان خوا لێیخۆش بێت خۆی بۆی گێڕامەوە فەرمووبووی: (مەلا مستەفا بە ئێمەی وتووە مامۆستا ئێوە چیتان دەوێت؟ فەرمووبووی فەرموو ئێوە ئەو قورئانە جێبەجێ بكەن، هەموو لەشكری شۆڕشی ئەیلوول لە پشتتان دەبێت و پشتگیریتان دەكەم) من لە زۆر شوێن وتوومە دەبێت جەنابی كاك مسعود بارزانیش بە هەمان شێوازی مەلا مستەفا خزمەتی ئایینی ئیسلام بكات، لەبەر ئەوەی جەنابی مەلا مستەفا بارزانی توانی بەم هەنگاو و ڕەفتارانەی هەموو گەلی كوردستان بكات بەیەك و هەموو حزبەكان بكات بەیەك و یەك هەڵوێست و یەك ئامانج بن، هەتا پێش ساڵی 1970 هەندێك لە براكان جیابوونەوە و شەڕی شۆڕشی ئەیلوولیان كرد، حكومەتی عێراق بۆیە ڕێككەوتنی لەگەڵ شۆڕشی ئەیلوول كرد، بۆ ئەوەی دووبەرەكی دروست بكات و مەلا مستەفا تۆڵەیان لێبكاتەوە، بەڵام مەلا مستەفا لێبوردنی گشتی بۆ دەركردن و لەمەش زیاتر فەرمانی كرد هەمووان بەهەموو پلەو پایەی خۆیانەوە بگەڕێنەوە بۆ ناو شۆڕش و هەمان پلە و پایەی خۆیان وەربگرنەوە، ئەوجا چی مایەوە تەنیا خزمەتی ئایینەكە مابوو، بۆیە دووبارە یەكێتی زانایانی ئیسلامی دروستكردەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە جەنابی مەلا مستەفا بارزانی هەر لەسەر ئاستی نەتەوەیی و نیشتمانی هەمووانی یەكخست و ماڵی كوردی ڕێكخستەوە و هەمیش لەسەر ئاستی ئایینی پیرۆزی ئیسلام هەموو موسڵمانانی كوردی یەكخستەوە، بۆیە ئێستا دوعا بۆ كاك مسعود بارزانی دەكەم، بەوەی كە خوا هیدایەتی بدات و بە هاوشێوەی مەلا مستەفا بارزانی لەسەر هەموو ئاستەكان ماڵی كورد و كوردستان ڕێكبخاتەوە و ڕەشماڵەكەی ئەوەندە گەورە بێت، جێگەی هەموومانی تێدا ببێتەوە و كەس پەراوێز نەكرێت.
* مامۆستا بەڕێزت باسی دامەزراندنی یەكێتی زانایانی ئیسلامیت لە شۆڕشی ئەیلوول كرد و هەموو زانایانی ئیسلامی كوردستان لەو یەكێتیەدا خۆی دەبینییەوە و پەناتان بۆ دروستكردنی حزبی ئیسلامی نەبرد، پرسیاری من ئەوەیە بۆ لە سەردەمی مەلا مستەفا تەنیا یەكێتی زانایانی ئیسلامی بەس بوو و پێویستتان بە حزبی ئیسلامی نەبوو، بۆچی دوای كۆچی خوالێخۆشبوو حزبی ئیسلامی دروست بوو؟
- جارێ پێش هەمووشت جەنابی مەلا مستەفا بارزانی هەموو مامۆستایانی ئایینی كۆكردەوە و پیێ وتبوون مامۆستایان فەرموون ئێوە چیتان دەوێت بیكەن و هێزی پێشمەرگەی من پشتیوانیتان دەكات، ئەو فەرمووی ئەوەی من پێم ناكرێت فەرموو ئێوە بیكەن و پشتگیرتان دەكەم، من خۆم یەكێك بووم لە ئەندامی یەكێتی زانایان و سكرتێری یەكێتی زانایان لە ناوچەی پشتۆ و بەمۆ، ماوەی 15-20 لەو دێهاتانە جەولەم كردووە ئامۆژگاری ئایینی خەڵكمان كردووە و كێشە ئایینیەكانمان بۆ ڕوون كردونەتەوە و پشتیوانیم لە شۆڕشی ئەیلوول كردووە، بۆیە كە ئەمە هەبووبێت حزبی ئیسلامیمان بۆچی بووە؟ بۆیە ئێستاش داوا لە بەڕێز مسعود بارزانی دەكەم بە هەمان شێوەی مەلا مستەفا بارزانی دڵی فراوان بێت، ڕەشماڵەكەی گەورەتر بێت بۆ ئەوەی جێگەی هەموومان ببێتەوە، من پرسیار دەكەم بۆچی جەنابی مسعود بارزانی بەردەوام مەلاكانی كوردستان لەدەوری نین و بۆ لە مەجلیسی مسعود بارزانیدا بەردەوام چەند مەلایەكی لێهاتووی كوردستان بوونی نییە و ڕاوێژیان پێبكات؟ بەڕاستی ئەوان لەناو خەڵكدان و ئێش و ئازار و گرفتیان باش دەزانن و جێگای متمانەی زۆربەی خەڵكی كوردستانن. من دوعای بۆ دەكەم خوا هیدایەتی بدات و هەموو ڕەفتار و هەنگاوەكانی جەنابی مەلا مستەفا پیادە بكات، چونكە هەر ئەو شێوازە میللەت بەرەو سەركەوتن دەبات. من پرسیار دەكەم بۆچی بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانە لە هەمانكاتدا سەرۆكی ئیسلامیەكان نەبێت؟ بۆیە من ئومێد دەخوازم بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەموو كورد و كوردستان بێت بە ئیسلامیەكانیشەوە، ئەمەش تەنیا بەو لێبوردەییە دەكرێت كە خوالێخۆشبوو جەنابی مەلا مستەفا لە شۆڕشی ئەیلوولدا پیادەی دەكرد، كە سەرۆكی هەرێم ئەو لە ئێمە باشتر ئاگاداری ئەو سەردەمەیە.
* سەبارەت بەو بارودۆخەی ئێستا بە پێچەوانەی جارەكانی پێشوو كە كوردیان تاوانبار دەكرد كە عێراق دابەش دەكەن، بەڵام ئەوە سوننە و شیعە بوون عێراقیان دابەشكرد نەك كورد، هەروەها ئێستا ئێمە دەوڵەتێكی دیكە دراوسێمانە كە ناوی داعشە، بەغداش پێمان دەڵێت تیرۆریست، ئایا بواری ئەوە ماوە جارێكی دیكە لەگەڵ عێراق بژین؟
- ئەوەی داوای ئەوەمان لێدەكات بەشێك بین لە عێراق، ئێستا دەوڵەتێك كەوتۆتە نێوانمان كە ئەویش ئەو دەوڵەتەیە كە جەماعەتی داعش لەناوچە سوننییەكان ڕایانگەیاندووە، ئەم دەسەڵاتە یان ئەم دەوڵەتە ئێمەی لەوانە جیاكردۆتەوە و ئەوانیشی لە ئێمە جیاكردۆتەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە ئێمە لە جێگەی خۆمان دانیشتووین و ئەوان خۆیان جیاكردۆتەوە، هەتا ئێستاش سەركردایەتی سیاسی كوردستان ئومێدی ئەوەیە سوننە و شیعە پێكەوە بگونجێن و لە حكومەتێكدا بتوانن پێكەوە هەڵبكەن، بۆیە لەم بوارەدا كورد بە ڕاشكاوی قسەی خۆی دەكات و پێ لەسەر مافەكانی خۆی دادەگرێت، بەڵام چاوچنۆكیش نییە و تەماعی لەماڵی كەس ناكات، لەمەش زیاتر هێندەی من ئاگادارم بەرپرسانی باڵای كوردستان دەیانەوێت، لە بەغدا حكومەتێكی وا دابمەزرێت كە هەموو پێكهاتەكان بە شێوەیەكی دادپەروەرانە بەشدار بن و مافی خۆیان پێبدرێت، بۆیە كە ئەم ویستە لە بەغدا نابینرێت، ئەوا ئێمە بمانەوێت و نەمانەوێت جیابووینەتەوە، لەمەش خراپتر ناو و ناتۆرەمان لێدەنێن و قسەی نەشیاو بەرامبەر خەڵكی كوردستان دەكەن، لەهەمووی خراپتر تۆمەتی كوفرمان دەخەنە پاڵ، لەكاتێكدا خەڵكی كوردستان خۆی لەوان بە موسڵمانتر دەزانێت، بۆیە كاتێك ئەو تۆمەتانەمان دەخەنە پاڵ، ناچارین بە هەمان شێوە وەڵامیان بدەینەوە، بۆیە ئەوان وایانكردووە كە جارێكی دیكە گونجان و پێكەوە ژیانمان لەگەڵ ئەوان بەم ڕەفتارەی چەند ساڵی پێشوویان زۆر ئەستەم بێت.
* دوا پرسیار سەبارەت بە رۆڵی پێشمەرگەی كوردستان دەكەم، ئێستا پێشمەرگە ئەركێكی گەورە و پیرۆزی كەوتۆتە سەر شان، ئەویش بەرگری كردنە لە كوردستان. ئایا چۆن ببینە پشت و پەنا بۆ پێشمەرگە و چۆن هاوكاریان بكەین بەگشتی و ئایا ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی لەم بوارەدا دەبێت چۆن بێت؟
- پێشمەرگەی كوردستان پێش هەموو شت كوڕ و برای خۆمانن، هەر لە بنەماڵەی خۆمان لە ئێستا 60-70 پێشمەرگەمان هەیه، پێموایە لە خانەقین تا موسڵ لەو سنورانە بەرگری لە كوردستان دەكەن، ئەوجا لەخوا بەزیاد بێت هەموویان نوێژ دەكەن و لەگەڵ ئەوەی یەكێتی زانایانی ئیسلام فەتوای بۆ داون بەڕۆژوو نەبن، هێشتا زۆرێكیان ئامادە نین ڕۆژووی خۆیان بشكێنن و هەر بەڕۆژوون، من كاتی خۆی نامیلكەیەكم نووسی بەناوی خەمخۆرانی گەلی كورد، لەو نامیلكەیەدا 26 خاڵم دیاری كردبوو، لەوانە دانانی مامۆستایانی ئایینی لە ڕیزی سوپادا وەك مورەبی و ئامۆژگاریكەر. ئێمە سوپاسگوزاری هێزی پێشمەرگە دەكەین، لەبەر ئەوەی ئەگەر ئەوان نەبن ئێمە ناتوانین ئاوا بە ئارامی لەكوردستاندا دابنیشین و ناتوانین لەناو ماڵی خۆماندا بنووین، بۆیە پێویستە ئێمە وەك موسڵمانان هەریەك بەپێیی توانای خۆی هاوكاری پێشمەرگە بكات و ئاگاداری خانەوادەكانیان بین، هەر لە قسەی خێرەوە تا سەروەت و سامان دەبێت پشتگیری پێشمەرگە بكەین، بە تایبەتی كە ئێستا مانگی ڕەمەزانە داوا لەو خەڵكانە دەكەم كە دەوڵەمەندن بەشێك لە زەكاتی خۆیان بدەنە خانەوادەی پێشمەرگە و سەردانیان بكەن و بەسەریان بكەنەوە.
* ئایا لەم قۆناخە پێویست نییە مەلا مێزەر سپیە بەڕێزەكانی كوردستان بەشداری پێشمەرگە بكەن و لەناو سەنگەرەكانی بەرگری ببینرێن؟
- بەڵی بەشداری كردن زۆر گرنگە، هەندێكیشم بینی زۆر دڵم پێیخۆشبوو، بەڵام بەشدارییەكە بەرێژەیەكی كەم بووە، بۆیە من ئومێد دەخوازم موشارەكەی مەلا بەڕێزەكان زیاتر بێت، بەڵام پێشنیاری من ئەوەیە ئەمە لەلایەن سەركردایەتی سیاسیی كوردستانەوە یەكێتی زانایانی ئیسلامی ئاگادار بكاتەوە موشارەكەی مەلا بەڕێزەكان و كاریان بۆ ڕێكبخات، لەبەر ئەوەی پێویستە بۆ هەموو بەرەكان و بۆ هەر بەرەیەك چەند مەلایەك بنێرن، هەم بۆ ڕێنمایی ئایینی، هەمیش بۆ بەهێزكردنی ورەیان، لەم كاتەدا ئەمە زۆر پێویستە، چونكە بەرەی سەنگەری پێشمەرگە زیاتر لە 1000 كیلۆمەترە، داواش دەكەم كە بەرپرسانی سیاسی و سەربازی هەوڵی ئەوە بدەن پێشمەرگە لەم كاتەدا ئەوەندە ماندوو نەكەن و بە ئەندازەی پێویستی ئەم سەردەمە هێز ڕەوانەی ئەو سنوورانە بكەن، چونكە ڕۆژگارێكی درێژ و كارێكی گەورە لەبەردەمدایە، خوا یارمەتی هەموو لایەك بدات بۆ خزمەتی ئایین و گەل و نیشتمان.



مامۆستا مەلا عەبدولقادر ئەمین لە ساڵی 1952 لە گوندی لاروان سەر بە قەزای هەڵەبجە لە دایكبووە و خوێندنی پەیمانگای ئیسلامی هەڵەبجەی تەواو كردووە لەگەڵ وەرگرتنی ئیجازە (12) عیلمی لە هەڵەبجە لە ساڵی 1972، هەر لەم ساڵەدا لە ڕیزی یەكێتی زانایانی ئیسلامی كوردستان سكرتێری ناوچەی بەمۆ و پشتەو شەمێران بووە، وەكو پێشمەرگە لە ساڵی 1973 لە ڕیزی پێشمەرگە كاتبی لقی (4) بەتالیۆنی (4)ی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە تا نسكۆی 1975 ئاوارەی ئێران بووە لە شارەكانی میانە و تەورێز و كرماشان.
ئێستاش پێش نوێژی مزگەوتی (121)ی گوڵانە لە هەولێر.
Top