فریاد ڕواندزی ئەندامی لیژنەی دانوستاندن لەگەڵ لایەنە سیاسییە عێراقیەكان: تۆمەتەكانی مالیكی بۆ كوردستان خەریكە هەموو ڕێگەكانی نێوان بەغداو هەولێر بۆ دانوستاندن دادەخات
July 17, 2014
دیمانەی تایبەت
ئاڵۆزبوونی بارودۆخی عێراق بە ئاستێكە كە دەرفەتی ئەوەی نەهێشتۆتەوە هەتا لایەنە سیاسییە عێراقیەكان لەسەر ئەم پرسە دانوستاندن بكەن، لەمەش زیاتر هاوپەیمانی نیشمانی شیعە هەتا ئێستا نەیتوانیووە بەدیلێك بۆ نوری مالیكی بدۆزێتەوە، نوری مالیكش بە توندی دەستی بەكورسیەكەیەوە گرتووە و ئامادەی دەستبەرداربوون نییە، بۆ درێژەدانیش بەم سیاسەتە كێشەكان ئاڵۆزتر دەكات و تۆمەتی ناڕەوا بۆ كوردستان دروست دەكات، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم ڕەوشە بەڕێز فریاد ڕواندزی ئەندامی شاندی دانوستاندنی كوردستان بۆ قسەكردن لەگەڵ لایەنە سیاسییە عێراقیەكان، لە لێدوانێكی تایبەتی بۆ گوڵان بەمجۆرە بارودۆخەكەی بۆ گوڵان خستەڕوو.لە ڕاستیدا قەیرانەكە زۆر قووڵ و ئاڵۆزە لە نێوان سەرۆك وەزیرانی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە شێوەیەك كە ڕۆژ بە ڕۆژ ئەگەر هاتوو توولە ڕێگایەكیش هەبێت بۆ ئەوەی بتوانین جارێكی دیكە دانووستاندن لەگەڵ یەكدی بكەین، هەروەها هەندێ لەو گرژیانەی كە هەیە لەسەر ڕێگا لای بدەین، ئەم توولە ڕێگایانەش وا خەریكە یەك لە دوای یەك دادەخرێن و ئەگەرچی هەمووی دانەخراون، بەڵام وا خەریكە زۆربەی زۆری دادەخرێن، ئەم تەشەنەیە هی ئێستا نییە، بەڵكو لە ئەنجامی ئەو تۆمەتانەیە دەیخاتە ئەستۆی هەرێمی كوردستان، بە تایبەتیش كە دەوڵەتی یاسا و خودی مالیكی لە كۆبوونەوەكانیاندا لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان بە ئاشكرا ئەو لایەنە سیاسییانە بەبێ جیاوازی بەوە تۆمەتبار دەكات بەوەی كە ئەو دەرفەتانەیان بە شێوەیەكی سلبی قۆستۆتەوە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان لە كوردستان، بە ڕاستی تۆمەتەكانی ئەو لە ڕۆژی چوارشەممە گەیشتە ترۆپكەكەی، من نازانم چۆن چارەسەری ئەمە دەكرێت، چونكە ئێمە لە بەغدا ڕێگەمان پێنەدراوە دانووستان لەگەڵ مالیكی بكەین، تەنیا گوێمان لەو بەیاننامانە دەبێت كە لەلایەن مالیكی و حكومەتی هەرێمەوە دەردەچن، ڕەوشەكەش لە بەغدا مەترسیدارتر بوو بۆ كورد، بە تایبەتیش هەڕەشە لە دەزگاكانی ڕاگەیاندنەوە ئاراستەی كورد دەكرێت، مەترسیی زیاتریش لەسەر دامودەزگا كوردییەكان و بارەگای حزبە كوردییەكانە لە بەغدا، بۆیە هیوادارم ئەو توولە ڕێگایانە بكرێنەوە بە دانووستان لەگەڵ مالیكی لە ڕێگای وەزیرە كوردەكانی كابینەی مالیكی، بەڵام مالیكی تەنیا ناكۆكی لەگەڵ كورددا نییە تەنانەت لەگەڵ لایەنە شیعەكان و سوننەكانیش ناكۆكی هەیە... هەر بۆیە ئەگەر هۆكاری گوشار تەواوبێت ئەوا لەو باوەڕەم مالیكی وازبهێنێت، بەڵام لەبەر ئەوەی هۆكارەكانی گوشار تەواو نەبوون، بۆیە مالیكی بە توندی كورسییەكەی گرتووەو بە ئاسانی واز ناهێنێت، بە تایبەتی كە كۆبوونەوەكانی هاوپەیمانیی نیشتمانی زۆربەی زۆری شكستیان هێناوە، نەیانتوانیوە باس لە بەدیلی مالیكی بكەن، بۆیە تا ئێستا كێشەكە لە بازنەیەكی بەتاڵدا دەخوولێتەوە، بۆیە ئەم كێشەیە قوڵتر دەبێت، ئەگەر فاكتەرەكانی گوشار قورستر نەبن و نەهێنە مەیدانەوە. سەبارەت بە كشانەوەی وەزیرە كوردەكان دوای تۆمەتەكانی مالیكی، من پێموایە بڕیاری كشانەوە زۆر قورسە، بەڵام ئەگەر بەدیلێكی دیكە هەبێت ئەو كاتە ڕەنگە ئەم بڕیارە ڕاست و دروست بێت، بۆیە چاكتر وایە هەوڵ بدرێت كێشەكە لە بەغدا لەگەڵ لایەنە سوننەو شیعەكان و دەرو دراوسێ چارەسەر بكرێت، چونكە چەقی قەیرانەكە خودی مالیكییە، شتی دیكە نییە، دەبێ لەو ڕوانگەیەوە تەماشای مەسەلەكە بكەین، نەك بڕیارێكی وا بدرێت و لە دواییدا پەشیمان ببینەوە، ئێستاش كشانەوەی وەزیرە كوردەكان یەكجاری نییە، بەڵكو ئامادەنەبوونیان بوو لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران كە ڕۆژی پێنج شەممە بەسترا. بەڵام ئێمە وەك لیژنەی دانوستاندن لەگەڵ بەغدا تا ئێستا نە وتووێژی دەست پێكردووەو نە لەگەڵ هیچ لایەنێك كۆبۆتەوە، من لەو باوەڕەدانیم كە ئەم كێشانە ببنە ڕێگر لەبەردەم دانووستاندن و گفتۆگۆكانمان لەگەڵ لایەنەكان، لە سیاسەتدا گرژی و توندی و تەنانەت شەڕیش دەبێت، لەبەرامبەریشدا گفتوگۆو چاوپێكەوتنیش دەبێت، بۆیە ئەگەر بڕیاردرا، ئەوا دەتوانین وتووێژەكانمان دەست پێ بكەین.