مەلا نادر كانی كوردەیی بۆ گوڵان:دەبێت هەموومان پشتگیری مسعود بارزانی بكەین لەبەر ئەوەی ئەركی ڕاگەیاندنی دەوڵەت بەشی هەرە زۆری لەسەر شانی ئەوە
July 17, 2014
دیمانەی تایبەت
زانایانی ئایینی ئیسلام و مەلا بەڕێزەكانی كوردستان لە هەموو شۆڕشەكانی كوردستان و پرسە چارەنووسسازەكاندا ڕۆڵێكی گەورە و قسەی خۆیان هەبووە، هەروەها هەمووكات لە مینبەری مزگەوتەكانەوە داكۆكیان لە خاك و نیشتمان و مافی نەتەوەی خۆیان كردووە، ئەوانن بەنەتەوەكەی خۆیان دەڵێن (نیشتمانمان بەشێكە لە ئیمان و ئایینمان، ئەگەر نیشتمانێكمان نەبێت لە كوێدا خواپەرستی بكەین)، ئەوان چۆن لە شۆڕشەكانی كوردستاندا هاوشانی پێشمەرگە لەسەنگەری مقاوەمەت بوون، ئێستاش هەمان ئامادەباشی پیشاندەدەن كە بە مێزەری سپییەوە هاوشانی پێشمەرگە بن لەسەنگەرەكانی پێشەوە بۆ ئەوەی بەرگری لە خاكی كوردستان بكەن، بۆ قسەكردن لەسەر ڕەوشی ئێستای كوردستان و تێڕوانینی مامۆستایانی ئایینی ئیسلام لەسەر ئەم پرسە، سەردانی بەڕێز مامۆستا مەلا نادر ڕەشید ئیسماعیل ناسراو بە مەلا نادر كانی كوردەییمان كرد و بەڕێزی بەمجۆرە ڕاو سەرنجی خۆی بۆ گوڵان خستەڕوو.* سەرەتا حەزدەكەین بەڕێزت وەك زانایەكی ئایینی ئیسلام چۆن سەیری ئەم بارودۆخەی ئێستای كوردستان و عێراق دەكەیت و تاچەند پرسی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان بە شەرعی دەزانیت لەروانگەی ئایینی پیرۆزی ئیسلامەوە؟
- بەناوی خوای بەخشندەو میهرەبان، پرسی بە دەوڵەتبوون یان هەوڵدان بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەت، هەوڵدانە بۆ گەیشتن بە مافی خۆت و ڕاگەیاندنی ئەو مافەیە، بۆ داواكردنی مافی خۆت، ئەوە مافێكی سروشتی هەر تاكێك و هەر گەل و نەتەوەیەكیشە، بۆیە ئەگەر لەم چوارچێوەیە سەیری نەتەوەی خۆمان و گەلی كوردستان بكەین، ئەوا ئێمەش خاوەنی نیشتمانی خۆمانین، بۆیە نەك هەر مافی خۆمانە لەسەر ئەو جوگرافیایەی پێی دەگوترێت كوردستان دەوڵەتی سەربەخۆمان هەبێت، بەڵكو لەسەر خاكی خۆمان زوڵم و زۆرێكی گەورەمان لێكراوە و نەتەوەیەكین زیاتر لە 40ملێۆن كەسین و بێ دەوڵەتین، ئەمەش لە هیچ شوێنێكی دنیا بوونی نییە، ئەمە لە كاتێكدا دەوڵەت هەیە ژمارەی دانیشتوانی چەند هەزار كەسێكە بۆ نموونە فاتیكان، لە هەمانكاتدا دەوڵەتێكی سەربەخۆشە، بۆیە وەك هەر نەتەوەیەكی دیكەی سەر ئەم زەمینە خوا ئەو مافەی بەكوردیش داوە وەك هەموو گەل و نەتەوەكانی دیكە دەوڵەتی سەربەخۆیی هەبێت، پرسیار ئەوەیە بۆچی عەرەب زیاتر لە 23 دەوڵەتی هەیە، فارس و تورك دەوڵەتیان هەبێت، كەچی كورد بێ دەوڵەت بێت، لەساڵی 1916 و لە چوارچێوەی ڕێكەوتنی سایكس پیكۆ، كورد وەك گۆشتی بەشەخێر دابەشكراوە، ئەمەش زوڵمێكی گەورەیە لەنەتەوەیەك كراوە و ئایینی ئیسلام قبوڵی ناكات، بۆیە لەرووی شەرعەوە پەروەردگار كاتێك گەلێك یان نەتەوەیەك دروست دەكات مافیشی بۆ دیاری دەكات، بۆیە لەرووی شەرعەوە خوا ئەو مافەی بەكورد داوە كە دەوڵەتی سەربەخۆی هەبێت، بەڵام وەدەستهێنانی ئەم مافە پێویستی بە خۆئامادەكردن و زەمینەسازی هەیە، وەك پێشتر ئاماژەم پێكرد لەرووی شەرعەوە دەبێت مافی دەوڵەتبوون یان ڕاگەیاندنی دەوڵەت دەبێت داوا بكرێت، بەڵام ئامادەسازی بۆ ئەم مافە پێویستی بەوە هەیە كە یەكڕیزی و كۆدەنگی هەبێت، ئەمە وەك ئەوەی لە ئیسلامدا پێی دەڵێن (ئەهلی حەل و عەقد) یان ئەوەی پێی دەگوترێت ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی، ئەم جۆرە ئەنجومەنانە لەزۆر دەوڵەت هەیە و ئەندامانی ئەم ئەنجومەنە لە كۆمەڵێك خەڵكی بە ئەزموون و شارەزا پێكدێن و لەسەر پرسە چارەنووسسازەكان بڕیار بۆ بەرژەوەندی گشتی خەڵك و نیشتمان دەدەن، بۆیە ئەم پرسەش پێویستە كوردستان ئەنجومەنێكی (حەل و عەقد) دابمەزرێنێت و ئەو كەسانە ببنە ئەندامی ئەو ئەنجومەنە كە خاوەنی ئەزموونن و هەموو تەمەنی خۆیان لە پێشمەرگایەتی بەسەربردووە و خاوەنی ڕابردوویەكن كە ژیانی خۆیان بۆ ئەم پرسە تەرخانكردووە، بۆیە گرنگە ئەو خەڵكە بە ئەزموونە ڕاوێژیان پێبكرێت و بۆچوونەكانیان وەربگیرێت، بۆ ئەوەی سەرەنجام بڕیاری دروست بدرێت و هەموو میللەت خۆی بەخاوەنی ئەو بڕیارە بزانێت. هەروەها دەبێت ڕەهەندەكانی ئەم بڕیارە لەهەموو ڕووەكانی ئابووری، سەربازی، نێودەوڵەتی دیراسەت بكرێت و بە وردی بخوێنرێتەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەو بڕیارە چارەنووسسازە و ئەگەر خوانەخواستە بچووكترین هەڵەی تێبكەوێت، كاریگەری لەسەر چارەنووسی هەموو میللەت دەبێت، بۆیە ئەم هەنگاوە زۆر وردە و زۆر سەختە و دەبێت هەموومان بەشداری تێدا بكەین و هەمووشمان بەرپرسیاریەتیەكەی لە ئەستۆ بگرین.
* ئەو ئەرك و بڕیارە قورسەی بەڕێزت سەبارەت بە زەمینەسازی بۆ بڕیاری چارەنووسساز و ڕاگەیاندنی دەوڵەت ئاماژەت پێكرد، لە ئێستادا بەشی زۆری كەوتۆتە سەرشانی بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پرسیاری ئێمە ئەوەیە چەند گرنگە هەموومان پشتگیری بارزانی بكەین، بۆ ئەوەی خوا هیدایەتی بدات لەم ئەركە قورسە سەركەتوو بێت؟
- بەڕێز كاك مسعود بارزانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان زیاتر لەهەر كەس و لایەنێكی دیكەی كوردستان ئەركی لەسەر شانە و بەشی شێری ئەم ئەركە لەسەر شانی مسعود بارزانی یە، بۆیە بەڕێزی بە حكومی ئەوەی سەرۆكی هەرێمە ئەمانەتێكی گەورەی لایە و ئەركێكی گەورەی لەسەر شانە، بۆیە دەبێت هەموومان پشتگیری بارزانی بكەین بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان و پێش هەر چین و توێژیكیش دەبێت مامۆستایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام پشتگیری بكەن و لەگەڵیدا بن بۆ سەرخستنی ئەم ئەركە پیرۆزە، بەڵام دەبێت هەوڵەكانی بارزانی و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان لە چوارچێوەی شەرعی خوا دەرنەچێت، بۆ ئەوەی هەموومان بتوانین پشتگیری بكەین، چونكە پرسی دەوڵەت پێوەندی بە چارەنووسی میللەتێكەوە هەیە، دەبێت هەموومان لەسەرخستنی بەشدار بین، هەروەها ئەگەر خوانەخواستە لەبەر هەر هۆیەك لەم ئەركە سەركەتوو نەبووین، ئەوا دەبێت هەموومان بەرپرسیاریەتی ئەو بارودۆخە لە ئەستۆ بگرین و كەس لەبەر پرسیاریەتی هەڵنەیەت، هەروەها بە پێویستی دەزانم هەر لە ئێستاوە جەخت لەسەر دەوڵەتی نیشتمانی كوردستان بكەینەوە، نەك بڵێین دەوڵەتی كوردی، چونكە كوردستان وەك نیشتمان چەند نەتەوەو ئایینێكی لەسەر دەژی و دەبێت دەوڵەتی كوردستان زامنكەری مافی هەموو نەتەوە و ئایینەكانی دیكە بێ، نەك بە تەنها كورد و ئایینی ئیسلام، بۆیە دەبێت هاوشانی كورد و ئیسلام، توركمان و هەموو پێكهاتەكانی دیكەش مافەكانیان پارێزراو بێت.
* سەبارەت بە میللی كردنی ئەم پرسە، دەتوانین بڵێین سوپاس بۆ خوا لە ئێستادا تارادەیەكی باش كۆدەنگی و یەكڕیزی لە نێوان لایەنە سیاسییەكان بوونی هەیە، تاچەند پاراستنی ئەم یەكڕیزییە گرنگە، ئەگەر خوانەخواستە ئەم یەكڕیزیە درزی تیبكەوێت، تاچەند كاردانەوەی سلبی لەسەر ئەم پرسە چارەنووسسازە دەبێت؟
- ئیسلام فێری كردووین و حەزرەتی محەمەد (د.خ) دەفەرمووێت: (الجماعة رحمة والفرقة عذاب)، ئەمەش مانای ئەوەیە یەكڕیزی و كۆبوونەوەی كۆمەڵی موسڵمانان ڕەحمەتە و لێكترازان و دووبەرەكی ئازار و چەرەمسەرییە، بۆیە ئێمە ئازار و چەرمەسەریی لێكترازان و دووبەرەكیمان بینیووە، بۆیە ئەو ئازار و چەرەمسەرییە دەبێت پێش هەموو شت ئەوەمان فێربكات، بەوەی دەبێت پێش هەموو شت یەكڕیز و یەكگرتوو بین، یەكڕەنگ و هاوسەنگەر بین، هەر بۆ نموونە ئێستا هەندێك كەس تەنانەت لایەنی سیاسیش زۆر لەگەڵ ئەوەنین دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان ڕابگەیەنرێت، زۆر جار لە گوتارەكانیان دژی سەربەخۆیی كوردستان قسەدەكەن، ئەمە لە كاتێكدا لە مێژوودا بەم عێراقەی ئێستا گوتراوە (العراقین) واتە دوو عێراق، عێراقێكی عەرەبی، عێراقێكی كوردی، بۆیە ئەگەر بەزۆر كوردستان بە عێراقەوە بلكێنرێت ئەوە زۆڵمە دەرهەق كوردستان و گەلەكەی دەكرێت. ئەوجا لە ئێستاشدا كە حكومەتی عێراق بەوجۆرە مامەڵە لەگەڵ كوردستان دەكات، ئەوە بواری ئەوە نەماوە كە جارێكی دیكە بتوانین لە ناو عێراقدا بژین، لەمەش زیاتر بە دابەشكردنی عێراق نەك هەر كورد، بەڵكو عەرەبی سوننە و شیعەش ئیسراحەت دەكات.
بۆیە دەبێت هەوڵبدەین بەهەر نرخێك بێت یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی ماڵی كوردستان بپارێزین، ئەمەش پێویستی بەوە هەیە هەموو حزبە سیاسییەكان واز لە بەرژەوەندی حزبی خۆیان بهێنن و بیر لە بەرژەوەندی گشتی كوردستانیەكان بكەنەوە، هەروەها دەبێت چینی ڕۆشنبیران و نووسەران و ڕۆژنامەنووسان، هانی خەڵكی بدەن بۆ ئەوەی هەموو یەكڕیز و یەكهەڵوێست بن، مامۆستایانی ئایینی دەبێت لە مینبەرەكانیانەوە و لەرووی شەرعەوە بایەخی یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی بۆ موسڵمانان ڕوونبكەنەوە و هانیان بدەن كە یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی میللەت ڕەحمەت و خێر و بەرەكەتە بۆ هەمووان، ئەگەر یەكبین دەتوانین كاری گەورە ئەنجامبدەین، بەڵام ئەگەر خوانەخواستە جیاواز و دژ بین، دوژمن زەفەرمان پێدەبات. لەمەش خراپتر لەوانەیە خەڵك پێمان بڵێن ئەوان خۆیان لەناوخۆیاندا ڕیككناكەون، ئەوجا چۆن شایستەی ئەوەن دەوڵەتی خۆیان هەبێت.
* ئەگەر لێرەدا زیاتر جەخت بكەینەوە سەر ڕۆڵی زانایانی ئایینی ئیسلام و مەلا بەڕێزەكانی كوردستان، دیارە بە درێژایی مێژوو ئەم چینە ڕۆڵی كاریگەری لە هەموو شۆڕشەكان و پرسە چارەنووسسازەكان هەبووە، ئایا لەم قۆناخەدا چۆن مەلا بەڕێزەكان دەتوانن لە مینبەری مزگەوتەكانەوە پرسی دەوڵەتبوون بكەن بە پرسێكی میللی لای موسڵمانان؟
- پێش هەموو شت دەبێت ئەو ڕاستیە ئاماژەی پێبكرێت بەوەی میللەتی كوردستان قەرداری ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی و مەلا بەڕێزەكانی كوردستانە، لەبەر ئەوەی پێشان كە قوتابخانەو زانكۆ بوونی نەبووە، ئەوەی فێری خوێندن و نووسین بووە لە حوجرەكان و لەبەردەستی مەلا بەڕێزەكان فێر بووە، هەر بۆ نموونە هەموو شاعیرە كۆنەكانمان دەرچووی حوجرەكانن، سەركردەی شۆڕشەكانمان هەموویان مەلا و پیاوی ئایینی بوون، بۆیە ئەمەش مانای ئەوەیە ئەوەی بڕیاری داوه و فەتوای داوە شۆڕشی كوردستان شەرعیەو دەبێت بكرێت، پیاوانی ئایینی و مەلا بەڕێزەكان بوون، بۆیە مەلاكانی كوردستان پیاوی (حەرب و میحراب) بوون، چۆن بەرگریان لە میحرابی خوا كردووە، بەهەمان شێوە پیاوی شەڕ و پێشمەرگەی ناو شۆڕشەكان بوون بەرگریان لە میللەتی خۆیان كردووە، بەڵام بەداخەوە ئێستا چینی مامۆستایانی ئایینی و مەلا بەڕێزەكان خراونەتە پەراوێزەو و پرس و ڕایان پێناكرێت بۆ ئەوەی ڕۆڵی ئایینی و مێژوویی خۆیان لەهەموو قۆناخەكاندا بگێڕن، بۆیە گرنگە لەم قۆناخە ڕۆڵی بەرز بۆ مامۆستایانی ئایینی و مەلا بەڕێزەكان بگێڕدرێتەوە، بۆ ئەوەی ئەوانیش بتوانن بەرگری لە ئایین و نەتەوەی خۆیان بكەن، بۆیە لەم قۆناخە گرنگە مامۆستایانی ئایینی و مەلا بەڕێزەكان پێش هەمووشت لە ناوخۆیاندا وەحدەتیان هەبێت و یەكگرتووبن، ئەو دابەشبوونەی ئێستایان بەسەر حزبە سیاسییەكاندا، نابێت ڕێگربێت لەوەی نەتوانن ڕۆڵی خۆیان لەرووی ئەم قۆناخە هەستیارە نەگێڕن، بۆیە بۆ ئەم قۆناخە گرنگە مامۆستایانی ئایینی تەجاوزی تێڕوانینی حزبی ببن و هەموویان بەیەك دەنگ و یەكدەست خەڵك هانبدەن بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان، خەڵك لەرووی شەرعەوە بۆ ئەم كارە پیرۆزە هۆشیار بكەنەوە، بۆ ئەوەی وەك ئەركێكی شەرعی سەیری بكەن، من ئێستا وەك پیاوێكی ئایینی خزمەتی میللەت و نیشتمانی خۆم، بە بەشێك لە ئایینەكەم دەزانم و بە بەشێك لە ئیمانمی دەزانم، بۆیە كاتێك خزمەتی میللەت و نیشتمانی خۆم دەكەم، هەست دەكەم ئەركێكی ئایینیم جێبەجێ كردووە، چونكە ئەگەر من نیشتمانێكم نەبێت، لەكوێ بەندایەتی خوا بكەم و لەكوێ خواپەرستی بكەم، لە كوێ وتار بدەم، بۆیە دەڵێم ئێمە وەك مامۆستایانی ئایینی پێویستمان بەوە هەیە هەموومان بە خۆماندا بچینەوە، دەبێت هەموومان ئەوە بزانین كە پێشتر زانایانی ئیسلام سەركردە و قائید بوون، بۆیە لە ئێستادا نابێت زانایانی ئیسلام مولحەق و پاشكۆ بن، بۆیە دەبێت دەنگی هەبێت و دەنگەكەشی بیستراو بێت لە پرسە چارەنووسسازەكاندا.
* كەواتە بەڕێزت مەبەستت ئەوەیە مامۆستایانی ئایینی لە وتارەكانیان و لەسەر مینبەر پرسی بە میللی بوونی دەوڵەتی كوردستان وەك ئەركێكی شەرعی بۆ موسڵمانان باس بكات؟
- من دەڵێم، كارێكی باشە لەسەر مینبەری مزگەوتەكان باس بكرێت، بەڵام لەوە باشتر ئەوەیە ڕۆڵی مەلا و پیاوانی ئایینی تەنیا لەسەر مینبەری مزگەوتەكان بچووك نەكرێتەوە، دەبێت زانایانی ئایینی و مەلا بەڕێزەكان لەدەرەوەی مزگەوتەكانیش وتار و قسەی خۆیان هەبێت و كۆڕ و سیمینار ئەنجامبدەن و، ئەم ئەركەش ڕووبەڕووی وەزارەتی ئەوقاف بكرێتەوە بۆ ئەوەی زەمینە بۆ زانایانی ئایینی و مەلاكان خۆش بكات بۆ ئەوەی كۆڕ و سیمینار بۆ خەڵك ئەنجامبدەن، بۆ ئەوەی خەڵك بە شێوەیەكی گشتی هۆشیار بكەنەوە و بۆیان ڕوون بكەنەوە كە بە میللی بوونی پرسی دەوڵەتی كوردستان، ئەركێكی ئایینی و ئەخلاقیشە، بۆ ئەوەی خەڵك بزانێت كە زانایانی ئایینی و مەلاكانی كوردستان جیاوازن لە زانا و مەلاكانی وڵاتانی دیكە، باخەڵك بزانێت لەو ڕۆژەوەی كە مەلای كوردستان دایكی لەباوكی مارەكردووە هەتا ئەو ڕۆژەی بە خاكی دەسپێرێت هەر لەگەڵیەتی و لە خۆشی و ناخۆشی و پرسە چارەنووسسازەكاندا لەگەڵ میللەت و خەڵكی خۆیەتی، هەروەها بۆ ئەوەی بزانن كە هیچ ڕۆژێك مەلاكانی كوردستان خۆی لە خەڵكی خۆی جیانەكردۆتەوە و ژیانیشی لە خەڵكانی دیكە جیاواز و خۆشتر نەبووە.
* لەم قۆناخەدا ڕۆڵی پێشمەرگەی كوردستان بۆ پاراستنی سنورەكانی كوردستان لای هەموو لایەك ئاشكرایە كە چەند ئەركێكی گەورە و پیرۆز ئەنجامدەدەن، دیارە پێشتر مامۆستایانی ئایینی فەتوای ئەوەیانداوە هەر پێشمەرگەیەك لەو سەنگەرانە بكوژرێت شەهیدە، پرسیاری ئێمە ئەوەیە ئایا مامۆستایانی ئایینی و مەلا بەڕێزەكان چۆن لەسەنگەرەكانی پێشمەرگە ڕۆڵی خۆیان دەگێڕن و چۆن هاوكاری پێشمەرگە دەبن؟
- هاوكاری و پشتگیری پێشمەرگە ئەركی هەموو لایەكە و بەرپرسیاریەتی حكومەتیشە بەوەی پێش هەر كەسێكی دیكە مووچە بۆ پێشمەرگە دابین بكات و لەكاتی خۆیدا مووچەیان بدرێتی و مووچەی پێشمەرگە تێكەڵاوی مووچەی فەرمانبەران نەكرێت، ڕاشكاوانەتر پێویستە دوای پێدانی مووچەی پێشمەرگە ئەوجا مووچەی فەرمانبەرانی دیكە بدرێت، ئەمە لایەنێكی زۆر گرنگە بۆ بژێوی خێزانی پێشمەرگە، هەروەها دەبێت پێشمەرگە ئیمتیازاتی هەبێت، چونكە وەك دەزانن هیچ شتێك لە ڕۆح شیرینتر نییە، بەڵام پێشمەرگە ئامادەیە ماڵ و منداڵی خۆی بە تایبەتی لەم ڕەمەزانە بەجێبهێڵێت و ڕۆحی خۆی پێشكەشی كوردستان دەكات، بۆیە دەبێت هەموومان بەگشتی و حكومەت بە تایبەتی ئەم لایەنە لەبەر چاو بگرێت.
دوای ئەمە ئەگەر لەم پرسەشدا ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی و مەلا بەڕێزەكان باس بكەین، گرنگە و زۆریش گرنگە مەلا بەڕێزەكان و مامۆستایانی ئایینی هەمیشە لەناو هێزی پێشمەرگە موشارەكەیان هەبێت و گرنگە لەناو سەنگەرەكانی پێشمەرگەدا ئەم ئەركە پیرۆزە لەرووی شەرعەوە بۆ پێشمەرگە ڕوون بكاتەوە و بۆ ئەوەی پێشمەرگە بزانێت ئەو كە لەو سەنگەرەدایە ئەركێكی نیشتمانی و ئایینی و شەرعیش جێبەجێ دەكات، هەروەها گرنگە مامۆستایانی ئایینی و مەلا بەڕێزەكان لەناو سەنگەرەكانی پێشمەرگە پێش نوێژی بۆ پێشمەرگە بكات و وتاری ئایینیان بۆ باس بكات، پرسیاری من ئەوەیە بۆچی لەم مانگی ڕەمەزانەدا پێشمەرگە لە وتاری ئایینیی دوور بێت، لە نوێژ و جەماعەت دوور بێت، پێشمەرگەی ئێمە سوپاس بۆ خوا هەموویان موسڵمانن و وەك موسڵمان ڕەفتار دەكەن، هەر بۆ خۆم چەندین پێشمەرگە پێوەندیان پێوە كردووم پرسیاریان لێكردووم، ئایا لەو شتانەی سوپای عێراق بەجێیهێشتوون، بیخۆین گوناهبار نابین، بۆیە پێشمەرگە كە ئەم ئەركە پیرۆزە جێبەجێ دەكات، دەبێت هەموومان ڕێزی لێبگرین و پێش هەمووان دەبێت مەلا بەڕێزەكان لەگەڵیان بن و پشتیوانیان بكەن، لەبەر ئەوەی پێشمەرگە لەم ئەركەدا بكوژرێت شەهیدە، پێغەمبەری پێشەوامان (د.خ) دەفەرمووێت هەركەسێك لە خاك و ئایین و نامووسی بكوژرێت شەهیدە، پێشمەرگە بۆ بەرگری كردن لە نیشتمانی خۆی دەكوژرێت و تەماعی لە خاكی كەس نییە، بۆیە بكوژرێت شەهیدە، بۆیە نەك هەر پێشمەرگە، دەبێت هەموومان ببینە پێشمەرگە بۆ ئەوەی بەرگری لەخاك و نیشتمانی خۆمان بكەین.
مەلا نادر ڕەشید ئیسماعیل
لە ساڵی 1966 لە گوندی كانی كوردەی سەر بە شاری كۆیە هاتۆتە دنیاوە
لای مامۆستا مەلا محەمەدی سەلمان پاك ئیجازەی زانستی وەرگرتووە
پەیمانگای زانستە ئیسلامیەكانی تەواوكردووە و هەڵگری دبلۆمە لەزانستی ئیسلامیدا
ئێستا پێش نوێژ و وتارخوێنە لە مزگەوتی مەلا قادر خۆشناو لە هەولێر
ئەندامی كارا و ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری دەزگای ڕوناكی یە