عەبدولرەحمان شێخ عوسمان عەبدولعەزیز بۆ گوڵان:بۆ ئەم قۆناخەی ئێستاپێویستەهەموو مەلایەك نوێنەری سەرۆكی كوردستان بێت

عەبدولرەحمان شێخ عوسمان عەبدولعەزیز بۆ گوڵان:بۆ ئەم قۆناخەی ئێستاپێویستەهەموو مەلایەك نوێنەری سەرۆكی كوردستان بێت
رۆڵی زانایانی ئایینی ئیسلام و مەلاكانی كوردستان لە هەموو شۆڕشەكانی كوردستان و لەهەموو بارودۆخەكاندا بەرچاو بووە، بۆیە لەم بارودۆخە هەستیارەدا كە سەرۆكی كوردستان سەرقاڵی خۆ ئامادەكردنە بۆ ئەوەی زەمینیەكی یاسایی بۆ ئەنجامدانی راپرسی و مافی بڕیاردانی چارەنووس ئامادەبكات، گرنگە ئەم پرسە بكرێتە پرسێكی میللی و هەموو تاكەكانی كوردستان بەشداری تێدا بكەن، دیارە یەكێك لەهەرە توێژە دیار و شۆڕشگێڕەكانی كوردستان زانایانی ئایینی ئیسلام و مەلاكانی سەر میبنەری مزگەوتەكانی كوردستان بۆ ئەوەی لەم پرسەدا رۆڵی مێژوویی خۆیان بگێڕن، بۆ قسەكردن لەسەر ئەو پرسە ئەم دیمانەیەمان لەگەڵ عەبدولرەحمان شێخ عوسمان عەبدولعەزیز ئەنجامدا، جێگەی ئاماژە پێكردنە خوالێخۆشبوو شێخ عوسمان عەبدولعەزیزی باوكی یەكەم سەركردەی ئیسلامی بووە كە لە هەشتاكانی سەدەی رابردوو فەتوای داوە كە جیهاد دژی رژێمی بەعس رابگەیەنرێت، ئەم هەنگاوەی شێخ عوسمان عەبدولعەزیز بۆ ئەو كاتە وەك رابەری حزبێكی ئیسلامی تەنیا هەڵوێست بووە و پێچەوانەی ئەو خەڵكانە بووە كە نزیك بوون لە رێكخراوی ئیخوان موسلمین. لەم دیمانەیەشدا بەڕێز عەبدولرەحمان شیخ عوسمان عەبدولعەزیز داوا دەكات بە هاوشێوەی سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول زانایانی ئایینی ئیسلام رۆڵی خۆیان بگێڕن و بەمجۆرە بۆ گوڵان هاتە ئاخاوتن.
* بارودۆخی ئێستای كوردستان لە گۆڕانكاریەكی خێرادایە، بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی كوردستان بۆ هەڵسەنگاندنی ئەم بارودۆخە لە پەرلەمانەوە پەیامی خۆی ئاراستەی گەلی كوردستان و جیهان دەكات، سەبارەت بەم بارودۆخە ئایا تۆ چۆن رەوتی ئەم رووداوانە دەخوێنیتەوە؟
- بەراستی وەك پێشتریش لە نووسینەكانی خۆمدا جەختم لەسەر كردۆتەوە، مانەوەی عێراق بە یەكپارچەیی لە نێوان كورد و شیعە و سوننە، كارێكی ئەگەر مەحاڵیش نەبێت، ئەوا كارێكی هێجگار قورس و ئەستەمە، لەبەر ئەوەی شێوازی مانەوەی عێراق بە یەكپارچەیی پێویستی بە وەرچەخانە لە ئەقڵیەتی سیاسیی عێراقیەكاندا، ئەمەش واتە گەیشتن بەو قەناعەتەی كە عێراق تەنیا بە شێوازی یەكێتیەكی ئارەزوومەندانە لە چوارچێوەی دەوڵەتێكی فیدرالی، یاخود لەچوارچێوەی یەكێتیەكی كۆنفیدرالی دەتوانرێت بە یەكپارچەیی بهێڵرێتەوە، هەربۆیە لە غیاب و نەبوونی ئەم تێگەیشتنە لە سیاسەتی عێراقی ئێستا، ئەوا چارەنووسی عێراق دابەشبوون و پارچەپارچە بوونە، لەم چوارچێوەیەدا دیارە سەركردایەتی سیاسیی كوردستان، لەسەرووی هەمووشیانەوە بەڕێز جەنابی مسعود بارزانی سەرۆكی كوردستان، زۆر بە وردی و لۆژیكانە واقیعی تازەی كوردستان و عێراقی خوێندۆتەوە و هەموو لایەكیش لەبەر رۆشنایی خوێندنەوەی واقیعیانە بۆ ئەم بارودۆخە تازەیە بەو ئاراستەیە رەوتی رووداوەكان دەبینین، بەوەی مەحاڵە بارودۆخی ئێستای عێراق بگەڕێتەوە بۆ پێش 9ی حوزەیرانی 2014، واتە پێش كۆنترۆڵكردنی موسڵ و پاشان تكریت و ئەوجا دیالە، بۆیە لەم بارودۆخەدا كە سوپای عێراق لەو ناوچانە لەبەر یەكهەڵوەشا، سەرۆكی كوردستان كارێكی مێژوویی زیرەكانەی كرد بەوەی فەرمانی بە جووڵانی هێزی پێشمەرگە كرد بۆ ئەوەی بچنە پێشەوەو تەواوی سنوری جوگرافی كوردستانی باشوور بپارێزن، لەمەش گرنگتر سەرۆكی كوردستان رێگەی نەدا كە هێزی پێشمەرگە لەسنوری كوردستان زیاتر بچنە پێشەوەو خۆیان تێكەڵی شەڕێك بكەن، كە لەبنەڕەتدا ئەو شەڕە شەڕێكی تائیفی نێوان سوننە و شیعەیە و كاردانەوەی ئەو زوڵمانەیە كە حكومەتی نوری مالكیی دەرهەقە بەعەرەبی سوننەی كردووە، هەر لەبەر ئەمەشە ئەوەی لەو ناوچانە روویدا بە تەنیا چەكدارانی داعش نەیانكردووە، بەڵكو لەگەڵ هاتنی چەكدارەكانی داعش، عەرەبی سوننە لە دژی زۆڵم و زۆری حكومەتەكەی مالیكی راپەڕیوون و ناوچەكانی خۆیان ئازادكردووە، لەم روانگەیەوە ئەم حاڵەتە ناكرێت بەشەڕی نێوان حكومەت و داعش سەیر بكرێت، بەڵكو ئەمە كاردانەوەی ئەو زوڵم و زۆرەیە كە حكومەتێكی شیعە لەهەمبەر پێكهاتەی عەرەبی سوننە ئەنجامیداوە.
كەواتە رەوتی ئەم رووداوانە ئەوەمان پێدەڵێن، هاوكێشەی سیاسیی بۆ چۆنیەتی مامەڵە كردن لەگەڵ بەغدا، لەگەڵ ئەو واقیعە تازەیەی لە موسڵ و دیالە و تكریت هاتۆتە ئاراوە گۆڕانكاری ریشەیی بە خۆیەوە بینیووە، هەربۆیە دەبێت شێوازی سیاسەت و دیپلۆماتیەتی كوردستانیش گۆڕانكاری بەسەردا بێت و بەپێی واقیعە تازەكە مامەڵە لەگەڵ توخمەكانی نێو هاوكێشەكە بكات و هەروەها ئەوانی دیكەش كە دەیانەوێت مامەڵە لەگەڵ كوردستان بكەن دەبێت بەپێیی ئەم واقیعە تازەیە سەیری كوردستان بكەن. ئەم واقیعە تازەیەشی كوردستانیش، دیارە پێش هەموو شت فەرزی دەكات گەلی كوردستان بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات، ئەو كات بیر لە شێوازی هاریكاری و پێوەندییەكانی لەگەڵ دەوربەر و عێراق و جیهان بكاتەوە، راشكاوانەتر دەمەوێت بڵێم زەمینە سازی لەلایەن سەرۆكی كوردستانەوە بۆ ئەنجامدانی راپرسی لەسەر چارەنووسی كوردستان و بوونی كوردستان بە دەوڵەتێكی سەربەخۆ، دەبێت یەكێك بێت لە ئەولەویەتی هەنگاوەكانی ئەمڕۆ و دەبێت كوردستان ببێتە دەوڵەت، ئەوجا بیر لە شێوازی و میكانیزمی پێوەندییەكانی لەگەڵ عێراق و دەوروبەر بكاتەوە، لەمەش گرنگتر ئەوەیە ئەگەر باشووری كوردستان بڕیاری سەربەخۆبوون بدات و دەوڵەتی خۆی رابگەیەنێت، جوگرافیا گۆڕانكاری بەسەردا نایەت و هەر دەبێت هەماهەنگ و هاوكاری و پێوەندی دیپلۆماتی و بارزگانی لەگەڵ عێراق و دەوروبەر و جیهان هەبێت، بۆیە هەنگاوی گرنگ و جددی لە ئێستادا راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستانە، بۆیە پێویستە هەموو رای گشتی كوردستان پشتگیری لەسەرۆكی كوردستان بكات بۆ ئەوەی ببێتە گوشار و بەڕێزی رۆژێك زووتر ئەم بڕیارە مێژووییە بدات.
* زۆر جار كە باسی دەوڵەت و سەربەخۆبوون دەكەین، هێندەی جەخت لەسەر فاكتەری دەرەكی دەكەینەوە، هێندە جەخت لەسەر فاكتەرە ناوخۆییەكان و یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی گەلی كوردستان ناكەینەوە، بەڵام فاكتەری بنەڕەتی فاكتەری ناوخۆییە، هەر بۆ نموونە ئەمڕۆ كە سەرۆكی كوردستان رووبەڕووی ئەم قۆناخە مێژووییە دەبێتەوە، دیارە بە پشتیوانی خواو میللەتەكەی رووبەڕوو دەبێتەوە، بۆ ئەمەش پێویستی بەوەیە خوا هیدایەتی بدات و بە یەكڕیز میللەتی كوردستان پشتگیری بكات، ئایا چۆن سەیری خاڵە بەهێز و لاوازەكانی ئێستای كۆمەڵگەی كوردستان دەكەیت؟
- بێگومان لەم قۆناخەدا سەرۆكی كوردستان پێویستی بەوەیە كە خوا هیدایەتی بدات و هەمووشمان وەك میللەتی كورستان یەكڕیز و یەك هەڵوێست پشتگیری بكەین، چونكە پێكهاتەی جوگرافی كوردستان وا هەڵكەوتووە كە دەوروبەرمان بە حكومی ئەوەی هەر یەكەیان بەشێكی كوردستانی لە بن دەستە، پێیان خۆش نەبێت كوردستانی باشوور دەوڵەتێكی سەربەخۆ بێت، بەڵام ئەوەی جێگەی هەڵوەستە كردن و سەرسوڕمانە، ئەوەیە كە لەناوخۆی كوردستان لایەنی واهەبێت، كە حەز نەكات ئەوجا لەبەر هەر هۆیەك بێت، كوردستان ببێتە خاوەن كیان و دەوڵەتی سەربەخۆ، لەمەش زیاتر بیانووی بێ مانا بێنیتەوە بەوەی كاتی نەهاتووە یان وەختی ئەوە نییە، سەبارەت بەم بیانووە بێ مانایانە، من پێموایە نەك كاتی نەهاتووە بڕیاری سەربەخۆیی بدرێت، بەڵكو هەندێك كاتیشی بەسەردا گوزەر بووە و دەبوو پێشتر سەرۆكی كوردستان ئەم بڕیارە مێژووییەی بدایە، ئەو هەلومەرجەی ئێستا بۆ كورد رەخساوە، زۆر زۆر لە هەلومەرجەكانی سەردەمی راگەیاندنی كۆماری كوردستان لە مهاباد و هەروەها لەسەردەمی مەملەكەتەی شێخ مەحمودیش زۆر زۆر جیاوازە، دیارە من لە خەباتی جەنابی شێخ مەحمود جەنابی قازی محەمەد كەمناكەمەوە، بەڵام ئەو هەلومەرجەی ئێستا بۆ كورد هاتۆتە پێشەوە، هەلومەرجێكی مێژوویی لەبارە و نابێت كورد ئەم دەرفەتە مێژووییە لە دەستی خۆی بدات، خۆ ئەگەر خوانەخواستە ئەم دەرفەتە مێژووییە لەدەست بدرێت، ئەوا بەرپرسیاریەتی مێژوویی دەكەوێتە سەرشانی سەركردایەتی سیاسیی كوردستان و بە تایبەتیش جەنابی سەرۆكی كوردستان و دەكەونە بەردەم ئەو بەرپرسیاریەتیەی بۆ ئەو هەلە مێژووییە لە دەستدراو دەوڵەتی كوردستان رانەگەیەنرا؟ بۆیە ناكرێت لەم قۆناخەدا مەسەلەی چارەنووسسازی دیاریكردنی ئاییندەی كوردستان لەروانگەی بەرژەوەندی حزبی و بازاڕ گەرمكردنی سیاسەتی لایەنێكەوە سەیر بكرێت و موزایەداتی سیاسی لەسەر بكرێت، لەبەر ئەوەی بچووكترین هەڵە یان دروستكردنی درز لە نێو یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی گەلی كوردستان، كارەساتی گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت. بۆیە گرنگە لەم قۆناخە دەوڵەتی كوردستان لەسەر ئاستی میللی بكرێتە ئەمری واقیع، كە ئەمەمان كرد، وڵاتانیش ناچار دەبن مامەڵە لەگەڵ ئەمری واقیع بكەن و سەربەخۆیی كوردستان ئیعتراف پێبكەن، هەر بۆ نموونە هەتا چەند ساڵێك پێش ئێستا، گەورەترین ئاستەنگ لەبەردەم دروست بوونی دەوڵەتی كوردستان توركیا بوو، كاتی خۆی تەنانەت قسەكردن لە نێوخۆیاندا بەزمانی كوردی قەدەغەبوو، بەڵام ئێستا وای لێهاتووە، سەرچاوەی سەرەكی ژیان و گوزەرانی كوردستان كە نەوتە بەرێگەی توركیا دەگوازرێتەوە بۆ بازاڕەكانی جیهان و لەوێوە دەفرۆشرێت، ئەمەش گەورەترین گۆڕانكارییە كە روویداوە لە سیاسەتی توركیا بەرامبەر كوردستانی باشوور، لەمەش زیاتر ئێستا بەرپرسانی توركیا نایشارنەوە و دەڵێن ئەگەر كوردستان بڕیاری سەربەخۆییش بدات، ئێمە رێزی ئەو بڕیارە دەگرین و مەترسی بۆ سەر توركیا نییە، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەم بارودۆخە گونجاوە، بۆیە دەبێت هەموو لایەنە سیاسییەكان و تەواوی چین و توێژەكانی كوردستان لە پشت سەرۆكی كوردستانەوە بن بۆ ئەم بڕیارە مێژووییە.
* ئەگەر لێرەوە پرسیارەكە بەو ئاراستە بكەین، بەوەی ئایا سەرۆكی كوردستان چۆن لەم قۆناخەدا وا دەكات كە خۆی ببێتە رەشماڵێك و هەموو گەلی كوردستان پێكەوە كۆبكاتەوە، بۆ ئەوەی لەم پرۆسە مێژووییەدا هەموو پاڵپشت و پشتگیری سەربەخۆیی بكەن؟
- دیارە جەنابی سەرۆكی كوردستان لەم بارودۆخەدا رووبەڕووی گەورەترین بەرپرسیاریەتی بۆتەوە، ئەم بەرپرسیاریەتیەش تەواو تەواو هەموو كاتەكانی ئەوی داگیركردووە، بەڵام وێڕای ئەمەش گرنگە جەنابی سەرۆكی كوردستان بایەخێكی تایبەتی بە ناوخۆی كوردستان و رای گشتی بدات و هەوڵبدات گیانی ئینتیمای نەتەوەیی و نیشتمانی لە ناو میللەت بەرز بكاتەوە، ئەمەش واتە ئەو لایەنە سلبیەی ئێستا لەملاو لەولا لە ئینتیمای نیشتمانی بەدیدەكرێت، ئەو لایەنە سلبیە نەهێڵرێت و هەوڵبدات بایەخێكی گرنگ بە مامۆستایانی ئایینی و تەواوی چین و توێژەكان بدات بۆ ئەوەی ئینتیمای نیشتمانی و نەتەوەیی ببێتە رۆژەڤی هەموو تاكێك لە كوردستاندا، من لێرە پێمخۆشە ئاماژە بەرۆڵی خوالێخۆشبوو جەنابی مەلا مستەفا بارزانی بكەم كە چۆن توانیبووی هەموو كورد لەژێر یەك رەشماڵدا كۆبكاتەوە، لەمەش گرنگتر لەبەر ئەوەی جەنابی مەلا مستەفا كوردایەتی خستبووە سەرووی حزبایەتیەوە و پارتیش بە رێبەرایەتی جەنابی مەلا مستەفا هەمان سیاسەتی پیادەدەكرد، ئەوا وەك هەموولایەك دەزانن، پارتی ببووە حزبی سەرتاسەری هەموو كوردستان، ئەمەش وایكردبوو هیچ حزبێكی دیكە بوونی نەبێت یان پێویست نەبێت بوونی هەبێت، دیارە لێرەدا مەبەستم حزبە ئیسلامیەكانیشە، كە زۆر جار پرسیاری ئەوە دەكرێت بۆ لەسەردەمی خوالێخۆشبوو مەلا مستەفای بارزانی حزبی ئیسلامی بوونی نەبووە؟ ئایا مەلا مستەفا رێگەی نەدەدا یان پارتی ئەو بۆشاییەی پڕكردبووەوە؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە زۆر گرنگە وەك خۆی و لەچوارچێوە مێژووییەكەیدا بە نەوەی ئێستا بگوترێت، من بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە بەسەرهاتی خوالێخۆشبوو جەنابی شێخ عوسمان عەبدولعەزیزی باوكم دەگێڕمەوە، ئەوكات جەنابی باوكم دەیتوانی حزبێكی ئیسلامی دروست بكات، بەڵام ئەمەی نەكرد و هات بە پرۆژەی دامەزراندنی یەكێتی زانایانی ئیسلامی كوردستان بەشداری شۆڕشی ئەیلوولی كرد، هۆكاری ئەمەش لەبەر ئەوەبوو كە جەنابی باوكم و تەواوی زانایانی ئیسلامی دەیانزانی ئەوەی ئەركی سەرشانیانە بۆ ئایین پەروەری و نەتەوە پەروەری مەلا مستەفا لە چوارچێوەی شۆڕشی ئەیلوولدا جێبەجێی دەكات و هەموو لایەك بەئازادی كاری خۆی دەكات، بۆیە لەو سەردەمە پێویست نەبوو حزبێكی ئیسلامی دروست بكرێت، كە رەنگ بوو زیانی لە قازانجی زیاتر بێت.
* ئەگەر لەسەر دامەزراندن و پاشانیش رۆڵی یەكێتی زانایانی ئیسلامی كوردستان زیاتر هەڵوەستە بكەین، ئایا رۆڵی یەكێتی زانایانی ئیسلامی كوردستان توانی لە شۆڕشی ئەیلوولدا چ رۆڵێك بگێڕێت؟
- لەوانەیە لەم دیمانەیەدا جێگەی ئەوە نەبێتەوە بە دوور و درێژی باسی رۆڵی یەكێتی زانایانی ئیسلامی لە شۆڕشی ئەیلوولدا بكەم، بەڵام ئەوەندە دەڵێم یەكێتی زانایانی ئیسلامی كوردستان توانیان شۆڕشی ئەیلوول بكەنە شۆڕشێكی میللی و هەموو تاكێكی كوردستان شۆڕشەكە بە شۆڕشی خۆی بزانێت، هەروەها ئەم یەكێتی زانایانە، توانی هەموو زانایانی ئایینی ئیسلامی، مەلا بەڕێزەكان، قوتابخانە و مەدرەسە و حوجرەكان بكات بە پشتیوانی شۆڕشی ئەیلوول، ئەمەش ئەو لایەنەیە كە راگەیاندنی پارتی تێیدا كەمتەرخەمەو نەیتوانیوە ئەم لایەنە گەشەی رۆڵی زانایانی ئایینی ئیسلام لە شۆڕشی ئەیلوولدا پیشانبداتەوە، من لێرەدا حەزدەكەم بەسەرهاتێكی جەنابی مەلامستەفا بگێڕمەوە، لە ساڵی 1974 جەنابی مەلا مستەفا بە بروسكەیەك داوای لە باوكم كرد كە بێت بۆ دیلمان(دیلمان بارەگای جەنابی بارزانی لێبووە لەو كاتەدا)، باوكم تەشریفی برد بۆ لای جەنابی مەلا مستەفا، لەوێ جەنابی مەلا مستەفا داوای لە باوكم كردبوو كە دەستەیەك لە زانایانی ئایینی كوردستان ئەوانەی كە لەسەر ئاستی جیهانی ئیسلامی ناسرابوون، خۆیان ئامادە بكەن وەك شاندێك سەردانی سعودیە و چەند وڵاتێكی دیكەی عەرەبی بكەن، بچن لەوێ بە وردی واقیعی شۆڕشی كوردستان لە مەلیك فەیسەڵی پادشای سعودیە بگەیەنن، لەبەر ئەوەی حكومەتی عێراق دەیەوێت بە چەكی عروبە و ئایینی ئیسلام لە شۆڕشی كوردستان بدات. بۆیە مەلا مستەفا داوای لەباوكم كرد كە بچن و نوێنەرێكی واقیعی شۆڕشی كوردستان بن، ئەوەبوو ساڵی 1974 جەنابی باوكم و دەستەیەك لە زانایانی ئیسلامی چوونە سعودیە و پاش یەكدوو رۆژ جەنابی مەلیك فەیسەڵ پادشای سعودییەیان بینی، لەم دیدارەی مەلیك فەیسەڵ پشتیوانی و پشتگیری خۆی بۆ رێبەری نەتەوەیی كورد جەنابی مەلا مستەفا ناردبوو، هەروەها وتووێژەكانی نێوانیان بەكردەیی كاریگەری زۆری هەبوو وەك گوشارێك بۆ ئەوەی حكومەتی عێراق دان بە مافەكانی نەتەوەی كوردا بنێت، هەر چەند رۆژێك دوای ئەو كۆبوونەوەی شاندی زانایانی ئیسلامی كوردستان لەگەڵ مەلیك فەیسەڵ، وەزیری دەرەوەی سعودیە سەردانی میسری كردو بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی دیپلۆماسی پشتگیری شۆڕشی كوردستان بكەن، دوای ئەویش وەزیری دەرەوەی میسر سەردانی عێراقی كرد، مەسەلەكە هاتبووە سەر ئەوەی عێراقیش هەندێك نەرمی بنوێنێت، بەڵام دواتر ئەو پیلانە شومەی جەزائیری بەسەرداهات، لە گێڕانەوەی ئەم بەسەرهاتە مەبەستم ئەوەیە بڵێم لەو كاتە زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان دەیانتوانی كاری دیپلۆماتی بۆ شۆڕشی كوردستان ئەنجام بدەن. لەلایەكی دیكە و سەبارەت بە رۆڵی یەكێتی زانایانی ئیسلامی كوردستان لەناوخۆی كوردستان و ناوچە ئازادكراوەكانی شۆڕش ئەوەبوو، لەهەر ناوچەیەك دادگایەكی شەرعیان دامەزراندبوو بۆ ئەوەی كێشە و گرفتی رۆژانەی خەڵك چارەسەر بكەن، لەمەش زیاتر ئێمە لە ناوچەی بیارە بووین جەنابی باوكم بێجگە لەوەی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی زانایان بوو لە هەمانكاتدا بەرپرسی لقی دووی یەكێتی زانایان بوو، لەم لقەی یەكێتی زانایاندا هێزێكی چەكدار لە مەلاكان دروستكرابوو بۆ ئەوەی ئەگەر هێرش كرایە سەر ئەو ناوچانە مەلاكانیش وەك پێشمەرگە بچنە ناو شەڕەكە و بەرگری لە خاكی كوردستان بكەن، بۆیە گرنگە ئەوە بڵێم كە جەنابی مەلا مستەفا ئەو رێبەرەبوو كە جامع و شامل بوو، هەم بایەخێكی زۆری بە ئایینەكەی دەدا، هەمیش بایەخێكی زۆری بە پرسی نەتەوە و گەلەكەی دەدا و ریزێشی لە ئایینەكانی دیكە و نەتەوەكانی دیكەی ناو كوردستان دەگرت و جیاوازی لەگەڵ نەدەكردن.
* ئەگەر سەبارەت بە رۆڵ و هەڵوێستی ئێستای زانایانی ئیسلامی كوردستان قسە بكەین، بێگومان دیارە هەموو كات رۆڵ و هەڵوێستی مامۆستایانی ئایینی بەرز بووە، بەڵام بۆ ئێستا كە دەمانەوێت پرسی سەربەخۆبوون بكەینە پرسێكی میللی، ئایا پێویستە لەم پرۆسە چارەنووسسازەدا رۆڵی مەلا و زانایانی ئیسلامی كوردستان چۆن بێت؟
- بۆ ئەم قۆناخەی ئێستا ئەركی مەلا بەڕێزەكان و زانایانی ئیسلامی كوردستان قورس و هەمەلایەنە، پێش هەموو شت لە ئێستا لە وڵاتانی عەرەبی ئیسلامی و وڵاتانی ئیسلامی غەیرە عەرەبی جۆرە هەستیارییەك بەرامبەر دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان هەیە، بۆیە گرنگە ئێمە لەم قۆناخە مەرجەعیەتێكی ئایینیمان هەبێت بۆ ئەوەی بتوانێت لەگەڵ ئەو وڵاتانە قسە بكەن و واقیعی ئێستای كوردستانیان وەك خۆی بۆ روونبكاتەوە، ئەمەش واتە چۆن وەك مەرجەعیەتی ئایینی شیعەكان بتوانین ئەو رۆڵە بگێڕین، لە كاتێكدا مەرجەعیەتی ئایینی كوردستان نەتوانێت هیچ رۆڵێك بگێڕێت، ئەمە لەكاتێكدا لەكوردستان زانای ئایینی ئیسلامی ئەوتۆمان هەیە كە زۆر لە مەرجەعەكانی شیعە لەهەموو روویەكەوە باڵاترن، هەر بۆ نموونە جەنابی سەرۆكی كوردستان لەم یەك دوو رۆژەی رابردوو نامەیەكی ناردووە بۆ مەلا عەلی سیستانی كە ئێستا مەرجەعی شیعەكانە، ئێمە وەك لایەنێكی ئیسلامی لەسەردەمی رژێمی پێشوو رۆڵێكی ئەوتۆمان لێ نەبینیوە، تەنانەت هاوشانی مەرجەعەكانی دیكە وەك ئال حەكیم و ئال خالسیش و سەدرییەكان رۆڵی ئەومان نەبینیوە، بەڵام ئێستا گەورە كراوە و رۆڵی ئەوەی پێدراوە كە چارەنووسی عێراق دياری بكات، ئەوجا لەبەر ئەوەی حزبە شیعیەكان مەبەستیانە سوود لەم لایەنە وەربگرن، وێڕای بوونی ناكۆكی ناوخۆیان، هەروەها وێڕای رەتكردنەوەی فەتواكەی سیستانی لەلایەن مەرجەعیەتی سەرخیەوە كە شەوی چوارشەممەی رابردوو هەڵیان كوتایە سەر بارەگاكەی و چەندین كەس كوژارن و برینداربوون، بەڵام چونكە دەیانەوێت سوود لە سیستانی وەربگرن، سەیربكەن، هەموو پشتگیری دەكەن، بۆیە گرنگە ئێمەش سوود لەو لایەنە وەربگرین و پرسیاری من ئەوەیە بۆچی جەنابی سەرۆكی كوردستان نامە بۆ مەلاكانی كوردستان نانێرێت و لەگەڵ مەلاكانی كوردستان كۆنابێتەوە؟ كە من دڵنیام مەلاكانی كوردستان دەتوانن رۆڵی زۆر گەورەتر لە مەلاكانی نەجەف و كەربەلا بگێڕن، بەڵام لە چوارچێوەی یەكێتی زانایانی ئێستا و وەزارەتی ئەوقاف چالاكیەكانیان سنوردار كراوە و رۆڵی فیعلی خۆیان پێنەدراوە وەك ئەو رۆڵەی جەنابی مەلا مستەفا بە مەلا و زانایانی ئیسلامی كوردستانی دەدا. بۆیە لە ئێستادا پێویستە جەنابی سەرۆكی كوردستان هەمان رۆڵی جەنابی مەلا مستەفا بارزانی بگێڕێت و دەستەیەكی باڵا لە مەلا و زانایانی ئیسلامی دابمەزرێنێت و ئەو دەستەیە لەژێر چاودێری خۆی بێت و بیانێرێت بۆ وڵاتانی ئیسلامی عەرەبی و غەیرە عەرەبی بۆ ئەوەی لەم ساتە وەختە مێژووییەدا رۆڵی خۆیان بگێڕن، ئەوجا بابێینە سەر رۆڵی مەلا و زانایانی ئایینی ئیسلام لە ئاستی ناوخۆ بۆ بە میللی كردنی پرسی سەربەخۆبوون، پێشنیاری من بۆ جەنابی سەرۆكی كوردستان ئەوەیە لەم مانگی رەمەزانە ئەوجا لە ئێوارە خوانێكی رۆژ و شكاندن بێت، یان لەیەكێك لەشەوانی قەدر لەگەڵ كۆمەڵێك لە مەلا و زانایانی ئیسلامی دیاری كوردستان كۆبێتەوە بۆ ئەوەی رۆڵی مەلا و زانایانی ئیسلامی كوردستان(مەلا و زانایانی ئایینی ئیسلامی هەر چوار پارچەی كوردستان) بە ئاستی ئەم پرسە چارەنووسسازە ئەكتیف بكرێت و فتوایەكی بەكۆمەڵ دەركەن بۆ پشتگیری سەربەخۆیی كوردستان، تەنانەت وێڕای ئەوەی ئەم پرسە بكرێتە وتاری رۆژانی هەینی، لەهەمانكاتدا زۆر گرنگە كۆمەڵێك مەلای مێزەر سپی سەردانی بەرەكانی پێشمەرگە بكەن و تەنانەت ئەگەر خوا هیدایەتمان بدات، كۆمەڵێك لە مەلاكانی كوردستان خۆیان خۆبەخش بچنە ریزی پێشمەرگە و لە سەنگەرەكانی بەرگریدا پێشنوێژی بۆ پێشمەرگە بكەن و هاوشانی پێشمەرگە لەسەنگەرەكانی بەرگریدا بن، من ئەو پرسیارە لە هەموو براكانم لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەكەم، كاتێك مەلایەكی مێزەر سپی لە سەنگەرەكانی پێشەوه، هاوشانی پێشمەرگە لەسەنگەردا بێت و پێكەوە پارشێو بكەن و پێكەوە رۆژ و بشكێنن و پێكەوە نوێژەكانیان بكەن، ئایا چ هێزێك دەتوانێت بەرامبەر ئەم هێزەی پێشمەرگە ببێتەوە.
هەموو ئەمانە پێویستی بەرۆڵی شەخسی جەنابی كاك مسعود بارزانی سەرۆكی كوردستان هەیە و ئەم كارە تەنیا بەخۆی دەكرێت، لەبەر ئەوەی جەنابی كاك مسعودیش بە هاوشێوەی جەنابی بارزانی بێجگە لەوەی كە خۆی پیاوێكی ئایین پەروەرە لە هەمانكاتدا رێزێكی زۆر گەورە لە ئایین و مەلا و زانایانی ئایینی ئیسلام دەگرێت، بۆیە گرنگە لەم مانگی رەمەزانە سەردانی موسڵمانان لەناو مزگەوتەكان بكات و نوێژ لەگەڵ موسڵمانان بكات، هەروەها ئەگەر جەنابی دەرفەتی هەبێت و بۆی بكرێت، بەڕاستی پێمخۆشە لەناو یەكێك لە نوێژەكانی هەینی جەنابی سەرۆكی كوردستان لەناو یەكێك لە مزگەوتەكانی كوردستان لەناو موسڵماناندا ببینم. ئەمە وادەكات كە هەموو مەلایەكی كوردستان لەناو خەڵك خۆی بە نوێنەری سەرۆكی كوردستان بزانێت. لەمەش زیاتر من پێشنیار دەكەم هەموو مەلایەكی كوردستان، لە مینبەری مزگەوتەكەی خۆیەوە جاڕی بەرگرییەكی میللی بدات و با خۆشیان رێبەرایەتی ئەو بەرگرییە میللییە بكەن.


عەبدولڕەحمان شێخ عوسمان عەبدولعەزیز تەنها كوڕی لەژیاندا ماوی جەنابی مامۆستا مەلا عوسمان عەبدولعەزیرە.
لەدایك بووی 1961 پریس هەڵەبجە.
دەرچوی دیراساتی ئیسلامی لە هەڵەبجە.
لەگەڵ ئیعلان كردنی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان ساڵی 1987 لە خزمەتی بابی دابووە بە بێ دابڕان تاكو ساڵی 1998.
لە ساڵی 1998ەوە بەتەواوی لەكاری حیزبی دووركەوتووەتەوە لەو ماوەیەدا لە زۆربەی كاروچالاكی ناوخۆو دەرەوە بەشداری كردوە و لەگشت گەشتە كانی دەرەوەی جەنابی مامۆستا عوسمان عەبدولعەزیز دا ئامادەبووە.
نزیكەی دوو ساڵ نوێنەی بزووتنەوەی ئیسلامی بووە لە توركیا.
دامەزرێنەری یەكەمین ڕێكخراوی خێرخوازی كوردە بەناوی دەزگای كارگوزاری و فریاكەوتنی ئیسلامی لە كوردستان و ئەمینداری گشتی ئەو دەزگایەیە.
Top