ئەنوەری حاجی عوسمان ئەنوەری حاجی عوسمان بریكاری وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان: سەردانەكەی سەرۆك بارزانی ورەی پێشمەرگەی بەرزكردەوەو دڵنیایشی بەهاووڵاتیان بەخشی

ئەنوەری حاجی عوسمان ئەنوەری حاجی عوسمان بریكاری وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان: سەردانەكەی سەرۆك بارزانی ورەی پێشمەرگەی بەرزكردەوەو دڵنیایشی بەهاووڵاتیان بەخشی
دوابەدوای 10ی حوزەیران گۆڕانكاری و ئاڵوگۆڕێكی مەترسیدار لە بارودۆخی عێراق هاتە ئاراوە، بە تایبەتیش كە هێزەكانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام(داعش) توانیان بەرەو شاری موسڵ پێشڕەوی بكەن و بێ بەرگریی سوپای عێراق كۆنترۆڵی ئەو شارەو دواتر ناوچەكانی دیكە بكەن، بۆ رێگەگرتن لە پێشڕەوەیی داعش هێزی پێشمەرگەی كوردستان هەر لە یەكەم رۆژانی رووداوەكە گەیشتنە ئەو ناوچانەی كە توخیبی هەرێمی كوردستانن تەنانەت ئەم دەرفەتەی قۆستەوە بۆ ئەوەی بگاتە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم و تێیدا جێگیربن، سەردانەكەی ئەم دواییەی جەنابی سەرۆك بارزانی بۆ كەركوك و ناوچەكانی دیكەی بەرەكانی شەڕ، زیاتر ورەی پێشمەرگەی كوردستان و دانیشتوانی ئەم ناوچەیەی بەرزكردەوە، بۆ ئەوەی لە نزیكەوە بە رەوشی ئەم ناوچانەو هێزی پێشمەرگە ئاشنابین، گوڵان پێوەندیی بە ئەنوەری حاجی عوسمان بریكاری وەزارەتی پێشمەرگەوە كرد و بە تێروتەسەلی وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە
* خوێندنەوەتان بۆ رەوشی ئێستای ناوچەكە دوای ئەو گۆڕانكارییانەی لە گۆڕەپانی سەربازی و سیاسی رووی دا چییە؟
- لای هەمووتان ئاشكرایە كە دوای ئەو شەڕو پێكدادانەی لە نێوان سوپای عێراق و هێزەكانی داعش و تیرۆریستان لە موسڵ دروست بوو، هێزەكانی سوپای عێراق دووچاری شكست و هەڵاتن بوونەوەو تیرۆریستان توانیان شاری موسڵ داگیر بكەن و ئیدی پلانی دیكە داڕێژن بۆ دەست بەسەراگرتنی ناوچەكانی دیكە، دواتر تیرۆریستان پەلاماری هێزەكانی پێشمەرگەیان دا لەو شوێنانەی كە سوپای عێراقیان لێ نەما و بەرامبەر پێشمەرگە دەستیان بە شەڕ كرد بە تایبەتیش لە هێڵەكانی پێشەوە لە تەلوەرد و مەلا عەبدولڵا و مامۆوعەلاغێر.. بە كورتی لە كەرتەكانی جەنگ لە موسڵ و كەركوك و دیالە پێكدادان دروست بوو، بەڵام سوپاس بۆ خوا سەرباری ئەو تانەو تەشەرەی كە ئاراستەی هێزەكانی كوردستانیان دەكردو رۆژێك پێیان دەگوتین فیشەكەكانیان كۆنە یان تفەنگەكانیان دەفرۆشن و مووچەیان نییە، بەڵام هێزی پێشمەرگە جارێكی دیكە خۆنەویستیی و گیانبازیی خۆی پیشاندایەوە و سەنگەرەكانیان قایم كردو هێزی پێشمەرگە توانی بە ماوەیەكی كەم ئەو شوێنانەی كە كێشە لەسەر بوون وەریانبگرێتەوەو ئێستاش هێزی پێشمەرگە كۆنترۆڵی ئەو شوێنانەیان كردووە، هەروەها بەو چەكە قورسانەی سوپای عێراق كە دەست تیرۆریستان كەوتووە توانیمان بەرامبەریان بووەستینەوەو لووتیان بشكێنین، لێرەوە خەڵكی كوردستان و كاك مسعود بارزانی و سەركردایەتی خۆمان دڵنیا دەكەینەوە كە هێزی پێشمەرگە قەڵغانی بەهێزە بۆ پاراستنی خاكی كوردستان.
* باس لەوە دەكرێ كە ئەوە سەردانانەی جەنابی مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ كەركوك و ناوچەكانی دیكەی شەڕ جیاوازن لەو سەردانانەی پێشتر، گرنگیی ئەو سەردانەی جەنابی سەرۆك لەو ساتە وەختەدا لە چی دەبینن؟
- ئەو سەردانە مانایەكی پیرۆزی هەیە، یەكەم شت جەنابی سەرۆك خۆی پێشمەرگەیە، هاتنی جەنابیان بۆ كەركوك كە شوێنی شەڕەكەی لێ گەرمتربوو، بۆیە ئەمە گوڕو تینێكی زۆری بە هێزی پێشمەرگە بەخشی، هەروەها دڵنیای خەڵكی كەركوكیشی كردەوە لە كورد و عەرەب و توركمان و موسڵمان و مەسیحی كە هێزی پێشمەرگە داكۆكی لە سەرو ماڵی هەمووان دەكات بەبێ جیاوازی، هەروەها ئێمەی پێشمەرگەشی دڵنیاكردەوە كە لەرووی یاسایی و نیشتمانی و هەموو روویەكەوە پشت و پەنای ئێمە دەبێت.
* دەگوترێت كە ورەی هێزی پێشمەرگە زۆر بەرزە، ئەم ورە بەرزییە لە چییەوە هاتووە؟
- شۆڕشە یەك لەدوای یەكەكانی كورد بۆ ئەوە بووە كە نیشتمان لەژێر دەستی ناحەزان وەربگرینەوە، سوپاس بۆ خوا لەم ئاڵوگۆڕەی دواییدا هەموو ئەو شوێنانەی كە ناویان نابوو ماددەی 140 150 و 160 هەموومان وەرگرتەوە، هەرچەندە بەردەوام دوژمنانی چاوچنۆك چاویان لە داگیركردنی ئەم خاكە بووە، بەڵام خوای گەورە نیعمەتێكی پێ بەخشیوین كە هێزی پێشمەرگەیەو كوڕو كچی ئەم وڵاتە زۆر بەغیرەتن و دەتوانن لە كاتی تەنگانە بەرگری بكەن و ئەم وڵاتە بپارێزن.
* ئامادەباشیی پێشمەرگە بۆ لەمەودوا بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێزەكانی توندڕەوی دەوڵەتی عێراق و شام لە چیدایە؟
- من لێرەوە داوا لە خەڵكی كوردستان و كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان دەكەم كە لەمەودوا دڵنیابن كە هەموویان پارێزراون و هێزی پێشمەرگە داكۆكی لە هەمووان دەكات و ئەگەر رێگەمان پێ بدرێت زیاتر دەچینە پێشەوە، سەركردایەتی خۆمان پێیان راگەیاندووین كە پێشڕەوی نەكەین ئەگینا دەتوانین زیاتر بڕۆین، ناهێڵین تیرۆریستان یەك بست بێنە پێشەوە.
* باس لەوە دەكرێت كە هێزەكانی پێشمەرگە لە رووی چەك و پێداویستییەوە تا رادەیەكی زۆر پڕچەكن، ئامادەباشی ئێوە لەم رووەوە چۆنە؟
- جارێكی دیكە من روودەكەمە ئەو رۆژنامەنووسە ناڕاستگۆیانە كە دوور لە راستی و بەرپرسیارێتییەوە دەڵێن پێشمەرگە فیشەكی پێ نییە یان چەكەكانیان دەفرۆشن، ئەوجا وەڵامەكەی ئێوە دەدەمەوەو دەڵێم ئێوە دڵنیا بن هێزی پێشمەرگە فێرە كە سوود لە چەكی دوژمنان وەربگرێت و ئەو چەكانەی سوپای عێراقیش كە لەدەستی داعشدایە دەتوانین لێیان بسەنین.
* ئایا بڕیاردراوە كە ئێوە لەو ناوچانەی وەرتانگرتۆتەوە نەكشێنەوە و ئامادەباشیی ئێوە لەو نەكشانەوەیە لە چیدایە؟
- بە دڵنیاییەوە ئێمە كە پێشمەرگەی جەنابی سەرۆك و فەرماندەیین، لەو شوێنانە ناكشێینەوە كە مادەی 140 و 150 و 160 دەیانگرێتەوەو بەخوێنی پاكی پێشمەرگەو فەرماندەكان وەرمانگرتۆتەوە، لەو شوێنانە جێگیر دەبین بۆ هەتا هەتایی.
* لە ئێستادا هاونیشتمانیان شانازی بە هێزی پێشمەرگە دەكەن لە بەرەكانی جەنگدا، ئێوە ئەم پشتیوانی و شانازی پێوەكردنە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
- ئێمە ئاگادارین كە هەموو هاووڵاتیانی كوردستان پڕبەدڵ و بەگیان هەستیان لای ئێمەیەو شانازیمان پێوە دەكەین و سوپاسیان دەكەین و بەڵێن دەدەین كە خوێنی خۆمان بۆ پاراستنی سەرو ماڵیان دەبەخشین.
* هاووڵاتیانی كوردستان ئامادەیی خۆیان پیشانداوە كە خۆبەخشانە بێنە بەرەكانی جەنگەوە بۆ بەرگری كردن، ئێوە چۆن پێشوازی لەو هەڵوێستەیان دەكەن؟
- من بە خەڵكی كوردستان دەڵێم داعش زۆر لەوە بچووكترە كە ئێمە هێزی یەدەگ بێنین و بیخەینە شەڕەوە، چونكە هێزی پێشمەرگە بەرامبەر هێزێكی كەلەپووچی وەك داعش زۆر گەورەیەو هیوادارم كە پەنا بۆ ئەمە نەبەین. لە كۆتاییدا دەمەوێ بە برا پێشمەرگەكان بڵێم كە ورەتان بەرز بێت و رێگە نەدەن تیرۆریستان بێنە پێشەوەو بەو پەڕی خۆڕاگرییەوە بەرگری لە خاك و گەلەكەمان بكەین.
Top