پەرلەمانتار جومعە عەتوانی لە ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عێراق بۆ گوڵان:گوتاری سەرۆك مسعود بارزانی نەرم و ستراتیژیە و لای شیعە جێگەی رێزە

پەرلەمانتار جومعە عەتوانی لە ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عێراق بۆ گوڵان:گوتاری سەرۆك مسعود بارزانی نەرم و ستراتیژیە و لای شیعە جێگەی رێزە
نوری مالیكی لەماوەی چوار ساڵی رابردووی 2010-2014 توانی هەموو جومگەكانی دەوڵەت داگیر و كۆنترۆڵ بكات، بەڵام لەبەرامبەردا توانیشی عێراق كۆتایی پێ بهێنێت، كارەساتێك بەسەر ئەم وڵاتە بهێنێت كە بە هیچ شێوەیەك نەتوانرێت چارەسەر بكرێت، تەنانەت بەجۆرێك بارودۆخەكەی گەیاندۆتە لێواری هەڵدێر و مەترسی، كە مەرجەعیەتی باڵای شیعە بڕیارێك بدات كە ماوەی نزیكەی 100 ساڵە بڕیاری لەوجۆرەی نەداوە، ئەمەش مانای ئەوەیە سیاسەتە هەڵەكانی نوری مالیكی عێراقی خزاندۆتە ناو شەڕێكی تائیفی ئەوتۆ كە ماوەی 100 ساڵە عێراق بەو ئاستە بەخۆیەوەی نەبینیوە، لەمەش خراپتر، ئێستا نوری مالیكی و دارو دەستەكەی لە هەوڵی ئەوەدان پێوەندی دێرینەی نێوان كورد و شیعە بشێوێنن، دەیانەوێت فیتنەیەكی دیكە لەناو كورد و شیعە دروست بكەن، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم رەوشە مەترسیدارە ئەم وتووێژەمان لەگەڵ جومعە عەتوانی لە ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عێراق كرد و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە.
* لە ئێستادا عێراق بە دۆخێكی مەترسیداردا گوزەر دەكات، ئەم دیمەنە چۆن دەخوێننەوە؟
- بە دڵنیاییەوە لە ئێستادا عێراق بە قۆناغێكی مەترسیداردا تێپەڕ دەبێت، كە هەڕەشەیە بۆ سەر سەقامگیری و چارەنووس و سەروەریی وڵات، بۆیە دەبێ بە هۆشیارییەوە بڕوانینە ئەم دەرئەنجامانەی كە دواتر لەم مەترسییانەوە دەكەوێتەوە، دوا دیمەنی سیاسی كە هەموومان بینیمان فتوای مەرجەعیەتی ئایینی نەجەف بوو، تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بەرگری كردن لە وڵات، ئەوەی مایەی هەڵوەستەیە لەوەتەی راپەڕینی گەل دژی بەریتانیای داگیركار لە ساڵی 1917 نەمانبینیوە مەرجەعیەت هیچ فتوایەكی جیهادی لەم شێوەیە دەربكات، بۆیە پێویستە قەبارەی مەترسیی ئەو فتوایەی مەرجەعییە لەبەرچاو بگرین، ئەو مەرجەعییەتە لە كاتی تەقاندنەوەی مەزاری هەردوو ئیمامی عەسكەری هیچ فتوایەكی دەرنەكرد، هەوەها لە هێرشی داعش بۆ سەر ئەنبار بە هەمان شێوە، بۆیە داگیركردنی موسڵ كە دووەم گەورە شاری عێراقە لە رووی ژمارەو چڕیی دانیشتوانەوە لەلایەن هێزەكانی داعش و هەندێ لایەنی دیكە بەو ئاسانییە و بەم خێراییە هەروەها بە پشتیوانی كردنی وڵاتانی وەك سعودیەو قەتەر و دەوڵەتانی دیكە وێنەیەكی ترسناكی لە عێراق خستەڕوو، لەبەر ئەوە ئەمڕۆ ئێمەو هەموو رۆشنبیران و دامودەزگاكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و سەرجەم لایەنە سیاسییەكان لەبەردەم تەحەددیاتی گەورەو مەترسیدارداین، تاكو بتوانین مەترسیی دابەشبوون و شەڕی ناوخۆ لە عێراقییەكان دووربخەینەوە.
* هەندێ كەس پێیانوایە پێوەندییەكانی كوردو شیعە وەك خۆی دەمێنێتەوە بە جیاوازیی پێوەندیی نێوان كورد و سوننە، رای جەنابتان لەسەر ئەوە چییە؟
- پێوەندییەكانی نێوان كوردو شیعە زۆر كۆنە، ئەم پێوەندییانە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی نییە، بەڵكو پێوەندیی خوێنە، كوردو شیعە هەردووكیان لە سەردەمی حوكمڕانیی بەعس و تەنانەت بەر لەو سەردەمەش قوربانی زۆریان داوەو مەینەتیی یەكجار گەورەیان چەشتووە، شیعە سەدان هەزار رۆڵەی لێ لەناوچووە بە هۆی ناسنامەی شیعەتییان، كوردیش بە هەمان شێوە لەبەر كوردبوونیان، كەواتە هەردوولا لەبەر ناسنامەی نەتەوەیی و ئینتیمایان ئەم باجەیان داوە، لەبەر ئەوە ئەگەر خاك یان مافت لەدەستدا، رەنگە قەرەبووبكرێتەوە، بەڵام لەدەستدانی ئەو هەموو قوربانی و خوێنە بە هیچ شێوەیەك قەرەبوو ناكرێتەوە، بۆیە ئەو پێوەندییانە هەمیشە بەردەوام دەبن، بەڵام ئەگەر بابەتییانە باس لەم لایەنە بكەین بۆمان دەردەكەوێت كە هەندێ لایەنی كورد بەداخەوە بە زمانێكی سەیرو بە دیدێكی تەسكی حزبایەتی مامەڵە دەكات لەسەر حیسابی بەرژەوەندیی باڵای عێراق و تەنانەت خودی لایەنەكە، بۆ نموونە هەتا لە كاتی داگیركردنی شاری موسڵ، بەراشكاوی دەڵێم كاتێ گوێم لە هەڵوێستی پارتی دەبێت دەبینم جیاوازترە لە هەڵوێستی لایەنەكانی دیكە، بۆیە راوبۆچوون و گوتاری بەڕێز مسعود بارزانی زۆر جیاوازە لە بیروبۆچوونی لایەنەكانی دیكە، گوتاری مسعود بارزانی نەرم و ستراتیژیی و وازهێنانە لە هەندێ بەرژەوەندیی تەسك كە ئەمە مایەی رێزە، لە كاتێكدا لەلای هەندێ سیاسەتمەدارانی كورد زمانی گرژی و توندڕەوەی بە ئاشكرا دەردەكەوێت كە ئەمە بەهیچ شێوەیەك لەبەرژەوەندیی پێوەندییەكانی شیعەو كورددا نییە، ئەو تەحەددیاتانەی ئەمڕۆ رووبەڕووی عێراق دەبنەوە لەلایەن داعشییەكان و پاشماوەی بەعس ئامانجیان دووبەرەكیی تایفییە، ئەوان بە چاوی یاخی بوو و كوفر سەیری شیعە دەكەن لە هەمان كاتدا بە چاوی خیانەتكردن لە كورد دەڕوانن، بەعسییەكان كە لەگەڵ هەندێ لە سیاسەتمەدارانی سوننە دەستیان تێكەڵ كردووە لە پرۆژەیەكی عەرەبایەتی كە مەبەستیان كوشتنی رۆڵەكانی كوردو هاوكات رۆڵەكانی پێكهاتەی شیعەیە، بۆیە پێویست دەكات پارێزگاری لەم پێوەندییە ستراتیژییە بكەین، چونكە كاتێ بەعسییەكان و پاشماوەی گاردی كۆماری و پاسەوانی تایبەتی و بەكرێگیراوانی رێبازی نەقشبەندی یەكدەگرن دەیانەوێت لەكورد و لە شیعە بدەن، دەرئەنجام لەسەر كوردو شیعە پێویستە بەرامبەر ئەو پیلانە هۆشیاربن و وەفایان بۆ ئەو جۆگەلە خوێنە هەبێت كە لەبەر هەردوو لا رۆیشتووە.
* ئەو حكومەتەی ئێستا كەموكوڕیی زۆری هەبوو لە رووی خزمەتگوزاریی و دابینكردنی ئاساییش و سەقامگیریی بۆ هاووڵاتیان، پێتوایە ئەو حكومەتەی داهاتوو هەمان ئەو حكومەتە بێت، یان پێویستە گۆڕانكاریی رووبدات تاكو بتوانێت ئەو خزمەتە بنەڕەتییانە بۆ هاووڵاتیان دابین بكات؟
- زانایان و پسپۆران قسەیەكیان هەیە ئەویش ئەوەیە كە مرۆڤ هەرچەندە نەوە لە دوای نەوە بێت زیاتر پەرەدەسەنێت و لە رووی عەقڵەوە پێش دەكەوێت، بەڵام ئاژەڵ هەرچەند گۆڕانكاریی بەسەردا بێت هەروەك خۆی دەبێت، بۆیە پێویستە سوود لە ئەزموونی رابردوومان وەربگرین، ئێمە لە عێراق لە بواری ئەزموونی سیاسیمان ئەگەر سوود لە كەموكوڕیی پێشتر وەرنەگرین بێگومان ناتوانین لە رووی ئەزموونی سیاسی و ئاستی دابینكردنی خزمەتگوزارییەو پێش بكەوین، بۆیە ئەوەی دەیەوێت هەمان ئەزموونی ساڵی 2010 كۆپی بكاتەوە، ئەوا ناتوانێت یەك هەنگاو بچێتە پێشەوە چ لە بواری پرۆسەی سیاسی یان خزمەتگوزاری، لەبەر ئەوە ئەگەر ئەمەمان كرد واتا لە 2014 بۆ 2018 هەمان ئەزموونی 2010 مان دووبارەكردەوە، یەكەم هەنگاو پێویستە خاڵی لاوازی و كەموكورتییەكان دەست نیشان بكەین و دانی پێدابنێین، دواتر چارەسەری بكەین، چونكە هەموومان لەو هەڵانە بەرپرسیارین، بۆ نموونە كاتێ پێكهاتەی كوردی یان شیعی یان سوننی دێت یەكێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران یان پۆستێكی دیكە دەست نیشان دەكات و ئەو تواناو لێهاتوویی و كارامەییەی تێدا نەبێت بێگومان شكست دێنێت، پێویستە بە ئاشكرا بڵێین كە هەندێ كێشە هەن كە یاسایان بۆ دەرنەچووە، بۆیە تەنیا بە یاسا چارەسەردەبن، لەسەرووی هەمووشیانەوە یاسای نەوت و غازە، كە رێژەیەكی زۆری كێشەكانی پێوەندیی نێوان حكومەتی فیدرال و حكومەتی هەرێمی كوردستان پرسی نەوت و غازە.
* زۆر كەس بە ئارەزوو و بە بۆچوونی خۆی دەستوور لێكدەداتەوە، ئایا ئەمە تا چەند راستە؟
- كاتێ وتیان كە كێشەی نەوت و غاز چارەسەر بكرێت، ئەمە پێویستە بە یاسا بكرێت، هەروەها هەندێ ناوچە كە بە ناوچەی كێشە لەسەرەكان ناسراون پێویستە چارەنووسیان دیاربكرێت و نەك هەروا بە هەڵپەسێردراوی بمێننەوە، بۆ نموونە ئێمە لە نێوان كەربەلاو ئەنبار كێشەی ئیداریمان هەیە، كە پێویستە چارەسەر بكرێت، ئەمڕۆ شتە بنەڕەتییەكان گرنگن گەلی كورد پێویستی بەوە نییە وەزارەتی تەندروستی یان دەرەوەی بدرێتێ، بەڵكو پرسی گرنگتر و چارەنووسساز هەیە، بە هەمان شێوە سوننەو شیعە، بازدان بەسەر شتە بنەڕەتییەكان ئەوەندە سوودی نابێت جا چ پێكهێنانی حكومەتی زۆرینە بێت یان حكومەتی شەراكەت و تەوافوقی نیشتمانی، گرنگ ئەوەیە لەم چوار ساڵەی داهاتوودا چ خزمەتێك بە هاووڵاتیان دەكەین.
* ئەمریكییەكان بە راشكاوی دەڵێن پێویستە عێراق دابەش بكرێت بەسەر سێ هەرێمدا هەرێمی كوردی و شیعی و سوننی، هەروەها دەگوترێت لەوەتی داعش موسڵ و ئەنباری كۆنترۆڵ كردووە هیچ تەقینەوەیەك روونادات، كەواتە با بەغدا ناوەند بێت و دارایی لەوێ بێت و هەرێمەكانی دیكەش حوكمڕانی خۆیان بكەن، كێشە لەمەدا لە چیدایە؟
- پێكهێنانی هەرێمەكان دابەشبوون نییە، بەڵكو مافێكی دەستوورییە، بەڵام ئەگەر مەسەلەكە دابەشبوون بێت، ئەوا گرفتێكی دیكە دێتە پێشەوە، ئایا هاووڵاتیانی سوننە قبوڵ دەكەن هەرێمێك لە موسڵ و ئەنبارو تكریت پێك بێت بەڵام كەركوك و دیالەی تێدا نەبێت، ئەو پێكهاتە كۆمەڵایەتییە چەندین ساڵە بەردەوامە، هەروەها ئەگەر برایانی كوردمان لە سوننەكان جیاكردەوە ئەوا زۆرینەی شیعە دەمێنێتەوە، هەروەها كورد داوای جەلەولا و خانەقین دەكەن كە بە فەرمی بخرێتە سەر هەرێمی كوردستان، بۆیە چاكترین شێواز بریتییە لە ماددەی 140ی ناوچە ناكۆكەكان بە شێنەیی و لەسەرخۆ دەتوانرێت ئەو هەموو كێشانە چارەسەر بكرێن، سەبارەت بە هەرێمی كوردستان هیچ گرفتێك لە ئارادا نییە، بەڵام بۆ هەرێمی سوننەكان ئایا ئەوانە بۆچی داوای پێكهێنانی هەرێم دەكەن؟ ئایا بۆ ئەوەیە عیزەت دوری و یونس ئەلئەحمەدو بەعسییەكانی دیكە تەڕاتێنی تێدا بكەن؟ كە هەر ئەوانە بوون كوردیان لە هەڵەبجە قەتلوعام كردو گۆڕستانی بەكۆمەڵیان لە كورد دروستكرد، دەترسێین ئەو هەرێمە ببێتە مایەی هەڕەشە بۆ سەر هەرێمەكانی دیكە، بۆیە بیركردنەوە بە بۆچوونی هاوبەش چاكترین چارەسەرە، بەڵام كاتێ ئەسیل نوجێفی دێت و دەڵێت رەفتاری داعش لە موسڵ لە رەفتاری سوپای عێراق باشترە، ئایا ئەمە بیركردنەوەو رۆشنبیریی سیاسەتمەدارە، لە كاتێكدا هەموو دنیا دان بەوەدا دەنێت كە داعش تیرۆریستە، كاتێ هەرێمێك بكەوێتە ژێر دەستی ئوسامەو ئەسیل نوجیێفی گەرەنتی هەیە كە داعش و چەكداران ناحەوێننەوەو پەلاماری نوخەیب و كەربەلا نادەن؟ لەبەر ئەوە دانیشتن و لێكگەیشتن باشترین چارەسەر بۆ بەڕێوەبردنی عێراق، دەیڵێمەوە پێكهێنانی هەرێم مانای دابەشبوون نییە، بەڵكو مافێكی دەستووری و یاساییە، بەڵام ترس زیاتر لەوەیە كە رۆژێك بێت داوابكرێت دەوڵەتێكی كوردی و شیعی و سوننی لە عێراق پێك بێت!
Top