د. موحسین عەبدولحەمید بۆ (گوڵان):مسعود بارزانی بە هەمان شێوەی مەلا مستەفا داكۆكی لە مافە نەتەوەییەكانی كورد و ئایینی پیرۆزی ئیسلام دەكات

د. موحسین عەبدولحەمید بۆ (گوڵان):مسعود بارزانی بە هەمان شێوەی مەلا مستەفا داكۆكی لە مافە نەتەوەییەكانی كورد و ئایینی پیرۆزی ئیسلام دەكات
ئێستا عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو كوێ هەنگاو هەڵدەگرن؟ لەم باردۆخە گۆڕاوەدا شڵەژاو و ناهاوسەنگەدا، هەموو پرسەكان گۆڕانكاری گەورەی بەسەردا هاتووە و لەم نێوەندەشدا پێگەی كورد چۆتە قۆناخێكی دیكە و هەموو بە ئومێدەوە سەیری ئاسۆیەكی گەش دەكەن، لەم قۆناخەدا هەموو هیوا و ئومێدەكان بەرەو ئەوە دەچن كە كوردستان هەنگاو بەرەو سەربەخۆیی هەڵبگرێت، بەڵام ئەم هەنگاوەش هەروا ئاسان نی یە و كۆمەڵێك تەحەدای رووبەروو دەبێتەوە، بەتایبەتی كە ئێستا بارودۆخی عێراق گەیشتۆتە ئەو ئاستەی دەرگای هەموو ئەگەرەكان بە كۆتایی عێراق و هەڵوەشانەوەی لە ئارادایە، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە ئاڵۆزە و ئەم دیمانەیەمان لەگەڵ د.موحسین عەبدولحەمید بیرمەندی ئیسلامی كردوو بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
گوڵان: بە شێوەیەكی گشتی بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو گێژاوێكی سەیر دەڕوات، هەموو دۆسیەكان تێكەڵاو بوون، بەڕێزتان وەك بیرمەندێكی ئیسلامی چۆن سەیری بارودۆخی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكەن، ئایا لەم هاوكێشە ئاڵۆزەدا ئایندەی عیراق بەرەو كوێ دەچێت؟
د. موحسین عەبدولحەمید: ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەو كاتەوە كە لە دەوڵەتی عوسمانی جیا بووەتەوەو وڵاتانی لە نێوانی بەریتانیا و فەرەنسا دابەش كراون، هەروەها پەیدا بوونی بزووتنەوەی زایۆنیزم و دامەزراندنی ئیسرائیل، ناوچەیەكی گڕگرتووە، سەرباری دۆزینەوەی نەوت، هاوكات لەگەڵ توند بوونی ململانێی نێوان نەتەوە و تایەفەكان و پەنا بردن بۆ یەكلایی كردنەوەی ململانێ بە زەبری كودەتای سەربازی و پارتگەلی شموولی و شۆڤینی، هەروەها نەبوونی دیموكراسی و رێز نەگرتن لە شكۆی مرۆڤ، ئەو هەموو رواڵەتە توند و تیژانە و ململانێی بەردەوام، ناوچەكەی بەرەو هەڵدێری هەزار بە هەزار و پەشێوی و ئاڵۆزی برد، كە تێیدا بەرژەوەندیی ناوخۆ و دەرەكی تێكەڵ بە یەك بوون.
جا بەم جۆرە ئەم ناوچەیە لە گێژەنی هەڵایسانی ململانێ و بەریەك كەوتندا دەبێت تا گەلانی ناوچەكە بە رێنمایی دانا و عەقڵانی خۆیان دەگەنە ئەو بڕوایەی، كە ئایندەی ئەوان لە دیموكراسییەكی دادپەروەر و رێكخستنی یەكگرتووی نیشتیمان پەروەر دایە، دوور لە رەگەزپەرستی و توندڕەوی، دوور لە تایەفەگەریی خەوشدار و دوور لە مەزهەبخوازییەكی توندڕەودایە.
بۆ بەدیهێنانی ئەمەش، كاركردن بەو ئاراستەیە پێویستی بە ئەركی بێ پسانەوە و قوربانیی زۆر و سازشكردنی هەموو لایەنەكان هەیە، بۆ گەیشتن بە بەهای هاوبەش كە هەمووان كۆ بكاتەوە.
گوڵان: لەم قۆناغەدا بەڕێز مەسعود بارزانی هەموو هەوڵی بۆ ئەوەیە كە كێشەی كورد تێكەڵ بە كێشەی مەزهەبیی نێوان شیعە و سوننە نەبێت، ئایا بە بڕوای بەڕێزتان چۆن بەڕێز مەسعود بارزانی دەتوانێت لەم قۆناغەدا پرسی كورد لەم گێژاوە رزگار بكات و نەهێڵێت بكەوێتە نێو گێژاوی شەڕی ناوخۆی شیعە و سوننەوە؟
د. موحسین عەبدولحەمید: گەلی كورد لەم سەردەمی نوێیەدا بەرگەی زوڵم و ستەمی زۆری گرت، لە سەراپای خاكەكەی كە لە نێوانی چەندین لایەندا دابەش كراوە، نەمازە لە عیراقدا و لە سەردەمی دەسەڵاتی دوور و درێژی بەعسدا. جێی داخە كە ئەو گەلە هێزێكی دڵسۆزی لە پشت نییە كە داكۆكی لە ماف و ئازادیی ئەو بكات، چونكە هەر لایەنە بەرژەوەندیی گۆڕاوی خۆی هەیە.
ئیدی لێرەوە دەبێ سەركردەكانی كورد سیاسەتێكی حەكیمانەیان هەبێت بۆ ئەوەی بە پێی توانا پارێزگاری لە بەرژەوەندیی كورد بكەن. گەلی كورد هیچ بەرژەوەندییەكی لەوەدا نییە كە بچێتە نێو ململانێی تایەفیی نێوان سوننە و شیعەوە، چونكە ئەم ململانێیە بە هێزگەلی دەرەكیی دوور یان نزیكەوە گرێ دراوە، ئەوان گوێ نادەنە بەرژەوەندیی ئەم گەلە مەزڵوومەی كە بۆ خۆی چەندین كێشەی ناوخۆی هەیە و بۆ چارەسەر كردنیان پێویستی بە یەك هەڵوێستی هەیە، هەروەها راگرتنی هاوسەنگی لە پەیوەندیی دەرەكیدا. ئیدی بۆیە من لەگەڵ هەڵوێستی هاوسەنگی سەركردەكانی كورددام لە پەیوەند بەم پرسە و پرسی دیكەش، لە سەرووی هەمووشیانەوە هەڵوێستی سەرۆكی هەرێم برا و رێزدار مەسعوود بارزانی.
ئەركی كورد و سەركردایەتییەكەی ئەوەیە كە لەم قۆناغە نائارامەدا رۆڵێكی هاوسەنگ بگێڕێت بۆ هێور كردنەوەی بەریەككەوتن لە نێوانی لایەنەكاندا تا گەیشتن بە دامەزراندنی سیستەمێكی دیموكراتی نیشتیمانی، كە هەر لایەنە دوور لە تایەفەگەری و مەزهەبخوازی، مافی خۆی بەدەست بهێنێت.
گوڵان: گەلی كوردستان لەم كاتەدا چاوەڕێی ئەوەیە لەم بارودۆخەدا هەنگاو بۆ دەوڵەتێكی سەربەخۆی كوردستان بهاوێت، بەڕێزتان وەك بیرمەندێكی ئیسلامی چۆن تەماشای ئەم خواستەی شەقامی كورد دەكەیت؟ ئایا تا چەند كورد مافی خۆیەتی دەوڵەتی سەربەخۆی هەبێت؟
د. موحسین عەبدولحەمید: گومانی تێدا نییە كە لەم قۆناغە مەترسیدارەدا كورد وەك گەلانی دیكەی موسڵمان مافی خۆیەتی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی رابگەیەنێت، بەڵام ئەمە پێویستی بە پێشەكی و زەمینەسازی و توێژینەوەی قووڵ هەیە. لە ناوخۆشدا پێویستی بە یەكڕیزی هەیە، جا چ لە نێوان هێزگەلی سەربازی یان هێزگەلی مەدەنی یاخود لە بنیات نانی دامەوزراوەی یەكگرتووی نیشتیمانیدا، پاشان زاڵ كردنی بەرژەوەندیی باڵای گەل بە سەر بەرژەوەندیی تەسكی حزبایەتی. بە بڕوای من، هەر دەبێ پشوو درێژ بین لە تێپەڕاندنی ئاستەنگی ناوخۆ و هەرێمی و جیهانیی دژ بە خۆمان، زاڵ كردنی سازان بە سەر جەنگدا، منیش دڵنیام كە ئەو هێزانەی ناوخۆ و دەرەكی لە رۆژانێكی نزیكدا دەگەنە ئەو بڕوایەی كە كورد مافی خۆیەتی دەوڵەتی سەربەخۆی هەبێت، ئەو مافەش مافێكی دادپەروەر و خۆڕسك و واقیعییە، دژ بە بەرژەوەندیی هیچ كەسیش نییە.
گوڵان: بەڕێزتان ئەزموونێكی زۆرتان لەگەڵ خوا لێ خۆش بوو جەنابی مەلا مستەفا هەیە، ئایا ئەو ئەزموونەتان لەگەڵ جەنابی مەلا مستەفا چۆن بووە؟ هەروەها مەلا مستەفا چۆن سەیری رەوت و پارتگەلی ئیسلامیی دەكرد؟
د. موحسین عەبدولحەمید: من دوو جار مەلا مستەفام لە بەغدا بینیوە، پاش گەڕانەوەی لە رووسیا لە دوای شۆڕشی تەمووز (1958)، جارێكیان لەگەڵ كۆمەڵێك لە قوتابیان، جارێكی دیكەش بە سەردانێكی تایبەت لەگەڵ مامۆستاكەم زانای پایەی بەرزی مەغریبی دكتۆر (تەقیەدین ئەلهیلالی)، كە تێیدا باس لە رەوشی كورد و ئیسلام و موسڵمانان كرا. ئەوەی بێتەوە بیرم بە دكتۆر تەقیەدینی گوت «من پیاوێكی موسڵمانم و رۆڵەی ماڵباتێكی ئایینیم و خزمەتی ئیسلام و موسڵمانانم كرد، بەشێكی باش لە زانستەكانی ئایینیشم خوێندووە، خزمەتی گەلی كوردیش دەكەین لە رووی پاراستنی ئایینەكەی و مافی نەتەوەیی خۆیەوە). سەرنجی ئەوەشم دا كە رێزی لە دكتۆر ئەلهیلالی نا و سەردانەكەشی پێ خۆش بوو.
سەبارەت بە ئەزموونی بزووتنەوەی ئیسلامی لە عیراقدا، ئەوا لە دوو سەرداندا بۆ ماڵەكەی لە (حاجی ئۆمەران) لە ساڵی 1966 و 1967دا، كە شاندێكی سەركردایەتیی ئیخوان موسلمین لە بەغدا سەردانی مەلا مستەفای كرد. لە نێو شاندەكەدا دكتۆر نیزامەدین عەبدولحەمیدی برام و بەڕێز شێخ نازم عاسم ئەلعەلیی تێدا بوو. ئەوان بۆیان گێڕامەوە كە زۆر بە گەرمییەوە بەخێر هاتنی شاندەكەی كردووە. پاشان داوایان لێ كرد كە برووسكەیەك بۆ جەمال عەبدولناسر بنێرێت و تێیدا داوای لێ بكات كە بیرمەند و موفەسیری گەورە سەید قوتب (رەحمەتی خوای لێ بێت) لە سێدارە نەدات. ئەویش كاغەزێكی سپیی خستە بەر دەمیان و واژۆی كرد، پاشان پێی گوتن: ئێوە چیتان پێ خۆشە تێیدا بنووسن، لە پۆستەی هەولێریشەوە رەوانەی بكەن. لەگەڵ ئەوەی عەبدولناسر سەید قوتبی لە سێدارە دا، بەڵام ئەم هەڵوێستە جوامێرانەیەی بارزانی هەر دەبێ مێژوو تۆماری بكات، سەركردایەتیی بزووتنەوەی ئیسلامی لە عیراق و شوێنانی دیكەش لە بیری ناكەن. دووەمین دیداریش بۆ نێوانگێڕی بوو لە نێوان خوا لێ خۆش بوو بارزانی و خوا لێ خۆش بوو عەبدولڕەحمان عارف سەركۆماری ئەوسای عیراق، بە سەرۆكایەتیی دۆستی بارزانی شێخ نازم ئەلعاسی ئەلعەلی رەحمەتی خوای لێ بێت.
شێخ نازم و نیزامەدینی برام بۆیان گێڕامەوە و پێیان گوتم: زۆر بە رێزەوە لە ماڵی خۆی پێشوازیی لێ كردین، قسەی ئەوەشی بۆ كردین كە پێویستە لەگەڵ عیراقدا بگەنە چارەسەرێك، ئەو پەیوەندییەشمان وەبیری هێنایەوە كە لە رووی ئایینەوە لە نێوانی كورد و عەرەبدا هەیە.
بارزانی گوتی: كورد گەلێكی موسڵمانە و بە درێژایی مێژوو خزمەتی ئیسلام و موسڵمانانی كردووە، ئیدی نابێ رووبەڕووی زوڵم ببێتەوە. باسی ئەو زوڵمەشی كرد كە كورد لە سەر خاكی خۆیدا بە سەریدا هاتووە. هەردووكیان (شێخ نازم و نیزامەدینی برام) گوتیان: بارزانی سوێندی خوارد و گوتی: لە هیچ پێكدادانێكی نێوانی ئێمە و حكوومەتەكانی عیراقدا من یەكم فیشەكم نەتەقاندووە، ئێمە هەمیشە لە سەر خاكی خۆماندا هێرشمان دەكرێتە سەر و پەلامار دەدرێین. هەروەها گوتیشی: ئێمە هەمیشە ئامادەی رێككەوتنین بە مەرجێك رێز لە گەلەكەمان بگیرێت، مافەكانیشی بە تەواوی پێ بدرێت، خواستەكانی ئێمەش بە تەواوی دادپەروەرانەن، هێرشی زۆر بێ بەزەییانەشمان كرایە سەر، كە تێیدا شار و گوندی ئێمەیان خاپوور كرد.
گوڵان: لە سەردەمی (مەلا مستەفا بارزانی)دا هەموو كورد لە ژێر رەشماڵی بارزانی خۆی دەبینییەوە، هەموو خۆیان بە پێشمەرگەی مەلا مستەفا دەزانی، بە رای بەڕێزت چۆن لەم قۆناغەدا مەسعوود بارزانی هەمان ئەزموونی مەلا مستەفا دووبارە دەكاتەوە؟
د. موحسین عەبدولحەمید: بارزانی بۆ پرسی گەلە ستەمدیدەكەی دڵسۆز بوو، ئەو كەسێكی موسڵمان بوو پارێزگاریی لە ئایینەكەی خۆی كرد، رێزی لە زانایان ئایین دەگرت و داوای لێ دەكردن شتانی پیرۆزی ئیسلام بپارێزن. ئەو زانایانەی كە پەیوەندییان پێوە دەكرد باسی ئەو شتەیان بۆ من كردووە. بارزانی بۆ خۆی و كوڕەكانی و شێخ ئەحمەد بارزانیی برای، رووبەڕووی كێشە و گرفتی زۆر بوونەتەوە هەر لە دوور خستنەوە و زیندانی كردن و دەربەدەری، هەموو ئەو شتەش لە پێناو بەدی هێنانی هیواكانی گەلی كورد لە رووی ئازادی و بەدی هێنانی مافی رەوای نەتەوەییانەدا بوو.
گومانم لەوەدا نییە، مەسعوود بارزانیی كوڕیشی، كە تا دوایین هەناسە لەگەڵیدا ژیاوە، ئەوا بە رێبازەكەی ئەودا دەڕوات، بە هەمان شێوەی باوكی خوا لێ خۆش بووی، بە گوڕ و تین و سەربەرزییەوە داكۆكی لە پیرۆزییەكانی ئیسلام و مافی نەتەوەییانەی گەلی كورد دەكات.
گوڵان: ئێستا بارودۆخێك هاتووەتە پێشەوە كە پێویستە پێشمەرگە داكۆكی لە كوردستان بكات، بەڵام لە بەرانبەردا لە هەموو لایەكەوە هێرش دەكرێتە سەر پێشمەرگە. ئایا لە روانگەی جەنابتانەوە تا چەند داكۆكی كردن لە نیشتیمان ئەركێكی ئایینی و ئەخلاقییە؟ ئایا ئەگەر پێشمەرگە لەم شەڕەدا بكوژرێت، تا چەند بە پێی شەرع بە شەهید لە قەڵەم دەدرێت؟
- د. موحسین عەبدولحەمید: رەوشی پەشێوی ئێستای عیراق و هەبوونی كەسانێك كە چاویان بڕیوەتە كوردستان و خاكی دیاری كراوی، هەروەها چاویان بڕیوەتە ئەزموونە شارستانییەكەی، هەر دەبێ پاڵ بە پێشمەرگەوە بنێت كە سنوور كۆنترۆڵ بكات بە بێ ئەوەی دەستدرێژی بكەنە سەر هیچ لایەنێك، ئەم داكۆكی كردنەش پێویستییەكی مێژووییە بۆ پاراستنی خاك و ئاسایشی كوردستان، تا جارێكی دی گەلی كورد رووبەڕووی جینۆساید و قڕ كردن نەیەتەوە. ئاشكراشە ئەو موسڵمانەی دەستدرێژیی زاڵمانە لە خۆی و گەلەكەی دوور دەخاتەوە، ئەوا پلەیەك لە پلەكانی شەهید بوونی هەیە، بە پێی ئەوەی لە فەرموودەی پێغەمبەردا هاتووە، چونكە پێشمەرگە داكۆكی لە خاك و سامان و ئایین و نامووسی خۆی دەكات.
گوڵان: ئەو ئاسایش و ئارامییەی لە كوردستاندا هەیە، ناحەزانی كورد و مرۆڤایەتی چاویان پێی هەڵنایەت، ئایا تا چەند پاراستنی ئەم ئاسایش و سەقامگیرییەی كوردستان گرنگە و تا چەند پێویستە گەلی كوردستان پشتگیری لە سەركردایەتیی خۆی بكات بۆ ئەوەی ئەم ئاسایش و سەقامگیرییە بەردەوام بێت؟
د. موحسین عەبدولحەمید: بەڵێ، رەوشی ئاسایشی و ئارامیی سیاسی و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی لە كوردستانی عیراقدا هەر دەبێ ئیرەیی و قینەی زاڵمان و ستەمكاران بجووڵێنێت، ئیدی لێرەوەیە كە گرنگە یەكڕیزیی گەل و سەركردایەتیی سیاسیی ئەو گەلە بپارێزرێت، هەروەها هاوكاریی بەردەوام لە نێوان گەل و سەركردایەتیی هەڵبژێردراوی، خێری زۆری لێ دەكەوێتەوە و بەرژەوەندیی باڵای نیشتیمان دەپارێزێت و لە تیری دوژمنانیش دەیپارێزێت.
گوڵان: هەموو بیرمەندان و پسپۆران بەم جۆرە سەیری ئایندەی عیراق دەكەن، بەوەی عیراق كۆتایی هات، پرسیار ئەوەیە ئایا ئەو هۆكارانە چین كە وایان كرد، عیراق كۆتایی بێت و پارچە پارچە بێت؟
د. موحسین عەبدولحەمید: ئەو هۆیانەی دەبنە مایەی ئەوەی عیراق و رۆڵەكانی پەرتەوازە بن و یەكێتیی نیشتیمانی و سیاسی و یەكگرتووییەكەی هەڵوەشێتەوە، لە روانگەی منەوە ئەوەیە، ململانێی تایەفییە كە ئێمە بۆ مێژووی رابردوو دەگێڕێتەوە و ئێستا و ئایندەشمان دەكوژێت، چونكە ئەم جۆرە ململانێیە پشت بە زاڵ كردنی بەرژەوەندیی تایەفەیەك بە سەر تایەفەیەكی دیكەوە دەبەستێت، بەم جۆرە هاوسەنگیی نیشتمانییانەی دامەزراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و سەربازی و ئەمنی تێك دەدات، پاشان پێكهاتەكانی گەلی عیراق خۆیان رادەستی دەست تێوەردانی دەرەكی دەكەن، كە دەیانەوێ بەرژەوەندیی خۆیان لە سەر حیسابی یەكێتیی گەلی عیراق بەدی بهێنن، پاشان هەست كردن بە زوڵمی كۆمەڵایەتی و ناهاوسەنگی لە دابەش كردنی سامان بە سەر هەرێم و پارێزگاكاندا، ئنجا بەردەوام هەبوونی گەندەڵی لە جومگە باڵا و نزمەكانی دەوڵەتدا. ئیدی بۆ پاراستنی یەكێتیی گەلی عیراق دەبێ دەستوور پێداچوونەوەی بۆ بكرێ، هەموو ئەو بەندانەش دوور بخرێنەوە كە جەخت دەكەنە سەر تایەفەگەری و شتی دی، دەسەڵاتی دیموكراسی بچەسپێندرێ و نەهێشتنی هیچ كاریگەرییەكی دەسەڵاتی دیكتاتۆری لە عیراقدا.


د. موحسین عەبدولحەمید لە ساڵی 1937 لە شاری كەركوك لەدایك بووە و سەر بەهۆزی بزەینیە لە ناوچەی شوان .
لەساڵی 1959 بۆتە مامۆستا لە ئامادەیی كەركوكی كوڕان و هەروەها هەر لەو ماوەیەدا گوتاربێژی نوێژی هەینی كردوە لە مزگەوتی ئیبراهیم تكریتی.
لە ساڵی 1965 بۆ وەرگرتنی بڕوانامەی ماجستێر چۆتە زانكۆی قاهیرە و هەر لەوێش بڕوانامەی دكتۆرای لە تەفسیری قورئانی پیرۆز وەرگرتووە و پاشان بۆتە مامۆستا لە كۆلیژی شەریعەی زانكۆی بەغدا.
لە دوای رووخانی رژێمی پێشوو لە عێراق لە ساڵی 2003، حزبی ئیسلامی عێراقی دامەزراندووە و هەر خۆیشی بۆ ئەمینداری گشتی حزبی ئیسلامی عێراق هەڵبژێراوە و لە ساڵی 2004 بۆتە سەرۆكی حزبی ئیسلامی و پاشان بۆ سەرۆكی ئەنجوومەنی شوڕای ناوەندی تاكو ئێستا.
لە ساڵی 2004 بۆتە ئەندامی ئەنجوومەنی حوكم لە قۆناخی ئینتقالی عێراق و لە شوباتی 2004 سەرۆكی ئەنجوومەنی حكوم بووە.
لە 2004- 2005 هەڵبژێراوە بۆ ئەندامیەتی پەرلەمانی عێراق.
Top