د.سەید ئەحمەد پێنجوێنی پێشنوێژی مزگەوتی حاجی جەمال لە هەولێر: ئەگەر مسعود بارزانی لەسەر بەرنامەی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان بەردەوام بێت، خواش پشتگیری دەكات و ئێمەش هەموومان پێشمەرگەی ئەو د

د.سەید ئەحمەد پێنجوێنی پێشنوێژی مزگەوتی حاجی جەمال لە هەولێر: ئەگەر مسعود بارزانی لەسەر بەرنامەی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان بەردەوام بێت، خواش پشتگیری دەكات و ئێمەش هەموومان پێشمەرگەی ئەو د
پرسە چارەنووسسازەكان لە هەموو كاتێكدا تێكڕای چین و توێژەكانی كۆمەڵگە و تەواوی بیروبۆچوونە سیاسییە جیاوازەكان لە نێو یەك بازنەدا كۆدەكاتەوە، كە ئەویش بازنەی چارەنووس و ئاییندەی نەتەوەیە، لەم قۆناخە هەستیارەدا كە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پێدا تێدەپەرێت، هەموو پرسێك لە دووڕیانی گۆڕانكارییەكی چاوەڕواننەكراودا چاوەڕێی پێشهات و گۆڕانكارییەكانە، بۆیە هەموو توخمەكانی نێو ئەم هاوكێشەیە لە ئامادەباشیدان بۆ ئەوەی زەمینە بۆ ئەو ئاراستەیە خۆش بكەن كە نەتەوە ئامانجی چەندین ساڵەیەتی.لەم چوارچێوەیەدا و لەناو هاوكێشەی ئاڵۆزی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، پرسی كورد و كوردستان خەریكە بەرەو ئاسۆیەكی رووناك هەنگاو هەڵدەگرێت و بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان نەخشەی رێگە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان دیاری دەكات، لەسەر ئەم نەخشەیەش بەڕێز مسعود بارزانی بەپێی ئەو بڕیارە هەنگاو هەڵدەگرێت كە گەلی كوردستان دیاری دەكات.لەم چوارچێوەیەدا و بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە چارەنووسسازە، ئەم دیمانە تایبەتەمان لەگەڵ بەڕێز د.سەید ئەحمەد عەبدلوەهاب پێنجوێنی وتارخوێنی مزگەوتی حاجی جەمال لە هەولێر ئەنجامداو بەڕێزی لە روانگەی ئایینی پیرۆزی ئیسلامەوە بەمجۆرە هەڵوەستەی لەسەر پرسی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان كردوو، ئەمەش دەقی دیمانەكەیە.
* سەبارەت بە پرسی سەربەخۆیی دەوڵەتی كوردستان لە روانگەی ئایینەوە، ئایا بەڕێزت وەك زانایەكی ئایینی چۆن سەیری پرسی سەربەخۆیی كوردستان دەكەیت؟
- من لە روانگەی شەرعەوە قسەدەكەم و باسی پرسی سەربەخۆیی دەوڵەتی كوردستان دەكەم، بۆیە خوای گەورە هەر مافێكی دابێت بە هەر گرووپێك لە مرۆڤەكان، ئەوا هەمان مافیشی بە توێژ و گرووپەكانی دیكەش به رەوا زانیوە، لەبەر ئەوەی خوای سوبحان و تەعالا گەورەی هەموومانەو هەر لەسەرەتای سورەتی فاتیحەوە فێرمان دەكات، سوپاسگوزاری خوای هەموو جیهانەكان بین، هەروەها فێرمان دەكات و پێمان دەڵێت: (ولقد كرمنا بنی ادم)، ئەم دوو ئایەتەو سەدانی دیكەو هەروەها لە سوننەت و فەرموودەكانی خۆشەویستمان حەزرەتی محەمەد(د.خ) پێمان دەڵێن هەر مرۆڤێك خوا بوونی پێبەخشی بێت، دەبێت زێدێكیشی هەبێت، واتە نیشتمانێكی هەبێت كە بەپێی یاسا چوار كۆڵەگەی سەرەكی هەیە، بۆیە كاتێك خوای گەورە مافی دەوڵەتی سەربەخۆی بە عەرەب و تورك و فارس و رۆژئاواو و رۆژهەڵات بە رەوا بینیبێت، ئەم مافە بە گەلی كورد رەوا نابینێت؟ نەخێر خوا گەلی كوردی لە مافی دەوڵەتی سەربەخۆ بێبەش نەكردووە، بەڵكو ئەوەی كوردی لە دەوڵەتی سەربەخۆ بێبەش كردووە، زاڵم و دیكتاتۆرەكانن كە لنگەوقووچ پرسەكان دەخوێننەوەو نەخشەی خواو مرۆڤایەتی لەم جیهانەدا دەشێوێنن و تێكی دەدەن، ئەگینا چۆن خوا گەلێكی وەك گەلی كوردستانی دروستكردووەو كۆمەڵێك تایبەتمەندی و جیاكەرەوەی پێبەخشیوە كە پێی دەڵێن (كەسایەتی)، هەروەها مافی پێداوە زمان و كەلتور و جلوبەرگی تایبەتی خۆی هەبێت، بۆیە بوونی دەوڵەت بۆ هەر نەتەوەیەك وەك بوونی هەر تاكێكی كۆمەڵگەیە، لەبەر ئەوە ناسنامەی كەسێتی مرۆڤ بەبێ بوونی نیشتمانێك و دەوڵەتێكی سەربەخۆ، تەواو نابێت، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەگەر نیشتمانی نەبوو ئایینیشی نابێت، لەبەر ئەوەی ئایین كە خەڵاتی پەروەردگارە بۆ مرۆڤەكان، ئەوا ئەم خەڵاتە بۆ رۆشنكەرەوەی بوارەكانی ژیانی كۆمەڵگەیە، هەروەها پێوەندی نێوان مرۆڤەكان لەگەڵ یەكدی و هەروەها پێوەندی نێوان مرۆڤەكان و پەروەردگار رێكدەخات، بۆیە ئەم هەموو نیعمەتەی خوا كە بە مرۆڤەكانی بەخشیوە، بۆ رێكخستنی مرۆڤەكانە لەناو نیشتمانێكدا، خۆ ئەگەر نیشتمانەكەت نەبێت، ئەوا ئایینەكەش بوونی نییە، بۆیە لەم روانگەیەوە ئایین بەو هەموو گەورەییەی خۆیەوە بەستراوە بە بوونی نیشتمانێكەوە، هەر بۆ نموونە ئەگەر ئێمە نیشتمانێكمان نەبێت، چۆن دەتوانین مزگەوتێك دروست بكەین؟ لەكوێ كڕنووش بۆ پەروەردگار دەبەین و سوپاسگوزاری دەكەین؟ لەكوێ گرێبەستی هاوسەرگیری و زەماوەندی شەرعی دەكەیت؟ لەكوێ منداڵت دەبێت؟ لەكوێ ناسنامەی بۆ دەردەهێنیت؟! ئەمانە هەمووی پێكەوە بەستراونەتەوە بە بوونی نیشتمانەوە، بۆیە بوونی نیشتمان و دەوڵەت بە مانا یاساییەكەی، وەك بوونی كەسەكە خۆی وایەو یەكێكە لە مافە سەرەكیەكانی.
بەڵام ئەوەی ئێستا كە باسی دەوڵەتی كوردستان دەكەین و لێییان كردوین بەشتێك هەر لە مەتەڵ دەچێت، وەك شتێكی سەیرو گەورە سەیری دەكەن كاتێك كورد داوای دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆیی كوردستان دەكات، ئەمە ستەمی داگیركارەكانی سەر زەوییە و نەخشەی زاڵمەكانە كە نەخشەی دەوڵەتی كوردستانیان سڕیوەتەوە، ئەمە هەرگیز پەیامی پەروەردگار و نەخشەی پەروەردگار نییە.
بۆیە لە روانگەی شەرعەوە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان مافێكی رەوای خەڵكی كوردستانەو پەروەردگار ئەم مافەی پێبەخشیوە، لەناو ئەم دەوڵەتەشدا مافی خۆیەتی حكومەتی هەبێت، پارتی سیاسیی هەبێت، بیروبۆچوونی جیاوازی هەبێت و پەرلەمانێكی هەبێت كۆكەرەوەی هەموو بیروبۆچوونە جیاوازەكان بێت، هەروەها دەبێت ئاڵای خۆی هەبێت و ئاڵاكەی هاوشانی ئاڵای هەموو نەتەوەكانی جیهان لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بشەكێتەوەو ژمارەیەك بێت لەنێو گەلانی جیهان و دۆست و دوژمن حیسابی بۆ بكات و بە ئازادانە لەناو دەوڵەتی خۆی بڕیار بدات و لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە گشتیەكانی گەلەكەی و لە چوارچێوەی رێزو بەرژەوەندی هاوبەش پێوەندییەكانی خۆی لەگەڵ دراوسێكانی و جیهان رێكبخات.
بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە بۆچی تا ئێستا دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان دروست نەبووەو بوونی نییە؟ ئەوە بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دوو هۆكاری سەرەكی هەیە:
1. كاتێك دەوڵەتانی داگیركاری ئەوروپایی و رۆژئاوایی هاتن و ئیمپراتۆریەتی عوسمانییان پەرتكردو لەبەریەكیان هەڵوەشاند، ئەو كاتە مافی دەوڵەتی سەربەخۆیان بۆ گەل و نەتەوەكانی دیكە بە رەوا زانی، بەڵام ئەم مافەیان بە گەلی كورد رەوا نەبینی.
لەوانەیە یەكێك لەو هۆكارانەی كە نەیانهێشتبێت كورد دەوڵەتی هەبێت، هۆكارەكەی بۆ ئەوسەركردە گەورەیەی كورد سەڵاحەدینی ئەیووبی بێت، كه توانی جیهانی ئیسلام یەكبخات و قودس ئازاد بكات، هۆكارێكی دیكە ئەوەیە كاتێك رۆژئاواییەكان نەخشەیان دەكێشا بۆ هەڵوەشانەوەی دەوڵەتی عوسمانی نەتەوەكانی عەرەب و فارس و تورك رازیبوون، بەڵام كورد بەو تێكدانە رازی نەبوو، شێخ سەعیدی پیران و كوردە قارەمانەكان دژی داگیركەر و دیكتاتۆریش راوەستان..
2. هۆكارێكی دیكە كە پێوەندی بە خۆمانەوە هەیە دەگەڕێتەوە بۆ كەمتەرخەمی سەركردە سیاسییەكان و فەرمانڕاوەكانی كورد لە كۆن و نوێدا، هەتا ئێستاشی لەگەڵ بێت چەندینجار هەل و فرسەتی گونجاوهاتۆتە پێشەوە بۆ ئەوەی دەوڵەتی سەربەخۆ رابگەیەنین، بەڵام خەمسارد بووین، ئەوجا لەبەرئەوەی پێگەیشتوویەكی گەورەی سیاسی نەبووە، بۆیە ئەوان وایان زانیوە سیاسەت بە موجامەلەو دەستگوشینی گەرم كۆتایی دێت، هەر بۆنموونە نوری مالیكی كە ئێستا سەرۆك وەزیرانی عێراقە و بۆتە مەترسیەكی گەورە لەسەر كوردستان و بەردەوام چاومان لێ سوور دەكاتەوەو بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەبڕێت، ئیستفزازمان دەكات، ئەمە بەشێكی تۆڵەی ئەو پشتگیریەیە كە حزبە سیاسییەكانی كوردستان پشتگیری مالیكیان كردووە. چەندینجار ئەم مالیكیە دیكتاتۆرە تازە مەزهەبگەرایە لەسەر لێواری رووخان بووە، بەڵام كورد گرتووێتیەوە، سەركردەی حزبەكان و فەرمانڕەوای كورد نەیهێشتووە مالیكی بڕووخێت و بكەوێت.
* ئێوە پێش ئەوەی ئەندامی حزبێكی ئیسلامی بن، پێشتر پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول بوون بە رێبەرایەتی جەنابی مستەفا بارزانی، ئایا ئەگەر هەنگاوێك بگەڕێینەوە بۆ دواوە، ئایا چۆن ئەو مێژووە بۆ نەوەی ئەمڕۆ دەگێڕنەوە؟
- هەتا ئەو نسكۆیەی بە پیلانێكی نێودەوڵەتی دووچاری شۆڕشی كوردستان بووەوە لە ساڵی 1975، میللەتی كوردستان، وەك میللەت و وەك ئاڕاستە، یەك و یەكگرتوو و یەكڕیز بوو، وەك ئاڵا و رابەرایەتی، هەر یەك ئاڵاو یەك رابەری هەبوو، كە ئەویش جەنابی خوالێخۆشبوو مەلا مستەفا بوو، ئەوجا لەبەر ئەوەی میللەت هەمووی یەك ئاڕاستەی هەبوو، یەك گوتاری سیاسیی یەكگرتوو هەبوو، ئەوكات وەك ئێستا فرە گوتاری نەبوو، ئەوجا لەوانەیە هەندێك بڵێن فرە گوتاری سیاسیی و فرەلایەنی دەبێتە هێز بۆ كۆمەڵگە، بەڵام من دەڵێم بەداخەوە بۆ ئێمە ئەم فرە گوتارییە نەبۆتە هێز بەڵكو بۆتە هۆكاری لاوازیمان، ئەوجا لەم روانگەیەوە كە سەیری سەردەمی جەنابی مەلا مستەفا دەكەین، هەست دەكەین هەموو میللەت لەژێر رەشماڵی بارزانیدا كۆببووەو هەمووشی جێگای ببووەوە، بۆیە هەموومان لەژێر رەشماڵی مەلا مستەفا بووین، بەڵام هەموومان پارتی نەبووین.
یەكێك لەو دامەزراوانەی لەژێر رەشماڵی بارزانی جێگەی ببووەوە یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی پیرۆز بوو، ئەم یەكێتی زانایانە دووبەش بوو، بەشێكی زانا و مەلا گەورەكانی كوردستانی لەخۆی دەگرت، بەشێكیشی هی فەقێكان بوو، فەقێكانیش یەكێتیەكی تایبەتی خۆیان هەبوو، كە بەشێك بوو لە یەكێتی زانایان، بۆیە فەقێكانیش لە دامەزراندنی یەكێتی زانایانی ئیسلامی هەبوون و بەشدار بوون، من لەو كاتەدا سەرپەرشتی بەشێكی لقی یەكێتی فەقێكانم كردووە كە ئەویش لقی یەكێتی فەقێكان بووە لە ئامۆژگای ئیسلامی لە سلێمانی، هەروەها لە كاتی دەسپێكردنەوەی شەڕیش چووینە ناو شۆڕش و لە ناوچەكانی پێنجوێن و بیارە، كە ئێمە بەلای كەمەوە ماوەی دووساڵ خوێندنمان فەوتا، پاشان كە گەڕاینەوە زۆر بەزەحمەت ژمارەیەكی كەممان لە كۆلێژی شەریعە لە بەغدا وەرگیران، ئەمەش لەبەر ئەوەی بەشداری شۆڕشی كوردستانمان كردبوو. بەهەرحاڵ رۆژگاری سەردەمی مەلا مستەفا رۆژگارێكی زێڕین بوو بۆ تەواوی میللەتی كورد و كوردستان، لەبەر ئەوەی میللەت یەك گوتار و یەك ئاڕاستەی هەبوو، من ئومێد دەخوازم لە ئێستاشدا ئەو یەكڕیزی و یەك گوتارییە ببینینەوە، واتە وەك سەردەمی مەلا مستەفا ببینەوە بە یەك دڵ یەك خواست و یەك ویژدان و ئاڵا و یەك گوتاری سیاسی، بگەڕێینەوە بۆ ئەو سەردەمە زێڕینەی كە جێگەی شانازی هەر تاكێكی ئەم نەتەوەیەیە. لەمەش زیاتر تا ئێستا میللەتی كورد بەناوی مەلا مستەفاو ئەو سەكردایەتیەوە ناسراوە كە لەو سەردەمە زێڕینە سەركردایەتی یەكخستنی ماڵی كوردی كردووە. ئەوانەشی ئێستا هەن و لەسەر كورسی حكومڕانی دانیشتوون، ئەوانیش هەر نانی مەلا مستەفاو بەرهەمی مەلا مستەفا دەخۆن، راستە بەشێكی ئازایەتی و لێهاتوویی خۆیانە، بەڵام بەشە زۆرەكەی بەرهەمی مەلامستەفایە، بۆیە هەركەسێك رابردووی نەبێت، ئێستاشی نابێت، هەر كەسێكیش رابردوویەكی بۆ ئێستا نەبووبێت، ئەوا ئاییندەشی تاریك دەبێت، بۆیە سەركردایەتی سیاسی كوردستان لەهەر حزبێك بن یا لەهەر سەنگەرێك بن، دەبێت تاكی كورد لەسەر ئەو رابردووە پەروەردە بكەن، بۆ ئەوەی هەموو تاكێك رێزی هەبێت بۆ رابردووی خۆی و لەسەر رابردووی خۆی ئێستا بونیات بنێت، حاشا لە رابردووی خۆی نەكات. بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت رەسەنە نەك نارەسەنە.
* دیارە وەڵامەكانی بەڕێزت بەرەو ئەو پرسیارەمان دەبات، ئایا حیكمەتی بارزانی مستەفا چی بوو، وا توانیبووی ئەم یەكڕیزی و یەك گوتارییە لەناو میللەت دروست بكات؟
- لەبەر ئەوەی دۆزی كورد، دۆزی هەر تاكێك و تەواوی نەتەوەی كوردە و خواستی هەموو لایەك بوو، مەلا مستەفا بەرگێكی ئایدیۆلۆژی بەبەردا نەكردبوو، ئەمەش وایكردبوو گیانی حزبایەتی تێدا كەم و كاڵ بێت، راشكاوانەتر حزبایەتی پێش سەرهەڵدانی شۆڕش بوونی نەبوو، بەڵكو دوای سەرهەڵدانی شۆڕش پەیدابوو، دوای ئەوە شتێك دروست بوو بەناوی مەكتەبی سیاسی و شتێك دروست بوو بەناوی حزب، مەلا مستەفا شۆڕش و راپەڕینەكانی دەست پێكردبوو، دوای ماوەیەكی زۆر پارتی دامەزرا، ئەمەش مانای ئەوەیە سەرهەڵدانی شۆڕشی كوردستان، سەرهەڵدانێكی میللی بووە نەك ئایدیۆلۆژی و حزبی، شۆڕش خەباتێكی گشتگیر و هەمەلایەن بوو، هەموو تواناو پێكهاتەو رەنگەكانی لەخۆی گرتبوو، هەموو پێكهاتە و تواناو رەنگەكانیش شۆڕشەكەیان بە رابەرایەتی مەلا مستەفا بە شۆڕشی خۆیان دەزانی، دڵسۆزانە خەباتیان بۆ دەكرد و قوربانییان لە پێناودا دەدا، بۆیە كاتێك حزبایەتی دروست بوو، ئایدیۆلۆژیەتی ماركسی و لینینی هاتە ناوەوە، ئەوا ئەم لێكترازان و جیاوازییەی لێكەوتەوە، دیارە ئەم لێكترازان جیاوازییەش لە بەرژەوەندی كوردو دۆزی كوردا نییە، بۆیە دەبێت لە ئێستادا بۆ ئەوەی ئەم قۆناخە ناسكە تێپەڕێنین، دەبێت جیاوازییەكانمان بەوەسیلەیەك بزانرێت بۆ پتەوكردنی یەكڕیزی و یەك گوتاریمان، نەك جیاوازییەكانمان ئامانج بێت و یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی بكەین بە قوربانی. هەر بۆ نموونە ئێوە تەشریفتان هێناوە هاتوون بۆ ماڵی ئێمە، دیارە بە ئۆتوۆمبێل هاتوون، بەڵام ئۆتۆمبێلەكەتان لەگەڵ خۆتان نەهێناوەتە ژوورەوە، بەڵكو ئۆتۆبێلەكەتان هۆكارێكە ئێوەی گەیاندۆتە ئێرە، ئامانجی هەردوولامان ئەم دیالۆگەیە، بۆیە حزبەكانیش دەبێت وەك ئەو ئۆتۆمبێلە وەسیلە بێت و دەبێت حزبایەتی لەدەرەوەی ئەو دیالۆگانە بێت كە بۆ یەكڕیزی و یەك هەڵوێستی و ئامانجە نیشتمانییەكانمان رێكی دەخەین. لە ئێستاشدا كە كورد لەو سەروبەندەیە ماڵێكی سەربەخۆ و دەوڵەوتێكی سەربەخۆ دابمەزرێنێت، ئەوا دەبێت سەركردایەتی هەموو حزبەكان سەركردەی كامڵ و پێگەیشتوو بن، سەركردایەتیەكی گەورە بن، لە قۆناخی ناكامڵی و ئایدیۆلۆژیەتی تەسكی حزبایەتی بێنە دەرەوەو، بۆ ئەوەی ئەقڵە لێهاتووەكان دوور نەكەونەوە و ماستاوچییەكان پێش بكەون.
* بەرای بەڕێزت ئایا لەم قۆناخەدا ئەركی زانایانی ئایینی ئیسلام بۆ ئەم پرسە نەتەوەییە چییە؟
- ئەگەر ئێمە بە ویژدانانەو بە ئەمەكدارانە چاوێك بخشێنینەوە بە مێژووی چەند ساڵی رابردووی خۆماندا، راستیەكی گەورە و پیرۆزمان بۆ دەردەكەوێت، ئەویش ئەوەیە كە بناخەی شۆڕشی كورد لە دەزگاو دامەزراوەی ئایینەوە سەرچاوەی گرتووە، واتە لە مزگەوت و لە مەلا لە شێخ لە حوجرە لە تەكیە، خەڵكێكی دیندار بە پاڵنەری ئایینی راپەڕیوون و شۆڕشیان دەست پێكردووە، بەدەستی بەدەستنوێژ ئەو شۆڕشەیان بەرپاكردووە، بە پاڵنەری ئایینی مقاوەمەتی هەموو داگیركارەكانی كوردستانیان كردووە، بۆیە لەو كاتەی ئەو خەڵكانە سەركردایەتی شۆڕشیان دەكرد، میللەت یەك هەڵوێست بوو، تەنانەت میللەت خۆی پێشمەرگە و شۆڕشی بەخێودەكرد. ئێمە خۆمان ئەوەمان دەكرد بە مەلا و فەقێكانی ناو یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامەوە هەڵدەستاین بەكۆكردنەوەی زەكات، لەبەرئەوەی شۆڕشی ئەیلوول هیواو خواستی هەر تاكێك بوو، شەرەف بوو بۆ میللەتی كورد، چونكە حزب و چەپ و راست و ئایدیۆلۆژیا نەبوون!
* ئەگەر پرسیارێك لەرووی شەرعەوە سەبارەت بە كۆكردنەوەی زەكات بۆ شۆڕش و پێشمەرگە بكەین، ئایا لەچ سەرچاوەیەكەوە شەرع رێگەی دابوو زەكات بدرێتە شۆڕش و پێشمەرگەی ئەیلوول؟
- لەبەر ئەوە فەتوا درابوو زەكات بدرێتە پێشمەرگە، چونكە پێشمەرگە جیهادی دەكرد، ئەمەش واتە خەباتی چەكداری بۆ رزگاركردنی میللەتێك بۆ رزگاركردنی زێدی، بۆ رزگاركردنی ئایینەكەی، ئەمە بە دەقی قوڕئان جیهادە، میللەتیش هەمووی یەك ئاڕاستەی هەبوو، یەك ئامانجی هەبوو، لەبەر ئەوە هەرگیز ئەو پرسیارە نەدەكرا ئایا زەكاتی پێ دەشێت یان پێی ناشێت؟ بۆیە چۆن پێشتر زەكات بە موجاهید درابوو، بە هەمان شێوە پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول بە شێوەیەكی گشتی موجاهید بوو، دەست بەدەست بە دەستنوێژ بوو، خۆبەخشانە هاتبووە ئەو چیایە، ژن و كچانی كوردی بە دایك و خوشكی خۆی دەزانی، بە سەرماو گەرما لە ئەشكەوت دەژیا و هیچ سەرچاوەیەكی ژیانی وەك مووچە نەبووە، بۆیە لە رووی شەرعەوە زۆر جێگەی خۆی بوو زەكات بدرێتە پێشمەرگە، سەبارەت بە فیكری مەرحومی بارزانیش، بێگومان جەنابی مەلا مستەفا توانیبووی ئیسلامەتیەكی جوانی كوردی كە هەبوو بیپارێزێت و درێژەی پێبدات، مەلا مستەفا رێزی ئایینی دەگرت و ئایینی بە كۆسپ و تەگەرە نەدەزانی، بۆیە مەلا مستەفا توانی ئایینی ئیسلام ئیستیسمار بكات بۆ بەهێزكردنی شۆڕشەكەی، بۆیە ئێمەش ئەگەر بمانەوێت جارێكی دیكە بگەڕێینەوە بۆ سەر فیكری بارزانی و یەك سەركردە و یەك ئاڵامان هەبێت، یەك قاسە و كاسە بین، دەبێت وەك مەلا مستەفا بیر بكەینەوە و وەك مەلا مستەفا رەفتار بكەین. ئەمە واتە وەك هەر تاكێكی موسڵمان لەم كۆمەڵگەیە بیری دەكردەوە، ئەمەش میللی گەراییەكی دروست كردبوو، ئەمەش وایكردبوو نەتەوە پاراستن ببێتە بەشێك لە ئایین، چونكە ئایین دەڵێت، ئەوەی لە پێناوی نەتەوەكەی خەبات بكات و بكوژرێت، ئەوە شەهیدە، مادام خۆی بە حوكمی خوا رازی بێت..
* ئەو بناخەیەی بارزانی نەمر بۆ شۆڕشی كورد دایڕشت، ئێستا بەڕێز مسعود بارزانی وەك قوتابیەكی بارزانی نەمر درێژە پێدەریەتی، ئایا بەرای جەنابت تاچەند مسعود بارزانی توانییوویەتی درێژە پێدەری بەرنامەكەی بارزانی نەمر بێت؟
- ئەگەر گیا لەسەر بنجی خۆی شینبێتەوە دیارە بەرهەمەكەشی باش دەبێت و بەسوودیش دەبێت بۆ دەوروبەری، هەر كەسێكیش لەسەر بنەچەی خۆی لابدات، تووشی خواری و لادان دەبێت، تووشی شكست و نووشستی هەمەچەشنە دەبێت، بۆیە لەم قۆناخە كە پەرتەوازەیی هەیە و تا ئێستاش بەردەوامی هەیه، ئەمە گەورەترین مەترسییە بۆسەر ئاییندەی كوردستان، هەربۆیە ئەو سیاسەتە مەزهەبگەراییەی مالیكی وەك دیكتاتۆر پیادەی دەكات دژ بە گەلەكەمان، هیچ دوور نییە كە لایەك لە لایەكانی كوردستان لەگەڵ مالیكی رێكبكەوێت و ئەمجارەش چەپڵەی بۆ لێبداتەوە، ئەمە لە كاتێكدا هەتا ئێستا بودجەو مووچەی خەڵكی كوردستانی بڕیوەو رێگریش دەكات كە نەوتەكەی خۆمان بفرۆشین.
* بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئێستا هەموو هەوڵی بۆ ئەوەیە كە دەوڵەتی كوردستان رابگەیەنێت، ئایا ئێوە وەك زانایانی ئایینی ئیسلام چۆن سەیری ئەم هەوڵەی سەرۆك بارزانی دەكەن؟
- ئێمە وەك زانایانی ئایینی ئیسلام ئاواتی دێرینەمانە كە نەتەوەی كورد ببێتە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی، ئەمەش لە لایەكەوە مافەو لەلایەكەوە ئەركە، بۆیە دەبێت تەواوی خەڵكی كوردستان، بەحزبەكانییەوە، هەموویان ئەم پرسە بكەنە ئەولەویەتی خۆیان و هەوڵبدەن هاوكاربن بۆ ئەوەی دەوڵەتی كوردستان دابمەزرێت، بۆیە ئەگەر بەڕێز مسعود بارزانی لەسەر ئەم بەرنامەیەی خۆی بەردەوام بێت و بەرەو دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان هەنگاو هەڵبگرێت، ئەوا بێجگە لەوەی تاجێك دەكاتە سەری خۆی، ئەوا هەموو میللەتی لەگەڵ دەبێت و خوا و فریشتەكانیش پشتیوانی دەكەن و هیدایەتی دەدەن، ئێمەش هەموومان پێشمەرگەی ئەو دەبین و لە پشتیەوە دەبین بۆ ئەوەی ئەو ئامانجە گەورەیە بێتەدی، من ئەوە جاری سێهەمە لە كۆنفرانسی رێكخراوە ناحكومیەكان بەشدار دەبم، بۆ ئەوەی پرسی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان بیكەینە پرسێك لەنێو رای گشتی كوردستان، بۆ ئەوەی سەركردایەتی سیاسیی كوردستان ناچار بكەین زیاتر پێ لەسەر ئەم پرسە دابگرێت و بڕیاری سەربەخۆیی كوردستان بدات، بە تایبەتی كە ئێستا رەفتارەكانی دیكتاتۆریەتی مالیكی بەرامبەر نەتەوەكەمان دەبینین، ئەمە خۆی لەخۆیدا نوری مالیكی دەرمان دەكات و داوامان لێدەكات جیابینەوە و بڕیاری سەربەخۆیی كوردستان بدەین. بۆیە دەبێت پرسی سەربەخۆیی كوردستان بكەینە میللی، دەبێت ئەوەش بە بیر خۆمان بهێنینەوە، مەلا مستەفا بۆیە سەركەوتوو بوو، لەبەر ئەوەی شۆڕشی كردبووە پرسێكی میللی، ئەمڕۆ دەبێت بەڕێز مسعود بارزانی ئەم پرسە بكاتە میللی بۆ ئەوەی وەك مەلا مستەفا بتوانێت هەموو میللەت كۆبكاتەوە و ئاڕاستەیان بكات بۆ سەربەخۆیی كوردستان. ئێستاش دەرفەتەكە هاتۆتە پێشەوە و بارەكە لەبارە، هیچ پێویست نییە نازی ئەمریكا یان ئەم و ئەو هەڵبگرین، باشترین رێگە ئەوەیە كە نازی میللەتی خۆمان و كەسوكاری شەهیدانی خۆمان هەڵبگرین، لەم قۆناخە كورد ئەهلیەتی دامەزراندنی دەوڵەتی هەیە، فەرموو ئەوە بووین بە خاوەنی نەوت، سەرچاوەیەكی گەورەی سەرمایەی مرۆیی لێهاتوومان هەیە، بۆیە كاتێك دەوڵەتی كوردستان دەكەینە ئەمری واقیع، ئەوا جیهان ناچار دەبێت ئیعترافی پێبكات. هەموو نەتەوەكانی دیكەش هەر بڕیاری بوێرانەیان داوە و دەوڵەتی خۆیان راگەیاندووە، كەس بە داواكاری و پاڕانەوە لە نەتەوە یەكگرتووەكان دەوڵەتی بۆ دروست نەبووە. ئەوەی لە ئێستادا جێگەی دڵخۆشیە ئەو ئاڕاستەیە كە هەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیا درێژەی پێدەدات، لەبەر ئەوەی ئێمە وەك هەرێمی كوردستان سوودمەند دەبین لە نزیكبوونەوە لەتوركیا، ئەوەی ئێستا كوردی باكوور لە توركیا بۆی هاتۆتە پێش بە درێژایی مێژووی 100 ساڵی رابردوو لە توركیا بە خۆیەوە نەبینیوە، بۆیە پێویستە تاك تاكی كورد پشتگیری لەم سیاسەتە بكات، ئەوەی پشتگیری لەم سیاسەتە نەكات مانای وایە نایانەوێت كێشەی كورد چارەسەر بێت و بەرەو پێشەوە بڕوات، بۆیە ئەگەر كێشەی كورد لە توركیا چارەسەر بێت، ئەوە دەبێتە هۆكار و یارمەتیدەر بۆ ئەوەی زووتر هەرێمی كوردستان بتوانێت دەوڵەت دروست بكات و ئەم دەوڵەتەش دەبێتە سەنتەر بۆ كوردستانێكی گەورە و گشتگیر پشتیوان بەخوا.
* دیارە ئەو لایەنەی ئەمڕۆ شانازی پێوە دەكەین ئەو كەشە دیموكراتیەیە كە ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان بوونی هەیە، پرسیاری ئێمە ئەوەیە چۆن لەم كەشە دیموكراتیەوە یەك گوتاری و یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی بۆ ئامانجە چارەنووسسازەكان دروست بكەین؟
- ئەگەر ئێمە بە نییەتی پاك بێینە پێشەوە و ترسنۆك و لەرزۆك نەبین، ئەو بانگەشەی ئێستا لە بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان گوێبیستی دەبین پاشەكشەی لێ نەكرێت، بەوجۆرەی جەنابی كاك مسعود بارزانی دەستی پێكردووە و هاتۆتە مەیدان. ئەم ئاڕاستەیە بەردەوام بێت و هەموو بە نییەتی پاك پشتگیری بكەین، لەمەش زیاتر رای گشتی بۆ كۆبكرێتەوە، لەپێش هەمووان لە مزگەوتەكانەوە و مەلا باشەكان، ئەوجا مامۆستایانی زانكۆ، ئەوجا رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، ئەمانە هەموویان رای گشتی جۆش بدەن بۆ ئەوەی بەڕێز مسعود بارزانی هەست بە پشتیوانییەكی میللی گەورە بكات لەم ئامانجە پیرۆزەدا.
* ئەگەر لێرەدا بە تەواوەتی جەخت بكەینە سەر رۆڵی زانایان و پیاوانی ئایینی ئیسلام، بەو حوكمەی میللەتی ئێمە، موسڵمانەو زانایانی ئایینی رۆڵێكی كاریگەریان هەیە؟
- هەموو كات زانایان و مەلاكانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام بەشێك بوون لە شۆڕش و پێشەنگانی شۆڕش بوون و رۆڵی خۆیان گێڕاوە، بۆیە گرنگە لەم پرسە چارەنووسسازە نەتەوەییەشدا، رۆڵێكی دیار بدرێتە زانایانی ئایینی ئیسلام، نهێنی سەركەوتنی مەلا مستەفا ئەوە بووە هەرگیز ئایینی لە كۆمەڵگە جیانەكردۆتەوە، بۆیە زانایانی ئایینی ئیسلام شۆڕشەكەیان بە شۆڕشی خۆیان دەزانی، لەم قۆناخەدا جیاكردنەوەی ئایین و كۆمەڵگە كارەساتە بۆ نەتەوەكەمان، ئێمە ئێستا لە ناوچەیەك دەژین هەموویان بە درۆ بانگەشە بۆ ئایین دەكەن، با ئێمە وەك كورد بەراستگۆیی سوود لە ئایینەكەمان وەربگرین بۆ پرسی نەتەوەكەمان، بۆیە من دڵنیام مامۆستایان و مەلا باشەكانی كوردستان دەتوانن رۆڵێكی هێجگار گەورە ببینن لەوەی پرسی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان بكاتە پرسێكی میللی، بۆیە من روودەكەمە جەنابی كاك مسعود بارزانی و پێی دەڵێم لەم پرسە نەتەوەییە پیرۆزەدا تەنها پێویستی بەوەیە پشت بە خوا و ئیرادەی مییللەتەكەی ببەستێت، پشتیوان بە خوا سەركەوتوو دەبێت، تەنها پشت بەستن بەخواو بەئیرادەی میللەت مسعود بارزانی سەردەخات، بۆیە گرنگە تەنها ئەم رێگەیە بگرێت و پشت بە هیچ لایەكی دیكە نەبەستێت.
Top