د.رۆژ نوری شاوەیس بۆ گوڵان:بە مالیكیم گوت “راگەیاندنی باری نائاسایت بۆ چییە تۆ تائێستا هەرچی ویستووتە كردوتە و پرسیشت بە كەس نەكردووە”
June 19, 2014
دیمانەی تایبەت
هەفتەی رابردوو لە پڕێكدا گوێبیستی ئەوەبووین سوپای عێراق ورەی نەماو هێزەكانی داعش كۆنترۆڵی شاری موسڵیان كرد، هەروەها بۆ رۆژی دواییش هێزەكانی داعش شاری تكریتیان كۆنترۆڵ كرد و پەیتا پەیتاش فیرقە و لیواكانی سوپای عێراق چەكەكانیان فڕێدەدا و سەنگەرەكانیان چۆڵدەكرد، بۆیە ئەم بارودۆخە وایكرد پاشاگەردانیەكی گەورە دروست بێت و هێزی پێشمەرگەی كوردستان ناچار بێت بۆ پاراستنی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان بە فەرمانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بجووڵێنرێت، لە بەغداش حكومەت داوای لە پەرلەمان كرد كە باری نائاسایی لەسەرتاسەری وڵات رابگەیەنرێت، بەڵام پەرلەمان نەیتوانی نیسابی یاسایی بۆ ئەو بڕیارە تەواو بكات، لەلایەكی دیكەش باراك ئۆبامای سەرۆكی ئەمریكا لەگەڵ ئەوەی لەسەرەتا ئاماژەی بەوەكرد هەموو بژاردەیەك كراوەیە بۆ هاوكاری عێراق، بەڵام لەوتارەكەی رۆژی هەینی ئاماژەی بەوە كرد، هەموو هاوكارییەكان پەیوەستن بەیەكڕیزی عێراقیەكان و رێككەوتنیان لە چوارچێوەی پرۆسەیەكی سیاسیدا، لەم هەلومەرجەدا قسەو باس لەسەر ئەوەیە كە هێزەكانی داعش بەرەو بەغدا هەنگاوهەڵدەگرن، بۆیە مەرجەعیەتی شیعە لە كەربەلا و نەجەف داوایان لەخەڵك كرد كە خۆبەخشانە چەك هەڵبگرن و دژی داعش جیهاد بكەن، بۆ قسەكردن لەسەر كۆی ئەم بارودۆخە پەیامنێرمان لە بەغدا ئەم وتووێژەی لەگەڵ بەڕێز د.رۆژ نوری شاوەیس جێگری سەرۆكی وەزیرانی عێراق و هەروەها سەرۆكی شاندی دانوستاندنی هاوپەیمانی كوردستانی بۆ دانوستاندن لەگەڵ لایەنە عێراقیەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق ئەنجامدا، بەڕێز د.رۆژ بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.گوڵان – بەغدا
گوڵان: چۆن دەڕواننە ئەم پەرەسەندنانەی ئەم دواییەو ئاڵۆزتربوونی دۆخی عێراق چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
د.رۆژ نوری شاوەیس: ماوەیەكی كەمە عێراق لە هەڵبژاردنێك دەرچووە كە بەپێی رای گشتی جیهانی و بۆ بەرژەوەندی ناوخۆ هەمووان كۆك بووین لەسەر ئەوەی ئەو هەڵبژاردنە سەركەوتوو بووە، ئێستا لەبەردەم بارودۆخێكدایە كە بە نیازە حكومەتێكی جیاواز لە حكومەتەكانی ساڵانی پێشوو پێكبهێنێت، لەسەر بناغەی شەراكەتی راستەقینەو هاوسەنگیی و پابەندبوون بە دەستوورەوە بەبێ فرەلێكدانەوەی جیاواز، ئێمە ئێستا لە بارودۆخێكدا دەژین كە بەنیازبووین هاوبەشی و شەراكەتی راستەقینە لە هێزە ئەمنیەكان دروست بكەین، چونكە پێشتر ئەم نەبوونی شەراكەتە یەكێك بووە لە هەڵە گەورەكانی حكومەتەكانی پێشوو، لەم بارودۆخەدا پەلامارە تیرۆریستیەكان زیادی كردووەو گورزێكی زۆر توندی وەشاند بە گرتنی موسڵ و چەند شوێنێكی تر كە دەرئەنجام بە رای من شوێنی تریش دەگرن، باری ئەمنی گشتی بەلایەكی تردا دادەشكێنێت بە تایبەتی لە ئەنبار و فەللوجەو دیالەشدا هەروەها مەترسی گەورە دەخاتە سەر بەغدا، ئەمە هەمووی لە دۆخێكدایە كە هێزە سیاسییەكانی عێراق هێشتا لەسەر رێوشوێنێكی ئاشكراو روون رێكنەكەوتوون.
گوڵان: سوپای عێراق چۆن بەو كتوپڕییە ورەی لە دەستدا وەك ئەوەی هیچ باوەڕێكی بەسەركردایەتی باڵای خۆی نەمابێت، شرۆڤەكارانی سەربازی تووشی شۆك هاتوون؟
د.رۆژ نوری شاوەیس: لەوبڕوایەدا نیم ئەم حاڵەتەی ئێستا لە پڕ روویدابێت، بەو شێوەیەش لێكنادرێتەوە، چونكە بارودۆخی ئەمنی لە ساڵی پارەوە رۆژ بە رۆژ خراپتر دەبوو، ئێمە ئاگاداری هەمووانمان كرد كە بەو شێوەیەی ئێستا ناتوانرێت بەرەنگاری ئەو مەترسییە ئەمنیانە ببینەوە، ئەگەر بە شێوەیەكی دروست رەفتار نەكەین، بە تایبەتی جەنابی سەرۆك بارزانی چەند جارێك منی راسپاردووە بە شەخسی و هەروەها هێزی دەرەوەش ئاگاداری ئەوە بوون، كە بارودۆخی موسڵ زۆر لە مەترسیدایەو پێویستی بە هەماهەنگی هەیە لە نێوان حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بۆ چارەسەری بارودۆخی موسڵ بە تایبەتی، بۆ ئەم پرسە مالیكی هیچ كاردانەوەیەكی ئەرێنی نەبووە، لەبەرئەوە شتێكی نامۆ نییە لە دۆخی پاشی هەڵبژاردن و لە دۆخێكدا كە هێزەكانی عێراق ناكۆك بن و سوننەو شیعە لە ململانێدا بن و هێزە ئەمنیەكان بە شێوەیەكی رێكوپێك رەفتار نەكەن لە بەرانبەر پێكهاتەی سوننەدا ئەمەش ببێتە دۆخێكی تایبەتی كە زەمینە خۆشكار بێت بۆ تیرۆریستان جێپێ بۆ خۆیان بكەنەوە، هاندەریش بێت تا لە شارێكی گەورەی وەك موسڵدا دەست بوەشێنن و سەركەوتووش بن، بەلای هەمووانەوە ئاشكرا بوو كە پاشماوەكانی حزبی بەعس و چەند لایەنێكی تریش لە موسڵ و لە شوێنانی تر لە جموجوڵدان، بە تایبەتی لەو شارەدا راستەوخۆ رەفتاریان لەگەڵ نەكراوە، بەڵكو لە ساڵی 2003وە تا ئێستا خەریكن بە رێكخستنەوەی خۆیان و بەردەوام كاریان بۆ ئەم رۆژە كردووەو كاروباری ئەمنی لە موسڵ بە هۆی توانای خۆسازدانەوەی ئەوانەوە بارێكی تایبەتی وەرگرتبوو.
گوڵان: لە دۆخێكی وەهادا كە هەم پێكهاتە سیاسییەكان دژی یەكترن جۆرێك ئاماژە هەیە بۆ پاشاگەردانی سەرجەم هێزە ئەمنیەكان ئایا چ ئومێدێك ماوە بۆ رزگاربوونی عێراق لەم بارەی تێیكەوتووە یان ئەوەتا عێراق كەوتۆتە بەر دەستی قەدەرو نازانرێت سبەی چارەنووسی ئەم وڵاتە بەرەو كوێ دەچێت؟
د.رۆژ نوری شاوەیس: بارودۆخی عێراق لە دوڕیانێكدایە یان گۆڕانكارییەكی سیاسی رێكوپێك دەكەوێتە عێراقەوە، حكومەتێك دروست دەبێت لەسەر ئەو بنەما بنچینەییانەی كە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان داوای دەكات لەسەر بنەمای دەستوور و شەراكەتی راستەقینەو تەوافوق لە هەموو بوارە ستراتیژیەكاندا و هەروەها هاوسەنگی لە هەموو دەزگاكانی ناوەندی حوكمی فیدراڵیدا لە بەغدا، ئیتر چ لە بواری ئەمنی یان بوارەكانی ئابووری و سیاسەتی دەرەوەو بوارەكانی تریش ئەگەر لەسەر ئەو بنەمایە حكومەت دروست نەبێت، ناتوانین عێراقێكی یەكگرتوومان هەبێت و بڵێین ئەمە دەوڵەتی عێراقە.
ئەگەر ئەو بنەمایانە نەبن ناتوانین بڵێین وڵاتێكە هیوای ئەوەی هەیە بتوانێت كێشەكانی خۆی چارەسەر بكات، ئەگەر ئەمە بە پەلە نەكرێت ئەوە عێراق بەرەو پارچە پارچە بوون دەڕوات، لەو بڕوایەدانیم داعش و كێ و كێ كە ئێستا توانیویانە لە موسڵ سوپای عێراق بشكێنن بتوانن كۆنترۆڵی شارێكی شیعەنشین بكەن بە بەغداشەوە، رەنگە بتوانن تا ئاستێك هەندێ گەڕەكی بەغدا بشێوێنن و باری ئەمنی لێ تێك بدەن، بەڵام ناتوانن عێراق هەمووی كۆنترۆڵ بكەن، تەنیا ئەو شوێنانە نەبێت كە زۆرینەی زۆری ئاشكرای سوننەی تێدایە.
كوردیش لە هەرێمی خۆیدا دەتوانێت خۆی بپارێزێت، كەواتە هەر كەسە لە شوێنی خۆی فەرمانڕەوایی خۆی دەكات و وڵاتەكە بەرەو جیابوونەوە دەبرێت، دیار نییە ئاكامەكانی ئەو جیابوونەوەیە چی دەبێت، ئایا رێگە دەدات بەوەی عێراق لایەكی گەشە بكات بەبێ لایەكانی تری، ئەمانە پرسیارن لەگەڵ هاتنە پێشەوەی وەزعەكاندا وەڵام دەدرێنەوە ئێستاش ئەم دووڕیانە هەیە.
بە رای من ئەوانەی دەیانەوێت ئەم وڵاتە لە برینەكانی ساڕێژ بكەن پێویست بەوە دەكات بە خۆیاندا بچنەوەو ئەوانە دوور بخەنەوە كە بوونەتە هۆی ئەم پشێویە گەورەیە، سیاسەتی نادروست و هەڵە كە بە یەكلایەنە بڕیارو كارەكان بكرێت ئەمەی لێ شین دەبێتەوە كە ئێستا هەیە، قۆرخكردنی هەموو دامودەزگاكانی حكومەتی فیدراڵ و دەسبەسەراگرتنی داهاتی عێراق و جڵەوگیركردنی لایەنی ئەمنی وڵاتەكە لە لایەن تاكڕەوانەوە ئەمە ئاكامەكەیەتی.
گوڵان: لەم دۆخەدا هەموو پێكهاتەكانی عێراق بە لایەنە سیاسییەكانی وڵات و بە كوردو شیعەو بەشێكی زۆری سوننەشەوە دژی هێرشەكانی داعشن، تا ئێستا چ دەسپێشخەری نەكراوە لەلایەن هاوپەیمانی نیشتمانی شیعەكانەوە تا بە یەكڕیز لە دژی داعش رابوەستن، كەچی ئێستا لایەنی شیعە داوای یەكڕیزی دەكات بێ ئەوەی ئاماژە بە پرۆسە سیاسییەكە بكات.
د.رۆژ نوری شاوەیس: لایەنی هاوپەیمانی نیشتمانی عێراقی داوای لە هەموو لایەك كردووە دژ بەو تیرۆریستانە بوەستنەوە، كە پاشماوەكانی حزبی بەعسیان زیندوو كردۆتەوە، ئێمەش وەك كورد داوامان كردووە كە بە یەكڕیزی بەرەنگاریان ببینەوە، بەڵام ئەو یەكڕیزیە چۆن دروست دەبێت كە تۆ هیچ رێككەوتنێكی سیاسیت نەبێت، داوای كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران و كۆبوونەوەی سەركردایەتی هێزە سیاسییەكانی عێراق كراوە بە راشكاوی ئێمەش وتوومانە یەكڕیزی و وەستانەوە بەرانبەر ئەو تیرۆریستانە پێویستن، بەڵام ئەم یەكڕیزیە چۆن دەكرێت كە بەرنامەیەكی سیاسی یەكلاكەرەوە نەبێت كە هەموو هێزە سیاسییەكان لێكتر نزیك نەخاتەوە، ئەو بەرنامەیە چۆن دەكرێت لە كاتێكدا ئەو هەنگاوانەی هاوێشتراون وایكردبێت بگەینە ئەم حاڵەتە مەترسیدارە، بۆیە بەرنامەكە وا پێویست دەكات لە بنەماكانی تەوافوق و هاوسەنگی و شەراكەت لانەدات تا بتوانین بە شێوەی دروست دانوستاندن لەسەر ئەم چەمكانە بكەین.
گوڵان: لەم كاتەدا بەڕێزتان سەرۆكایەتی شاندی هاوبەشی كوردستان دەكەن بۆ دانوستاندن لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی تری عێراق بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق، ئایا دروستبوونی ئەم بارودۆخە دەبێتە هۆكارێك بۆ زوو پێكهێنانی حكومەت؟
د.رۆژ نوری شاوەیس: پێویستە ئەم بارودۆخە ببێتە هاندەرێك بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی رێكوپێك نەك بكرێتە بەهانەیەك بۆ ئەوەی حكومەت پێكنەهێنرێت و هەر هەمان ئەو كەسانە لە دەسەڵاتدا بمێننەوە كە ئێستا لە حوكمدان.
گوڵان: بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئامادەباشی نیشان داوە تا هێزی پێشمەرگە هاریكاری سوپای عێراق بكات، بەڵام نوری مالیكی ئۆپەراسیۆنی گەورە دەكات و ئاماژە بەوە دەدات كە پێویستی بە هێزی پێشمەرگە نییە، ئایا تا چەند ئەم هەڵوێستە نەرێنییەی مالیكی عێراق بەرەو رووی هەڕەشەی زیاتر دەكاتەوە؟
د.رۆژ نوری شاوەیس: ئەگەر مالیكی ئەمە هەڵوێستی بێت هەڵوێستێكی زۆر هەڵەیە، چونكە پاش ئەو زەبرانەی بەر سوپای عێراق كەوت بە تایبەتی كە ورەی سوپا بە جارێ رووخاوەو بە راكردن شاری موسڵیان بەجێهێڵاوە، بە واتای هەموو ئەو هەوڵانەی لە ماوەی ئەو دەساڵەی دوایی داوێتی بۆ دروستكردنی سوپایەكی بەهێز هەموو هەوڵەكانی شكستخواردو بوون، هاتوونەتەوە قۆناغی سفر بۆ سەرلەنوێ دروستكردنەوەی سوپا، ئەمەش پێویستی بە كاتێكی زۆر هەیە تا بتوانێت سوپایەك دروست بكاتەوە ئەركەكانی بە رێكوپێكی جێبەجێ بكات، نامەوێ رەشبینیان بكەم بەڵام بەرپرسانی باڵا لە عێراق كاتێكی زۆریان دەوێت گەر بێت و بیانەوێت بە تەنیا سوپا رێكبخەنەوە، بۆیە دەبێ بە پێی لۆژیك و واقیع بیر بكەنەوە، حەقیش وایە شان بە شانی دروستكردنەوەی سوپای عێراق هەوڵ بدەن پێوەندییەكانیان لەگەڵ هەرێم و پێكهاتەكانی تریش رێكبخەنەوە و لە باری ئەمنیشەوە پێ لە بەڕەی خۆیان زیاتر رانەكێششن..
گوڵان: دیارە لە چەند رۆژی رابردوودا، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كۆبوونەوەیەكی نائاسایی كرد، داوای كردووە پەرلەمان كۆبێتەوە باری نائاسایی لە وڵات رابگەیەنێت، بەم حیسابە بێت هەرێمی كوردستان وەك بەشێك لە عێراق باری نائاسایی دەیگرێتەوە پرسیارەكە ئەوەیە ئایا كوردستان دەكەوێتە ناو ئەم یاسایەوە؟
د.رۆژ نوری شاوەیس: ئەوە بڕیاڕی راستەوخۆی ئەنجومەنی وەزیران نییە، من خۆم بە شەخسی مالیكیم وت چ شتێك رێگای لەتۆ گرتووە بە ئەركە ئەمنیەكانی خۆت هەستیت تا باری نائاسایی رابگەیەنیت، هەموو شتێكت پێكراوە بە رەزامەندی تەنیا خۆت سوپات بە ئازادی جوڵاندووەو دەسەڵاتت لە هەموو پارێزگاكان ئەوانەی پێویست بووە وەرتگرتووە، بە كەیفی خۆت پارەو بودجەت بۆ سوپاو ئەمن خەرج كردووە، هیچ سنوورێكت بۆ دانەنراوە لەبەر ئەوە مەسەلەی باری نائاسایی كێشەكان چارەسەر ناكات، بەڵكو زیاتری دەكات، لەبەر ئەوە پێویست بەوە ناكات، چونكە باری نائاسایی لەم كاتەدا تەنیا یەك مانای دەبێت كە هەموو یاساكان كەنار بخرێن، بە كەیفی چەند كەسێك ئیش بكرێت، بۆیە بڕوا ناكەم هێزە سیاسییەكانی تری عێراق بوار بدەن ئەمە لە پەرلەماندا تێپەڕ بكرێت، ئەگەر ئەو یاسای باری نائاسایی هەر بسەپێنێت ئەو یاسایە كوردستان ناگرێتەوە، چونكە كوردستان پەرلەمانی خۆی هەیە، دەسەڵاتەكانیش هەمووی لای سەرۆكی هەرێم دەبێت، دەتوانێت بڵێت دۆخی ئێمە سەقامگیرەو كوردستان ناگرێتەوە، كوردستان پارێزراوە بە بڕیارێك لەلایەن پەرلەمانی فیدراڵ و حكومەتی فیدراڵەوە بەپێی دەستوور دەسەڵات دراوە بە پەرلەمانی كوردستان لەم بارانەوە بڕیاری خۆی وەربگرێت..
گوڵان: تا ئێستا ئەمریكا دەیەوێت ئەم دۆخە وەك شەڕی دژە تیرۆر نیشان بدات، ئەگەر بیەوێت عێراق لەم شەڕەدا سەركەوێت تا چەند هەوڵ دەدات شتێك بكات تا پرۆسەی سیاسی بخاتەوە سەر سكەی خۆی تا هەموو پێكهاتە سیاسییەكان پێكەوە بەشداری لە شەڕی دژە تیرۆر بكەن؟
د.رۆژ نوری شاوەیس: ئەگەر حكومەتێك لەسەر بناغەی شەراكەت و تەوافوقی هەموو لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكان پێكنەهاتبێت ناتوانرێت كاریگەرانە بەرەنگاری تیرۆر ببێتەوە، ئەمریكا دەبینێت خەریكە تیرۆر لە عێراق سەربكەوێت، دەیەوێت جێپێی خۆی دیسانەوە لە عێراق بكاتەوە تا كاریگەری لەسەر سوریاو ناوچەكە هەبێت، تا بەپێی بۆچوونی خۆی رەنگە زیان بەر بەرژەوەندی خۆرئاوا بكەوێت بۆیە ئەو مەبەستێتی بە زووترین كات دەست لە تیرۆر بوەشێنرێت، ئامادەش نییە بە هێزەوە بێتەوە ناو عێراق، ئەگەر عێراق بەم شێوەیەی ئێستای بمێنێتەوە ئەگەر ئەمریكا زۆریش یارمەتی بدات دەرئەنجامی ئەوتۆی نابێت، ئەو ئەگەر مەبەستی هاریكاری راستەقینە بێت تا عێراق سەربكەوێت دەبێ شان بە شانی پشتگیری سەربازی گوشار بێنێت تا پرۆسەی سیاسی بكەوێتەوەگەڕ، تا ئاڵوگۆڕی وا بكرێت لە دەسەڵات ئەو خەڵكە هەمووی وەك شەریكی راستەقینە خۆی ببینێت لە عێراق..
گوڵان: هەندێك لە چاودێران ئاماژە بەوە دەدەن بە بیانووی تێپەڕاندنی هێزەكانی داعش لە تكریت و موسڵ پێ دەچێت سوپای عێراق بە تۆپ و فڕۆكە شارەكە كاول بكات وەك ئەوەی لە فەللوجەو رومادی روویاندا، ئایا ئەمەش نابێتە هۆی هەڵگیرساندنی فیتنەی تایەفەگەری كە بڕانەوەی زەحمەت بێت؟
د.رۆژ نوری شاوەیس: هەر هەنگاوێك لە رووی سەربازی و سیاسییەوە هێزە ئەمنی و سەربازییەكان یەكلایەنە پێی هەستن و نەخشەبۆداڕێژراو نەبێت، دەبێتە مایەی زیاتر خراپكردنی دۆخەكە، ئاكام دەبێتە مایەی دروستبوونی شەڕی ئەهلی لە ناو عێراق، هەندێكیش هەن دەڵێن ئەی ئەمەی ئێستا شەڕی ئەهلی نەبێت چییە!
گوڵان: هێرشەكانی داعش خەریكە ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم دەكاتە ئامانج، ئەگەر هێزەكانی پێشمەرگە نەتوانن ئەو ناوچانە بپارێزن خەڵكی ئەو ناوچانە نائومێد دەبن، چی بكرێت باشە لەم رووەوە؟
د.رۆژ نوری شاوەیس: سوپای عێراق چەند ساڵە لە هەوڵدایە پێشمەرگە لەو ناوچە كوردستانیانە دوور بخاتەوە كەچی ئێستا ئەو سوپایە شوێنەكانیان چۆڵ دەكەن و ناتوانن بیانپارێزن و دەكشێنەوە، بۆیە پێویستە پێشمەرگە بچێت پارێزگاری لە خەڵكی ئەو ناوچانە بكات، چونكە ئەوانە بەشێكن لە گەلی كوردستان و لە ناو كوردستانن كە ئێمە هەوڵی بۆ دەدەین، زۆر پێویستە لەم كاتەدا زیاد لە سنوری ئەو ناوچانەی كە گەلی كوردستانی بە ئاشكرا تێیدایە، بەرەو پێشەوە نەچن تا هێزەكانیان بڵاو نەبێتەوەو دوچاری گرفت نەبنەوە، بە وریایی بچن بۆ پاراستنی ئەو شوێنانەی زۆرینەی كوردی تێدایە.
گوڵان: دكتۆر فوئاد حوسێن دەڵێت مالیكی بۆ ئەو بارودۆخە داوای یارمەتی لە هەرێمی كوردستان كردووە، ئەو یارمەتیانەی مالیكی داوای كردوون چین؟
د.رۆژ نوری شاوەیس: ئەو مەبەستی ئەوەیە پێشمەرگە بچێت بەرانبەر داعش بوەستێت و لە موسڵ داعش دەرپەڕێنن و خۆشی دواتر بێتەوە ناو موسڵ، چونكە ئەو جارێ بۆ خۆی تواناو هێزی گەڕانەوەی نییە بۆ ناو موسڵ، دەیەوێ پێشمەرگە تووشی ئەو شەڕە بكات بێ ئەوەی بزانرێت ئایا ئامادەی شەڕی ناو شارێكی گەورەی وەك موسڵە یان نا، بە رای من نابێت یەكلایەنەو بێ ئامادەیی ئەمە بكرێت، ئەگەر بڕیاریش وابێت ئەو شەڕە بكرێت پێویستە لە كاتی خۆیدا بێت.
گوڵان: لە كۆی ئەم دۆخەی كە هاتۆتە ئاراوە بە دەیان هەزار خێزان ئاوارە بوون و پێشتریش لای بەڕێزتان روونە كە ئاوارەیەكی زۆری كوردی خۆرئاوا روو لە شارەكانی كوردستان دەكەن و هەروا ئاوارەكانی ناوچەكانی دیكەی عێراقیش هەر دێنە كوردستان و ئێستاش ئەوانەی موسڵ كە گوشارێكی زۆر دەخاتە سەر هەرێمی كوردستان، هاتنی ئەو هەموو خەڵكە ئاوارەیە لە رووی تۆبۆگرافیاو ئابوورییەوە چ قوورساییەك بۆ باری هەمەلایەنەی ژیان لە هەرێمی كوردستان دروست دەكات؟
د.رۆژ نوری شاوەیس: بە پلەی یەكەم گوشارەكە لە لایەنی ئابوورییەوەیە، ئەو سەدان هەزار خەڵكە پێویستیان بە هاوكاری و رێگاوشوێن دانان و جێنشینبوون و خوێندن و تەندروستی و یارمەتی مرۆیی هەیە، ئەمانە هەموو فشارێكی گەورەیە لەسەر حكومەتی هەرێم كە لە دەرەوەی تواناكانی حكومەتی هەرێمی كوردستاندایە، لە روویەكی ترەوە تەنانەت لە باری كۆمەڵایەتی كاریگەری دادەنێت و بۆ ئێستاش هێزەكانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان پێویستە هۆشیاربن لەو خەڵكەی روو لە هەرێم دەكەن و ئەمە لە هەموو دنیا باوە كە شەپۆلێكی زۆر و بە كتوپڕی خەڵك روو لە ناوچەیەكی تر بكەن جۆرەها خەڵكی تێ دەكەوێت و لە هاتنی ئەو هەموو خەڵكە بەبێ كۆنترۆڵ و بەبێ وردەكاری رەنگە خەڵكانێكی تیرۆریست خزابنە ناویان و دزە بكەنە ناو شارەكانی هەرێمەوە، دەرئەنجام باری ئەمنی كوردستانیش بە شێوەیەك لە شێوەكان تێكبدەن و ئینشائەڵڵا ئەوەش روونادات، چونكە هەموومان دەزانین ئێستا توانای ئابووری هەرێمی كوردستان توانای وەرگرتنی سەدان هەزار كەسی ئاوارەی شوێنانی تری نییە، چونكە لە لایەكەوە لە عێراقەوە بە ناهەق و بە نادەستووری بودجەی لێ بڕدراوە، ئەگەر بێت و بودجەكەی بۆ نەنێردرێت و یان حكومەتی فیدراڵی بەشدار نەبێت لە ناردنی هاریكاری بۆ ئەو هەموو خەڵكەی لە ترسی مانەوە روویان لە كوردستان كردووە ئەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان توانای هاریكاری بە باشی نابێت، هاوكاری نەتەوە یەكگرتووەكانیش ئەوتۆ نییە و رەنگە هەندێ وردە یارمەتی بدات كە لە ئاست ئەو رێژە زۆرەی هەڵاتووەكانی شارەكانی تری عێراق بۆ كوردستان نەبێت، لەبەر ئەوە ئەو خەڵكە دەكەونە دۆخێكی نالەبارو دۆخی هەرێمیش تێكدەچێت.