ئایەتوڵا ئەیاد جەمالەدین بۆ گوڵان:ئومێدی گەورەم بە سەرۆك بارزانی یه بۆ ئەوەی رۆڵێكی گەورە بگێڕێت لە رێكخستنەوەی عێراقدا
June 19, 2014
دیمانەی تایبەت
ئایەتوڵڵا ئەیاد جەمالەدین یەكێكە لە سیاسەتمەدارە شیعەكانی عێراق و بە سیاسەتمەدارێكی ئایینی میانڕۆ ناسراوە و هەروەها ئەو سیاسەتمەدارەیە كە جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە دەكرێت ئایین و سیاسەت تێكەڵ نەكرێت، هەر بۆیە لەو كاتەی لە لیستی ئەحرار ئەندام پەرلەمان بوو، بووە بەشێك لە لیستی ئەلعراقیەی سەر بە ئەیاد عەلاوی و ئێستاش لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا نیشتەجێیە، بۆ قسەكردن لەسەر بارودۆخی ئێستای عێراق و هۆكارەكانی پشت ئەو كارەساتەی ئێستا عێراق لەسایەی سیاسەتی مالیكی بەخۆیەوە دەبینێت، پێوەندیمان بە ئایەتوڵڵا ئەیاد جەمالەدین لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كرد و بەمجۆرە بۆ گوڵان هاتە ئاخاوتن.* ئێستا عێراق لەبارودۆخێكدایە كە لە 10 ساڵی رابردوو بەخۆیەوە نەبینیوە، ئایا خوێندنەوەتان بۆ رەوش و بارودۆخی ئێستای عێراق چییە؟
- بەر لەهەموو شتێك ئەو تێكچوونەی بارودۆخی ئەمنی لە عێراق بە شێوەیەكی گشتی بۆ هەموو عێراقییەكان مایەی نیگەرانییە، هەروەها لەلایەن هەموو رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و ئاژانسە نێودەوڵەتییەكانیشەوە جێگەی نیگەرانییە، چونكە كاریگەریی لەسەر زۆربەی ناوچەكەو وڵاتانی ئیقلیمییەوە دەبێت، بۆیە من پێموایە ئێستا كاتی ئەوە هاتووە كە هەموو ئەو حزب و لایەنە سیاسییانەی بەشداریان لە هەڵبژاردن كردووە بەپەلە دەستپێشخەری بكەن و بە زووترین كات حكومەتێكی نیشتمانی پێك بهێنن، كە بتوانێت ئیدارەی وڵات بكات و بەرەو رووی تیرۆریستان ببێتەوە، بۆیە چاكتر وایە مالیكی نەبێتەوە بە سەرۆك وەزیران، چونكە لە هەردوو خولی رابردوودا بە كردەنی سەلماندی كە شكستی هێناوە لە هەموو ئەو دۆسێیانەی كە دەبوایە تێیاندا سەركەوتوو بێت، ئەو شكستی هێنا لە دۆسێی ئەمنی و سیاسی و ئابووری، بۆیە دەبێت برایانی دەوڵەتی یاسا بەم هەڵەیەدا بچنەوە هەرچەندە ئەوان دەنگێكی زۆریان لە هەڵبژاردن بەدەست هێناوە، بەڵام باشتر وایە سەرۆك وەزیران هەر لەوان نەبێت، هەروەها ئیئتلافی نیشمانی چ لە رەوتی سەدر یان لە ئەنجومەنی باڵا یان پێكهاتەكانی دیكە سیاسەتمەدار و كەسایەتیی بەتوانایان تێدایە كە توانای ئەوەیان هەیە وڵات بەڕێوەبەرن، دووبارەی دەكەمەوە با هەموو پێكهاتەكان تا زووە بكەونەخۆو حكومەتێكی نیشتمانی پێك بێنن تاكو چیدی ئەو رەوشە پەرە نەسێنێت.
* ئێستا رەوشی ئەمنی وڵات داڕماوە و سوپای عێراق ناتوانێت شەڕ بكات و بەرامبەر چەكداران بوەستێت، كەواتە لەم بارودۆخەدا چۆن دەكرێت حكومەتێكی نیشتمانی پێك بهێنرێت؟
- لە هەموو جێگایەك سوپا بە فەرمانی سەركردە سیاسییەكانیان دەجووڵێتەوە، سوپای ئازاو سوپای ترسنۆك نییە، كەموكوڕییەكە لە سەركردایەتیی سیاسییە نەك لە سوپای عێراقی، ناكرێ ناوو ناوبانگی سوپای عێراقی بەم شێوەیە بزڕێندرێت، مالیكی خۆی لەو دەرئەنجامە بەرپرسیارە، كە خۆی بە تەنیا سەرۆكی وەزیران و وەزیری زۆربەی وەزارەتەكانە بە وەكالەت و فەرماندەی گشتی هێزی چەكدارە، من بەر لە ماوەیەك لە ئەكاونتەكانم لە توێتەر و لە كەناڵی ئەلعەرەبیە گوتوومە پێویستە مالیكی بدرێتە دادگا، لە كۆریا بەلەمێك نقوم بوو بۆ رۆژی دوایی سەرۆك وەزیران دەستی لەكاركێشایەوە، هەرچەندە رووداوەكە قەزاوقەدەر بوو، لەلای ئێمە چەكداران موسڵ و تكریتیان كۆنترۆڵ كردووە و بە ئارەزووی خۆیان دەسووڕێنەوە كەچی تا ئێستا مالیكی هەر سوورە لەسەر ئەوەی كە دەبێت بكرێتەوە بە سەرۆك وەزیران، بۆیە پێویستە هێزە سیاسییەكان رێكبكەون كە سەرۆك وەزیرانێكی دیكە هەڵبژێرن كە بتوانێت وڵات بەڕێوە ببات، ئەو كاتە دەبینن كە سوپای عێراق توانای ئەوەی هەیە تیرۆریستان تێك بشكێنێت.
* رات چییە بەرامبەر ئەو گرووپە چەكدارانە، پێتوایە چ تایفەو مەزهەب یان لایەنێكن؟
- ئەو گرووپانە بریتین لە كۆمەڵێك لە تیرۆریستان كە پشت بە بیرو هزری وەهابی دەبەستن، ئەمە بێجگە لە پیاوانی رژێم و سوپای پێشوو كە لەگەڵیان كاردەكەن، هەروەها رێكخراوی قاعیدە، وڵاتێكی بچووكی كەنداویش پشتیوانیان لێدەكات، بەڵام نەك سعودیە ئەو پێوەندی بەو گرووپانەوە نییە.
* قسەیەك هەیە دەڵێت كە ئەو بەزینە خێرایەی سوپای مالیكی و ئەوەی كە لە موسڵ روویدا، شۆڕشی سوننەیە دژی مالیكی، كۆمێنتت بۆ ئەوە چییە؟
- ئەگەر ئەمە شۆڕش یان كودەتای سوننە بێت، ئەدی هەروەك خۆت لە رووداوەكە نزیكیت، بۆچی نزیكەی نیو ملیۆن سوننە موسڵ جێ دێڵێت و پەنا بۆ هەرێمی كوردستان دەبات؟ ئەمە كودەتا یان یاخیبوونی تیرۆریستانە، بە هەزاران هاووڵاتی خەڵكی ئەنبار و فەللوجەو موسڵ هەڵدێن، ئەمانە تیرۆیستن جیاوازی ناكەن لە نێوان سوننەو شیعەدا.
* سەبارەت بە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە دەبینین كە بانگەشەی ئەوە دەكات كە دژی رژێمی سوریایەو پشتگیریی لە ئۆپۆزسیۆن دەكات، كەچی رایدەگەیەنێت كە دژی ئەم چەكدارانەیە لە عێراق، ئایا ئەمە دژە راو ناكۆكی نییە لە هەڵوێستی واشنتۆن؟
- بەر لە چەند رۆژێك لە كەناڵی ئەلعەرەبیە روونم كردەوە كە ئەمریكا دەیەوێت لە بەشار ئەسەد بدات، ئەمەش مانای وایە گەمارۆی سەر هێزەكانی تیرۆر دەكاتەوە، لە سوریا سوپای ئازاد نییە ئەوەی هەیە داعش و قاعیدەو بەرەی نوسرەیە، لە سوریا ئەمریكا هێرش دەكاتە سەر بەشار ئەسەد، كەچی لە عێراقیش پشتگیریی خۆی بۆ مالیكی دووپات دەكاتەوە!! ئەمەیە هەڵوێستی جیاواز، بۆیە پێویستە ئەمریكا بەخۆیدا بچێتەوە، چونكە تیرۆر هەر تیرۆرە چ لە سوریا یان لە عێراق بێت، ئەوەی شەڕی تیرۆر دەكات هەردوو حكومەتی عێراق و سوریایە، بۆیە ئەگەر ئەمریكا دەیەوێت شەڕی تیرۆر بكات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێویستە پشتگیریی لە هەردوو حكومەت بكات.
* هەروەك دەبینن كە ئێستا هەرێمی كوردستان بۆتە پەناگەی پەنابەران كە پێشتر كوردانی سوریا و ئێستاش ئەوانەی لە پارێزگاكانی دیكەی عێراق رووی تێدەكەن، چۆن رۆڵی هەرێم لەم رووەوە هەڵدەسەنگێنن؟
- لە راستیدا پێویستە زۆر سوپاسی سەركردایەتی كورد و هەرێمی كوردستان و تەواوی گەلی كورد بكەین بەرامبەر ئەم هەڵوێستە، چونكە تیرۆر كورد و عەرەب و توركمان ناناسێت، دوژمنی هەموو لایەكە، ئەمڕۆ هەموو لایەك هەڕەشەمان لێ دەكرێ، شتێك نییە بە ناوی هەرێم یان ناوچەكە دووربێت لە تیرۆر، ئومێدێكی گەورەم بە رێزدار مسعود بارزانی-یە كە رۆڵی بەرچاوی هەبێت لە پێكهێنانی حكومەتێك لە بەغدا، هەروەها هاوپەیمانیی كوردستانی رۆڵی هەبێت لە هەڵبژاردنی سەرۆك وەزیرانێك كە بتوانێت كاروباری وڵات بە شێوەیەكی رێك و پێك بەڕێوە ببات.
* ئایا بەڕێز ئەیاد جەمالەدین دەگەڕێتەوە بەغدا بۆ ئەوەی رۆڵێك ببینێت یان پۆستێك بەڕێوەبەرێت؟
- من وەك هاووڵاتییەك دەگەڕێمەوە بەغدا هەر لەدوای پێكهێنانی حكومەتی تازە، بەڵام هیچ پۆستێك وەرناگرم.