سەفین دزەیی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان:دەستكراوە بە خەرجكردنی مووچەی مانگی ئایار و بەم نزیكانەش مووچەی مانگی حوزەیرانیش دەدرێت

سەفین دزەیی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان:دەستكراوە بە خەرجكردنی مووچەی مانگی ئایار و بەم نزیكانەش مووچەی مانگی حوزەیرانیش دەدرێت
بڕیاری فرۆشتنی نەوتی كوردستان، سەرەتایەكی گەشە بۆ چارەسەركردنی ئەو قەیرانە ئابووریەی كە بە ئەنقەست سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراقی فیدرالی لە هەرێمی كوردستان دروستی كردووە، ئەم سەرەتا گەشەش لە هەڵوێست و خۆڕاگری خەڵكی كوردستانەوه و یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی لایەنە سیاسییەكانی كوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت كە نەیانهێشت ئەو خەون و پیلانەی نوری مالیكی دایڕشتبوو لە هەرێمی كوردستان سەربگرێت، بۆ قسەكردن لەسەر پرسی قەیرانی دارایی و هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی، هەروەها دانانی بناخەیەك بۆ ئەوەی جارێكی دیكە كەس یاری بە قووتی خەڵكی كوردستان نەكات، سەفین دزەیی وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
گوڵان: دوای تێپەڕبوونی 5 مانگ بەسەر دروستبوونی كێشەی دارایی لەنێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەغدا و دوای نەناردنی بودجە و مووچە بۆ ماوەی 3 مانگ لەسەریەك حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا نەوتی كوردستان بفرۆشێت، ئایا لەسەر چ بنەمایەك ئەم بڕیارە دراوە و تاچەند ئەم بڕیارە لەم كاتەدا هەولێر و بەغدا لێك دووردەخاتەوە؟
سەفین دزەیی: حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند بووە بە جێبەجێكردنی یاسای ژمارە 5ی 2013 بڕگەی 6 كە داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات و پابەندی دەكات بە هەنگاونان بۆ دابینكردنی پێداویستیەكانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان، لەناو ئەوانەشدا هەناردەكردن و فرۆشتنی نەوتە، هەرچەند حكومەتی هەرێم هەوڵێكی زۆر جددی داوە لەسەرەتای ئەمساڵ تا مانگی نیسان، سێ جار شاندی هەرێم بە سەرۆكایەتی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان چوونە بەغداو كۆبوونەوەی چڕوپڕیان كردو كۆبوونەوەكان كەشوهەوایەكی ئەرێنیان هەبوو، بەڵام بە داخەوە پاشان كە دەرئەنجامی كۆبوونەوەكان پێشكەش بە مالیكی كرابوو دیارە ئەو رای تری هەبووە و رای ئەویش ئەوەیە كە كۆنترۆڵكردن هەبێت لەلایەن ناوەندەوە بە هەمان ئەو زەینیەت و عەقڵیەتەی جاران كە هەبووە ئەمەش واتا لادان لە دەستوور و بە هەند وەرنەگرتنی ئەو یاسایەی بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەیە وەك هەرێمێكی فیدراڵی دەیانەوێت بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكەن هەر چۆن مامەڵە لەگەڵ پازدە پارێزگاكەی تری عێراقدا دەكەن ئەوەش بە راستی قابیلی قبووڵ نییە نە لەلایەن حكومەتی هەرێم و پەرلەمانی كوردستان و نە لەلایەن هێزە سیاسییەكان و خەڵكی كوردستانیشەوە. چەندی هەوڵدرا بگەینە دەرئەنجامێك و لە پاش چاوەڕوانی ماوەیەكی درێژیش، بەڵام لە كۆبوونەوەكاندا نەگەیشتینە ئەنجام، گەرچی مروونەتێكی زۆریش لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە پیشان درا، بۆ نیازپاكیش لە 1/4 حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا كە رۆژانە سەد هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بكات لە رێگای سۆمۆوە تا دانوستاندنەكان بەردەوام دەبێت و دەگەینە ئاكامێكی باش و دڵخۆشكەر، بەڵام دیارە ئەوەش لەلایەن حكومەتی فیدرالەوە پەسەند نەكرا، حكومەتی ناوەند لەسەر نەناردن و راگرتنی بودجەی هەرێم بەردەوام بوو، كە ئەمەش نایاسایی و نامرۆڤانەیە، حكومەتی هەرێم ناچار بوو تا بەپێی ئەو ماددە یاساییەی كە لە پەرلەمانی كوردستان دەرچووێنراون هەنگاوی پێویست بنێت بۆ دابینكردنی قووتی خەڵكی هەرێمی كوردستان.
گوڵان: لەم رۆژانە راتانگەیاندووە كە لەماوەی 6 مانگی داهاتوو قەیرانی ئابووری و دارایی كوردستان چارەسەر دەكەن، ئایا بەڕێزت دەتوانیت هێڵە گشتیەكانی ئەو بەرنامەیەمان بۆ ئاشكرا بكەن، بەوەی چۆن لەماوەی 6 مانگدا ئەم قەیرانە چارەسەر دەبێت؟ ئەگەر ئەوەندە دڵنیان كە لە لەماوەی 6 مانگدا چارەسەری دەكەن، بۆچی لە بانكی دەوڵەتە دۆستەكانتان قەرز ناكەن و كۆتایی بەم قەیرانە بهێنن؟
سەفین دزەیی: مەسەلەی قەیران و كێشەی دارایی لە ئارادایەو شتێكی نەشاراوەیە، جێی فەخر و شانازییە كە لەم قەیرانەدا خەڵكی كوردستان جوامێرانە لە پشت حكومەتەكەی خۆیان بوون.
كەس ناتوانێت نكۆڵی بكات لەوەی بڕیاری بودجە بڕین و مووچە بڕین لەلایەن خودی مالیكییەوە بووە، لە یەكێك لە كۆبوونەوەكاندا سەفائەدین سافی وەزیری دارایی حكومەتی فیدراڵ بە راشكاوانە پێی راگەیاندین كە بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران مووچەیان بڕیوە، دكتۆر رۆژ نوری شاوەیس كە لەوێ ئامادەبوو وتی ئەنجومەنی وەزیران هیچ بڕیارێكی لەو شێوەیەی نەداوە، دواتر ئینجا وەزیری دارایی لە قسەكەی خۆی پەشیمان بۆوەو وتی بەڵێ سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و سەركردەی هێزە چەكدارەكان، ئەم پەرەگرافەی دوایی وەك گەفێك بەكارهێنا، كەواتە وادەردەكەوێت ئەمە بۆ خۆی بڕیارێكی نایاسایی و نامرۆڤانەیە كە بەغدا داوێتی، بۆیە ئێمە لەو سەروبەندەدا كۆمەڵێك هەنگاوی ترمان ناوە ئەویش بۆ كەمكردنەوەی خەرجیەكانی حكومەتی هەرێم و زیادكردنی داهات و ئیراداتی ناوخۆ و ئەو كۆمپانیایانەی كە لە هەرێمی كوردستاندا كار دەكەن، هەروەها گفتوگۆ لەگەڵ هەندێك ناوەندی تری جیهانی و بانكە جیهانیەكان كراوە قەرز وەربگرین و بتوانین تا ئەو ماوەیەی رێژەی نەوت لە هەرێمی كوردستان زیاد دەكرێت ئەو گرفتە داراییە چارەسەر بكەین و كەلێنەكان پڕبكەینەوە. بە رای ئێمە تا ئێستاش باش هاتووە، خۆشبەختانە خەڵكی هەرێمی كوردستان زۆر لەوە هۆشیارترن كە بە فیتی خەڵكانی تر بجووڵێنەوە، خۆیان بە خاوەنی ئەم دەسكەوتانەی كوردستان دەزانن ئەگەرچی موعاناتیشیان بۆ دروست بووە، وەزارەتی دارایی پلانێكی تۆكمەی داناوەو مووچەی مانگی پێنجیش دەستی پێكردووە و بە ئومێدی ئەوەی لە داهاتوویەكی نزیكیشدا مانگی شەشیش بدات، ئەو نەوتەی هەناردە كراوە هەر بەردەوام دەبێت و رۆژ بە رۆژیش رێژەی هەناردەكردن زیاتر دەكەین، چونكە كۆمپانیاكانی كە لێرە ئیش دەكەن وزەی بەرهەمهێنانیان زیاتر دەبێت، ئەو بڕەی كە ئێستا دێتە دەست لەوانەیە هەموو پێداویستیەكان دەسەبەر نەكات، بەڵام تا كۆتایی ئەمساڵ رێژەی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم دەگاتە ئەو ئاستەی ئەو لە 17%ی كە لە بەغداوە تەرخان كرابوو بۆ هەرێم بە زیادەوەش پڕی بكاتەوە.
گوڵان: لەم قۆناخەدا حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە كە رۆژانە 100- 125 هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت، ئایا بۆ ئێستا تا چەند داهاتی ئەم نەوتە پێداویستیەكانی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان پڕدەكاتەوە و میكانیزمی گەڕانەوەی ئەو پارەیە راستەوخۆ بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان چۆنە؟
سەفین دزەیی: ئەو رێژەیەی كە ئێستا بەرهەمدەهێنرێت، دەتوانرێت نیوەی بۆ دەرەوە هەناردە بكرێت و نیوەكەی تری بۆ بەكارهێنانی ناوخۆ دابین دەكرێت، چونكە دەبوایە بەغدا 17% سووتەمەنی بۆ هەرێم بنێرێت، بەڵام ئەو رێژەیە كە دەینێرێت 5%ی ئەو رێژەیەش نییە لە بەنزین و نەوت و گازوایل و غاز و ئەمانە كە ئێستا دەبێت خۆمان دابینی بكەین لەو بەرهەمە خۆماڵیەی هەرێمی كوردستان، جاران ئەو رێژەیە بە تانكەر رەوانەی دەرەوە دەكرا بۆ گۆڕینەوە لەگەڵ توركیاو ئێران و ئازەربایجان لە بەرانبەر ئەوەی بەنزین و نەوتی سافیان لێ وەربگرین، بەڵام ئێستا كە بەرهەمهێنانی ناو پاڵاوگەكان بەرز بۆتەوە زیاتر بۆ ناوخۆی هەرێم ئامادە دەكرێت و ئەو بەرهەمەی نەوت دەكرێت نیوەی هەناردە بكەین و نیوەكەی تریشی بۆ دابینكردنی پێداویستیەكانی ناوخۆیە.
هەناردەكردنی وەجبەی یەكەم لە ماوەی دوو مانگدا كە دوو ملیۆن و سێ سەد هەزار بەرمیل نەوتە، بە رێگای بۆریە تازەكە رەوانەی بەندەری جیهان كرابوو، لەوێ لە ئەمبارەكان هەڵگیرابوون و یەك بەرمیلی لێ نەفرۆشرابوو، چونكە ئێمە بە ئومێدی ئەوەوە بووین لەگەڵ بەغدا بە دانوستاندنەكان بگەینە چارەسەرێك، بەڵام بە داخەوە بەغدا هەر مكوڕ بوو لەسەر نەناردنی مووچە بۆیە حكومەتی هەرێم ناچار بوو هەنگاو بنێت و ئەو نەوتەی لەوێ ئەمبار كراوە بیفرۆشێت، ئەگەر دوو ملیۆن و سێ سەد هەزار بەرمیل بەپێی نرخی بازاڕ بفرۆشرێت، نیوەی ئەو نەوتە فرۆشراوەو نیوەكەی تریش بازاڕ و كڕیاری هەیە، كە پارەكەی دەگاتە نزیكەی دووسەد و پەنجا ملیۆن دۆلار. هەر كاتێ ئەو نەوتە لە بەندەر دەرچوو بازاڕ بۆ خۆی دەدۆزێتەوە، ئەو پارەیەشی كە وەردەگیرێت بەپێی ئسوڵی بانكی تەحویل دەكرێت، لە بانكێكی توركیا دادەنرێت و حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرپرس و سەرپشكە لە جووڵاندنی ئەو پارەیە تا بگەڕێتەوە بۆ كوردستان، لەو بارەیەوە جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری سامانە سروشتیەكان و وەزیری دارایی بە واژۆی بەڕێزیان پارەكە دەجووڵێنرێت و بە پشتگیری كۆتایی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران موسادەقەی لەسەر دەكرێت و ئەوكاتە پارەكە دەجووڵێنرێت بۆ هەرێمی كوردستان.
گوڵان: بەپێی لێدوانەكانی بەڕێز سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، فرۆشتنی نەوتی كوردستان لە چوارچێوەی رێككەوتنێكە لەگەڵ حكومەتی توركیا، ئەو رێككەوتنەش بۆ ماوەی 50 ساڵەو كراوەشە بۆ ئەوەی درێژ بكرێتەوە، ئایا حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ئاگاداری بەغداوە ئەم رێككەوتنەی كردووە، یان ئەمەیش لە چوارچێوەی دەسەڵاتە دەستوورییەكانی خۆیەتی؟
سەفین دزەیی: مەسەلەی ماوەی پەنجا ساڵ و دە ساڵ و ئەمانە وەك ماوەی زەمەنی گرنگ نییە هێندەی شتێكی تر گرنگە ئەویش ئەوەیە كە رێككەوتنەكە كە ماوەی دوو ساڵە كراوە و دانوستاندن و تێگەیشتنێكی تێرو تەسەل لە نێوان حكومەتی هەرێم و ئەنقەرە هەبووە، بە مەبەستی ئەوەی كە لەسەر بنەمای ماددەی دەستووری ئەو بۆرییە رابكێشرێت بۆ ئەمەش راڤەی ماددە دەستوورییەكانی ئەوان و ئەو ماددەی دەستووریەی عێراق كراوە، كەس نكۆڵی لەوە نەكرد كە هەرێمی كوردستان مافی خۆیەتی ئەم كارە بكات و وەزارەتی سامانە سروشتیەكانیش چەند دانەیەكی لەبەردەستە، لەبەرئەوە بێگومان ئەمە مافی هەرێمی كوردستانەو هەروەها توركیاش لە ناوچەكەدا دەوڵەتێكی حیساب بۆ كراوە لە رووی دەوڵەت و لە رووی یاساشەوە، ئەوانیش ئەركەكانی خۆیان بەجێهێناوەو گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی كە بەڵێ هەرێمی كوردستان بۆی هەیە نەوت دەربهێنێت و بیشیفرۆشێت و لەو بارەیەوە ئەو ئاسانكارییانەی كە كردیان خرایە چوارچێوەی پرۆتۆكۆلێكی درێژخایەنەوەو لەو بارەیەوە توركیا بەشێكی زۆری نەوتی خۆی لە وڵاتانی دراوسێی تر وەردەگرێت و تێچوونی دابین كردنیشی زۆرە، گەیشتنە ئەو قەناعەتەی كە هەرێمی كوردستان وزەی ناوخودی توركیا دابین بكات، چ لە رووی غازی سروشتی چ لە رووی نەوتەوە لەبەرئەوە بەپێی ئەو پێوەرە حكومەتی هەرێمی كوردستان و توركیا بە پێی پرۆتۆكۆلێك هەردوولا پابەند بوون بەو رێككەوتنەو بەردەوامیش دەبن.
گوڵان: بەپێی رێككەوتنی نێوان هەرێم و توركیا، توركیا تەنیا رێگەی داوە نەوتەكە بفرۆشرێت، بەڵام میكانیزمی فرۆشتنەكە بەدەستی حكومەتی هەرێمە، ئایا میكانیزمی فرۆشتنی نەوتەكە چۆنە، ئایا چەند كۆمپانیا تا ئێستا گرێبەستان لەگەڵ كردوون بۆ فرۆشتنی نەوتەكە؟
سەفین دزەیی: وەك ئاماژەم پێدا نەوت كاڵایەكە و بازەڕەكانی جیهانی پێویستیان پێیەتی، رێگای خۆی دەدۆزێتەوە لە یابان و چینەوە تا دەگاتە وڵاتانی ئەمریكای باشوور و هەموو وڵاتانی ئەوروپیش پێویستیان بە وزە هەیە تا دنیاش بەرەو پێشچوونێكی خێرا بچێت پێویستی وزە لە پێشەوەی پێویستیەكان دەبێت، هەروەها ئەو بڕە نەوتەی كە لەم دواییانەدا لە هەرێمی كوردستان دۆزراوەتەوە، جاران نە لە حیساباتی عێراق و نە لە حیساباتی كەناڵەكانی وزەی جیهانیدا نەبوو كە بریتییە لە چل و پێنج ملیار بەرمیل یەدەگ، ئەمە بوار و بازاڕێكی نوێیەو هاوكێشەكانی گۆڕیوەو وایكردووە كوردستان لەسەر نەخشەی جیهانی پێگەی خۆی ببینێتەوە، بۆیە هیچ كام لەو دەنگۆو قسەو قسەڵۆكانەی كە دەوترێت نەوتی كوردستان هەرزان فرۆش كراوە شتی وا لە ئارادا نییەو هەموو كەس دەزانێت كە دنیا ئامادەیە بەپێی پێوەر و نرخی جیهانی نەوت بكڕێت و هەموو كەسێك دەتوانێت گرێبەست بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكات.
گوڵان: سەرۆكی توركیا عەبدوڵڵا گول لە ئەمریكا راشكاوانە رایگەیاند كە فرۆشتنی نەوتی كوردستان لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدایە، بۆیە توركیا پشتگیری دەكات، بەڵام ئەمریكا دەڵێت پشتگیری ناكەین، ئایا پشتگیری كردن یان نەكردنی ئەمریكا لەم پرسە چی دەگۆڕێت، ئەگەر دەستووری عێراق ئەو دەسەڵاتەی بە حكومەتی هەرێمی كوردستان دابێت؟ لەمەش زیاتر ئایا پەیامی راشكاوانەی ئەمریكا لە پشت ئەم قسانەوەی بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان چییە؟
سەفین دزەیی: پێویستە تەماشای دۆخەكە وەك خۆی بكەین، لە كاتی دەرچوونی ئەمریكا لە عێراق، ئەو وڵاتە پێگەو سەنگی خۆی لە عێراقدا لە دەست دا، بەپێی بڕیارەكانی نێودەوڵەتی نەتەوە یەكگرتووەكانیش ئەمریكا ئەو هێزەی بەسەر عێراقدا نەماوە، لە ئێستادا ئەمریكا مەبەستێتی عێراق پێگەو هەیبەتی خۆی لەناو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ بگەڕێتەوەو لە هەمان كاتدا رێككەوتننامەیەك لە نێوان هەولێر و بەغداش هەبێت، لە دانیشتنەكانیشیان لەگەڵ سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران هەمیشە جەختیان لەسەر ئەوە كردۆتەوە، كە پاڵپشتی لەو رێككەوتننامەیە دەكەن و مافی هەرێمی كوردستان بەپێی بڕگە دەستوورییەكان پارێزراو بێت، هاوكات حكومەتی فیدراڵی رۆڵی بەرچاوی لەو پرۆسەیەدا هەبێت. بۆیە ئەوەی وتوویانە پشتگیری ناكەین تەنیا وەڵامدانەوەی پرسیارێكی كەناڵێكی راگەیاندن بووە، بەڵام رای ئاشكراو راگەیاندراوی فەرمییان نەداوەتەوە ئەگینا ئەوان پشتگیری دەكەن لە هەناردەكردنی نەوت لەلایەن هەرێمەوە، بەڵام بەپێی میكانیزمێك لە نێوان بەغداو هەولێردا بێت، كاتێك كە بەغدا پێشێلكاری یاساو دەستوور دەكات لە بەرانبەر مافی هەرێمی كوردستان ئێمە چاوەڕێی ئەوەشمان دەكردو هەرچەندە كراویشە رەنگە بە زەقتر ئەمریكا فشار بۆ بەغدا بهێنن كە مووچەو بودجە بڕین هیچ كاتێك بەشێك نەبووە لەو گفتوگۆیانەی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر هەناردەكردنی نەوت دوو شتی لێكتر جیاوازن، ئەوەی ئێمە ئاگادارین جێگری سەرۆكی ئەمریكا بۆ مەسەلەی مووچە بڕینەكە دووجار بە تیلیفۆن قسەی لەگەڵ مالیكی كردووە، داوای لێكردووە پێداچوونەوە بە بڕیاری بڕینی مووچە بكات، دیارە ئەویش بەڵێنی پێدابوو كە دۆخەكە چارەسەر بكات، بەڵام نەیكرد. بۆیە ئێمە هەڵوێستی ئەمریكا بە هەڵوێستێكی نەرێنی نابینین، وەك هێزێكی گەورەی نێودەوڵەتی هەر دەبێت میانڕەوانەو بێلایەنانە ئەوە بكات، بەڵام هیوادارین پێداگیری لەسەر پێشێلنەكردنی مافەكانی هەرێمی كوردستان بكات..
گوڵان:لەم كاتەدا كە لەماوەی یەك دوو هەفتەی داهاتوو كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە متمانەی پێدەدرێت، شتێكی دڵخۆشكەرە كە دەبینین هەموو كوتلەكانی ناو پەرلەمان و تەواوی لایەنە سیاسییەكان، هاو دەنگ و هاوهەڵوێستن لەسەر سیاسەتی نەوتی هەرێمی كوردستان، ئایا تاچەند ئەم یەكڕیزی و یەكهەڵوێستیە دەبێتە سەرەتایەكی كۆنكرێتی بۆ كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان؟
سەفین دزەیی: هەوڵدان بۆ پێكهێنانی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەسەر بنەمای تەوافوقی و هاوڕیزی نیشتمانیە، راستە هەندێك دواكەوت، بەڵام بەهۆی ئەو بارودۆخەی لە ناوچەكەدا تێپەڕدەبێت، دەرفەتێكی زێڕین بۆ خەڵكی كوردستان هاتۆتە پێش، كە سوود لەو گۆڕانكارییە هەرێمایەتیانە وەربگرێت و دیارە دیرۆك خۆی دووپات دەكاتەوەو سەد ساڵ بەسەر رێككەوتنی سایكس پیكۆ تێدەپەڕێت و لەوانەیە گۆڕانكاری سیاسی گەورەو جیۆگرافی لە ناوچەكە رووبدات، بۆیە خەڵكی كوردستان پێویستە بە هەموو هێزە سیاسییەكانیەوە ئامادەو یەكڕەنگ و یەكدەنگ بن بۆ هاتنەپێشەوەی هەر ئەگەرێك و گۆڕانكارییەكی تازە لە ناوچەكە لەبەر ئەوە ئەمە پێویستی بە كۆدەنگیەكی نیشتمانی هەیە، لە هەموو رووەكانی كارگێڕێتی و سیاسی و كۆمەڵایەتیەوە لەبەرئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان وەك حزبی براوەی هەڵبژاردن بەڕێز كاك نێچیرڤان بارزانی تەكلیف كرابوو بە پێكهێنانی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێم، تا هەوڵ بدات لەگەڵ لایەنەكانی تر دانوستاندن بكات تا هەمووان رازی بكات و كۆدەنگیەكی نیشتمانی لە حكومەتەكەدا دروست بكات، لەو پرۆسەیەدا پێشكەوتنی باش بەدەست هاتووەو گەیشتووینەتە ئەنجامێكی باش و هەموو لایەنەكان كۆكین لەسەر ئەوەی بەرژەوەندی گشتی كوردستان لەسەرووی هەموو بەرژەوەندییەكانەوەیە، هەمووشیان گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی كە حكومەتی هەرێم ناچار بووە ئەو هەنگاوە بنێت بە هەناردەكردنی نەوت و ئەمەش بەپێی میكانیزمێكی گونجاو و شەفاف و داهاتەكەشی بۆ خەڵكی كوردستان بەكاربهێنرێت، ئەو دەسپێشخەرییەی ئەم دواییەی بەڕێز سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بۆ گفتوگۆكردنی زیاتر لەگەڵ بەڕێزان ئەندامانی پەرلەمان و سەرۆكی فراكسیۆنەكان و سەرۆكی لیژنە پێوەندیدارەكان ئاكامێكی باشی لێكەوتەوە بەهۆیەوە شرۆڤەو شیكردنەوەی باشتر لەسەر مەسەلەكان دران، جاران خەڵكانێك هەبوون بێ ئەوەی واقیعی بابەتەكان بزانن گوللەیان بە تاریكیەوە دەنا، بەڵام ئێستا لەلایەن خودی سەرۆكی وەزیران و راوێژكاری یاسایی و وەزیری سامانە سروشتیەكان و وەزیری دارایی هەموو راستیەكان خرانە بەرچاوی هەمووان و زۆری لەو تەمومژییانەی پێشتر دروست كرابوون لەلایەن خەڵكانێكەوە رەوێنرانەوەو ئەمەش جێی دڵخۆشییەو دەسپێكێكی باشە بۆ قۆناغێكی تازەی كاركردنی پێكەوەیی.
گوڵان: پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، تەنیا پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتێك نەبوو، بەڵكو بووە پرۆسەیەكی نیشتمانی بۆ یەكخستنی هەڵوێست و یەكڕیزی نێو ماڵی كورد، هەربۆیە یەكێك لە دەسكەوتە گرنگەكانی دیكەی ئەو پرۆسەیە، ئەو لیژنە كوردستانیە هاوبەشەیە كە بۆ دانوستاندن بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق دەچنە بەغدا، تاچەند ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆكارێك بۆ چارەسەری كێشەكان لەگەڵ بەغدا و رێكخستنەوەی پێوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بە تایبەتی لە بواری نەوت و بودجە؟
سەفین دزەیی: پێكهێنانی كابینەی هەشتەم بە تەنیا پێكهێنانی ئیدارەیەك نییە، بەڵكو دروستكردنی كۆدەنگیەكی نیشتمانییە، سەبارەت بە یەكڕیزی نیشتمانی بەپێی ئەو لیژنانەی دانراون بە سەرپەرشتی و بڕیاری سەرۆكایەتی هەرێم كە دەنگ و رەنگی دانوستانەكانی داهاتوو بن لە بەغدا بۆ پێكهێنانی حكومەتی فیدراڵی تەكلیف كراون، دوێنێ كۆبوونەوەی یەكەمیان ئەنجامداوەو ئەو ماددەو بابەتە سەرەكیانەی پێوەندییان بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە چ لە رووی یاساكانی پابەند بە ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم و ماددەی 140 و پرسی پێشمەرگەو نەوت و وزەو داهات و هەروەها چەسپاندنی بنەماكانی دیموكراسی بە شەراكەتی راستەقینە، هەروەها دەستووری عێراقی كە كاتی خۆی وا داڕێژرایەوە كە كورد دووەم نەتەوەی سەرەكی عێراقەو زمانی كوردی زمانێكی فەرمیەو هەموو ئەو ماددە دەستووریانەی تر كە زۆریان جێبەجێ نەكراون تا ئێستا هەمووی ئەكتیڤ بكرێنەوە، بەر لەوەی بچینە ناو پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو پێویستە لەسەر شێوازی جێبەجێكردن رێككەوتن هەبێ لەگەڵ ئەو لایەنانەی كە حكومەتی داهاتووی عێراق پێكدەهێنن، جەخت بكرێتەوە كە هەرێمی كوردستان گەیشتۆتە قۆناغێك پێویستی بە هەنگاوی كردارەكییە، نەك تەنیا رێككەوتنی دوولایەنەی نێوان حزبەكان، بۆیە ئەو لیژنەیە كارەكانی گرنگن و ئەركی زۆریان لە ئەستۆیە، هیوادارین كە ئەو كۆدەنگی و یەكڕیزییەی لە هەرێم هەیە بە هەمان شێوە بێت لە بەغدا داكۆكی لە مافەكانی خەڵكی كوردستان بكەن.
گوڵان: دوایین پرسیارمان سەبارەت بە پرۆژەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، هەروەها سەبارەت بە پرۆژەی پارێزگاكانی هەرێمە كە لەسەر بودجەی پەرەپێدان بەڕێوە دەچێت، پرسیاری ئێمە ئەوەیە ئایا بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكانیش لە بەغداوە بۆ هەولێر و سلێمانی و دهۆك بڕدراوە؟
سەفین دزەیی: حاڵی حازر نزیكەی 2900 پرۆژە بەردەوامییان هەیە كە زۆربەیان پێش چەند ساڵێك لەمەوبەر دەستیان پێكردووەو نزیكن بە قۆناغی كۆتایی، هەشیانە چەندین ساڵی بۆ دانراوە تا تەواو دەبێت، پرۆژەی تازە رانەگەیەنراوەو ناشكرێت، چونكە تا ئێستا بودجە لە پەرلەمان موسادەقە نەكراوە، ئەوانەی بەردەوام كاری تێدا دەكرێت هی ساڵانی پێشوون، پرۆژەكان گەورەن و كۆمپانیای بیانی بەپێی بودجەو توانای خۆیان هەڵدەسووڕێن و كاریان رانەگرتووە، بەڵام حكومەت قەرزاریانە و ئەوانە خۆیان راگرتووەو سوپاسیان دەكەین، هەندێك كۆمپانیای خۆماڵیش بە هەمان شێوە، توانای ماددی خۆیان هەیە، بەڵام رەنگە هەندێكیان ئەو توانایەیان نەبێت و دوچاری قەرزو كێشە هاتوون، حكومەتی هەرێم دیراسەتی چەندین پێشنیازی بەڵێندەران دەكات بۆ ئەوەی كە هاوكاریان بین و بەشێك لە موعاناتیان چارەسەر بكەین، ئەگەر بە شێوەیەكی كاتیش بێت و هەوڵێكی جددیش دەدرێت بەو داهاتەی ناوخۆ یان بە قەرز بێت تا بتوانین بەشێك لەوە تەرخان بكەین بۆ پێدانی پرۆژەكان، بە راستی پێویستە ئاماژە بە بەڵێندەران و یەكێتی بەڵێندەران بدرێت كە وەك سەربازی ونن بۆ ئاوەدانكردنەوەی ئەو پرۆژانەی حكومەت دەستنیشانی كردون و دەستی ئاوەدانكردنەوەیان دیارەو جێی تەقدیرو رێزن و سوپاسیان دەكەین كە بەرگەیان گرتووە، لەو رۆژانەدا دانیشتین لەگەڵیان و بۆچوون و داواكارییەكانیان بەجێ بوون، هەڵوێستی نیشتمانپەروەرییان جێی دەستخۆشی و شانازییە، هەوڵ دەدەین لە موعاناتیان كەم بكەینەوە و ئەوانیش بەشی هەرە زۆریان پرۆژەكانیان رانەگرتووە، نامانەوێ پرۆژەی خزمەتگوزاری پەكی بكەوێت و بۆیە جێگەی دەستخۆشین و شانازییان پێوە دەكەین.
Top