بەیان سامی عەبدولڕەحمان نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبەریتانیا بۆ گوڵان: سەردانی ئەمجارەی نێچیرڤان بارزانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەریتانیای بردە قۆناغێكی دیكە
May 27, 2014
دیمانەی تایبەت
سەردانی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و شاندنی یاوەری بۆ بەریتانیا و ئەو پێشوازییە گەرمەی لەسەر ئاستی حكومەتی بەریتانیا لێیان كرا، ئاماژەیە بۆ ئاستی پێوەندییەكانی نێوان بەریتانیا و هەرێمی كوردستان و هەروەك بەڕێز ولیام هەیك وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی كوردستان و شاندی یاوەری رایگەیاند: (خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ لە یەكەم سەردانی فەرمیدا بۆ بەریتانیا پێشوازی لە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان دەكەم. ئەم سەردانە دەرفەتێك و رەنگدانەوەی ئەو پێوەندییە گەرمەیە كە لە نێوان بەریتانیا و هەرێمی كوردستانی عێراق لە بوارەكانی بازرگانی و پەروەردە و كەلتووریدا هەیە).هەروەها خواست و ویستی حكومەتی بەریتانیای بۆ پتەوكردنی پێوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە و پیرۆزبایی لە نێچیرڤان بارزانی كرد بۆ ئەو پێشكەوتنانەی لە هەموو بوارەكاندا لە هەرێمی كوردستان هاتوونەتە دی، بە تایبەتیش لە بواری جێگریی ئارامی و سەقامگیریدا؛ لە ناوچەیەكی پڕ كێشە و ئاڵۆزی وەك بەشەكانی دیكەی عیراق و سوریا و ناوچەكە.سەبارەت بە بایەخ و گرنگی ئەم سەردانەی سەرۆك وەزیرانی كوردستان بۆ بەریتانیا، ئەم وتووێژەمان لەگەڵ خاتوو بەیان سامی عەبدولڕەحمان نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبەریتانیا ئەنجامداو بەڕێزی بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.* سەردانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری بۆ بەریتانیا، هەنگاوێكی دیكە لە بەرەو پێشەوەچوونی پێوەندییەكانی نێوان هەردوولا، ئایا ئێوە وەك نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەریتانیا چۆن سەیری ئەم سەردانە دەكەن؟
- ئەم سەردانەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانێكی سەركەوتوو بەرهەمدار بوو، من وای دەبینم پێوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و بەریتانیا دەباتە ئاستێكی باڵانماتر. ئاشكرایە بەریتانیا یەكێكە لەدەوڵەتە گەورەكانی ئەوروپا و جیهان و ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشە، بۆیە پێوەندی ئەم دەوڵەتە بۆ هەرێمی كوردستان گرنگە، هەر بۆیە ئێمە وەك نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبەریتانیا چەند ساڵێكە هەوڵی جددیمان داوە، زەمینەسازی بكەین بۆ ئەوەی پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەریتانیا زیاتر پتەو بكەین، لەم سەردانەشدا ئاستی پێشوازی حكومەتی بەریتانیا لە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رەنگدانەوەی ئاستی ئەو پێوەندییە پتەو و گەرمە بوو كە لەنێوان هەردوولا دروست بووە. بۆیە دیسان دووبارەی دەكەمەوە، ئەم سەردانە پێوەندی هەرێمی كوردستان و بەریتانیاوە بەرەو باشتر دەبات و پێوەندییەكان لە باشەوە بۆ باشترو بەرزتر دەكاتەوە، بۆ نموونە ئێمە لە بواری بازرگانی و وەبەرهێنان لەگەڵ بەریتانیادا دەتوانین كاری باشتریش بكەین، دەمانەوێت راستەوخۆ لە نێوان بەریتانیاو هەرێمدا هێڵی فڕۆكەی راستەوخۆ هەبن بۆ هاتوچوون، ئێستا هێڵی فڕۆكەوانی راستەوخۆ لە نێوان كوردستان و نەمساو ئەڵمانیاو توركیادا هەیە، بەڵام بۆ بەریتانیا نیمانە، كاری زۆرمان بۆ ئەوەش كردووە هیوادارین لە داهاتووی نزیك ئەو پردی پێوەندیەی هاتووچۆ ئاسانتر بێت، دەمانەوێت لە بواری پێوەندییە كەلتوورییەكان پێوەندی هەردوولا باشتر بكەین بۆ نموونە زانكۆكانی كوردستان پێوەندی باشتریان بە زانكۆكانی بەریتانیاوە هەبێت، سەردانی بەڕێز كاك نێچیرڤانیش بە هەنگاوی گەورەترەوە ئەم پێوەندییانەی زیاتر بردە پێشەوە.
* بەڕێزت بە حكومی ئەوەی بەرپرسی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستانی لەبەریتانیا، ئایا تۆ سیاسەتی بەریتانیا بەرامبەر ئێستای هەرێمی كوردستان چۆن دەخوێنیتەوە؟
- حكومەتی بەریتانیا زۆر واقیعبینانەو دووربینانە سەیری پرس و رووداوەكانی دەوروبەریان دەكەن ئەوان ئێمە وا دەبینن كە بەشێكین لە دەوڵەتی عێراق بەڵام لە كوردستاندا ئەمنیەت و سەقامگیری و ئاشتەوایی هەیەو لە بەشەكانی تری عێراقدا نییە، ئێمە بەردەوام كار بۆ ئەوە دەكەین كە ئیكۆنۆمی واتە ئابووری كوردستان بەهێزتر بێت، ئەوان لەسەر هێڵی دیموكراتی ئێمە دەبینن، كەس ناتوانێت شتێكیان لێ لێڵ بكات یان چاوبەستەكێیان بكات، لەكاتێكدا بە چاوی خۆیان راستیەكان دەبینن، ئەوەتا لە هەرێمی كوردستان قونسڵخانەیان هەیە، دەشزانن چۆن بەراوردكاری لە نێوان دۆخی بەغداو دۆخی كوردستان دەكەن، بۆیە ئەوەی كە واقیعە لە كوردستان بێ ئەوەی كەس باسی بكات بۆیان خۆیان دركی پێ دەكەن، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە كە ئەمان پشتگیری لە سەربەخۆیی كوردستان دەكەن، ئەو بابەتە هەر نەخراوەتە باسەوە، ئەو بابەتەی زیاتر لە سەردانەكەی كاك نێچیرڤان باسی لێ كراوە، چۆن بواری بازرگانی لە نێوان كوردستان و بەریتانیا دەوڵەمەند بكرێت هەروەها كار بكرێت تا هێڵی فڕۆكەی راستەوخۆ لە نێوان هەردوولادا هەبێت، چۆن كار بكەین تا هەردوولامان یەكتری وەك دۆست ببینین لە ناو فكری ستراتیژی و بوارە مرۆییەكان و بوارەكانی دیپلۆماسی و نەوت و غاز و ئیكۆمینیكیدا، بۆ سەرخستنی ئەم كارانەش نە باسی مێژوومان كردووە نە باسی سەربەخۆیی، چونكە ئەوان مێژووی خۆیان و هی ئێمەش باش دەزانن و ئێمەش ئەو مێژووە دەزانین، گرنگ ئەوەیە لە داهاتوودا چۆن وا لە بەریتانیا بكەین شان بە شانی كوردستان راوەستێت.
* لەم سەردانەدا سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆمەڵێك دیداری گرنگی لەگەڵ ناوەندە جیاوازەكانی بەریتانیا گرێدا، ئایا تاچەند ئەم كۆبوونەوانە بەرهەمدار بوون و ئایا دوای ئەم سەردانە چاوەڕوانی رەنگدانەوەی ئەم پێوەندییانە زیاتر لە چ بوارێكدا دەكرێت؟
- لەم سەردانەی سەرۆكی حكومەتی كوردستان بۆ بەریتانیا، كۆمەڵێك هەنگاوی گرنگ و بەرهەمدار هەبوون، بۆ نموونە هەردوولا بڕیارمان دا كە كۆمسیۆن دابنێین، ئەمەش واتە هەردوو حكومەت كۆمسیۆنی تایبەتیان هەبێت بۆ بەدواداچوونی بەهێزكردنی پێوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و بەریتانیا لە بواری بازرگانیدا، كاری ئەو كۆمیتەیە ئەوەدەبێت و ئێستا خەریكین خەڵك پەیدا بكەین بۆ ئەو كۆمیتانە، تا پێوەندییەكانی هەردوولا باشترو قووڵتریش بێت، هەروەها لەمیانەی ئەم سەردانەدا سەرۆكی حكومەتی هەریمی كوردستان لەگەڵ چەندین وەزیری بەریتانیا كۆبۆوە، بە تایبەتیش لەگەڵ ولیەم هیگ وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بەڵام هاوكات لەگەڵ ئەندام پەرلەمانەكانیش كۆبوویەوە، لە پەرلەمانی بەریتانیادا گرووپێك هەیە بۆ دۆستایەتی نێوان هەرێمی كوردستان و بەریتانیا، دانیشتنێكی لەگەڵ ئەو ئەندام پەرلەمانانەدا هەبوو، ئەوەش زۆر گرنگە كە دۆستی ئەوان بین لە ناو پەرلەمانی بەریتانیاوە، شتێكی تریش هەیە كە لیژنەی پێوەندییەكانی دەرەوە لە پەرلەمان چەندین مانگە دیراسەتی پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەریتانیا دەكەن و بە نیازن بێن بۆ كوردستان، ئەوەش ئاماژەیە بەوەی كە پێوەندییەكانی بەریتانیا و كوردستان لە داهاتوودا رۆژ بە رۆژ هێندە بەهێز دەبێت كە لیژنەی پێوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمانی بەریتانیا خۆیان بیانەوێت دیراسەت لەو بارەیەوە بكەن. بۆیە دەتوانم بڵێم لەم سەردانەدا باسی زۆر شت كراوەو دەرئەنجامەكانی دەردەكەون، بەڵام بە یەك رۆژو دوو رۆژ نابینرێت، هەمیشە كاری دیپلۆماسی و سیاسی دەرئەنجامەكەی درەنگتر وەردەگریتەوە، رەنگە لە هەفتەیەك یان مانگێك یان ساڵێكدا وەریبگریتەوە رەنگیشە دوای چەندین ساڵ بێت. بەڵام گرنگ ئەوەیە هەردوولا زۆر بەم سەردانە رازی بوون و سەركەووتوانە بوو، من وای دەبینم كە پێوەندییەكانی نێوان كوردستان و بەریتانیای بەهێزتر كرد. بەڵام بەریتانیا خەمخۆری و دۆستایەتیەكی بەهێزیان هەیە لەگەڵ پرسی كورددا چ وەك پەرلەمان و چ وەك حكومەتی بەریتانیاش، بۆیە لە داهاتوودا ئێمە لەو بڕوایەدام ئێكسپۆشنمان هەبێت كە بەریتانیا وەك دۆست تەماشای كوردستان دەكەن.
* هاوكات لەگەڵ كاتی سەردانەكەی سەرۆكی حكومەت بۆ بەریتانیا، دەستكرا بە فرۆشتنی نەوتی كوردستان، ئایا لەم سەردانەدا مەسەلەی نەوت و گازی كوردستان باسی لێوەكراوە؟
- حەتمەن پرسی نەوت و گاز بۆ بەریتانیا و تەواوی وڵاتانی ئەوروپا گرنگە، گەرچی ئێستا بەریتانیا خۆی غاز لە روسیا وەرناگرێت بەڵكو غازی خۆی هەیەو لە شوێنانی تر پەیدای دەكات، بەڵام وڵاتانی تر هەن لە ناو ئەوروپادا كە غازیان لە روسیاوە بۆ دابین دەكرێت، بۆیە ئەو كێشەیەی كە ئێستا لە نێوان روسیاو ئۆكرانیاو لەو ناوچەیەدا تاوی سەندووە، بۆتە كێشە بۆ هەموو ئەوروپا بە بەریتانیاشەوە، حەتمەن ئەمە زۆر بە لایانەوە گرنگە كە شوێنی تر هەبێت بۆ نموونە كوردستان كە بتوانێت نەوت غاز بفرۆشێتە ئەوروپا، ئەوان بە چاوێكی ستراتیژی و ئابووری تەماشای دنیا دەكەن. ئەوەی من لێی تێدەگەم بەریتانیا تەماشای ئەو بابەتە دەكەن تا بزانن دەرئەنجام چی دەبێت، بەو بنەمایە دەڕوانن بۆ فرۆشتنی نەوت و غازی كوردستان و جۆری پێوەندیمان لەگەڵ بەغدا..
* تۆ ئاماژەت بەوەكرد دەمانەوێت وەك دۆست سەیری یەكتری بكەین، ئایا دۆستایەتی بەریتانیا بۆ ئەزموونی كوردستان دەبێتە هاندەرێك بۆ پشتیوانی وڵاتانی دیكەی ئەوروپا بۆ ئەوەی ئەوانیش پشتیوانی لە هەرێمی كوردستان بكەن؟
- وەك پێشتریش ئاماژەم پێكرد، حكومەتی بەریتانیا واقیعبینانە ئەو هێڵە دیموكراتیە دەبینن كە هەرێمی كوردستان لەسەری دەڕوات و بەلاشیانەوە گرنگە كوردستان لەسەر ئەو هێڵە ببینن، ئەگەرچیش هەندێ كێشە هەیە بەڵام ئەوان دەبینن كە ئێمە پابەندین بە دیموكراسیەوە كە ئەمە بۆ ئەوانیش زۆر گرنگە بە تایبەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا باش ئەوە دەزانن كە بە دەگمەن دیموكراسی هەیە، بۆیە بۆ ئەوان زۆر گرنگە كە ببینن هەرێمێك هەبێت لەناو ئەو دەوروبەرە نادیموكراسیە پڕ لە فەوزایەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا پابەندە بە دیموكراسیەتەوە، هەروەها ئەو هەرێمە نەوت و غازیشی هەیە و دەیەوێت ئەو نەوت و غازە لە رێگای توركیاوە بفرۆشێتە ئەوروپا ئەم شتانە لە رووی ستراتیژی ئیكۆنۆمی و پۆلەتیكای بەریتانیاوە گرنگی خۆیان هەیە..