ساڵح قەلاب راوێژكاری پێشووی شای ئەردەن بۆ (گوڵان):پێوەندی ئێستای نێوان مسعود بارزانی و شا عەبدوڵڵا درێژە پێدەری پەیوەندی نێوان شا حوسین و مەلا مستەفا بارزانی یە

ساڵح قەلاب راوێژكاری پێشووی شای ئەردەن بۆ (گوڵان):پێوەندی ئێستای نێوان مسعود بارزانی و شا عەبدوڵڵا درێژە پێدەری پەیوەندی نێوان شا حوسین و مەلا مستەفا بارزانی یە
بەڕێز ساڵح قەڵاب جیا لەوەی راوێژكاری پێشووی شاعەبدوڵڵای پادشای ئەردەن بووە، ماوەیەكیش وەزیری رۆشنبیری بووەو ئێستاش یەكێكە لەو نووسەر و رۆشنبیرانەی كە بەردەوام لە رۆژنامە عەرەبیەكان بە تایبەتی شەرقولئەوسەت وتارەكانی بڵاو دەبێتەوە، قەلاب بێجگە لەوەی لەسەر ئاستی شانشینی ئەردەنی ەاشمی یەكێكە لە سیاسەتمەدار و چاودێرە زیرەكەكان، لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی و ناوچەكەش وەك یەكێك لە چاودێرە سیاسییە دیارەكان سەیر دەكرێت و شرۆڤە و توێژینەوەكانی بەەەند وەردەگیرێن و جێگەی بایەخی هەموو لایەكە، بۆ قسەكردن لەسەر سەردانی بەڕێز مسعود بارزانی بۆ شانشینی ئەردەن و كۆبوونەوەكانی لەگەڵ شا عەبدوڵڵای دووەم، چەند پرسیارێكمان ئاڕاستە كرد و بەمجۆرە وەڵامی گوڵانی دایەوە.
* بەم دواییە بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی شانشینی ئەردەنی كرد، ئەمەش كاریگەریی هەیە بۆ سەر ئاستی پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەردەنەوە، خوێندنەوەتان بۆ ئەم سەردانەی دوایی بەڕێز مسعود بارزانی بۆ ئەردەن چییە؟
- ئەم پێوەندییانە زۆركۆنن، لەراستیدا بۆ سەردەمانی خوالێیانخۆشبێت شا حوسێن و مەلا مستەفای بارزانی دەگەڕێتەوە، ئەوكاتە پێوەندیی بەردەوام لە نێوان هەردوو لادا هەبووە، شای ئەردەن لە رووی پشتیوانیی سیاسی و مانەوییەوە ئەوپەڕی پشتیوانی لە گەلی كورد لە عێراقدا دەكرد، بۆیە شانشینی ئەردەن هەڵوێستێكی چەسپاوو نەگۆڕی هەبووە لەهەمبەر مافەكانی گەلی كورد، لەبەر ئەوە دەڵێم ئەو پێوەندییانە كۆنن و چەند جارێك بەرپرسانی ئەردەن سەردانی (مەلا مستەفای بارزانی) یان كردووە، هەروەها هەتا ساڵی 1964 لە رێگەی جەنابی مەلا مستەفا بارزانیەوە بەڕێز جەلال تاڵەبانب رادەسپێرا بۆ توندوتۆڵكردنی پێوەندیی نێوان كورد و ئوردن،هەر بۆیە ئەم پێوەندییانە لە ساڵانی نەوەدەكانیشەوە زیاتر پتەوتربوون و بەڕێز كاك مسعود بارزانی چەندین جار لەم ماوەیەدا سەردانی ئەردەنی كردووەو چاوی بە خاوەن شكۆعەبدوڵلای پاشای ئەردەن و بەرپرسان كەوتووە، ئەمەش دووپاتكردنەوەی هەڵوێستی ئەردەنەو ئەم پێوەندییانەش بەردەوام پەرەدەسەنێن و وا بزانم ئەمە یەكەم سەردانی كاك مسعود بارزانی نییە بۆ ئەردەن ئەگەر سێیەم یان چوارەم نەبێت، كە هەندێ جار كاك نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەرپرسانی دیكەی حزبی و حكومیی هەرێمی تێدابووە.
* ئەگەر بە دیاریكراوی باسی گرنگی ئەم سەردانەی ئەم دواییە سەرۆك بارزانی و كۆبوونەوەی لەگەڵ شا عەبدوڵڵا بكەین، ئایا تاچەند لەم كاتە ئەم سەردانە گرنگ بوو؟
- ئەم سەردانە لە قۆناغێكی هەستیاردا هاتووە كە دەبوایە ئەنجام بدرێت، كە ئێوە دەزانن بارودۆخی عیراق رۆژ بە ڕۆژ پشێوو ئاڵۆزتر دەبێت، هەروەها ناكۆكی زۆری هەمەلایەن سەری هەڵداوە، هەڵوێستی ئەردەنیش هەمیشە بەو شێوەیەیە كە لەگەڵ چارەسەركردنی كێشەو گرفتەكاندا بووە بە رێگەی ئاشتیانەو دیالۆگ و لێكگەیشتن، چونكە ساڵانێكی زۆر بەهۆی كوشتارو شەڕو شۆڕەوە بە هەزاران كەس گیانیان لەدەستداوە و مەینەتییەكی زۆر رووی لەو وڵاتە كردووە، بۆیە نابێ كارەساتی جینۆسایدی وەك هەڵەبجە جارێكی دیكە دووبارە بێتەوە چ لە كوردستان یان لە هەر بەشێكی دیكەی عیراق، لەبەر ئەوە پێویستە سەرجەم كێشەكان بە وتووێژ چارەسەر بكرێن، هەروەك دەزانن ناكۆكی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار هەیە ئەم ناكۆكییەش دەبێ بە دیالۆگ چارەسەربكرێت، گەلی كوردیش مافی خۆیانە، هەروەك چۆن پێكهاتەكانی دیكەش لە عیراق مافیان هەیە، كورد پێكهاتەیەكی سەرەكیی دانیشتووان و كەلتووری و شارستانیی عیراقە، بۆیە مافی خۆیەتی داوابكات نوێنەرایەتی كردنی لە پرۆسەی سیاسیی عیراق نوێنەرایەتیكردنێكی كاریگەرو كارا بێت، من پێموایە ئەم پرسە گفتوگۆیەكی تێروتەسەلی دەربارەكراوە لەلایەن خاوەن شكۆ عەبدوڵلای دووەم و رێزدار سەرۆك مسعود بارزانی، هەروەها لەم سەردانەدا سەرۆك بارزانی ئامادەی كردنەوەی پێشانگای(سۆفكس) بەرهەمهێنانی چەكی هێزەكانی تایبەت بوو، كە من پێموایە كاك مسعود بارزانی زۆر لەمێژە بایەخ بەم بابەت دەدات، بۆیە ئەم سەردانە زۆر سەركەوتوو و بەرهەمدار بوو كە تێیدا چەندین تەوەری لەخۆ گرتبوو لەوانەش رەوشی ناوچەكە بە گشتی و رەوشی فەلەستین و سوریاو عیراق و تاد.
* كاریگەریی ئەو سەردانە چی بوو لەسەر بارودۆخ و ئەو گۆڕانكارییانەی كە بەم دواییە لە ناوچەكە هاتنە ئاراوە؟
- كاك مسعود بارزانی تەنیا هێماو سیمبولی كورد نییە بە تەنیا، بەڵكو یەكێكە لە ناو و رەمزە دیارەكانی ناوچەكە بەگشتی بە تایبەتی ئەو رۆڵەی كە هەموو جارێك سەركەوتووانە دەیگێڕێت، بەم دواییە سەردانی دیاربەكری كرد و لەگەڵ ئۆردۆغان كۆبۆوە و رۆڵی ئەو، زۆر بەرز دەنرخێنرێت لە رووی هێوركردنەوەی بارودۆخی ناوچەكەو لە توركیاشدا، هەروەها لە روانگەی بارودۆخی ئێستای ناوچەی كوردنشین لە سوریا، بۆیە ئەو بەڕێزە رۆڵی دیارو سەرەكیی دەبینێت وەك رەمزو هێمایەك لە سەرتاسەری ئەو ناوچانەدا درەوشاوەیە، هەروەها لەم سەردانەدا بابەتێكی گرنگ قسەو باسی لە بارەوە كرا ئەویش مەسەلەی(تیرۆر)ە كە لە سوریا و لە ئەردەن و تەنانەت كاریگەری و مەترسی بۆ سەر هەرێمی كوردستانیش دەبێت.
* خوێندنەوەتان بۆ قۆناغی داهاتووی سیاسی لە عیراق چییە، پێتان وایە دەبێتە قۆناغی سەقامگیری یان ململانێی سیاسی یاخود گۆڕانكاریی دێتە ئاراوە؟
- لە راستیدا بارودۆخی عیراق مەترسیدارو نا سەقامگیرە بە شێوەیەكی گشتی، دەستتێوەردانی دەرەكی لەئارادایە، ئەم دەستتێوەردانە رۆڵی سەرەكی و خراپ دەگێڕێت لە گۆڕەپانی سیاسیی ئەم وڵاتەدا، بۆیە بە ئاشكراو راشكاوی دەڵێم ئەو سیاسەتەی نوری مالیكی پەیڕەوەی لێ دەكات ئەزموونێكی شكستخواردوو وێرانكەرەو عیراقی پارچە پارچە كردووە، بە درێژایی ئەو یازدە ساڵەی رووخانی رژێمی پێشوو دەبوایە ئەو عیراقەو میللەتەكەی بگەیشتنایە سەقامگیری و ئاسوودەیی و بنیادنان، بە هەموو پێكهاتەكانیەوە چ لە هەرێمی كوردستان یان لە ناوەڕاست و رۆژهەڵات و رۆژئاوای عیراق، بۆیە وا پێویست دەكات سیاسەتمەدارو عاقڵمەندانی ئەم وڵاتە لە سەروویانەوە كاك مسعود بارزانی رۆڵی خۆیان بگێڕن كە من باوەڕم وایە سەرۆك بارزانی رۆڵی سەرەكی دەگێڕێت لە چارەسەركردنی ئەو كارەسات و مەینەتی و ئاڵۆزییەی یەخەی عیراقییەكانی گرتووە، بۆیە ئەگەر مالیكی لەم سیاسەتەو لە حوكمی داهاتووی عیراق بەردەوام بێت، لاتان سەیر نەبێت بە هەمان پەیڕەوی دیكتاتۆریانەی رژێمی پێشوو رەفتار بكات و رووی سوپاكەی بەرەو هەولێرو ناوچەكانی كوردستان وەربگێڕێت، من ئەمە بە دوور نازانم چونكە ئەو مرۆڤە هەمان رێچكەو ئارەزووی مەترسیداری دیكتاتۆریانەی هەیە، بۆیە لەسەر زمانی من وەك ساڵح قەلاب بڵاوی بكەرەوە كە ئەم پیاوە هەمان رەفتاری دیكتاتۆریانە لە عیراق پەیڕەو دەكاتەوە.
Top