عارف تەیفور بۆ گوڵان:عێراق پێویستی بە حكومەتی شەراكەتی نیشتمانی یە، هیچ لایەك لە هاوپەیمانی زۆرینەی سیاسی سەركەوتوو نابێت
May 15, 2014
دیمانەی تایبەت
هێشتا ئاكامی هەڵبژاردنەكان بە فەرمی رانەگەیەنراوە، بەڵام جموجۆڵەكان بۆ گرێدانی هاوپەیمانی و داڕشتنی نەخشەی سیاسی عێراق دەستی پێكردووە، بۆ قسەكردن لەسەر مەزندەكان بۆ ئاییندەی عێراق و ئەو گۆڕانكاریانەی ئاكامی هەڵبژاردنەكان دەیهێنێتە ئاراوە، ئەم وتووێژەمان لەگەڵ بەڕێز عارف تەیفور جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق سازكرد و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.* هەتا ئێستا تەنیا هەندێك لە ئاكامە بەراییەكان بەشێوەیەكی نافەرمی دەركەوتوون، ئایا تاچەند ئەم هەڵبژاردنە گۆڕانكاری لەنەخشەی سیاسیی عێراقدا دروست دەكات؟
- بە دڵنیاییەوە؛ هەڵبژاردنی ئەمجارە گۆڕانكارییەكی تێدا دەبێت، هەرچەندە رەنگە سیما و سەروچاوەكان زۆر نەگۆڕدرێن، بەڵام لە رێژەو پێشكەوتنی لایەنەكان كە كورسییان بە دەستهێناوە گۆڕانكارییەك دەبینرێت، لەم حاڵەتەشدا ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی سەرلەنوێ نەخشەیەكی نوێ بۆ ئاییندەی عیراق دابڕێژرێتەوەو لایەنەكانیش بەپێی راگەیاندراوەكانیان هەندێك لەیەكترەوە دوورن، هەندێكیان لەو بڕوایەدان كە حكومەتی زۆرینە بەكاربهێنن وەك مالیكی و گرووپەكەی لە كاتێكدا ئەوانیش 51% یان بۆ كۆناكرێتەوە، هاوكات هەندێكیان پێیان باشە حكومەتی شەراكەت و هاوبەش پێكبهێنرێت، ئەوانیش زۆرینەیان بۆ پەیدا ناكرێت، تەنانەت ئەگەر زۆرینەشیان بۆ پەیدا بكرێت، ناتوانن لایەن و جەمسەری تر فەرامۆش بكەن، لەبەرئەوە پێكهێنانی حكومەت لە ئاییندەیەكی نزیكدا بە زەحمەتی دەزانم و ماوەیەكی زۆرتری دەوێت تا لایەنەكان هەموویان بگەنە یەكتری و زیاتریش ئەمە دەكەوێتە سەر شانی ئیئتیلافی شیعیی، ئەوان دەتوانن مالیكی بگۆڕن و كەسێك دابنێن كە بەلای لایەنەكانی دیكەوە پەسەندو شیاوتر بێت، ئەوكات رەنگە بە ئاسانتر لایەنەكان بتوانن بگەنە یەكتر بۆ پێكهاتنی حكومەت.
* ئەو ئەگەرەی كە باسی ئەوەی تێدا دەكرێت كە كەسێكی تر باشتر لە مالیكی بتوانرێت دابنرێت، بۆ ئەوەی ئەو نەخشە نوێیەی بۆ ئاییندەی عێراق باست لێكرد دابڕێژرێتەوە چەند ئومێدی جێبەجێكردنی هەیە؟
- ئەگەری زۆر هەیە كە كەسێكی تر دابنرێت، ئەمەش دوای ئەوەی لایەنەكان هاوپەیمانێتی لەگەڵ دەوڵەتی یاسا ناكەن تا وەك مەرج مالیكی لانەبرێت، رەنگە ئا لەو كاتەدا دەوڵەتی یاسا بیر لە كەسێكی دیكە بكاتەوە بۆ ئەو پۆستە، ئەگەرچی ئەم ئەگەرە لاوازیشە، چونكە دەوڵەتی یاسا تا بتوانن پێداگیری دەكەن بۆ ئەوەی مالیكی بۆ جاری سێیەم بۆ سەرۆكی وەزیرانی عێراق دابنێنەوە.
* ئێستا باس لە هاوپەیمانێتی زۆرینە دەكرێت، لە بری حكومەتی شەراكەتی راستەقینە، ئایا ئەو هاوپەیمانێتیەی باسی لێوە دەكرێت عێراق بەرەو كوێ دەگەیەنێت؟
- زیاتر مالیكی و گرووپەكەیەتی لەو هەوڵەدان و باس لە پێكهێنانی هاوپەیمانی زۆرینەی سیاسی دەكەن، بەڵام من وای دەبینم وا بە ئاسانی بۆیان ناچێتە سەر، چونكە جیاوازییەكان لە نێوان لایەنی شیعی و سوننە و شیعەو شیعەش زۆر بەهێزە، بڕوا ناكەم بە ئاسانی بگەنە ئاكامێكی وا تا زوو حكومەت دەستنیشان بكەن، حكومەتی زۆرینەش داهاتوویەكی روونی نابێت ئەگەر زۆربەی لایەنەكانی تر پشتگوێ بخەن، چونكە حكومەتێكی لەو شێوەیە هەمیشە لە كێشەی بێ بڕانەوەدا دەمێنێتەوە.
* تا چەند بەم شێوەیە دەتوانرێت وڵات بەڕێوەببرێت، لەڕێی پەراوێزخستنی چەندین لایەنی دیكە بە بیانووی پێكهاتنی حكومەتی زۆرینەوە؟
- هەر خۆی مكوڕبوون و سووربوون لەسەر حكومەتی زۆرینە پەراوێزخستن و وەلاوەخستنی لایەنێك لە لایەنەكانە، چونكە سوننەكان كەسێكی وایان نییە تا بتوانن حكومەتی زۆرینە پێكبهێنن، بەڵكو لە هەوڵدا دەبن بە جددی بەشدارییان هەبێت، هاوكات كوردیش هەمان هەوڵی دەبێت بۆ بەشدارییەكی كارا، بۆیە لەو بڕوایەدام ناتوانن وا بە ئاسانی حكومەتی زۆرینەیان بۆ پێكبێت.
* ئەوانەی بانگەشەی لەو شێوەیە دەكەن، ئایا پێتوانییە لە كۆتاییدا ناچار بن هەر بگەڕێنەوە بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی هاوبەشی سیاسی لەسەر بنەماكانی هاوبەشایەتی راستەقینە؟
- لەبەر ئەوەی تا ئێستا عێراق سەقامگیری بە خۆوە نەبینیوە، ئەوان ناتوانن حكومەتێك بە حیسابی زۆرینە دابمەزرێنن، لەبەر ئەوە پێویستیان بە بەشداری هەموو لایەنەكانی ترە بۆ ئەو حكومەتەی كە دادەمەزرێت، دۆخی عێراق وایلێهاتووە ئەگەر لایەنی سوننە لە پێكهاتنی حكومەتدا بەشدار نەبێت ناوچەی سوننە هەمووی لەسەر هێڵی یاخیبووندا دەبێت، ئەگەر لایەنی كوردی تێدا بەشدار نەبێت سەركردایەتی كورد لەگەڵ ئەو حكومەتە پێكهاتووەدا نابێت، لەبەر ئەوە ناچارن كە هەمووان بخەنە بەشداریپێكردن لەو حكومەتەی داهاتوودا.
* ئەمجارە بەراورد بە هەڵبژاردنەكانی رابردوو ئەحرارو مواتن و فەزیلەش كورسییەكانیان زیادی كردووە، ئەمەش جۆرێك لە هاوكێشەكانی گۆڕیوە پرسیار ئەوەیە تا چەند كوردو سوننەو شیعە دەتوانن زۆرینەی سیاسی لە دەرەوەی مالیكی دروست بكەن؟
- دەتوانن دروستی بكەن ئەگەر بیانەوێت، بەڵام ئەمیشیان هەر بە ئاسانی ناكرێت، چونكە دەرهاویشتنی لیستی مالیكی بە تایبەتی حزبی دەعوە زۆر زەحمەتە لە هاوكێشەكە دەربچێتە دەرەوە، چونكە ئەوانە زۆرینەی دەنگیان بەدەست هێناوە، وەك لێكدەدرێتەوە نزیكەی هەشتا كورسییان هێناوە، بە ئومێدی زیاتریشن، لەبەرئەوە لایەنێك ئەم هەموو كورسییەی هێنابێت ناتوانرێت وا بە ئاسانی پەراوێز بخرێت، بەڵام ئەگەر لایەنەكانی تری كوردو سوننەو هەندێك لە شیعەكانی تریش پەراوێزی بخەن بۆ ئەوەش بڕوا ناكەم ماڵی شیعیی بهێڵێت تووشی بەش بەشی ببن، بە تایبەتی ئێران ئەمەی پێ قبوڵ ناكرێت، ئێستا ئێران و مەرجەعیەتیش فشاریان بۆ هێناون كە ئەمانە بە یەكڕیزی بمێننەوە ئەگەرچی بە یەكتریش رازی نەبن، تا دواجار ماڵی شیعی تێكنەچێت، لەبەر ئەوە زەحمەت دەبێت حكومەتێكی سوننی شیعی كوردی دروست بكەیت و هاوكات لایەنی دەوڵەتی یاسا بخەیتە پەراوێزەوە، نە ئێران نە مەرجەعیەت رازی نابن بەوەی لایەنێكی شیعی وا بەهێز فەرامۆش بخرێت.
* لە كۆی ئەو هەموو كێشمەكێش و گۆڕان و دووربینانەدا، سیناریۆكانی كورد چییە؟
- دەكەوێتەوە سەر كورد خۆی تا چەند یەكڕیز دەبێت لە ناو خۆیدا، ئەگەر بە یەكڕیزی بچێتە پێشەوە نزیكەی 60 كورسی مسۆگەری دەبێت، جاری پێشوو 57 كورسیمان هەبوو ئەمجارە بووینەتە 60 كورسی، لەسەروەختی كە یاسای هەڵبژاردنمان دادەنا سێ كورسیمان زیاد كرد، یەك بۆ سلێمانی و یەك بۆ دهۆك و یەك بۆ هەولێر و كۆی گشتی بوو بە 60 كورسی، ئەگەر كورد بە یەكدەنگی بچنە ئەوێ دەتوانن ویست و ئیرادەیەكی كوردی بسەپێنن و دەسكەوتیان هەبێت، بەڵام ئەگەر بە تاك تاك بچنە پێشەوە باوەڕ ناكەم بتوانن هیچ شتێك بە دەست بهێنن..
* لە پێش هەڵبژاردنەكانەوە بەهۆی ئاڵۆزبوونی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنەوە كۆبوونەوەكانی پەرلەمان راگیران، ئێستا باس لە بابەتی دەستپێكردنەوەی دانیشتنەكان دەكرێتەوە و هەروەها باس لە مەسەلەی تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای بودجەش هاتۆتە ئاراوە، رۆژانی داهاتوو پێشهاتەكان دەچنە چ بارێكەوە؟
- لەوانەیە پەرلەمان بۆ هەندێ پرۆژەیاسا كۆببێتەوە، بەڵام هیچ كاتێك نیصابی یاسایی بۆ تەواونابێت، ئەمە هاوكێشەیەكی سەیرە دەوڵەتی یاسا دەڵێن ئەگەر بودجە نەخرێتە بەرنامەی كارەوە ئێمە بەشداری لە دانیشتنەكاندا ناكەین، ئێمەیش وەك كورد دەڵێین ئەگەر باسی بودجەی تێدا بێت ئێمە ناچینە ژوورەوە بۆ دانیشتن، لەبەر ئەوە زۆر زەحمەتە دانیشتن بكرێت بۆیە باوەڕ ناكەم كە بودجە تێپەڕێنرێت و هەروا بە هەڵواسراوی دەمێنێتەوەو هیچ دەنگی لەسەر نادرێت و دەمێنێتەوە بۆ پەرلەمانی تازە.