د.رۆژ نووری شاوەیس ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گوڵان:زۆر لایەن داوا دەكەن سەرۆك بارزانی ببێت بە سەرۆك كۆماری عێراق، بەڵام پێویستە دەسەڵاتی سەرۆك كۆمار وەك ئێستا نەبێت و

د.رۆژ نووری شاوەیس ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گوڵان:زۆر لایەن داوا دەكەن سەرۆك بارزانی ببێت بە سەرۆك كۆماری عێراق، بەڵام پێویستە دەسەڵاتی سەرۆك كۆمار وەك ئێستا نەبێت و
پێش دەستپێكردنی پرۆسەی دەنگدان لە عێراق و كوردستان، پەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامداو دەستەی سەرۆكایەتی هەڵبژارد و رۆژێكیشی دیاری كرد بۆ ئەوەی كۆبوونەوەی دووەم ئەنجامبدرێت و بەفەرمی سەرۆك وەزیران بۆ پێكهێنانی كابینەی هەشتەم دیاری بكات، هاوكات دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا نەوتی هەرێمی كوردستان راستەوخۆ بفرۆشرێت بەبێ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ بەغدا، لەنێو ئەم بارودۆخە چاوەڕێین بە فەرمی ئاكامەكانی هەڵبژاردن رابگەیەنرێت، بۆ ئەوەی پرۆسەی دانوستاندن لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی عێراق دەست پێبكەین و حكومەتی ئاییندەی عێراق پێكبهێنرێت، بەڵام ئەم پرۆسەیە ئاسان نییە و وەك پێشبینی دەكرێت نزیكەی 10-12 مانگ دەخایەنێت، هەروەها پێشبینی ئەوەش دەكرێت كە لە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی عێراقدا سیناریۆی جۆراوجۆر بێنە ئاراوە، ئەوەی تایبەتە بە لایەنی كوردستانی ئەوەیە ئەگەر نەتوانرا لە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتدا كێشەكان رێككەوتنیان لەسەر بكرێت، ئایا سیناریۆی كورد بۆ ئاییندە چۆن دەبێت؟ بۆ قسەكردن لەسەر ئەم رەوشە، ئەم دیمانە تایبەتەمان لەگەڵ بەڕێز د.رۆژ نوری شاوەیس ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و ئەندامی شاندی دانوستانكاری پارتی بۆ پێكهێنانی كابینەی هەشتەم و جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق سازكرد و بەڕێزی بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
گوڵان: پاش راگەیاندنی فەرمی ئاكامەكانی هەڵبژاردن، لایەنەكان دەكەونە مشتومڕ بۆ هاوپەیمانی كردن بۆ پێكهێنانی كابینیەكی نوێ لە عێراقدا، سەبارەت بە لایەنی كوردستانی دیارە پێش هەمووشت یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی زۆر گرنگە، بنەمای ئەم یەكڕیزیەش لە پێكهێنانی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دەست پێدەكات، بۆیە پرسیاری ئێمە ئەوەیە ئایا پێش ئەوەی بچنە بەغدا چ ئامادەباشییەكتان بۆ رێكخستنەوەی نێو ماڵی كورد كردووە؟
د.رۆژ نووری شاوەیس: جارێ پێش هەموو شتێك پیرۆزبایی لە گۆڤاری گوڵان دەكەم بەبۆنەی یادی دامەزراندنیەوە، هیوادارم لە كارەكانتاندا پێشكەوتووتربن و ئاوێنەیەكی راستیی رۆژنامەوانی كوردستانیی بن.
سەبارەت بە پرسیارەكەشتان، سەرەتا حەزدەكەم باسی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بكەم، بۆ ئەمەش دیارە هەموو كەسێك دەزانێت گرفتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی ناوەندیدا چین، لەبەر ئەوەی تا ئێستاش كورد باوەڕی بە دەستوور و رێككەوتننامەكان هەیە، كاتێك كورد دانوستاندن دەكات بۆ ئەوەی نییە دەسەڵات لە بەغدا وەربگرێت، بەڵكو بۆ ئەوەیە كە عێراقێكی فیدراڵی دیموكراتی فرەحزبی دروست بكات، تا كوردیش لە سایەی سیستمێكی وەهاوە بحەسێتەوەو بگات بە مافە رەواكانی خۆی، بەڵام ئەوەی تا ئێستا رەچاو كرابێت، ئەوەیە كە لایەنە عێراقیەكانی تر لە كۆششی ئەوەدان كە هێزی سەربازی و پارەو دەسەڵات لە هەموو روویەكەوە تەنیا بە دەستی خۆیانەوە بێت، هاوكات نە پابەندی دەستوورن بەو شێوەیەی كە چاوەڕوان دەكرا، نە پابەندن بەو رێككەوتننامانەی كە لەگەڵ ئێمەو لایەنەكانی تردا واژۆیان كردون، ئەم جۆرە سیاسەت و رەفتارە ئاماژەیەكی سامناكە بۆ ئاییندەو سیاسەتێكی نادیاریشە، هەربۆیە لە بارودۆخێكی وەهادا پێویستە كەڵك لەو ئەزموونانە وەربگرین تا لە داهاتوودا رێگە نەدەین سیناریۆی وامان لەگەڵ دووپات بكەنەوە، پێویستە سیناریۆیەكی تازە هەڵبژێرین و بەدوای شتی تازەوە بین و یەكەم مەرجی ئەوەشمان یەكێتی ریزەكانی ناو ماڵی كورد بێت، بەڵام لەوەشدا بەداخەوە كە ئێستا دەبینین سەرەڕای هەموو تەقەڵایەك كە پارتی دیموكراتی كوردستان دەیدات، سەرەڕای هەموو ئەو مروونەتەی جەنابی سەرۆك بارزانی بەرانبەر حزبەكانی تر پیشانی دەدات، سەرەڕای هەموو ئەمانەش كە تەماشا دەكەین هەندێ لایەن و هێزی كوردستانیی جێگای داخە زۆر تەسكبینانەو بە چاوی بەرژەوەندی تەسكی حزبیانەوە رەفتار دەكەن، رەچاوی بەرژەوەندی گشتی ناكەن، ئینجا ئامادەكاری بۆ ئەو دۆخە تازەیەی دێتە پێشەوە بەردەوامە، پارتی دیموكراتی كوردستان هەوڵی خۆی ئەدا، وەك پارتییەك دەیڵێم هیوادارم لەو هەوڵەدا سەركەوتوو بین، پێش ئەوەی كاتەكە تێپەڕێت.
گوڵان: بەڕێزتان وەك ئەندامی شاندی دانوستانكار بۆ پێكهێنانی كابینەی هەشتەم، ئاگاداری دانیشتنەكانی ئامادەكاری كابینەی هەشتەمن لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی تردا، دیارە پارتی و گۆڕان و هەروەها پارتی و كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتوو و گۆڕان رێككەوتننامەیان واژۆ كردووە، ئەوەی كێشەی هەبێت لایەنی یەكێتی نیشتمانیە، ئایا ئێوە وەك پارتی هەر پابەندی رێككەوتنی ستراتیژی دەبن، یان ئەنجامی هەڵبژاردنەكان دەكەنە پێوەر؟
د.رۆژ نووری شاوەیس: كاتێك قسە لەسەر پێكهێنانی حكومەت دەكەین، دوو پێوەر لەبەردەماندایە، یەكەمیان ئەمە ئەمری واقیعە، دووەمیشیان پێوەری دیموكراتیەت و هەڵبژاردنە، لە چوارچێوەی ئەم دوو پێوەرە كاتێك هەر حزبێكی سیاسی دەچێتە ناو پرۆسەی هەڵبژاردن و دەنگدان، وەك حزبێكی دیموكراتی كە بڕوای بە دیموكراتیەت هەیە دەچێتە ناو پرۆسەكە، ئەوجا مادام حزبە كوردستانیەكان هەموویان تێكڕا بانگێشەی ئەوە دەكەن بڕوایان بە دیموكراتی هەیە، ئەوا دەرەنجامی هەڵبژاردنەكان قەوارە و پێگەیان لە پرۆسە سیاسییەكە دیاری دەكات، هەر لەبەر رۆشنایی ئاكامەكانی هەڵبژاردنیش حزبەكان بەشداری حكومەت دەكەن یان بەشداری ناكەن و لە ئۆپۆزسیۆن دەمێننەوە، ئەگەر ئەمە نەكرا ئەوا دەبێت پەنا بۆ رێگەیەكی دیكە بەرین كە ئەویش رێگەیەكی مامناوەندییە لە نێوان ئەمری واقیع و ئاكامی هەڵبژاردنەكان، ئەمەش واتە هەم دەبێت ئەمری واقیع لەبەرچاو بگیرێت و هەمیش ئاكامەكانی هەڵبژاردن، بۆ ئێستای كوردستان من پێموایە ئەگەر نەریتی دیموكراتی لەنێوماندا توندوتۆڵ بوایە، ئەوا تەنیا ئاكامەكانی هەڵبژاردن بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ بەس بوو، ئەمەش واتە بەپێی ئاكامەكانی هەڵبژاردن ژمارەیەك حزب حكومەتیان پێكدەهێنا و ژمارەیەك حزبیش دەبوونە ئۆپۆزسیۆن و هەر چوار ساڵ جارێكیش ئەم پرۆسەیە گۆڕانكاری بەسەردا دەهات و دەستا و دەستی دەسەڵات دەكرا، بەڵام ئەوەی دەركەوتووە ئەوەیە هێشتا لەكۆمەڵگەی ئێمە بەو شێوەیە نییە، بەراشكاوی دەیبینین هەندێ لایەن داوا دەكەن زیاد لە مافی دیموكراتی خۆیان پێ بدرێت، مەبەستیان لەمە ئەوەیە كە وا پیشانبدرێن لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكە بە هێزترن، ئەو ئەنجامی هەڵبژاردنەش ئاوێنەی راستەقینەی پێگەیان نییە، بەڵام ئەمە لە هەموو سیستمێكی دیموكراتی دنیا چەسپاوەو ئەوەی سیاسەت دەكات پێویستە بنەماكانی بزانێت، بۆیە ئەمە رای من و رای پارتی دیموكراتی كوردستانیشە كە هەوڵ بدەین لە نێوان ئەوەی بنەماكانی دیموكراتیەمان لە دەست دەرنەچێت، كە ئەنجامی هەڵبژاردن و دەسەڵات گۆڕینەوەیە بە شێوازێكی ئاشتیخوازانە، هەروەها رەچاوی ئەمری واقیعیش بكەین، بۆیە لە دۆخێكی وا هەستەوەردا پارتی رەچاوی ئەنجامی هەڵبژاردنەكەو رەچاوی پێگەكەش دەكات، هەروەها رەچاوی ئەمری واقیعیش دەكات كێ سەرچاوەكانی هێزی چییەو هێزی لە كوێدایە، ئەمانە هەمووی دەخاتە حیساباتەوەو بەرانبەر بەو حیساباتانە مروونەت پیشان دەدات بۆ دروستكردنی كابینەی هەشتەم، بەڵام ئەمە لەسەر حیسابی پارتی دەبێت، چونكە پارتی حزبی براوەی یەكەمە، لە هەڵبژاردندا زۆرترین ژمارە دەنگی بەدەست هێناوە، بەرپرسیارێتی پارتییە ئەو حكومەتە دروست بكات، بەڵام ئەگەر بێینە سەر راستی بەرپرسیارێتی هەموو لایەكە ئەو حكومەتە پێكبهێنن، بەرپرسیارێتی هەموو لایەكە ماڵی كورد رێكبخەن و بەرپرسیارێتی هەموو لایەكە كە لە ئێستاوە حكومەتیان هەبێت پێش راگەیاندنی فەرمی ئاكامەكانی هەڵبژاردن، تا خۆیان بۆ ئەو رووداوانە ئامادەبكەن كە سبەینێ لە بەغدا روو دەدەن، چونكە دۆخی بەغدا مەعلوم نییە. بەپێی دەرئەنجامەكان هەموو هەلومەرجەكان دەگۆڕدرێن، لەوانەیە بۆ دۆخێكی زۆر خراپ دابەزێت، رەنگیشە بەرەو دۆخێكی زۆر باش سەربكەوێت، لەوانەیە هەلێكی وا بڕەخسێت كە تا ئێستا بۆ كورد هەلی وا نەڕەخسابێت، پێویستە كورد بۆ هەموو ئەمانە ئامادە بێت لەبەرئەوەیە پارتی نەرمی دەنوێنێت و ئامادەشە لە بەش و لە حەقی خۆی و لە زۆر شتی خۆی تەنازوول بكات و خۆی بكاتە قوربانی تا ئەو لایەنانە هەموویان پێكەوە كۆبكاتەوە، بەڵام پێویستە لایەنەكانی تریش رەچاوی ئەم بارودۆخەو ئەم سیاسەتە نەرمەی پارتی بكەن، رەچاوی ئەمە بكەن كە ئەوەی پارتی دەیكات سیاسەتێكی نیشتمانیەو بەرژەوەندی گشتی سەرجەم گەلی كوردی تێدا رەچاو كراوە، پارتی دیموكراتی كوردستان زۆربەی زۆری بەرژەوەندییە حزبیەكانی خۆی خستوونەتە ئەولاوە.
گوڵان: لایەنی كوردستانی هەرگیز كێشەی شەخسی لەگەڵ هیچ كەس و لایەنێكدا له عێراقدا نەبووە، بەڵكو بەرگری لە مافە دەستوورییەكانی گەلی كوردستان كردووە، بێگومان وەك ئاكامە بەراییەكان دەریانخستووە پارتی دیموكراتی كوردستان ئەمجارەش رێژەی كورسیەكانی لە پەرلەمانی عێراق لە هەموو لایەنە كوردستانیەكان زیاتر دەبێت، ئایا چۆن خۆتان بۆ ئەم ئەركە نیشتمانیە ئامادەكردووە تا كۆدەنگی خەڵكی كوردستانی دروست بكەن؟
د.رۆژ نووری شاوەیس: لە هەڵبژاردنی پێشووی عێراقدا، پارتی دیموكراتی كوردستان زیاتر لە 30كورسی هەبووە، وەك ئاكامە سەرەتاییەكانیش دەریدەخەن ئەمجارەش ئەگەر زیاتر نەبێت كەمتر نییە، ئەمەش واتە یان كورسیەك زیاتر یان كورسیەك كەمتر دەبێت، ئەم ژمارە زۆرەش وای نەكردبوو كە پارتی زۆر خۆی بە گەورە زانیبێت یان لە خۆی بایی بووبێت، یان رەچاوی حزبەكانی تری نەكردبێت، بەڵكو هەمیشە رەچاوی هەموو لایەن و حزبەكانی تریشی كردووە، لەلایەكی دیكەش راستە كورد كێشەی لەگەڵ تاقە كەسێكدا نییە، داخوازییەكانی كورد نەتەوەیی و نیشتمانی و دیموكراتیە، جگە لەوەی خەباتی بۆ هێنانی سیستمێكی فیدرالیی بووە كە هەموو عیراق لێی سوودمەند دەبن، بۆیە كورد هەوڵی ئەوە نادات كە لە بەغدا دەسەڵات وەربگرێت، بەڵام هەوڵ دەدات سیستمەكە بە ئاڕاستەی دەستووردا ببات، تا ئەو سیستمە وای لێبێت لەگەڵ دەستووردا بگونجێت، بەڵام لایەنەكانی تر هەموو هەوڵیان بەدەستهێنانی دەسەڵاتەو بەس، ئەوە یەكێكە لەو گرێیانەی كە عێراقی پێ كەوتۆتە تەهلوكەوە، ململانێی نێوان كوردو ئەو لایەنانە لێرەدا ئەوەیە، بۆیە پێویستە وەك باسم كرد كورد لە ماڵی خۆیدا یەك بێت دواتر لە حاڵەتێكدا ئەگەر كێشەشی هەبێت بەرەی خەبات لە بەغدا ئاشكرایە كە بە گشتی چیمان دەوێت، ئەگەر سەیری دروشمەكانی هەموو حزبەكان بكەیت، لایەن هەیە داوای جێبەجێكردنی دەستوور و فیدرالیەتیش دەكات، یەكێكی تر دەڵێت مافەكان كەمەو داخوازییە رەواكانمان جێبەجێ ناكات با كۆنفیدرالیەت بێت، هەر بۆیە بە گشتی هەموو یەك شت دەڵێنەوە، هەمووان پێكەوە داوای كەركوك و مافی پێشمەرگەو سنووری راستەقینەی كوردستان دەكەین، هەمووان داوا دەكەن كورد بودجەی دەستەبەركراوی خۆی بۆ دابین بكرێت و گەمەی پێ نەكرێت بە میزاجی تەنیا كەس و لایەنێك تەرخان نەكرێت، ئەم شتانە هەمووی لەلایەن كوردەوە بە گشتی كۆدەنگی هەیە لەسەری، بۆیە كاركردنیان لە بەغدا راڤەكردنی زۆر هەڵناگرێت كە چیمان دەوێت و چیمان ناوێت، بەڵام بۆ جێبەجێكردنی ئەو شتانەی كە دەتەوێت كاراترو كاریگەرتر بیت، پێویستە حزبەكانی كوردستان بەپێی بنەما دیموكراتیەكان كار بكەن و تەبا بن لەگەڵ یەكتریدا، كێبڕكێ قبوڵە، بەڵام وەك دۆستی یەكتر نەك وەك دوژمن لە یەكتر بڕوانن.
گوڵان: لە ئێستادا باسی حكومەتی زۆرینە دەكرێت، بەڵام زەحمەتە لەم بارودۆخە حكومەتی زۆرینە چارەسەری كێشەكانی عێراق بكات، سەبارەت بە هاوپەیمانی گرێدانیش، ئەو ماوەیە دەركەوت ئەزموونێكی باشمان لەگەڵ هاوپەیمانی شیعە نەبووە، ئایا بۆ داهاتوو چۆن سەیری هاوپەیمانی كورد لەگە پێكهاتەكانی دیكەی عێراق دەكەن؟
د.رۆژ نووری شاوەیس: كورد وەك پارتە كوردستانیەكانیان بە گشتی لە پێش 2003وە بە گشتی لەو بڕوایەدا بوون كە عێراق مومكین نییە لەلایەن یەك پێكهاتەوە حوكم بكرێت، حوكمی عێراق لەلایەن یەك پێكهاتەوە، واتە دیكتاتۆریەت تەنانەت حوكمی عێراق لە لایەن دوو پێكهاتەشەوە واتە زوڵم كردن لە پێكهاتەی سێیەم، ئەمە حەقیقەتێكی چەسپاوە لە سیاسەتی كوردیداو دیاریشە، بۆیە كورد لە هەوڵی دامەزراندنی حكومەتێك یان سیستمێكدایە لە عیراقدا كە پابەندی دیموكراسی بێت و هاوكات فیدراڵی یان كۆنفیدراڵی بێت، پێویستە نوێنەری هەرسێ پێكهاتەكانی تێدا بێت، ئەوەی تا ئێستا بینیومانە لایەنە شیعەكان پێش هەڵبژاردنەكان چەندین فراكسیۆن بوون و لە پاش هەڵبژاردنەكان بوونەتەوە بە یەك فراكسیۆن، بەمەش بوونەتە زۆرینەو حكومەت لەلایەن ئەوانەوە دروست كراوە، بەپێچەوانەی لایەنە شیعیەكان، لایەنە سوننیەكان پێش هەڵبژاردن هاوپەیمانیان هەبوو لە چوارچێوەی لیستی ئەلعیراقیە، دوای هەڵبژاردن پەرت بوون، بۆیە ئەمە بووە هۆكاری ئەوەی لایەنی شیعە دەرفەتی ئەوەیان بۆ بڕەخسێت و وردە وردە دەست بەسەر هەموو دەزگاكاندا بگرن، ئەگەر ئەم سیناریۆیە دووبارە لەلایەن پێكهاتەی شیعەوە دووبارە بكرێتەوە، ئەوە واتە دیكتاتۆریەت، ئەوەی بۆ ئێمە جێگەی خۆشحاڵیە ئەوەیە كە لایەنە كوردستانیەكان تا ئێستا یەكگرتووییان پێوە دیارە، لە هەندێ هەڵوێستی سیاسیدا نەبێت ئەگینا كورد لە داواكارییەكانیدا لە بەغدا یەك دەنگ بووە، هەندێ مەسەلەی لێ دەربچێت كە كورد تێیدا هاودەنگ نەبووە و زیانی بە خۆی گەیاندووە.
گوڵان: وەك كام مەسەلانە ئەگەر وەك نموونە ئاماژەیان پێبكەیت؟
د.رۆژ نووری شاوەیس: وەك مەسەلەی كێشانەوەی متمانە لە مالیكی، لەمەیاندا كورد یەك هەڵوێست نەبوون و زیانێكی گەورەشمان تێدا كرد، ئەم ئاڕاستەیە نابێت لەناو كوردا دروست بێتەوەو گرنگ ئەوەیە هەر حكومەتێك دروست بێت كوردو سوننەو شیعەی تێدا بێت تا ببێتە ئاوێنەی راستەقینە بۆ بەشداری راستەقینەی هەموو پێكهاتەی عێراقیەكان. بۆ پێكهێنانی ئەم كابینەیەش سیناریۆكان زۆرن، ئاراستەی ئەم سیناریۆیانەش دوای راگەیاندنی ئاكامی فەرمی ئەم هەڵبژاردنانە دەردەكەون، هەر بۆ نموونە یەكێك لە سیناریۆكان ئەوەیە دەوڵەتی یاسا بیباتەوە، جەمسەرەكانی تر لاواز بن، یان جەمسەرەكانی تر بیبەنەوەو دەوڵەتی یاسا لاواز بێت ئەمەشیان حیسابێكی ترە، ئەمانە هەمووی ئەگەرن، ئەگەری تر ئەوەیە ماڵی شیعە یەكگرتوو بێت، یان یەكگرتوو نەبێت ئەمەش ئەگەرن و پێویستە پێشبینیت هەبێت و حساباتی خۆتی بۆ ئامادە بكەیت، لە راستیدا ئەوانیش بە پێچەوانەی جارەكانی ترەوە لەناو خۆیاندا جیاوازی و ناكۆكیەكانیان زۆرن، لەو بڕوایەدام پاش راگەیاندنی فەرمی ئاكامی هەڵبژاردن ناكۆكیەكانیان بەرینتر دەبێت و پێویستە ئەوەش رەچاو بكەین، بۆیە ئەگەر كورد یەكگرتوو بێت ئەو كاتە دەنگی كورد بەرزتر دەبێت، یەكدەنگتر دەبن و خەڵك زیاتر گوێبیستی دەبن و گوێی بۆ رادەدەێرن.
گوڵان: ئەگەر گریمانەی ئەوە بكەینەوە ئەمجارەش نووری مالیكی و دەوڵەتی یاسا زۆرینەی دەنگەكان بەدەست بهێننەوەو لەسەر هەمان هەڵوێستەكانی پێشوویان بەردەوام بوونەوە بەرانبەر هەرێمی كوردستان، ئایا بە راشكاوی هەڵوێستی كوردستان چی دەبێت؟
د.رۆژ نووری شاوەیس: دەبێت كورد رێگاچارەی تر بۆ خۆی بدۆزێتەوە، بۆیە هەمیشە وتوومە ئەنجامەكانی ئەم هەڵبژاردنە بۆ عیراق و كوردستانیش چارەنووسسازە، بۆیە ئەگەر بتوانین بارەكە راست بكەینەوەو بیهێنینەوە سەر سكەی خۆی، هیوای ئەوەمان هەر دەمێنێت عیراقێكی فیدراڵی دیموكراتی دروست بكەین، ئەگەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكە بەو شێوەیە بوو كە ئێمە پێشبینی ئەوە بكەین كە نەتوانین بیخەینەوە سەر سكەو رەفتار و سیاسەتەكان هەمان شت بن بەرانبەر بەكوردو پێكهاتەكانی تری عێراق، ئەوكاتە ئێمەی كورد مافی ئەوەمان هەیە بیر لە رێگەو چارەسەری تر بكەینەوە، تەنانەت پێویستە جارێكی تر بیر لە هاوپەیمانێتیەكانیشمان بكەینەوە.
گوڵان: هەندێك لە چاودێران وای دەبینن پاش هەڵبژاردن ئیتر لایەنی ئەمەریكی بە قورسایی خۆیەوە دێتە ناو پرۆسەكەوە، تا چەند مەزەندەی ئەوە دەكرێت لە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتدا بكەوینە ژێر گوشاری ئەمریكاوە ئایا بۆ ئەو حاڵەتە بەرنامەتان هەیە تا گوشارەكانی ئەمریكا خاو بكەنەوە؟
د.رۆژ نووری شاوەیس: ئەو حكومەتانەی كە دروست بوون هەموویان مۆركی ئەمریكاو وڵاتانێكی تریان پێوەیە، لەوبڕوایەدا نیم ئەمجارەش پێكهێنانی حكومەت بەبێ ئەو هەوڵانە بێت كە ئەمریكاو دەوڵەتانی تر دەیانكردو بیكەنەوە جارێكی تر، سەبارەت بە كورد لە یەكەم رۆژەوە هەڵوێستی خۆی دیار و ئاشكرا كردووە بۆ هەموو لایەنەكان سەبارەت بە سەرۆكایەتی كۆمارەوە، سوورە لەسەر ئەو پۆستەو لە حەقیقەتدا پشتگیری گەورە هەیە بۆ ئەو پۆستەو نایشارمەوە كە ئەگەری ئەوە هەیە جەنابی كاك مسعود بارزانی ببێت بەسەرۆك كۆمار و لە زۆر لایشەوە باسی ئەوە كراوە كە بە بژاردەیەكی میسالی دادەنرێت بۆ هەموو كێشەكانی عێراق مەسەلەی سەرۆك كۆمار لێرەدا جگە لەو دەسەڵاتانەی كە هەیەتی و زۆر نین پێویستە هاوسەنگیەك هەبێت لە نێوان سەرۆك كۆمارو سەرۆك وەزیراندا، بەجۆرێك یەك ئەوی تر لە دەسەڵاتدا پڕبكاتەوە نەك یەكێكیان دەسەڵاتی زۆر بێت و ئەوی تریان دەسەڵاتی كەم بێت، سەبارەت بە كوردیش، دیارە پۆستی سەرۆك كۆمار رەمزییەتێكی تایبەتی هەیە، لەوەدا كە عێراق لە دوو پێكهاتەی سەرەكی پێكهاتووە، كە كوردو عەرەبە، ئینجا عەرەب لەناو خۆیدا دابەش بووە بۆ سوننەو شیعە ئەوە شتێكی ترە، لەبەر ئەوە دوو پێگە گەورەكەی عێراق هەیەتی پێویستە یەكێكیان كورد بێت و ئەویتریان عەرەب، ئەوەش رەنگدانەوەی ئەو واقیعەیە كە عێراق لە دوو نەتەوەی جیاواز پێكدێت، بۆیە هەمیشە سوور بووین لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار، لەو بڕوایەشدام هەموو لایەنە سەرەكیەكانی تر بەوە قایل بوون كە ئەو پۆستە بدرێتە كورد.
گوڵان: لە پرۆسەی سیاسیی عێراق و بۆ پێكهاتەی شیعە هاتنەناوەی مەرجەعیەتی شیعە گرنگی خۆی هەیە، هەندێك پێشبینی ئەوە دەكەن، ئەمجارە مەرجەعیەتی شیعە بێتەوە ناو پرۆسەكە، ئایا تا چەند هاتنە ناوەوەی مەرجەعیەتی شیعە پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو ئاسان دەكات؟
د.رۆژ نووری شاوەیس: هاتنە ناوەوەی مەرجەعیاتی گەورەی شیعی بۆ داهاتوو كاریگەری خۆی دەبێت، بەڵام ئەوە پێش هەڵبژاردن كاریگەری هەیە، لەو بڕوایەدا نیم مەرجەعیات راستەوخۆ بێن و بڵێن فڵان كەسمان دەوێت و فڵانمان ناوێت، رەنگە مەرجەعیەتێكی گەورەی وەك سیستانی كە تەجرەبە دیدەیەو زانیارییەكی زۆری هەیە، بەپێی تەقالیدو بە سیستمێك كار دەكات هەموو ئامانجیان ئەوەیە پێكهاتەكەیان بە ئاشتیانەو بە سەلامەتی بژین تا كێشەو شكستیان تووش نەیەت لە باشترین حاڵەتدا رەنگە بێتە پێشەوەو بڵێت ئەوەی دەنگی پێ دەدەن پێویپستە كەسایەتیەك بێت بەم خەسڵەتانە بێئەوەی ناوی كەس بهێنێت، رەنگە مەرج دابنێت بۆ ئەو كەسەی دەنگی پێ دەدرێت، بەڵام بە راشكاوی تا ئێستا شتی وا نەكراوە، لەملاو لەولا قسە هەیە كە گوایە مەرجەعیەت مەرجی خستبێتە روو یان تا چ رادەیەك وایە تا ئێستا من ناتوانم بڵێم سەد دەرسەد بەو شكڵە شتێكی دركاندبێت. بێگومان دوای راگەیاندنی ئاكامە فەرمیەكانی هەڵبژاردنیش مەرجەعیەتی شیعە رۆڵ و كاریگەری خۆی دەمێنێت چونكە ئەوەی كە دەبێتە سەرۆك وەزیران پێویستە رای مەرجەعیەتی لەسەر درابێت، جارانیش وا بووە.
گوڵان: لە جاری پێشوودا پێكهێنانی حكومەت نزیكەی 10 مانگی خایاند، لە ئێستاوە پێشبینی ئەوە دەكرێت ئەمجارە پێكهاتنەكە قورستر بێت و ماوەی زیاتری پێدەچێت، ئەگەر پێكهێنانی حكومەت وەك جاری پێشوو دواكەوت و حكومەتی كاربەڕێكاری مالیكی بەردەوام بوو لەسەر بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و بڕینی بەشە بودجە، ئایا بۆ ئەم ماوەیە بڕیاری ئێوە چییەو چۆن پێداویستی هاووڵاتیان و مووچەكانیان و پڕۆژەكان بەڕێوە دەبەن، چۆن پارە دابین دەكەن بۆ كوردستان؟
د.رۆژ نووری شاوەیس: ئەو وەختە دوو رێگە لەبەردەمی كوردستان هەیەو دەشتوانێت هەردووكیان پێكەوە جێبەجێ بكات، دیارە ئەگەر مالیكی پێش هەڵبژاردن مووچە و بودجەی بڕیبێت، ئەوا چاوەڕێی ئەوەش دەكرێت دوای هەڵبژاردنەكانیش لەسەری بەردەوام بێت، بۆیە لەم حاڵەتەدا كورد دەبێت پەنا بۆ هەردوو ئەو رێگە چارەیە ببات كە لەبەردەمیدایە، یەكەمیان فرۆشتنی نەوتە بێ گەڕانەوە بۆ بەغدا، بۆ ئەوەی بەو پارەیە بتوانێت مووچەی ئەو خەڵكە بدات، ئەوكاتە كەسیش گلەیی لێ ناكات، چونكە زەڕوڕەتێك دروست بووە بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی مووچەی خەڵكەكەی خۆی دابین بكات، رێگای دووەم ئەوەیە بچێت داوای قەرز لە هەندێ دەوڵەت بكات كە بە دۆستیان دەزانین یان لە هەندێ بانك كە بەرژەوەندییان هەیە لەم وڵاتەدا، یان قەرز لەو كۆمپانیانە وەربگیرێت كە لە كوردستان كار دەكەن بەتایبەتی كۆمپانیاكانی نەوت، چونكە ئەوانە كۆمپانیای گەورەن، ئەمەش لەسەر بنەمای ئەوەی بە هیوای ئەوەی بە پێكهێنانی حكومەتێكی تازە بتوانێت قەرزەكانیان بداتەوە، بۆیە ئەو دوو رێگەیە هەیە یان قەرز یان نەوت فرۆشتن بە راستەوخۆ یان هەردووكیان، تەسەوڕ ناكەم رێگاكان داخرابن لەبەردەم حكومەتی هەرێمی كوردستاندا.
Top