بابە شێخ خرتۆمەرجەعی ئایینی گشتی ئێزیدی بۆ (گوڵان):زۆر سوپاسی سەرۆك مسعود بارزانی دەكەین بۆ ئەو ئاسایش و سەقامگیریەی كە ئێستالە كوردستان بەرقەرارە
April 24, 2014
دیمانەی تایبەت
ئێزیدییەكان كە خاوەنی مێژوویەكی كۆنی كوردستانین و رۆڵیان لە پارێزگاریكردنی خاك و نەتەوەكەیان هەبووەو ئەمڕۆ لەئاكامی هەڵوێستی نەتەوەییان و پارێزگاریكردن لە ئاینەكەیان لە پارێزگای نەینەواو ناوچەكانی دیكەی دەرەوەی هەرێم كەوتونەتە بەر هێڕشی ناڕەواو دڕندانەوە، بەرادەیەك لەناو شاری موسڵ زۆربەی ئێزیدییەكان دەركراون، بەدەگمەن ماڵە ئێزیدییەك دەبینرێت لە جێ مەنزڵگەی خۆی مابێتەوە..
سەبارەت بە پاراستنی دیموكراتیەت و خەسڵەتەكانی پێكەوەژیان و لێبووردەیی و بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان و پەرلەمانی عێراق بابە شێخ خرتۆ حاجی ئیسماعیل مەرجەعی ئایینی گشتی ئێزیدی لە لێدوانێكی تایبەت بۆ گوڵان وتی:((ئێمە زۆر سوپاسی بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەین؛ كەوا بووەتە هۆكاری هێنانەدیی ئەو ئەمن و ئاسایشەی كە ئێستا لە كوردستان بەرقەرارە، ئەم ئارامیە بۆ ئێمە گەورەترین دەستكەوتە كە لە كوردستان شانازیی پێوە بكەین، چونكە لەناوچەكانی دیكەی عێراق ئێزیدیان رووبەڕووی كوشتن و دەركردن بوونەتەوە لە پارێزگایەكی وەكو نەینەوا كە ئەو هەموو ئێزیدییە خەڵكی رەسەنی ئەو شارە بوون، ئێستا دەركراون، دوای ئەوەی هێڕشی ناڕەوایان كراوەتە سەر. ئەمڕۆ كە یادی جەژنی ئێزیدیانە بەچاوی خۆتان دەیبینن چۆن مامۆستایانی ئایینی موسڵمان و قەشەی كریستیان و كەسایەتییە ناسراوو پیاوە ماقووڵەكان سەردانمان دەكەن، واتا لایەنە سیاسییەكان بە پارتە نەتەوەیی و عیلمانی و ئیسلامیەكانیشەوە سەردانمان دەكەن و هەموومان رێز لە پێكەوەژیان و ئاینەكان دەگرین. تەنانەت سەرۆك هۆزە كوردو تیرە عەرەبەكان بۆ پیرۆزبایی لەجەژنی سەری ساڵی ئێزیدییان سەردانیان كردین، ئەمەش خۆی لە خۆیدا ئاماژەیەكی ئاشكرایە بۆ ئەو ئاشتی و برایەتی و پێكەوەژیانەی ئەمڕۆ لە كوردستان هەیەو نموونەیەكی بەرزیشە بۆ ناوچەكەو جیهان كە لەسایەی ئاشتی و ئارامیدا ژیانی تێدا دەگوزەرێت.
هەربۆیە ئێمە پشتگیری لەوە دەكەین كە هەموو هاووڵاتیان پێكەوە ڕوو لە سندوقەكانی دەنگدان بكەن و بەوپەڕی ئازادییەوە دەنگی خۆیان بدەن و هیوادارین ئەو كەسانە هەڵبژێرن كە پێشتر خزمەتی خەڵك و وڵاتیان كردووەو لە داهاتووشدا بەردەوام دەبن لە خزمەت كردن.