عەبدولخالق بابیری بەرپرسی لقی یەكی پارتی دیموكراتی كوردستان:دەمانەوێت دەنگ بدەنە پارتی بۆ ئەوەی ئەو دەرفەتە بۆ كورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاتۆتە ئاراوه سوودی لێ ببینرێت
April 24, 2014
دیمانەی تایبەت
پارێزگای دهۆك وەرچەرخانێكی گەورە و ریشەیی لە بواری ئاوەدانكردنەوە و بەرەو پێشەوەچوون لەسەر دەستی پارتی دیموكراتی كوردستان بەدیهێناوە، بەڕێز عەبدولخالق بابیری بەرپرسی لقی یەكی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە لێدوانێكی تایبەتی بۆ گوڵان بەمجۆرە باس لەرەوشی ئارام و پێشكەوتنەكانی دهۆك دەكات.دەوڵەتی كوردستان نزیكە
لەماوەی 10 ساڵی رابردودا تەنیا سەرۆك مسعود بارزانی و سەركردایەتی پارتی و كادیرەكانی نەبێت كەس باسی دەوڵەتی كوردی نەكردووە، پارتی ئەم تێگەیشتنەی هێنایە نێو كۆمەڵگا بە گشتی، كۆمەڵگاو رێكخستنەكانی كوردیی لە چەمكی دەوڵەتبوون نزیك خستەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە كە ئامانجی پارتی دیموكراتی كوردستان لای هەموو لایەك روون و ئاشكرایە، لەم هەڵبژاردنەشدا پەیامی ئێمە ئەوە نییە كە پارتی تەنا ببێتە حوكمڕان، چونكە پارتی بایی ئەوەندە دەنگی هەیە حوكمڕانی كوردستان بكات، بەڵام چەند پرسێكی ستراتیژی هەیە، ئێمە دەمانەوێت دەنگ بدەنە پارتی بۆ ئەوەی ئەو دەرفەتەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاتۆتە ئاراوه سوودی لێ ببینرێت، تەنیا بە تێگەیشتنی سەرۆك مسعود بارزانی دەتوانرێ ئەم دەرفەتە بگەیەنرێتە قۆناغی كۆتایی و ئەو كیانە نەتەوەییە بونیاد بنرێت، بۆیە بانگەوازی ئێمە ئەوەیە كە هاووڵاتیان بچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان و بۆ هێنانەدی خەونی مێژوویی گەلی كورد دەنگ بە پارتی بدەن، هەروەها دەنگدان بە پارتی لەم قۆناغەدا زەروورەتێكە بۆ ئەوەی ببێتە پاڵپشتێك بۆ سەرۆك بارزانی.
ئاسایش و سەقامگیری كوردستان
لەسەر ئاستی دەرەوە و ناوخۆ بۆ گەلی كوردستان گرنگە پارتی دیموكراتی كوردستان بە هێزەوە بێتە مەیدان، لەم چوارچێوەیەدا ئەگەر باسی سیاسەتی ئەمنی پارتی بكەین، ئەوا ئاشكرایە سیاسەتی پارتی بۆ پاراستنی ئاسایش و سەروماڵی هاووڵاتیانە، من لێرەدا باس لە نموونەیەك دەكەم، قەزای فایدە دەكەوێتە نێوان پاریزگای دهۆك و پارێزگای نەینەوا، لەم قەزایە چونكە پارتی سەرپەرشتی دەكات و سەقامگیری دابینكردووە، ئەوا دەبینین لە فایدە ئەمن و ئاسایش بەرقەرارە، خەڵك بە ئاسایی ژیانی رۆژانەیان دەگوزەرێنن، منداڵەكانیان دەچن بۆ قوتابخانە، سەردانی بازاڕ دەكەن، سرووت و رێوڕەسمە ئایینیەكانی هەموو پێكهاتەكان بە ئازادی جێبەجێ دەكرێن، بەڵام ئەگەر لە فایدیەوە بەرەو موسڵ بچیت كە چەند كیلۆمەترێك لێی دوورە دەبینی كوشتن و سووتان و تاڵان و تیرۆر و تۆقاندنە، خەڵك ناتوانێ تەنانەت بچێ بۆ بازاڕ و منداڵەكانیان لە قوتابخانە بێبەشن، كەس ناتوانێ بە ئازادی سرووتی ئایینی خۆی جێبەجێ بكات، ئەمەش بۆ سەركەوتنی سیاسەتی ئەمنی پارتی دەگەڕێتەوە. ئەم سیاسەتەش لە دوو لایەنەوە سەركەوتوو بووە، یەكەمیان بووەتە پەرژینێك بۆ پاراستنی كوردستان، دووەم رێگای نەداوە بیری كۆنەپەرستی تیرۆر و شووشتنەوەی مێشكی گەنجان لە كوردستان بڵاوبێتەوە. ئەم شانازییەش بۆ سیاسەتی حەكیمانەی پارتی دەگەڕێتەوە، ئەگەر پارتی پەرژینی پاراستنی ئەو ئاسایشە نەبێت، ئەوا بێگومان لەنێوماڵ و منداڵی ئێمەشدا تەقینەوە روودەدات، بۆیە دەڵێین هیچ كاتێك وەكو ئێستا كورد پێویستی بە ئاشتی و سەقامگیری نەبووەو هیچ هێزێكیش وەكو پارتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرنگی بەم لایەنە نەداوە.
دەروازەی سێمێلكا
لە نێوان باشور و رۆژئاوا بە فەرمی كراوەیە
بۆ پاراستنی سنورەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و رۆژئاوای كوردستان و بۆ ئەوەی تیرۆریستان نەتوانن لە سنورەكانەوە دزە بكەنە ناو هەرێمی كوردستان، خەندەقێك هەڵكەنراوە بۆ ئەوەی هاتوچۆ لە نێوان رۆژئاواو هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی یاسایی بێت و سەقامگیری كوردستان پارێزراو بێت، بەڵام بەداخەوە زۆر لایەنی كوردی مەسەلەی هەڵكەندنی خەندەقیان بۆ مەرامی تەسكی خۆیان قۆستۆتەوە، بەوەی گوایە حكومەتی هەرێم، دوو پارچەی كوردستان جیا دەكاتەوە، بێگومان ئەمە بوختانێكی زۆر گەورەیە و پارتی پێ تۆمەتبار دەكەن، بێگومان ستراتیژی ئەوانە ئەوەیە ترسیان لەوە هەیە لەم هەڵبژاردنەدا پارتی وەكو هێزێكی زۆر گەورە دەركەوێت و پرۆژەی نەتەوەیی هەنگاوی زۆری ناوەو هەروەك سەرۆك بارزانی پێش چەند رۆژێك رایگەیاند (دەوڵەتی كورد لە رێگایە)، بۆیە ئەوان بۆ دژایەتی ئەم پرۆسە نەتەوەییە دژایەتی پارتی دەكەن و پێیانوایە دەتوانن بەم قسانە میللەتی كورد هەڵبخەڵەتێنن، لەبەر ئەوەی دەروازەی سێمێالكا بە رەسمی لە نێوان باشوور و رۆژئاوای كوردستان كراوەیە و ئەوانەی دژی خەندەق پروپاگەندە دەكەن خۆیان كۆنترۆڵی دەروازەكەیان بە دەستە لەلای رۆژئاوای كوردستان و هەموو كەسێك دەتوانێت بە ئازادی هاتوچۆ بكات، ئەگەر وایە بۆچی دەیانەوێت بە قاچاغی دەرباز بن؟ 250 هەزار كوردی رۆژئاوا روویان لە باشوور كرد و ئێستا لێرە دەژین بەوپەڕی ئازادییەوە، بێگومان 80%یان لە دژی سیاسەتەكانی پەیەدە لە رۆژئاوا رایانكردووە. گرنگە خەڵك ئەو راستیانە بزانێت، بەوەی پەیەدە نایەوێت بەرێگەی یاسایی و فەرمی مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكات، هەر لەبەر ئەمەش دژایەتی ئەو خەندەقە دەكات، لەبەر ئەوەی خەندەقەكە رێگری لە هاتنە ناوەوەی سنووری باشووری كوردستان بە قاچاغی دەكات، هەروەها رێگا نادات ئەندامانی داعش بە ئازادی بێنە كوردستان، رێگا دەگرێت لە بازرگانی كردن بە ماددەی هۆشبەر و قەدەغەكراو، رێگا نادات ئەندامانی هەواڵگری سوریا بە ئازادی جموجۆڵی خۆیان بكەن، پەیەدە پێیانوایە گەلی كورد ئەم شتانە نابینێ، بەڵام كورد زۆر وریایە و دەزانێ ئێستا قامیشلۆ ئازاد نییە و دوو لیوای سوپای سوریای لێیە و بە ئازادی ساڵیادی دامەزراندنی حزبی بەعسی تێدا دەكرێتەوە، ئەگەر ئەم كانتۆنانە بە فەرمانی حكومەتی سوریا نەبێت چۆن دامەزراون.
سیاسەتی نەوت و گازی هەرێم
سەركەوتنێكی دیكەی سیاسەتی پارتی یە
هەر هەنگاوێك بۆ ستراتیژی نەتەوەیی دەگیرێتە بەر، لەسەر دەستی پارتی دەستی پێكراوە و چەندیش بۆیان كراوە ناحەزان دژی ئەو ستراتیژە راوەستاونەتەوە، هەر بۆ نموونە لە بواری سیاسەتی نەوت و گازی هەرێمی كوردستان، كاتێك پارتی باسی دەرهێنانی نەوتی كوردستانی دەكرد، تەنانەت حزبە كوردستانییەكانیش، چونكە ئامانجیان سەرنەكەوتنی پرۆژەكە بو دەیانگوت: پارتی چۆن دەتوانێت نەوتی كوردستان دەربهێنێت و كوردستان تووشی ماڵوێرانی دەكات؟ پارتی نەوتی دەرهێنا و كوردستان تووشی هیچ ماڵوێرانییەك نەبوو، گوتیان پارتی چۆن دەتوانێت شەڕی یاسایی و دەستووری بكات و پێداگیری لەسەر مافەكانی هەرێمی كوردستان بكات و ئەو كۆمپانیایانەی هاتوون ناسراو نین و بێ سەروبەرن؟ بەڵام دەركەوت پارتی لە شەڕی یاسایی نەوتدا سەركەوت و گەورەترین كۆمپانیا ناسراوەكان لەسەر ئاستی جیهان هاتنە كوردستان و ئێستا ئەو كۆمپانیانە چونكە بەرژەوەندییان لە كوردستان هەیە، بەرگریش لە كوردستان دەكەن وەكو ئیكسۆن مۆبیل و شیفرۆن و تۆتال و گاز پرۆمی رووسی، دوای ئەوەی نەوتمان بەرهەمهێنا، ئینجا وتیان پارتی ئەم نەوتە بۆ كوێ و چۆن دەیبات؟ پارتی بۆری نەوتی هەڵكەند و نەوتی كوردستان گەیشتە سەر دەریای سپی ناوەڕاست، دوای هەڵكەندنی بۆری وتیان پارتی چۆن دەتوانێت ئەم نەوتە بفرۆشێت؟ پارتی ئێستاش دەتوانێت ئەم نەوتە بفرۆشێت و ئابووری كوردستانی پێ ببووژێتەوە، بەڵام دەیەوێ كێشەكە بە ئاشتی و رێككەوتن چارەسەر بێت، لەلایەكی دیكەوە هەندێك لە كوردەكان مالیكییان وا تێگەیاندووە ئەگەر بودجە و مووچەی كوردستان رابگرێت، شەقامی كوردی دەجووڵێت و خۆپیشاندان دەست پێدەكات و پارتی دەخەنە هەڵوێستێكی ناخۆشەوە و ئەوكات ناچار دەبێ تەنازول بكات و دەست لە پرۆژەی نەتەوەیی كورد هەڵبگرێت، بەڵام مالیكی ئەوانەیشی كە وایان تێگەیاند بوو نازانن گەلی كورد ئەوەندە سادە نییە و گەیشتۆتە ئاستێك ئیدی هەڵناخەڵەتێت.
پارێزگای دهۆك
سەردەمێكی زێڕین بەخۆەوە دەبینێت
ئەو قۆناخەی ئێستا پارێزگای دهۆك بە سەرجەم شار و شارۆچكەكانیەوە بە خۆیەوە دەبینێت، هیچ كاتێك بەخۆیەوە نەبینیوە، هەموو ئەو دەسكەوت و پرۆژانەش بەرهەمی سیاسەتی حەكیمانەی پارتی دیموكراتی كوردستانە، ئەگەر سەیری ئێستای پارێزگای دهۆك بكەین، دەتوانم راشكاوانە بڵێم:
هەر دوێنێ بوو لە دهۆك تەنیا یەك قوتابخانەی ئامادەیی هەبوو، ئێستا بە سەدان قوتابخانەی ئامادەیی و سێ زانكۆ و دەیان كۆلێژ و بە دەیان پەیمانگای جۆراوجۆر لە دهۆك هەیە، لە زاخۆ و ئاكرێ زانكۆ هەیە، باڵاخانەی قوتابخانە سەرەتاییەكانی دهۆك هاوشێوەی زانكۆكانی ئەوروپایە.
لە زۆربەی بوارەكان پرۆژەی ستراتیژی بۆ ماوەی پەنجا ساڵ ئەنجامدرایە، هەموو گوندەكان ئاوی خواردنەوەیان هەیە.
پێشان دوو كاتژمێر كارەبامان هەبوو، ئێستا لە بادینان 24 كاتژمێر كارەبا هەیە لە حاڵەتی زۆر ناخۆشدا رەنگە 2 كاتژمێر ببڕێت، پرۆژەی كارەبای ستراتیژی لە كاشێ و پیشابوور بە ملیۆنان دۆلار لە قۆناغی جێبەجێكردندان. فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی دهۆك لە قۆناغی جێبەجێ كردندایە.
لە بواری شارەوانی گەلی دهۆك بووەتە شوێنێكی گەشتیاری جوان، (روهشك لە گەلێی بێسری تا دەگاتە شندوخا) ئاوێكی پیس هەبوو و خەڵكی هەراسان كردبوو، پرۆژەی روهشك كە بە چەندین ملیۆن دۆلار لە قۆناغی جێبەجێكردندایە، چەندین ئۆڤەر پاس دروستكراوە و چەندین ئەندەر پاسی دیكە لە قۆناغی جێبەجێكردندان.
لە بواری تەندروستی لە ئاكرێ نەخۆشخانەیەكی مۆدێرنی 150 قەرەوێڵەیی دروستكراوە بە هەمان شێوە لە بەردەڕەش و شێخان نەخۆشخانە دروستكراوە، لە زاخۆ دوو نەخۆشخانەی مۆدێرن دروستكراوە، لە دهۆك و ئامێدیش بە هەمان شێوە، هەروەها چەندین نەخۆشخانەی پسپۆرێتی لە دهۆك دروستكراوە لەگەڵ سەدان بنكەی تەندروستی.