موحسین دزەیی:دەنگی منیش وەك هەولێرییەكان هەر بۆ (پارتی) و (بارزانی)یە
April 19, 2014
دیمانەی تایبەت
* پیاوێك شاهیدی زیاتر لە 75 ساڵی مێژووی هاوچەرخی هەولێرە، ئەو جوامێرە جەنابی كاك موحسین دزەیی-یە، ئەم سەركردە دیارەی هەولێر و كوردستان لەبەشێكی ژیانیدا هاوەڵی جەنابی بارزانیی نەمر و نوێنەری سەرۆك مسعود بارزانی بووە، ئەم كەسایەتییە دیارەی هەولێر بەمجۆرە پێوەندیی نێوان هەولێر و بارزانیی نەمر و هەولێر و پارتی و سەرۆك مسعود بارزانی بۆ گوڵان دەگێڕێتەوە.* ((من خەڵكی دەشتی هەولێرم و بۆ یەكەم جار لە ساڵی 1938 هاتوومەتە قوتابخانەی ئەربیل ئولای هەولێر، جاران هەولێر یەك جادەی هەبوو كە لە كەركوكەوە بەرەو موسڵ دەچوو، بەبیرم دێت لە 1947 ئەو كاتە لە پۆلی دووەمی ناوەندی بووم كە سەرژمێریی گشتی لە عیراق كرا، ئەوكات منیان بە نووسەر تۆماركرد، لەو سەرژمێریەدا ژمارەی دانیشتوانی هەولێر 39 هەزار كەس بوو، لە سەرژمێریی ساڵی 1957دا ژمارەكە بوو بە 100 هەزار كەس)).
* ((من وەك خۆم لە ساڵی 1963 پێوەندیم بە شۆڕشی ئەیلوولەوە كرد، بەڵام خەڵكی هەولێر هەر لەشۆڕشی بارزانەوە پشتگیریی بارزانیی نەمریان كردەوە و لەشۆڕشی ئەیلوولیشدا پشتگیری بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستانیان دەكرد و كاتێك لەسەرەتای شەستەكان پێشمەرگەكانی ئەیلوول دەهاتنە ناو هەولێر و چالاكییان ئەنجام دەدا و خەڵكەكەش زۆر هاوكارییان دەكردن، هەرچەندە ئەو كاتە حزبی بەعس تازە دەسەڵاتی گرتبووە دەست و زۆر بە وردیی چاودێریی بارودۆخی شارەكەیان دەكرد، بەڵام خەڵكی شاری هەولێر زۆر بە رێزەوە سەیری شۆڕش و بارزانییان دەكرد، هەولێرییەكان بارزانیی نەمریان بە پێشەواو سەركردەی هەموو كورد دەزانی و شانازی ئەوەیان پێوە دەكرد كە رزگاركەری هەموو كوردستانە)).
* جەنابی بارزانیی نەمر بۆ یەكەمین جار لە ساڵی 1944سەردانی هەولێری كرد، ئەوكات من قوتابی بووم لە قوتابخانەی ئەربیل ئولا كە خوێندن تیایدا زیاتر بە كوردی بوو، ئێستا ئەو قوتابخانەیە بۆتە مۆزەخانەی پەروەردە بەرامبەر یانەی فەرمانبەرانی جاران، لەم سەردانەیدا بارزانیی نەمر هاتە گوندی باداوەی مەلافەندی كە كەسایەتییەكی ناسراو بوو لەسەر ئاستی شارەكەو كوردستان و هەموو عیراق، باداوەش ئەوسا لە شاری هەولێرەوە دوور بوو، سەردانی بارزانیی نەمر بۆ باداوە بۆ سەرەخۆشی بوو لە عیزەدینی مەلافەندی و بنەماڵەی مەلافەندی كە ساڵی پێشتر كۆچی دوایی كردبوو، لەم سەردانەیدا بارزانی چەند رۆژێك لە هەولێر مایەوە، رۆژێك بە بەردەمی قوتابخانەی ئێمە رەتبوو، ئێمەش لەگەڵ مامۆستاكانمان هاتینە دەرەوەو بە خۆشییەوە سەیرمان دەكرد)).
* من لە بەرگی دووەمی كتێبەكەم(یادگاریەكانم) نووسیومە كە پارتی و بارزانی لێك جیاناكرێنەوە، سەبارەت بە هەولێریش من بە دڵنیاییەوە دەڵێم: خەڵكی هەولێر زۆربەیان لایەنگری رێبازی بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستانن، هەمیشە پشتگیریی پارتی و سەرۆك مسعود بارزانی دەكەن)).
* ((ئێستا هەولێر زۆر گۆڕاوە، ئەوەی بەر لە چەند ساڵێك هاتبێتە هەولێر و ئێستا سەردانی بكات ئەو شارە ناناسێتەوە، من زۆر گوێم لە بیانییەكان بووە كە ستایشی پێشكەوتن و ئاوەدانیی هەولێر دەكەن، دیارە رۆڵی سەرۆك مسعود بارزانی لەبەرچاوە لە پشتگیری كردنی ئەو كەسانەی كە خزمەتی شاری هەولێر دەكەن، سەبارەت بە نەوزاد هادی كە پارێزگاری شارەكەیە جێ پەنجەی دیارو روونە لە خزمەتكردنی شارەكە، ئەو پێشكەوتن و پەرەپێدانەی لە چەند ساڵی رابردوو لە هەولێر دەیبینین، لە چوارچێوەی بەرنامەی پارتی دیموكراتی كوردستان و بە ئەرك و ماندوبوونی ئەو لێهاتووە هاتۆتەدی، رۆڵی ئەو پیاوە تەنیا لە خزمەتكردنی شاردا نییە، بەڵكو تێكەڵیی لەگەڵ خەڵك و بەشداریكردنیان لە خۆشی و ناخۆشییەكانیاندا مایەی رێزو پێزانینە، دەنگی من بۆ پارتی و بارزانی یە، ئەگەر سەفینی كوڕیشم كاندید بێت من هەر دەنگ بە نەوزاد هادی دەدەم ((داوا دەكەم ئەوانەی خزمەت بە كوردو كوردستان دەكەن دەنگ بدەن بە كاندیدانی لیستی 213ی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و لیستی 76 بۆ ئەنجومەنی پارێزگاكانی كوردستان)).