كاكەمین نەجاربەرپرسی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەولێر:ئەو پێشكەوتنەی ئێستای هەولێربەرهەمی بەرنامەی پارتی دیموكراتی كوردستانە

كاكەمین نەجاربەرپرسی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەولێر:ئەو پێشكەوتنەی ئێستای هەولێربەرهەمی بەرنامەی پارتی دیموكراتی كوردستانە
سەبارەت بە بایەخ و گرنگی هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، بەڕێز كاكەمین نەجار بەرپرسی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە لێدوانێكی تایبەتی بۆ گوڵان بەمجۆرە باسی لە گرنگی و بایەخی ئەم هەڵبژاردنانە كرد.
((ئێستا لە هەڵمەتی دوو هەڵبژاردنی گرنگداین، كه ئەوانیش هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانە، ئەم دوو هەڵبژاردنە هەردووكیان بۆ كوردستان چارەنووسسازن و پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەباشی بۆ هەردووكیان ئەنجامداوە، لەبەر ئەوەی هەریەك لەو دوو هەڵبژاردنە بایەخی خۆی هەیە، ئێمەش وەك سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەولێر، ئامادەباشیمان بۆ هەردوو هەڵبژاردنەكە كردووە و، هیوادارم خەڵكی هەولێر زۆر بە فراوانی بەشداری ئەم دوو هەڵبژاردنە بكەن، بۆ ئەمەش داوایان لێدەكەم هەموویان سەردانی بنكەكانی وەرگرتنەوەی كارتی ئەلكترۆنی بكەن بۆ ئەوەی بتوانن بەشداری دەنگدان بكەن و ئەوەی كارتی ئەلكترۆنی پێ نەبێت مافی دەنگدانی نابێت، دەنگەكەی دەفەوتێت، ئەوجا بۆ ئەوەی دەنگی هیچ هاووڵاتییەك نەفەوتێت، داوا لە یەكە یەكەی خەڵكی بەشەرەفی هەولێر دەكەم هەموو بچن كارته ئەلكترۆنییەكانتان وەربگرنەوە، بۆ ئەوەی بەشدار بن لە هەڵبژاردنی نوێنەرەكانتان بەگشتی و نوێنەرانی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بە تایبەتی.
ئێمە وەك سەركردایەتیی هەولێر ئومێدمان ئەوەیە لە هەردوو هەڵبژاردنەكەدا زۆرینەی دەنگەكانی پارێزگای هەولێر بە پارتی دیموكراتی كوردستان بدرێت، لە هەمان كاتدا زۆر لامان گرنگە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر لە (50%+1)ی كورسییەكانی ئەنجومەنی پارێزگا بەدەست بهێنین بۆ ئەوەی دووبارە دانانەوەی پارێزگار و رێكخستنەوەی ئەنجومەنی پارێزگا بە ئاسانی بەڕێوە بچێت و رووبەڕووی موزایەداتی سیاسیی نەبینەوە، پرۆسەی حكومڕانیی هەولێر پاش نەكەوێت، لەبەر ئەوەی هەولێر پایتەختی هەرێمی كوردستانە و لە ئێستادا خۆی ئامادە دەكات بۆ ئەوەی ببێتە پایتەختی دەوڵەتی كوردستان.
خاڵێكی دیكە كە دەخوازم ئاماژە بە گرنگیی ئەنجومەنی داهاتووی پارێزگاكان بدەم، ئەوەیە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە چوارچێوەی یاسا تازەكەی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بەڕێوە دەچێت، لەم یاسا تازەیەشدا دەسەڵاتێكی هێجگار زۆر دراوەتە ئەنجومەنی پارێزگاكان و لەسەر ئاستی ئەنجومەنی پارێزگاكان بودجە دیاری دەكرێت، هەروەها قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكان و بەڕێوەبەر و بەڕێوەبەری گشتی پارێزگاكان دیاری دەكرێن، بۆیە هاووڵاتیانی هەولێر دەبێت ئەو راستییەیان لەبەرچاو بێت كە ئەنجومەنی داهاتووی پارێزگا چالاكتر دەبێت و دەسەڵاتەكانیشی لە ئەنجومەنی ئێستا زیاتر دەبێت، هەر بۆیە ئەگەر پارتی دیموكراتی كوردستان لە چواچێوەی یاسا كۆنەكەی ئەنجومەنی پارێزگاكان توانیبێتی بەو ئاستە خزمەتی پارێزگای هەولێر بكات، ئەوا لە ئەنجومەنی داهاتووی پارێزگا دەتوانێت كاروانی پێشكەوتن و ئاوەدانی پارێزگای هەولێر زۆر زیاتر بەرەو پێشەوە ببات.
بۆیە ئێمە وەك سەركردایەتیی هەولێری پارتی دیموكراتی كوردستان بە خەڵكی هەولێر دەڵێین، لەگەڵ ئەوەی ئەنجومەنی پێشان بە هاوتای ئەم ئەنجومەنە تازەیەی كە لە 30ی نیسانی داهاتوو دەنگی بۆ دەدەن هێندە چالاكیش نەبووە، بەڵام بزانن لەماوەی 10 ساڵی رابردوو و لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی بەرنامەكانی پارتی دیموكراتی كوردستاندا چ خزمەتێكی گەورە بە شاری هەولێر و تەواوی قەزاو ناحیە و تەنانەت گوندە دوورە دەستەكانی سەر سنووریش كراوە، پشت ئەستوور بەو خزمەتگوزاریانەی پێشكەش كراون دەتوانین راشكاوانە بڵێین لە حاجی ئۆمەرانەوە تا دەگاتە قەراج و كەندیناوە، ئەوەی بۆ هەولێر كراوە پارتی دیموكراتی كوردستان كردوویەتی، راستە لەوانەیە هەندێك كەموكورتیش هەبێت یان لە ئاستی خۆزگە و ئاواتەكانی پارتی دیموكراتی كوردستاندا نەبووبێت، بەڵام لە دید و بەرنامەی پارتی دیموكراتی كوردستاندا هەولێر و هەولێرییەكان شایستەی خزمەتگوزاریی باشترن، هەر بۆیە لە بەرنامەی ئەمجارەی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ئەنجومەنی پارێزگای هەولێردایە، هەموو ئەو لایەنانەی كەموكورتییان هەیە دەستنیشانكراون و دیاریكراون بۆ ئەوەی لە خولی داهاتوو چارەسەر بكرێن..
سەبارەت بە پارێزگای هەولێریش، بێگومان بەردی بناخەی هەموو ئەو پێشكەوتنانەی لە هەولێر هاتوونە دی، بەرهەمی ئەو ئارامی و سەقامگیریەیە كە پارتی دیموكراتی كوردستان توانیویەتی بۆ هەولێری دەستەبەر بكات و لە تەواوی پارێزگاكانی عێراق جیای بكاتەوە و ببێتە هۆكاری ئەوەی زیاتر لە 25 دەوڵەت كونسوڵخانەی خۆیان لە هەولێر بكەنەوە و بەسەدان كۆمپانیا و بزنسكار رووبكەنە هەولێر و وەبەرهێنان بكەن و پرۆژە جێبەجێ بكەن.
ئێستا ئاست و رێژەی ئەو كارەبایەی لە هەولێر بەرهەم دەهێنرێت، لە هیچ كام لەشارەكانی دیكەی عێراق بوونی نییە، تەنانەت لە پارێزگای هەولێردا دوورترین گوندی سەرسنوری ناوچەی سیدەكان كارەبای گەیشتۆتێ و قوتابخانە و بنكەی تەندروستی و رێگاو بانی بۆ دروستكراوە.
دابینكردنی ئاوی پاكی خواردنەوە لەناو شاری هەولێر بە تەواوەتی چارەسەر كراوە، بە هۆی فراوانبوونی لە رادەبەدەری شاری هەولێر ئێستا پارێزگای هەولێر لە هەوڵی دروستكردنی هێڵی چوارەمی ئاوی ئیفراز و فراوانكردنی ئاوی ئیفرازی 3یە، بەمەش تا 25 ساڵی دیكە هەولێر كێشەی ئاوی پاكی خواردنەوەی نابێت، لەسەر ئاستی قەزاو ناحیە و تەنانەت گوندەكانیش كێشەی ئاوی خواردنەوە چارەسەركراوە و هەر هەمووی پرۆژەی ئاویان بۆ كراوە، هەندێكیان تەواو بوون وەك پرۆژەی ئاوی مێرگەسۆر و بێخاڵ و شەقڵاوەو مەسیف، چۆمان، ئەوەی دیكەش لە قۆناخی جیاوازی جێبەجێكردندان.
ئاستی رێگەو بان بێجگە لەوەی رێگە بۆ دوورترین گوندی سەرسنور دروستكراوە، ئێستا گەورەترین پرۆژەی رێگەی دووساید كە حەوت تونێلی تێدایە ناوەندی شاری هەولێر دەبەستێتەوە بە مەرزی حاجی ئۆمەرانەوە و ئەم پرۆژەیە زیاتر لە %60ی كارەكانی تەواو بووه.
لە هەولێر دووەمین فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر كرا‌وەتەوە، ئەم فڕۆكەخانەیە بە ئاستی فڕۆكەخانە نێودەوڵەتییەكانی جیهانە، هەروەها لەدهۆكیش پرۆژەی فڕۆكەخانەیەك ئێستا لەژێر جێبەجێكردندایە.
لەهەولێر بەرەوپێشەوەچوونێكی گەورەی بازرگانی دروست بووە كە بێجگە لە كۆمپانیاو بزنسكارانی وڵاتانی دەوروبەر وەك ئێران و توركیا كە لە هەولێر كاری وەبەرهێنان دەكەن، بەسەدان كۆمپانیا و بزنسكاری وڵاتانی جیهان ئێستا لە هەولێر كاری وەبەرهێنان دەكەن.
لەرووی جێبەجێكردنی پرۆژەكانی نیشتەجێبوون بۆ چارەسەری كێشەی نیشتەجێی هاووڵاتیان، بێگومان هەموو لایەك دەزانێت پرۆژەكانی دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون لە هەولێر زۆر فراوانە و بەدەیان هەزار یەكەی نیشتەجێبوون لەم چەند ساڵە دروستكراوە، تەنیا لە پارێزگای هەولێر هێندەی هەردوو پارێزگای دهۆك و سلێمانی پرۆژەی نیشتەجێبوون دروستكراوە. لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر دەستكراوە بە دروستكردنی پرۆژەی یەكەی نیشتەجێ بۆ هاووڵاتیانی كرێچی و كەمدەرامەت، ئەم پرۆژەیە لە ئەنجومەنی تازەی پارێزگای هەولێر فراوانتر دەبێت و ئامانجمان ئەوەیە هیچ هاووڵاتییەك لە هەولێر نابێت خاوەنی یەكەی نیشتەجێی خۆی نەبێت.
هەولێر بێجگە لەوەی پایتەختی كوردستانە و ئەو هەموو نوێنەرایەتییەی وڵاتان و دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستانی لێیە، لە هەمان كاتدا هەولێر بۆتە شوێنی حەوانەی دەیان هەزار هاووڵاتی كریستیان و عەرەب و توركمان كە لە شارەكانی دیكەی عێراق لەبەر باری نائارامی هاتوونە هەولێر و ئێستا لە هەولێر نیشتەجێبوونە.
هەولێر نزیكەی 300 هەزار ئاوارەی لێ نیشتەجێیە كە بەشێكی زۆریان براكانمان لە رۆژئاوای كوردستان، هەروەها هەولێر خەڵكی هەموو هەرێمی كوردستانی لێیە، خەڵكی باكووری كوردستان و رۆژهەڵاتی كوردستان و تەواوی شارەكانی دیكەی كوردستانی لێ نیشتەجێیە.
سەبارەت بە كێشەی دۆزینەوەی هەلی كار، لەگەڵ ئەوەی لە هەولێر زیاتر لە 300 هەزار ئاوارەی لێیە و هەموویان كاردەكەن، بەڵام تارادەیەكی زۆر باش لە هەولێر كێشەی بێكاری نییە و هەموو كەس هەلی كاركردنی بۆ فەراهەم كراوە.
هەولێر هەر چوار پارچەی كوردستان و عێراقێكی بچكۆلەیە، لەبەر ئەوەی هاووڵاتیانی هەرچوار پارچەی كوردستان و تەواوی پێكهاتەكانی كوردستان و عێراقی بە عەرەب و كورد و توركمان و كلدۆئاشوری و ئەرمەن و سابیئەی لێ نیشتەجێیە، هەموو ئەم پێكهاتانە مافیان پارێزراوە و هیچ جیاوازیەك بوونی نییە، ئەگەر سەیری شارۆچكەی عەنكاوە بكەین كە ئێستا بۆتە گەڕەكێك لە هەولێر، بارودۆخی برا كریستیانەكان زۆر لە هاووڵاتیانی كوردی هەولێر باشترە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە پارتی دیموكراتی كوردستان زامنی مافی هەموو هاووڵاتییانە بە جیاوازیی نەتەوەو ئایینەوە.
ئامانجمان ئەوەیە هەولێر لە پایتەختی هەرێمی كوردستانەوە، پشت بەخوا ببێتە پایتەختی دەوڵەتی كوردستان.
لە دووماهیدا روودەكەمە خەڵكی هەولێر و پێیان دەڵێم، هەولێرییەكان دەنگ بە لیستی 76ی پارتی دیموكراتی كوردستان بدەن بۆ ئەوەی كاروانی ئاوەدانی و پێشكەوتنی هەولێر بەردەوام بێت، بەرنامەی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ئەنجومەنی پارێزگای داهاتوو ئەوەیە، دەبێت ئیدارەی پاریزگای هەولێر ئیدارەی خزمەتگوزاریی خەڵكی بێت، دەبێت هەولێر لەهەموو بوارەكانی تەندروستی، قوتابخانە و رێگاوبان و كشتوكاڵ و ئاوەدانكردنەوە و تەواوی سێكتەرەكانی خزمەتگوزاریی زیاتر بەرەو پێشەوە بچێت، ئاسایش و سەقامگیریی زیاتر بێت بۆ ئەوەی پێكەوە ژیان و لێبووردەیی كە خەسڵەتی سەرەكی هەولێرییەكانە هەر بەردەوام بێت..
داوا لەهەموو هەولێرییەكان دەكەم، دەنگتان ئایندەتان دیاری دەكات و دەنگ بدەن بە پارتی دیموكراتی كوردستان، لەبەر ئەوەی پارتی سەلماندوویەتی كە دەتوانێت خزمەتی هەولێر و كوردستان بكات، پارتی خاوەنی ئەزموونێكی سەركەوتووە، بۆیە دەنگ بدەن بە ئەزموونێكی سەركەوتوو.
Top