دیڤید ئێڵ فلیپس خاوەنی پرۆژەی دابەشكردنی دەسەڵاتەكان لە عێراقی نوێدا بۆ گوڵان:ئەم عێراقەی ئێستا لەبەریەك هەڵدەوەشێت و دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان دادەمەزرێت

دیڤید ئێڵ فلیپس خاوەنی پرۆژەی دابەشكردنی دەسەڵاتەكان لە عێراقی نوێدا بۆ گوڵان:ئەم عێراقەی ئێستا لەبەریەك هەڵدەوەشێت و دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان دادەمەزرێت
لە ساڵی 2002و پێش ئەوەی رژێمی پێشووی بەعس بڕووخێنرێت، پرۆفیسۆر دیڤید ئێڵ فلیپس، بە توێژینەوەیەك بەناونیشانی (پرۆسەی دابەشكردنی دەسەڵاتەكان لە عێراقدا) بەشداری كۆنفرانسی دووەمی مەڵبەندی مستەفا بارزانی بۆ ئاشتی لە زانكۆی ئەمریكا لەواشنتۆن كرد، لەساڵی 2005 ئەم دیراسەتەی فراوانكرد و لە ئامۆژگای پێوەندییەكانی دەرەوەی ئەمریكا بڵاوی كردەوە بۆ ئەوەی دەستووردانەرانی عێراقی و نێودەوڵەتی لە داڕشتنی پرۆسەی دەستووری عێراقدا سوودی لێوەربگرن، ئەم دیراسەتە وەك پرۆفیسۆر ریچارد هاس سەرۆكی پێشووی ستافی پلاندانان لە ئیدارەی كلینتۆن و سەرۆكی ئێستای ئامۆژگای پێوەندییەكانی دەرەوەی ئەمریكا پێشەكی بۆ نووسیوەو تیایدا ئاماژەی پێكردووە، تەنیا ئەگەر ئەم پرۆژەیە ببێتە بەشێك لە پرۆسەی داڕشتنی دەستووری عێراق، بتوانرێت یەكپارچەیی وەك دەوڵەتێكی عێراقی پێ بپارێزرێت، بەداخەوە ئەوەی ئێستا لە حكومەتەكەی مالیكی دەبینین، ئەوەیە بەتەواوەتی پرۆسەی دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی دەستووری عێراقی پێشێل كردووە و بەرەو دیكتاتۆریەت مل دەنێت، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم بارودۆخە هەستیار و ترسناكە، گوڵان بە پێویستی زانی ئەم وتووێژە لەگەڵ خاوەنی پرۆژەی دابەشكردنی دەسەڵاتەكان لە عێراقی نوێدا بكات و بەڕێز پرۆفیسۆر داڤید فلیپس بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
* بەڕێزت وەك دیپلۆماتكارێكی ئەمریكی و ئەكادیمستێكی دیاری جیهان، خاوەنی دیراسەتی پرۆسەی (دابەشكردنی دەسەڵاتەكانن لە عێراقی نوێدا)، ئەم پرۆژەیەی ئێوە لە داڕشتنی دەستووری عێراق سوودێكی گەورەی لێوەرگیراوە و تەنیا رێگەیە بۆ مانەوەی عێراق بە یەكپارچەیی، بەڵام حاڵی حازر، حكومەتی عێراق تەواو پێچەوانەی پرۆسەی دابەشكردنی دەسەڵاتە كە لەدەستووری عێراقدا هاتووە، ئایا پێشێلكردنی پرۆسەی دابەشكردنی دەسەڵاتەكان عێراق بەرەو كوێ دەبات؟
- نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی ئێستای عێراق، مەیلگەلێكی خۆسەپێنی مەترسیداری هەیە كە دەبێت بەرهەڵستی بكرێت و رەتبكرێتەوە، مالیكی لە زۆربەی رەفتارەكانیدا زۆری بە چەشنی سەددام حوسێن رەفتار دەكات، لەو رووەوە كە بە شێوەیەكی ناڕەوا و تاكڕەوی ئیرادەی خۆی بەسەر عێراقییەكاندا دەسەپێنێت، و هەڵدەستێت بە پێشێلكردنی ئەو مافە دیموكراتی و گشتیانەی كە-عێراقیەكان- خەباتێكی سەختیان بۆ كردووە. ئەو بە ناوی شەڕی تیرۆریزمەوە دەستووری لاواز كردووە، و لەم پرۆسەیەشدا، روئیای هێنانەئارای كۆمارێكی فیدراڵی عێراقی تێكشكاندووە كە تێیدا دەسەڵات لە نێو هەرێمەكاندا دابەش بكرێت، كاتی گۆڕینی رژێمی مالیكی هاتووە لە عێراقدا، بەڵام ئەمجارە لەڕێی سندوقەكانی دەنگدانەوە.
* بەرێزت ئاگاداری كە سەرۆك بارزانی بەر لەهەر سەركردەیەكی دیكە بەر لە دووساڵ جیهانی ئاگادار كردەوە كە مالیكی بەرەو تاكڕەوی و دیكتاتۆریەت ملدەنێت و ئەگەر عێراق جارێكی دیكە بۆ دیكتاتۆریەت بگەڕێتەوە، ئەوا جارێكی دیكە كورد دیكتاتۆریەت قبوڵ ناكات و سەربەخۆیی خۆی رادەگەیەنێت. ئایا پێتوایە جیهان پشتیوانی حكومڕانی دیكتاتۆری مالیكی دەكات؟ یاخود، جیهان هەڵدەستێت بە پاراستنی هەرێمی كوردستان كە هەرێمێكی فیدراڵی و دیموكراتە؟
- عێراق بۆتە دەوڵەتێكی شكستخواردوو. پێش ئەوەی سەرۆك بارزانی پێویستی بەوە بێت جاڕی سەربەخۆبوونی كوردستانی عێراق بدات. عێراق لەبەریەك هەڵدەوەشێتەوە. ئەوكاتەش كوردستانی عێراق خەونە نەتەوەییەكانی خۆی بەدی دەهێنێت. بەشی دووەمی پرسیارەكەی ئێوە پەیوەستە بە پرسی دیكتاتۆریەتەوە. بە دڵنیاییەوە كەس خوازیاری دیكتاتۆریەت نییە لە عێراقدا. بەڵام هیچ هێزێكی دەرەكی ئامادە نییە رێگەی لێبگرێت. واشنتۆن پێی باشترە عێراقیەكان لەنێو خودی خۆیاندا ئەم پرسە چارەسەر و یەكلا بكەنەوە.
* ئێوە ئاگاداری ناوەڕۆكی دەستووری عێراقن، بەپێی ئەو دەستوورە هەرێمەكان مافی ئەوەیان هەیە خۆیان كاروبارەكانی پەیوەست بە كێڵگە نەوتیە تازەكانەوە بەڕێوە ببەن، و داهاتی نەوت و غازیش موڵكی سەرجەم خەڵكی عێراقە. بە بۆچوونی ئیوە ئایا رێگەگرتن و بێبەشكردنی كورد لەم مافە چەسپێنراوانە بە مانای ئەوە نایەت كە جارێكی دیكە كوردەكان رووبەڕووی دیكتاتۆریەت دەبنەوە؟
- حكومەتی هەرێمی كوردستان پێویستی بە رەزامەندی بەغدا نییە بۆ پەرەپێدانی كێڵگەی نەوت و غاز، ئەو كێڵگانەی لەدوای نووسینەوەی دەستوور وەبەرهێنانی تێدا دەكرێت، چونكە بە پێی دەستوور هەرێمی كوردستان ئەو مافەی پێدراوە وەبەرهێنان لە كێڵگە تازەكاندا بكات، هەر بۆیە ئەگەر بەغدا بەرهەڵستی ئەم مافە دەستوورییەی كرد، ئەوا پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان زۆر بە سادەیی ئەم بەرهەڵستیانە پشتگوێ بخات و درێژە بە رەوتی كاركردنی خۆی بدات كە خزمەت بە بەرژەوەندیەكانی خەڵكەكەی خۆی دەگەیەنێت. ئەوەی لێرەدا گرنگە سەروەری یاسایە.
* هەندێك لەسەركردەكانی حزبەكەی مالیكی بە ئاشكرا رایانگەیاند كە ئەوان گرنگی بە سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان نادەن و بگرە داوای ئەوەیان كرد كورد لە بەغدا جیا ببنەوە. بە بۆچوونی ئێوە، ئایا ئەم كاردانەوەیە لە نیازێكی پاكەوە سەرچاوەی گرتووە و مالیكی ئامادەیە بە شێوەیەكی ئاشتیانە كێشە و پرسی جیابونوەوە چارەسەر بكات، ئەویش لەڕێی گفتوگۆوە، یاخود ئەمە تاكتیكێكی دیكەیە بۆ ئەوەی خۆی لەم قەیرانەی ئێستا رزگار بكات؟
- ئاشكرایە مالیكی دەیەوێت ئۆباڵی دروستبوونی كێشەكانی لە عێراقدا بخاتە ئەستۆی كورد. لە راستیدا، دەبێت خودی مالیكی خۆی بەرپرسیاری قەیرانی ئێستای عێراق هەڵبگرێت. ئەو هەڵوێستی رووبەڕووبوونەوەی گرتەبەر، ئەمە لە كاتێكدا ئەو مافەكانی كورد پێشێل دەكات. مالیكی خۆی ئۆباڵی كێشەكانی عێراق هەڵدەگرێت.
* لە حاڵەتێكدا ئەگەر بەغدا ویستی هەرێمی كوردستان لە عێراق جیاببێتەوە، و هەرێمی كوردستانیش ئەم رێگایەی بە هەنگاوێكی ئیجابی لە قەڵەمدا، ئایا چۆن سیاسەتی نێودەوڵەتی پێشوازی لە رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا دەكەن بۆ دابەشكردنی عێراق؟
- یاسای «Helsinki Final Act»كە لە ساڵی 1975دا دەرچوو، كۆمیسیۆنی ئاسایش و هاوكاری لە ئەوروپا دامەزراند، و بنەماگەلێكی نێودەوڵەی دامەزراند كە پەیوەست بوون بە سەروەری و دابەشكردنەوە. سەروەری لە رێككەوتنەكەدا چەسپێنرا. بەڵام لە هەمان كات پەیماننامەكە ئەوەی چەسەپاند كە دەوڵەتەكان دەتوانن لەسەر بنەمای رێككەوتنی دوولایەنە و لەڕێی پرۆسەیەكی رێك و پێكەوە رێگاچارەی دابەشبوون هەڵبژێرن. جیابوونەوەی چیك و سلۆڤاكیا نموونەیەكی باشە لەم رووەوە. گومانی تێدانییە كە سەربەخۆبوونی كوردستانی عێراق پێویستی بە هاوكاری دەوڵەتە دراوسێكانی هەیە. توركیا زۆرترین دەستكەوتی دەبێت لە بوونی كوردستانی عێراق وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری و سەقامگیر. بۆ ئەوەی پەرە بە بەرژەوەندییە نەتەوەییەكانی بدات، بۆیە پێویستە توركیا پرۆسەی سەربەخۆبوونی كوردستانی عێراق بەڕێوە ببات. هەروەها پێویستە زەمانەتی ئەمنیەتی بكات. دەكرێت ئەم سیناریۆیە لە دوای كۆتایی هاتنی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكانی توركیاو بەدەستهێنانی بەرەوپێشچوون لە دەستەبەركردنی مافگەلێكی سیاسی و كەلتوری راستەقینەوە بۆ كوردەكانی توركیا رووبدات.
* ئەو خاڵەی بەلای هەمووانەوە جێی سەرسوڕمانە بریتییە لە سیاسەتی ئەمریكا كە نە توانای ئەوەی هەبووە لەڕێی دیالۆگەوە قەیرانی عێراق چارەسەر بكات و نە زەمینەی سازكردووە بۆ ئەوەی عێراق دابەش بێت. بە تێڕوانینی ئێوە، ئایا ئەمریكا دەیەوێت چ عێراقێك ببینێت؟ ئایا عێراقێكی لەبەریەك هەڵوەشاوەی دەوێت كە مایەی مەترسی بێت بۆ تەواوی ناوچەكە؟
- ئیدارەی ئۆباما دەیەوێت عێراقیەكان لەڕێی پەنابردنەبەر گفتوگۆی سیاسیەوە جیاوازیەكانی خۆیان یەكلا بكەنەوە. سەرۆك ئۆباما تەواو سەرقاڵە بە كێشەی ئەفغانستان و كێشەی سوریا و هەروەها دەستدرێژی روسیا بۆ سەر ئۆكرانیاوە. عێراق ئەولەویەت نییە بەلای ئەمریكاوە. ئەمریكا دەستی لە دەستڕۆیشتوویی خۆی هەڵگرت كاتێك لە رێككەوتنی باری هێزەكان دوور كەوتەوە. لەبری فرۆشتنی چەك بە بەغدا، پێویستە ئەمریكا هاوكاری بۆ كورد دەستەبەر بكات، چونكە ئەوان- هەروەك ئەوەی بۆ ماوەیەكی دوورودرێژە ئاماژەم پێكردووە- باشترین و تاكە دۆستی ئەمریكان لە عێراقدا.
* ئەگەر لە بارودۆخی ئێستای عێراق بڕوانین كە ئێستا بەرەو ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان هەنگاو دەنێت، ئەوا سەرەڕای ئەوەی حزبەكەی مالیكی هەڵدەستێت بە سەركوتكردنی ركابەرەكانی، ئەوا توندوتیژیەكی تائیفی توندیش لە ئارادایە. ئایا بە تێڕوانینی ئێوە تا چ راددەیەك لە سایەی ناكۆكی سیاسی ناوخۆدا هەڵبژاردن دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی دیموكراسی؟
- وا بڕیارە هەڵبژاردنەكان ئامرازێك بن بۆ چارەسەركردنی ناكۆكیەكان، و دەرفەتێك بن بۆ ئەوەی خەڵكی دەنگی خۆیان بگەیەنن و دەسەڵات لە نێوان گرووپەكاندا دابەش بكرێت. لەگەڵ ئەوەشدا، دیموكراسی تەنیا لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكاندا كورت نابێتەوە. بەڵكو پێویستی بە دامەزراوەگەلێك هەیە كە لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا بن و هەروەها پێویستی بە كۆمەڵگەیەكی مەدەنی چالاك هەیە كە داوای شەفافیەت لە سەركردەكانی بكات. عێراق خاوەنی دامەزراوەگەلێكی دیموكراسی نییە و بە دەست بوونی كۆمەڵگەیەكی مەدەنی لاوازەوە گرفتارە. لەوەش زیاتر، سەركردایەتی ئێستای عێراق خیانەتیان لە خەڵكی عێراق كردووە. ئەمەش مایەی نائومێدیەكی قووڵە بۆ ئەو ئەمریكیانەی كە بینیان وڵاتەكەیان قوربانیەكی زۆریدا بۆ هێنانەئارای ئازادی لە عێراقدا.
* لە كۆتاییدا، دەمانەوێت پرسیاری ئەوە لە بەڕێزتان بكەین: ئایا بارودۆخی ئێستای عێراق چۆن دەبینیت، كە لە هەل و مەرجی ئەوەدایە بەرەو هەڵبژاردن دەچێت و ئایا پێشبینی ئێوە چییە بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنەكان؟ ئایا چۆن كورد دەتوانن بەردەوام بن لە عێراقێكدا ئەگەر مالیكی دووبارە هەڵبژێردرایەوە و هەمان ئەو پۆستەی ئێستای گرتەوەدەست. ئایا پەیامی ئێوە بۆ خەڵكی ئێمەچییە و راسپاردەی ئێوە بۆ سەركردایەتی ئێمەش چییە؟
- من پێشبینی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان ناكەم. لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانم ئەوە بڵێم كە هەرگیز عێراق دەوڵەتێكی شەرعی نەبووە. عێراق دروستكراوێكی كۆڵۆنیاڵی بووە و هەمیشە دەوڵەتێكی ناشەرعی بووە. هەمیشە كێشەی عێراق بریتی بووە لە مەركەزیەتێكی زیاد لە پێویستی دەسەڵات. دەستووری ساڵی 2005 وەك چارەسەرێك بۆ ئەم دەردە داڕێژرا، ئەویش بە بەدامەزراوەییكردنی تەرتیباتی دابەشكردنی دەسەڵات. بەڵام عێراقی مالیكی بەردەوام نابێت. بەڵكو چارەنووسی لەبەریەكهەڵوەشاندنەوە چاوەڕوانی دەكات، ئەمەش دەبێتە دەستپێكی قۆناغێكی نوێ بۆ عێراقییەكان بۆ خەباتكردن بۆ مافەكانیان بۆ مافی بڕیاردانی چارەنووس. پێویستە عێراقییەكان رازی بن لەسەر پرۆسەیەك بۆ بەڕێوەبردنی گفتوگۆی سیاسی ئینتیقالی لە وڵاتەكەدا.
Top