پرۆفیسۆر دیڤید پۆلۆك لەسەنتەری واشنتۆن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی نزیك بۆ گوڵان:ئایندەی عێراق روون نییە و من بە تێكەڵی دەیبینم، گرنگە ئاكامی هەڵبژاردنەكان یەكلایی بكاتەوە

پرۆفیسۆر دیڤید پۆلۆك لەسەنتەری واشنتۆن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی نزیك بۆ گوڵان:ئایندەی عێراق روون نییە و من بە تێكەڵی دەیبینم، گرنگە ئاكامی هەڵبژاردنەكان یەكلایی بكاتەوە
پرۆفیسۆر دیڤید پۆلۆك كە دەرچووی زانكۆی هارڤاردە، یەكێكە لە گەورە تۆژەرانی ئامۆژگای واشنتۆن بۆ دیراساتی رۆژهەڵاتی نزیك و تایبەتمەندە لەسەر بزاڤی سیاسیی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەك عێراق، ئیسرائیل، فەلەستین، باكوری ئەفریقیا، سیاسەتی عەرەبی و ئیسلامی و دیموكراتی و ریفۆرم و پرۆسەی ئاشتیی، لە ساڵی 2002 پرۆفیسۆر پۆلۆك راوێژكاری باڵا بووە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەسەر پرۆژەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە، پرۆفیسۆر ماوەی چەند ساڵێكە لە ئامۆژگای واشنتۆن كار لەسەر دۆسێی هەرێمی كوردستان و عێراق دەكات و توێژینەوەی گرنگ لەسەر ئایندەی هەرێمی كوردستان ئامادە دەكات و لەسەر بنەمای ئەم توێژینەوانە راوێژ دەداتە حكومەتی ئەمریكا، بۆ قسەكردن لەسەر باری ئێستای عێراق و پرۆسەی هەڵبژاردنەكان، پرۆفیسۆر دیڤید پۆلۆك لە لێدوانێكی تایبەتدا بەمجۆرە رای خۆی خستەڕوو.
ماوەیەكی درێژە عێراق بەدەست باری ئاڵۆزی توندتیژی و تیرۆرەوە دەناڵێنێت، ئەمەش بۆتە كێشەیەكی گەورە بۆ پایتەختەكەی بەغدا و هەروەها زۆر شوێنی دیكەش وەك ئەنبار، لە نێو ئەم بارودۆخە ئەگەر نەشڵێین نوری مالیكی وەك دیكتاتۆر حكومڕانی دەكات، بەڵام دەتوانین بڵێین كە مەیلی تاكڕەوی هەیە و هەوڵیداوە لانی كەم دەسەڵاتەكان بۆخۆی قۆرخ بكات، لەبەرامبەریشدا وەك ئاگادارین ئامادەباشیشی هەیە هەڵبژاردنی ئازاد ئەنجامبدرێت، كەواتە دەرفەت بۆ پارت و پاڵێوراوەكانی دیكە هەیە بۆ ئەوەی ململانێی لەگەڵدا بكەن. بەڵام بارودۆخەكە بێ كەم و كوڕی نییە و زۆر دوورە لەوەی بێ كەم و كوڕی بێت، بۆیە من پێموایە ئایندەی عێراق تێكەڵە، چونكە لەلایەكی زۆر پرسی مەترسیدار هەن و چەندین كێشەی مەترسیدار هەن و ئەوەی مایەی كارەساتیشە ئەوەیە خوێنڕێژیەكی بەردەوام هەیە. بەڵام تێڕوانینی من ئەوەیە هەندێ ئومێد هەیە بۆ ئەوەی بەرەوپیشچوون بەدی بێت. بەڵام دەبێت ئەوەش بڵێم- لەبەر ئەوەی ئێوە لە هەرێمی كوردستانەوە پێوەندی دەكەن- ئەوا بارودۆخەكە لە هەرێمی كوردستانی عێراق زۆر جیاوازە، من لە مانگی تشرینی دووەم-چەند مانگێك پێش ئێستا- لە كوردستان بووم و من پێوەندیم هەیە لەگەڵ كەسانی ناو حكومەتی هەرێمدا و بارودۆخی ئاسایش لە هەرێمی كوردستان زۆر باشە و زۆر جیاوازە لە بەشەكانی دیكەی عێراق. بەڵام بە داخەوە لە رووی سیاسییەوە هێشتا ئاڵۆزی گەورە لە نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی بەغدا هەیە. ئومێدی ئێمە ئەوەیە لە ئایندەیەكی نزیكدا بەرەوپێشچوون رووبدات لەو كێشەیەدا. هەربۆیە بارگرژی و نادڵنیایی و ناكۆكییەكی زۆر لە نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا هەیە. بەڵام ئێمە لە دەرەوە و لە ئەمریكا گوێمان لەو راپۆرتانە دەبێت كە باس لەوە دەكەن هێشتا هەردوولا زۆر بە جددی گفتوگۆ دەكەن لەسەر كێشەگەلێكی زۆر گرنگی پێوەندیدار بە نەوت و كێشەی بودجە كە پەیوەست پێیەوە و كێشەی هەناردەكردن لە هەرێمی كوردستانەوە بەرەو توركیا و تاد. ئەوان هێشتا لە گفتوگۆدان و لەڕاستیدا ئەوەندە لێك دوور نین و هەندێ دەرفەت هەیە بۆ ئەوەی بگەنە رێككەوتن. بەڵام پێموایە لەبەر هۆكاری سیاسی رەنگە زۆر زەحمەت بێت بتوانن لە پێش هەڵبژاردنەكاندا بگەنە رێككەوتن، بەڵام رەنگە دوای هەڵبژاردن هەندێ ئاسانتر بێت لەسەر بنەمای سازشكردن بگەنە رێككەوتنێك لەم بارەیەوە.
سەبارەت بە ئایندەی عێراق وەك پێشتریش ئاماژەم پێكرد هەستێكی تێكەڵم هەیە، بە شێوەیەكی گشتی پێموایە ئەگەر هاتوو هەڵبژێردرایەوە ئەمە خولی سێهەم دەبێت بۆ نوری مالیكی. ئێمە لە ئەمریكا خولی سەرۆكایەتیمان بە دوو خول دیاری كردووە و لە راستیدا بەپێی دەستوور هیچ مومكین نییە سەرۆك زیاتر لە هەشت ساڵ سەرۆكایەتی بكات و ئەمەش شتێكی باشە. بەدەر لە مەسەلەی كەسایەتی و تاكەكەس، ئەوا باشترە بۆ دیموكراسی كە خەڵكانی جیاواز و تەنانەت پارتی سیاسی جیاواز هەبن دەستا و دەستی دەسەڵات بكەن، ئەمە لەلایەك. لەلایەكی دیكەوە، ئەگەر هاتوو مالیكی هەڵبژێردرایەوە ئەوا من پێموایە ئەو تێدەگات كە بۆ ئەوەی لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە و وڵاتەكە بە یەكگرتوویی بهێڵێتەوە، ئەوا پێویستە هەندێ سازش بكات، لەگەڵ عەرەبە سوننەكان و كوردەكان و تەنانەت هەندێ لە ركابەرەكانیشیدا لە باشووری وڵاتەكە بە دڵنیاییەوە لە پایتەختیشدا. لەبەر ئەوە من پێشبینی دەكەم و بە دڵنیاییەوە ئومێدی ئەوە دەكەم كە مالیكی پتر مرونەتی هەبێت بە بەراورد بە ساڵی رابردوو، ئەمە ئەگەر هاتوو جارێكی دیكە هەڵبژێردرایەوە.
ئەمریكاش زۆر بە روونی ئەوەی راگەیاندووە كە دەبێت ئایندەی عێراق لەلایەن خودی عێراقیەكان خۆیانەوە بڕیاری لەسەر بدرێت نەك لەلایەن ئەمریكاوە، لەبەر ئەوە ئێمە رۆڵێكی زۆر سنوردارمان هەیە لە عێراقدا و تەنانەت پێوەندی ئێمەش لەگەڵ عێراقدا- ئەگەرچی گرنگە-بەڵام فاكتەرێكی سەرەكی نییە لە ئایندەی عێراقدا، ئەمە ئەگەر روون و راشكاو و راستەوخۆ بم لەگەڵتاندا. بەڵام هێشتا ئەمە نەگەیشتۆتە راددەی سفر، بەڵكو هێشتا رۆڵێك هەیە بۆ ئەوەی ئەمریكا بیبێنێت. هێشتا نیگەرانی هەیە لە عێراقدا لەبارەی هەڵوێستی ئەمریكا چی دەبێت و ئێمەش چۆن ئەم رۆڵە ئەدا دەكەین لە ئایندەدا. كەواتە من دەڵێم ئەگەر مالیكی هەڵبژێردرایەوە لە هەڵبژاردنێكی دیموكراتیدا، ئەوا بە بۆچوونی من بە دڵنیاییەوە ئەمریكا رێز لەو دەرئەنجامە دەگرێت و هەوڵ دەدات بەردەوام بێت لەسەر كاركردن لەگەڵ حكومەتی نوێی عێراقیدا لەبارەی پرسە هاوبەشەكانی نێوانمانەوە. ئەمەش ئاسایش و بەرەنگاربوونەوەی تێرۆریزم و پەرەپێدانی وزە دەگرێتەوە كە عێراق توانایەكی زۆری هەیە لەم رووەوە لە باشوور و باكووردا بۆ ئەوەی بەرهەمی وزە زیاد بكات و هەناردەی بكات، هەروەها –ئەگەر بە راكشاوی بدوێم- گرنگە بۆ ئەوەی ئەمریكا ململانێ لە دژی ئێران بكات، ململانێ لەسەر دەستڕۆیشتوویی لە ناوچەكەدا، عێراقیش گیری خواردووە- نەك لەبەر ئەوەی خۆی ئەمەی بوێت- لە نێوان ئێران لەلایەك، و جیهانی عەرەبی و جیهانی رۆژئاوا لە لایەكی دیكەوە و ئەمریكا دەیەوێت عێراق بتوانێت هاوسەنگی ئەو بەرژەوەندیانەی بپارێزێت، نەك بە راددەیەكی گەورە بكەوێتە ژێر كاریگەری ئێرانەوە لە ئایندەدا. بۆ هەرێمی كوردستانیش هیوادارم بتوانم جارێكی دیكە لە مانگی تشرینی یەكەم لەگەڵ گرووپێك وەبەرهێن و بزنسكاری ئەمریكا سەردانی هەرێمی كوردستان بكەم، من بە پەرۆشم هاوكاری ببینم لە نێوان ئەمریكا و كورد و سەرجەم عێراقیەكان لە ئایندەدا)).
Top