خەسرۆ گۆران:پارتی بە ئەزموون سەلماندوویەتی شەڕی چارەنووس هەر بەو دەكرێت و سازش لەسەر بستێك خاكی كوردستان ناكات
April 8, 2014
دیمانەی تایبەت
سەبارەت بەگرنگی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاكان خەسرۆ گۆران سەرۆكی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆكی لیستی 213ی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پەرلەمانی عێراق لە دەهۆك، لە لێدوانێكی تایبەتی بۆ گوڵان باس لە بایەخ و گرنگی ئەم دوو هەڵبژاردنە دەكات و داوا لە هاووڵاتیانی كوردستان دەكات لەسەر ئاستی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاكان دەنگ بدەن بە لیستی 76و 213ی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەبەر ئەوەی پارتی بە ئەزموون سەلماندویەتی كە بەرنامەی ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتیانی كوردستان هەیە، هەر بە ئەزموونیش سەلماندویەتی كە شەڕی چارەنووس هەر بەو دەكرێت و سازش لەسەر یەك بستی خاكی كوردستان ناكات، بەمجۆرە بۆچوونەكانی بۆ گوڵان خستەڕوو.((ئەنجامدانی هەردوو هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق و بۆ ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان گرنگی و بایەخی خۆی هەیە، چونكە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان هاووڵاتیان دەتوانن لە رێگای هەردوو هەڵبژاردنەوە دەنگ بەكاندیدەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بدەن و پارێزگارو جێگری پارێزگارو سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگاكان دیاری بكەن، دەنگدان بەنوێنەرەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان زامنی ئاوەدانكردنەوەو چارەسەركردنی تەواوی كێشە خزمەتگوزارییەكان دەكات، لەم هەڵبژاردنانەدا دەرفەتێكی زۆر باش بۆ هاونیشتمانیان دەڕەخسێت تاوەكو نوێنەری راستەقینەی خۆیان هەڵبژێرن، ئەوانەی بەئەزموون و لەبواری كاری رۆژانەیاندا سەلماندوویانە كە دەتوانن كارو پرۆژەی خزمەتگوزاری و پەرەپێدانیان بۆ جێبەجێ بكەن.
ژمارەی كورسیەكان بۆ پەرلەمانی عێراق 328 كورسی دانراوە لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتوانی عێراق كە مەزەندەیان كردووە بە32 – 33 ملیۆن كەس، واتا نرخی هەر كورسیەك 100 هەزار كەسە، عێراق بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان كراوەتە 18 بازنەی هەڵبژاردن واتا یەكێك لە پارێزگای بەسرە دەنگ بەپاڵێوراوێكی شاری دهۆك بدات بۆی هەژمار ناكرێت و دەنگەكەی دەسووتێت، ژمارەی كورسیەكانی هەولێر 15 یەو سلێمانی 18 كورسیەو دهۆك 11 كورسیە و موسڵ 31 كورسی هەیە، ئێمە بۆ دانانی پاڵێوراوەكانمان تەنیا دانیشتوانی شارەكانمان دانەناوە، بەڵكو پاڵێوراوەكانی پارێزگاكانمان لە هەموو قەزاو ناحیەو سنوورەكە داناوە، لەدانانی پاڵێوراوەكانیش رەگەزی ئافرەتمان پشتگوێ نەخستووە، بەڵكو لەسەرجەم لیستەكان پاڵێوراوی كاراو بەتوانای ئافرەتانیشمان هەیە، پارتی دیموكراتی كوردستان بەدرێژایی تەمەن و لەقۆناغە سەختەكانیشدا لەسەر ئاستی عێراق جەختی لەسەر مەسەلە چارەنووسازەكانی كوردو كوردستانی كردۆتەوە، هەربۆیە ئێمە بۆ پەرلەمانی عێراق جەخت لەسەر بابەت و مەسەلە نەتەوەییەكان دەكەینەوە كە پێوەندی بەچارەنووسی هەموو تاكێكی كوردو كوردستانیەكانەوە هەیە. لەوانە بۆ سەلماندنی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم پێویستەو بۆ ئێمەی كورد و كوردستانیەكان گرنگی تایبەتی خۆی هەیە، لەكاتێكدا ئێمە بەشێكین لە عێراق و كۆمەڵێك كێشەو گرفتمان لەگەڵ حكومەتی ناوەندی هەیە و هێشتا كۆمەڵێك مافی كوردو كوردستانیمان هەیە لەبەغدا وەرنەگیراوەتەوە، لەكاتێكدا لەلایەن عێراقەوە پێشێلكاریی زۆری دەستوور كراوە، هەر لە جێبەجێ نەكردنی ماددەی 140ی دەستووریی و دەستنیشانكردنی ئایندەی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم تاوەكو مەسەلەكانی بودجەی هەرێم و یاسای نەوت و غازو ستاتۆی پێشمەرگە لەمەنزومەی بەرگری عێراق و چەندین گرفت و كێشەی دیكە، كە دەبێت لە رێگای نوێنەرە دڵسۆزو نیشتمانپەروەرەكانی كوردەوە لەپەرلەمانی عێراق گفتوگۆی لەسەر بكرێت و ڕێگاچارەی بۆ بدۆزرێتەوە. بەواتا پارتی دیموكراتی كوردستان لە ڕێگای نوێنەرەكانیەوە لەپەرلەمانی عێراق بەڵێنی داوە بەردەوام بن لەسەر هەڵوێستە نەتەوەییەكەیان و چارەنووسی كوردستانیەتی ئەو ناوچە كوردستانییانە بسەلمێنێتەوە، لەم روانگەیەوە پارتی دیموكراتی كوردستان لەپەرلەمانی عێراق چەند نوێنەری زیاتر بێت ئەوەندە بارودۆخی كوردو چارەنووسی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم و گەڕانەوەیان بۆ سەر هەرێم زامن تر دەبێت).
هەولێر جوانترین بەڵگەی
حكومڕانی پارتی دیموكراتی كوردستانە
هەولێر واتە پێكەوە ژیانی فرەیی نەتەوەیی و ئایینی، واتە ئارامی و سەقامگیری و دیموكراتی، واتە پایتەختی هەموو كوردستان و هەرچوار پارچەكە چاویان لە هەولێرە، لەم شارە نە كوردستانیەكانی هەرچوار پارچە نامۆن بە كوردستانیبوون، نە تەواوی هاووڵاتیانی عێراق نامۆن بە عێراقی بوونی خۆیان، ئەم شارە كە لە ئێستادا 24 كاتژمێر جوڵەی تێدایە و راناوەستێت، شاری یاسا و دیموكراتی و ئازادییە، ئەمانەش هەمووی بەرهەمی حكومڕانی پارتێكە كە پارتی دیموكراتی كوردستانە، كەواتە دەنگدان بە پارتی دەنگدانە بەو شێوازی حكومڕانیەی لە هەولێر بەدی دەكرێت، دەنگدانە بۆ ئەوەی لە كوردستان و عێراق 24 كاتژمێر جوڵە هەبێت و هەر 24 كاتژمێرەكە وڵات چراخان بێت، سەبارەت بەم ئەزموونەی پارتی لە پایتەختی كوردستاندا، خەسرۆ گۆران دەڵێت: ((لەشارێكی وەكو هەولێر كە كاندیدەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا توانیان گەورەترین خزمەتگوزاریی پێشكەش بەهاووڵاتیانیان بكەن، هەربۆیە بەتەئكید هاووڵاتیان ئەو مافەیان هەیە سوود لەئەزموون و دڵسۆزی ئەو خەمخۆرانە وەربگرن و ئەو كاندیدانە بكەنە نوێنەری خۆیان لەئەنجومەنی پارێزگاكان كە پارتەكەیان توانیوێتی خزمەتگوزاریی فراوان و گرنگ پێشكەش بە شارو قەزاو ناحیەو گوندەكان بكەن. چونكە بوژانەوەو ئاوەدانكردنەوەی شارەكان و ناوچەكان بەدەرەجەی یەكەم بۆ سوودو بەرژەوەندی هاووڵاتیان خۆیانە، هەربۆیە لە هەڵبژاردنی نوێنەرانی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم بەدەنگی خۆی رۆڵی لە دیاریكردنی ئەو كەسانە دەبێت كە جێ پێگەیان لەپێشكەشكردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان و پێشكەوتنی ناوچەكەیان هەبووە، ئەمە مافی خەڵكەو دەستوور ئەو مافەی بەهاووڵاتیان داوە. هەربۆیە لەسەر ئاستی ئەنجوومەنی پارێزگاكانیش پارتی و لیستەكەی تەئكید لەسەر خاڵە سەرەكیەكانی جێبەجێكردنی كارو پرۆژەی خزمەتگوزاریی و پێشخستنی پارێزگاكان دەكاتەوە، دادپەروەریی و ئازادی و بوژاندنەوەی كەرتی كشتوكاڵ و پەرەپێدانی پەروەردەو پێشخستنی كەرتی تەندروستی بونیاتنانی گوندو ژێرخانی ئابووری كوردستان ئامانجی ئێمەیە، هەر لەم روانگەیەشەوە لەدانانی كاندیدەكانمان رەچاوی توانایی و شارەزایی و ناوبانگیمان كردووە)).