پرۆفیسۆر تۆبی دۆج گەورە تۆژەری بەریتانی لەسەر عێراق بۆ گوڵان:دوای ئەم هەڵبژاردنانە،سەرۆك بارزانی گەورەترین ئومێدە بۆ گۆڕانكاری لە عێراقدا، ئەو دەتوانێت رێگە نەدات جارێكی دیكە مالیكی ببێتەوە ب

پرۆفیسۆر تۆبی دۆج گەورە تۆژەری بەریتانی لەسەر عێراق بۆ گوڵان:دوای ئەم هەڵبژاردنانە،سەرۆك بارزانی گەورەترین ئومێدە بۆ گۆڕانكاری لە عێراقدا، ئەو دەتوانێت رێگە نەدات جارێكی دیكە مالیكی ببێتەوە ب
ئەوەی هەندێك بەدواداچوونی لەسەر كتێب و وتار و سیمینارەكانی پرۆفیسۆر تۆبی دۆج هەبێت، دەزانێت ئەم زانایە چەند لەسەر بارودۆخی عێراق شارەزایە و ئەوەی بۆ دەردەكەوێت چەند لە نزیكەوە چاودێری بارودۆخی عێراق دەكات، پرۆفیسۆر دۆج كە تێزی دكتۆراكەی لەسەر دروستكردنی عێراقە لەلایەن بەریتانیاوە، ماوەی زیاتر لە 15 ساڵە توێژینەوە لەسەر عێراق دەكات و ماوەی حەوت ساڵیشە لەسەر تەكلیفی سەنتەری نێودەوڵەتی بۆ دیراساتی زانكۆی لەندەن خەریكی توێژینەوەی مەیدانییە لەسەر عێراق و چەندین كتێب و بەدەیان وتار و سیمیناری لەسەر رەوشی عێراق نووسیووە و بڵاوكردۆتەوە، هەروەها بۆ ئاشناكردنی ئەم زانا گەورەیە بە گوڵان لە یەكدوو ژمارەی پێشتردا بەشێكمان لە كتێبە تازەكەی بە ناونیشانی (عێراق لەشەڕەوە بەرەو سەركوتكارێكی نوێ) بڵاوكردەوە، بۆیە بۆ قسەكردنیش لەسەر رەوشی ئێستای عێراق و هەڵسەنگاندنی ئەو ئەگەر و پێشهاتانەی رووبەڕووی عێراق دەبنەوە، گوڵان پێوەندی بە پرۆفیسۆر دۆج كردوو داوای دیمانەیەكی تایبەتی لێكرد، بە سوپاسەوە داواكەی پەسەند كردین و ئەمەش دەقی دیمانە تایبەتەكەی گوڵانە لەگەڵ پرۆفیسۆر تۆبی دۆج.
* ئێوە باش دەزانن كە نوری مالیكی سەرۆك وەزیران ژینگەی سیاسی لە عێراقدا تێكداوە و خەریكە بەرەو دروستكردنی دەوڵەتێكی دیكتاتۆری هەنگاودەنێت، ئایا ئایندەی چۆن دەبێت و خوێندنەوەتان بۆ رەوشی ئێستای عێراق چۆنە؟
- دۆخی عێراق لە ئاییندەدا دەوەستێتە سەر ئەوهەڵبژاردنەی لە مانگی نیسانی داهاتوو بەڕێوەدەچێت، ئەگەر هەڵبژاردنەكان بە شێوەیەكی ئازاد و رەوا ئەنجام بدرێن، ئەوا هەوڵەكانی مالیكی بۆ سنوورداركردنی چاودێریی دیموكراتییانە بەسەر رژێمەكەیەوە دەكەونە ژێر پرسیار و گومانەوە. بەڵام ئەگەر بە پێچەوانەوە و لە كەشێكی ناڕوون و نا ڕەوا بەڕێوەبچێت، ئەوكاتە ئەگەرێكی وا دێتە پێشەوە كە سەرۆك وەزیران لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە و پتر بە ناوی سەنترالییەوە سەرجەم كاروباری وڵات بخاتە ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیەوە.
* بەڵام لە ئێستاشدا مالیكی و دارو دەستەكەی هەریەك لە سوپا و هەواڵگری و ئاسایش و بودجەی كۆنتڕۆڵ كردووە، ئایا لە ئێستادا سەروەری یاسا لە عێراقدا لە ژێر پرسیاردا نییە؟
- سەروەریی یاسا بەردەوام لە عێراقدا لە دۆخێكی لەرزۆك و ناجێگیردا بووە، هەر لەوەتەی رووخانی رژێمی پێشووەوە لە ساڵی 2003، پێشتریش دادگاكان هەر لە دۆخێكی خراپدابوون و دەستێوەردانی سیاسی لە دەسەڵاتی دادوەریدا گەیشتۆتە ئەوپەڕی ئاستدا. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو هەڵبژاردنانەی لە ساڵی 2010دا بەڕێوەچوون، ئەگەرچی زۆر كێشەیان تێكەوت، بەڵام تارادەیەك بە شێوەیەكی دادپەروەرانە بەڕێوەچوون و ئەگەر هەمان شت لە هەڵبژاردنەكانی نیسانی داهاتوودا رووبداتەوە، ئەوا ئەگەری ئەوە هەیە مالیكی دوور بكەوێتەوە و حكومڕانییەك بێتەوەئارا كە پتر بە یاساوە پابەند بێت.
* دوای ئەوەی كە ئەمریكا لە عێراق كشایەوە، ئیدی بە تەواوەتی ئەم وڵاتەی پشتگوێ خستووە و لە ئاست پێشێلكاریەكانی نوری مالیكی بێ دەنگ بووە، ئایا دوای ئەوەی كە ئەمریكا پێنج هەزار سەربازی لە عێراق لێ كوژرا و بەهەزارانیشی بریندار بوون، وێڕای نزیكەی پێنج تریلیۆن دۆلاریش كە خەرجیی ئەو ماوەیەی بوو، ئایا چۆن ئەمریكا هەر وا بەو ئاسانییە دەستەبەردرای عێراق بووە؟
- من پێموایە هیچ خواستێك لە نێو باڵاترین پایەكانی حكومەتی ئەمریكا یاخود لە نێو رای گشتیی ئەمریكا بۆ ئەنجامدانی كارێكی زیاتر لە عێراقدا لە ئارادا نییە، لەوباوەڕەدام كە ئەو باجەی ئەمریكا لە داگیركردنی عێراق یان دواتر داویەتی بۆتە هۆی ئەوەی كە خەڵكی ئەمریكا و نوخبەی حكومڕانیی ئەو وڵاتە لە ئاست هەر سیاسەتێكی نوێدا بەرهەڵستی بنوێنن.
* پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق لە دۆخێكی بارگرژیدایە، لەلای خۆشیەوە سەرۆك مسعود بارزانی رایگەیاندووە كە هیچ پێوەندییەكیان لەگەڵ حكومەتێكدا نابێت كە بایكۆتی پەرلەمانی كردووە، ئەگەر لە نێو خەڵكی هەرێمی كوردستاندا بۆ كۆتایی هێنان بەو پێوەندییە پڕ كێشەیە راپرسی بكرێت، ئایا پێشبینییەكانتان بۆ ئەم بابەتە چی دەبێت و راسپاردەتان بەم ئاراستەیە چۆن دەبێت؟
- ئەمە زۆر گرنگە، پێموایە مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت، رۆڵێكی زۆر كاریگەریان لە گفتوگۆكانی دوای ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی نیسان دەبێت. من خوازیاری ئەوەم كە سەرۆك بارزانی زۆر بە روونی و بە ئاشكرا رایبگەیەنێت كە بۆ خولێكی دیكەی سەرۆكایەتی پشتیوانیی نوری مالیكی رەت بكاتەوە. سەرۆك بارزانی ئەمەی نەوتووە. ئەگەر سەرۆك بارزانی لە دوای هەڵبژاردنەكان لەگەڵ مالیكی بگاتە رێككەوتنێك، ئەوا سەرۆك بارزانی بەشێكی بەرپرسیارێتیی كێشە بەردەوامەكانی عێراقی دەكەوێتە ئەستۆ. ئەوەی پێویستە سەرۆك بارزانی بیكات ئەوەیە هەوڵ و كۆششی سەخت بكات بۆ دۆزینەوەی سەرۆك وەزیرانێكی نوێ لە دوای هەڵبژاردنەكانی نیسانی داهاتوو.
* لەو موحازەرەیەدا كە لە پەیمانگای IISS پێشكەشتان كرد و گوڵانیش بەشێكی كرد بە كوردی و لە گۆڤارەكەیدا بڵاوی كردەوە، باس لەوە دەكەن كە نوری مالیكی لە ساڵی 2006ـەوە خەریكی كۆكردنەوەو قۆرخكردنی دەسەڵاتە، وەك شرۆڤەكارێكی بە توانا بۆ بارودۆخی عێراق بۆچی مالیكی هەنگاوی بەرەو دیكتاتۆریەت نا و بۆچی هەمیشە ئەمە لە عێراقدا دووبارە دەبێتەوە؟
- با ئەوە بڵێم كە هێشتا مالیكی بەتەواوەتی نەبۆتە دیكتاتۆر، بەڵام ئاماژەكان باش نین و بە سەنترالیكردنی دەسەڵات هەر لە نووسینگەی سەرۆك وەزیرانەوە كاریگەریی زۆر خراپی لێكەوتۆتەوە. پێموایە راستەوخۆ دوای گۆڕینی رژێمی عێراق، واتە دوای هەرەسهێنانی دەوڵەت و پەرت و بڵاوبونەوەی هێز، ئەوەی مالیكی كردی بریتی بوو لە بەلاوەخستنی سنوربەندییە یاساییەكانی سەر دەسەڵاتەكەی و كۆكردنەوەی دەسەڵاتێكی زۆر لە نووسینگەكەیدا، هەر لەبەر ئەمەشە كە هەڵبژاردنی داهاتوو گرنگ دەبێت، ئەگەر مالیكی بمێنێتەوە ئەوا ئەگەری زۆر لەئارادایە كە بەرەو دیكتاتۆریەت بچێ، كەواتە ئەمە گرنگترین هەڵبژاردنە كە لە عێراقدا لە دوای ساڵی 2003وە بەڕێوەدەچێت.
* ئایا پێشبینی گۆڕانكاری لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان دەكەیت؟
- پێموایە دروستبوونی گۆڕانكاری لە دوای ئەم هەڵبژاردنانەوە بە راددەیەكی گەورە دەوەستێتە سەر سەرۆك بارزانی كە فشار بكات بۆ ئەو گۆڕانكارییە، سەرۆك بارزانی توانای ئەوەی هەیە كارێك بكات مالیكی نەبێتەوە بە سەرۆك وەزیرانی داهاتوو.
* لە رێككەوتنەكەی هەولێردا هاتبوو كە پێویستە ڤیتۆ بخرێتە سەر دەسەڵاتەكانی مالیكی و دەسەڵات لەگەڵ سوننەكاندا دابەش بكات و ئەنجومەنێكی راویژكاری بۆ عەللاوی دابنرێت، بەڵام ئەمانە هیچیان نەهاتنەدی، بۆچی عێراقییەكان نەیانتوانی لەو كاتەدا دەنگی پێویست كۆبكەنەوە بۆ سەندنەوەی متمانە لە مالیكی و ئایا ئێران فشاری خستە سەر سەدر و ئەمریكاش لەم رووەوە بێدەنگ بوو؟
- پێم وایە سەرۆك كۆمار كاراكتەری سەرەكی بوو لەوەدا كە نەیهێشت هەوڵی سەندنەوەی متمانە سەربگرێت. ئەوەی ئێوە دەیڵێن راستە كە ئەمریكا پشتیوانی لێنەكرد و ئێرانیش دژ بەو هەوڵە كاری كرد، خەڵكی دیكەش بە هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئێران دژ بەو هەوڵە كاری كرد. رێككەوتنی هەولێر بە سەرپەرشتی مەسعود بارزانی ئیمزاكراو دەرئەنجامەكەش ئەوەبوو كە نوری مالیكی بووەوە بە سەرۆك وەزیران. من هیوادارام بەڕێز مەسعود بارزانی سەیری ئاكامی رێكەوتنی هەولێر بكات و جارێكی دیكە متمانە بە مالیكی نەكاتەوە.
* دوای كوژرانی د.محەمەد بدیۆی بەرپرسی نووسینگەی رادیۆی عێراقی ئازاد لە بەغدا، مالیكی لەبری ئەوەی رێكارە یاساییەكان بگرێتەبەر بە شێوەیەكی خێڵەكییانە بانگەشەی خوێن بە خوێنی كرد، لەبەرامبەردا سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان داوای سەروەریی یاسای كرد بۆ یەكلایی كردنەوەی ئەو كێشەیە و ئەو كێشەیە نابێت ببێتە هۆكاری دروستبوونی توندوتیژی لە نێوان كورد و عەرەب، بۆیە راشكاوانە داوای كرد ئەگەر بەغدا نایەوێت پێوەندی لەگەڵ كورد هەبێت، با بە دیالۆگ ئەم كێشەیە چارەسەر بكرێت، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا كورد دەتوانێت بڕیاری سەربەخۆیی بدات، چونكە وەڵامی بەغدا و سەركردەكانی حزبەكەی مالیكی ئەوەیە ئەوان گوێ بە سەربەخۆیی كورد نادەن؟
- ئەم مەسەلەیە بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە، كە ئایا دەیانەوێت بەرەو سەربەخۆیی بڕۆن و سەرۆك مسعود بارزانیش گفتوگۆكان لەم بارەیەوە ئەنجام بدات، ئەگەر وایان كرد، ئەوا هیوای خۆشبەختیان بۆ دەخوازم. بەڵام كێشەكە لەو كاتەدا ئەوە دەبێت كە لەبەر ئەوەی كوردستان سنوورەكانی داخراون و لە رووی سەربازیشەوە هاوتای دراوسێكانی نییە، ئایا كورد هاوپەیمانێتییەكیان لەگەڵ ئەنقەرە دەوێت كە لەباتی ئەوەی عێراق تێیدا باڵادەست بێت، توركیا باڵادەست بێت؟ رەنگە ئەمە شتێكی واتادار بێت كە ئەنجامی بدەیت، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی سیاسەتی ئێستای توركیا ئەوا رەنگە ئەمە رێگایەكی تەخت نەبێت.
* ئایا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چۆن پێشوازی لە بڕیارێكی لەم چەشنەی كورد دەكات؟
- ئەگەر هەرێمی كوردستان گفتوگۆی سەربەخۆیی لەگەڵ بەغدا بكات و ئەم كارە لە چوارچێوەی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان- وەك نەتەوە یەكگرتوەكان-دا بێت و لە رووی دیموكراتییەوە شەفافیەت هەبێت لە راپرسیەكەدا، ئەوا دەتوانن پشتیوانیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەدەست بهێنن. هەرچۆنێك بێت ئەوە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نییە كە لەم مەسەلەیەدا بە راستی گرنگ بێت، بەڵكو ئەوەی گرنگە توركیایە، كە لەم ساتەوەختەدا سیاسەتی ناوخۆیی لەو وڵاتەدا زۆر نادیارە. لەبەر ئەوەی توركیا بەرەو هەڵبژاردن دەڕوات ئەگەر گۆڕانكاری لە حكومەتی ئێستای ئەنقەرا رووبدات لە ئاكامی هەڵبژاردنەكان، لەوانەیە لە بەرژەوەندی كوردی عێراق نەبێت.
* ئەی چۆن لە ئاییندەی عێراق دەڕوانیت و تا چەند پێی گەشبینیت؟
- هەموو شتەكان دەوەستێتە سەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، ئەگەر لە دوای هەڵبژاردنەكانەوە سەرۆك وەزیرانێكی نوێ لە بەغدا دەست بەكار بێت، ئەوا دەكرێت دووبارە گفتوگۆ لەسەر هەموو ئەو كێشە و هەڵانە بكرێتەوە كە لە دوای ساڵی 2003وە روویان داوە، ئەو كاتە هەرێمی كوردستان پێوەندییەكی پتر هاوسەنگی دەبێت لەگەڵ بەغدا، كە دەكرێت گفتوگۆ لەسەر یاسای نەوت و دابەشكردنی داهات بكرێتەوە و چاودێریی دیموكراتی و پەرلەمانی بخرێتەسەر سوپا، ئەگەر ئەمە رووبدات، ئەوە دەرئەنجامێكی زۆر باشی دەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان ئەوە بێت كە نوری مالیكی دووبارە ببێتەوە بە سەرۆك وەزیران، ئەوا مەترسی سەرهەڵدانەوەی شەڕی ناوخۆ لە عێراق دروست دەبێت و هەرێمی كوردستانیش ناچاردەبێت خۆی جیابكاتەوە و لە بەغدا دوور بكەوێتەوە، ئەو كاتە توندوتیژی و گەندەڵی و ناسەقامگیریەكی زۆر دێتەئاراوە.
* ئەی سەبارەت بە هەرێمی كوردستان پەیامت چییە؟
- پەیامی من بۆ خەڵكی كوردستان و بۆ سەركردایەتی كورد، بە تایبەتی بەڕێز مەسعود بارزانی ئەوەیە كۆششی سەخت بكەن بۆ ئەوەی لە دوای هەڵبژاردنەكانی نیسانەوە سەرۆك وەزیرانێكی دیكە جێی نوری مالیكی بگرێتەوە. ئەمە باشترین ئومێدە بۆ هێنانەدی ئاشتی و ئاسایش لە هەرێمی كوردستاندا.


پرۆفایل
پرۆفیسۆر تۆبی دۆج یەكێكە لە زانایانی زانستی سیاسەتی بەریتانی و تایبەتمەندە لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تێزی دكتۆراكەی بە ناونیشانی وەرچەرخانی سیستمی نێودەوڵەتیە لەدوای شەڕی یەكەمی جیهان و دروستكردنی دەوڵەتی عێراق، هەروەها ماوەی چوار ساڵیش تۆژەر بووە لە سەر پێوەندییە نێودەوڵەتیەكان و سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەشی دیراساتی ئاسیا و ئەفریقیا (SOAS) لە زانكۆی لەندەن.
لەدوای رووخانی رژێمی پێشووی عێراق لە 2003وە، پرۆفیسۆر دۆج یەكێكە لەو تۆژەرانەی كە زۆر لە نزیكەوە چاودێری بارودۆخی عێراق دەكات و لەساڵی 2007یشەوە لەلایەن سەنتەری نێودەوڵەتی بۆ دیراساتی ستراتیژی (IISS) لە بەریتانیا راسپێردراوە بۆ ئەوەی دیراسەتی بارودۆخی عێراق بكات و بۆ ئەمەش بەردەوام سەردانی عێراقی كردووە و لەگەڵ سەرجەم سەركردە و سیاسەتمەدارە عێراقیەكان دیدار و كۆبوونەوەی كردووە و لە میانەی 5 ساڵی دیراسەت و توێژینەوەی لەسەر رەوشی عێراق گەیشتۆتە ئەو ئاكامەی كە عێراق لە شەڕی ناوخۆوە بەرەو سەركوتكارێكی نوێ دەڕوات، تائێستا ئەم كتێبانەی لەسەر عێراق نووسیووە:
1. دەستێوەردان لە عێراق: فەشەلی بونیادنانەوەی دەوڵەت و رەتكردنەوەی مێژوو 2003
2. ئاییندەی عێراق: لەدوای گۆڕینی رژێمی پێشوو 2005
3. عێراق: لەشەڕەوە بەرەو ئەسۆریتاریانزمێكی نوێ 2013
وێڕای ئەم كتێبانەشی؛ پرۆفیسۆر تۆبی دۆج بەم دواییە ئەم وتارانەی بڵاوكردۆتەوە و چەندین سیمیناریشی لە سەر رەوشی عێراق گرێداوە:
1. لە عێراق سەرلەنوێ توندوتیژی سیاسیی دەست پێدەكاتەوە، وڵاتێك پاشەكشە دەكاتەوە بەرەو شەڕی ناوخۆ (2013مەنامە ڤۆیس)
2. هێرشەكانی بەغدا بەرەنجامی ئاڵۆزی مەزهەبیە (گاردیان 2013(
3. مالیكی دوژمنی دیموكراتیە (2013 نیویۆرك تایمز)
ئێستاش لەسەر دوو پرۆژەی تازە كاردەكات كە بریتین لە:
یەكەم: دیراسەتی فاكتەری گۆڕاوی ئایدۆلۆژی ئیدارەی جۆرج بوش بۆ داڕشتنی سیاسەت بەرامبەر بە عێراق.
دووەم: هەڵسەنگاندن و شرۆڤەیەكی بەراوردكاری بۆ شەڕی ناوخۆ، بەراوردكردنی لەگەڵ هەڵكشانی یاخیبوونی مەزهەبی بە تایبەتیش لە عێراقدا.
Top