ستیڤن بیدل گەورە راوێژكاری سیاسەتی بەرگری ئەمریكا بۆ گوڵان:ئەگەر نوری مالیكی لەم هەڵبژاردنە براوە بێت ئایندەی عێراق دەكەوێتە مەترسییەوە

ستیڤن بیدل گەورە راوێژكاری سیاسەتی بەرگری ئەمریكا بۆ گوڵان:ئەگەر نوری مالیكی لەم هەڵبژاردنە براوە بێت ئایندەی عێراق دەكەوێتە مەترسییەوە
پرۆفیسۆر ستیڤن بیدل یەكێكە لە تۆژەرە باڵاكانی ستراتیژییەت و سیاسەتی بەرگری لە ئامۆژگای پێوەندییەكانی دەرەوە و هەروەها گەورە راوێژكاری ژەنراڵ پەتریۆس بووە لە عێراق لەماوەی ساڵانی 2007-2008 و لەمیانەی پرۆسەی زیادكردنی بەپەلەی هێزەكانی ئەمریكا بۆ عێراق و، پاش كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق ستیڤن بیدل بۆتە گەورە راوێژكاری ژەنراڵ ستانلی ماك كریستالی فەرماندەی هێزەكانی ئەمریكایە لە ئەفغانستان، بۆ قسەكردن لەسەر ژینگەی سیاسی ئاڵۆزی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و عێراق بە تایبەتی، چەند پرسیارێكمان ئاراستەی پرۆفیسۆر ستیڤن بیدل كردو بەمجۆرە وەڵامی گوڵانی دایەوە.
* ژینگەی سیاسیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆتە ژینگەیەكی پشێوی و ناسەقامگیری؛ ئایا ئەم ژینگەیە ئاراستەی گۆڕانكارییەكان بەرەو كوێ دەبات؟
- زەحمەتە بتوانین حوكمی گشتی بدەین، لەبەر ئەوەی ئەو ژینگە ئاڵۆز و پشێوەی ئێستا دەیبینین كاریگەری جیاوازی هەیە، بەڵام من زۆر رەشبینم بە تایبەتی لە بەرامبەر ئەو بارودۆخەی لە سوریا و لیبیا و میسر هاتۆتە ئاراوە، بەڵام مەرج نییە ئەمە بە مانای ئەوەبێت كە گرووپە ئیسلامیەكان دەسەڵات دەگرنەدەست لە میسر، كە پێدەچێت سوپا كۆنتڕۆڵێكی باشی دەوڵەتی كردبێت، بەڵام تەنانەت ئەگەرچی ئیسلامیەكانیش دەسەڵاتیان نەگرتۆتەدەست، ئەوا دەرئەنجامەكە لە وڵاتێكی وەك ئەم وڵاتەدا زۆر سلبیە هەم بۆ دانیشتوانەكەی و هەم بۆ ناوچەكەش.
* نیگەرانی ئێمە ئەوەیە ئەگەر لە دۆخی ئاڵۆزی سوریا بڕوانین ئەوا سوریا بۆتە نەوا و پەناگەیەكی ئارام بۆ تیرۆریستان و بگرە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بۆتە پەناگەیەكی ئارام بۆ تیرۆریستان، واتە تیرۆریستان زۆر بە ئاسان هاتوچۆ دەكەن لەم ناوچانەدا، ئەویش بەهۆی پشێوی و ناسەقامگیریەوە، ئەگەر چالاكی تیرۆریستی بەم شێوەیە بەردەوام بێت ئەوا تا چ راددەیەك مەترسی لەسەر ناوچەكە دروست دەكات و تا چ راددەیەك ئاسایشی نێودەوڵەتی دەخاتە مەترسیەوە؟
- پێموایە دۆخی وڵاتێكی وەك سوریا تا راددەیەك مایەی مەترسیە بۆ وڵاتانێكی دیاریكراوی وەك ئەمریكا و ئەوروپای رۆژئاوا و بە دڵنیاییەوە مەترسی جددیە لەسەر دراوسێكانی، كە ئاشكرایە عێراق لە نزیكەوە گرێدراوە بەم توندوتیژیەوە. و ناسەقامگیری لە وڵاتەكەدا كە خۆی لە خۆیدا تەحەددی دروست دەكات، لە ئێستادا رووبەڕووی تەحەددی زیاتر بۆتەوە لەوەی ئەو دۆخەی لە سوریادا هەیە پەلبكێشێت بۆ ئەویش. و ئەمریكا دەبێت بە شێوەیەكی تایبەت نیگەران بێت لە ئاست سوریادا، نەك تەنیا بەهۆی ئەو قەیرانە مرۆییەی لە چوارچێوەی سنورەكەیدا هەیە، بەڵكو نیگەران بێت لە ئەگەری پەلهاوێشتنی ئەو دۆخە بۆ دەرەوەی ئەو سنورە.
* نیگەرانی هەبوو لەبارەی شەڕی عێراقەوە و ئەمریكا نیگەران بووە لەبارەی ئەم شەڕەوە و ئێستاش داعش (دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام) خەریكی دروستكردنی ئەمارەتێكە لە عێراق، لە هەمان كاتدا مالیكی ژینگەی سیاسی لە عێراقدا تێكداوە و خەریكە ببێتە دەوڵەتێكی دیكتاتۆری، ئایا وڵاتێك كە حكومڕانیەكی دیكتاتۆری هەبێت و ئەمارەتێكی ئیسلامی تێدا بێت، ئایندەی چۆن دەبێت و ئایا دۆخی عێراق چۆن دەخوێنیتەوە، بە تایبەتی دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا و ئایا تا چ راددەیەك ئەمریكا نیگەرانە بە دۆخی عێراق؟
- من زۆر نیگەرانم لە ئایندەی عێراق. و پێموایە كێشەكە هەر لە ساڵی 2006ـەوە درێژەی كێشاوە كە بریتی بووە لەوەی پێكهاتە تائیفی و ئیتنیە گرنگەكانی وڵاتەكە ئامادەنین ئاشتەوایی لەگەڵ یەكدا بكەن و بە راستی دەسەڵات دابەش بكەن و هەموویان ترسیان هەیە لەوەی ئەگەر هەموو شتێكیان لە ژێر دەستدا نەبێت، ئەوا دەبنە قوربانی لەلایەن ئەوانی دیكەوە. بۆیە سەبارەت بەو باردۆخە ئاڵۆزەی كە ئێستا لە عێراق دروست بووە، من وای دەبینم ئەم كێشەیە خۆی بۆ خۆی چارەسەر بێت و ئومێدی من ئەوەبوو نەتەوە یەكگرتووەكان هاوكار بێت لە چارەسەركردنی ئەم كێشەیەدا كاتێك ئەمریكیەكان كشانەوە، بەڵام ئەم كێشەیە خراپتر بووە. و باوەڕم وایە مەترسیەكی جددی دێتە ئاراوە ئەگەر مالیكی زۆرینەی زۆری دەنگەكان بهێنێت لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، چونكە ئەوە وەك رێگەپێدانێك لێك دەداتەوە بۆ سەپاندنی ئیرادەی دەنگدەرانی شیعە بەسەر عەرەبە سوننەكان لە ئەنبار-بە تایبەتی- و هەروەها رەنگە بەسەر كوردەكانی عێراقیش. ئەمە زۆر مەترسیدارە.
* هەروەك دەزانن كە هەرێمی كوردستانیش كێشەی هەیە لەگەڵ حكومەتی مەركەزی لە بەغدا و مالیكی چەندین قەیرانی بۆ هەرێمی كوردستان دروست كردووە و بەم دواییەش مالیكی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی بڕیوە، ئایا تاچەند ئەمریكا دەتوانێت هاریكاری عێراقیەكان بكات لە چارەسەركردنی ئەم كێشانەدا؟
- تەواوی كێشەكە ئەوەیە ئەمریكا دەستڕۆیشتووییەكی كەمی هەیە بەسەر عێراقەوە لە دوای ئەوەی كە كشایەوە، لەبەر ئەوە بە داخەوە لە ئێستادا توانای- ئەمریكا- بۆ داڕشتنەوەی ئەوەی لە كوردستان یان ئەنبار یان هەر شوێنێكی دیكە روودەدات، توانایەكی سنوردارە.
Top