برنابا بنجامین وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی باشووری سودان بۆ گوڵان:دوای ئه‌وه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی ئیعترافیان به‌ ده‌وڵه‌تی باشوری سودان كرد ئێستا پێوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵیان به‌هێز دەكه‌ین

برنابا بنجامین وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی باشووری سودان بۆ گوڵان:دوای ئه‌وه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی ئیعترافیان به‌ ده‌وڵه‌تی باشوری سودان كرد ئێستا پێوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵیان به‌هێز دەكه‌ین
ئەسما حوسێنی - قاهیرە
له‌ دیمانه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ گۆڤاری گوڵاندا دكتۆر برنابا بنجامین وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی باشووری سودان ئاشكرای كرد كه‌ به‌شداری كردنی ئه‌م دواییه‌ی ده‌وڵه‌تی باشووری سودان له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی كۆمكاری عه‌ره‌بی بۆ یه‌كه‌مجار له‌سه‌ر داوای ئه‌مینداری گشتیی كۆمكاری عه‌ره‌بی نه‌بیل ئه‌لعه‌ره‌بی بووە، ئه‌مه‌ش به‌ سه‌ره‌تای قۆناغێكی نوێ داده‌نێت بۆ پته‌وكردنی هه‌ماهه‌نگی و كرانه‌وه‌ی زیاتر له‌ نێوان باشوور و جیهانی عه‌ره‌بی و ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ وڵاته‌كه‌ی به‌م نزیكانه‌ باڵیۆزخانه‌ له‌ هه‌ر یه‌كه‌ له‌ كوێت و سعودیه‌ و ئیمارات ده‌كاته‌وه‌.
سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌ له‌ باشووری سودان وتی: هه‌وڵ ده‌ده‌ین چاره‌سه‌رێكی سیاسیی گونجاو بۆ هه‌موو گه‌لی باشوور بدۆزینه‌وه‌ له‌ رێگای گفتوگۆكانی رێكخراوی ئیجاد كه‌ له‌ ئه‌دیس ئه‌بابا به‌م دواییه‌ ده‌ستی پێكردۆته‌وه‌.
له‌ وه‌ڵامی پرسیاری ئه‌وه‌ی كه‌ چه‌ند سوودیان له‌ به‌شداری كردن له‌ كۆبوونه‌كانی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی عه‌ره‌بی بینیوە دكتۆر برنابا وتی: كۆمكاری عه‌ره‌بی و وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی عه‌ره‌بیمان ئاگادار كرده‌وه‌ له‌ پێشهاته‌كانی بارودۆخی باشووری وڵات دوای هه‌وڵی شكستخواردووی كوده‌تای سه‌ربازی كه‌ جێگری پێشووی سه‌رۆك ریاك مشار ئه‌نجامیدا و ئێستا سه‌ركردایه‌تی یاخیبوونێك ده‌كات له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ی باشووری سوداندا، پێموایه‌ بانگهێشت كردنی ئێمه‌ له‌لایه‌ن كۆمكاری عه‌ره‌بییه‌وه‌، نیشانه‌ی جددیه‌تی وڵاتانی عه‌ره‌بی و گرنگی پێدانیانه‌ به‌ رووداوه‌كانی باشوور و ئاره‌زوویان بۆ هێنانه‌دیی ئاشتی، ئێمه‌ش ستایشی ئه‌و هه‌نگاوانه‌یان ده‌كه‌ین، هه‌روه‌ها ئاره‌زووی خۆمان نیشاندا بۆ پته‌وكردنی په‌یوه‌ندی دوو قۆڵی له‌گه‌ڵیاندا و بونیادنانی په‌یوه‌ندییه‌كی قوڵ و ئاشنا بوونێكی راسته‌قینه‌ به‌م په‌یوه‌ندیان، و هۆكار و چۆنیه‌تی روودانی كوده‌تای سه‌ربازیی باشوورمان بۆیان روون كرده‌وه‌، له‌ هه‌مان كاتدا ئاماده‌یی خۆمان ده‌ربڕی بۆ پێشوازی كردن له‌ سه‌رمایه‌ و وه‌به‌رهێنه‌ران له‌ هه‌موو وڵاتان به‌تایبه‌تی میسر كه‌ پێوه‌ندییه‌كی به‌هێزمان له‌گه‌ڵياندا هه‌یه‌ له‌ سه‌رده‌مێكی زووه‌وه‌ و وتی: وه‌به‌رهێنانی عه‌ره‌بی له‌ باشووری سودان سوودی ته‌نیا بۆ باشوور نابێت، به‌ڵكو سوودی بۆ هه‌موو عه‌ره‌ب و هه‌رێمه‌كه‌ به‌ گشتی ده‌بێت.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی باشووری سودان داوای ئه‌ندامی چاودێری له‌ كۆمكاری وڵاتانی عه‌ره‌بی كردووه‌ وتی: پێمانوایه‌ كه‌ هێڵه‌ هاوبه‌شه‌كانی نێوان ئێمه‌ و كۆمكاری عه‌ره‌بی به‌ره‌و باشی ده‌ڕوات و چه‌ند بنه‌مایه‌كی ته‌ندروست داده‌نێت‌ بۆ هه‌ماهه‌نگییه‌كی زیاتری گه‌وره‌ له‌ دواڕۆژ، هه‌ر كاتێكیش داوامان لێبكه‌ن ئه‌وا داواكه‌یان جێبه‌جی ده‌كه‌ین ، له‌ به‌رامبه‌ردا داوام له‌ هه‌موو وه‌زیره‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی ده‌كه‌ن ئه‌وانه‌ی چاوپێكه‌وتنمان له‌گه‌ڵیان هه‌بووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ردانی باشووری سودان بكه‌ن.
له‌ هه‌مان كاتدا پێشوازیمان له‌ ئاره‌زووی وڵاتانی عه‌ره‌بی كرد بۆ پێشكه‌ش كردنی یارمه‌تی مرۆڤایه‌تی بۆ هاووڵاتیانمان ئه‌وانه‌ی به‌م دواییه بە‌ بارودۆخێكی سه‌ختدا ده‌ڕۆن و ژماره‌یان به‌ نیو ملیۆن كەس مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت كه‌ ماڵ و حاڵی خۆیان له‌ ده‌ستداوه‌ و به‌ كاره‌ساتێكی مرۆڤایه‌تیدا تێده‌په‌ڕن.
له‌ وه‌ڵامی پرسیارێك ده‌رباره‌ی ئه‌و رۆڵه‌ی كه‌ عه‌ره‌ب ده‌یبینن له‌ گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌رێكی ئاشتی له‌ باشوور وتی: به‌ڵێ ده‌توانن ئه‌و رۆڵه‌ ببینن ئه‌ویش به‌ پشتگیری كردن له‌وگفتوگۆیانه‌ی كه‌ رێكخراوی ئیجاد سه‌رپه‌رشتی ده‌كات به‌ مه‌به‌ستی گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌رێكی ئاشتیانه‌ له‌نێوان حكومه‌ت و یاخیبووان، له‌م باره‌یه‌وه‌ پێشنیارێكمان پێشكه‌ش به‌ وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌كان كردووه‌ بۆ پاڵپشتی كردن له‌ هێنانه‌دیی سه‌قامگیری له‌ باشووری وڵات كه‌ ئه‌مه‌ش دره‌فه‌تێكی باش بۆ وه‌به‌رهێنه‌رانی عه‌ره‌ب ده‌ڕه‌خسێنێت، ئه‌وه‌شی راگه‌یاند كه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی میسری نه‌بیل فه‌همی باسمان له‌ چۆنیه‌تی پته‌وكردنی په‌یوه‌ندی دووقۆڵی نێوان میسر و باشووری سودان كردووه‌ و ستایشی رۆڵی میسری كرد له‌ پشتگیری كردنی وڵاته‌كه‌ی له‌ بواره‌كانی ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌ و په‌ره‌پێدانی تواناكان له‌ باشووری سودان و دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان قاهیره‌ و جوبا به‌هێزن و له‌سه‌ر بنه‌مای راست و لێكتێگه‌یشتن بونیاد نراون، زیاتریش وتی: هه‌ر له‌ قاهیره‌ چاوم به‌ بیزنسمان و وه‌به‌رهێنه‌رانی میسر كه‌وت ئه‌وانه‌ی ئاره‌زوو ده‌كه‌ن له‌ وڵاته‌كه‌مان وه‌به‌رهێنان بكه‌ن.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی باشووری سودان، هه‌روه‌ها وتی: به‌م نزیكانه‌ باڵیۆزخانه‌ی سعودیه‌ و كوێت و ئیمارات ده‌كه‌ینه‌وه‌ و حه‌ز ده‌كه‌ین بوونمان له‌ وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌كان به‌هێزتر بێت، بێگومان ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی زیاتر یه‌كتر ناسینی نێوان گه‌لانی وڵاتانی عه‌ره‌بی.
له‌ وه‌ڵامی پرسیاری ئه‌وه‌ی ئایا كه‌ گه‌لی باشووری سودان توانیویه‌تی ئه‌و هه‌ستیاریه‌ی كه‌ پێشتر له‌ به‌رامبه‌ر عه‌ره‌ب هه‌یانبوو تێپه‌ڕێنی به‌ هۆی ناكۆكییه‌كانی پێشوویان له‌گه‌ڵ خه‌رتوم وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی باشووری سودان وتی: ئێستا هیچ جۆره‌ هه‌ستیارییه‌ك دژی گه‌لانی عه‌ره‌بی نه‌ماوه‌، ئێمه‌ش تێبینی هه‌مان هه‌ستی برایه‌تیمان كرد به‌رامبه‌ر به‌ ده‌وڵه‌ته‌ تازه‌ دروستبووه‌كه‌مان، سه‌ربه‌خۆیی ده‌وڵه‌ته‌كه‌مان به‌ر له‌ دوو ساڵ له ‌لایه‌ن وڵاتانی عه‌ره‌بییه‌وه‌ قبوڵ كرا و پشتیوانیشیان لێكردین، ئه‌مه‌ش وایكرد هه‌ستی گه‌لی ئێمه‌ به‌رامبه‌ر به‌ گه‌لانی عه‌ره‌بی بگۆڕێت. سەبارەت بە كاردانەوەكانی پێكهاتن و بەستنەوەی پێوەندییەكانی وڵاتانی عەرەبیی لەگەڵ باشووردا بە پێچەوانەی ئەو پێوەندییانەی لەم دواییەدا كە لەگەڵ خەرتووم تێكچوونی بە خۆیەوە بینیوە، بەنجامین وتی((لە وڵاتانی عەرەبیمان داوا كردووە هانی سودان بدەن بۆ جێبەجێكردنی ڕێككەوتنامەی هاریكاریی نێوان هەردوو دەەوڵەتی دراوسێ و وەدیهاتنی ئاشتەوایی نێوانیان، بۆ هەمان مەبەست لە پەراوێزی كۆبوونەوەكانی كۆمكاری عەرەبیدا چاوم كەوت بە وەزیری دەرەوەی سودانی عەلی كرتی و پێكەوە تاووتوێی ڕێگەچارەكانی باشكردنی پێوەندی بازرگانی و هاریكاری ئابووری نێوان هەردوو وڵاتمان كرد، سەرڕای دۆزی پەناهەندەكانی باشووری سودان و چۆنیەتی دۆزینەوەی چارەسازی ئاشتیانە بۆ دۆزە هەڵپەسێردراوو ئەو خاڵانەی جێی ناكۆكی هەردوولایەنن..
لە لایەكی ترەوە وتی ڕاگیرانی ئەندامێتی میسر لە یەكێتیی ئەفریقی ڕاست دەرنەچوو، لە ئایندەیەكی نزیكدا پێویستە ئەم ڕاگیرانە ڕەت بكرێتەوە تا میسر بگەڕێتەوە چونكە لە دامەزراندنی كاری هاوبەشی ئەفریقایی ڕۆڵێكی ئەكتیڤ و باڵای گێڕاوە باشترە ئەو ڕۆڵە پێشەنگایەتیەی پێ بدرێتەوە چونكە هەموو وڵاتانی ئەقریقا لە میسر سوودمەندن و لە بەرژەوەنییاندا نییە لێی دوور بكەونەوە، هەروەها وتی وڵاتەكەی هاوشانی وڵاتانی تر كار دەكەن بۆ هەڵگرتنی ئەو ڕاگرتنی ئەندامێتیەی میسر، هاوكات ئەوەشی ڕوونكردەوە كە وڵاتەكەی پشتگیری لە پەرەسەندنەكانی ئەم دواییانەی میسر دەكات بە بۆنەی شۆڕشی 30 یۆنیۆوە نەخشە ڕێگای نوێی میسرەوە، لەو بارەوە وتی: ئێمە پشتگیری ئەو گۆڕانكارییانە دەكەین كە لە ناو هەناوی داخوازی و ویستی گەلی میسرییەوە هەڵقوڵاوە..
سەبارەت بە دۆزی ناكۆكیەكانی ئێستای ناو ڕێكخراوی وڵاتانی حەوزی نیلیش وتی: پێویستە دیالۆگ و هاریكاری نێوان وڵاتانی حەوز بكرێت.. لەسەر بنەمای وەدیهاتنی دەسكەوتەكانی هەمووان، باشوور دەیەوێت ژینگەیەكی هاریكاری تەواوەتی بسازێنێت لەم ناوچە هەستیارەدا، ئەم پێوەندییە دۆستانەی لەگەڵ میسردا دەقۆزێتەوە بۆ نزیكبوونەوە لێی، پشتیوانی دیالۆگێ دەكەین دەسكەوتەكانی میسر بە هەند وەربگرن و بۆ تەواوی دەوڵەتانی تری ناوچەكەی بگوازنەوە..
سەبارەت بە دۆخی باشووریش: وتی حكومەتەكەی مكوڕە لەسەر گەیشتن بە ئاشتی، هەروەها سەرۆكی پاشوور سلفاكیر زیاتر لە جارێك ڕایگەیاندووە كە جەنگ هیچ مانایەكی نییە، كەواتە هەوڵ بۆ ئاشتەوایی گشتی دەدرێت و لە ڕێی دانوستاندنەكەی ئەدیس ئەبابا كە بە سەرپەرشتی ڕێكخراوی ئیجاد بەڕێوەدەچێت، هەوڵ بۆ چارەسەرێكی گونجاو بۆ هەموو گەلی باشوور دەدرێت، جەختیش دەكرێتەوە لەسەر ئەوەی هیچ بوارێك بۆ گفتوگۆكردن لەسەر حكومەتێكی ئینتیقالی یان دابەشبوونی دەسەڵات وەك یاخییەكان لە هەوڵدان بۆی نەماوە، هیچ ڕێگەچارەیەكیش بۆ دەسبەسەراگرتنی دەسەڵات لە ڕێی كودەتای سەربازییەوە نەماوەتەوە، دەساودەسكردنی دەسەڵات بەجێناهێنرێت تا هەڵبژاردنێكی نوێی بڕیار لەسەردراو بۆ ساڵی داهاتوو ئەنجام نەدرێت..
Top