پرۆفیسۆر فرێدێریك لۆ بارۆن بۆ گوڵان:بۆردیۆ له‌نێو «دژایه‌تیکردن» و «لایه‌نگریکردن»دا نه‌بوو،به‌ڵکو له‌نێو کرده‌ی به‌رهه‌مهێنانی مه‌عریفه‌دا بوو
March 19, 2014
دیمانەی تایبەت
پرۆفیسۆر له زانکۆی ڤێرسای، فرێدێریك لۆ بارۆن یه‌کێکه له‌و سۆسیۆلۆگه فه‌ره‌نسیانه‌ی که له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی پیه‌ر بۆردیۆدا تێزی دکتۆراکه‌ی ته‌واو ده‌کات و هه‌ر له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی ئه‌ویشدا ده‌بێت به یه‌کێك له پایه‌کانی قوتابخانه‌ی ڕه‌خنه که دواتر به قوتابخانه‌ی پیه‌ر بۆردیۆ له‌سه‌ر ئاستی جیهان ناوبانگ ده‌رده‌کات. خاوه‌نی زیاتر له پازده کتێبە، سه‌رنووسه‌ری گۆڤارێکی زانستی خاوه‌ن پێگه‌ی تایبه‌ت له‌نێو کێڵگه‌ی زانستی فه‌ره‌نسیدا، فرێدێریك لۆ بارۆن پێش ته‌واوکردنی خوێندنی ئاماده‌یی ته‌واوی کتێبه‌کانی پیه‌ر بۆردیۆ ده‌خوێنێته‌وه و کاتێك که ئاماده‌یی ته‌واو ده‌کات و ڕێگای زانکۆ ده‌گرێته به‌ر، ئیدی ده‌که‌وێته نێو ململانێیه‌کی توندی تێزه یه‌کتر بڕه‌کانه‌وه، ململانێیه‌ك که به‌هیچ جۆرێك به‌زه‌یی به لاوازه‌کاندا نایه‌ته‌وه و فڕێیان ده‌داته په‌راوێزه‌کانه‌وه.له درێژه‌ی گفتوگۆکانماندا له‌گه‌ڵ پۆلیتۆلۆگ، سۆسیۆلۆگ، ئه‌نترۆپۆلۆگ و فه‌یله‌سووفه فه‌ره‌نسیه‌کاندا، پێم باش بوو ڕاسته‌وخۆ گفتوگۆیه‌کی ڕاشکاوانه له‌گه‌ڵ پرۆفیسۆر فرێدێریك لۆ بارۆن، که وه‌ك یه‌کێك له میراتگره هه‌ره نزیکه‌کانی پیه‌ر بۆردیۆ ناسراوه، ئه‌نجام بده‌م و دوور له زمانی دار، لاپه‌ڕه‌کانی ئه‌و مێژووه کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و زانستیه هه‌ڵبده‌ینه‌وه که پیه‌ر بۆردیۆ، مناڵی خێزانێکی هه‌ژار و لادێیی فه‌ره‌نسی، ده‌گه‌یه‌نێته کۆلێژ دو فرانس و ده‌یکات به سه‌رچاوه‌یه‌کی جیهانی بۆ زانسته کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان.هاوكارمان د. عادل باخەوان ئەم دیمانەیەی لە پاریس بۆ گوڵان ئەنجام داوە.هه‌ڵدانه‌وه‌ی مێژووی پیه‌ر بۆردیۆ
گوڵان: پیه‌ر بۆردیۆ، ته‌واوی تێزه‌کانی له‌سه‌ر «خۆ- به‌رهه‌مهێنانه‌وه» بینا کردووه. واته کوڕی کرێکارێك ده‌بێته‌وه به کرێکارێك و له داهاتوودا له‌گه‌ڵ ژنه کرێکارێکدا خێزان دروست ده‌کات بۆئه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێ مناڵێکی کرێکار بهێننه دنیا که دواتر له‌گه‌ڵ کچه کرێکارێکدا خێزان دروست ده‌که‌ن بۆئه‌وه‌ی سه‌ر له‌نوێ مناڵێکی کرێکار بهێننه دنیاوه. بێگومان به‌شێوه‌یه‌کی ئۆتۆماتیکی نا، به‌ڵام به‌لای که‌مه‌وه هه‌شتا له سه‌دی شانسه‌کان به‌م ڕێگایه‌دا ده‌یبه‌ن. له‌کاتێکدا خودی پیه‌ر بۆردیۆ که دواتر ده‌بێت به پرۆفیسۆر له کۆلێژ دو فرانس، پرۆفیسۆر له قوتابخانه‌ی خوێندنی باڵای زانسته کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان و یه‌کێك له زانا هه‌ره گه‌وره‌کانی جیهان، خودی ئه‌م بۆردیۆیه له خێزانێکی هه‌ژار و لادێیی و پهراوێزکراودا هاتووه‌ته دنیاوه و په‌روه‌رده بووه و پێگه‌شتووه. ئێوه که یه‌کێکن له میراتگره‌کانی پیهربۆردیۆ و له‌به‌رده‌ستی ئه‌ودا پێگهيشتون و دکتۆراتان ته‌واوکردووه، چۆن ئه‌م هاوکێشه‌یه له‌یه‌ک ده‌ده‌نه‌وه؟ پیه‌ر بۆردیۆ، مناڵی ئه‌م خانه‌واده لادێییه هه‌ژاره چۆن باڵی هه‌ژموونی کێشا به‌سه‌ر کێڵگه‌ی ڕۆشنبیری و زانستی پاریسی و ته‌نانه‌ت جیهانیشدا، به‌ڕاده‌یه‌ك که نیمچه خوێنه‌وارێکی ئه‌و په‌ڕی دنیا، له گوندێکی ناوچه‌ی گه‌رمیان له کوردستان، یان له گوندێکی په‌راوێزخراوی ناوچه‌ی پشتده‌ر مه‌سیجم بۆده‌نێرێت و داوای زانیاری له‌سه‌ر بۆردیۆ ده‌کات؟
فرێدێریك لۆ بارۆن: ڕاسته پیه‌ر بۆردیۆ له خانه‌واده‌یه‌کی هه‌ژاری لادێیدا له دایک بووه. باوکی موچه‌خۆرێکی پله نزمی ده‌وڵه‌ت بووه، باوباپیرانی جووتیار بوون و ژیانیان له‌نێو کێڵگه‌کاندا به‌سه‌ر بردووه. به‌ڵام بۆردیۆ هه‌ر له سه‌ره‌تای خوێندنه‌وه وه‌ك که‌سێکی ناوازه‌و زیره‌ك و تایبه‌ت ده‌رده‌که‌وێت و له هاوڕێکانی جیا ده‌بێته‌وه. له‌بیرمان نه‌چێت که پیه‌ر بۆردیۆ، خوێندنی ئاماده‌یی له قوتابخانه‌ی«هنری چواره‌م» له پاریس ته‌واو کردووه. تۆ ده‌زانیت و ئاگات لێیه که ئه‌م قوتابخانه‌یه به‌ته‌نيا جێگای نوخبه و خوێندکاره هه‌ره زیره‌که‌کانی فه‌ره‌نسایه. به‌شێکی زۆر له فه‌یله‌سووف و زاناکانی فه‌ره‌نسا به‌م قوتابخانه‌یه‌دا تێپه‌ڕیون. پاش ته‌واوکردنی «هنری چواره‌م»، پیه‌ر بۆردیۆ ڕێگای خیابانی«ئیولم» له پاریس ده‌گرێته به‌ر. له‌م خیابانه‌دا قوتابخانه‌ی خوێندنی نۆرماڵی باڵای لێیه. ئه‌م قوتابخانه‌یه لوتکه‌ی زانسته له فه‌ره‌نسادا. ئه‌وانه‌ی که هنری چواره‌م ته‌واوده‌که‌ن، له‌بری ڕۆشتن بۆ زانکۆ، ڕێگای خیابانی ئیولم ده‌گرنه به‌ر. له‌م قوتابخانه‌یه‌دا، له بری ماتماتیک، بۆردیۆ فه‌لسه‌فه هه‌ڵده‌بژێرێت و له‌به‌رده‌ستی باشترین فه‌یله‌سوفه‌کانی ئه‌و کاته‌ی فه‌ره‌نسادا خوێندن ته‌واوده‌کات و پاشان ده‌بێت به مامۆستای فه‌لسه‌فه و ده‌ست به وانه وتنه‌وه ده‌کات.
دواتر قۆناغی دووه‌م له‌ژیانی پیه‌ر بۆردیۆ به خزمه‌تی سه‌ربازی له جه‌زائیر ده‌ست پێده‌کات. بۆردیۆ ڕێگای جه‌زائیر ده‌گرێته‌به‌ر، وه‌ك سۆسیۆلۆگ نه‌ك وه‌ك سه‌رباز. واته خزمه‌تی سه‌ربازیه‌که‌ی ده‌بێت به توێژینه‌وه‌ی سۆسیۆلۆژی له‌سه‌ر جه‌زائیر. ئه‌مه‌ش ڕێگای پێده‌دات که له چوارچێوه‌کانی سوپا بێته ده‌ره‌وه و ئینتیما بکات به زانکۆی جه‌زائیره‌وه، که ده‌بێت به به‌رپرسی یه‌که‌م له کاره‌کانی. هه‌ر له‌م زانکۆیه‌دا ته‌عاروف له‌گه‌ڵ «عه‌بدولمه‌لیک سه‌یاد»دا ده‌کات، که سۆسیۆلۆگێکی به‌ناوبانگی جه‌زائیریه. سه‌یاد هه‌رچه‌ند ئه‌ندامی به‌ره‌ی ڕزگاری خوازی جه‌زائیری نه‌بوو، به‌ڵام پێوهندیيهکی باشی له‌گه‌ڵیاندا هه‌بوو، ئه‌مه‌ش ده‌رگای گه‌وره‌ی به ڕووی پیه‌ر بۆردیۆدا کرده‌وه بۆئه‌وه‌ی پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ شۆڕشگێڕه جه‌زائیریه‌کاندا دروست بکات و بیانناسێت.
ئه‌م دوو سۆسیۆلۆگه ڕێک ده‌که‌ون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که پێکه‌وه له‌سه‌ر سۆسیۆلۆژیای کۆمه‌ڵگه‌ی جه‌زائیری کاربکه‌ن، به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر پێوەندی بونیه ئابووریه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی سه‌رمایه‌داری، که فه‌ره‌نسای داگیرکه‌ر سه‌پاندبووی، له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگه‌ی «ترادیسیۆنێل/ته‌قلیدی» جه‌زائیریدا. له چرکه‌ساتی ئه‌م توێژینهوانهدایه که چه‌مکی «هابیتیوس» لای پیه‌ر بۆردیۆ دروست ده‌بێت. یه‌که‌م کتێبی پیه‌ر بۆردیۆ که ساڵی 1958 به‌ناوی «سۆسیۆلۆژیای جه‌زائیر» بڵاوده‌بێته‌وه، باس له هابیتیوس ده‌کات. هه‌ر له‌م کتێبه‌دا باس له چه‌مکی «ئیتۆس»ی کۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داری له جه‌زائیر و «ئیتۆس»ی کۆمه‌ڵگه‌ی ته‌قلیدی ده‌کات. بۆردیۆ چه‌مکی «ئیتۆس» له ماکس ڤێبه‌ره‌وه وه‌رده‌گرێت و فاکته جه‌زائیریه‌کانی پێده‌خوێنێته‌وه. پاش ئه‌م کتێبه، بۆردیۆ و سهییادا پێکه‌وه په‌لاماری کاری مه‌یدانی ده‌ده‌ن، به‌تایبه‌تی له ناوچه قهبائیلیهکاندا. لادێ به لادێ، شار به‌شار ده‌گه‌ڕێت و هه‌زاران چاوپێکه‌وتن ئه‌نجام ده‌دات. جگه‌له‌مه‌ش سه‌دان ستاتیستیک و داتای فه‌رمی و نا فه‌رمی کۆده‌کاته‌وه، به‌ڕاده‌یه‌ك که هه‌ر دوو سۆسیۆلۆگ پڕده‌بن له داتا. له‌لایه‌کی دیکه‌وه بۆردیۆ پڕ چه‌ک بوو به سه‌دان قوتابخانه‌ی فه‌لسه‌فی و سۆسیۆلۆژی. ئه‌و به قووڵی ماکس ڤێبه‌ر، کارل مارکس، ئێمیل دۆرکایمی خوێندبووه‌وه و ده‌یزانی چۆن له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌موو داتایانه‌دا مامه‌ڵه بکات. له‌ناو ئه‌م هاوکێشه‌یه‌دا بۆردیۆی مه‌زن دروست ده‌بێت.
گوڵان: به‌ڵام کاتێك ئه‌م بۆردیۆیه جه‌زائیر به‌جێ ده‌هێڵێت و ده‌گه‌ڕێته‌وه پاریس، ده‌که‌وێت به‌سه‌ر کێڵگه‌ی ڕۆشنبیریی فه‌ره‌نسیدا، کێڵگه‌یه‌کی پڕ له زه‌بروزه‌نگ، له‌ناوه‌وه‌ی ئه‌م کێڵگه‌یه‌دا هه‌ر فه‌یله‌سوفه و سه‌ری فه‌یله‌سوفێکی دیکه ده‌په‌ڕێنێت، هه‌ر سۆسیۆلۆگه و سۆسیۆلۆگێکی دیکه نهفیدهکات، له‌نێو ئه‌م کێڵگه ڕۆشنبیری و زانستیه‌دا، ململانێکان هێنده توندن، به‌ڕاده‌یه‌ك به‌شێک له رۆشنبیران باس له جۆگهلەی خوێنی ڕه‌مزی ده‌که‌ن. ژان پۆل سارته‌ر تا ئه‌و ڕۆژه‌ش مرد ئه‌سڵه‌ن دانی به‌وه‌دا نه‌نا که پیه‌ر بۆردیۆ ڕۆشنبیره! له‌نێو ئه‌م کێڵگه‌یه‌دا ته‌نيا له‌سه‌ر پهراگرافێك، جاک دێریدا جه‌نگی بێسنوری له‌گه‌ڵ میشێل فوکۆدا ڕاگه‌یاندبوو! که بۆردیۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه پاریس، چۆن ده‌توانێت له‌نێو ئه‌م ململانێ توندانه‌دا نه‌ك هه‌ر جێگایه‌ك بۆخۆی بکاته‌وه، به‌ڵکو خۆشی وه‌ك پێگه‌یه‌کی هه‌یمه‌نه‌دار فه‌رزبکات؟
فرێدێریك لۆ بارۆن: ئه‌و وه‌سفانه‌ی تۆ بۆ کێڵگه‌ی ڕۆشنبیری و زانستی فه‌ره‌نسی له شوێنی خۆیایه‌تی و تا ئێستاش هه‌روایه. بێگومان بۆردیۆ که ده‌گه‌ڕێته‌وه، سه‌ره‌تا ده‌که‌وێته نێو چوارچێوه‌یه‌کی زۆر بچوکه‌وه‌و له خواری خواره‌وه ده‌ست پێده‌کات و بابه‌ته‌کانی له‌سه‌ر جه‌زائیر له گۆڤاره زانستیه‌کاندا بڵاوده‌کاته‌وه، به‌تایبه‌تی له گۆڤاری «ئیسپری» و له‌م ڕێگایه‌وه و ورده ورده خۆی ده‌ناسێنێت و پێگه‌یه‌کی بچوک له‌نێو کێڵگه‌ی زانستیدا بۆ خۆی دروست ده‌کات. کاتێك که بۆردیۆ له یه‌کێك له بابه‌ته‌کانیدا ڕه‌خنه له هه‌ڵوێستی ژان پۆل سارته‌ر له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌ی جه‌زائیری ده‌گرێت و باس له‌وه ده‌کات که سارته‌ر تێگه‌شتنێکی قووڵی سه‌باره‌ت به‌م کۆمه‌ڵگه‌یه نیيه و شته‌کان تێکه‌ڵ ده‌کات، ئیدی جه‌نگی نێوان ئه‌م دووانه ده‌ست پێده‌کات و ئاستی به‌رزی زانستیی پیه‌ر بۆردیۆش بۆ هه‌موو لایه‌ك ئاشکرا ده‌بێت. سارته‌ر له ڕوانگه‌یه‌کی ئه‌فسانه‌ییه‌وه باس له شۆڕشی جه‌زائیری ده‌کات و پشتیوانی لێده‌کات، بۆردیۆ باس له‌وه‌ده‌کات که ئه‌م ڕوانگه‌یه هیچ پێوەندیه‌کی به واقیعی کۆنکرێتیه‌وه نیيه و ته‌نيا له خه‌یاڵدانی سارته‌ر خۆیدا بوونی هه‌یه.
له‌نێو ئه‌م جه‌نگه‌دا یه‌کێك له ڕۆشنبیره هه‌ره گه‌وره‌کانی فه‌ره‌نسا، که هیچی که‌متر نه‌بوو له سارته‌ر، به‌توندی پشتیوانی له پیه‌ر بۆردیۆ ده‌کرد، که ئه‌ویش رایمۆن ئارۆن بوو. ئارۆن یه‌کێك بوو له پایه‌کانی کێڵگه‌ی ڕۆشنبیری فه‌ره‌نسی و له سیه‌کانی سه‌ده‌ی ڕابوردودا به خیابانی «ئیولم» دا تێپه‌ڕیبوو. دواتر ده‌بێت به بیرمه‌ندی مه‌زنی لیبرالیسمی فه‌ره‌نسی و دواتر ده‌بێت به «مه‌رجه‌عی» به‌شێکی زۆر له حزبه ڕاست ڕه‌وه‌کانی فه‌ره‌نساو له ڕۆژنامه‌ی «لۆ فیگارۆ»دا بابه‌ته‌کانی بڵاوده‌کاته‌وه. پیه‌ر بۆردیۆ ده‌بێت به سکرتێری گشتی موختهبهرهکهی ئارۆن له سۆربۆن و پێوەندیه‌کی به‌هێز له‌نێو ئه‌م دوو که‌سه‌دا دروست ده‌بێت. ده‌توانم بڵێم ئارۆن باوکی فیکری پیه‌ر بۆردیۆیه.
گوڵان: باوکێك که دواتر به‌ده‌ستی کوڕه‌که‌ی ده‌کوژرێت. له‌یه‌که‌م هه‌لدا پیه‌ر بۆردیۆ سه‌ری رایمۆن ئارۆن ده‌په‌ڕێنێت!
فرێدێریك لۆ بارۆن: هههه، ناتوانم بڵێم کوشتنی، به‌ڵام نیوه گیانی کرد! له ڕاستیدا لێک جیابوونه‌وه‌ی ئه‌م دووانه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ خۆپیشاندانه‌کانی مایسی 1968 ی پاریس. ئارۆن به‌توندی دژایه‌تی خۆپیشاندانه‌کان ده‌کات و وه‌ك بیرمه‌ندێکی ڕاستڕه‌و خۆی ده‌خاته سه‌ر شانۆکان. پیه‌ر بۆردیۆ ئه‌مه‌ی پێ هه‌ڵه‌بوو. پێی وابوو که سۆسیۆلۆژیا ده‌بێت که‌ره‌سه‌کانی ڕه‌خنه‌گرتن بداته ده‌ست جه‌ماوه‌ری ڕاپه‌ڕیو، بۆئه‌وه‌ی بتوانن هه‌م خۆیان بناسن و هه‌م ده‌وروبه‌ریشیان. واته وشیاریان بکاته‌وه. واته بۆردیۆ له‌نێو «دژایه‌تیکردن» و «لایه‌نگریکردن»دا نه‌بوو، به‌ڵکو له‌نێو کرده‌ی به‌رهه‌مهێنانی مهعریفهدابوو.
جیابونه‌وه‌ی له ئارۆن سه‌ره‌تای ده‌ستپێکردنی هاوپهیمهنیهکی نوێ بوو که دواتر ئاستێکی جیهانی به پیه‌ر بۆردیۆ ده‌به‌خشێت: هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ میشێل فوکۆدا. تۆ ده‌زانیت له‌نێو کێڵگه‌ی ڕۆشنبیریدا گه‌ر هاوپهيمانت نه‌بێت به‌ڕۆژی نیوه‌ڕۆ «ڕاو»ده‌کرێیت و گۆشته‌که‌ت ده‌درێت به ئاژه‌ڵه دڕنده‌کان و کۆتاییت پێدێت. هاوپه‌يمانی نوێی نێوان میشێل فوکۆی فه‌یله‌سووف و پیه‌ر بۆردیۆی سۆسیۆلۆگ چه‌ندین ده‌رگای له‌سه‌ر کردنه‌وه. یه‌کێك له‌وانه ده‌رگای کۆلێژ دو فرانس بوو. فوکۆ هه‌موو تۆڕه‌کانی پێوەندی سازدا بۆئه‌وه‌ی بۆردیۆ بکات به پرۆفیسۆر له کۆلێژ دو فرانس و به‌سه‌رکه‌وتوویی ئه‌م کاره‌ی ئه‌نجامدا. بۆردیۆ ده‌رگای سیمیناره‌کانی بۆ فوکۆ کرده‌وه.
گوڵان: ئێمه تائێره باسمان له مێژووی پیه‌ر بۆردیۆ کرد، لێره به دواوه پێم باشه باس له تیۆری پیه‌ر بۆردیۆ بکه‌ین، به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر زه‌بروزه‌نگ. تۆ ده‌زانیت زه‌بروزه‌نگ چه‌ندین فۆرمی هه‌یه. بۆ له‌نێو هه‌موو ئه‌م فۆرمانه‌دا بۆردیۆ به‌ته‌نيا کلیک له‌سه‌ر زه‌بروزه‌نگی ڕه‌مزی ده‌کات؟ له‌پێناوی چیدا بۆ نمونه زه‌بروزه‌نگی ده‌وڵه‌ت دژ به کۆمه‌ڵگه، یان کۆمه‌ڵگه دژ به ده‌وڵه‌ت، زه‌بروزه‌نگی ده‌وڵه‌ت به‌رامبه‌ر به ده‌وڵه‌ت، کۆمه‌ڵگه به‌رامبه‌ر به کۆمه‌ڵگه، بکرێت به قوربانی زه‌بروزه‌نگی ڕه‌مزی؟
فرێدێریك لۆ بارۆن: له‌ڕاستیدا ئه‌مه ناوه‌ڕۆکی تیۆری پیه‌ر بۆردیۆ پێکده‌هێنێت. چه‌مکی زه‌بروزه‌نگی ڕه‌مزی لای بۆردیۆ مێژوویه‌کی تایبه‌تی هه‌یه. کاتێک ئه‌و له جه‌زائیر بوو، دوو لایه‌ن له جه‌نگدابوون : سوپای فه‌ره‌نسی له‌لایه‌ك و به‌ره‌ی ڕزگاریخوازی جه‌زائیری له‌لایه‌کی دیکه‌وه. ئه‌و خوێندنه‌وانه‌ی که بۆ ئه‌م جه‌نگه ده‌کران هه‌موویان له‌سه‌ر جه‌نگی ده‌سته‌ویه‌خه‌و فیزیکی بوون. به‌ڵام لێره‌دا پیه‌ر بۆردیۆ دێت و پێمان ده‌ڵێت که ئه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌یه ته‌نيا جه‌نگی دوو سوپا نیيه، به‌ڵکو جه‌نگی دوو سیسته‌می کولتوریشه.
زه‌بروزه‌نگی ڕه‌مزی بریتیه له فه‌رزکردنی هه‌ژموونی خۆت به‌سه‌ر که‌سێك یان گرووپێکدا که ڕازیيه به‌م کرده‌یه‌و به‌ره‌نگاری ناکات. واته هه‌موو زه‌بروزه‌نگێکی نافیزیکی زه‌بروزه‌نگی ڕه‌مزی نیيه. یه‌که‌م مه‌رجی ئاماده‌بونی کرده زه‌بروزه‌نگی ڕه‌مزی بریتیه له ڕه‌زامه‌ندی ئه‌و که‌سه‌ی که ده‌بێت به بابه‌تی ئه‌م کرده‌یه. بۆ به‌رهه‌مهێنانی کرده‌ی زه‌بروزه‌نگی ڕه‌مزی، هه‌ردوولا، ههژموونکارو هه‌ژموون له‌سه‌رکراو، وه‌ك یه‌ك به‌شداری ده‌که‌ن. واته به‌بێ به‌شداری ڕاسته‌وخۆی هه‌ژموون له‌سه‌رکراو هه‌رگیز هه‌ژموونکار ناتوانێت موماره‌سه‌ی زه‌بروزه‌نگی ڕه‌مزی بکات. هه‌ژموون له‌سه‌رکراو، له‌ڕێگای قبوڵکردنی جیهانبینی، کولتور، بڕیار، ئه‌خلاق و پرۆژه‌کانی ههژموونکارانهوه، به‌شداریده‌کات. ههژموونکاریش، له‌ڕێگای ته‌به‌عیه‌تی بۆ سیسته‌می هه‌ژموونه‌وه، به‌شداری ده‌کات. لێره‌وه هه‌موو زه‌بروزه‌نگێک ناچێته نێو چوارچێوه‌ی زه‌بروزه‌نگی ڕهمزیيهوه.
گوڵان: پاش پشکنینی به‌شێکی زۆر له کتێبه‌کانی پیه‌ر بۆردیۆ، تێزێکم له‌سه‌ر زه‌بروزه‌نگی ده‌وڵه‌ت ده‌ستنه‌که‌وت. له‌کاتێکدا ئه‌و له زه‌مه‌نێکدا دروست بوو، جه‌نگی جه‌زائیر، که ده‌وڵه‌تی فه‌ره‌نسی به بێ سنوور زه‌بروزه‌نگی به‌رهه‌م ده‌هێنا. زه‌بروزه‌نگ به گۆشت و ئێسقانه‌وه. زیاتر له ملیۆنێک مرۆڤ بوون به سوته‌مه‌نی زه‌بروزه‌نگی ده‌وڵه‌ت ! ئایا ئه‌مه جۆرێك له بۆشایی له فیکری بۆردیۆدا دروست ناکات ؟
فرێدێریك لۆ بارۆن: له‌ڕاستیدا زه‌بروزه‌نگی ده‌وڵه‌ت بابه‌تی توێژینه‌وه بۆردیۆ نیيه. ئه‌و له‌شوێنێکه‌وه ده‌ستپێده‌کات که ئه‌وانی دیکه خاڵی کۆتای‌یان داناوه. ئه‌و ده‌یوست بڵێت که له‌ده‌ره‌وه‌ی جه‌نگی ده‌سته‌ویه‌خه، جه‌نگێکی دیکه‌ش هه‌یه که ته‌نانه‌ت له‌نێو کۆمه‌ڵگه هه‌ره مهدهنیهکانیشدا به‌رده‌وام به‌ڕێوه‌یه.
گوڵان: ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر زه‌بروزه‌نگی بزووتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانیش کاری نه‌کردوه !
فرێدێریك لۆ بارۆن: نه‌خێر. سه‌باره‌ت به بزووتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان، پیه‌ر بۆردیۆ چه‌مکی ململانێ ده‌هێنێته پێشه‌وه و له‌م ڕێگایه‌وه پێوەندیيهکانی هێز ده‌خوێنێته‌وه. له‌سه‌ر ئاستی سیاسی بۆردیۆ هه‌ڵوێستی پۆزه‌تیڤانه‌ی له‌سه‌ر ململانێی چه‌وساوه‌کان هه‌یه، ململانێی چه‌کداری، ڕاپه‌ڕین، شۆڕش. به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستی زانستی، نه‌خێر کاری جددی له‌سه‌ر نه‌کردوه.
گوڵان: یه‌کێك له‌و ڕه‌خنانه‌ی که به‌توندی ئاڕاسته‌ی پیه‌ر بۆردیۆ و ئێوه و قوتابخانه‌که‌تان ده‌کرێت بریتیه له بینینی کێڵگه‌کان وه‌ك زیندانی تا هه‌تایی. واته له‌نێو هه‌ر کێڵگه‌یه‌کدا سیسته‌مێکی پێکهاتوو له دوو پێگه هه‌یه. پێگه‌ی هه‌ژموونداره‌کان، پێگه‌ی ههژموونلهسهر کراوه‌کان. ئێوه هه‌ستێک لای مرۆڤ دروستده‌که‌ن که بۆ هه‌تا هه‌تایه هه‌ژموونداره‌کان و ههژموونلهسهرکراوهکان وه‌ك خۆیان ده‌مێننه‌وه و چیدی ڕووبه‌رێك بۆ گۆڕانکاری نامێنێته‌وه. ئایا به‌راستی ئێوه جیهانی کێڵگه‌کان، سیاسی، ئابوری، کۆمه‌ڵایه‌تی، ڕۆشنبیری به‌م شێوه‌یه ده‌بینن ؟
فرێدێریك لۆ بارۆن: پێموایه ئه‌مه یه‌کێکه له‌و پێناسانه‌ی که رکابه‌ره‌کانمان بۆ ئێمه‌یان دروستکردوه، گه‌رنا له‌هیچ یه‌کێک له به‌رهه‌مه‌کانماندا شتێکی له‌م جۆره نابینرێت. به‌پێچه‌وانه‌وه، ئێمه پێمانوایه لۆژیکی به‌ڕێوه‌بردنی کێڵگه هه‌ڵگری سروشتێکی دینامیکیه نه‌ك مه‌نگ و وه‌ستاو. له‌نێو کێڵگه‌دا شته‌کان له جووڵانێکی به‌رده‌وامدان. پێگه‌کان له ململانێدان و له‌هه‌ر چرکه‌یه‌کدا ده‌کرێت جێگۆڕکێیان پێبکرێت.
له‌نێو کێڵگه‌دا گریمانه‌ی شۆڕش هه‌میشه ئاماده‌یه. شۆڕش له‌پێناوی جێگۆڕکێ پێکردنی پێگه‌کاندا. شۆڕشگێڕه‌کان ئه‌وانه‌ن که له ئێستادا هه‌ژموون لهسهرکراون، به‌ڵام له‌ڕێگای کۆکردنه‌وه‌ی زۆرترین سه‌رمایه‌ی تایبه‌ت به کێڵگه‌وه، خۆیان پڕچه‌ک ده‌که‌ن و دواتر شۆڕش به‌سه‌ر هه‌ژموونداره مێژووییه‌کاندا ده‌که‌ن و له‌سه‌ر عه‌رش ده‌یانهێننه خواره‌وه. بێگومان هه‌موو هه‌ژموون له‌سه‌رکراوه‌کان توانایی ئه‌وه‌یان تیادا نیيه که ببن به شۆڕشگێڕ. ئه‌و بکه‌رانه‌ی که له‌نێو کێڵگهدان و له‌ڕێگای ململانێی سه‌خته‌وه، له‌ڕێگای ماندووبوون و کارکردنی جددی به‌رده‌وامه‌وه، له‌ڕێگای به‌رهه‌مهێنانی داهێنه‌رانه‌وه دێن و پێوەندیه‌کانی هێز و هاوکێشه‌کان ده‌گۆڕن.
گوڵان: پێمخۆشه له کۆتایی ئه‌م گفتوگۆیه‌ماندا بزانم ڕه‌گوڕیشه‌ی ململانێی ئێوه بۆردیۆییهکان له‌گه‌ڵ تورێنێیهکاندا(قوتابخانه‌ی ئالان تورێن) دهگهتهوه بۆ که‌ی؟
فرێدێریك لۆ بارۆن: به درێژایی مێژووی ئه‌م دوو قوتابخانه‌یه، هه‌ر له شه‌سته‌کانه‌وه تا ئێستا، هه‌میشه ململانێیه‌ك هه‌بووه. ئێمه دوو جیهانبینی جیاواز‌و دوو میتۆدۆلۆژیای جیاوازمان هه‌یه. به‌ڵام ته‌قینه‌وه‌ی ململانێکان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی 1995، کاتێك پیه‌ر بۆردیۆ له وێستگه‌ی شه‌مه‌نه‌فه‌ری «گار دو لیۆن» له پاریس به‌شداری خۆپیشاندانی کرێکارانی کرد‌و وه‌ك بزووتنه‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی باسی کردن. لێره‌دا ئالان تورێن که نزیکه‌ی سی ساڵ بوو کاری له‌سه‌ر بزووتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان کردبوو، هاته ده‌نگ و به‌توندی وه‌ڵامی پیه‌ر بۆردیۆی دایه‌وه که ئه‌و خۆپیشاندانه هیچ ره‌گه‌زێکی بزووتنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی تیادا نیيه. له‌م چرکه‌ساته‌وه جه‌نگێکی کراوه له‌نێوان هه‌ردوو قوتابخانه‌که‌دا ڕاگه‌یه‌نرا. تورێنیهکان زیاتر له لیبراله‌کان و سۆسیال لیبراله‌کان نزیکن. بۆردیۆییهکان له چه‌پی چه‌پ. به‌ڵام له‌ئێستادا ورده ورده کاڵ ده‌بێته‌وه و وه‌ك تۆ ئاگات لێیه پێکه‌وه قسه ده‌که‌ین و له هه‌ندێ ده‌رفه‌تیشدا هاریکاری یه‌کتری ده‌که‌ین.