پرۆفیسۆر ئۆفرا بێنگۆ بۆ گوڵان:هۆلۆكۆست فێری كردین تەنیا دەوڵەتی سەربەخۆ جوولهكه دهپارێزێت
March 13, 2014
دیمانەی تایبەت
پرۆفیسۆر ئۆفرا بێنگۆ ئوستادی مێژووی هاوچەرخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لەزانكۆی تەلئەبیب و تایبەتمەندە لەسەر سیاسەتی هاوچەرخی عێراق و هەروەها تایبەتمەندیشە لەسەر پرسی كەمینەكانی رۆژهەڵات و گەلی كورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پرۆفیسۆر بینگۆ تۆژەری باڵایە لە سەنتەری موشی دایان بۆ دیراساتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقیا، بۆ قسەكردن لەسەر پرسی جینۆساید كە گەلی كورد و ئەرمەن و جوولەكە لە سەدەی بیستەم رووبەڕووی بوونەوە، چەند پرسیارێكمان ئاڕاستەی پرۆفیسۆر ئۆفۆا بێنگۆ كرد و بەمجۆرە وەڵامی گوڵانی دایەوە.* لە مێژووی مرۆڤایەتیدا چەندین نەتەوە هەن كە ڕووبەڕووی كۆمەڵكوژی و كارەسات بوونەتەوە، لە نێویاندا، نەتەوەكانی كورد و ئەرمەن و جوولەكە، كە ئەمە كێشەیەكی زۆر زەق بوو لە سەدەی بیستدا، بە تێڕوانینی ئێوە چۆن جیهان قەرەبووی ئەو نەتەوانە دەكاتەوە كە دووچاری كۆمەڵكوژی هاتوون؟
- ئێمە ناتوانین بەو شێوەیە باسی جیهان بكەین وەك ئەوەی یەك قەوارە بێت. تۆ دەتوانیت وەك یەك دامەزراوە باسی نەتەوە یەكگرتووەكان بكەیت كە دەیتوانی سزای تاوانكارەكە بدات، بەڵام ئەم دامەزراوەیە زۆر لاوازترە ئەم كارەی پێ بكرێت. مەسەلە گرنگەكە ئەوەیە كە پێویستە دەوڵەتە تاوانبارەكە بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت و قەرەبووی ئەو خەڵكانە بكاتەوە كە دووچاری جینۆساید بوونەتەوە بەهۆی كردەوەكانی ئەو دەوڵەتەوە. پێویستە «جیهان»، و بەدیاریكراوی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پاڵپشتی و پشتیوانی ئەخلاقی دەستەبەر بكەن، كە ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت لە فشاردروستكردن لەسەر ئەو وڵاتە، بە هەرحاڵ هیچ قەرەبووكردنەوەیەك بە ڕاستی لە ئاست ئێش و ئازاری ملیۆنەها كەسدا نییە.
* ئەو نەتەوانەی ڕووبەڕووی كۆمەڵكوژی و كارەسات بوونەتەوە هەوڵدەدەن ئەو كارەساتانە بە جینۆساید بناسرێن، بە بۆچوونی ئێوە ئایا لە ڕوانگەی یاساو ڕێسای نێودەوڵەتییەوە گرنگی ناساندنی كۆمەڵكوژی نەتەوەیەك بە جینۆساید چییە؟ ئایا تا چ ڕاددەیەك ئەم دانپێدانانە گرنگە بۆ نەوەكانی داهاتوو؟
- پێویست بوو بە جینۆساید ناساندن بەهایەكی ئەخلاقی زۆر گرنگی هەبوایە و پێویست بوو ببوایەتە هۆی ئەوەی دەوڵەتانی نوێ سڵ بكەنەوە لە ئەنجامدانی كردەوەیەكی لەم چەشنە. بە داخەوە، ئەمە لە جیهانی ڕاستەقینەدا ڕوونادات. باشترین بەڵگەش ئەو جینۆسایدە نوێیانەیە كە ڕوویانداوە لە جیهاندا تەنانەت دوای ئەوەی شوا وەك جینۆساید ناسێنرا.
* كۆمەڵكوژی ئەرمەنیەكان و كۆمەڵكوژی جوولەكەكان وەك جینۆساید ناسێنران، و هەردوو نەتەوەی ئەرمەن و جوولەكە بوونە وڵاتێكی سەربەخۆ، ئایا تا چ ڕاددەیەك بە جینۆساید ناساندنی كۆمەڵكوژیەكانیان فاكتەرێك بوو بۆ سەربەخۆبوونیان و بۆ دامەزراندنی ئیسرائیل و ئەرمەنیا؟
- پێموانییە ئەم دانپێدانانە فاكتەرێكی زۆر گرنگ بووبێت لە دامەزراندنی ئیسرائیلدا. ئەوەی گرنگ بوو ئەو دەرسە بوو كە جوولەكەكان خۆیان فێری بوون لەو ئەزموونە مەترسیدارەی ڕووبەڕوویان بۆوە و بڕیاردانیان بەوەی ڕێگە بە دووبارە بوونەوەی نەدەن. كاتێك دەوڵەتێك سەربەخۆ دەبێت ئەوا باشتر دەتوانێت هاووڵاتیەكانی بپارێزێت و ڕێگە لە جینۆسایدێكی دیكە بگرێت. كەواتە یەكەم مەسەلەی گرنگ لە دامەزراندنی دەوڵەتدا بریتییە لە ئیرادەی خەڵك.
* چەندین جار كوردەكان دووچاری كۆمەڵكوژی بوونەتەوە و شاری هەڵەبجە لە هەرێمی كوردستانی عێراقدا ڕووبەڕووی بۆردومانی كیمیایی بۆوە، لەسەر ئاستی چەند وڵاتی ئەوروپی ئەم كۆمەڵكوژیە وەك جینۆساید ناسێنراوە، و حاڵی حازر ئەم مەسەلەیش لەلایەن پەرلەمانی ئەوروپاوە موناقەشە دەكرێت، بە بۆچوونی ئێوە بۆچی تا ئێستا تاوانەكانی ئەنفال و كیمیابارانكردنی هەڵەبجە بە جینۆساید نەناسێنراون؟
- بە تێڕوانینی من وەڵامەكە زۆر سادەیە: سیاسەت و بەرژەوەنديیە. زۆربەی وڵاتانی جیهان دەیانەوێت بزنس بكەن لەگەڵ عێراقدا و نایانەوێت ئەم دەرفەتە بخەنە مەترسییەوە بەوەی دانپێدانانێك بە كورد ببەخشن، ئەمە سەرەڕای ئەوەی حكومەتی عێراقی دوای سەددام حوسێن خۆی دانی پێداناوە. بۆچی؟ لەبەر ئەوەی ئەگەر ئەم كارە بكەن ئەوا ڕەنگە دەرئەنجامەكە ئەوە بێت كە پێویستە كورد مافی دامەزراندنی دەوڵەتی خۆیان هەبێت بۆ ئەوەی بتوانن لە بەرامبەر جینۆسایدێكی دیكەدا بەرگری لە خۆیان بكەن.
* دوای ئەوەی كوردەكان ڕووبەڕووی جینۆساید بوونەوە، ئەوا ئێستاش ڕووبەڕووی هەڕەشە بوونەتەوەو ئایندەیان لە مەترسیدایە، تا چ ڕاددەیەك بە جینۆساید ناساندنی كۆمەڵكوژیەكان كوردەكان لە هەڕەشە و مەترسیەكانی ئێستا ڕزگار دەكات؟
- هەروەك پێشتر ئاماژەم پێكرد دانپێدانان تەنها لە ڕووی بەهای ئەخلاقیەوە گرنگی خۆی هەیە. ئەگەرنا بە هیچ شێوەیەك نابێتەهۆی ئەوەی ڕێگری لە حكومەتێك بكات لە ئەنجامدانی تاوانگەلێكی لەم شێوەیە. باشترین نموونە بریتییە لە بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لەلایەن ئەسەدەوە دژی خەڵكەكەی خۆی كە لە دۆخێكی لاوازدان، ئەمە لە كاتێكدا «جیهان» نزیكەی هیچ شتێك ناكات لە بەرامبەریدا.
* بە باوەڕی ئێوە تا چ ڕاددەیەك بە جینۆساید ناساندنی كۆمەڵكوژیەكانی كورد دەبێتە فاكتەرێك بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان بە چەشنی ئیسرائیل و ئەرمینیا؟ ئایا پێویستە كورد چی بكات بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی؟
- بۆ ئەوەی كوردەكان ببنە خاوەنی دەوڵەتی خۆیان، ئەوا دەبێت سەرەتا ژێرخانی وڵاتەكەی خۆیان بنیات بنێنەوە، بە دیاریكراوی زەمینەكە لە ڕووی كەلتوری و ئابووری و سیاسی و سەربازییەوە ساز بكەن. گرنگترین پێكهاتە بریتییە لە تێڕوانین و یەكێتی لە نێو خەڵكەكە و پارتە سیاسییە جیاوازەكاندا.