برندان ئۆلێری:كوردستان و باشووری سۆدان له‌شه‌ش رووەوە‌ له‌یه‌كده‌چن بۆ باشووری سۆدان سه‌ربه‌خۆ بوو كورد به‌ فیدرالیزم رازییه‌؟

برندان ئۆلێری:كوردستان و باشووری سۆدان له‌شه‌ش رووەوە‌ له‌یه‌كده‌چن بۆ باشووری سۆدان سه‌ربه‌خۆ بوو كورد به‌ فیدرالیزم رازییه‌؟
لە مانگی شوباتی 2011 و لە ریفراندۆمێكدا باشورییەكانی سۆدان دەنگیان بۆ دەوڵەتی سەربەخۆدا و دەوڵەتی باشوری سۆدانیان راگەیاند، بەمەش سۆدان دابەشكرا، هاوشێوەی كێشەی باشووری سۆدان، كێشەی كوردیش لەعیراقدا بوونی هەیە، بەڵام هەوڵەكانی بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە ئێستا لە عیراقدا هەوڵدانە بۆ بونیادنانی دەوڵەتێكی فیدرالی كە پێناچێت سەركەوتوو بێت، پرۆفیسۆر براندن ئۆلێری كە تایبەتمەندە لەسەر سۆدان و هەروەها تایبەتمەندیشە لەسەر عیراق و هەرێمی كوردستان، لە موحازەرەیەكدا كە رۆژی 4ی نۆڤەمبەری 2011 لەزانكۆی لەندەن بۆ زانستی ئابووری و سیاسەت پێشكەشی كردووە ئەو پرسیارەی وروژاندووە: (بۆچی سۆدان دابەشكرا و عیراق بە فیدرالی دەكرێت؟) لەم موحازەرەیەدا بەراوردی رووە لێكچووەكانی هەرێمی كوردستان و باشوری سۆدان دەكات، گوڵان دەقی ئەم موحازەرەیەی كردووە بەكوردی، بەڵام ئەم چەند پەرەگرافەی لێرەدا بڵاو دەكەینەوە.
لەو پرسیارە ڕژدو گرینگەوە ده‌ست پێده‌كه‌م (بۆچی سۆدان دابه‌شكرا و عیراق به‌فیدرالی ده‌كرێت؟) ئه‌وجا هەوڵی كردنەوەی گرێكوێرەو لوغزێك دەدەم ئەویش بریتییە لەوەی بڵێین بۆچی گەلی كورد وێڕای ئەوەی تووشی پرۆسەكانی قڕكردن و ڕاگواستن و هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەكەیان دراوە، كەچی بە چەشنی خەڵكانی باشوری سۆدان سەرسەختانە خوازیاری سه‌ربه‌خۆیی نین؟
سەرەتا شەش خاڵ یان شەش هێڵی هاوتەریبی سەرنجڕاكێش هەن لێره‌دا ده‌یانخه‌مه‌ ڕوو:
یەكەم: لە سەرەتای ساڵی 1920 هەردوو وڵاتی عیراق و سۆدان دروستكراوی بڕیارێكی ناژیرانەی دەستی بەریتانیا بوون، خاكەكانیان وەك میراتێك لە دوای عوسمانیەكانەوە كەوتنە بندەستی دەسەڵاتی ئیمبراتۆریەتی بەریتانیا، لە هەردوو خاكەكەدا، سێ پێكهاتەیان لە یەكدا كۆكردۆتەوە، واتا لە عیراقدا هەرسێ ویلایەتی موسڵ كە زۆربەی خاكی هەرێمی كوردستانی ئێستا دەگرێتەوە، هەروەها ویلایەتی بەسرە و ویلایەتی بەغدا لەلایەن بەریتانیاوە خرانە ناو پێكهاتەیەك بە ناوی عیراقەوە، بەڵام هەر لە سەرەتاوە كورد ئەو ناسنامە نەتەوەییە عیراقیەی پێ قبوڵ نەكرا، شیعەكانیش نەیانویست ڕوانینێكی پان عەرەبییان هەبێت، لە به‌رامبه‌ردا سۆدانیش به‌مجۆره‌ له‌ هەرسێ هەرێمی سەڵتەنەتی فەنج و سەڵتەنەتی فۆر كە گرووپێكی ئیتنی باڵای جیاوازەو هەروەها باشووری سۆدان، ئەمانیش لە سایەی حوكمڕانی بەڕیتانیادا بەناوی وڵاتی سۆدان پێكەوە لە ناسنامەیەكی گشتیداو لە ژێر سایەی یاسایەكی نێودەوڵەتیدا كۆكرانەوە..
دووەم: هەردوو وڵاتی سۆدان و عیراق لە ناو وڵاتانی عەرەبیدا دوو نموونەن بۆ بە عەرەبكردنی ئیتنی جیاوازو بە ئیسلامیكردنی ئایینی جیاواز، كە لە هەردووكیاندا خاك و ناوچەی ناكۆكی لەسەری تێدا دروست بوون، كە قەوارەی ئەو ناوچانەی ناكۆكییان لەسەرە لە خاكدا فراوانن و لە كەلتووری ئیتنی و پێڕەوی ئایینیدا زۆر و فرەیین، بەریتانیا لەوەدا سەركەوتوو بوو كە هەردوو وڵاتەكەی سەنترالیزە كردو بە عەرەبی كردن، بەڵام هەردوو وڵات بە درێژایی زیاتر لە 90 ساڵ لە ناوخۆیانەوە ڕووبەڕووی بەرهەڵستی بەردەوام بوونەوە..
سێیەم: فەرمانڕەوایەتی پاش دەسەڵاتی ئینگلیز لە هەردوو وڵاتی سۆدان و عیراقدا تا ساڵی 2005 كەوتبوونە بن دەستی دەستەبژێرێكی فەرمانڕەوای كه‌مینه‌، له‌سۆدان كه‌وته‌ ژێر فه‌رمانڕه‌وایی سەر بە كەمینەی ئیتنی كە وەك سەرخێڵ بەسەر ڕەشماڵ نشیندا ڕادیكاڵانە جڵەوی حوكمیان بەسەر پێكهاتەكانی تردا بەدەستەوەبووە، لە عیراقیشدا سەرەتا ئەفسەرانی خانەوادەی شەریف حوسێن كۆنترۆڵی كابینەكانی حوكم و سوپایان كرد بەو شێوەیە عەرەبە سوننەكان زاڵدەست بوون بەسەر دەوڵەتی عیراق و دواتریش بەعسیەكان حوكمیان گرتە دەست كه‌ لە پازدە ئەندامەكەی ئەنجومەنەكە چواردەیان عەرەبی سوننە بوون و سەرتاپای عیراقیان بەڕێوەدەبرد، لە سۆدانیشدا چینێكی كەم لە قەوارەو ژمارەدا سەرجەم چینەكان و نەتەوەكانی سۆدانیان هەڵدەسوڕان..
چوارەم: هەردوو وڵاتی عیراق و سۆدان ڕەوتی سیاسییان هاوشێوەیە لە سەردەمی سەربەخۆییانەوە تا دەگاتە ساڵی 2005، كە پاش ئەو بەروارەش لە هەردوو وڵاتدا سیاسەتی دەرەوەیان بەرەو پان عەرەبیزم هەنگاوی دەنا، هەردووكیان لە سەرەتاوە ئەفسەرانی ئازاد ڕۆڵیان لە ڕەنگڕێژكردنیدا بینیوە، چ لە ساڵی 1958 لە عیراق و ساڵی 1963 لە سۆدان دەسەڵات لەڕێی كودەتاوە گیراوەتە دەست، لە هەردوو وڵاتدا ڕژێمی سۆسیالیستی دامەزراوەو تەنیا پارتێك تیایاندا باڵادەست بوون، هەردووكیان عەلمانی بوون و دواتر بەرەو بە ئیسلامی بوون چوون، هەردوو دەوڵەت بوونە خاوەنی نەوت و ناكۆكی و دوژمنایەتی ئیتنی لە هەردوو وڵاتەكەدا لە چڵەپۆپەدا بوو، لە هەردوو دەوڵەتدا سوپای پۆڵایین بۆ سەركوتكردنی یاخیبوونەكان بەكاردەهێنران، هەموو تەركیزی دەوڵەتی عیراق لەسەر كەركوك و ناوچە كوردییە كێشە لەسەرەكان بوو، هەموو تەركیزی سۆدانیش لەسەر ئابێ بوو كە لە هەردوو ناوچەكەدا تێكەڵەیەك لە گرووپی ئیتنی و ئایینی جیاوازی تێدا نیشتەجێن، هەردوو وڵات تا ئاستێكی زۆر سەركوتكاربوون لە بەرانبەر ڕكابەرە ئیتنی و ئایینی و ئیدیۆلۆژییەكان، لە هەردوو وڵاتدا خێڵە عەرەبیەكان یان بە عەرەبكراوەكان ڕووبەڕووی خێڵە ئەفریقیەكان و هاووڵاتیە كوردەكان كراونەتەوە..لە سۆدان لە ماوەی سی ساڵی ڕابردوودا بەردەوام شەڕی ناوخۆیی و زنجیرەیەك لە ڕاگواستن و تاوانی بەربڵاو و كاری كۆمەڵكوژانە بەناو جیۆگرافیای سۆداندا تەنراوەتەوە، لە عیراقیشدا دیمەنێكی هاوشێوە هەیە كە لە ساڵانی بیستەكان و سییەكانەوە یاخیبوونی كورد بۆ مافەكانی خۆی بەردەوامی هەبووە تا سەركردایەتی بارزانی و دەرئەنجام شۆڕشی كورد گەیشت بەوەی بە هەڵمەتی جینۆسایدو ئەنفال سەركوت بكرێتەوە.
پێنجەم: هەردوو وڵات بە شێوەی سەرسوڕهێن لە ڕووی جیۆپۆلەتیكەوە پێگەیەكی ناسەقامگیریان هەیە و پشتیوانی دەرەكی بۆ یاخیبووانی ناوخۆی سۆدان بوونی هەبووە و هەروەها لە عیراقیشدا دراوسێكان وەك كاردانەوە هاریكاری خەباتكارانی كوردیان كردووە بۆ دەسەبەركردنی مافەكانیان، چونكە سۆدان و عیراقیش بەردەوام هەوڵی دەستدرێژی كردنیان بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ هەبووە..
شەشەم: هەردوو وڵات ئەزموونی پێدانی ئۆتۆنۆمییان بە گەورەترین كەمینەی وڵات هەبووە ئەگەر چی ئەزموونەكەش تەمەن كورت بووبن، لە عیراقدا ڕێكەوتنی ئازاری 1970 لەسەر دەستی مستەفا بارزانی كە چارەسەرێكی سەركەوتووی ئەوكات بوو بۆ كێشەی كورد لە عیراقدا، هەروەها لە ساڵی 1972 بە پێی ڕێكەوتنی ئەدیس ئەبابا ئۆتۆنۆمی بە هەرێمی باشووری سۆدان بەخشرا، ماددەكانی هەردوو ڕێكەوتنەكان لەیەكەوە نزیكن و هەردووكیان بە عەرەبی نووسراون، ئابێ كەركوكی سۆدانەو كەركوكیش ئابێی عیراقە..
كەواتە بەپێی ئەم شەش هێڵە تەریبە لە وەڵامدا پێشنیازی ئەوەم كردووە كە پێویستە خەڵكی كوردستانیش بە تەواوەتی لەگەڵ سه‌ربه‌خۆیی بن و له‌عیراق جیاببنه‌وه‌، كەچی ئەمە لە 2005 ڕووینەدا، چونكە لەسەر بنەمای ڕێكەوتنی نوێ دەستووری نوێیان داڕشتۆتەوەو دیپلۆماتكارە ئەمریكیەكانیش ڕۆڵیان لە داڕشتنی هەردوو دەستوورەكەدا هەبووە.
Top