خەسرۆ گۆرانبەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی بۆ (گوڵان):ئەم هەڵبژاردنە چارەنووسسازە بۆ كوردستانیەكان، هەم لەسەر ئاستی پەرلەمانی عێراق، هەمیش بۆ دووبارە سەلماندنەوەی ناسنامەی كوردستانیەتی ناوچەك

خەسرۆ گۆرانبەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی بۆ (گوڵان):ئەم هەڵبژاردنە چارەنووسسازە بۆ كوردستانیەكان، هەم لەسەر ئاستی پەرلەمانی عێراق، هەمیش بۆ دووبارە سەلماندنەوەی ناسنامەی كوردستانیەتی ناوچەك
هاوكات لەگەڵ هەلبژاردنەكانی عێراق، هەڵبژاردنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانیش بەڕێوە دەچێت، هەروەها بۆ ناوچەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستانیش كە پەرلەمانی عێراق دەنگ دەدەن، دووبارە سەلماندنەوەی ناسنامەی كوردستانیەتی ئەو ناوچانەشە، بۆیە ئەگەر ئەم هەڵبژاردنە بۆ عەرەبی عێراق تەنیا یەك جار كاریگەریی هەبێت، ئەوا بۆ هاووڵاتیانی كوردستان سێ جار گرنگی هەیە، جارێك بۆ زیادكردنی رێژەی نوێنەرانی كورد لە پەرلەمانی عێراق، جارێكی دیكە بۆ سەلماندنەوەی كوردستانیەتی ناوچە كوردستانیەكان، جارێكی دیكەش كە هەڵبژاردنی پارێزگاكان دەكرێت و گۆڕانكاری بەسەر هەیكەلی ئەنجوومەنی پارێزگاكاندا دێت بۆ ئەوەی زیاتر خزمەتی خەڵكی كوردستان بكەن، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە گرنگە ئەم وتووێژەمان لەگەڵ خەسرۆ گۆران ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی و بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەنجامداو بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
* لەگەڵ نزیكبوونەوە لەپرۆسەی هەڵبژاردنەكانی عێراق جۆرێك نیگەرانی و ئاڵۆز بوونی بارودۆخ لە عێراقدا دێتە ئاراوە، ئایا هۆكارەكەی ئەوەیە دیموكراتی لە عێراق تازەیە یان پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ مەرامی دیكە بەكاردەهێنرێت؟
- پرسی دیموكراتی و پرۆسەی هەڵبژاردن لە عێراقدا قسەو باسێكی زۆر هەڵدەگرێت، لەبەر ئەوەی عێراقیەكان لە زەمینەی كەلتوری دیكتاتۆری و تۆتالیتاریزمەوە هەنگاویان بۆ دیموكراتی هەڵگرتووە، بۆیە بەشێوەیەكی گشتی هاووڵاتیان زۆر كەم بە دیموكراتی و پرۆسەی هەڵبژاردن ئاشنان، لەوانەیە لەم پرۆسەیەدا خەڵكی كوردستان جیاوازییەكیان لەگەڵ عێراقیەكان هەبێت، لەبەر ئەوەی پرۆسەی دیموكراتی و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئازاد لە ساڵی 1992 لە كوردستان دەستی پێكرد، بەڵام لە عێراق لەدوای ساڵی 2003 و رووخانی رژێمی پێشوو ئەم پرۆسەیە دەستی پێكراو هەڵبژاردنی ئازاد ئەنجامدراوە و ئەم پرۆسەیە بۆتە هۆكارێك بۆ پیشاندانی پێگە و نفوزی جەماوەریی لایەنە سیاسییەكان، هەربۆیە ئەگەر سەرنج لەبەرەو پێشەوە چوونی ئامادەكارییەكان بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن بكەین، هەست دەكەین ساڵ لەدوای ساڵ لەڕووی دابینكردنی پێداویستی هونەرییەوە پێشكەوتنی بەخۆیەوە بینیووە، هەروەها لەڕووی دابینكردنی لۆجیستیەوە دیسان گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، بەڵام لەڕووی چۆنیەتی ئامادەسازی لایەنە سیاسییە عیراقییەكانەوە بۆ چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ پرسی بەدیموكراتیكردن و چۆنیەتی ئەنجامدانی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن هەست دەكەین گۆڕانكاری روویداوە، بەڵام بە بەراورد بە پێشكەوتنەكانی بواری تەكنیكی و لۆجیستی، شتێكی ئەوتۆ نییە. ئەگەر لێرەدا تەنیا باس لە هەڵبژاردنەكانی دوای ساڵی 2003 بكەین، ئەوا دیارە كە لەساڵی 2005 یەكەمین هەڵبژاردنی گشتی لەسەر ئاستی عێراق ئەنجامدراوە، دوای ئەو لەمانگی 10ی هەمان ساڵ ریفراندۆم لەسەر دەستوور ئەنجامدراو لەساڵی 2009 و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانیش لەعێراق ئەنجامدرا و لە2010 هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و لە 2013 هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق و بڕیاریشە بۆ ئەمساڵ 2014 هەردوو پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاكان بەڕێوە بچێت، لە هەموو هەڵبژاردنێكیش پرۆسەكە گۆڕانكاری باش بەخۆوە دەبینێت. ئەوەتا لەهەڵبژاردنی ئەم دواییەی پەرلەمانی كوردستان مۆری ئەلكترۆنی بەكارهێنراو ئەمجارەش بۆ پەرلەمانی عێراق كارتی ئەلكترۆنی و پەنجەمۆر هەیە و كۆمەڵێك كارو تەكنەلۆژیای سەردەم لەهەڵبژاردنەكان بەكار دەهێنرێن.
* باسی هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانت كرد؛ ئایا دەكرێت باسی گرنكی ئەم دوو هەڵبژاردنە بۆ هاووڵاتیانی هەرێم بكەی؟
- با سەرەتا باسی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێم بكەین؛ ئەنجامدانی هەڵبژارنی پارێزگاكان بۆ هاووڵاتیان و لایەنە سیاسییەكان و خودی پارێزگاكانیش گرنگی خۆی هەیە، كە تێیدا پارێزگارو جێگری پارێزگارو سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دیاری دەكرێت، چونكە خەڵكی پارێزگاكانی كوردستان دەبنە خاوەنی نوێنەری خۆیان و هەموو خەڵكی ناحیەو قەزاكان دەتوانن گرفت و كێشە خزمەتگوزارییەكان و كەموكوڕی و داخوازییەكانیان بگەیەننە ئەنجوومەنی هەڵبژێردراوی پارێزگاو پلان و بەرنامەو كارەكان بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان دابڕێژرێت. تەنانەت لەئەنجوومەنی پارێزگاوە گفتوگۆ لەسەر تەرخانكردنی بودجەو دابەشكردنی بەشە بودجەو پارەو پرۆژەكان بۆ سەرجەم سەنتەری پارێزگاو قەزاو ناحیەو گوندەكان دەكرێت. لەلایەكی ترەوە ئەنجوومەنی پارێزگا دەبێتە چاودێرێكی كاریگەر لەسەر كارو پرۆژەو ئەدای حكومەت و پارێزگا.
سەبارەت بەتەوەری دووەمی پرسیارەكەتان كە تایبەتە بە هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی عێراق، ئەوا كوردستانیەكان چەند ئەندامیان لەناو پەرلەمانی عێراق زیاتر بێت قورسایی و توانای كورد لەعێراق زیاتر دەبێت، گومانیشی تیدا نییە بەزیادبوونی ژمارەی ئەندامانی كوردستانی لەپەرلەمانی عێراق هێزو توانای هەرێم باشترو زیاتر دەبێت.
* وەكو ئاشكرایە ئەمجارە هەڵبژاردن بەشێوەی بازنەیی بۆ هەر پارێزگایەك بەڕێوەدەچێت، ئایا ژمارەی كورسییەكانی پارێزگاكان بۆ هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێم چەندە؟
- هەڵبژاردنەكانی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێم جیاوازن و هەر پارێزگایەك بازنەیەكە، واتا هەر كاندیدێك دەبێت لەپارێزگاكەی خۆی كاندید بكات، تەنانەت بەپێی یاسا ژمارەی كاندیدەكانی پارێزگاكانیش دیاریكراون، بۆنموونە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەپارێزگای دهۆك كێبڕكێ لەسەر 11 كورسی دەكرێت و لە پارێزگای هەولێر 15 كورسی و لەپارێزگای سلێمانی 18 كورسی و لەموسڵ 31 كورسی و لەكەركوك 14 كورسی دەبێت، تەنانەت ژمارەی كاندیدەكانی پارێزگاكانیش بەپێی یاسا بڕیار دراوە بۆ نموونە ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك (25 + 3) كورسی هەیە واتا 25 كورسی بۆ كوردەو 2 كورسی بۆ كلدان و ئاشور و سریانەو كورسیەكەی تری بۆ ئەرمەنە، بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێریش (25 + 5) چونكە لەهەولێر كۆتای توركمان و كریستیانیش هەیە، بۆ سلێمانیش 30 كورسییە، بەشێوەیەكی گشتی هەر لایەنێكی سیاسی زیاتر بهێنێت دەرفەتی بەڕێوەبردنی پارێزگاكەی زیاترە. هەر بۆیە هەردوو هەڵبژاردنەكە گرنگن، چەند هاووڵاتیانی كوردستان بە ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێمیش بەشداری زیاتری دەنگدان و پرۆسەی هەڵبژاردن بكەن ئەوەندە سوودی زیاتر دەبێت بۆ پاراستنی ناسنامەو یەكلاكردنەوەی گرفت و كێشەكانی لەعێراقدا، هەربۆیە بەشداریكردنی هاووڵاتیانی كوردستانی لەهەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراقدا چارەنووسسازە بەتایبەتی بۆ ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم لەبەر ئەوەی بە بەدەستهێنانی زۆرینەی دەنگەكان كوردستانیەتی ئەو ناوچانە زیاتر دەسەلمێنرێت، هەربۆیە پێویستە ئەوانەی لەهەرێمیش نیشتەجێن و فۆرمی خۆراكیان سەر بەو ناوچانەیەو ماددەی 140 دەیانگرێتەوە بەشداریی لەو هەڵبژاردنە بكەن لەپێناو گەڕاندنەوەی ماف و ناسنامەی كوردستانیەتی ئەو ناوچانە.
* لەپارێزگای موسڵیش كە كورد خاوەنی دەنگێكی زۆرەو لەپرۆسەی هەڵبژاردنەكانی پێشوو پارتی دیموكراتی كوردستان سەركەوتنێكی باشی بەدەست هێنا، ئایا داواكاریت بۆ خەڵكی ئەم ناوچانە چییە؟
- پارتی دیموكراتی كوردستان شانازیی بەكوردستانیەت و مۆركی نەتەوەیی ئەو خەڵكە خەباتگێڕ و دڵسۆزەی موسڵەوە دەكات و خۆی بەخزمەتكاریان دەزانێت، چونكە لەپرۆسەكانی تردا كوردستانیەتی ئەو ناوچانەیان سەلماندووە، هەربۆیە زۆر گرنگە لەم پرۆسەیەشدا بیسەلمێننەوە كە كوردستانیەكان یەك لەسەر سێی پارێزگای موسڵ پێك دەهێنن و شنگار و شێخان و تەلكیف و بەعشیقەو مەخموور و زممار و بەرتلە ناوچەی كورستانین، چەند زیاتر كوردستانیەكانی پارێزگای موسڵ بەسەرجەم پێكهاتەكانی موسڵمان و یەزیدی و كریستیانەكان بەشداری لەهەڵبژاردن بكەن ئەوەندە زیاتر كوردستانیەتی ئەو ناوچانە دەسەلمێنرێت و رۆڵی گەورەیان لەپارێزگاكە دەبێت.
* باس لەوە دەكرێت كە بۆ سەلماندنی كوردستانیەتی ناوچەكانی پارێزگای موسڵ دەبووایە هێزە كوردستانیەكان بەیەك لیست بەشداری هەڵبژاردنەكەیان بكردایە؟
- ئێمەش وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان خوازیاریی ئەوە بووین كیان و حزبە كوردستانیەكان بەیەك لیست بەشدارییان لەپرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە پارێزگای موسڵ بكردایە، هەڵبەتە لیستی هاوپەیمانیش هەیە كە پێكهاتووە لە(پارتی و شیوعی و یەكگرتوو سۆشیالیست) و لیستی یەكێتیش بەجیایەو بۆی هەیە بزووتنەوەی گۆڕانیش لیستی لەموسڵ نەبێت، بەڵام ئێستاش ئەم مەسەلەیە كێشەیەكی گەورە نییە، لەكۆتایی دا بەشداریكردنی كوردو كوردستانیەكان چەند زیاتر بێت ئەوەندە پێگەو هێزی كوردستانی لەم ناوچانە زیاتر دەبێت، گرنگ نییە بەدەستهێنانی كورسیەكان بۆ نموونە هی پارتی یا یەكێتی یا گۆڕان بێت، بەڵكو گرنگ ئەوەیە كورسی و رێژەی كورد زیاتر بێت.
* كورد بە بەردەوام كێشەی لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان هەیە، ئایا ئەمجارە گرفت و كێشەكان چین؟
- بەڵی لەهەموو هەڵبژاردنێكدا بە بەردەوام كێشەمان لەگەڵ كۆمسیۆن هەیە، زیاتر كێشەكان تەكنیكین و كێشەی تایبەتی نین، ئێمە خوازیارین كۆمسیۆن ئاسانكاریی تەواو پێشكەش بە هەموو هاووڵاتیەك بكات بۆ پیادەكردنی ئەو مافە ئاسایی و سروشتیەی، بەڵام ئەمجارە بۆی هەیە هەندێك گرفت لەسەر كارتی ئەلكترۆنی هەبێت وەكو ئەوەی خەڵك هەیە ناوی نەهاتۆتەوە یا هەڵەی تێدایە یا ناوی دووبارەیەـ تەنانەت هەندێك خێزان هەیە هەموو ئەندامانی خێزانەكە لەیەك شوێن كارتی دەنگدانیان نییە، ئومێدەوارم ئەم گرفتانە چارەسەر بكرێت.
لەلایەكی ترەوە خواستێكی زۆر هەیە كە كوردستان كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی خۆی هەبێت، پێشتریش چەند هەوڵێك دراو رەشنووسی یاسایەك هەیە، بەڵام تا ئێستا بەیاسایی لەپەرلەمانی عێراق نەكراوە، ئومێدەوارم لەپەرلەمانی عێراق كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی كوردستانی بە یاسا بكرێت و دەسەڵاتەكانی دیار بێت.
* باسی كارتی ئەلكترۆنیت كرد، ئایا پێتوانییە رێژەی وەرگرتنی كارتی ئەلكترۆنی لەلایەن هاووڵاتیانەوە تا ئێستا كەم بووە؟
- بەپێچەوانەوە خەڵكی بەرێژەیەكی باش توانیویانە كارتەكانیان وەربگرنەوە، لە پارێزگای دهۆك لەهەندێك بنكە بەرێژەی لە 60%ی كارتەكان لەلایەن هاووڵاتیانەوە وەرگیراوە و بنكەش هەیە بەرێژەی 30%یە، ئومێدەوارم ئەو هاووڵاتیانەشی كە تا ئێستا كارتەكانیان بەدەست نەهێناوە بۆ وەرگرتنەوەی كارتەكانیان سەردانی بنكەكان بكەن. بەڵام لەهەندێك شوێن گرفت هەیە، بۆ نموونە وەكو ناحیەی كەڵەك كە سەر بەقەزای بەردەڕەشە بنكەی وەرگرتنەوەیان بۆ دانەنراوە، بۆیە داوامان كردووە كە كەڵەك ناحیەیەو خاوەنی ئیدارەی تایبەتی خۆیەتی پێویستە بنكەی وەرگرتنەوەی كارتی ئەلكترۆنی بۆ دانرێت، ئەم حاڵەتە لەزۆر شوێنی تریش روویداوە ئێستا بەرەو چارەسەر كردن دەچێت.
* كاندیدەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانتان لەسەر چی پێوەرێك هەڵبژاردووە؟ ئایا رێژەی كاندیدی ئافرەت لە لیستی ئێوەدا چەندە؟
- دانانی كاندیدەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ كەسایەتی و جەماوەریی كاندیدەكان دەگەڕێتەوە، راو بۆچوونی رێكخستنەكانی خۆمان لەپارێزگاو شوێنەكان وەرگیراوە و دوا بڕیاریش بۆ سەركردایەتی حزبە كە دەیدات لەسەر بنەمای ئەو هەڵسەنگاندن و بیروبۆچوون و پێشنیارانە. سەبارەت بە رێژەی كاندیدە ئافرەتەكانیش لە هەموو هەڵبژاردنێكدا پارتی ژمارەیەكی بەرچاوی لە كاندیدی ئافرەت هەڵبژاردووە تاوەكو رۆڵیان لە پرۆسەی هەڵبژاردن هەبێت، بەپێی یاساش رێژەی كاندیدی ئافرەت بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە 30%یەو بۆ پەرلەمانی عێراقیش لە 25%، ئێمە لەو رێژەیە زیاتر كاندیمان داناوە.
Top