تۆم سۆریل بۆ گوڵان:ئاسایشی ئەلكترۆنی گەورەترین هەڕەشەیە و زۆر زەحمەتە بە ئاسانی دابین بكرێت
February 13, 2014
دیمانەی تایبەت
پرۆفیسۆر تۆم سۆریل ئوستادی زانستی سیاسەت و فەلسەفەیە لە زانكۆی وارویك بیرمینگهام لە بەریتانیا و پسپۆر و تایبەتمەندە لە ئاكاری سیاسەت لەسەر ئاستی جیهان و یەكێكە لە بەشداربووانی پرۆژەی تەكنۆلۆژیای زانیاری (PF7ICT)، بۆ قسەكردن لەسەر ئاسایشی ئەلكترۆنی و تێكەڵبوونی لەگەڵ ئاسایشی جیهانی، پرۆفیسۆر تۆم سۆریل لە لێدوانێكی تایبەتدا بەمجۆرە رای خۆی بۆ گوڵان دەربڕی.((من باوەڕم وایە ئەوەی پێی دەڵێن ئاسایشی ئەلكترۆنی «CYBER CECURITY» قورسترین جۆری ئاسایشە بۆ ئەوەی دەستەبەربكرێت، چونكە تەنانەت تاكە كەسێك بۆی هەیە هێزێكی زۆری هەبێت لە جیهانی ئەنتەرنێتدا CYBER WORLD، من نازانم ئێوە ئاگاداری ئەو رۆمانەن كە لە سوید نووسرا... و دواتر فیلمێكی بە ناوبانگیان لێ بەرهەمهێنا كە پاڵەوانەكەی كچێكە تاتوی ئەژدیهایەكی پێوەیە، و كچێكی بچووكە كە زۆر زۆر شارەزایە لە بەكارهێنانی ئەنتەرنێتدا بۆ مەبەستی جیاواز، كە وەك پاڵەوان لە زۆرێك لە هاككەرەكانەوە لێی دەڕوانرێ و رەمزێكە بۆ ئەوەی ئافرەتێكی بچووك چەندە بەهێزە كاتێك شارەزایی و لێهاتوویی دەبێت لە CYBER» CECURITY» دا، ئەوەش مەسەلەی یەكلاكەرەیەوەیە لە «CYBER CECURITY» دا، چونكە دەبێتە هۆی ئەوەی تاكەكەسەكان زۆر بەهێزبن... كە توانای دەستڕاگەیشتیان بە چەندەها سەرچاوەی جیاواز بۆ دەستەبەر دەكات و توانای تێكشكاندنی ئەو سەرچاوە گرنگانەشیان بۆ فەراهەم دەكات. كەواتە دەبێت ئەوە دەستنیشان بكەین كە كێ لاوازە و كێ بەهێزە لە ژێر رۆشنایی ئەو هێزەی كۆمپیوتەر هەیەتی و ئەو هێزەی لە لێهاتووی بواری كۆمپیوتەردا هەیە. پێموایە ئەوە گۆڕانكاریەكی شۆڕشگێڕییە كە چۆن كومپیوتەر.. دەبێتەهۆی گۆڕینی هێز و دەبێتەهۆی گۆڕینی ئاسایش. من تەواو هاوڕام لەگەڵتاندا كە لە ئایندەدا ئاسایش بە تەواوەتی سێبەری (CYBER CECURITY) باڵی بەسەردا دەكێشێت. پێموایە ئەمە كێشەیەكی دیاریكراوە لە رۆژئاوادا كە خەڵكی بیرۆكەیەكی لیبراڵی هەیە لەبارەی ئازادی رادەبڕین و چەندین مەسەلەی دیكەوە كە زۆر زەحمەتە بەسەر جیهانی ئەنتەرنێتدا (CYBER WORLD) پیادە ببێت، لە (CYBER WORLD)دا پەرەسەندنێك هەیە ئەوە دەردەخات كە رەنگە سنورداركردنی ئازادیی رادەبڕین وەك پێویست سنوورداركردنێكی بەهێز نەبێت، نازانم چیرۆكی ئەو ئافرەتەتان لە بەریتانیا بیستووە كە قەناعەتی بە حكومەت كرد بۆ ئەوەی وێنەی ئافرەتێك بخاتەسەر دراوی وڵاتەكە، واتە ئەم ئافرەتە توانیتی قەناعەت بە حكومەتی بەریتانی بكات كە وێنەی ئافرەتێكی رۆماننووسی بە ناوبانگ بخاتەسەر دراوی وڵاتەكە. بەهۆی ئەم كارەوە هێرشێكی مەترسیداری كرایەسەر لەسەر ئەنتەرنێت، خەڵكی هێرشیان كردەسەری بەوەی هەتكی بكەن و خەڵكانێك هەبوون هەڕەشەی كوشتنیان لێدەكرد و كەسانێكیش هەبوون هەڕەشەی ئەوەیان دەكرد زیانی پێدەگەیەنن، تەنها لەبەر ئەوەی هەوڵیداوە وێنەی ئافرەتێك بخاتەسەر پارەی وڵاتەكە، زۆر زەحمەتیش بوو كە پۆلیس بتوانێت كارێك لەو بارەیەوە ئەنجامبدات، لەبەر ئەوەی پێشتر شتی وای نەبیستبوو و خەڵكی لەوە تێنەدەگەیشت كە بۆچی هەست بە سووكایەتی بكرێت وێنەی ئافرەتێك بخرێتەسەر پارە. بەهەر حاڵ ئەوە نموونەیەكە لەبارەی پەرەسەندنێكی نوێیەوە كە تەنها بەهۆی بوونی سۆشیال میدیایەوە- وەك تویتەر- روودانی مومكین بوو. هەروەها دەكرێت لە رووی تەكنیكیشەوە كارێك بكرێت، واتە هەمان ئەو تەكنیكانەی هاككەرەكان لە دژی حكومەتەكان بەكاری دەهێنن لە دژیان خۆیان بەكار بهێنرێتەوە، ئەمە بەشێكە لە كێشەیەكی تەكنۆلۆجی، بەڵام بە شێوەیەكی سەرەكی ئەمە كێشەیەكی سیاسییە. ئەوەی پەیوەندی بە هاككەرانەوە هەبێت ئەوا تێڕوانینی خۆیان هەیە لەبارەی ئەوەی چۆن ئەنتەرنێت بپارێزرێت، واتە تەنها تێڕوانینیان نییە لەسەر جۆری سیاسەتی ئاسایی، هیچ بەدیلێك نییە هەر دەبێت دەست بە گفتوگۆ بكرێت لەگەڵیاندا. لایەنێكی دیكە مەسەلەی تاوانی ئەنتەرنێت و تیرۆریزمی ئەنتەرنێتە، من دڵنیانیم لەوەی نموونەی زۆرمان هەبێت لەبارەی تیرۆریزمی ئەنتەرنێت (CYBER TERRORISM)ـەوە، بەڵام نموونەی زۆر هەیە لەبارەی تاوانی ئەنتەرنێت (CYBER CRIMES)، واتە نموونەی زۆر هەیە لەبارەی دزینی پارە و زانیاری لە رێی ئەنتەرنێتەوە، ئەمانەش تاوانی ئاسایین، بەڵام من هیچ نموونەیەك شك نابەم كە لە رێی ئەنتەرنێتەوە تیرۆریستان هەڵسابن بە كوشتنی خەڵك، چونكە ئەوە تیرۆریزمە، لەبەر ئەوەی تیرۆریزمە دزیكردن نییە، بەڵكو ئازاردان و كوشتنی خەڵكە، كەواتە من دڵنیانیم لەوەی (CYBER TERRORISM)ـێكی زۆرم بینیبێت، من پێموایە ئەوە تاوانی ئەنتەرنێتە (CYBER CRIMES)ـە كە خەڵكی بیری لێدەكاتەوە، من هاوڕام لەگەڵ ئەوەدا كە مومكینە تیرۆریستان تەكنیكی ئەنتەرنێت بەكار بهێنن، بەڵام ئەوەندەی من بزانم ئەمە بەم دواییە بە رێژەیەكی زۆر رووینەداوە، بەڵام ئەگەر كوشتار و هێرش رووبدات، ئەوا ئەمە پێویستیەك دەخوڵقێنێت كە پتر پارێزگاری لە سیستمی ئەنتەرنێت (CYBER SYSTEM) بكرێت وەك لەوەی تا ئێستا كراوە.