ستۆران ستیڤنسۆنسەرۆكی شاندی پەرلەمانی ئەوروپا بۆ پهیوهندی لهگهڵ عیراق له دیمانهیهكی تایبهتی گوڵاندا:مسعود بارزانی سەلماندویەتی سەرۆكێكی لێهاتووەوحكومڕانیەكی لۆژیكانە دەكات بۆیە هەموو
February 6, 2014
دیمانەی تایبەت
فیدراسیۆنی یەكێتی ئەوروپا لەسەر ئاستی جیهان گەورەترین هێزی ئابوورییەو لەسەر ئاستی بڕیار دروستكردنیش لە ناو ئەنجوومەنی ئاسایش ئەو هێزە گەورەیەن كە رێگەیان نەدا لە ساڵی 2003 بڕیاری ئازادكردنی عێراق بكەوێتە ژێر چەتری شەرعیەتی نێودەوڵەتی، لەمەش گرنگتر ئێستا هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ) كە گەورەترین هاوپەیمانی سەربازییە لەسەر ئاستی جیهان و ئێستا 29 دەوڵەت لەو هاوپەیمانی ناتۆیەدا ئەندامن، ئەگەر دەوڵەتانی ئەندامی یەكێتی ئەوروپای لێ بهێنرێتە دەرەوە، ئەوا ئەگەر توركیاش ببێتە ئەندامی یەكێتی ئەوروپا، ئەوا ئەمریكا بە تەنیا لەگەڵ كەنەدا دەمێنێتەوە. كەواتە فیدراسیۆنی یەكێتی ئەوروپا بۆ سیاسەتی ئەمڕۆی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كاریگەری راستەوخۆی لەسەر هەموو جیهان هەیەو سیاسەتی فیدراسیۆنی یەكێتی ئەوروپا كاریگەری لەسەر هەموو دەوڵەتانی جیهان هەیە. هەربۆیە هەموو وڵاتانی جیهان لەداڕشتنی سیاسەتی خۆیان هەوڵ دەدەن جێگەی بایەخی ئەم هێزە ئابووری و سیاسی و سەربازییە گەورەی جیهان بن.گومانی تێدا نییە عێراق وەك دەوڵەتێك لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشترو ئێستاش جێگەی بایەخی سیاسەتی فیدراسیۆنی یەكێتی ئەوروپا و هەموو دەوڵەتانی ئەو یەكێتیە بەشێوەیەك لە شێوەكان بەرژەوەندی لەگەڵ عێراق هەبووە، بۆیە لەدوای پرۆسەی ئازادكردنی عێراقەوە لە 2003 ەوە یەكێتی ئەوروپا هەوڵی زۆریداوە بۆ ئەوەی هاوكاری بونیادنانەوەی دەوڵەتی عێراق وەك دەوڵەتێكی فیدرالی و دیموكراتی بكات، بەڵام لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا حكومەتی بەغدا نەیتوانیوە لە ئاستی ئەم ئومێدەی جیهان و ئەوروپا بێت، لە بەرامبەردا هەرێمی كوردستان وەك نموونەی وڵاتێكی دیموكراتی زیاتر خۆی بە ئەوروپا و جیهان ناساند، بۆیە یەكێتی ئەوروپا لە دوای ساڵی 2005 ەوە، هەرێمی كوردستانی ناولێنا(عێراقەكەی دیكە)و هەرێمی كوردستان بووە جێگەی بایەخی هەموو دەوڵەتانی ئەم فیدراسیۆنە گرنگەو دەوڵەتانی ئەندامی ناتۆ و بەشی هەرەزۆریان كونسوڵگەری خۆیان لە هەولێر كردەوەو كۆمپانیاكانیان روویان لە كوردستان كرد، ئەمەش ئەوە پیشاندەدا كە هەرێمی كوردستان جێگەی بایەخی فیدراسیۆنی یەكێتی ئەوروپایە، هەر بۆیەش چەند رۆژێك پێش ئێستا پەرلەمانی ئەوروپا پێشوازی لە بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد بۆ ئەوەی وتارێك سەبارەت بە ئایندەی عێراق و هەرێمی كوردستان و ناوچەكە پێشكەشی پەرلەمانی ئەوروپا بكات.بۆ قسەكردن لەسەر بایەخی هەرێمی كوردستان بۆ یەكێتی ئەوروپا و بەرژەوەندی هاوبەشی هەردوولا، ئەم وتوێژەمان لەگەڵ بەڕێز ستۆران ستیڤنسۆن سەرۆكی شاندی پەرلەمانی ئەوروپا بۆ پێوەندی لەگەڵ عێراق ئەنجامدا كە ئەمە دەقەكەیەتی.گوڵان: بوونی شاندی پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپا لە عێراقدا، باشترین ئاماژەی گرنگیدانی ئەوروپایە بە عێراق، هەر لەبەر ئەوەشە كە شاندێكی تایبەت بۆ كاروبارەكانی عێراق پێكهێنراوە، تا لە نزیكەوە چاودێری گۆڕانكارییەكانی ئەم وڵاتەی پێ بكەن..
بەڕێز ستۆران ستیڤنسۆن.. بە لای بەڕێزتانەوە تا چ ڕاددەیەك عێراق بۆ سیاسەتەكانی یەكێتی ئەوروپا گرنگی خۆی هەیە؟
ستۆران ستیڤنسۆن: چەند ساڵێكە شاندی پێوەندییەكان لەگەڵ عێراقدا پێكهاتووەو منیش لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا سەرۆكی ئەو شاندە بووم، ئەمەش سەرەتایەكی زۆر گرنگ بوو، چونكە عێراق بایەخێكی زۆر گرنگی هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ئەوەی مایەی ترس بوو بۆ ئێمە، پێدەچوو ئێران دەستڕۆیشتویی خۆی لە عێراقدا زیاتر بكات. هەمیشە عێراق لەگەڵ ئەوروپادا شەریكێكی بازرگانی گەورەبووە، دوا بە دوای داگیركردنی عێراق لەلایەن ئەمەریكاوە ئێمە وەبەرهێنانێكی زۆروزەبەندمان لە پێناوی بونیاتنانەوەی ژێرخاندا لەو وڵاتەدا ئەنجامداوەو هەوڵیشمانداوە هاوكاری خەڵكی عێراق بكەین بۆ ئەوەی لە ئاسەوارەكانی شەڕ ڕزگاریان بێت. بەڵام بە داخەوە حكومەتی ئێستا خیانەتی لە خەڵكی عێراق كرد، بەوەی حكومەتێكی تایەفەگەرە، فەزڵی تاقانە پێكهاتەیەكی دانیشتووانی داوە بەسەر پێكهاتەكانی دیكەدا. نوری مالیكی سهرۆك وهزیرانی عێراقیش هەموو وەزارەتە ئەمنیە سەرەكیەكانی وەك سوپا و كاروباری ناوخۆیی و بەرگری لە نووسینگەكەی خۆیدا چڕكردۆتەوە، بە بێ ئەوەی دابەشیان بكات، هەروەك چۆن ڕێككەوتنی هەولێر داوای ئهوهی لیدهكات كه دهبێت ئهو پۆستانه دابهشبكریت، - ئەو ڕێككەوتنەی- لەپاش دوایین هەڵبژاردنەكانەوە هاتەئاراوە، كەواتە خودی مالیكی بەرپرسیارە لە خراپتربوونی مەترسیدارانەی بارودۆخەكەو ئەمەش بۆی هەیە بۆ هەڵایسانی شەڕی ناوخۆ لە عێراقدا سەربكێشێت.
گوڵان: وەك سەرۆكی شاندی عێراقی دەمانەوێت ئەو پرسیارەت لێبكەین كاتێك باسی عێراق دەكەین ڕاستەوخۆ ناسەقامگیری و توندوتیژ دێت بە خەیاڵماندا، بەڵام لەم بارودۆخەدا هەرێمێكی دیموكرات و پێشكەوتوو هەیە كە هەرێمی كوردستانە، ئایا یەكێتی ئەوروپا چۆن لە هەرێمی كوردستان دەڕوانێت و تا چ ڕاددەیەك یەكێتی ئەوروپا گرنگی بە هەبوونی ئەم هەرێمە دیموكراتیە لە عێراقدا دەدات؟
ستۆران ستیڤنسۆن: ئێمە پێمان وایە كوردستان گرنگیەكی لە ڕادەبەدەری هەیەو كاتێكیش سەرۆك بارزانی هەفتەی پێشوو سەردانی برۆكسلی كرد بۆ ئەوەی وتارێك پێشكەشی لیژنەی كاروباری دەرەوە بكات. چاوم پێیكەوت و پێشتریش چەندین جار چاوم پێیكەوتووەو بەم دواییەش پارساڵ كە لە هەولێر بینیم. ئەو كاتە پێم وت كە جیاوازی هەبوو لە پێشوازی كردنی نوری مالیكی كە پێشوازییەكی زۆر ساردوسڕی لە واشنتۆن لێكرا، بە بەراورد بەو پێشوازییە زۆر گەرموگوڕەی لەلایەن سەرۆك وەزیران و حكومەتی توركیاوە لە ئەنقەرە لە مسعود بارزانی كرا، ئەمە ئەوەمان پیشان دەدات كە بەلای ڕۆژئاواوە مسعود بارزانی گرنگترین سەركردەی سیاسییە بۆ سەرتاسەری عێراق و پێویستە ڕۆژئاواش بە وریاییەوە گوێ بۆ بۆچوونەكانی مسعود بارزانی ڕابگرێت، لە پێوەندیدا بە ئایندەی سەرجەم عێراق، نەك تەنیا كوردستانیش. هەروەها ئێمە زۆر سوپاسگوزاربووین- كە ئەمەش لە كۆبوونەوەی هەفتەی ڕابردوودا جەختی لەسەركرایەوە- بۆ ئەو هاوكاریەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئاوارە مەسیحی و شەبەك و توركمانەكان پێشكەشی دەكات، كە ژمارەیان زۆرەو بۆ كوردستان هەڵاتوون، لەبەرئەوەی كوردستان تا ڕاددەیەكی باش سەلامەتە، ئەو- ئاوارەبوونەی- لە ماوەی ئەو یاخیبوونەی لە دوای داگیركاری ئەمەریكاوە دروست بوو، هەروەها لە دوای ئەوەی هێزەكانی ئەمەریكا عێراقیان جێهێشت. هەروەها بەم دواییەش 250 هەزار ئاوارەی سوریایی شوێنێكی سەلامەتیان لە كوردستاندا بۆ خۆیان بەدی كردووە. كاتێك لە كوردستان بووم، لە تشرینی دووەمی ڕابردوودا سەردانی یەكێك لە كامپەكانی ئاوارەكانی سوریاییم كرد كە لەنزیك هەولێر دروست كراوەو ئەو هەموو كارانەم بینی كە دەكرێن بۆ دابینكردنی هاوكاری و سەلامەتی بۆ زۆرێك لە مناڵ و ئافرەتان كە لە شەڕی ناوخۆیی سوریا هەڵاتبوون، ئەمە كارێكی تەواو ڕێك و پێك و تایبەت بوو.
ڕۆژئاواش بە تێكڕا سوپاسگوزاریەكی زۆرەوە، قەرزاری مسعود بارزانی و كوردستانە. هەمیشە كوردەكان سەلماندویانە خەڵكانێكن پێشوازیان لە ئاوارەكان كردووە و نەوایەكی ئارامیان بۆ دابینكردون. لەم بارەیەوە زۆر گرنگە كە ڕۆژئاوا هەر تەنیا سوپاسگوزار نەبێت، بەڵكو هاوكاری دارایی و سەرچاوە بۆ كوردستان دابین بكات، ئێستا ئەوان بە سەدان هەزار ئاوارەیان لە خۆگرتووە و بە تەنیا ناتوانن هاوكارییان بكەن ئەگەر لەلایەن ڕۆژئاواوە هاوكاری نەكرێن، من جەختم لەسەر ئەمە كردەوەو مسعود بارزانیش هەفتەی ڕابردوو لە برۆكسل ئەمەی وت كە ئەوەندەی پێمان دەكرێت هاوكارییان بكەین.
گوڵان: لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا سەرۆك بارزانی لە بەردەم شاندنی سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئەوروپا سەبارەت بە بارودۆخی ناوچەكە وتارێكی پێشكەش كرد، بە تایبەتیش لەبارەی عێراق و هەرێمی كوردستانەوە. لە وتارەكەیدا بارزانی داوای كرد تا لەلایەن یەكێتی ئەوروپاوە هاوكاری زیاتر بكرێت. تا چ ڕاددەیەك یەكێتی ئەوروپا دەتوانێت هاوكاری هەرێمی كوردستان بكات؟
ستۆران ستیڤنسۆن: یەكێك لە ڕێگا بەرچاوەكان كە بتوانین هاوكاری بكەین بریتیە لە كردنەوەی نووسینگەی خزمەتگوزاری دەرەكی ئەوروپی لە هەولێر، ئێمە باڵیۆزمان هەیە كە بەڕێز یانا هیباتشكوڤایەو كە لە نووسینگەی ناو باڵێۆزی بەریتانیا لە ناوچەی سەوز لە بەغدا كار دەكات. ئەمەش تەواو نەگونجاوە بۆ ئەوەی ڕووماڵی ناوچەی كوردستان بكەین. كوردستان بە پێچەوانەی باقی بەشەكانی دیكەی عێراقەوە ناوچەیەكی زۆر سەلامەتە، هەر ئەمەش هۆكاری ئەوەیە كە ئەوروپا وەبەرهێنانی دەرەكی زۆری تێدا بكات، بە سەدان بزنس لەلایەن ئەوروپاوە لە كوردستاندا خراونەتەگەڕو بە چەندەها هەزار كەس لە خەڵكی ئەوروپا لە كوردستاندا كار دەكەن و هەروەها چەندەها هەزار قوتابی كوردیش دێن لە زانكۆكانی ئەوروپا دەخوێنن، كەواتە ئێستا پێوەندییەكی ئاشكرا و ڕایەڵێكی ڕاستەوخۆ هەیە كە هەرێمی كوردستان بە ئەوروپاوە گرێ دەداتەوە، ئەمەش ئەوەمان لێ دەخوازێت ئامادەبوونمان هەبێت لە هەولێر و من پێشتر داوای ئەمەم كردووە و دووبارە مسعود بارزانیش لە وتارەكەیدا جەختی لەسەركردەوە. من پێم وایە ئەمە دەبێت پشتیوانییەكی بەرچاوو ڕوون بۆ كوردستان كە ئێمە وەڵامدانەوەمان هەبێت بۆ ئەمەو لە ئێستادا نووسینگەیەك لە هەولێر بكەینەوە.
گوڵان: ئێستا كونسوڵگەری چەندین وڵات لە كوردستاندا كراونەتەوە. بەڵام نووسینگەی یەكێتی ئەوروپا نەكراوەتەوە. بۆچی تا ئێستا ئەم نووسینگەیە نەكراوەتەوە؟ ئایا كردنەوەی ئەم نووسینگەیە نابێتەهۆی خزمەتكردن بە بەرژەوەندیە هاوبەشەكانی كوردستان و یەكێتی ئەوروپا؟
ستۆران ستیڤنسۆن: ئێمە ئەوەندەی پێمان بكرێت فشار دەخەینەسەر كاسرین ئاشتۆن كە نوێنەری باڵای كاروباری دەرەوەیەو پێی دەڵێین كە ئەمە بە دڵنیاییەوە گرنگیەكی بنەڕەتی هەیەو پێویستە بە زووترین كات نووسینگەیەك لە هەولێر بكەینەوە، بۆ ئەوەی پێوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەوروپا بە شێوەیەكی فەرمی دانی پێدا بنرێت.
گوڵان: سەرەڕای ئەوەی كوردستان هەرێمێكی دیموكراتیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵام خاوەنی سەرچاوەیەكی گهورهی وزەشەو لە ئێستا بە پرۆسەی بنیاتنانەوەدا تێدەپەڕێت. یەكێتی ئەوروپا پێویستی بەسەرچاوەی وزە هەیەو هەرێمی كوردستانیش پێویستی بە كۆمپانیا و بزنسمانەكانی ئەوروپا هەیە بۆ ئەوەی وەبەرهێنان لە كوردستاندا بكەن. تا چ ڕاددەیەك ئەم دۆخە بەرژەوەندی هاوبەش لە نێوان هەردوولادا دروست دەكات؟
ستۆران ستیڤنسۆن: ئاشكرایە ئەمە توخمێكی بنەڕەتیە بۆ هەر وەبەرهێنانێكی دەرەكی لە داهاتوودا كە بتوانن كاربكەن بۆ ڕاكێشانی بۆ كوردستان، من ئەوەم بۆ خاوەنی كارانی ئەوروپا دوپات كردەوەو جەختم لەسەر كردۆتەوە، كە كوردستان شوێنێكی سەلامەت و زۆر باشە بۆ پەرەپێدان و بۆ بەرژەوەندی كارەكانیان. نەك هەر تەنیا بەرژەوەندی نەوت و غاز، بەڵكو دەبێت هەموو جۆرە بەرژەوەندییەكانی كار لە كوردستاندا ئاوڕی لێبدرێتەوە، لەبەرئەوەی ناوچەیەكە كراوەیە بۆ بزنس و سەلامەتە و كەشێكی پێشوازیلێكەری هەیە، ئاشكرایە ئەمەش مایەی ئیمتیازێكی گەورەیە بۆ ئێوە، بەڵام مایەی ئیمتیازە بۆ بزنس و گەورە كۆمپانیا پیشەسازیەكانی ڕۆژئاواش. كاتێك لە تشرینی دووەمی ڕابردوودا لە كوردستان بووم، بۆرییەكی نوێی نەوت بەرەو توركیا كرایەوە، ئەمەش دەبێتەهۆی ئەوەی بتوانن بڕێكی زۆر نەوت بۆ توركیا بنێرن، ئێمەش لە ڕۆژئاوا ئەو سەرچاوانەمان پێویستە، كەواتە ئیمكانیەتێكی گەورە هەیە كە هەناردەكردنی نەوت و غاز بۆ ئەوروپا گەشەكردن بەخۆوە ببینێت. ئومێدی ئێمە ئەوەیە كە دڵنیابین لەوەی بەغدا ڕێز لە ئیمتیازە دەستوریەكانی كوردستان دەگرێت، كە كوردستان شایستەی ڕێژەیەكی زامنكراوە لە سەرجەم ئەو سەرچاوانەی نەوت كە لە خاكەكەیدا هەن، لە چاوپێكەوتنەكانم لەگەڵ سەرۆك و سەرۆك وەزیران و بەرپرسانی باڵای حكومەت پێیان وتم كە ئیلیتزاماتە دەستووریەكان جێبەجێ نابن، تاوەكو كوردستان بەشێكی شایستەی خۆی لە سەرچاوەی نەوت و غاز بەدەست نەهێنێت.
گوڵان: هێشتا ڕوون نییە ئایا عێراق بەرەو وڵاتێكی دیموكراتی هەنگاو دەنێت، یاخود بەرەو دیكتاتۆریەت. بەڵام لە ئێستادا دەبینین كە حكومەتی عێراق، لە دیكتاتۆریەت نزیك دەبێتەوە. تا چ ڕاددەیەك یەكێتی ئەوروپا ئامادەیە پشتیوانی هەرێمی كوردستان بكات و ڕێگەنەدات بكەوێتە ژێر حكومڕانی دیكتاتۆرێكی دیكەوە، ئەمە ئەگەرهاتوو حكومەتی عێراق هەنگاوی بەم ئاڕاستەیەدا هەڵگرت؟
ستۆران ستیڤنسۆن: ئێمە زۆر نیگەرانین لە خراپ بوونی بارودۆخەكە لە بەشەكانی دیكەی عێراق، كە سەروەری یاسا لە ئارادا نییەو لە سێدارەدانی ژمارەیەكی زۆر خەڵك بۆتە هۆی ڕەخنەگرتن لەلایەن سەرتاسەری جیهانەوە، پێدەچێت پرۆسەی قەزائی فەرامۆش كرابێت و زۆرێك لەوانەی لە سێدارە دەدرێن بە پرۆسەیەكی قەزائی گونجاودا تێناپەڕن، ئایا تاوانەكانیان چی بووە؟ ئایا شایەت هەبووە؟ ئایا بە شێوەیەكی گونجاو دادگاییكراون؟ ئایا ڕێگا بە پارێزەری بەرگری دراوە نوێنەرایەتیان بكات؟ پێدەچێت سزای لەسێدارەدان بە شێوەیەكی مەترسیدار بەكار بهێنرێت بۆ ئەوەی بەشێكی خەڵكی عێراق بترسێنن و ناچار بە ملكەچكردنیان بكەن. هەروەك ئێوەش ئاماژەتان پێكرد، ئێمە حكومەتێكی خۆسەپێنمان هەیە كە زیاتر بەرەو دیكتاتۆریەت دەچێت و پێدەچێت بە تەواوەتی ڕەنگی تائیفیەتی گرتبێت و مافەكانی مرۆڤی فەرامۆش كردبێت...
ئێستا هێرش دەكاتە سەر ناوچە سوننەنشینەكانی وەك ڕوممادی و فەللوجە بۆ كوشتنی ژنان و مناڵان،ئەوەش بە بەكارهێنانی چەكی ئەمەریكی و هەموویان بەوە تاوانبار دەكەن كە تیرۆریستی سەر بە داعش و ئەل قاعیدەن، ئاشكرایە ئەمەش شتێكی بێمانایە، ئەمە ڕەوتێكە مایەی نیگەرانیەكی زۆرە. من ئێستا زۆر خۆشحاڵم و ئەمەشم بە مسعود بارزانی وت كە من زۆر خۆشحاڵم پێشمەرگەی كوردستان توانیویەتی سنووری كوردستان لەگەڵ باقی بەشەكانی دیكەی عێراقدا بپارێزێت و كاریگەری ئەو تیرۆرو تاوانانەی بەشەكانی تری عیراق ڕابگرێت لەوەی پەلنەكێشن بۆ ناوچەی هەرێمی كوردستان.
گوڵان: ئەگەر لەم بارودۆخەداو لە ترسی گەڕانەوەی دیكتاتۆریەت لە عێراقدا كوردستان بڕیاری سەربەخۆییدا، ئایا تا چەند یەكێتی ئەوروپا ڕێز لە ئیرادەی خەڵكی كوردستان دەگرێت و وەك دەوڵەتێكی نوێ مامەڵە لەگەڵ كوردستاندا دەكات؟ بە تایبەتی كە سەرۆك بارزانیش لە وتارەكەیدا باسی ئەوەی كرد چیتر سەربەخۆیی كوردستان خەون نییەو دەكرێت بهێنرێتەدی؟
ستۆران ستیڤنسۆن: بە دڵنیاییەوە ئەمە پرسیارێكی زۆر قورسە، لەبەر ئەوەی ئێمە پێمان باشە ئاشتی و سەقامگیری و ڕێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤ و دیموكراسی و ئازادی لەسەرتاسەری عێراقدا ببینین. بۆچونی شەخسی من ئەوەیە ئەگەر لە ئێستادا كوردستان لەم بارودۆخەدا خۆی وەك نەتەوەیەكی سەربەخۆ ڕابگەیەنێت، ئەوا ئەگەری شەڕو ناكۆكی لەگەڵ ئێران و لایەنەكانی دیكە كە هاوسنوورن، ئەگەرێك دەبێت كە زۆڕ ڕێی تێدەچێت. منیش نامەوێت كوردستان- كە وڵاتێكە ئاشتی تێدا چەسپیوەو وڵاتێكی جوانە-، بكەوێتە شەڕێكی مەترسیدارەوە لەگەڵ دراوسێكانیدا.
لەبەرئەوە لەو بڕوایەدام باشترە ئاشتی و سەقامگیری لەسەرتاسەری عێراقدا بێتەدی، لەو سیاقەدا كوردستان لە پێگەیەكدا دەبێت كە سەركردایەتیەكی مەزن بكات و مسعود بارزانیش یەكێكە لە ڕێزدارترین سەركردەكانی كە لە سەرتاسەری ناوچەكەدا پشتیوانی لە دیموكراسی دەكات.
هەڵوێستی یەكێتی ئەوروپاش ئەوەیە كە ناتوانێت لەگەڵ دەرئەنجامێكدا بێت كە پێچەوانە بێت لەگەڵ ئەو دەستوورەی كە خەڵكی عێراق و لە نێویاندا خەڵكی كوردستان دەنگیان بۆ داوە.
گوڵان: ئەگەر سەرۆك بارزانی سەرۆكی هەڵبژێردراوی هەموو عێراق بوایە، ئایا بارودۆخەكە زۆر لە ئێستا باشتر نەدەبوو؟
ستۆران ستیڤنسۆن: پێم وایە ئەو سەركردەیەكی زۆر باشەو سەلماندی كە حوكمدانەكانی زۆر لە جێی خۆیدان و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە باشی ڕێزی لێدەگیرێت، هەرگیز ناكرێت ئەمە لەسەر نووری مالیكی بووترێت.
گوڵان: دوا وتەو دوا پەیامت چییە؟
ستۆران ستیڤنسۆن: پێم وایە زۆر گرنگە كە ئێمە لە ئەوروپا ئیعتیراف بە ئێش و ئازارەكانی كورد لەسەردەمی سەدام حوسێندا بكەین و ئەنفال وەك جینۆساید بناسێنین و كار بۆ ئەمە بكەین و دان بەوەدا بنێن كە چۆن خەڵكی كوردستان نائومێدانە تاڵاویان چەشتوە و ڕێز لەوە بگرین كە تا چ ئەندازەیەك پێشكەوتنیان بەدی هێناوە، چۆن ناوچەیەكی سەلامەت و وڵاتێكی جوانیان هەیە لە پێوەندیدا بە ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ و مافی ئافرەتان و ڕێزگرتن لە دیموكراسی و ئازادی كە هاتونەتەئاراوە كە بەڵگەی ئەمەش لە ئارادایە، وەك ئەو هەموو وەبەرهێنانە دەرەكیە، بەرزبوونەوەی ئاستی ژیان و گوزەران كە خەڵكی كوردستانی لێی بەهرەمەندە. هەمیشە گەشەكردن لەگەڵ ئاشتیدا دێتە ئاراوە، ئێمە لە ڕۆژئاوا ڕێز لەم ڕاستیە دەگرین و هەروەها ڕێز بۆ سەركردایەتی سەرۆك بارزانی و نێچیرڤان بارزانی دادەنێین، لەبەرانبەر بەدەستهێنانی هەموو ئەو شتە باشانەی وەدییان هێناوە.