ئه‌یاد سامه‌رایی ئه‌مینداری حزبی ئیسلامی عێراق بۆ گوڵان:هه‌موو پێكهاته‌كانی عێراق كێشه‌یان له‌گه‌ڵ نوری مالیكی و لیستی ده‌وڵه‌تی یاسا هه‌یه‌

ئه‌یاد سامه‌رایی ئه‌مینداری حزبی ئیسلامی عێراق بۆ گوڵان:هه‌موو پێكهاته‌كانی عێراق كێشه‌یان له‌گه‌ڵ نوری مالیكی و لیستی ده‌وڵه‌تی یاسا هه‌یه‌
كێشه‌كانی ئێستای عێراق ته‌نها كێشه‌ی ناسه‌قامگیری ئاسایش نییه‌، به‌ڵكو پرۆسه‌ی سیاسیی دووچاری ئیفلیج بوون بووه‌ و رۆژ له‌دوای رۆژ بارودۆخه‌كه‌ خراپتر ده‌بێت، بۆ هه‌ڵسه‌نگاندن و قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌م بارودۆخه‌ چه‌ند پرسیارێكمان ئاڕاسته‌ی بەڕێز ئه‌یاد سامه‌رایی ئه‌مینداری حزبی ئیسلامی عێراق كرد و ئه‌ویش به‌مجۆره‌ وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی گوڵانی دایه‌وه‌.
* بارودۆخی عێراق رۆژ له‌دوای رۆژ زیاتر ناسه‌قامگیر و ئاڵۆزتر ده‌بێت، ئه‌مه‌ش نه‌ك هه‌ر له‌رووی باری ئاسایشه‌وه‌ به‌ڵكو له‌ناو پرۆسه‌ سیاسیه‌كه‌شدا له‌ بری نزیكبوونه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان له‌یه‌كتری هه‌ست ده‌كه‌ین دوورده‌كه‌ونه‌وه‌، له‌م ژینگه‌ ئاڵۆزه‌دا به‌ره‌و هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردن نزیك ده‌بینه‌وه‌، ئایا تاچه‌ند مه‌زنده‌ ده‌كرێت له‌ ژینگه‌یه‌كی له‌و جۆره‌ هه‌ڵبژاردن سه‌ركه‌وتوو بێت؟
- هەڵمەتەكانی ئەم هەڵبژاردنەی كە بەم زووانە لە ماوەی چەند مانگی داهاتوو ئەنجام دەدرێت كاتەكەی زۆر گونجاو نییە، ئەم كەشوهەوا گرژو نیگەرانكارانە كاریگەری سلبی له‌سه‌ر هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن هەیە، بۆ نموونە ئێستا خەڵكی فەلوجە شارو ماڵباتی خۆیان جێ دەهێڵن بۆ ناوچەكانی تر بە كۆمەڵ ڕەو دەكەن و ناوچەكانی تری عیراق سەقامگیر نین، ئەمە ژینگەیەكی گونجاو دروست ناكات تا هەڵبژاردنی تێدا ئەنجام بدرێت كەواتە لە ڕاستیدا پێویستە لەسەر حكومەت كەشوهەوای گونجاو فەراهەم بكات، نەك بە سیاسەتی ئەمنی بەڵكو بەجۆرێك لە حیكمەت و كۆنترۆڵكردنی هەڵوێستەكان و دۆزینەوەی ئەو تێزو ڕێگەچارانەی دەبنە هۆی ئارامبوونەوەی بارودۆخەكان، تا هەڵبژاردنەكان بە شێوەی دروست و بە باشی بەڕێوەبچێت.
* لەو بڕوایەدایت كە پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان دۆخەكە نەرم بكرێتەوە، یان پێوەندییەكان ئەكتیڤ بكرێن لە نێوان فراكسیۆنە سیاسیەكان، ئەمەی ئێستا دەبینرێت دوژمنایەتییە پێش هەڵبژاردنەكان چۆن پاش هەڵبژاردنەكان ئەم پێوەندییانە دەگۆڕدرێن بۆ دۆستایەتی؟
- لە ڕاستیدا زۆربەی فراكسیۆنە سیاسیەكان لە ناو یەكتردا پێوەندییان باشە، گفتوگۆ لە نێوانیاندا هەیە سەبارەت بە ئایندە، ئەو ناكۆكیانەی هەیە ناكۆكین لە نێوان فراكسیۆنەكان و دەوڵەتی یاسا، یان لەگەڵ حكومەت یان لەگەڵ سەرۆك وەزیراندایە، گرژییەكانی كە هەن چڕبوونەتەوە لەسەر ئەوانەی كە لە دەسەڵاتدان، بەڵام كۆی پێوەندییەكان لە نێوان فراكسیۆنە سیاسیەكان ئەرێنییە.
* لەو بڕوایەدایت شتێك سەبارەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان هەبێت یان شتێك بگۆڕدرێت ؟
- ئەگەری ئەوە هەیە، حكومەتی داهاتوو حكومەتی هاوبەشایەتی و شەراكەت نەبێت، ڕەنگە بە هۆی ئەو ناكۆكیانەوە ناچار بن شێوەیەك لە شێوازەكانی حكومەتی زۆرینە ڕابگەیەنن، چاوەڕوانم جۆرێك لە گۆڕانكاری لە ڕێچكەی گشتیدا لە پاش هەڵبژاردنەكانەوە دروست بێت.
* كەشی گشتی ئاڵۆزكاو بەتایبەتی لە ناوچەكانی خۆرئاوای عیراق، پەرلەمان لەم بارەیەوە چی لە هەگبەدایە بۆ هاووڵاتیان، لەم كەش و دۆخە پڕ لە كێشانەی عیراقدا شتێك هەیە بۆ وتن؟
- پەرلەمان دەسەڵاتی لا نییە، بەڵكو دەسەڵات لای ئەو لایەنانەیە كە خاوەنی بڕیارو هێزن، ئەوان دەتوانن بۆ بەرانبەرەكانیان نەرمی نیشان بدەن تا چارەسەر بدۆزنەوە، پێویستە ئەوان ئامادەیی نیشان بدەن تا ئاڕاستەكان دیاری بكرێت،سەبارەت بە پەرلەمان تەنیا ئامادەییە، ئەگەر هەبوونی نەبێت پەرلەمان ناتوانێت شتێك بكات، لەو بڕوایەدام ئەو هەڵچوون و هەرایەی لە ژینگەی ئەنبار دروست بووە، پێویستی بە چارەسەرێكی حەكیمانەیە، حیكمەت لەوەدایە حكومەتی ناوەندی یان لۆكاڵی لە ڕێی پەرلەمانەوە كار بكات بۆ ئەهوەنكردنەوەی جەماوەر، چونكە جەماوەری ئەو شارە لەگەڵ لایەنە تیرۆریستیەكان ڕێك نین، بەو شێوەیە بتوانرێت متمانەی جەماوەر بگەڕێنرێتەوە، تا جەماوەری ئەو ناوچانە وابەستە بێتەوە بەلای حكومەتەوە ئەو كاتە زەمینەساز دەبێت بۆ ئەوەی ئەو ناوچانە لەلایەن تیرۆرستانەوە قۆرخ نەكرێن، ئەم ڕێگایە باشترە لەوەی جەماوەری ئەو ناوچانە پەراوێز بخرێن و لە ناوچەكانیان دوور بخرێنەوە، یەكەمین چەكی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر ئەوەیە چۆن وا لە جەماوەر دەكەیت پاڵپشتی حكومەت بن و متمانەیان پتەوبكەن، ئەمە تەنیا ڕێگەیە بۆ چارەسەرێكی مەبدەئیانە.
* تائێستا بەرنامە سیاسییەكانی فراكسیۆنەكان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو هیچی لێ شین نەبۆتەوەو وەك لە زۆربەی وڵاتانی دنیا لە كاتی هەڵبژاردن دەیبینین، كێبەركێكردنەكان لەسەر ئاستی پێشكەشكردنی پلان و بەرنامەی خزمەتگوزارییە بۆ هاووڵاتیان، بەڵام تا ئێستا ناكۆكییەكان بوونیان ماوەو ئێمەش لە كەناری هەڵبژاردنەكانداین و دەپرسین بەرنامە سیاسیەكان چین بۆ هەڵبژاردنەكان، كوا بەرنامە خزمەتگوزارییەكان؟
- هەر فراكسیۆنێك بەرنامەیەكی هەیە، بەڵام، بەربەستە گەورەكەی ئەمڕۆ لە ئارادایە بریتیە لە تەواونەبوونی بونیادنانی دەوڵەتی عیراقی، گرفتەكان زۆرن، هەر لە دەستوورییەكان تا كێشەكانی دەسەڵات و پێوەندییەكان و جۆریان لەگەڵ حكومەت و لەو حاڵەتەدا بەرنامەكانی گەشەسەندن و بەرنامەكانی حزبەكان هیچ بەهایەكیان نییە لەبەردەم كێشە بنەڕەتیەكەدا كە پێكدێت لە دەسەڵات و پێوەندی دەسەڵات و سروشتی پێوەندییەكان، چارەسەركردنی ئەمانە پێویستن بەو واتایەی هەر حكومەتێك ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی مسۆگەر بكات، شەفافیەت و نەزاهەت مسۆگەر بكات، ئەو كاتە گرفتێكی نامێنێت بۆ فەراهەمكردنی پرۆژە پێشنیازكراوەكان، بەڵام ئیشكالیەتی عیراق لە ناو ئەو هەموو گەندەڵیەی تێدایە وای لە عیراق كردووە ئەو هەموو پارەیەی كە هەیەتی بەشی نەكات ئەمەیە كە ناسەقامگیری سیاسی دروست كردووە و بارودۆخی ئەمنی تێكداوە، بۆیە زەحمەتە تواناسازی هەبێت بۆ پەرەپێدانی هەندێك بەرنامەی پەروەردەیی.
Top