پەرلەمانتار نەجیب باڵەتەیی:له‌ 2003 ه‌وه‌ تا ئێستا ئیراده‌یه‌كی راسته‌قینه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی عیراقه‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان نه‌بووه‌

پەرلەمانتار نەجیب باڵەتەیی:له‌ 2003 ه‌وه‌ تا ئێستا ئیراده‌یه‌كی راسته‌قینه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی عیراقه‌وه‌  بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان نه‌بووه‌
بە بۆچوونی من كێشه‌ی سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه‌ ئیرادەیەكی راستەقینە نییە بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان ، هەرلە 2003 وە تاكو ئێستا بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی ریشەیی بۆ ئەم كێشانە ئیرادەیەكی بەتوانا لەئارادا نییە،بۆیە هەموو ئەو كێشانە هەر بە چارەسەرنەكراوی و هەڵواسراوەیی ماونەتەوە،ئەوەی مایەی سەرسوڕمانە ئەوەیە لە دەوڵەتێك كە97 % ی داهاتەكەی لەسەر نەوتە، بەڵام تا ئێستا یاسای نەوت و غازی نییە،بۆیە بە رای من ئەو دوو خاڵە چارەسەری سەرەكیی ئەو قەیرانەن. سه‌باره‌ت به‌ سیاسه‌تی نه‌وتییش راشكاوانە دەڵێم ناشەفافترین دۆسێ لە عیراقدا دۆسێی نەوتە،لە دەوڵەتە پێشكەوتووەكان كە باس لە حكومەتی باش دەكرێت یەكەم خاڵ بوونی شەفافییەتە، چونكە ئەوان بە حكومەت و هاووڵاتیانەوە ئەم داهاتە بە هی خۆیان دەزانن،هەروەها تا ئێستا نازانرێت داهاتی ئەو عیراقە چەندەو چۆن خەرج دەكرێت، ئەم خاڵە دیارە ئەگەر سەیری خزمەتگوزاری بكرێت لەم عیراقە، كاتێ بەراورد دەكرێت لە نێوان داهات و خەرجی،دەبینین بودجەی عیراق 120 تا 130 ملیار دۆلار بێت و ئاستی خزمەتگوزاریی چۆنە، زۆر ئاشكرایە كە گەندەڵییەكی زۆر هەیە،تا شەفافییەت نەبێت و یاسای نەوت و غاز نەبێت دەرگاكە زیاتر واڵا دەبێت بۆ گەندەڵی. لێره‌دا گرنگه‌ ره‌خنه‌ له‌ خۆشمان بگریت وەكو لایەنی كوردستانی لای ئیمه‌ش كەموكورتییەكی زۆر هەیە،ئەگەر سبەی ئەو رێژەیە 17% یەی كوردستان زەوت بكرێت و نەدرێت رەنگدانەوەی خراپی بۆ سەر هەموو خەڵكی كوردستان دەبێت،بەڵام پێویستە ئەوەش بڵێین كە سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان نەیتوانیوە لەم چەند ساڵەی رابردوودا ئەم كێشەیە وەك پێویست چارەسەر بكات، سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵویستی هاوپه‌یمانی كوردستانیس جێگەی داخە كە ئەوە بڵێم كە ئەم ناوە ناوێكی جوان بوو بۆ هاوپه‌یمانی كوردستانی هەڵمانبژارد،بۆیە وەك یەكگرتوو بە جددی حەزمان كرد لە یەكەم دانیشتنی مانگی نیسانی 2010 پێشنیاری ئەو ئیئتلافەمان كرد ،بەڵام بەداخەوە لەم چوار ساڵەدا لایەنەكان ئەكتیڤ نەبوون،لەگەڵ ئەوەشدا ئەمەمان نەكردە كۆسپ، چونكە لە بەغداین و باسەكە بۆ بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستانە هەموو جار هەوڵمان داوە، بە تایبەتیش لەم خاڵانەدا یەك هەڵوێستی بنوێنین،ئێستاش بە هیچ شێوەیەك درێخی ناكەین بەڵام بە هەموو توانای خۆمان هەوڵ دەدەین دژی ئەم هەوڵەی حكومەتی عیراقی فیدرال بوەستین و لە دوا كۆبوونەوەی پێنج شەممەی هەفتەی رابردووی پەرلەمان هەر خۆم ئەو پێشنیارەم كرد كە وەكو كورد بایكۆتی دانیشتنەكە بكەین،چونكە رۆژی پێشتر ئەنجومەنی وەزیران بە بێ كورد بودجەیان رەوانە كرد، لە راستیدا وەكو كورد یەك هەڵوێست بووین و ئامادە نەبووین،هەروەها لە كۆبوونەوەماندا لەگەڵ رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان باس لەو مەسەلەیە دەكرێت چونكە پەیوەستە بە بژێوی خەڵكی كوردستان.
Top