د.خەیروڵڵا حەسەنوەزیری بازرگانی حكومەتی عێراق بۆ گوڵان:ئەوەی رۆژی سێ شەممەی رابردوولەناو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بینیمان گەلەكۆمەكێی شۆڤینی عەرەبی بوو دژی كورد

د.خەیروڵڵا حەسەنوەزیری بازرگانی حكومەتی عێراق بۆ گوڵان:ئەوەی رۆژی سێ شەممەی رابردوولەناو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بینیمان گەلەكۆمەكێی شۆڤینی عەرەبی بوو دژی كورد
رۆژی سێ شەممەی رابردوو(14/1/2014( لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران پرۆژە بودجەی عێراق بەبێ رەزامەندی وەزیرە كوردەكانی ناو كۆبوونەوەكە پەسەند كراو رەوانەی پەرلەمان كرا، لەو كۆبوونەوەیەدا كە بێجگە لە پرسی بودجە چەندین پرسی دیكەی تایبەت بە رەوشی ئەنبار و بەشەكانی دیكەی عێراقیش باسكراو لەنێوان وەزیره عەرەبەكانی سوننە و شیعە لێكترازان و شەڕە قسەیەكی توند هەبووە، بەڵام كە هاتۆتە سەر بودجە و بەشەداهاتی هەرێمی كوردستان، وەزیرە عەرەبەكان بە سوننە و شیعەوە دژی كورد راوەستاونەوە و هەوڵیانداوە لایەنی كوردی فەرامۆش بكەن و بەبێ رەزامەندی كورد پرۆژەكە پەسەند بكەن، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم گەلەكۆمەكیە شۆڤینیە دژ بە مافەكانی كورد، ئەم وتووێژەمان لەگەڵ بەڕێز د.خەیروڵڵا حەسەن بابەكر وەزیری بازرگانی عێراق كە ئامادەی كۆبوونەوەكە بووە، ئەنجامداو بەمجۆرە ئەو واقیعەی بۆ گوڵان خستەڕوو.
* هەتا ئێستا لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا هەرچی كرابێت رەچاوی بنەمای تەوافق كراوە، تەنانەت حكومەتیش هەر لەسەر ئەم بنەمایە دامەزراوە، بەڵام ئەوە ماوەی دوو ساڵە لە تێپەڕاندنی بودجە تێبینیەكانی لایەنی كوردستانی فەرامۆش دەكرێت، ئایا ئەمە كارتێك نییە دژ بە كورد بەكار دەهێنرێت؟
- خۆتان دەزانن دروستبوونی حكومەتی عێراقی فیدراڵی ئێستا بۆ ماوەی زیاتر لە سێ ساڵ و نیوە لەسەر بنچینەی رێكەوتنی هەمەلایەنەی هەموو لایەنە سیاسییەكانی سەر شەقامی عێراقی بە هەموو پێكهاتەكانی ناو عێراقەوە لەسەر بنچینەی پاراستنی ماف و داخوازییەكانی هەموو لایەنەكان دروست بووە، كەواتە پێویستە عەرەب بەرژەوەندییەكانی كورد بپارێزێت و كوردیش بەرژەوەندییەكانی عەرەب بپارێزێت و كەمە نەتەوەیییەكانی تریش بە هەمان شێوە، ئەمەش هاوكێشەیەكی دروستە تا لەسەر چوارچێوەی دەستوور و عێراقێكی فیدراڵی كاری پێ بكرێت، بەڵام ئەوە بۆ دوو ساڵ دەچێت بە شێوازی گەلەكۆمەكی نەك زۆرینە و لە دژی داخوازی و داواكارییەكانی كورد پیادەی هەندێك شت دەكەن، ئەمە ئەگەرچی بەرژەوەندی كورد تێكدەدات، بەڵام بەرژەوەندییەكانی هەموو كەمە نەتەوەكانی تریش بە عەرەبیشەوە تێكدەدات لەبەر ئەوەی ئەو حكومەتە لەسەر بنچینەی رێكەوتن دروست بووە ئەگەر كارەكانیش بە رێكەوتن نەكرێت سەرلەبەری پرۆسەی كارەكان تێكدەچن، واتە شێوازی حوكمڕانی بەرەو تاكڕەوێتی دەچێت كوردیش جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە شێوازی حوكمڕانی پێویستە راستەقینەیی بێت نەك تاكڕەوانە، وای لێدێت تەنیا لەلایەن چەند كەسێكەوە كۆنترۆڵی فەرمانڕەوایەتی بكرێت و حیساب بۆ هیچ كەس و لایەنی تر نەكرێت، ئەمەش لە بەرژەوەندی سەرتاپای پرۆسەی حكومڕانێتی نییە لە عێراقدا..
* لە ماوەی چەندین رۆژی رابردوو لێدوانەكانی كەسە نزیكەكانی مالیكی ئەوەی لێ دەخوێنرێتەوە كە پشتیان بە بۆچوونە شۆڤینیەكانی لایەنە عەرەبیەكانی عێراق ئەستوورە، باسیش لەوە دەكەن هاوپەیمانی كوردستانی لە پەرلەمان بە تەنیا دەمێنێتەوە، ئایا ئەمەیە پێكەوەژیانی ئارەزوومەندانەیە لەگەڵ عێراق، یان ئەمە واتای پێكەوەژیانی زۆرەملێیانەیە؟
- تەنیا كوردە كە بە تەنگ پێكەوەژیانە لە عێراقدا، تەنیا كوردە چاودێریی تەبایی و برایەتی و بەرژەوەندی گشتی هەموو پێكهاتەكانی گەلانی عێراق دەكات، لە بواری پراكتیكی تەنیا كورد پیادەی سیاسەتی بەرژەوەندی گشتی دەكات، ئەوەتا ئەمساڵیش بە هەمان شێوە بە شێوازی نەتەوەپەرستانەی عەرەبایەتی دژ بە كورد گەلە كۆمەكێ دەكرێت، بە داخەوە ئەمجارە توركمان و ئاشوورییەكانیش لەناو ئەنجومەنی وەزیران چوونەتە پاڵ ئەم رەوتە نەتەوەپەرستیە توندەی عەرەبی بەرانبەر بە كورد، ئەوەی ئێمە رۆژی سێشەممەی رابردوو لە ناو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق تێبینیمان كرد بەر لەوەی بابەتی بودجەو هەرێمی كوردستان بێتە ئاراوە هەندێ بابەتی تر باس كران كە پێوەندی بە بارگرژی نێوان سوننەو شیعەو هەندێ ناوچەی عێراقەوە بوو هەموویان لە دژی یەكتر قسەیان دەكرد، بەڵام هەر كە قسەوباس هاتە سەر بەڕێكردنی نەوت و بودجەی پێشمەرگەو كێشەكانی تری نێوان هەرێم و بەغدا ئیتر بەشێوەیەكی میكانیكی هەموویان خۆیان یەكدەنگ كردەوەو هەمووان كەوتنە ناو سەنگەرێك كە دژ بە لایەنی كوردی وەستانەوە، ئەمە مانای ئەوەیە چەندە لەناو یەكتر تەبا یان ناتەبا یان چەند بە خوێنی سەری یەكتر تینوو بن كە هاتە سەر بابەتی دۆزی كورد و بەرژەوەندی و داخوازییەكانی لایەنی كوردی ئیتر شۆڤینیەتی عەرەبایەتی دەجووڵێتەوەو بۆ توندڕەوێتی دژ بە كورد یەكیان دەخات، ئەم توندڕەوێتیە سەرچاوەو پاشخانێكی لەمێژینەی توندڕەوانەی مەزهەبی و ئاینی و نەتەوەپەرستی هەیە وا بە سانایی لە زەینی هاووڵاتیاتی عەرەبی عێراقی دانامركێتەوە، كە وشەی كوردیان دێتە بەرگوێ بیر لە چەوسانەوە و زۆرداری لە دژی دەكەنەوە، هەموو شێوازێكی ئازادی و سەربەخۆیی و خۆشگوزەرانی كورد بە ناڕەوا دەبینن، ئەمە بۆتە فەرهەنگێكی مێژوویی رەگی داكوتیوە لە ناویاندا، ئەو كاتەی وەزیرەكانی سەر بە حوكمی ئەوكاتی سەدام حوسێن لە ئەنجومەنی بە ناو شۆڕشی ئەوكات كۆدەبوونەوە بابەتێك لەناو زەینیان چەسپابوو، كە دەبێت كورد هەر داگیركراو و چەوساوە بێت و بۆی نەبێت زاتی ئەوە بكات داوای ئازادی ئابووری و هونەری و رۆژنامەنووسی و مافە ئینسانیەكانی خۆی بكات، ئەم رەوتە هەمان سەرچاوەی شۆڤێنی هەیە، بەڵام ئەمڕۆ لە عێراقی دیموكراتی و فیدراڵیدا ئەم رەوتە بەهیچ جۆرێك نە لە ناوەوە نە لە دەرەوەی عێراق جێی قبوڵكردن نییە، ئەم رەوتە شۆڤێنیستیە تەنیا لە مەسەلەی تێپەڕاندنی بودجە رەنگی نەداوەتەوە، بەڵكو هەر بابەت و خاڵێك بایی تۆزقاڵێك خێر و خۆشییەكی بۆ هاووڵاتی كورد تێدا بێت بە لای هاووڵاتیەكی عەرەبییەوە بە زیادە حیسابی بۆ دەكرێت و ئەوانەشی جڵەوی بڕیار و كاربەدەستەوە دەگرن لە دژی كورد دەوەستنەوە، ئیتر لە كرێكارێكی ئاسایی تا دەگاتە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و ئەندام پەرلەمانەكانیان و تا هاووڵاتیانی ئاسایی تا ئێستاش فێری ئەوە نەبوون كە چۆن ئەم زەینیەتە توندڕەوە دژ بە كورد بسڕنەوە، دەبێت بزانن پێكەوەژیانی نەتەوەكان لە عێراقدا لەسەر بنچینەی پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەكان دروست دەبێت، ئەگەر نەتەوەی عەرەب لە ناو عێراقدا بیەوێت لەگەڵ كورد بژی پێویستە بەرژەوەندییەكانی بپارێزێت، كوردو نەتەوەكانی تریش بە هەمان شێوە دەبێت ببنەچاودێر لەسەر پاراستنی بەرژەوەندییەكانی ئەوانی تر و بەرژەوەندییە تایبەتیەكانی خۆشیان لەلایەن ئەوانی ترەوە پارێزراو بێت، بەڵام ئەوان هەرچی بەرژەوەندی خۆیانی تێدا بێت بەڕەوای دەزانن هەموو شتێكی بۆ بكەن، بەڵام كە بەرژەوەندی كورد دێتە پێشەوە لێی دەچنە سەنگەرەوە، وەك ئەوەی رۆژی سێشەممە بینیمان وەزیرە سوننەكان لە شیعەكان توندتر هاتنە سەر خەت لە دژی كوردو شیعەكانیش لە سوننەكان توندتر.
* سەبارەت بەم گەلەكۆمەكێیەی باست كرد، باشە ئەم جۆرە بیركردنەوە عەقڵیەت تەسكە لەسەر كورد بە مەرجێك كورد لایەنی هەرە سەرەكی بونیادنانەوەی وڵاتی لە ئەستۆ گرت و تەنانەت پەرەپێدانی شەفافیەت و دیموكراتیەت و مەسەلەی تریش كە عێراقی نوێی لەسەر دامەزراوە، ئەم گەلەكۆمەكێیە ئایندەی عێراق بەرەو كوێ دەبات؟
- كورد تەنیا هۆكارێكی سەرەكی نەبووە لە دروستكردنەوەی عێراقدا، بەڵكو دەیان ساڵی تێكۆشان و خەباتی كورد لە بەرانبەر عەقڵیەتی دیكتاتۆریەتی یەك لەدوایەكی ناو عێراق سەلماندویەتی كە كورد یەكێك بووە لە رەوتی سەرەكی راستخوازی و پێشكەوتنخوازی لە عێراقدا و داوای كورد بەردەوام بۆ ماوەی زیاتر لە شەست و پێنج ساڵە لە هەموو لایەنە سیاسییەكانی تری عێراقی مكوڕتر هەوڵی چەسپاندنی دیموكراتی بۆ هەموو گەلانی عێراقی داوە نەك تەنیا بۆ خۆی، لەبەر ئەوە كورد زۆر لە مێژە خەریكی موبارەزەیە لە دژی دیكتاتۆریەت و چەسپاندنی دیموكراتی لە عێراقدا، هەروەها لە دروستكردنەوەو بونیادنانەوەی عێراقی نوێدا تا ئێستاش كورد هۆكارێكی سەرەكی بووە بۆ تەبایی و دیموكراتی، ئەمڕۆ بڕیاربەدەستانی عەرەبی لە ناو پرۆسەی سیاسی لە كورد تێناگەن كە باس لە ئازادی و دیموكراتی و تەبایی دەكات بە شارستانیانە، وا دەزانن بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی دەیەوێت ئەم داخوازییانە بچەسپێنێت، كورد نایەوێت شارەكانی ناوەندو باشووری عێراق بە وێرانەیی ببینێت و رۆژانە بە سەدان هاووڵاتی خوێنی لە شەقامەكاندا بڕژێنرێت و تەنیا شارەكانی هەرێمی كوردستان بە ئاسوودەیی و ئارامی دوور لەوان ژیان بەسەر بەرن، بەڵكو ئەم ئاوەدانی و جوانییەی شارەكانی هەرێم ببێتە نموونەیەك شارەكانی تری عێراقیش هاوشێوەی بن. بەڵام ئەگەر كەسانێكی سیاسەتمەدار كە جڵەوی فەرمانڕەوایەتییان لە دەستە لە بری ئەوەی بیر لە ئاوەدانی شارەكانی تری عێراق بكەنەوە بیریان تەرخان بكەن بۆ شێواندنی بارودۆخی سەرجەمی عێراق تا هەرێمی كوردستانیش بگەیەنن بەو ماڵوێرانیەی لە شارەكانی خۆیاندایە، ئەو كاتە هەرێمی كوردستان دەبێت بیر لە رێگەچارەیەكی تر بكاتەوە، لێتان ناشارمەوە كە بارودۆخی سیاسی عێراق زۆر زۆر خراپە ئەگەر بەپێی بیركردنەوەی لایەنی شۆڤێنی عەرەبی بەم شێوەیە بچێت بەڕێوە ئەوە سەرەنجام عێراق بەرەو كەرت بوونی حەتمی دەڕوات، لایەنە توندڕەوەكانی عێراق جۆیبایدن تاوانبار دەكەن بەوەی نەخشەی دابەشبوونی عێراقی داڕشتووە، جۆی بایدن باس لەوە دەكات كە لایەنە سیاسییەكانی عێراق شتێك دەكەن و دەیانەوێت بەو شێوەیە عێراق دابەش بێت ئەو ناڵێت عێراق دابەش بكەن، بەڵكو ئەمان خۆیان دابەشی دەكەن و خەڵكی تری پێ تاوانبار دەكەن، تەنانەت لە دابەشكردنی بودجەو پایەو شتەكانی تریش بە هەمان شێوە خۆیان بە هۆی توندڕەوێتیانەوە زیان بە خۆیان و خەڵكی تریش دەگەیەنن و كوردیش تاوانبار دەكەن..
* ئێوە وەك نوێنەری راستەقینەی میللەتێك لە بەغدا شەڕی دوای پەسەندكردنی پرۆژەیاساكەی بودجە لە بەغداو شەڕی رۆژانی داهاتووتان بۆ داكۆكیكردن لە مافەكانی خەڵكی كوردستان تا داواكاری و تێبینیەكانتان لە پرۆژەیاسایەكە بچەسپێنن چی دەكەن؟
- ئەمە بە شەڕی نازانین بە ئەركی سەرشانی دەزانین داكۆكی لە مافەكانی گەلەكەمان بكەین، بەرنامەی داهاتوو بە هەمان شێوە دەبێت لایەنی بەرانبەر تێبگەیەنیین كە داواكارییەكانی كورد رەوایە و دەستوورین و یاسایین، بۆ ئەوەی كورد بتوانێت بەرنامەیەك دابنێت پێویستە لە شێوازی دانوستاندن و راگەیاندراوی لابەلا و كۆبوونەوەی داخراو دەربچین و بێینە سەر دانانی بەرنامە بۆ نووسینی یاساكان و چەسپاندیان وەك یاسای نەوت و گاز، ئەگینا ئەم بارودۆخە ئاڵۆزەی لە نێوان هەرێم و بەغدایە هەر بەم شێوەیە دەمێنێتەوە، ئەگینا هەر هەناردەكردنی نەوت لە لایەن كوردەوە بە رەوا نازانن و بۆ خۆیان بە رەوای دەبینن، پێشمەرگە سێ سنووری ئاڵۆزی عێراق كە دەیبەستێتەوە بە توركیاو سوریاو بەشێكی ئێرانەوە زۆر بە كارامانە پاراستوونی، تەنانەت زۆربەی شوێنەكانی دەرەوەی كەركوك و موسڵ و دیالاو تكریت دەپارێزن بێ ئەوەی هاووڵاتیانی ناوچەكە زامداربن بە دەستیانەوە هەمووان وەك یەك دەپارێزن بەڵام كە دێتە سەر بەشە بودجەی پێشمەرگە وەك بەشێك لە سوپای عێراق رەتدەكرێتەوە، ئەمە لەكاتێكدا بە سەدان ملیار دیناری عێراقی بۆ سوپایەك تەرخاندەكرێت كە یەك پارێزگای عێراقی پێ نەپارێزراوەو ئەم هەموو كوشت و بڕ و تەقینەوانەی تێدا دەقەومێت، كەچی ئەم ئاسایش و ئارامیەی لەسەر دەستی پێشمەرگەو هێزە ئەمنیەكانی كوردستان لە هەرێمی كوردستان و دەوروبەری هەیە ئامادە نین تەنیا یەك دۆلار بۆ هێزی پێشمەرگە خەرج بكەن، بە رای من چارەسەركردنی ئەمە بە كۆبوونەوەو ناردنی شاند لە دوای شاندو هاتنی شاندی بەرانبەر و ئەمانە نابێت، بەڵكو بە رێكەوتنی سیاسی بە شێوازی ریشەهێن لە نێوان لایەنە سیاسییەكانی عێراق ئەنجام دەدرێت و دەبڕێتەوە، ئەگەر بكرێت باشە ئەگەر ناكرێت پێویستە بە زووترین كات كورد بیر لەچارەسەری تر بكاتەوە، ئەگەر تا ئێستاش كورد بە هاوبەشی خۆیان نازانن و بە میوانی دادەنێن، بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان كاك مسعود بارزانی زۆرجار ئەمەی پێ وتوونەتەوە كە كورد میوان نییە لە عێراقدا، بەڵكو كورد شەریك و هاوبەشە لە عێراق بەم پرەنسیپەوە پێوییستە رێكەوتنی سیاسی ئەنجام بدرێت لە عێراقدا و هەموو لایەنە باڵادەستە سیاسییەكانی عێراق تێبگەیەنرێن كە كورد هاوبەشی راستەقینەیە لە حوكمی عێراقدا، ئەگەر هاوبەشە بەشەكانی خۆی دیاریبكرێت، ئەگەر وەك میوانمان تێدەگەن ئەوە خواحافیزییان لێ دەكەین و ماڵی خۆمان لە هی ئەوان جیا دەكەینەوە.
Top