ئەنا گۆمێز ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا بۆ گوڵان: گرنگی پەیامەكەی بارزانی ئەوەبوو كە داوای هاوكاری لە یەكێتی ئەوروپا كرد بۆ بنیاتنانی دامەزراوەی حكومڕانی
January 28, 2014
دیمانەی تایبەت
خاتوو ئەنا گۆمێز ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپایە و نوێنەری وڵاتی پورتوگالە لەو پەرلەمانە، هەروەها ئەندامی شاندی پەرلەمانی ئەوروپایە بۆ عێراق و چەندین جار سەردانی عێراق و هەرێمی كوردستانی كردووە، هەفتەی رابردوو كاتێك بەڕێز مسعود بارزانی سەردانی پەرلەمانی ئەوروپای كرد و لەوێ وتارێكی پێشكەش كرد، خاتوو ئەنا گۆمێز ئامادەی ئەو كۆڕە بوو، هەربۆیە دوای تەواوبوونی كۆڕەكە پەیوەندیمان پێوەكرد و سەبارەت بە بایەخی سەردانەكە و پەیامەكەی سەرۆك بارزانی و هەڵوێستی یەكێتی ئەوروپا بەرامبەر هەرێمی كوردستان، ئەم وتووێژەمان لەگەڵ ئەنجامدا و خاتوو ئەنا گۆمێز بەمجۆرە وەڵامی گوڵانی دایەوە.* بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە میانەی سەردانەكەی بۆ ئەوروپا سەردانی پەرلەمانی ئەوروپای كرد، ئایا بەڕێزت وەك پەرلەمانتارێكی یەكێتی ئەوروپا چۆن لە پەیامی ئەم سەردانەی بارزانی دەڕوانی؟
- ئاشكرایە بارزانی ویستی بارودۆخی هەرێمی كوردستان بخاتە بەرچاو، ئەو ویستی كاریگەری قەیرانی سوریا لەسەر هەلومەرجی عێراق و هەرێمی كوردستان بە تایبەتی بخاتەڕوو، ئەو ویستی روونی بكاتەوە كە نابێت سەربەخۆبوونی كوردستان لە دەرەوەی ئەگەرەكان بێت، بەڵام ئەوە تەنها بە رێگای ئاشتیانە دێتەدی، ئەوەش بە مانای ئەنجامدانی گفتوگۆ دێت لەگەڵ هەموو لایەنەكانی ناوچەكە. روونە ئەوەش رێگایەكە بۆ ئەوەی ئەوروپیەكان گرنگی هەرێمی كوردستان لەبەرچاو بگرن، نەك هەر بۆ ئایندەی عێراق، وەك بەشێك لە عێراق، بەڵكو بۆ ئەو هەڕەشە و مەترسیە زۆرانەی حاڵی حازر عێراق رووبەڕووی دەبێتەوە و ئەو ویستی ئەوە پیشان بدات كە هەموو بژاردەكان كراوەن.
* سەرۆك بارزانی لەناو پەرلەمانی ئەوروپادا وتارێكی پێشكەش كرد، لە وتارەكەیدا داوای كرد هاوكاری زیاتر بكرێت لەلایەن یەكێتی ئەوروپاوە. تا چ راددەیەك یەكێتی ئەوروپا دەتوانێت هاوكاری هەرێمی كوردستان بكات؟
- پێموایە ئەمە مەسەلەیەكی گرنگ بوو كە سەرۆك بارزانی لە پەیامەكەیدا لە پەرلەمانی ئەوروپادا هێنایە پێشەوە، كە داوای هاوكاری زیاتری لە یەكێتی ئەوروپا كرد بۆ بنیاتنانی دامەزراوەی حكومڕانی و دامەزراوەكانی هێنانەدی سەروەری یاسا لە هەرێمەكە، كە بە دڵنیاییەوە ئەوە كاریگەری لەسەرتاسەری عێراق و دوورتریش لە عێراق دەبێت. منیش بە تەواوەتی پشتگیری ئەمە دەكەم، پێموایە چەندین بوار هەن بۆ هاوكاری كردنی یەكتری، كە بەرژەوەندی هاوبەشن، نەك تەنها لە بواری ئابووریدا، بەڵكو لە بواری سیاسی و هەروەها سەروەری یاسا و رێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤ. كاتێك یەكەمجار سەردانی هەولێر و سلێمانیم كرد، زۆرێك لەو كەسانەی لە بواری كۆمەڵگەی مەدەنیدا لە هەرێمی كوردستان كاریان دەكرد، جەختیان لە كێشەی كوشتن لەسەر شەرەف دەكردەوە كە كاریگەری لەسەر هەموو كەسێك دەبێت، بەڵام پێش هەموو كەس ئافرەت- وەك قوربانی-ئەم ناهۆشیاریە هەبوو، بەڵام بە داخەوە پێشكەوتنێكی زۆر رووینەداوە لە بەگژداچوونەوەی ئەم نەریتە تەقلیدیە كە زۆر باوكسالاریە و جۆرێك لە حەسانە هەیە، ئەمە بوارێكە كە دەكرێت هاوكاریەكی زۆر لە نێوان یەكێتی ئەوروپا و دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان (KRG) و كۆمەڵگەكەی بكرێت بۆ هێنانەدی گۆڕانكاری گرنگ، كە ئەم گۆڕانكاریەش كاریگەری نەك هەر لەسەر كوردەكانی هەرێمی كوردستان دەبێت، بەڵكو كاریگەری لەسەرتاسەری عێراق و ناوچەكەشدا دەبێت. ئەمە نموونەیەكی زۆر باشە، چونكە هۆشیاریەك هەیە بە بوونی ئەم كێشەیە و بە پێویستی چارەسەركردنی.
* پەرلەمانی ئەوروپا گرنگی بە بارودخۆی عێراق دەدات، لەم رووەوە شاندێكی تایبەتیان هەیە بۆ عێراق بۆ ئەوەی لە نزیكەوە چاودێری گۆڕانكاریەكان لە عێراقدا بكات. تا چ راددەیەك عێراق گرنگە بۆ سیاسەتەكانی یەكێتی ئەوروپا لە ئاست رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؟
- پێموایە بە راستی عێراق زۆر گرنگە بۆ ئەوروپا و پێویستە ئەوروپا لە روانگەیەكی ستراتیجیەوە لە عێراق بڕوانێت، بەڵام پێموایە هێشتا یەكێتی ئەوروپا لە زۆر رووەوە دابەشبوونی تێدایە كە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی داگیركردنی عێراق لەلایەن هێزەكانی ئەمریكاوە، من لە راپۆرتەكەمدا لە ساڵی 2008، هەوڵمدا جیاوازیەكانی رابردو لە رابردودا جێبهێڵین و لە ئێستا و ئایندە بڕوانین و هەوڵبدەین لە گرنگی گەورە و گرنگی ستراتیجی عێراق تێبگەین و من تێڕوانینم وابوو كە یەكێتی ئەوروپا هەموو كارێك بكات بۆ ئەوەی عێراق بە یەكگرتوویی بمێنێتەوە، بەڵام وەك دەوڵەتێكی دیموكراسی و واقیعی فیدراڵی تێدا بەرجەستە بێت، واقیعی هەرێمی كوردستان كە خاوەنی خۆبەڕێوەبەری(ئۆتۆنۆمی) بێت، بەڵام ئاستێكی باڵای رێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤ و سەروەری یاسا هەبێت لە سەرتاسەری عێراقدا، لە نێویاندا هەرێمی كوردستان. بە داخەوە پەرەسەندنەكانی ناوچەكە، بە تایبەتی شەڕی سوریا، دەرفەتی دابەشبوونی تائیفی و هەڵكشانی تائیفی زیاتری خوڵقاندووە لە عێراقدا.
* كاتێك باسی عێراق دەكەین راستەوخۆ ناسەقامگیری و توندوتیژی بەخەیاڵماندا دێت، بەڵام لەم بارودۆخەدا هەرێمێكی دیموكرات و پێشكەتوو هەیە كە هەرێمی كوردستانە، ئایا چۆن یەكێتی ئەوروپا لە هەرێمی كوردستان دەڕوانێت و تا چ راددەیەك یەكێتی ئەوروپا گرنگی بە بوونی ئەم هەرێمە دیموكراتیە لە عێراقدا دەدات؟
- تێگەیشتنێك هەیە كە هەرێمی كوردستان زیاتر گەشەكردوتر و كراوەترە لە عێراقدا. ئەمەش دەرئەنجامی ئەو راستیەیە كە لە رۆژگاری سەركوتكاری سەددام حوسێندا بووە ناوچەی دژە فڕین، كە ئەگەری گەشەگردن هاتەئاراوە، لەبەر ئەوەی دوای رووخانی رژێمەكەی سەددام توانیویەتی بە رەوتێكی خێرا لە هەموو بوارەكاندا گەشە بكات... پێموایە لە هەندێ سیاقدا ئێمە دوودڵیمان هەبووە لەوەی مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا بكەین، ئەویش لە ترسی لاوازكردن یان بێزاركردنی دەسەڵاتی فیدراڵی، كە پێموایە ئەمە هەڵوێستێكی بێمانایە، چونكە من لە راستیدا باوەڕم وایە یەكێتی ئەوروپا دەتوانێت رۆڵێكی زۆر گرنگ ببینێت لە پاراستنی یەكێتی عێراقدا و من پێموانیە پێویست بەهیچ دوودڵیەك بكات لەلایەن یەكێتی ئەوروپاوە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، ئەوەش راستە كە ئێمە دەتوانین لەڕێی ئەم مامەڵەیەوە چەندین كێشە چارەسەر بكەین، نەك تەنها لە پەیوەندیدا بە گەشەكردنی ئابووریەوە، یان كێشەی سیاسی و ئەمنیەوە، بەڵكو لە پەیوەندیدا بە پرسی مافەكانی مرۆڤ و سەروەری یاساوە. لە موناقەشەكەمدا لەگەڵ سەرۆك بارزانی توانیم باس لەو نیگەرانیانە بكەم كە لەلایەن زۆرێك لە هاووڵاتیە عێراقیەكانەوە سەرنجی منیان بۆ راكێشراوە، وەك كێشەی گەندەڵی كە سەردەكێشێت بۆ چەندین كێشەی دیكە، وەك پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ... كەواتە دەبێت ئەم كێشانە موناقەشە بكرێن لە نێوان یەكێتی ئەوروپا و دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستاندا (KRG) و دەسەڵاتەكانی حكومەتی عێراقی، بەڵام بە دڵنیاییەوە هەرێمی كوردستان(KRG) لایەنی پەیوەندیدارە، كەواتە دەبێت ئەو پرسانە گفتوگۆیان لەسەر بكرێت لە پەیوەندیەكانی یەكێتی ئەوروپا و هەرێمی كوردستان(KRG) و هەروەها دەسەڵاتە فیدراڵیەكانی حكومەتی عێراقیش، بەڵام پێموایە لەم ساتەوەختەدا هەرێمی كوردستان (KRG)زیاتر لە هەر دەسەڵاتێكی دیكە لە عێراقدا توانیویەتی كۆنتڕۆڵی هەرێمەكەی خۆی بكات.
* لە ئێستادا كونسوڵگەری زۆرێك لە وڵاتان لە كوردستاندا كراونەتەوە. بەڵام نووسینگەی یەكێتی ئەوروپا نەكراوەتەوە. بۆچی تا ئێستا ئەم نووسینگەیە نەكراوەتەوە؟ ئایا كردنەوەی ئەم نووسینگەیە نابێتەهۆی خزمەتكردن بە بەرژەوەندیە هاوبەشەكانی كوردستان و یەكێتی ئەوروپا؟
- بە شێوەیەكی ئاسایی شاندەكانی یەكێتی ئەوروپا لە پایتەختەكاندا دەبن، كەواتە هەروەك پێویستە ئێمە شاندی یەكێتی ئەوروپامان لە بەغدا هەیە. بەڵام مەودای جوڵەیان سنوردارە، ئەمەش جێی داخە و من ئومێد دەكەم ئەندامانی شاندنی یەكێتی ئەوروپا لە عێراق پتر ئامادەبوونێكی بەردەوامیان هەبێت لە هەموو بەشەكانی عێراق و بە تایبەتی هەرێمی كوردستان (KRG)و تەفاعولی زیاتریان هەبێت لەگەڵ دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستاندا. من دڵنیام ئێمە لە یەكێتی ئەوروپا پتر چالاك دەبین لە چارەسەركردنی زۆرێك لە كێشەكان، و ئەو كێشەیەی سەرۆك بارزانی بیری ئێمەی خستەوە كە هەڵمەتی مەترسیداری ئەنفال و كیمیابارانە كە لەسەردەمی سەددامدا ئەنجامدراوە و چۆن ئەوروپا دەتوانێت هاوكاری چارەسەركردنی ئەم كێشانە و كێشەی دیكە بێت كە تا ئێستاش كوردەكانی عێراق بە دەستیانەوە گرفتارن. سەردانی زیاتر و رێك و پێكتری ئەندامانی شاندی یەكێتی ئەوروپا لە عێراق بۆ هەرێمی كوردستان رێگەخۆش دەكات بۆ هاوكاری هاوبەش. پێموایە روونە كە پێویستە یەكێتی ئەوروپا مامەڵە لەگەڵ دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستاندا(KRG) بكات، و لە راستیدا ئەو دەرفەت و كێشانەی حاڵی حازر لە ناوچەكەدا هەن وا دەكەن ئەو جۆرە هاوكاریە پتر پێویست بێت.
* سەرەڕای ئەوەی كوردستان هەرێمێكی دیموكراتیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵام خاوەنی سەرچاوەیەكی زەبەلاحی وزەشە و لە ئێستا بە پرۆسەی بنیاتنانەوەدا تێدەپەڕێت. یەكێتی ئەوروپا پێویستی بەسەرچاوەی وزە هەیە و هەرێمی كوردستانیش پێویستی بە كۆمپانیا و بزنسمانەكانی ئەوروپا هەیە بۆ ئەوەی وەبەرهێنان لە كوردستاندا بكەن. تا چ راددەیەك ئەم دۆخە بەرژەوەندی هاوبەش لە نێوان هەردوولادا دروست دەكات؟
- من هاوڕام لەگەڵتاندا كە ئەمە بوارێكی دیكەیە، كاتێك من باسی بەرژەوەندی ئابووریم كرد، ئەوا بە دڵنیاییەوە مەبەستم نەوت بوو كە بەرهەمێكە حاڵی حازر كوردەكان هەناردەی دەكەن، بەڵام نەك هەر تەنها نەوت، چونكە من دڵنیام چەندین ئەگەر لە پشت نەوتەوە هەن، هەروەها لە بواری نەوتیشدا دەكرێت كاری زیاتر بكرێت، وەك هەناردەكردنی بە شێوەیەكی كارا، لە نێویاندا گرتنەبەری رێوشوێنێك كە ژینگە بپارێزرێت و زیانی پێنەگەیەنێت. كە دەكرێت ئەوە بە هاوكاری هاوبەشی نێوان دەسەڵاتە كوردیەكان و یەكێتی ئەوروپا بكرێت. هەروەها جۆراوجۆركردنی سەرچاوە ئابووریەكان لە بوارەكانی دیكەدا، من توانایەكی گەورەی كشتوكاڵی لە هەرێمی كوردستاندا دەبینم. كە دەبێت پشتیوانی ئەو هەوڵانە بكەیت، پشتیوانی پەرەپێدانی پەروەردە و بەرزركردنەوەی ئاستی خەڵك و تاد بكەیت، بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان(KRG) تەنها پشت بە هەناردەكردنی نەوت نەبەستێت... من پێموایە پێویستە ئەوروپیەكان هەوڵەكانیان زیاتر یەكبخەن و هەماهەنگی بكەن... هەندێكیان هەوڵی هێنانەدی بەرژەوەندیە نەتەوەییەكانی خۆیان دەدەن، ئەمەش گرفتێكی تێدانییە، بەڵام پێموایە پێویستە پتر هەوڵەكان لە چوارچێوەی كۆششی یەكێتی ئەوروپادا یەكبخرێت و هەماهەنگ بكرێت و بگونجێنرێت، بۆ ئەوەی یەكێتی ئەوروپا بەشداری زیاتری هەبێت لە هەرێمی كوردستاندا.
* هێشتا روون نییە ئایا عێراق بەرەو وڵاتێكی دیموكراتی هەنگاو دەنێت، یاخود بەرەو دیكتاتۆریەت. بەڵام لە ئێستادا دەبینین كە حكومەتی عێراق، لە دیكتاتۆریەت نزیك دەبێتەوە. تا چ راددەیەك یەكێتی ئەوروپا ئامادەیە پشتیوانی هەرێمی كوردستان بكات و رێگەنەدات بكەوێتە ژێر حكومڕانی دیكتاتۆرێكی نوێوە، ئەمە ئەگەر هاتوو حكومەتی عێراق هەنگاوی بەم ئاڕاستەیەدا هەڵگرت؟
- هیوادارم دۆخەكە وانەبێت، بەڵام لە راستیدا چەندین چالاكی تائیفی و تیرۆریستی لە عێراقدا دەبینین كە مایەی نیگەرانین، ئەگەر ئەمە دۆخەكە بێت، ئەوا هیوادارم یەكێتی ئەوروپا پشتیوانی هەرێمی كوردستان بكات، هەروەها پشتیوانی بەشەكانی دیكەی عێراقیش بكات، چونكە لە راستیدا شەڕی ئێمە لەپێناو هێنانەدی واقیعێكی دیموكراسی و چوارچێوەیەكی دیموكراسیدایە، ئیتر لە هەرێمی كوردستاندا بێت، یان بەشەكانی دیكەی عێراق. ئێمە دەبێت پشتیوانی ئەوانە بكەین كە كار بۆ دیموكراسی و سەروەری یاسا و دادپەروەری لە مافەكانی مرۆڤ دەكەن. كەواتە دەبێت پشتیوانی ئەو كەسانە بكەین لە حكومەتی هەرێمی كوردستاندا (KRG) كە-هەروەك پێشبینی دەكەم- بەرهەڵستی هەر گەڕانەوەیەك بكەن بۆ دیكتاتۆریەت و سەركوتكاری.
* ئەگەر لەم بارودۆخەدا و لە ترسی گەڕانەوەی دیكتاتۆریەت لە عێراقدا كوردستان بڕیاری سەربەخۆییدا، ئایا تا چەند یەكێتی ئەوروپا رێز لە ئیرادەی خەڵكی كوردستان دەگرێت و وەك دەوڵەتێكی نوێ مامەڵە لەگەڵ كوردستاندا دەكات؟
- پێموانیە یەكێتی ئەوروپا بۆچوونێكی هەبێت لەو بارەیەوە، ئێمە پێشبینی ناكەین بۆ ئەوەی كە روودەدات، یەكێتی ئەوروپا كاردانەوەی دەبێت بۆ ئەوە