بایز تاڵەبانی وەزیری دارایی و ئابووری بۆ(گوڵان): گرفتی بانكەكان چارەسەر دەكرێت و مووچەی یەك فەرمانبەریش نافەوتێت

بایز تاڵەبانی وەزیری دارایی و ئابووری بۆ(گوڵان): گرفتی بانكەكان چارەسەر دەكرێت و مووچەی یەك فەرمانبەریش نافەوتێت
پرسی تایبەت بە بودجەو گرفتی كەمی سیولەی نەختینەیی لەبانكە حكومییەكان و ململانێ و هەڕەشەكانی حكومەتی بەغدا بەبڕینی بەشە بودجەی هەرێم و كاردانەوەكانی، بەو تەوەرە گرنگ و هەستیارانە دادەنرێت كە لەماوەی رابردوودا قسەو باسێكی زۆری لەسەر كرا؛ بایز تاڵەبانی وەزیری دارایی و ئابووری لەم دیمانەیەی گۆڤاری گوڵاندا تیشكی خستە سەر ئەم بابەتانەو وەڵامی كۆمەڵێك پرسی دیكەی هەنووكەیی دایەوە. ئەمەش دەقی دیمانەی بەڕێز بایز تاڵەبانی وەزیری دارایی و ئابوورییە.
پرسی تایبەت بە بودجەو گرفتی كەمی سیولەی نەختینەیی لەبانكە حكومییەكان و ململانێ و هەڕەشەكانی حكومەتی بەغدا بەبڕینی بەشە بودجەی هەرێم و كاردانەوەكانی، بەو تەوەرە گرنگ و هەستیارانە دادەنرێت كە لەماوەی رابردوودا قسەو باسێكی زۆری لەسەر كرا؛ بایز تاڵەبانی وەزیری دارایی و ئابووری لەم دیمانەیەی گۆڤاری گوڵاندا تیشكی خستە سەر ئەم بابەتانەو وەڵامی كۆمەڵێك پرسی دیكەی هەنووكەیی دایەوە. ئەمەش دەقی دیمانەی بەڕێز بایز تاڵەبانی وەزیری دارایی و ئابوورییە.

* تاچ رادەیەك دواخستنی پەسەندكردنی بودجەو هەڕەشەكانی بەغدا بە بڕین و خەرج نەكردنی موستەحەقاتی هەرێم و هەڵكشانی خەرجی سیادیی و حاكیمەی عێراق كاریگەریی لەسەر بودجەی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2014 دەبێت؟ ئایا كەی پرۆژە یاسای بودجەی هەرێم رەوانەی پەرلەمانی كوردستان دەكرێت؟
- دواخستنی بودجەی عێراق و خەرج نەكردنی موستەحەقاتی حكومەتی هەرێم لەپارەی پێشمەرگەو كۆمپانیاكانی نەوت و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم و چەند شتێكی تریش بەدڵنیاییەوە كاریگەریی دەبێت لەسەر بودجەی هەرێم. سەبارەت بەپرۆژە یاسای بودجەی هەرێمی كوردستانیش ئەوا بەپێی بڕیاری پەرلەمانی كوردستان دوای ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بودجەی گشتی پەسەند دەكات دەتوانرێت لە پانزە رۆژ دوای ئەوە بودجەی هەرێمی كوردستان بچێتە پەرلەمان، وەك حكومەتی هەرێم بودجەكەمان تەواو كردبوو، بەڵام جارێكی تر دوو تریلۆن دینار بەشە بودجەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دابەزی لەئێستادا دووبارە زیادی كردەوە، هەموو كاتێكیش ئامادەین بۆ ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمانی كوردستانی بنێرین، ئەگەر سەرۆكایەتی پەرلەمان دابنرێت و دەست بەكاربێت.
* وەك ئاشكرایە بە بەردەوامی حكومەتی عێراق خەرجییە سیادیی و حاكیمەكانی زیاد دەكات، ئایا ئەم زیادكردنە هیچ بنەمایەكی یاسایی و زانستی لەپشتە، لەكاتێكدا حكومەتی بەغدا ئامادە نییە مستەحەقاتی هەرێمی كوردستان بدات؟
- بەڵێ راستە هەموو ساڵێك حكومەتی عێراق بودجەی سیادی و حاكیمە زیاد دەكات بەبێ ئەوەی بنەمایەكی یاسایی و دیاری كراوی هەبێت، لە ساڵی 2007وە بەپێی یاسا بودجەی وەزارەتی پێشمەرگە وەك ماددەیەك لەناو بودجەی گشتیی عێراق دادەنرێت لەناو ئەنجومەنی نوێنەرانیش پەسەند دەكرێت، بەڵام پابەند نابن بەپێدانی، جگە لە پارەی مستەحەقاتی كۆمپانیاكانی نەوت بەمەش پابەند نەبوونی حكومەتی بەغدا بەموستەحەقاتی كۆمپانیاكانی نەوت و پێدانی بودجەی پێشمەرگەو هەڵكشانی خەرجی سیادیی و حاكیمە هەر هەمووی زیان بە بودجەی هەرێمی كوردستان دەگەیەنن و بودجەكە كەم دەبێتەوە.
* لەبودجەی ئەمساڵی هەرێمی كوردستان ریزبەندی دراوە بە چ بوارێك؛ تاچ رادەیەك گرنگی بەداواكاریی و خواستی هاووڵاتیانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەدرێت؟
- لەبودجەی ئەمساڵدا گرنگی تەواو دراوە بە وەزارەتەكانی پەروەردەو تەندروستی و ناوخۆو بوارەكانی خزمەتگوزاریی هاووڵاتیان، جگە لەوەی هەموو ساڵێك بودجەیەكی باش بۆ ئاو و كارەبا دادەنرێت كە هەر وەزارەتێك لای خۆیەوە كاری لەسەر دەكات، سەبارەت بە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستانیش ساڵانە بایەخێكی زۆریان پێدراوە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بەسەدان مامۆستاو فەرمانبەر دادەمەزرێنین و دەیان پرۆژەی دروست كردنی قوتابخانەو نەخۆشخانە ئەنجام دەدەین، ئەمانە هەموو لەسەر بودجەی حكومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێن.
* لەكاتێكدا مالیكی هەڕەشەكانی بەرامبەر بڕینی بەشە بودجەی كوردستان جێبەجێ بكات تاچ رادەیەك هەرێم دەتوانێت بەداهاتی نەوت و داهاتەكانی تری ناوخۆ خۆی بەڕێوەببات؟
- بۆ وەڵامی ئەم پرسیارەت لەكاتی خۆی قسەی لەسەر دەكرێت بۆ كاتی خۆی سەرۆكایەتی هەرێم و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری پێویستی لێ دەدەن.
* ئایا نەبوونی سیولەی نەختینەیی لەبانكەكانی حكومەت بەتایبەتی لەبانكەكانی سلێمانی بۆچی دەگەڕێتەوە؛ رێگا چارەسەر بۆ دووبارەنەبوونەوەی ئەم گرفتە چییە؟
- جاری یەكەم پێم سەیرە باس لە نەبوونی پارە لە بانكەكانی سلێمانی دەكرێت، نەبوونی پارە لە ئێستادا لە هەموو بانكەكانی هەولێرو دهۆك و گەرمیانیش هەیە، لە هەر بانكێك تەداولی نەختی تێدا بێت واتە حیسابی گەورەو پارەی باشی تێدا بێت بەپێی ئیشوكاری بانكی دەتوانرێت بۆ ئاڵوێر بەكاربهێنرێت. چونكە لەبانك پارە دێت و دەڕوات. هەركاتێ هاووڵاتی بیەوێت پارەی پارێزراوە بۆی دەگەڕێتەوە، هەر بۆیەش دەبینین ئەم كۆمپانیایانەی حیسابەكانیان لەناو بانكەكانی هەولێرە زیاترە و بڕەكەشی زیاترە بەو قەبارەیەش لە سلێمانی نییە. بۆیە ئەو پارەیەی كە لە بەغداوە دێت ئەگەر دوا بكەوێت یان نەبێت یاخود( 12/1، یەك لەسەر دوانزە)ی بنێرن یان بیكەنە قیستی زۆر لەمانگێك كاریگەریی دەكاتە سەر گشت بانكەكانی هەموو پارێزگاكان، جا لەبەر ئەم هۆیانەی سەرەوە لەبانكەكانی هەولێر بەم شێوەیە گرفتی كەمیی سیولەی نەختینەیی نابێت.
سەبارەت بەتەوەری دووەمی پرسیارەكەتان؛ بەدڵنیاییەوە تەنیا رێگا دەبێت پارەی ئیستحقاقاتی وەزارەتی پێشمەرگە لەبودجەی گشتی عێراقدا وەربگیرێت و بێتەوە ناو وەزارەتی دارایی ئەو كاتە كورتهێنانەكان دادەپۆشرێت و دەبێتە هۆی ئەوەی سیولەی نەختی لە بانكەكان هەبێت، هەروەها دەبێت پارەی مانگانە بەرێكوپێكی لە بەغدا بێت و كەمكردنەوەی خەرجییەكانیش بە بەشێك لە رێگا چارەی ئەم گرفتانە دادەنرێت وەك پارساڵ نووسراومان كردووە.
* پێشینەكانی (هاوسەرگیریی و خانووبەرەو كشتوكاڵی پیشەسازیی و گەشتوگوزارو ..) لەساڵی نوێدا بەهاووڵاتیان دەدرێت؟
- بەڵێ سەرجەم پێشینەكانی هاوسەرگیریی و خانووبەرەو كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار لەم ساڵدا دەدرێت ئەگەر پەرلەمان و حكومەت ئیقراری بكات.
* تا چ رادەیەك كار بۆ رێكخستنەوەی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشیی دەكرێت؛ ئایا دەرماڵەكانی فەرمانبەران رێك ناخرێنەوە؟
- لەمساڵدا سیستەمی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان وەك بەغدای لێدێت و كە لەئێستادا هاوتای بەغدایە، سەبارەت بە دەرماڵەكانیش پێداچوونەوە بۆ سەرجەم دەرماڵەكانی وەزارتەكان دەكرێت.
* بۆ ساڵی نوێ پلانتان بۆ دامەزراندن چۆنە؛ تا چ رادەیەك چاوخشاندنەوە بەرێنماییەكانی وەزیفی دەكرێت بەتایبەتی مۆڵەتی بەمووچەو بێ مووچە؟
- ئەوە دوای پەسەندكردنی میلاك دەبێت، لەهیچ وڵاتێكی دنیادا بەمشێوەیە نییە، بەڵام دەبێت وەزارەتی پلاندانان كاری لەسەر بكات بۆ چارەسەركردنی. سەبارەت بە مۆڵەتی مووچەی سێ ساڵی لەتەمەنی كاری وەزیفی پێوەندی بە ئەنجومەنی وەزیرانەوە هەیە لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە.
* ئایا كار بۆ كەمكردنەوەی رۆتین و خێرا بەڕێوەچوونی ئیشوكارەكان دەكرێت، وەكو وەزیری دارایی و ئابووری دەسەڵاتەكانتان بۆ خوارەوە دابەزاندووە؟
- ئێمە هەموو دەسەڵاتەكانمان دابەزاندووە بۆ بەڕێوەبەرەكان و گەنجینەكان بۆ رایی كردنی ئیشوكارەكانیان، تەنانەت دەتوانن پرسیاریان لێ بكەن بۆ شایەد دان لەم حاڵەتە.
* دوا پرسیارمان بۆ بەڕێزت دەهێڵینەوە ئەگەر بوارێك هەبێت باسمان نەكردبێت و لەم ساڵدا وەكو وەزارەتی دارایی و ئابووری بەنیازن هەنگاوی بۆ بنێن؟
- ئەمانەی سەرەوە كە باسمان كرد بەتایبەتی مەسەلەی بانكەكان ئومێدم وایە بەزووترین كات چارەسەر بكرێت، بەڵام بەداخەوە راگەیاندنەكان گرفتی كەمیی سیولەی نەختینەیی لەبانكەكان زۆر لە قەبارەی خۆی گەورەتری دەكەن لەكاتێكدا چارەسەر كردنەكەشی باسكراوە مووچەی فەرمانبەرانیش نافەوتێ و مووچەی یەك مانگی كەسیش ناڕوات.
Top