عارف تەیفور جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ(گوڵان):پرۆژەی كۆنفیدرالی پێشكەش دەكەین بۆ ئەوەی هەموو دەسەڵاتێكمان هەبێت و لەم كێشانە رزگارمان بێت
January 20, 2014
دیمانەی تایبەت
ساڵی پار ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پرۆژەی بودجەی عێراقی پەسەند كرد بەبێ رەزامەندی لایەنی كوردستانی، ئەمساڵیش ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئیقراری پرۆژەی بودجەی عێراقی كرد بەبێ رەزامەندی وەزیرە كوردەكان، پرۆژەكەشی رەوانەی پەرلەمان كرد، بەڵام لە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو ئەم پرۆژەیە نەخرایە بەرنامەی كاری پەرلەمان و نوێنەرانی لایەنە كوردستانیەكان لە هۆڵی پەرلەمان هاتنە دەرەوە و نیسابی یاسایی پێكنەهات بۆ ئەوەی پرۆژەی بودجە خوێندنەوەی بۆ بكرێت، بۆیە كۆبوونەوەكەی پەرلەمان بۆ كاتێكی نادیاریكراو دواخرا، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە ئەم وتووێژەمان لەگەڵ بەڕێز عارف تەیفور جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئەنجامداو بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.* پارساڵ پەرلەمان بە زۆرینە بودجەی عێراقی تێپەڕاندوو ناڕەزاییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانی بە هەند وەرنەگرت، ئەمساڵیش بە هەمان شێوەی پارەوە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بودجەیان ئیقرار كرد و ڤیتۆی وەزیرە كوردەكانی لەبەرچاو نەگرت و بێ گوێدانە داخوازییەكانی هەرێمی كوردستان بودجە تێدەپەڕێنرێت، ئەمەش خوێندنەوەی ئەوەی بۆ دەكرێت كە حكومەتی عێراقی كارتی كوردو عەرەب بەكاردەهێنێت، ئایا ئەم نابەرپرسیارێتیە عێراق بەرەو كوێ دەگەیەنێت؟
- خۆی لە راستیدا بودجەی پارو ئەمساڵیش ئەو بەشەی پێوەندیدارە بە كوردەوە وەك بڵێی لای حكومەتی ناوەندی بریتی بن لە خاڵی سزادان بۆ هەرێم نەك خاڵی بەخشینی بودجەی موستەحەق بە رێكەوتن و تێگەیشتنەوە، خاڵی سزادانن بەوەی بە كورد دەڵێن ئەگەر ئەو مەرجانەمان قبوڵ نەكەیت ئەوەندەی بودجەكەت لێ دەبڕین و ئەوەندەت لێ كەم دەكەینەوە، لەبەر ئەوە ئەو بودجەیەی پارساڵ و ئەمساڵیش زۆر خراپ و نالەبارە، ئومێدمان هەبوو ئەو كۆسپانەی پار هەبوون بۆ ئەمساڵ نەمێنن، بەڵام دیار بوو لە سەردانەكەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی كە لەگەڵ نوری مالیكی دانیشتبوون پێكەوە لە بەغدا، هەندێك تێگەیشتن و لێكنزیكبوونەوە هەبوو هاوكات لەگەڵ شەهرستانیشدا ئەو لێكتێگەیشتنە هەبوو، بەڵام وردە وردە لە دواییدا سەقفی داواكارییەكانی حكومەتی ناوەندی زیادی كردوو حكومەتی هەرێمیش زۆر بە ئاسانی ملی كەچ نەكردوو وەڵامی داواكارییەكانی نەدایەوە، ئەمە بەو شێوەیە تا ئەم دواییانە وەك خۆی مایەوە ناچار سەرۆكی هەرێمی كوردستان بانگی فراكسیۆنەكانی كوردستانی كرد تا لەو كێشەیە تێبگەن كە لە نێوان هەرێم و حكومەتی ناوەندیدایە، خۆی بودجە كێشەی تری زۆری تێدایە، بۆ راڤەكردن و بۆ ئیستهلاكی بازاڕی شەقامی عەرەبی وا بۆی لێكدراوەتەوە كە كورد رێگرە لەبەردەم پەسەندكردنی بودجەی ئەمساڵدا، لەبەر ئەوە ئەمساڵیش لە ئەنجومەنی وەزیران برادەرانی خۆمان ئیعترازیان گرت و لە هۆڵەكە چوونە دەرەوە، هاوكات گوێیان بەمەش نەداو تێیانپەڕاندوو واژۆیان لەسەر كرد، رۆژی پێنج شەممەی رابردوو بۆ ئێمەیان نارد بۆ ئەنجومەنی نوێنەران لەوێش لە لیستی بەرنامەی كاردا دانرابوو، من كە ئەوەم بینی كە داخڵی بەرنامەی كار كراوە زۆر بە توندی موعاریز بووم و وتم شتی وا مومكین نییە بكرێت، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانیش هەر لەسەر هێڵی پێوەندی بوو تا داخڵی بكات لەبەرئەوە برادەرانی ئێمە بڕیاریان دا بچنە دەرەوە، بۆ ئەوەی نیصابی پەرلەمانی بەو ئیفلیجیەی كە تێیدایە بە ئامادەنەبوونی لیستی عێراقیە بە یەكجاری نیصابەكە بشكێنین و بڕۆینە دەرەوە، ئیتر برادەران چوونە دەرەوە تەنیا برادەرانی گۆڕان لە هۆڵەكە مانەوە ئەوانیش تەنیا چوار تا پێنج كەسێك بوون باقیەكەی نوێنەرانی كورد چوونە دەرەوەو نیصابیان بە تەواوی شكاند، لەبەر ئەوە دانیشتنەكە نەكرا و دواخرا.
* سەبارەت بەم گەلەكۆمەكێیەی باست كرد؛ باشە ئەم جۆرە بیركردنەوە عەقڵیەت تەسكە لەسەر كورد بە مەرجێك كورد لایەنی هەرە سەرەكی بونیادنانەوەی وڵاتی لەئەستۆ گرت و تەنانەت پەرەپێدانی شەفافیەت و دیموكراتیەت و مەسەلەی تریش كە عێراقی نوێی لەسەر دامەزراوە، ئەم گەلەكۆمەكێیە ئایندەی عێراق بەرەو كوێ دەبات؟
- هەر شتێك تایبەت بێت بە كورد ئەوان چەندەش لە دژی یەكتر وەستابن لە دژی كورد یەكدەگرنەوە، نەك تەنیا بۆ بودجە بۆ هەموو ماف و بەش و شتێكی تری تایبەتمەند بە كورد وەك ئەمجارەش هەموویان لە ئەنجومەنی وەزیران یەك هەڵوێستن، سێ برادەری وەزیری كورد بە تەنیا مانەوە و باقیەكەی بە توركمان و بە ئۆپۆزسیۆن و ئەوانی تریش هەموویان لەگەڵ ئەوان یەكهەڵوێست بوون، بە راستی ئەمە شتێكی باش نییەو زیاتر پاڵ بە كوردەوە دەنێن و هانی دەدەن بۆ ئەوەی ئەوە بزانرێت كە ژیان لەگەڵ ئەمانەدا ئەستەمەو حەتمیە كە كورد دەبێت بیر لە رێگەچارەكانی تر بكاتەوە، لەبەرئەوە من بەیاننامەیەكم نووسیوە لەسەر ئەوەی كە پێویستە ئێمە داوای كۆنفیدراڵیەت بكەین و ببین بە وڵاتێكی كۆنفیدراڵی ئەوسا كورد هەموو حەقێكی زیاد دەبێت و هەر لە چوارچێوەی نەخشەی عێراقیش دەمێنینەوە، دوو دەوڵەت لە ناو دەوڵەتێكی یەكگرتوودا دەمێنینەوەو ئیتر هەر ناوێكی بۆ دادەنێن ئایا دەوڵەتی كوردی یان دەوڵەتی عەرەبی لە بەرانبەردا ناو دەنێن یان هەرچی ناوبنێن تا عێراقێكی كۆنفیدراڵی بۆ خۆمان دروست بكەین، ئینجا ئەمە باشترین رێگەچارەیە بۆ كورد تا لە فیدراڵیەتەوە بگۆڕدرێت بۆ كۆنفیدراڵیەت، ئیتر ئەمە هەموو ساڵێك ئەم بەزمە بە كورد دەكەن لەسەر بودجەو لەسەر هەموو هەنگاوێكی تریشدا كە بۆ بەرژەوەندی هەرێمی كوردستان بێت ئەم بەزمە دەكەن، لەبەر ئەوە كورد پێویستە تا زووتر چارەسەرێك بۆ خۆی بدۆزێتەوە هێشتا درەنگە، بە رای منیش ئەم رێگەچارەی كۆنفیدراڵیەتە باشترین شتە چونكە وڵاتانی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی رازی نابن ئێمە دەوڵەتی سەربەخۆ رابگەیەنین، باشترین رێگەچارەیە ئێمە وڵاتێكی كۆنفیدراڵی دروست بكەین و بارودۆخی خۆمان چاك بكەین..
* بەم هەنگاوەی حكومەتی مالیكی سەلماندییەوە كە حكومەتێكە بۆ دروست كردنی كێشە نەك حكومەتێك بۆ چارەسەری كێشەكان، تەنانەت ئەم گرفتەی ئێستا پەرەی پێ دەسەنێت لە قۆناغی چارەسەریدا بووە، بەڵام ئەو بە ئەنقەست دەرگا لە چارەسەرەكان دادەخاتەوە، ئایا حكومەتێك لە بری رێگەخۆش كردن بۆ چارەسەری كێشەكان دەرگایان بەسەردا دابخات بۆ شاردنەوەی كێشەكانی خۆی، بەم شێوەیە چۆن وڵات بەڕێوە دەچێت؟
- هەموو لایەك لەسەر ئەوە كۆكن كە ئەم شێوازەی بەڕێوەبردنی فەرمانڕەوایی شێوازی دروستی حكومداری نییە، بەڵكو خۆسەپاندنێكی بێتام و بە نەزاكەتی گرووپێكە كە گەلی عێراق بەڕێوەدەبەن، ئەگینا ئەمە كەی شێوازی سەردەمیانەی بەڕێوەچوونە. تەنانەت ئەم سەرۆك وەزیرانە لەگەڵ شیعەكانیشدا رێك نییە و ریزەكانی ناو ئەوانیشی تێك داوە، ئەگینا ئەمە وڵات بەڕێوەبردن نییە بەڵكو ئەمە بۆ خۆسەپاندنی كەسێكە تا خۆی زاڵ بكات بەسەر عێراقدا و حوكمێكی دیكتاتۆرانەی وڵاتەكە بكات، ئەگینا ئەمە هیچ سیمایەكی دەوڵەتداری تێدا نییە..
ئەم فشارانەی مالیكی یان شارستانی لەسەر كورد لەڕێی بودجەو فشاری ترەوە زۆر كاریگەری بۆ هەرێم نابێت لە رووی سیاسییەوە بەڵكو ئەمە دەبێتە پاڵنەرێكی راستەقینە تا كورد هەوڵ بدات ئابووری خۆی پەرەپێبدات و سەربەخۆی بكات و دوور بكەوێتەوە لە ئابووری عێراق تا هەر رۆژێك حەزیان لێ بوو بودجەی بدەنێ و هەر رۆژێك حەزیشیان لێ نەبوو نەیدەنێ، ئەمە زیاتر وا لە كورد دەكات هەوڵ بدات بۆ خۆی رێگەچارەیەك بدۆزێتەوە، بە رای من ئەمە باشیشە بۆ كورد كە بۆ خۆی ئابوورییەكی سەربەخۆی هەبێت و چارەسەری خۆی كردبێت لە رێگەیەكی وا بتوانێت سەربەخۆیی خۆی زیاتر بە دەست بهێنێت، موحتاجی هیچ شتێكی بەغدا نەبن، چونكە ئەوانەی لە بەغدا بڕیاریان بە دەستە هەموو هەوڵێكیان بۆ ئەوەیە كە وای پیشان بدەن كە وەك خێر و منەتێك شت بە كورد دەدەن بە مەرجێك ئەوان لە ساڵی 1920بە دواوە خێروبەرەكەتی كورد دەخۆن و لە نەوتی كەركوك دەبەن و عێراقێكیان پێ دروست كردو هیچ مافێكی رەوای گەلی كورد بە رەوا نازانن و بۆ خۆیان لە بەروبوومی خاكی كوردستان دەنۆشن، لە كاتێكدا ئەمە نەوتە لەسەر خاكی كوردستان بۆیە كوردیش دەبێت هەوڵەكانی بخاتەگەڕ بۆ گەڕانەوەی نەوتی خۆی بۆ خۆی و بەشی ئەوانیشی لێ بدات..